شاندێکی ڕۆژئاوای کوردستان کە پێکهاتوون لە هاوسەرۆکی پەیەدە غەریب حسۆ، ئەندامانی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پەیەدە ساڵح موسلم و فۆزا یوسف گەیشتنە سلێمانی، بڕیارە بەشداری کۆنفرانسی "هاوپەیمانی سۆشیال دیموکراتی وڵاتانی عەرەبی" بکەن کە لە ڕۆژانی ٢٧ بۆ ٣٠ ئاب بەڕێوەدەچێت. شاندەکە لە لایەن بەرپرسانی سلێمانییەوە پێشوازییان لێ کرا و سەردانی مەزاری مام جەلالیان کرد، لە دەفتەریی یادەوەریی مەزارەکەدا ساڵح موسلیم ئاماژەی بە پێشهاتە نوێکانی پەیوەست بە کورد لە ناوچەکە کرد و نووسی: "بەهۆی ئەو پیلانە سیاسییەوە کە لە دژی دەگێڕدرێت، ئەمڕۆ کوردستان لە هەموو کات زیاتر پێویستی پێتانە، بەڵێتان پێدەدەین کە لەسەر ئەو ڕێچکەیە بڕۆین کە ئێوە و ڕێبەر ئاپۆ نەخشەتان بۆ کێشاوە، تاوەکوو ئازادی و سەقامگیریی بەرقەرار دەبێت بۆ گەلەکەمان لە ناوچەکەدا". دواتر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ساڵح موسلیم ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "هاوپەیمانیی سۆشیال دیموکرات لە جیهانی عەرەبیدا لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا کە لەسەر دەستی مام جەلال دروست بووە، زۆر گرنگ بوو بۆ ناوچەکە، هیوای سەرکەوتن بۆ کۆنفرانسەکە دەخوازم." کۆنفرانسی "هاوپەیمانیی سۆشیال دیموکراتی وڵاتانی عەرەبی" بۆ ماوەی چوار ڕۆژ، لە ٢٧بۆ٣٠ ئاب لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت، هاوشانی شاندەکەی ڕۆژئاوا شاندێک کە پێکدێن لە نوێنەرانی دەم پارتی، کەسایەتییە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، نوێنەرانی وڵاتان، و پارت و ڕێکخراوەکانی ژنان و گەنجان بەشداری تێدا دەکەن. ئامانج لە کۆنفراسەکە پتەوکردنی پەیوەندییە هاوپەیمانێتییەکانی نێوان بزووتنەوە پێشکەوتنخوازەکانی کورد و عەرەب و پەرەپێدانی هەماهەنگی نێوان پارتە سۆشیال دیموکراتەکانە.
سەرچاوەیەکى باڵاى حکومەتى عێراق ڕایدەگەیەنێت، لەکۆبونەوەکەى ئەمڕۆدا بڕیاری ئەوەدراوە کە مووچەى مانگى شەش خەرج بکرێت، بەو مەرجەى ١٢٠ ملیار دینارى داهاتى ناوخۆ بنێردرێت بۆ بەغدا. ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دا. لیژنە هاوبەشەکانیان لە کۆبوونەوەکانیان بەردەوام دەبن. ئەمڕۆ سێشەممە، 26ـی ئابی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا کە یەکێک لە تەوەرەکانی کارنامەکەی، پرسی مووچەی مانگی حوزەیران (شەش)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و هەناردەکردنەوەی نەوت بوو. سەرچاوەیەکی بەشدار لە کۆبوونەوەکە لە بەغدا ڕاگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا، بە زۆرینەی دەنگ و بەبێ مەرج، بڕیاری لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دا. هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش دا، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق ڕاسپێردراوە لە سبەینێوە دەست بە ڕێکارەکانی خەرجکردنی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکات و چاوەڕێش دەکرێت، هەر سبەینێ، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان 120 ملیار دینار لە داهاتی فیدراڵی ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق بکات. لیژنە هاوبەشەکانی هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بەردەوام دەبن لە گفتوگۆکانیان بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر داهاتی نانەوتی و هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت ئەمڕۆ سەردانی لاهور شێخ جەنگی و بەشێک لە دەستگیرکراوەکانیان کردوە لەشاری سلێمانی. بەپێى ڕاگەیەندراوەکەى دەستەکە ناوبرا ئاماژەی بەوە کردوە تەندروستی باشەو لەژورێکی تایبەت دانراوەو تەواوی پێداویستیەکانی بۆ دابین کراوە، بەڤیدیو لەگەڵ خێزانەکەی قسەی کردووە، داوای پەرتوکی کردبوو لەئاسایش کومەڵێک پەرتووکیان بۆ هێناوە، لەوکاتەی کەهاتووە بۆ زیندانی ئاسایش لەکانی گۆمە، ڕووبەڕووی هیچ توندوتیژی و ئەشکەنجەیەک نەبۆتەوە. دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەردانی لاهور شێخ جنگی و بەشێک لە دەستگیرکراوەکانیان کرد لەشاری سلێمانی ڕۆژی سێشەمه ٢٦ی ئاب شاندێکی باڵای دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بەڕاسپاردەی سەرۆکی دەستە د.مونا یاقۆ سەردانی شاری سلێمانیان کرد، شاندەکە لەگرتوخانەی کانی گۆمە چاویان کەوت بە لاهور شێخ جنگی لەنزیکەوە گفتوگۆیان لەگەڵ کرد دەربارەی ڕەوشی تەندروستی و شوێنی حەوانەوەو ڕێکارەکان پرسیاریان لێ کرد. ناوبرا ئاماژەی بەوە کرد تەندروستی باشەو لەژورێکی تایبەت دانراوەو تەواوی پێداویستیەکانی بۆ دابین کراوە وە هەروەها بەڤیدیو لەگەڵ خێزانەکەی قسەی کردووە وەهەروەها داوای پەرتوکی کردبوو لەئاسایش کومەڵێک پەرتووکیان بۆ هێناوە، وە ئاماژەی بەوەش کرد لەوکاتەی کەهاتووە بۆ زیندانی ئاسایش لەکانی گۆمە، ڕووبەڕووی هیچ توندوتیژی و ئەشکەنجەیەک نەبۆتەوە. دواتر لاهور شێخ جنگی داوای کردووە کە دۆسیەکەی بەڕێکاری یاسایی بروات و دەستەش چاودێری بکات. هەروەها لەسەر ڕووداوەکانی ئەو ڕۆژە گوتی زووتر نوێنەرانی وڵاتانی ئەمریکاو بەریتانیاوفەرەنسا و حکومەتی هەرێمی لێ ئاگادار کردۆتەوە کە ئەو ڕووداوانە ڕوو دەدەن. دەستەی مافی مرۆڤ ئاماژەیان بەوەدا مافی ناوبراوە ڕێگە بە پارێزەرەکانی بدرێ سەردانی بکەن و بڕیارە لەماوەیەکی نزیکدا ئەو پرسەش چارەسەر بکرێ و ڕێگە بدرێ بە سەردانی پارێزەرەکان. هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کەلەکاتی لێکۆڵینەوەکان هیچ توندوتیژیەکی بەرامبەر نەکراوەو هیچ دان پێدانێکی بەزۆری لێی وەرنەگیراوە هەروەها لەوەڵامی پرسیاری تیمی دەستە سەبارەت بە ڤیدیو کردن لەکاتی لێکولینەوە گوتی هیچ کامیرا و ئامێری تۆمارکردن نەبووە لەکاتی لێکولینەوە. دواتر تیمەکەی دەستە چاویان بەبەشێک لەدەستگیراوەکان کەوت کە وەک ئەندامی هێزەکەی لاهور شێخ جنگی ناسراون و بەپێی بەدوا داچونی شاندەکەی دەستە ژمارەیان ١٦٢ کەسن وە ئاسایش گوتی ژمارەی کوژراوەکانی هەردوو لا پێنج کەسن هەروەها ئاماژەیان پێکرد کە ڕۆژانە ڕێگە بەبەشێک لەکەس و کاریان دراوە سەردانیان بکەن وە ئاماژەیان بەوە کردوە لە ئێستادا شوێنیان باشە لەو کاتەی هێنراونەتە ئاسایش. ڕووبەڕووی هیچ توندوتیژیەک نەبونەتەوە. دەستەی مافی مرۆڤ ڕایدەگەینێ هەر کەسێکی نادیارو بێ سەرو شوێنە لەو ڕووداوە دەتوانێ سەردانی نوسینگەی سلێمانی مافی مرۆڤ بکات بۆ سۆراخ کردنی کەسەکانیان جێی باسە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ یەکەم دامەزراوەی فەرمیە دوای ڕووداوەکانی سلێمانی سەردانی دەستکیرکراوانی کردبێت. دەستەی سەربەخۆی مافی مروڤ لەهەرێمی کوردستان ٢٦ی ئابی ٢٠٢٥
لە بنکەی سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە شارۆچکەی تل تەمەری باکووری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە)، لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان، مانۆرێکی سەربازیی هاوبەشیان ئەنجامدا. ئاژانسەکانی هەواڵ ئاشکرایان کردووە، لە بنکەی سەربازیی(قەسرەک) لە شارۆچکەی تل تەمەر و دەورووبەری، هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) و هێزەکانی هاوپەیمانان، مانۆرێکی سەربازیی هاوبەشیان ئەنجامدا و فڕۆکە جەنگییەکان زۆر نزم بەسەر ناوچەکەدا دەسووڕانەوە. خەڵکی ناوچەکە ئاماژە بەوە دەکەن، جگەلە نزمی فڕۆکەکان، دەنگی تەقینەوە و تەقەی زۆریان بیستووە، لەوەوە زانیوویانە مانۆری سەربازیی ئەنجام دەدرێت، سەرچاوەکانی هەواڵیش دەڵێن: ئەمڕۆ بەیانی، هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی ئەرکی تایبەت بە(ئیرادەی تۆکمە) لە پێگەی فەرمی خۆی بڵاوی کردووەتەوە، ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکەی شەوی ڕابردووی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و هێزەکانی هاوپەیمانان، ئامانج لێی، پەرەپێدانی توانا سەربازییەکانی هەردوولایە. پەیامەکە ئاماژە بەوەشدەکات، ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکە هەوڵێکە بۆ بەرزکردنەوەی تواناکان لەپێناو شکستپێهێنانی داعش، هەروەها پارێزگاریی کردن لە ئاسایش و ئارامی ناوچەکە.
سەرۆک کۆمارى تورکیا دەڵێت تورکیا گەرەنتی ئاسایشی کوردە لە سوریا، ئەوانەی ڕوو لە ئەنقەرە و دیمەشق دەکەن سەردەکەون، ئەوانەی قیبلەیان لەدەست دەدەن، دەدۆڕێن. ئەمڕۆ سێ شەممە لە یادی سەركەوتنی سەلجوقیەکان بەسەر بیزەنتینیەکان لە شەڕی مەلازیگرت ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆمارى تورکیا وتارێکى پێشکەشکرد و سەبارەت بەپرۆسەى چارەسەرى ڕایدەگەیەنێت: ئێمە لە ماوەیەکی کورتدا پێشکەوتنی بەرچاومان بەدەستهێناوە لە پڕۆسەی تورکیای بێ تیرۆر کە بۆ ڕووخاندنی دیوارەکانی ناتەبایی دەستمان پێکردوە. هەروەها ئەوەشدەخاتەڕوو هەموو دامەزراوەکان بە وردبینی و زڕنیگیەوە کارەکانیان ئەنجام دەدەن. وتیشی: میللەتەکەمان سەرنجی ئەو کەسانە دەدات کە هەوڵی ژەهراویکردنی پرۆسەکە دەدەن بە ئەجێندای ناپەیوەندیدار. هەرچییەک بکەن، ئەمجارەیان سەرکەوتوو نابن. ئەمجارە کەس ناتوانێت لە ڕێگای ئەم کەشوهەوای هیوادا بوەستێت. ئەردۆغان جەختى لەسەر ئەوەکردەوە تورکیا گەرەنتی ئاسایشی کورد لە سوریا دەکات. ئەوانەی ڕوو لە ئەنقەرە و دیمەشق دەکەن سەردەکەون. ئەوانەی قیبلەیان لەدەست دەدەن، دەدۆڕێن. وتیشى: وەک تورک و عەرەب و کورد تا کۆتایی زەمان لەم خاکەدا شان بە شانی یەکتر دەژین. چاوەڕوانی پشتیوانی هەر هاوڵاتییەکم کە دژی تیرۆر و خوێن و فرمێسک و دووبەرەکی وەستاوە.
سەرۆک کۆمارى تورکیا دەڵێت تورکیا گەرەنتی ئاسایشی کوردە لە سوریا، ئەوانەی ڕوو لە ئەنقەرە و دیمەشق دەکەن سەردەکەون، ئەوانەی قیبلەیان لەدەست دەدەن، دەدۆڕێن. ئەمڕۆ سێ شەممە لەبۆنەیەکدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆمارى تورکیا وتارێکى پێشکەشکرد و سەبارەت بەپرۆسەى چارەسەرى ڕایدەگەیەنێت: ئێمە لە ماوەیەکی کورتدا پێشکەوتنی بەرچاومان بەدەستهێناوە لە پڕۆسەی تورکیای بێ تیرۆر کە بۆ ڕووخاندنی دیوارەکانی ناتەبایی دەستمان پێکردوە. هەروەها ئەوەشدەخاتەڕوو هەموو دامەزراوەکان بە وردبینی و زڕنیگیەوە کارەکانیان ئەنجام دەدەن. وتیشی: میللەتەکەمان سەرنجی ئەو کەسانە دەدات کە هەوڵی ژەهراویکردنی پرۆسەکە دەدەن بە ئەجێندای ناپەیوەندیدار. هەرچییەک بکەن، ئەمجارەیان سەرکەوتوو نابن. ئەمجارە کەس ناتوانێت لە ڕێگای ئەم کەشوهەوای هیوادا بوەستێت. ئەردۆغان جەختى لەسەر ئەوەکردەوە تورکیا گەرەنتی ئاسایشی کورد لە سوریا دەکات. ئەوانەی ڕوو لە ئەنقەرە و دیمەشق دەکەن سەردەکەون. ئەوانەی قیبلەیان لەدەست دەدەن، دەدۆڕێن. وتیشى: وەک تورک و عەرەب و کورد تا کۆتایی زەمان لەم خاکەدا شان بە شانی یەکتر دەژین. چاوەڕوانی پشتیوانی هەر هاوڵاتییەکم کە دژی تیرۆر و خوێن و فرمێسک و دووبەرەکی وەستاوە.
بەکاریگەریی ڕووداوەکانی ئەم دواییە، یەکێتی پەیوەندییە فەرمییەکانی لەگەڵ پارتی هەڵپەساردەوە. بەوتەی سەرچاوەیەک لە یەکێتی نیشتمانی کە بۆ پەنجەرە قسەی کردوە، بافڵ تاڵەبانی- سەرۆکی یەکێتی، زۆر لە پارتی نیگەرانە و پێیوایە ڕۆڵی هەبووە لەو ڕووداوانەی ئەم دواییە لە سلێمانی ڕوویانداوە کە دیارترینیان هەوڵدان بووە بۆ تیرۆرکردنی خودی تاڵەبانی. وتیشی: یەکێتی و بافڵ تاڵەبانی لەوە تووڕەن کە پلانداڕێژەری کارەکە ئەژی ئەمین، سەرۆکی پێشووی دەزگای زانیاریی یەکێتییە کە ئێستا لە هەولێرە. باسی لەوەشکرد: تووڕەیی یەکێتی بەو ئاراستەیەیە کە پارتی ڕێگەی بە ئەژی ئەمین داوە ئازادانە کاربکات و دەست بۆ دۆسییەی گەورە ببات لە سنووری سلێمانی لە نمونەی تیرۆرکردنی بافڵ تاڵەبانی و هەوڵ بۆ ئەنجامدانی "کودەتا" بدات، داواش دەکات دۆسییەی ناوبراو یەکلایی بکرێتەوە و ڕۆڵەکەی کۆتایی پێبهێنرێت. بەوتەی سەرچاوەکەی یەکێتی، ئەو حزبە هەموو پەیوەندییە فەرمییەکانی لەگەڵ پارتی هەڵپەساردووە و ئێستا پەیوەندییەکانی هەردوولا لەو پەڕی خراپیی دایە. شەوی پێنجشەمە و بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی (21 و 22ـی ئاب) هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر لالەزار کە بارەگای سەرەکی بەرەی گەل و ماڵی لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەکەی لێبوو، یەکێتی ئەگەرچی بە فەرمیی ڕاینەگەیاندووە، بەڵام بە نافەرمی باس لەوەدەکات هۆکاری پەلامارەکە بۆ بوونی "پیلانێک" دەگەڕێتەوە بەمەبەستی کوشتنی بافڵ تاڵەبانی.
شاندی ئیمرالیی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان-دەم پارتی، لە ڕۆژی پێنجشەممەی ئەم هەفتەیەدا گەشت بۆ ئیمرالی دەکات بە مەبەستی دیداری ڕێبەر ئاپۆ، ئەمەش یەکەم سەردانی شاندی دەم پارتى دەبێت لە دوای دامەزراندنی کۆمیسیۆنی هاودەنگی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراسی. وابریارە، پێنج شەمەى ئەم هەفتەیە شاندی ئیمرالیی دەم پارتی، کە لە هەریەکە لە پەروین بوڵدان جێگری سەرۆک پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری وانی دەم پارتی، مەدحەت سانجار پەرلەمانتاری ڕحای دەم پارتی و فایەق ئۆزگور ئەرۆل، پارێزەر لە نووسینگەی یاسایی سەدە پێکهاتووە بە مەبەستی ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان سەردانی زیندانی ئیمرالی بکەن. هێشتا ڕۆژی دیدارەکە دیاری نەکراوە، بەڵام دیدارەکە کە لە چوارچێوەی کارەکانی “کۆمسیۆنی دیموکراسی، خوشک-برایەتی و یەکگرتنی نەتەوەیی”ـدا لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا ئەنجام دەدرێت. چاوەڕوان دەکرێت ڕێبەر ئاپۆ لە دیدارەکەدا، پەیوەست بە کارەکانی کۆمسیۆنەکە و پرۆسەی چەک لەناوبردن پەیامی گرنگە بدات. ئەنجامدانی ئەمدیدارەش لە کاتێکدایە، نزیکەی یەک مانگ بەسەر کۆتا دیداری ئیمرالی و دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا تێپەڕدەبێت. سەردانەكەی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی دوای دێت، تونجەر باكرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە چەند رۆژی رابردودا وتارێكی توندی داو وتی: لە ٢٥ی تەمموزەوە کۆبونەوەکانی نێوان عەبدوڵا ئۆجەلان و شاندی ئیمرالی لە زیندانی ئیمرالی لە پاشەكشێدان و رایگەیاند: ئایا دەرگاکانی زیندانی ئیمرالی تەنها كەرەستەیەكە لە دەستتدا؟ مانگێک بیکەیتەو و دواتر بۆ مانگی داهاتوو دایبخەیت، ئایا بەم شێوەیە پشتگیری ئەم پرۆسەیە دەکەیت؟ ئایا بەم شێوەیە بە ئاشتی دەگەین؟ ئەم داخستنە بۆ ماوەی مانگێک خزمەت بە پرۆسەی ئاشتی ناکات.
یۆنامی نیگەرانیی قووڵی خۆی لەبارەی ئەو گرتە ڤیدیۆیانە دەربڕی کە تێیدا "مامەڵەی خراپ" لەگەڵ دەستگیرکراوانی ڕووداوەکەی هۆتێل لالەزار لە سلێمانی کراوە. هاوکات داوای ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و پەیڕەوکردنی ڕێکارە یاساییەکان دەکات. نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامی) ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی هۆتێل 'لالەزار' و بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆی ئەشکەنجەدانی ژمارەیەک دەستگیرکراوانی ڕووداوەکەی بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا، یۆنامی ئاماژەی بەوەداوە "ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی لە میدیاکان بڵاوبوونەتەوە و نیشاندەری ڕووداوەکانی لالەزارن، دەریدەخەن کە مامەڵەی خراپ لەگەڵ دەستگیرکراوان کراوە و ئەمەش مایەی نیگەرانییە." یۆنامی هەروەها جەختی کردووەتەوە لەسەر پێویستیی زامنکردنی پەیڕەوکردنی ڕێکارە یاساییەکان بۆ هەموو دەستگیرکراوانی ڕووداوەکە. ئەم کاردانەوەیەی نەتەوە یەکگرتووەکان دوای ئەوە دێت کە شەوی 21 لەسەر 22ی ئاب، هێزێکی ئەمنیی سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڵیانکوتایە سەر هۆتێل لالەزار لە سلێمانی. دوای چەند کاتژمێرێک لە پێکدادان، لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی 'بەرەی گەل'، لەگەڵ خوشک و برایەک و ژمارەیەک لە پاسەوانەکانی دەستگیرکران. دوابەدوای ڕووداوەکە، چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرانەوە کە تێیاندا دەردەکەوێت بەشێک لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکە سووکایەتی بە دەستگیرکراوەکان دەکەن، ئەمەش کاردانەوەی فراوانی لێکەوتەوە و بووە هۆی دەرکردنی ئەم ڕاگەیەندراوە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە. ڕووداوەکەی لالەزار بووە هۆی کوژرانی چەندان کەس لە هێزەکانی یەکێتی و پاسەوانەکانی لاهور شێخ جەنگی و دەیان کەسیش بریندار بوون. هاوکات تا ئێستاش چارەنووسی چەندان کەس نادیارە.
بەپێى ناوەڕۆکى ڕاپۆرتێکى تەیف سامی کە پێکهاتووە لە 75 لاپەڕە لەبارەی کۆبوونەوە و ناکۆکییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لەلایەن وەزیرى داراییەوە دەخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران و تیایدا داوا لە سودانى دەکرێت خۆى دوابڕیار لەبارەى پرسى موچەو کێشەکانەوە بدات. ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، کۆببێتەوە و تێیدا راپۆرتێک لەبارەی پابەندییە داراییەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵی بخرێتەڕوو بڕیارى کۆتایش لەبارەى ناردنى مووچەوە بدرێت. سەرچاوەیەکی باڵای نێو حکومەتی عیراق ئەوەدەخاتەڕوو پرسی نەوت و خەرجکردنی موچەی هەرێمی کوردستان، وەک بابەتێکی سەرەکی لە کارنامەی دانیشتنەکەی سبەینێی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقدا جێگیر کراوە. لەو راپۆرتەدا گە تەیف سامى وەزیری دارایی نووسیویەتی: "شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی، تەکەزیان کردەوە لەسەر پابەندبوون بە رێککەوتنەکانی پێشوو، بەڵام ناکۆکییەکی بنەڕەتی لەبارەی لێکدانەوەی یاسایی دەستەواژەی "گەنجینەی گشتی" سەریهەڵداوە." تەیف سامی دەڵێت، ئەمەش وایکرد هەردوولا رێکبکەون لەسەر بەرزکردنەوەی دۆسیەکە بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەمەبەستی دەرکردنی بڕیاری کۆتایی. راپۆرتەکە باسی کۆبونەوەکان دەکات کە لەنێوان هەردولادا ئەنجامدراون، هەروەها واژۆی ئامادەبووانی کۆبونەوەکانی لەسەرە، لە راپۆرتەکەدا هاتووە لە میانی دوایین کۆبوونەوەدا، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سێ دۆسیەی یاسایی پێشکەش کرد کە بڕیار و رێنمایی و یاسا کارپێکراوەکانی هەرێمی کوردستانی لەخۆ گرتبوو. شاندەکە جەختی کردەوە لەسەر پابەندبوونیان بە رێککەوتنی پێشوو، بەڵام ئاماژەیان بە لێکدانەوەی تایبەتی خۆیان کرد بۆ چەمکی "گەنجینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان" و جیاوازییەکەی لەگەڵ "گەنجینەی گشتیی فیدراڵی". لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دارایی فیدراڵی میکانیزمی تایبەتی خۆی بۆ پۆلێنکردن و دابەشکردنی داهاتەکان خستووەتەڕوو، کە لەسەر بنەمای تەرازووی پێداچوونەوەی دارایی شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2025 ئامادە کرابوو. خاڵی سەرەکیی ناکۆکییەکە لە چۆنیەتی لێکدانەوە و مامەڵەکردنی یاسایی بوو لەگەڵ ئەو داهاتانەی کە لە باج و رسومات و گومرگەوە لە هەرێمی کوردستان کۆدەکرێنەوە. بەگوێرەی راپۆرتەکە، بەهۆی ئەم جیاوازییە لە لێکدانەوەکاندا و بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی بەربەست، هەردوولا گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە گونجاوترین هەنگاو بریتییە لە خستنەڕووی تەواوی بابەتەکە بە وردەکارییەکانیەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی. بڕیارە، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارێکی یەکلاکەرەوە و گونجاو لەبارەی چارەسەرکردنی دۆخی داهاتە نانەوتییەکانەوە بدات.
هاوسەری لاهور شێخ جەنگی ڕایدەگەیەنێت مەزڵوم عەبدى فەرماندەى هێزەکانى سوریاى دیموکرات لە کاتێکی سەخت و دژواردا وەک دۆستێکی دێرین لە هەواڵی پرسین. دەشلێت خەمخۆری و پشتیوانیی بۆ من و هاوسەرەکەم و خێزانەکەمان و هەموو ئەوانەی لەگەڵمان وەستاون، زۆر بەرز دەنرخێنم. گەشە حەمەچاوشین هاوسەری لاهور شێخ جەنگی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردووەتەوە. دەقى نوسینەکە.. دەمەوێت سوپاسی بێپایانی ژەنەڕاڵ مەزڵوم کۆبانی بکەم کە لە کاتێکی وەها سەخت و دژواردا وەک دۆستێکی دێرین لە هەواڵی پرسین. خەمخۆری و پشتیوانیی بۆ من و هاوسەرەکەم و خێزانەکەمان و هەموو ئەوانەی لەگەڵمان وەستاون، زۆر بەرز دەنرخێنم؛ لە ڕادەبەدەر سوپاسگوزارین بۆ ئەو میهرەبانییەی نواندی و بۆ هەڵوێستێکی وا ڕوون و بۆ پرەنسیپی باڵایان؛ بیرخستنەوەیەکی بەهێزە کەتەنانەت لە سەختترین ساتەکانیشدا، هاودەنگی و هاوسۆزی دۆستان دەتوانێت یارمەتیمان بدەن بەسەر هەموو ئاستەنگێکدا زاڵبین.
ئەمڕۆ 37ساڵ بەسەر ئەنفالی بادینان تێپەڕ دەبێت و لە سەرسەنگ ڕێوڕەسمی تایبەت بەم بۆنەیە بەرێوەچوو؛ هاوكات مەسعود بارزانی دهڵێت، هیچ ڕووداوێک بە ئەندازەی ئەم تاوانه گهورهیه نەیگریاندووه. ئەمڕۆ دووشەممە، 25ـی ئابی 2025، لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ساڵیادی ئەنفالی بادینان، سیداد بارزانی، نوێنەری مەسعود بارزانی، وتارەکەى خوێندەوە. بارزانی له گوتارهكهیدا ڕایگەیاندووه: 25ـی ئاب ڕۆژێکی تاڵە لە مێژوویی گەلی کوردستاندا، 37ساڵ پێش ئێستا و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، لەلایەن ڕژێمی بەعسی لەناوچوو لە بەردەوامی زنجیرە تاوانەکانی بەرانبەر خەڵکی کوردستان و لە قۆناغی هەشتەم و ناسراو بە ئەنفالی بادینان ئەنجام دا، ئەم قۆناغە جیاواز بوو لە هەموو قۆناغەکانی دیکەی ئەنفال، هێزەکانی ڕژێمی بەعس دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە جەنگیی نێوان عێراق و ئێران دەستیکرد بە ئەنفالی بادینان. مەسعود بارزانی له گوتارهكهیدا گوتوویهتی: ڕژێمی بهعس هەموو هێزی سەربازی و توانا هەواڵگرییەکانی و هێزە ئاسمانییەکانی بەکارهێنا بۆ ئەم تاوانە دڕندانهیه، هەروەها ڕۆژێک پێش ئەنفالی بادینان ڕژێمی بەعس دەڤەری بادینانی کیمیاباران کرد، وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنی ئەنفال و خاپوورکردنی سەدان گوند و مینڕێژکردنی گوند و زۆربەی دەڤەرەکە، ئامانجی ڕژێم لەناوبردنی ئیرادەی خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی قارەمان و شۆڕشگێڕانی بادینان بوو. ئاماژەی بەوەش کردووه، یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانی ڕژێم نەهێشتنی ئاسەواری ژیان بوو لەو دەڤەرە، لە ئەنجامدا هەزاران هاووڵاتیی بێسەروشوێن و ئەنفال و کیمیاباران کران، ئەمە جگە لەوەی دەیان هەزار کەس ئاوارە بوون و ماڵ و شوێنیان بەجێهێشت. بارزانی باسی لەوەش کرد، لەو کاتەی کیمیاباران و لەناوبردن و ئەنفالی گەلی کورد دەکرا، ناخۆشترین و تاڵترین ڕۆژی ژیانم بوو، وەبیرمە برووسکەیەکم بۆ لقی یەکی پارتیمان نارد و لە وەڵامدا ڕایانگەیاند: جەماوەری گەمارۆدراو ئاماژە بەوە دەکەن ئامادەین لێرە بمرین، بەڵام خۆمان ڕادەست ناکەین، ئەم هەڵوێستە بۆ هەموو کوردێک و ئازادیخوازێک جێگای شانازی بوو، هیچ ڕووداوێک بە ئەندازەی ئەم تاوانکارییە نەیگریاندم. لە کۆتاییدا گوتی: دوای 37ساڵ ئەنجامدەرانی ئەم تاوانانە دەبینین چیان بەسەر هاتووە و گەیشتن بە سزای خۆیان، پێویستە حکوومەتی عێراق قەرەبووی کەسوکاری ئەنفالکراوانی بادینان و تەواوی ناوچەکانی دیکە بکاتەوە، باشترین وەفا و ڕێز بۆ قوربانییانی ئەنفال یەکڕیزی و یەکگرتنە. جهختیشی كردهوه، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵن بۆ هێنانەوەی ڕوفاتی ئەنفالکراوان بۆ زێدی خۆیان
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیارە سبەی سێشەممە، کۆببێتەوە و تێیدا راپۆرتێک لەبارەی پابەندییە داراییەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵی بخرێتەڕوو بڕیارى کۆتایش لەبارەى ناردنى مووچەوە بدرێت. سەرچاوەیەکی باڵای نێو حکومەتی عیراق ئەوەدەخاتەڕوو پرسی نەوت و خەرجکردنی موچەی هەرێمی کوردستان، وەک بابەتێکی سەرەکی لە کارنامەی دانیشتنەکەی سبەینێی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقدا جێگیر کراوە. بەپێی زانیارییەکان بڕیارە لە دانیشتنەکەی سبەینێدا گفتوگۆ لەبارەی ئەم دوو پرسە بکرێت و هەوڵبدرێت بڕیاری پێویست لەسەریان بدرێت لەلایەکى دیکەوە سەرچاوەیەکی باڵا ئەمڕۆ دووشەممە ڕاگەیاند، دوو بڕگەی نوێ وەک پاشکۆ خراونەتە نێو کارنامەی کۆبوونەوەی سبەی ئەنجوومەنی وەزیران کە کاژێر 01:00ـی دوای نیوەڕۆ بەڕێوەدەچێت. بە گوتەی سەرچاوەکە، هەردوو بڕگەکە لەسەر داوای وەزارەتی دارایی عێراقە، یەکێکیان تایبەتە بە خستنەڕووی پابەندییە داراییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی. بۆ ئەو مەبەستەش، راپۆرتێکی هاوبەش لەلایەن محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانان؛ تەیف سامی، وەزیری دارایی و بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکان پێشکێش دەکرێت. سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەکرد، لەسەر بنەمای ئەو راپۆرتە چاوەڕوان دەکرێت سبەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بدات. تاوەکو ئێستا فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی 6ـی ئەم ساڵیان وەرنەگرتووە، لەکاتێکدا لە عێراق دابەشکردنی مووچەی مانگ 8 دەستیپێکردووە.
سەنتەری میترۆ داوا لە هەموو قەوارە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات بە تایبەتیش پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و هەموو ئەوانەی پەرۆشن بۆ داهاتووی هەرێمی كوردستان، میدیا نەكەنە سەكۆیەك بۆ گوتاری ڕق و كینە. دەشڵێن: بەشێك لە میدیاكان بوون بە سووتەمەنی بۆ ناكۆكی و دروستكردنی ژینگەی گرژی و بێمتمانەیی لە نێو هاوڵاتیان، ئێمە نیشانەكانی ئەم مەترسییە دەبینین هەروەها تكاى ئەوەش دەکەن کە خەڵكی كوردستان شایەنی ئەم ریسكە سیاسییە نییە، تكایە چاودێری میدیاكانتان بكەن، بزانن چۆن بەشێکیان كراون بە سەنگەری شەڕی ناوخۆ. بانگەواز بۆ هەموو ئەوانەی پەرۆشن بۆ داهاتووی هەرێمی كوردستان سەنتەری میترۆ داوا لە هەموو قەوارە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات بە تایبەتیش پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و هەموو ئەوانەی پەرۆشن بۆ داهاتووی هەرێمی كوردستان، میدیا نەكەنە سەكۆیەك بۆ گوتاری ڕق و كینە، ناوزڕاندن، هاندانی توندوتیژی و دوبەرەكی، كە دەبنە هەڕەشە بۆ ئاشتی كۆمەڵایەتی و قەوارەی سیاسی هەرێم. داوا لە پارتە سیاسییەكان دەكەین، دەزگاكانی ڕاگەیاندنیان، پابەندبكەن بە بەرزترین ستانداردەكانی پیشەیی بوونی ڕۆژنامەگەری. ڕاستی و وردبینی و هاوسەنگی و بابەتیانە هەواڵ داڕێژن و بڵاویبكەنەوە، رێگربن لەوەی میدیای رەسمی و سێبەرەكان، نەكرێتە سەكۆیەك بۆ سووكایەتیكردن و تۆمەت بەخشینەوەو درۆ و قسەی رقاوی وێرانكەر كە تەنها بە زیانی ئاشتی كۆمەڵایەتی كۆتایی دێت. هۆشداریی ئێمە لە مەترسییەكانی هەڵكشانی میدیای نابەرپرسانەیە كە برەو بە روحی ناوچەگەری و درێژەدان بە هەڵمەتی میدیایی قۆناغی سەردەمی شەڕی براكوژییە. بەشێك لە میدیاكان بوون بە سووتەمەنی بۆ ناكۆكی و دروستكردنی ژینگەی گرژی و بێمتمانەیی لە نێو هاوڵاتیان، ئێمە نیشانەكانی ئەم مەترسییە دەبینین كە هەڕەشە لە ئاسایشی كۆمەڵگاكەمان دەكات و خەڵك لە پرسە ڕاستەقینە و گرنگەكانیان سەرقاڵ دەكات. وەبیرهێنانەوەی ئێمە لە بەرپرسیارێتی هەموو سەركردە سیاسی و حزبەكانە، بەرپرسیارێتی مێژوویی و ئەخلاقی خۆیان بیردەخەینەوە بۆ كۆنترۆڵكردنی ئەو گوتارەی كە لەلایەنگران و دەزگاكانی ڕاگەیاندنیانەوە سەرچاوەی گرتووە. لەبری شەڕی میدیایی، پەنا بۆ بنەمای عەقڵ و لۆژیك بەرن، هاوڵاتیان دەپرسن چارنوسی كوردستان بەرەو كوێ دەبەن ؟ كوا بەرژەوەندی باڵای خەڵكی كوردستان كە دەڵێن لەسەروو هەموو بەرژەوەندییەكەوەیە؟ كە مافی مووچە وەرگرتینان لێبَڕاوە، سەقامگیرییان پێببەخشن، بهێڵن دەرونیان ئارام بێت. ئایندەی هەرێمی كوردستان، بەرپرسیارێتییەكی دەستەجەمعییە. با گوێ لە دەنگی عەقڵ و لۆژیكی بگرین، بۆ ئەوەی لێبوردەیی نەبێت بەڕابردوو و توندوتیژیش شۆڕنەبێتەوە بۆ كۆڵان بە كۆڵانی ئەم هەرێمە زامدارە. تكایە خەڵكی كوردستان شایەنی ئەم ریسكە سیاسییە نییە، تكایە چاودێری میدیاكانتان بكەن، بزانن چۆن بەشێکیان كراون بە سەنگەری شەڕی ناوخۆ.
سەرۆكایەتی داواكاری گشتی هەرێمی كوردستان، جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە کە بۆ جێبەجێ کردنی فەرمان وبڕیارەکانی دادگا، یاسا ڕێ وشوێنی ئەوتۆی دیاری کردووە کە نەبێتە هۆکاری پشێوی ونا ئارامی و زیان گەیاندن بە سامانی گشتی و تایبەتی هاوڵاتیان لە چوارچێوەی بنەما دەستوری ویاساییەکان. لەبەیاننامەیەکیاندا کەئەمڕۆ دووشەمە بڵاویانکردەوە، سەرۆكایەتی داواكاری گشتی دەڵێن: فەرمانگەی داواکاری گشتی سلێمانی ڕادەسپێرین بۆ بەدواداچوون بۆ ئەم ڕووداوەی شەوی ٢١ لەسەر ٢٠٢٥/٨/٢٢ و پاراستنی مافی هەمووان لە چوارچێوەی یاسا و دەستور. بەیاننامەی سەرۆكایەتی داواكاری گشتی هەرێمی كوردستان وەک ئاشکرایە لای هەموو لایەک کە یەک لە ئامانجە سەرەکیەکانی یاساکان بریتیە لە پاراستنی ماف وئازادیەکان وئاسایشی هاوڵاتیان وپێویستە هەموو کەسێک پابەندی یاسا بێت و کەس لە سەرووی یاسا نەبێت. بۆیە وپاڵپشت بەو ئەرکە یاساییەی کە دەزگای داواکاری گشتی هەیەتی لە پاراستنی سیستەمی هەرێم وچاودێری ڕەوایی (مراقبة المشروعیة) وپاراستنی ســەروەری یاسا وباش پیادەکردنی حوکمەکانی وچاودێری جێبەجێ کردنی بڕیارەکان بە پێی ماددە (١/یەکەم، چوارەم) لە یاسای داواکاری گشتی هەموارکراو، بۆیە جەخت دەکەینەوە کە لە کاتی جێبەجێکردنی هەر فەرمان وبڕیارێکی دادگا دەسەڵاتی جێبەجێ کردن پێویستە بەو پەڕی پەرۆشیەوە ڕەچاوی بنەما یاسایی ودەستوریەکان بکات لە پاراستنی گیان وکەڕامەتی هاوڵاتیان وپاراستنی سامانی گشتی وتایبەتی ومافەکانی خودی تۆمەتباریش کە لە یاسا ودەستوردا هاتووە. بۆ جێبەجێ کردنی فەرمان وبڕیارەکانی دادگا، یاسا ڕێ وشوێنی ئەوتۆی دیاری کردووە کە نەبێتەهۆکاری پشێوی ونا ئارامی وزیان گەیاندن بە سامانی گشتی وتایبەتی هاوڵاتیان لە چوارچێوەی بنەما دەستوری ویاساییەکان وە هەر لەم چوارچێوەیە زۆر گرنگە مافی ژیان وکەڕامەت وئازادی هاووڵاتیان پارێزراو بێت. لێرەدا جەخت لەسەر هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندن وخاوەنی پەیج وهەژمارەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەکەین کە بە شێوەیەکی بەرپرسانە ودوور لە ئاڵۆز کردنی زیاتر، مامەڵە لەگەڵ ئەم ڕووداوە ولێکەوتەکانی بکەن. فەرمانگەی داواکاری گشتی سلێمانی ڕادەسپێرین بۆ بەدواداچوون بۆ ئەم ڕووداوەی شەوی ٢١لەسەر ٢٠٢٥/٨/٢٢ وپاراستنی مافی هەمووان لە چوارچێوەی یاسا ودەستور. سەرۆکایەتی داواکاری گشتی ٢٠٢٥/٨/
