لە هەنگاوێکی نوێدا یانەی نەورۆز بلیتی یارییەکانی کرد بە ئەلیکترۆنی، لە یاری داهاتووەوە هاندەر دەتوانێت بە شێوەی ئۆنلاین بلیت دەستبخات و بینەری یاریەکانی نەورۆز بێت. دوای کردنەوەی یاریگای نێودەوڵەتی نەورۆز و یاریکردنی یانەکە لە یاریگای خۆیدا، هاندەر و هەوادارێکی زۆر بۆ بینینی یاریەکانی نەورۆز لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانەوە یاریگاکەیان پڕ دەکرد و بەجۆش و خرۆشەوە هانی یانەکەیان دەدا. دوای ئەوەی لەسەر داوای یەکێتی تۆپی پێی عێراق، ئیدارەی یانەکە چونەژوورەوەی هاندەری کرد بە بلیت و مەبلەغێکی رەمزی دانا بۆ هەر بلیتێک، ئەمەش لەپێناو رێکخستنەوە و کۆنترۆڵکرنی یاریگا لە هەر رووداوێکی نەخوازراو، چونکە یانەکە یانەیەکی جەماوەریی گەورەیە و هاندەرێکی بێشومار دەیانەوێت لە نزیکەوە بینەری یاری یانەکەی شاری سلێمانی ببن. ئێستا و لە بریارێکی نوێدا یانەکە بۆ کارئاسانی بۆ هاندەر و ئەوانەی دەیانەوێت لە نزیکەوە یاریەکانی نەورۆز ببینن. یانەکە دەستکەوتنی بلیتی کرد بە ئەلیکترۆنی و هاندەر دەتوانێت لە ڕێگەی ئەپی بازاڕەوە بلیت بەدەستبهێنێت، یاری داهاتووی نەورۆز لە هەفتەی 27ی خولەکە، کاتژمێر 5ی ئێوارە دەبێت بەرامبەر یانەی نەفت میسان یاری دەکات.

  بەڕێوەبەری ناحیەی خەلەکان دەڵێت، کارکردن لەسەر رێگای رانیە-خەلەکان وەستاوە، دەستپێکردنەوەی کارکردنیش لەسەر رێگاکە بەندە بە بڕیاری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانەوە و پێناچێت بەمزووانە کارکردن دەستپێبکاتەوە. کامەران عەبدوڵا وتیشی، لەئێستادا کۆمپانیای گەردین کاری چاککردن و نۆژەنکردنەوەی ئەو رێگایەی وەرگرتووە و پێویستە لەگەڵ کۆمپانیای پێشتردا دەستاودەستی کارەکانیان بکەن و دواتر دەست بە نۆژەنکردنەوەی رێگاکە بکرێت. بەڕێوەبەری کۆمپانیای سروشتی هیران کرد، ڕاگەیاند تائێستا هیچ دەستاودەستێکی کارەکانیان نەکردووە و چاوەرێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانن. ماوەی زیاتر لە 15 ساڵە رێگای رانیە-خەلەکان خراپ بووە و هاووڵاتیانی سنوورەکەش جەندینجار نارەزایی و خۆپیشاندنانیان کردووە، لە دوایین نارەزایەتیدا لە سەرەتای ئەمساڵەوە بۆ ماوەی دوو هەفتە رێگاکەیان داخست و پاشان بە بەڵێنی حکومەت بۆ چاککردنی، رێگاکەیان کردەوە.

  سوپای داگیرکەری تورکیا ١٣جار بە فڕۆکەی جەنگی و بە گشتی ٦٩٣جار بە چەکی قورس، تۆپ و دوورهاوێژ هێرشی ئەنجامداوە. هێزەکانی گەریلا وەڵامی هێرشەکانیان دایەوە و لە ئەنجامدا کەمێرایەکی چاودێری تێکشکا. دەقی ڕاگەیەندراوەکەی ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) بەم شێوەیەیە: هێرشەکانی سوپای تورکیای داگیرکەر بە فڕۆکەی جەنگی: لە ڕۆژانی ٣، ٤، ٥، ٦ی نیسان ٨جار ناوچەکانی درێشە، یەکماڵە و شاخ کۆن لە گارێ و گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی سنینە لە خاکورک ١ جار و گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی شێلازە و دەرگەلێ و بێشیلی لە هەرێمی مەتینا ٤جار بە گشتی ١٣جار تۆپباران کران. هێرشەکانی سوپای تورکیای داگیرکەر بە چەکی قورس و تۆپ و هویترز لە ڕۆژانی ٤و ٥ ی نیسان گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی بەرزینێ، شەهید شەریف، لۆلان و سنینە لە هەرێمی خاکورک ٤٤جار تۆپباران کران و گۆڕەپانەکانی مژێ، گرگاشە، دێرەشە و شاخی کۆن و شاخی زەنگوڵ ٤٦جار تۆپباران کران، گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی شێلازە، سەرێ مەتینا و دەرگەلێ لەهەرێمی مەتینا ٩٠جار تۆپباران کران، گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی شاخی ئامیدی و شاخی بەهار کە دەکەوێتە هەرێـمی شەهید دەلیل لە ڕۆژئاوای زاپ ٥١٣ جار بە گشتی ٦٩٣جار بە چەکی قورس و تۆپ و دوور هاوێژ بۆردومان کران. چالاکییەکانی هێزەکانمان لە وەڵامی هێرشەکان: ڕۆژی ٤ی نیسان  کامێرایەکی چاودێری داگیرکەران لە ناوچەی بەرخۆدانی کانی قەرژ لە هەرێمی خاکورک تێکشکێندرا ڕۆژی ٤ ی نیسان کاتژمێر ٠٧:٠٠داگیرکەران هێرشیان کردە سەر تونێلەکانی بەرخۆدان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئامێدی لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ بەڵام لەلایەن هێزەکانمانەوە بە چەکی نیمە ئۆتۆماتیکی وڵام درانەوە. ڕۆژی ٤ی نیسان کاتژمێر ١٣:٠٠ داگیرکەران بەهەمان شێوە هێرشیان دەکردە سەر تونێلەکانی بەرخۆدانی شاخی بەهار لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ بەڵام لەلایەن هێزەکانمانەوە بە چەکی نیمە ئۆتۆماتیکی وڵامی هێرشەکە درایەوە."

  جارێکی دیکە وەزارەتی نەوتی عێراق، وەزارەتی سامان سروشتیەکانی هەرێمی کوردستان و ئەپیکور لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت کۆ دەبنەوە.  سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق، ئەمرۆ یەکشەممە، 06-04-2025، ڕاگەیاند "ئەم هەفتەیە وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ وەزارەتی سامان سروشتیەکانی هەرێمی کوردستان و نوێنەری کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت کۆ دەبنەوە." سەباح سوبحی وتیشی: "کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانە، نوێنەری ئەپیکوریش بەشدار دەبێت، چونکە ئەوان لە تێچووی دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوت ناڕازین. بڕیاریشە لە کۆبوونەوەکە حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی فیدراڵ بەشداریی بکات." بە گوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و غاز "نیازی عێراق بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان باش نییە، چونکە ئەو شاندانەی بۆ دانوستان دەیانێرێت دەسەڵاتی بڕیاردانیان نییە." ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی دووشەممە، 31-03-2025، کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) لە ڕاگەیەنراوێکدا هەواڵێکی ڕۆژنامەی "شەڕقولئەوست"ـی ڕەت کردەوە کە باسی لەوە کردبوو "ئەپیکور هەولێر بە هۆی دواکەوتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان تۆمەتبار دەکات." ئەپیکور ڕاگەیەنراوەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاو کردووەتەوە و جەختی لەوە کردووەتەوە، کۆمپانیاکانی ئەندام لە کۆمەڵەکە، هەوڵە گشتی و تایبەتەکانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و بەرپرسانی دیکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دووبارە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە ڕێگەی بۆریی عێراق - تورکیا بەرز دەنرخێنن.  کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان دووپاتیشی کردووەتەوە، هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان "دەبێتە هۆی خۆشگوزەرانی بۆ هەموو هاووڵاتییانی عێراق."

پارتی و لایەنە سوننەکان هەوڵدەدەن کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بکەن و ئەو بڕیارانەی پێشتر لەلایەن ئەنجوومەنەوە لەبارەی گۆڕانکارییە ئیدارییەکان دراون، هەڵبوەشێننەوە. سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیش لە ئەنجوومەنەکە ئەم هەوڵە بە "پێشهاتێکی مەترسیدار" دەزانێت.   ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە ڕاگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ فراکسیۆنەکانی پارتی و نەینەوا (لیئەهیلها)، کە لە 16 ئەندام پێکدێن، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بکەن.   بە گوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەن، ئەوان واژۆ کۆدەکەنەوە بۆئەوەی ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەن بکرێت و بڕیار لەبارەی "راستکردنەوە"ـی بڕیارەکانی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگاکە بدات سەبارەت بە دیاریکردنی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان.   دووبەردانی پێیوایە، دەبێت هەڵبژاردنی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان "رێڕەوی دروست"ی خۆیان وەربگرن، وەکو کردنەوەی دەرگای پاڵاوتن، پێکهێنانی لیژنەیەک لە ئەنجوومەن بۆ وەرگرتنی سیڤییەکان و وردبینی لە بڕوانامەکان، دەستپاکی و لێپرسینەوەی دادپەروەرانە، ئەزموونی کارکردن، پاشان پارێزگار بۆ هەر پۆستێک سێ بەربژێری گونجاو رەوانەی ئەنجوومەن بکات بۆئەوەی یەکێکیان پەسند بکرێت، "بەڵام هیچ کام لەمانە لە کاتی بڕیارەکەی ئەنجوومەندا نەکران و ئەمانە دیاریکراون نەک هەڵبژێردراو."   محەممەد جاسم کاکەیی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا راگەیاند، ئەوان ئاگاداری هەوڵێکی لەو شێوەیەن. بڕیار بوو ئەحمەد حاسوود، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ئەمڕۆ سەردانی بەغدا بکات و لایەنی بەرامبەر هەوڵیانداوە ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە و کۆبوونەوەی ئەنجوومەن بکەن، بەڵام سەرۆکی ئەنجوومەن سەردانی بەغدای نەکردووە و لە ئەنجوومەنە.   سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە حیزبەکەی لە گۆڕانکارییەکان سێ پۆستیان بەرکەوتووە (قایمقامی مەخموور، بەڕێوەبەری ناحیەکانی سنوونێ و وانکێ)، ئەو هەوڵە بە "پێشهاتێکی مەترسیدار" دەزانێت و دەڵێت: "ئەمە دژی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقە، کە بڕیاری پێویستی لە بارەوە داوە".  

  كۆما جڤاكێن كوردستان (كه‌جه‌كه‌) ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "تا ‌هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەریان بەردەوامبن، کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندەوە نابەستن"، هۆشداریشده‌دات‌و ده‌ڵێت:"ئەگەر هەنگاو نەنرێت بۆ پرۆسەکە، ناتوانین بەمشێوەیەی ئێستا بوەستن". مستەفا قه‌ره‌سو ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبردنی کۆما جڤاکێن کوردستانێ (کەجەکە) لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بتوانێت کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوە ببەستێت، پێویستە تورکیا هێرشەکانی بۆ سەریان ڕابگرێت‌و خودی عەبدوڵڵا ئۆجه‌لانیش کۆنگرەکە بەڕێوە ببات. قه‌ره‌سو بەپێویستى زانیوه‌، "دەسەڵات قسەکانی خۆی لەبارەی پرۆسەکە بەجێبگەیەنێت‌و پەرلەمان پرۆسەکە بخاتە نێو چوارچێوەی یاسایی، چونكه‌ ئەگەر هەنگاو نەنرێت بۆ پرۆسەکە، ناتوانین بەمشێوەیەی ئێستا بوەستن". ئەمەش لەکاتێکدایە، پێنج مانگ لەمەوبەر، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی گشتیی پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیست (مەهەپە) داوای لەعەبدوڵڵا ئۆجه‌لان کرد، پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوه‌بوو، لە 27ی شوباتدا ئۆجەلان بانگەوازی کرد پەکەکە چەک دابنێت‌و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. ماڵپەڕی خەبەرتورک لە ڕاپۆرتێکیدا ڕایگەیاندوە، چاوەڕێدەکرێت لەمانگی نیساندا کۆنگرەی پەکەکە بۆ مەبەستی چەک دانان بەڕێوەبچێت، بەرلەوەش وه‌فدى ئیمراڵیی پارتی یەکسانی‌و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کۆدەبێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش لەچەند ڕۆژی ئاییندەدا، سەرۆکایەتیی کۆمار تورکیا ڕێکەوتێک بۆ دەم پارتی دیاریدەکات.

  بڕیارە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆبونەوەی ئەم هەفتەیەی خۆیدا، تاوتوێی نرخی كارەبای 24 سەعاتی بكات، كە بەهۆی گرانی نرخەكەیەوە لەئێستادا، ناڕەزایەتییەكی زۆری لەناو هاوڵاتیاندا دروست كردوە. میدیای پارتی، ئەمڕۆ شەممە، لە زاری دو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویكردۆتەوە، ئەم هەفتەیە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆدەبێتەوەو یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبونەوەکەش، تاوتوێکردنی نرخی کارەبای پرۆژەی ڕوناکی دەبێت. ئەوەش خراوەتەڕو، تیمێکی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشنیارێکیان بۆ کەمکردنەوەی نرخی کارەبای پرۆژەی ڕوناکی ئامادە کردوە و لە کۆبونەوەی ئەم هەفتەیەی ئەنجومەنی وەزیران تاوتوێی پێشنیارەکە دەکرێت. بەڵام ئاماژەی بە نرخە پێشنیاركراوەكان نەكردوە. عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، رۆژی 1ی 4ی 2025، لە راگەیەندراوێكدا وتی، بڕیارە لەم مانگەدا بەفەرمی نرخی نوێ بۆ كارەبای 24 سەعاتی دیاری بکرێت. ئەو وتیشی، تائێستا دو جار نرخی کارەبای 24 سەعاتی دانراوە. هەردوکیان کاریان پێکراوە، بەڵام بەفەرمی ئیعلان نەکراون. ئەوشەی خستۆتەڕو، نرخی یەكەم زۆر زۆر گرانبو، دوەمیش هەر زۆر گرانبو، بەجۆرێک لە 750 کیلۆوات بۆ سەرەوە نرخەكەی دەچوە 166 دینار بۆ هەر کیلۆواتێك و بەوەش ماڵێکی زۆر ئاسایی نزیکەی 150 بۆ 200 هەزارو سەروتر دەهاتەوە. عەلی حەمەساڵح ئاماژەی بەوەشدا، هەردو نرخەکەمان ڕەتکردنەوە.

  هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند، لەماوەى دوو ساڵدا  100 زیندانی پەککەوتوو لە گرتوخانەکاندا گیانیان لەدەستداوە. تولای حاتیمئۆغڵولاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە تۆڕى کۆمەڵایەتى ئێکس نوسینێکى بڵاوکردەوەو تیایدا ڕایگەیاند، بەگوێرەى یاساکان پێوستە ئەو زیندانیانەی پەککەوتوون رەوانەى ماڵەوە بکرێنەوە، بەڵام حکومەت هیچ رێکارێکی لەو بارەیەوە نییە. ئەو دەڵێت، مانەوەی پەککەوتووەکان لە گرتووخانە پرسێکی جدییە و هاوکات پرسێکی ویژدانی و ئەخلاقییە، ئازادنەکردنی زیندانە پەککەوتووەکان شەرمەزارییە بۆ دەسەڵاتی ئاک پارتی. لە درێژەى هەواڵەکەدا هاتووە هاوسەرۆکی دەم پارتی بەدەر لەوەى داوای کردووە زیندانییە پەککەوتووەکان لە گرتووخانەکاندا ئازاد بکرێن، داواشی کردووە تەواوی زیندانییە سیاسییەکانیش ئازاد بکرێن. لەوەڵامى ئەو قسانەدا وەزیری دادى تورکیا لە بەیاننامەکەی ئەمڕۆدا ڕایگەیاند، "هیچ کەمتەرخەمییەک" سەبارەت بە دەستگیرکراوانی نەخۆش نەبووە.

لە مانگی ئاداردا خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان لە هەرێمى کوردستان بە رێژەی (78٪) کەمیکردووە و تەنها دوو گردبوونەوەی ناڕەزایی بۆ مووچە رێکخراوە، ئەوەش بەپێی  تۆڕی هاوپەیمانی 19. تۆڕەکە کە چاودێری مافی ئازادیی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان دەکات، لە راگەیەنراوێکدا کە دەست سبەى کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە، لە مانگی ئاداردا، ناڕەزایی جەماوەریی بەرفراوان، وەک مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، نەبوو. گردبوونەوەی ناڕەزایی بەرامبەر نەدانی مووچە بە رێژەی ٩١٪ کەمیکردووە و هیچ گردبوونەوەیەک لەگەڵ یان دژی پرۆسەی بەبانکیکردن ئەنجام نەدراوە. دیارترین خۆپیشاندان لە سلێمانی بۆ مافی ژنان رێکخراوە و لە هەولێر دوو چالاک دەستگیر کراون. تۆڕەکە جەختدەکاتەوە، بەپێی پێوەرەکانی مافەکانی مرۆڤ، پێویستە هەموو کەس بەبێ ترس لە تۆڵەسەندنەوە و دوور لە سانسۆر، بتوانن گوزارشت لە بیروڕای خۆیان بکەن و رێز لە مافی ئازادیی گردبوونەوەی ئاشتیانە و ئازادیی رادەربڕین بگیرێت. ئەمەش نیشاندەری ئاستی پابەندبوونی ئەو کۆمەڵگایەیە بە مافەکانی مرۆڤ بە گشتی. بەپێی ئامارەکانى تۆڕەکە، مانگی ئادار کە بە مانگی بۆنەکان لە باشووری کوردستان هەژمار دەکرێت، وەک یادی راپەڕین، رۆژی جیهانیی ژنان، جەژنی نەورۆز، تێیدا (١٢) گردبوونەوە و خۆپیشاندان ئەنجام دراون. ناڕەزاییەکان بەراورد بە مانگی شوبات کە (٥٤) چالاکی بوون، بە رێژەی (٧٨٪) کەمیان کردووە. بەپێی بەدواداچوونی تۆڕەکە، لە شارەکانی هەڵەبجە و دهۆک هیچ چالاکییەکی ناڕەزایی رێکخراو تۆمار نەکراوە. هەر (١٢) چالاکییەکە لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی بوون؛ (٧) چالاکی لە سلێمانی و (٥) چالاکی لە هەولێر بوون. داخوازییەکان بەم شێوەیە بوون: (٤) بۆ مافەکانی ژنان، (٣) بۆ خزمەتگوزاری، (٢) بۆ مووچە. ئەو (٣) چالاکییەی دیکە دژ بە سیستمی تەندروستی، بۆ مافی خاوەن پێداویستیی تایبەت، و ئازادیی رۆژنامەگەری بوون. بەپێچەوانەی مانگی رابردوو (شوبات) کە زۆرینەی چالاکیی و ناڕەزاییەکان بۆ مووچە رێکخرابوون و ژمارەیان (٢٢) چالاکی بوو، ئەم مانگە (ئادار) تەنها دوو گردبوونەوەی ناڕەزایی بۆ مووچە رێکخراوە، بەمەش ناڕەزاییەکان لەسەر مووچە بە رێژەی (٩١٪) کەمیان کردووە. هیچ گردبوونەوەیەک (لەگەڵ) یان (دژ) بە پرسی بەبانکیکردن ( هەژماری من) ئەنجام نەدراوە. ‎ئاماری نارهزایه‌تیبه_کانی ناره_زايه زايه تييه کانی 2025 نارهزایه‌تی بو موچه (%91) کهمی كردووه Alliance 19 هاویه_یمانی ئازار 2 نارهزایی %9 %91 شوبات 22 نارهزایی تؤورى هاوپهیمانی هاويه يمانى 19‎"‎ گەورەترین و فراوانترین خۆپیشاندانی مانگی ئادار لە شاری سلێمانی بەڕێوە چوو، کە لەلایەن رێکخراوەکانی ژنانەوە رێکخرا بوو. بەشداربووان لە سەرەتای شەقامی سالم (باخی گشتی) تا (سەهۆڵەکە) بە رێپێوان دروشمیان بۆ یەکسانی بەرز کردبووەوە و هوتافیان ده‌گوته‌وه‌، بەبێ روودانی هیچ بەرکەوتنێک لە نێوان بەشداربووان و هێزی ئەمنی. ئێوارەی ٢٠ی ئاداری ٢٠٢٥، ئاسایشی هەولێر چالاکوان (هاوڕێ عەبدوڵا سابیر) ناسراو بە (هاوڕێ کوردی) و پاشان (زیوەر محەمەد) ناسراو بە (زیوەر گەردی) لە گەڕەکی نەورۆز دەستگیر کرد، بەبێ ئەوەی هیچ دەزگایەکی رەسمی روونکردنەوەیەک لەسەر هۆکاری دەستگیرکردنیان بدات. تۆڕی هاوپەیمانی ١٩، بەدواداچوونی بۆ کەیسی دەستگیرکراوان کرد. بەپێی زانیارییەکانی تۆڕەکە، "تۆمەتەکەیان پەیوەندیی بە بانگهێشتکردنی هاونیشتیمانیانەوە بووە لەڕێی تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە بە مەبەستی بەشداری لە ئاهەنگی نەورۆز کە ساڵانە لە ٢٠ی ئازار لە چیای قەندیل رێکدەخرێت". هاوڕێ کوردی، وێنەی بانگهێشتنامەی "کۆمیتەی ئامادەکاریی نەورۆزی قەندیل"ی لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووک بڵاوکردبووەوە و لەسەری نووسیبووی: "خۆشەویستانم لە شاری هەولێر". تێیدا دەڵێت: "بۆ نەورۆزی ئەمساڵ لە شاری هەولێر ئۆتۆمبێلی گواستنەوە (پاس) دابین کراوە بە خۆڕایی، هەر کەسێک دەیەوێت بەشدار بێت لە ئاهەنگی نەورۆز دەتوانێت پەیوەندیم پێوە بکات."

  بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاگر لە بەشێکی بازاڕی دارەسووتاوەکەی سلێمانی کەوتەوە و دەیان دووکان سووتان. پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، زیانی گیانی نەبووە.   ئاگرەکە نزیک کاتژمێر چواری بەیانی ئەمڕۆ شەممەی بازاڕی دارە سووتاوەکە ئەو دووکانانەی گرتووەتەوە کە بە مەزادخانەی سەرەوە ناسراون.   د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانیدەڵێت: ئاگرەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و کۆنترۆڵکراوە. پارێزگاری سلێمانی بۆ لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە زیانەکان خۆی چووەتە شوێنی رووداوەکە و دەڵێت: "لایەنە پەیوەندیدارەکان لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دەکەن".   هاوڵاتیەک کە سێ دووکانی لە بازاڕەکەدا هەیە وتى: سێ دووکانم لێرەیە هەر سێیان سووتاون، کە بەتانی و دۆشەکی تێدایە و هەمووی سووتاوە، بە بەهای نزیکەی سێ دەفتەر دۆلار {30 هەزار دۆلار} زیانم بەرکەوتووە".   تاوەکو ئێستا بەرگری شارستانی ئاماری زیانەکانی نەخستووەتەڕوو، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکان لە شوێنی رووداوەکە، نزیکەی 100 دووکان سووتاون یان زیانیان بەرکەتووە. دووکاندارێکى  دیکە لە شوێنی رووداوەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دووکانی خوشکەزایەکم لێرەیە هەموو شتەکانی سووتاون، کە هەموو شتەکانیان بە قەرز هێناوە".   کەسێکى دیکە دەڵێت تەلەفۆنیان کرد و ئاگاداریان کردمەوە، دوو دووکانمان هەیە یەکێکیان سووتاوە".   کاسبکارانی بازاڕەکە داوایان کرد، شارەوانی سلێمانی لە خاوێنکردنەوەی بازاڕەکە و فڕێدانی پاشماوەکان هاوکارییان بکەن.   بەرگری شارستانی لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە دەکات، بەڵام کاسبکارانی زیانبەرکەوتوو دەڵێن، "هۆکارەکە شۆرتی کارەبا بووە".

  یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) دەڵێت، "بەرپرسیارێتیی پاراستنی ئاسایشی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەمان بە فەرمی رادەستی هێزەکانی ئاسایشی گشتیی نێوخۆ کرد؛ کە لەژێر چەتری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کار دەکەن."    یەپەگە دەڵێت: "سەرکەوتووانە بەشێکی هێزەکانمان کشاندنەوە ئەو هێزانەی لەوێ ماون لە چەند رۆژی داهاتوو قۆناخ بە قۆناخ سەرلەنوێ بڵاودەکرێنەوە."   یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ڕایگەیاند، بەرپرسیارێتی ئەمنی لە گەڕەكی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی كوردنشینی شاری حەلەب بە فەرمی گواستراوەتەوە بۆ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کە لە ژێر چەتری ئیدارەی خۆسەردا کاردەکەن. دەشڵێت، "کشانەوەی بەشێکی هێزەکانمان تەواو بوە، یەکەکانی دیکەش بە شێوەیەکی قۆناغبەندی و ڕێکوپێک لە چەند ڕۆژی داهاتودا دەكشێنەوە". فەرماندەیی گشتی یەکینەکانی پاراستنی گەل، ئەمشەو لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، هەر لە سەرەتای ململانێکانی سوریاوە، دانیشتوانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لە حەلەب توانیویانە سیستەمێکی ڕێکخراو و بەرگری لە بەرامبەر هەڕەشە بەردەوامەکان دابمەزرێنن. یەکینەکانی پاراستنی گەل و یەکینەکانی پاراستنی ژنان بە شێوەیەکی کاریگەر پاڵپشتی بەهێزکردنی ئەو هێڵە بەرگرییەیان کرد. ئاماژەی بەوەشكرد، لەو ماوەیەدا هێزەکانیان قوربانییەکی یەکجار زۆریان داوە و دەستکەوتی ستراتیژییان بەدەستهێناوە، ڕۆڵێکی چارەنوسسازیان لە دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری دانیشتوانی مەدەنیدا بینیوە. پێشهاتەکانی ئەم دواییە جارێکی دیکە کاریگەری و خۆڕاگری ئەو هەوڵە بەکۆمەڵانەیان پشتڕاستکردەوە، چونکە یەکەکانیان بە ڕێكخراون و بەرپرسیارێتی خۆیان ئەنجامدا. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، لە ڕێككەوتنەكەی نێوان ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و حکومەتی ڕاگوزەری سوریا، بەرپرسیارێتی ئەمنی لە شێخ مەقسود و ئەشرەفیە بە فەرمی گواستراوەتەوە بۆ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کە لە ژێر چەتری ئیدارەی خۆسەردا کاردەکەن. ئەوەشی خستەڕو، کشانەوەی بەشێکی هێزەکانیان تەواوبوە، یەکەکانی دیکەش بە شێوەیەکی قۆناغبەندی و ڕێکوپێک لە چەند ڕۆژی داهاتودا دەكشێنەوە بۆ ناوچەكانی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) پابەندن بە پرەنسیپەکانی خۆبەڕێوەبردن و ئیرادەی جەماوەری. هەروەها بەردەوام دەبن لە هەڵوێستی خۆیان بەگوێرەی پێداویستییە ستراتیژییەکانی قۆناغی نوێ.

  یەبەشە بڵاوی كردەوە، هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەتدەكەینەوە، كە باس لەوە دەكەن، ئێمە پەیوەندیمان بەتەقینەوەكەی شەوی ڕابردووی شنگالەوە هەبوو بێت، پابەندین بە پاراستنی هاوڵاتییان و سەقامگیری شارەكە. درەنگانی شەوی ڕابردوو، لە ناوچەی بازاڕی کۆنی شنگال تەقینەوەیەک ڕوویدا و بە پێی وتەی دانیشتووانی شنگال، لە چەندین ناوچەوە گوێیان لە دەنگی تەقینەوەکە بووە. هێشتا هۆکاری تەقینەوەکە نەزاندراوە، لەگەڵ ئەوەشدا دوای تەقینەوەکە سوپای عێراق لە شوێنی تەقینەوەکە و چەندین شوێنی دیکەی شنگال دەستی بە جموجۆڵی سەربازیی کرد. فەرماندەیی یەكینەكانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) سەبارەت بەو تۆمەتانەی تایبەتە بە تەقینەوەكەی شنگال ئاراستەیان دەكرێت، ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە. لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، بەتوندی هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەتدەكەینەوە، كە باس لەوە دەكەن، ئێمە پەیوەندیمان بە تەقینەوەكەی شەوی ڕابردووی شنگالەوە هەبوو بێت، ئەم تۆمەتانە ئامانجیان ناسەقامگیركردن و شێواندنی وێنەی بەرخۆدانی ئێمەیە. ئاماژە بەوەشكراوە، هەندێك لە دەزگاكانی ڕاگەیاندنی لایەنگر لە ڕێگەی بڵاوكردنەوەی تۆمەتی بێ بنەما بە دوای شێواندنی ڕاستییەكان و هاندانی ناتەباییدان، ئێمە وەك قەڵغانی سەلامەتی و سەرچاوەی سەقامگیری لە ناوچەكەدا بوون و دەمێننەوە، پابەندین بە پاراستن و بەرگریكردن لە خەڵك لە بەرامبەر هەر مەترسییەك بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیرییان. باس لەوەشكراوە، ئەو تۆمەتە درۆیانە تەنیا خزمەت بە ئەجێندا گوماناوییەكان دەكەن، كە ئامانجیان ناسەقامگیركردنی ئاسایشی شنگال و گومانكردنە لە قوربانیدانی شەڕڤانانمان و پرەنسیپە چەسپاوەكانمان. لەكۆتایی بەیاننامەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، داوا لە هەموو لایەك دەكەین وریا بن و نەخرێنە ناو هەواڵی ناڕاستەوە، كە هەوڵی هاندانی ململانێ دەدات، پابەندبوونی خۆمان بۆ بەرگریكردن لە شنگال و گەلەكەی لە بەرامبەر هەر ئاڵنگارییەکی ئەمنیدا نوێ دەكەنەوە.

  رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) پەیامێکی لەبارەی گەنجان بڵاوکردەوە و داوای لێکردن، "لە هەموو شوێنێک بەڕێکخراوەیی بن و هەموو شوێنێک بەڕێکخراوەیی بکەن''.   گرووپی گەنجانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بە مەبەستی یادکردنەوەی رۆژی لەدایکبوونی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لە رۆژی سێشەممە، یەکی نیسانی 2025 لە مەیدانی داغکاپی لە شارۆچکەی ئامەدی باکووری کوردستان دەستیان بە رێپێوان کرد و چەند فێستیڤاڵ و چالاکییەکیان سازکرد.   گەنجانی دەم پارتی لە رۆژی دووی نیسانی ئەم مانگە، گەیشتنە رووهای باکووری کوردستان. رۆژی پێنجشەممە، سێی نیسانی ئەم مانگە، لە درێژەی چالاکی و فێستیڤاڵەکانیاندا پەیامێکی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یان لەبارەی گەنجانەوە خوێندەوە.   ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا بۆ گەنجان دەڵێت، ''مانگی نیسان بۆ من وەک رینسانسە و سەرلەنوێ لەدایکبوونە. رێپێوانی گەنجان، هەنگاونانە بەرەو سەربەخۆیی. هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی، بەهادارە''.   لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەڵێت: ''سۆسیالیزم، واتە کۆمەڵگە، واتە کۆمەڵگەخوازی. سۆسیالیستی بەکۆمەڵگەییبوونە. پێویستە لە کوردستان بەم تێڕوانینەوە سیاسەت بکرێت. ئەمەش بە رێکخراوەییبوون دەبێت. بەڕێکخراوەییبوون گرنگترین چالاکییە. ئەگەر وانەکەن بەتووندی رەخنەتان لێدەگرم. بۆیە دەبێت لە هەموو شوێنێک بەڕێکخراوەیی بن و هەموو شوێنێک بەڕێکخراوەیی بکەن. پاڵپشتی لە چالاکییەکانتان دەکەم و سڵاوتان ئاراستە دەکەم''.   ئەمڕۆ هەینی چواری مانگ، کۆتا رۆژی رێپێوانەکەی گرووپی گەنجانی دەم پارتییە و بەبۆنەی ساڵیادی لەدایکبوونی ئۆجەلان، فێستیڤاڵی ''چواری نیسان'' لە شارۆچکەی خەلفەتی سەر بە رووهای باکووری کوردستان بەڕێوەدەچێت.   ئێوارەی رۆژی دووشەممە 31ـی ئاداری 2025، محەممەد ئۆجەلان (برای عەبدوڵڵا ئۆجەلان) و عومەر ئۆجەلان (برازای عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی رووها) بە بۆنەی جەژنی رەمەزان، بۆ دیداری عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری 26 ساڵ زیندانیکراوی پەکەکە، سەردانی گرتووخانەی سزا قورسەکانی دوورگەی ئیمراڵییان کرد و ئەو پەیامەی ئۆجەلانیان وەرگرت.   عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە چواری نیسانی 1949 لە گوندی عەمارە سەر بە شارۆچکەی خەلفەتی لە رووهای باکووری کوردستان لەدایکبووە. ئۆجەلان لە ساڵی 1984 پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ـی دامەزراند.    ئەو پەیامانەی ئۆجەلان لە کاتێکدان، رۆژی یەکی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، هەنگاوێک لەلایەن حکومەتی تورکیاوە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری نرا، کە ئەمە لەلایەن دەم پارتی بە ''چارەسەرکردنی پرسی کورد'' و لەلایەن حکومەتی تورکیاشەوە بە ''کۆتاییهێنان بە تیرۆر'' ناوی دەهێنرێت.   دواتر داوا لە دەم پارتی کرا دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان سازبکات. شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، سێ جار سەردانی ئۆجەلانی لە ئیمراڵی کردووە و لەسەر زاری خۆیەوە پەیامەکانی ئەویان بە رای گشتی راگەیاندووە.

  سەرۆکی دامەزراوەی پەی بۆ گەشەپێدان دەڵێت: پەرلەمانتارانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە نایاسایی مووچە وەردەگرن و دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان و سوێندخواردنی پەرلەمانتاران ناپێڕەوی و نایاساییە.   د. سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆکی دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان دەڵێت: پەرلەمانی کوردستان لەدوای 5 مانگ لە هەڵبژاردن، تەنیا یەک دانیشتنی ئەنجامداوە ئەویش دانیشتنی سوێندخواردنی ئەندامەکانی بوو کە بەهۆی هێشتنەوەی دانیشتنەکە بە کراوەیی ئەو دانیشتنەش لەرووی یاساییەوە پووچەڵە و هەر بڕیارێکی تێدا درابێت ئەو بڕیارانەش پووچەڵن بە سوێندخواردنی پەرلەمانتاران و بەستنی مووچە و پێدانی ئیمتیازاتیشیانەوە."   پەرلەمانی کوردستان رۆژی 2 کانوونی یەکەمی ساڵی 2024 یەکەم دانیشتنی ئەنجامدا، "بەپێی پەیڕەو پێویستبوو لەو وادەیەوە تاوەکو ئێستا کە چوار مانگە پەرلەمانتاران سوێندیان خواردووە دەبوو زیاتر لە 16 دانیشتنی بەدواداچوونی لەگەڵ حکومەت ئەنجام بدایە، پێویستبوو زیاتر لە 35 دانیشتنی پەرلەمانی ئەنجام بدایە، پێویستبوو 19 لیژنە هەمیشەییەکەی پەرلەمان پێکبهێندرانایە و هەر لیژنەیەک لە مانگێکدا دوو کۆبوونەوە ئەنجام بدات بەڵام هیچ یەکێک لەم کارانە ئانجام نەدراون و تەنیا مووچە بۆ پەرلەمانتاران خەرجکراوە" د. سەروەر عەبدولڕەحمان وای وت.   هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ سەرۆکی دامەزراوەی پەی گوتی: "ئێستا هەرێمی کوردستان پەرلەمانی نییە، چونکە پەرلەمان وەکو دامەزراوە لەسەر 3 کوچکە دەوەستێت ئەوانیش پەرلەمانتار و لیژنەکان و دەستەی سەرۆکایەتی، خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان نە دەستەی سەرۆکایەتی هەیە و نە لیژنە هەمیشەییەکان و تەنیا پەرلەمانتاری هەیە، واتا ئێستا هەرێمی کوردستان پەرلەمانی نییە و پەرلەمانتاری بێ پەرلەمانی هەیە.   باسی لەوەشکرد: بەپێی مادەی 51 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان پێویستە ئەندامانی پەرلەمان رۆژەکانی هەفتە بەمجۆرە کارەکانیان ئەنجام بدەن، رۆژی یەکشەممە پەرلەمانتاران دەبێت خۆیان تەرخان بکەن بۆ کاروباری هاوڵاتییان، رۆژی دووشەممە پێویستە لیژنەکان کۆبوونەوەی خۆیان ئەنجام بدەن، رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە دانیشتنی فەرمی پەرلەمانی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە دەستنیشانکراوە بۆ کۆبوونەوە و بەدواداچوون لەگەڵ حکومەت."   دەشڵێت: "رۆژانی هەینی و شەممە وەکو پشووی پەرلەمانتاران دەستنیشان کراوە، بەڵام ئەندامانی خولی شەشەمی پەرلەمان هیچ یەکێک لەم ئەرکانەیان جێبەجێ نەکردووە و هەموو رۆژەکانی هەفتە لای ئەوان هەر هەینی و شەممەیە و هەر لە پشوودان و هیچ ئەرک و کارێکیان نییە، هەربۆیە پێویستبوو خۆیان کە سوێندیان خواردووە پارێزگاریی لە یاسا بکەن و بەڵێنیان بە خەڵک داوە داکۆکییان لێبکەن مووچەی خۆیانیان رەتبکردایەتەوە و وەریان نەگرتایە و یەکەم کاریان بە گەندەڵی و نایاسایی دەست پێنەکردایە."   دامەزراوەی پەی، کە یەکێک لە ئەرکەکانی چاودێری کارەکانی پەرلەمانە و پێشتر چەند راپۆرتێکی بەدواداچوونیان لەبارەی کار و ئەدای پەرلەمان لە خوولەکانی رابردوو ئەنجامداوە، لە دواین راپۆرتیاندا بە داتا باسیان لەوە کردووە لە خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دوای تێپەڕبوونی پێنج مانگ لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن و چوار مانگ بەسەر یەکەم دانیشتنی سوێندخواردنی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان، ئەوەی لە دۆخی پەرلەمانی کوردستان گۆڕانی بەسەردا هاتبێت تەنها ئەوەی ئەو پەرلەمانتارانە لە رۆژی سوێندخواردنیانەوە مووچەیان بۆ بەستراوە و هەریەکە و سێ پاسەوانی بۆ دەستنیشان کراوە خانوو شوقەی نیشتەجێ بونیان بۆ دابین کراوە، تائێستا دوای وەرگرتنی مووچەی مانگی سێ تێکڕای مووچەی پەرلەمانتاران لەو ماوەیەدا دەگاتە 2,240,700,000 (دوو ملیار دوو سەد و چل ملیۆن و حەوت سەد هەزار) دینار.   لە راپۆرتەکەدا وردەکاریی زیاتر خراوەتەڕوو، کە تائێستا و دوای وەرگرتنی مووچەی مانگی سێ، هەر پەرلەمانتارێک کە مووچەی مانگانەی 8,200,000 (هەشت ملیۆن و دوو سەد هەزار دینارە)، بەڵام لەبەرئەوەی لیژنەکان پێکنەهێنراون، بڕی 500 هەزار دینار دەرماڵەی لیژنەکان وەرناگرن بۆیە موچەی مانگانەیان 7,700,000 حەوت ملیۆن و حەوت سەد هەزار دینارە بووە، بەوپێیەش هەر ئەندامێک تێکڕا نزیکەی 23,100,000 بیست و سێ ملیۆن و 100 هەزار دینار موچەی وەرگرتووە.   رۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام درا، بەپێی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن پارتی دیموکراتی کوردستان 39 کورسی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتوو 7 کورسی، رەوتی هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵی دادگەری 3 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی و هەریەک لە گۆڕان و هاوپەیمانی کوردستانیش یەکی کورسییەکیان بەدەستهێنا، بەڵام لەکۆی 100 ئەندامی پەرلەمان تەنیا 3 ئەندامیان بەشداریی دانیشتنی یەکەمیان نەکرد و سوێندی یاساییان نەخوارد دوو پەرلەمانتاریان لە کۆمەڵی دادگەری و یەک پەرلەمانتار لە بەرەی گەل و ئەوانی دیکە کە ژمارەیان 97 پەرلەمانتارە سوێندی یاساییان خواردووە و لە مانگی 12ی ساڵی 2024ـەوە مووچە وەردەگرن بەبێ ئەوەی هیچ کار و ئەرکێک ئەنجام بدەن.

  دەستەی گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند، ئامادەكارییەكانیان بۆ بەستنی سێهەمین كۆنفرانسی نیشتمانی پاڵپشت بە بڕیارەكانی ئەنجومەنی كۆمسیاران تەواوكردووە. دەستەی گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان لە ڕاگەیەندراوێكی نوسراودا، ئاماژەی بە چەند بڕیارێكی ئەنجومەنی كۆمسیاران كردووە، یەكەمیان بڕیاری ژمارە چوارە لە كۆنوسی ئاسایی ژمارە شەش لە ڕێكەوتی 11-2-2025 نوسراوی فەرمانگەی پارت و ڕێكخراوە سیاسییەكان ژمارە (507) لە ڕێكەوتی 20-2-2025 . دووەم بڕیاری ئەنجومەنی كۆمسیاران كە دەستەی گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەی پێاوە، بڕیاری ژمارە یەكە لە كۆنوسی ئاسایی ژمارە نۆ لە رێكەوتی 4-3-2025 بۆ هەمان بابەت كە بەستنی كۆنفرانسە بەو مەرجەی وادەكەی لە 10-4-2025 تێپەڕنەكات. دەستەی گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاندووە "وەكو بزوتنەوەی گۆڕان سەرجەم ئامادەكارییەكانمان بۆ بەستنی كۆنفرانس تەواوكردووە، پابەند بە هەموو ئەو كاتانەی لە بڕیارەكانی سەرەوەدا ئاماژەی پێدراوە، فەرمانگەی پارت و رێكخراوەكان لە نوسراوی ژمارە (875) لە رێكەوتی 26-3-2025 بەستنی كۆنفرانسی بۆ رۆژی شەممە رێكەوتی 5-4-2025 كاتژمێر 10 ی سەرلەبەیانی لە مەكۆی سەرەكیی بزوتنەوەی گۆڕان- گردی زەرگەتە لە شاری سلێمانی و لە هۆڵی كۆنفرانسەكان دیاریكردووە. دەستەی گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان دەشڵێت "رەچاوی سەرجەم بۆنە ئایینی و نیشتمانییەكانمان كردووە، لە هەڵبژاردنی رۆژ و كاتی گونجاو بۆ بەستنی كۆنفرانسەكە، پاڵپشت بە دواین بڕیاری ئەنجومەنی كۆمسیاران". "لە ئێستاوە رێكەوتی 3-4-2025 بانگهێشتی بەڕێزان سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران بەڕێز بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پارت و رێكخراوەكان، هەر لیژنەیەك كە نوێنەرایەتی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەكات لە بەغداد بەمەبەستی ئامادەبوون و سەرپەرشتیكردنی پرۆسەكە، هەروەها سەرجەم دەزگاكانی راگەیاندن و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای شارستانی بانگهێشت دەكەین، بەمەبەستی ئامادەبوون و چاودێریكردنی بەڕێوەچوونی كاروبارەكانی سێهەمین كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەكەمان لە پارێزگای سلێمانی لە ڕۆژی شەممە رێكەوتی پێنجی نیسانی 2025 كاتژمێر 10 ی سەرلەبەیانی لە مەكۆی سەرەكیی بزوتنەوەی گۆڕان- گردی زەرگەتە- هۆڵی كۆنفرانسەكان". دەستەی گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان وا دەڵێت.