تۆڕی هاوپەیمانی 19 ئامارو پوختەی راپۆرتی ناڕەزایەتییەكانی مانگی حوزەیرانی 2025 خستەڕوو لەمانگی حوزەیرانی 2025 لە شارەكانی هەرێمی كوردستان هاوڵاتیان (32) چالاكی ناڕەزایی، خۆپیشاندان، بایكۆت، گردبوونەوەیان رێكخستووە. • (18) چالاكی لە سلێمانی، (8) چالاكی لە هەولێر، (1) چالاكی لە هەڵەبجە، (1) چالاكی لە ئیدارەی راپەرین، (4) چالاكیش لە ئیدارەی گەرمیان. • (16) چالاكی بۆ مووچە، (9) چالاكی بۆ داواكاری دامەزراندن، (3) چالاكی بۆ خزمەتگوزاری، (1) چالاكی بۆ ئیدانەكردنی جەنگ، (3) چالاكی داخوازی جیاجیا بوون. • لە میانەی چالاكییەكاندا لە سلێمانی 81 مامۆستا و چالاكوان و كادری سیاسی و میدیاكار دەستگیركراون، پاشان ئازاد كراون، یەك ررودای رفاندیش لەلایەن هێزێكی دەمامكدار لە دهۆك تۆمار كراوە، پاش ئەشكەنجەدان ئازاد كراوە. • هەندێك لە دەستگیركراوانی شاری سلێمانی، بەهۆی تدووتیژی هێزە ئەمنییەكان لەكاتی دەستگیركردنیان ئاسەواری لێدان بە گیانیانەوە دیاربووە. • دوو حاڵەتی پەشیمانكردنەوە (ئەوەی لە ئاستی میللی پێدەوترێت رادیۆ) لە دهۆك تۆماركراوە، هەدوو هاوڵاتییەكە لێدوانی رەخنەگرانەیان بڵاوكرایەوە، دواتر لێدوانی پەشیمانبوونەوەیان بڵاوكرایەوە. • بەهۆی هەڵمەتەكانی رێگری و دەستگیركردن، مانگی حوزەیران خراپترین بووە بۆ ئازادی رادەربڕین. • بۆ یەكەمین جار بوو، دەزگای ئاسایشی هەرێم داوای لێبووردنی لە دەستگیركراونی سلێمانی كرد. • حوزەیران مانگێكی خراپ بوو بۆ پارێزبەندنی پەرلەمانتاران، (سیپان ئامێدی) ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی نەوەی لە دهۆك رفێندرا، عەلی حمە ساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی هەڵوێست لە پەرلەمانی كوردستان، لە سلێمانی دەستگیركرا. تۆڕی 19 بۆ چاودێری ئازادی رادەربڕین لە كۆمەڵێك رێكخراوی داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ، پێكهاتووە، سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەكات، داكۆكی لە پرنسیپەكانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامە نێودەوڵتەییەكانی تری تایبەت بە ماف و ئازادییەكان دەكات، بە تایبەتیش بەندی 19ی جاڕنامەكە.
بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆببێتەوە و پرسی موچەی مانگەکانی پێنج و شەش تاوتوێ بکات، هەروەها پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەیە. پەیامنێری هاوڵاتى باسی لەوەکرد، بڕیارە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران تاوتوێی ئەنجامی کۆبوونەوەکانی وەفدی حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بکرێت. هاوکات، بڕیاریشە بەدواداچوون بۆ موچەی مانگەکانی پێنج و شەشی موچەخۆرانی هەرێم بکرێت. حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاندووە، کاتژمێر 10ـى پێش نیوەڕۆى ئەمڕۆ، ئەنجومەنی وەزیران لەسەر خستنەڕووى دەرئەنجامى کۆبوونەوەکانى ئەمدواییەى نێوان شاندى هەرێمى کوردستان و شاندى حکومەتى فیدراڵ بە ئامادەبوونى نوێنەرى کۆمپانیا نەوتییەکان سەبارەت بە هەناردنەکردنەوەى نەوتى هەرێمی کورستان لەڕێى کۆمیانیاى سۆمۆوە کۆدەبێتەوە. لە کارنامەکەی حکومەتى هەرێمی کوردستاندا هاتووە، بەدواداچوون بۆ مووچەى مانگەکانى ئایار و حوزەیرانى مووچەخۆران دەکرێت. دەشڵێ، دەرئەنجامى کۆبووەنەوەکان لەلایەن وەزیرى سامانە سروشتییەکان و سەرۆکى ئەنجومەنى دیوان و سکرتێرى ئەنجومەنى وەزیرانەوە دەخرێتەڕوو. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، چاوەڕوان دەکرێت بەغداد موچەی مانگی پێنج رەوانە بکات تا هەردوو حکومەتی هەرێم و عیراق دەگەنە رێککەوتن سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوت و رادەستکردنی نیوەی داهاتی نانەوتی. ئەوەش لە کاتێکدایە، بەپێی زانیارییەکان، ئەو کۆبوونەوانەی لە چەند رۆژی رابردوو لەنێوان وەفدی حکومەتی هەرێم و فیدراڵ ئەنجامدران، هیچ رێککەوتنێکی تێدا نەکراوە.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی میزۆپۆتامیا، لەلایەک ئامادەکاریی دەکرێت بۆ پێکهێنانی کۆمیسیۆنێک لەژێر چەتری پەرلەماندا لەپێناو چارەسەری پرسی کورد، لەلایەکی تریشەوە، چاوەڕوان دەکرێت پەکەکە هەنگاوی کرداریی بنێت پەیوەست بە چەکدانان. بەگوێرەی هەواڵەکە، چاوەڕێ دەکرێت کەعەبدوڵا ئۆجەلان ڕاستەوخۆ بانگەواز لە هێزەکانی گەریلا بکات. لە چوارچێوەی ئەم بانگەوازەدا ژمارەیەک گەریلای پەکەکە لە مەراسیمێکی سیمبولیکدا چەک دادەنێن و چاوەڕێ دەکرێت لەنێویاندا بەڕێوەبەری پلەباڵاش هەبن. سەرۆکی پەرلەمان نوعمان کورتولموش هەفتەی ڕابردوو دەربارەی پێکهێنانی کۆمیسیۆنێک لەگەڵ نوێنەری پارتە سیاسییەکان کۆبووەوە. چاوەڕێ دەکرێت کە هەموو پارتەکان ئەم هەفتەیە پێشنیارە نووسراوەکانیان پێشکەش بکەن. ئامانجی "کۆمیسیۆنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و دیموکراتیکبوون" ئەوەیە کە ئەم بناغەی یاسایی بۆ پرۆسەی "چەکدانان" دابمەزرێنێت و هەمیش هەنگاوی دیموکراتیکبوون بنێت. پلان وایە، بۆ نیشاندانی نیازپاکی، ژمارەیەک گەریلای پەکەکە، لە هەرێمی کوردستان مەراسیمی چەکدانان ئەنجام بدەن، ئەم مەراسیمە لە بەرچاوی ڕای گشتی و بەشێوەی ڕاستەوخۆ پەخش دەکرێت. دووپاتکرایەوە کە نوێنەری پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بانگهێشت بکرێن بۆ مەراسیمەکە. هەروەها لە مەراسیمەکەدا پەیامی "ئێمە ئامادەین بۆ بەشداریکردن لە سیاسەتی دیموکراتیک" دەدرێت. قۆناغێکی تری یەکلاکەرەوەی پرۆسەکە، کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتییە لەگەڵ سەرۆککۆمار ئەردۆغان، کە چاوەڕوان دەکرێت لەم ڕۆژانەدا بەڕێوەبچێت. لە کۆبوونەوەکەدا ڕەوشی هەنوکەیی و ئایندەی پرۆسەکە تاوتوێ دەکرێت. بناغەی پرۆسەکە پشت دەبەستێت بە "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ـی ڕێبەر ئاپۆ کە ٢٧ ی شوبات ڕاگەیاندرا و پێشنیاری کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە تێکۆشانی چەکداریی پەکەکە. پەکەکە لەسەر بناغەی ئەم بانگەوازە لە مانگی ئایار کۆنگرەی خۆی ئەنجامدا، بڕیاری دا بە کۆتاییهێنان بە هەموو کار و خەباتێک لەژێر ناوی پەکەکەدا و چەکدانان. لەبەرئەوەی حکومەت هەنگاوی ڕوونی نەهاویشت، ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەوە. دەم پارتی دەستنیشانی کرد، دەبێت کۆمیسیۆنەکە لەسەر بناغەی ڕێککەوتنی بەرفراوانی کۆمەڵایەتی کاربکات، جەختی کردبووەوە کە پرۆسەکە بە پێشەنگایەتی بەڕێوەدەبرێت. جەهەپە هەڵوێستێکی ئەرێنی سەبارەت بە پرۆسەکە نیشانداوە. پشتگیری ئۆپۆزیسیۆن بۆ ئەوەی پرۆسەکە لە پەرلەمان بەڕێوەببرێت، بە هەنگاوێکی ئومێدبەخش شرۆڤە دەکرێت. لە ڕۆژانی ئایندەدا، بە بانگەوازە چاوەڕوانکراوەکەی ڕێبەر ئاپۆ و هەنگاوە کردەییەکانی پەکەکە، پێدەچێت پرۆسەکە ببرێتە قۆناغێکی نوێوە. وەڵامی ئەم هەنگاوەش گرێدراوە بە هەنگاوی ڕوونی یاسایی و سیاسیی حکومەتەوە.
كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كۆتاییهات، لە كۆبوونەوەكەدا باسی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان نەكرا، بە پێی زانیاریەکان نە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق باسی رێككەوتنی هەرێم و بەغداد و موچەموچەخۆرانی هەرێم كردووەو نە وەزیرە كوردەكانیش ئەو بابەتەیان لە كۆبوونەوەكە باسكردووە. وەزیرێکى کوردى بەشداربووى کۆبونەوەکە، ڕایدەگەیەنێت لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیراندا باسی مووچە نەکرا، چاوەڕوان بووین لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیراندا باسی مووچە بکرێت، وتیشى: نازانین سودانى خۆى بڕیارى ناردنى مووچە دەدات یان نا. هەرچەندە نازانرێت سودانی تاك لایەنە موچە دەنێرێت یان نا، بەڵام لە كۆبوونەوەكە ئەو پرسە نەوروژێندراوەو دوای كۆبوونەوەكەش وەزیرە كوردەكان لەگەڵ سودانی كۆنەبوونەتەوە. چاوەڕوان دەكرا لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا پرسی رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد لەسەر نەوت و شایستە داراییەكانی هەرێم بڕیاری لەسەر بدرێت. لە رۆژى شەممەى رابردووەوە شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدادە و رۆژى یەکشەممە ژمارەیەک کۆبوونەوەیان لەگەڵ کۆمپانیاى سۆمۆ، نوێنەرى وەزارەتى نەوت، نووسینگەى سەرۆکوەزیرانى عێراق ئەنجامداوە. دوێنێش شاندەکە لەگەڵ ئەنجوومەنى ئابووریى عێراق و وەزارەتى نەوتى عێراق کۆبووەوە، بەگوێرەى بەدواداچوونەکان، کە لە چەند سەرچاوەیەکى عێراقەوە دەستکەوتووە، شاندەکە نزیکن لە رێککەوتن، بەجۆرێک 280 هەزار بەرمیل نەوت لەلایەن هەرێمى کوردستانەوە رادەستى سۆمۆ دەکرێت و 16 دۆلاریش بۆ تێچووى بەرهەمهێنانى هەر بەرمیلێک دیاریکراوە. رۆژى 26ـى حوزەیرانى 2025، شاندى تەکنیکیى حکومەتى عێراق گەیشتە هەولێر و لەگەڵ شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان لەبارەى نەوت، داهاتى نانەوتی و شایستە داراییەکانى هەرێمى کوردستان ئەنجامدا.
هەرچەندە حەوت مانگە بەهۆی دۆخی سیاسییەوە هیچ کۆبوونەوەیەکى نەکردوە، بەڵام لە ئەمڕۆوە پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی دوو مانگ دەکەوێتە پشووی هاوینەوە. لە 20-10-2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو؛ 2-12-2024، یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کرا و تاوەکو ئەمڕۆ کۆبوونەوەی دیکە نەکراوە. ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان سوێندی یاساییان خواردووەو موچەی مانگانەیان بۆ بەستراوە كە هەر پەرلەمانتارێك موچەیەكی (8 ملیۆن و 180 هەزار) دیناری و شوقە یاخود خانوویەكی لە سیتیەكان پێدەدرێت، بەڵام تا ئێستا لیژنەكانی پەرلەمان پێكنەهاتووەو سەرۆك و جێگرو سكرتێری پەرلەمان هەڵنەبژێردراوە. چاوەڕێی كردنەوەی گرێكوێرەی ناكۆكییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی دەكات لەسەر رێككەوتن بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پەرلەمان (سەرۆك و جێگر و سكرتێر) و سەرۆكی هەرێم و جێگرەكانی و سەرۆكی حكومەت و وەزیرەكانی بەیەك پاكێج كراوە. ڕووپاک ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، دەلێت: پشووی هاوینەی پەرلەمان لە ئەمڕۆ 01ـی تەمموز دەستپێدەکات و بۆ ماوەی دوو مانگ بەردەوام دەبێت". ناوبراو ئاماژە بۆ ئەوەدەکات لە کاتی ئاساییدا دەبێت کۆبوونەوەکانی پەرلەمان لە1ـی 9 دەستپێبکەنەوە تاوەکو 31ـی مانگی یەکی ساڵی نوێ و دواتر جارێکی دیکە دەکەونەوە پشووی زستانەوە بۆ ماوەی دوو مانگ. لەکاتی وەرزەکانی پشووی پەرلەمانی کوردستاندا، لیژنەکانی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەکانیان دەکەن، بەڵام کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمان ناکرێت. تاوەکو ئەمڕۆ لیژنەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ خولی شەشەم پێکنەهێندراون، بۆیە لەم پشووەدا لیژنەکانیش کۆبوونەوەیان نابێت. لە کاتی ئاساییدا، بەگوێرەی بڕگەی سێیەمی مادەی 51ـی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی کوردستان "رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە تایبەت دەبێت بە دانیشتنی پەرلەمان"، بەڵام لە حەوت مانگی رابردوودا پەرلەمان هیچ کۆبوونەوەیەکی نەکردووە. ئەنجامی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان: - پارتی دیموكراتی كوردستان: 812 هەزارو 794 دەنگ و (39) كوردسی - یەكێتی نیشتمانی كوردستان: 409 هەزارو 548 دەنگ و (23) كوردسی - جوڵانەوەی نەوەی نوێ: 292 هەزارو 32 دەنگ و (15) كوردسی - یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان: 117 هەزارو 444 دەنگ و (7) كوردسی - كۆمەڵی دادگەری كوردستان: 64 هەزارو 864 دەنگ و (3) كوردسی (بایكۆتی پەرلەمانی كرد) - رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی: 56 هەزارو 8 دەنگ و (4) كوردسی - بەرەی گەل: 33 هەزارو 461 دەنگ و (39) كوردسی - هاوپەیمانی هەرێمی كوردستان: 13 هەزارو 226 دەنگ و (1) كوردسی - بزووتنەوەی گۆڕان : 11 هەزارو 636 دەنگ و (1) كوردسی - پێكهاتەكان: 31 هەزارو 188 دەنگ و (5) كوردسی
ئەمشەو ژمارەیەكی تر گەڕەكی سلێمانی پرۆژەی روناكی گرتیەوەو خاوەنی مۆلیدە ئەهلییەكان لەبەردەم قایمقامیەتی سلێمانی گردبوونەوەو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایان گەیاند: گرێبەستێکى زۆرە ملێمان لەگەڵ کراوە کە بەرژەوەندى ئێمە لە بەرچاو نەگیراوە، پێیان وتووین نابێت هیچ خاڵێکى گرێبەستەکە لە ڕاگەیاندنەکان و بۆ هیچ کەسێکى دیکەش باس بکرێت. ئەمشەو 28 گەڕەكی ناو بازنەی مەلیك مەحمود لە سلێمانی پرۆژەی روناكی گرتونیەوەو (198) مۆلیدە كوژێندرانەوە، پێشتریش (70) مۆلیدە كوژێندرانەوە، كۆی گشتی نزیكەی (270) مۆلیدە كوژێندراونەتەوە، كە لە (50%) مۆلیدەكانی سلێمانی دەكات. گرێبەستمان لەگەڵ كراوە دەڵێت: تا شەش مانگ مۆلیدەكە بمێننەوەو هەركات كارەبای نیشتمانی بڕا ئەوكات دەبێت مۆلیدەكە هەڵێبكاتەوەو مانگانە (800) هەزار دینار دەدرێت بە خاوەن مۆلیدە. هاوکات بهڕێوهبهرایهتی گشتی كارهبای سلێمانی دەلێت ئهمڕۆ لیژنەی دیاریكردنی نرخی موهلیده ئههلییهكان (بۆ مانگی 6) کۆبووەوەو بهپێی نرخی سوتهمهنی له بازاڕهكاندا نرخی ههر كاتژمێرێك کارەبای موەلیدە بۆ یهك ئهمپێر (40) دینارە، بهمهش نرخی یهك ئهمپێر كارهبای موهلیدهی ئههلی گهڕهكهكان له ناوشاری سلێمانی لهنێوان (7,750) بۆ (9000) دیناره، بەو پێیەى موەلیدەکان لە نێوان (190 بۆ 230) کاتژمێر کاریان کردوە. سەبارەت بەو موەلیدانەی كە دەكەونە سنوری پرۆژەی_رووناكی و كۆتایی مانگی رابردوو بوون بە بیست و چوار كاتژمێریی پێویستە پارەی موەلیدەكانیان پاكتاو بكەن، چونكە چیتر موەلیدەكانیان كارناكەن. خشتهی كارپێكردنی موهلیدهش بۆ مانگى تەموز (7) بیست و چوار كاتژمێری دەبێت، هەر كاتێك كارەبای نیشتمانی كوژایەوە ئەوان كاردەكەن.
رۆژنامەی "الشرق الاوسط": ژمارەیەك سەرچاوە لە هەولێر رایانگەیاندووە: شاندەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لە بەغداد، گەیشتونەتە رێککەوتنی سەرەتایی، لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت و پشکی بەکاربردنی ناوخۆ، بەڵام پرسی شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان تا ئێستا چارەسەرنەکراوە. بەرپرسێکی یەکێک لەو کۆمپانیایانە وتویەتی: بڕیارە لە ئەم هەفتەیەدا کۆبونەوەیەکی دوو قۆڵی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، یان سێ قۆڵی بە بەشداری نوێنەری حکومەت لەسەر ئەم بابەتە، ئەنجام بدرێت. بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەكان، کۆبونەوەی شاندەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی كە ماوەی چەند کاتژمێرێکی خایاندووە، هەردوولا گەیشتونەتە رێککەوتنی سەرەتایی لەسەر رادەستکردن و هەناردەکردنی نەوت و رادەستكردنی لەسەدا (٥٠)ی داهاتەکان، بڕیارە کۆبونەوەیەکی دیکەش بە بەشداری ئەندامانی ئەنجومەنی وەزاری ئابوری لەسەر هەمان بابەت ئەنجام بدرێت. رۆژنامەكەیئاماژەی بەوەشكردووە، فەرەنسا چووەتە ناو هێڵی نێوەندگیری نێوان بەغداد و هەولێر، لەوچوارچێوەیەدا مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ پاتریک دورێل، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق تاوتوێی ئەم پەیوەندییە ئاڵۆزەیان کردووە. هێشتا روون نییە، ئاخۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوان بەغداد و هەولێر لە ئەنجامی نێوەندگیری فەرەنسا بووە یان نا، ئەوە لەكاتێكدایە، بەغداد بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ پرسی پەیوەندییەکان لەگەڵ کوردستان دەکات، لە ئەگەری دەستوەردانی لایەنە نێودەوڵەتییەکان تێیدا.
دادگایەکی فەڕەنسا بەهۆی وەرگەڕانی بەلەمێکی کۆچبەران لە ساڵی 2022 بڕياری حەوت بۆ هەشت ساڵ زيندانی بەسەر نۆ قاچاخچيدا سەپاند کە دووانيان کوردن. دادگای شاری ليل لە فەڕەنسا سزای هەشت ساڵ زيندانی بەسەر سێ قاچاخچی و حەوت ساڵ زيندانی بەسەر شەش قاچاخچی ديکەدا سەپاند، تاوەکو ئێستا فەڕەنسا زانياری لەسەر ناسنامەی سزادراوەکان بڵاونەکردووەتەوە. قاچاخچی دەیەم کە لە سەر دۆسيەکە لە بەلجیکا دەستبەسەرە بڕیارە لە دواتردا دادگایی بکرێت، دادگای بەریتانیاش پێشتر سزای نۆ ساڵ زیندانی بەسەر مێردمنداڵێکی سەنیگالیدا سەپاندووە کە بەلەمەکەی لێخوڕیوە. وەرگەڕانی بەلەمەکە لە ساڵی 2022 لەکاتی پەڕينەوەی نزيکەی 47 کۆچبەر لە کەناڵی ئينگليز لە فەڕەنساوە بۆ بەريتانيا روويداوە، لەکاتێکدابووە کەشوهەوا ناسەقامگير بووە بەڵام قاچاخچييەکان بە کۆچبەرەکانيان گوتووە هيچ کێشەيەک نييە. بەگوێرەی لێکۆڵينەوەکان، بەلەمەکە بەر لە رۆيشتنی کونبووە بەڵام بەڕێکەوتووە، 39 کەسی تێدا رزگارکراوە و هەشت کەس گيانيانلەدەستداوە. ئەمساڵ لانیکەم 17 کەس لە هەوڵی پەڕینەوەدا لە کەناڵی ئينگليز لە فەڕەنساوە بۆ بەریتانیا گیانیانلەدەستداوە، ئەوەش دوای ئەوەی ساڵی رابردوو 78 کەسی گیانیانلەدەستدا.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، لایڤ و بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ بە جلوبەرگی سەربازییەوە، لە کارمەند و ئەفسەرانی قەدەغە دەکات. لە نوسراوێکدا کە بە واژۆی عەقیدی پۆلیس کارزان ئەمیر بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، فەرمانی دەرکردووە، هیچ پۆلیس و کارمەند و ئەفسەرێک نابێت لە سۆشیال میدیا لایڤ بکەنەوە یان بەشداریی لە لایڤەکاندا بکەن. هەر بەگوێرەی فەرمانەکە، رێگە بە پۆلیس و ئەفسەران نادرێت لە سۆشیال میدیا بە جلی سەربازییەوە وێنە و ڤیدیۆ بڵاوبکەنەوە و دەربکەون. هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، ئامانج لە دەرکردنی بڕیارەکان بۆ پاراستنی پرەنسیپی سەربازییە و سەرپێچیکارانیش سزادەدرێن.
حکوومەتی عێراق، بەهۆی ئەو كێشانەی لە پڕكردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنی خۆراک، ڕووبەڕووی هاووڵاتیان بوونەتەوە ، بڕیاری دا تا 1/8/2025 ماوەكەی درێژ بكاتەوە، دووشەممە، 30ـی حوزەیرانی 2025، حکوومەتی عێراق ڕاشیگەیاند "بەهۆی چەندان كێشەی دیکەی لە نەشتەرگەری جوانكاری و كێشەی مۆبایلەكانیان بەهۆی دابەزاندنی چەند بەرنامەیەك؛ بۆیە، بەڕێوەبەرایەتیی فۆرمی خۆراك داوا لە هاووڵاتیان دەكات، هەر كەسێك كێشەی هەیە سەردانیان بكات." یەكێك لەو كێشانە، جیابوونەوەی هاوسەرانە لە یەكتری و هیچ پەیوەندییەكیان نەماوە، نازانن چۆن فۆرمەكە پڕ بكەنەوە، چونكە فؤرمی خۆراكیان جیا نەكردۆتەوە، ڕۆژی سێشەممە ٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بازرگانیی هەرێم بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق، پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندرا. لەسەرەتادا ماوەی یەک مانگ دیاریکرابوو بۆ هاووڵاتییان بە شێوەی ئەلیکترۆنی ئەو فۆرمە پڕ بکەنەوە و بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمەکەش پێویستیان بە کارتی نیشتمانی دەبێت وە هەر هاوڵاتیەک ئەو فۆرمە پڕ نەکاتەوە خۆی بەرپرسیار دەبێت. لە سنووری پارێزگای هەولێر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانەوە دوو هەزار و 297. بریکاریی ئارد و خۆراک هەن. ڕۆژی پێنجشەممە، 29ـی ئایاری 2025، ئەپڵیکەیشنی خۆراک لە هەولێر بەفەرمی کاراکرا و لە هەرێمی کوردستان نزیکەی هەشت هەزار بریکاریی ئارد و خۆراک هەن، کۆی گشتی پێنج ملیۆن و 350هەزار کەس بەشە خۆراکی مانگانە وەردەگرن، بەڵام ئێستا بەهۆی چەند گرفتێکی هاوسەران و جوانکاری ئەو پرۆسەیە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە ڕاگیراوە.
ئەمڕۆ شاندى هەرێمى کوردستان لە بەغداد لەگەڵ ئەنجوومەنى ئابووریى عێراق کۆدەبێتەوە و سبەى لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق گفتوگۆ لە بارەى دەرئەنجامى کۆبوونەوەى شاندەکە دەکرێت، بەگوێرەى بەدواداچوونەکان، پێدەچێت سبەى بڕیار لەسەر خەرجکردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان بدرێت. لە رۆژى شەممەى رابردووەوە شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدادن و رۆژى یەکشەممە ژمارەیەک کۆبوونەوەیان لەگەڵ کۆمپانیاى سۆمۆ، نوێنەرى وەزارەتى نەوت، نووسینگەى سەرۆکوەزیرانى عێراق ئەنجامداوە. ئەمڕۆ دووشەممە 30ی حوزەیران، شاندەکەى هەرێمى کوردستان لەگەڵ ئەنجوومەنى ئابووریى عێراق کۆدەبێتەوە. بەگوێرەى بەدواداچوونەکان، کە لەچەند سەرچاوەیەکى عێراقەوە دەستىکەوتووە شاندەکە نزیکن لە رێککەوتن، بەجۆرێک 280 هەزار بەرمیل نەوت لەلایەن هەرێمى کوردستانەوە رادەستى سۆمۆ دەکرێت و بۆ 16 دۆلار بۆ تێچووى بەرهەمهێنانى هەر بەرمیلێکیش دیاریکراوە. زانیاریەکات ئاماژە بەوەدەکەن، بڕیارە لە کۆبوونەوەى سبەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق تاوتوێی دانوستانەکانى نێوان شاندى هەرێمى کوردستان حکومەتى فیدراڵ بکرێت و هەر لەوێش بڕیار لەسەر خەرجکردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان بدرێت. رۆژى 26ى حوزەیرانى 2025، شاندى تەکنیکیى حکومەتى عێراق گەیشتە هەولێر و لەگەڵ شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان لەبارەى نەوت، داهاتى نانەوتی و شایستە داراییەکانى هەرێمى کوردستان ئەنجامدا. بەگوێرەى زانیارییەکان، کۆبوونەوەکان تاوەکو گەیشتن بە رێککەوتنى یەکلاکەرەوە بەردەوام دەبن، لەبارەى نەوتەوە گفتوگۆکان زۆر باش بوون و بە ئاڕاستەى چارەسەر بوون، لەبارەى داهاتى نانەوتیشەوە هەرێمى کوردستان ئامادەیى پیشانداوە 50%ـى داهات رادەستبکات، واتە زیاتر لەوەى کە مانگەکانى رابردوو رادەستکراوە. رۆژى 25ـى حوزەیرانى 2025، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکردبوو شاندێکى باڵا لە عێراقەوە دێتە هەولێر و بڕیار بەدەستە، ئومێدى خواست لە دۆسییەى مووچە بگەنە چارەسەر.
سەرچاوەیەکى باڵا لە ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان ڕاگەیاند، حکومەتى فیدراڵ وەک نیازپاکى لەم هەفتەیەدا مووچەى مانگى پێنج دەنێرێت. ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاند، ئەم هەفتەیەش وەزارەتی دارایی كوردستان وەك نیازپاكی داهاتی ناوخۆ بۆ بەغداد دەنێرێت، لەگەڵ بەغداد رێککەوتوون رۆژانە هەرێمی کوردستان 280 هەزار بەرمیل بەرهەمبهێنێت لەو بڕە رۆژانە 260 هەزار بەرمیل رادەستی بەغداد دەكات و 20 هەزار بەرمیلیشی بۆ پێداویستی ناوخۆ بەکاردەهێنێت. سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان، ووتى، وەزارەتى دارایی عێراق ئەمڕۆ وردبینى بۆ لیستى مووچەى مانگى شەشى هەرێمى کوردستان دەستپێکردووە، ئەوانیش گەنجینەکانیان ئاگادارکردووەتەوە ئامادەکارى بۆ دابەشکردنى مووچە بکەن. هاوكات، سەرچاوەیەکیش لە ئەپیكور ڕاگەیاند، دوێنێ تورکیایان ئاگادارکردووەتەوە بەمزووانە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لەڕێی سۆمۆوە دەستپێدەکاتەوە و تەنها چاوەڕوانی رەزامەندی بەغداد دەکەن.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردەوە، لە سنووری بانە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە کۆڵبەرێک کوژرا و کۆڵبەرێکی دیکەش بریندار کرا. تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان سەبارەت بە کوژران و برینداربوونی دوو کۆڵبەری کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەمجۆرە زانیارییان خستووەتەڕوو. لە هەواڵەکەدا هاتووە، لە ناوچەی سنووریی ئاوپەڕی بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە دەسڕێژی گوللە لە کۆمەڵێک کۆڵبەری کورد کراوە و بەو هۆیەوە کۆڵبەرێک بە ناوی سەیوان عەبدوڵازادە کوژراوە و کۆڵبەرێکی دیکەش بە ناوی حوسێن، کە پاشناوەکەی نەزانراوە بە سەختی بریندار بووە. ئاماژە بەوەشکراوە، هێزە چەکدارەکان بە بێ ئاگادار کردنەوەی پێشوەختە ڕاستەوخۆ تەقەیان کردووە. باس لەوەشکراوە، ئەو کۆڵبەرەی ناوی سەیوان عەبدوڵازادەیە تەمەنی ٢٣ ساڵە و خەڵکی گوندی حەوتتاشە لە سنووری بانە. جێگای ئاماژەیە، لە ساڵی ٢٠٢٤ـدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ٥٣ کۆڵبەری کورد کوژراون و ١٣١ کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.
شاندە تەكنیەكیەكەی بعێراق گەڕایەوە بەغداد، شاندی هەرێم گەیشتنە بەغداد، بەغداد مانگانە داوای (150) ملیار دینار داهاتی ناوخۆ و رادەستكردنی (280) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دەكات لەرێگای سۆمۆوە هەناردەبكرێت، لەبەرامبەردا بەغداد موچەی موچەخۆران و خەرجی كۆمپانیاكانی نەوت دەدات. ماوەی دوو رۆژ شاندێكی تەكنیكی حكومەتی عێراق لە هەرێمی كوردستان بوون لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێم و وەزارەتی سامانەسروشتییەكان و سەرۆكایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و كۆمپانیاكانی نەوت كۆبوونەتەوە، شاندەكەی عێراق گەڕانەوە بەغداد، ئەمڕۆش شاندێكی وەزارەتی سامانەسروشتییەكانی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران گەیشتنە بەغداد و لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و سۆمۆ لە كۆبوونەوەدان و لە رێككەوتن نزیكن. بەپێى زانیاریەکان شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی وەزیری سامانە سرووشتییەکان لە بەغدادن، وەزیری سامانەسروشتییەکان و وەزیری نەوت سبەینێ بۆ جاریی دووەم کۆدەبنەوە. ئەو شاندە تەکنیکییەی هاتبوونە هەرێمی کوردستان گەڕانەوە بەغداد، وەزارەتەکانی نەوت و سامانە سرووشتییەکان تەنها باسی هەناردەکردنەوەی نەوت دەکەن. بەپێی بەدواداچوونەكان: - حكومەتی عێراق داوای (50%)ی كۆی داهاتی ناوخۆ دەكات، داهاتی ناوخۆ بە (300) ملیار دینار خەمڵێندراوە، واتا مانگانە (150) ملیار دینار رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق بكرێت. - رۆژانە هەرێمی كوردستان (280) هەزار بەرمیل نەوت لە رێگای سۆمۆوە هەناردە بكاتەوەو داهاتەكەی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق دەگەڕێتەوە. - لەبەرامبەردا لەماوەی ئەم هەفتەیەدا وەك نیەت باشی سەرەتا بەغداد موچەی مانگی ئایاری موچەخۆران دەدات و دوای رێككەوتنی تەواوەتیش موچەی مانگی حوزەیران خەرج دەكرێت. - بۆ هەر بەمیلێك بەغداد (16) دۆلار بۆ كۆمپانیاكانی بەرهەمهێن خەرج دەكەن - هەرێم رۆژانە (280) هەزار بەرمیل رادەستی سۆمۆ دەكات، نرخی بەرمیلێك لە بازأرەكانی جیهان نزیكەی (65) دۆلارە، واتا رۆژانە داهاتی ئەو (280) هەزار بەرمیلە دەكاتە ( 18 ملیۆن و 200 هەزار) دۆلار، مانگانەش كە (8 ملیۆن و 400 هەزار) بەرمیل دەكات داهاتەكەی دەكاتە (546) ملیۆن دۆلار. - بۆ هەر بەرمیلێك (16) دۆلار بۆ كۆمپانیاكە خەرج دەكرێت واتا مانگانە (8 ملیۆن و 400 هەزار) بەرمیل دەكاتە ( 134 ملیۆن ) دۆلار، واتا حكومەتی عێراق لە (546) ملیۆن دۆلار (412 ملیۆن) دۆلاری مانگانەی بۆ دەمێنێتەوە. - خۆ ئەگەر ئەو (280) هەزار بەرمیلەی رۆژانە بە نرخی هەرێم بفرۆشرێت كە لە ئێستادا (33) دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێك، ئەوا داهاتی مانگە دەكاتە (277) ملیۆن دۆلار، لەبەرامبەر (546) ملیۆن دۆلار ئەگەر لە رێگای سۆمۆوە بیفرۆشێت، واتا (269) ملیۆن دۆلار كەمتر دەیفرۆشێت.
کۆمپانیاکانی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان ، ناسراو بە "ئەپیکور" دوو مەرج بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان دادەنێت. ئەپیکور، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لە راگەیەندراوێکدا گوتى "کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکور خواستی خۆمان دووپات دەکەینەوە دەستبەجێ هەناردەى نەوت لە رێگەی بۆری عێراق-تورکیاوە دەستپێبکەینەوە". ئەپیکور لەمبارەیەوە مەرجى داناوە و دەڵێت "هەر کاتێک رێککەوتنێکی نووسراو بێتە ئاراوە". ئەپیکور، ئاماژەى بەوەشکردووە، چەند مانگێکە رێککەوتوون لەسەر هەماهەنگی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی کۆمپانیاى سۆمۆوە. کۆمەڵەکە، پێشنیازیش دەکات کۆمپانیا نەوتییە جیهانییەکان شایستەى داراییان بەشێوەى نەختینە لەگەڵ گەیشتنى نەوتەکە بە بەندەرى جەیهانى تورکیا وەربگرن، دەشڵێت ئەم رێکخستنە دڵنیایی دەدات کە هەموو لایەنەکان مافەکانیان بە شەفافى و خێراترین شێوە لە چوارچێوەی مەرجەکانی گرێبەستەکاندا وەربگرن. پێشتر لەمبارەیەوە ناکۆکى لەنێوان ئەپیکور و وەزارەتى نەوتى عێراقدا هەبوو، بەجۆرێک ئەپیکور داواى دەکرد لەگەڵ بەرهەمهێنانى نەوتەکەدا شایستەى دارایى خۆیان وەربگرن، لەبەرامبەردا وەزارەتى نەوت داواى دەکرد پاش فرۆشتنى نەوتەکە لەلایەن سۆمۆوە ئینجا شایستە داراییەکانیان پێبدرێت. ئەپیکور لە هەشت کۆمپانیای بیانی بوارى نەوت پێکهاتووە و 60%ـی نەوتی هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنن، پاش راگرتنى هەناردەش ئێستا رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنن.
