کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، دەڵێت: لیژنە تەکنیکییەکانیان لەماوەی دوو رۆژی داهاتوودا وردبینیکردنی ناوی کاندیدەکان تەواو دەکەن، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ ناردنیان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ لێكۆڵینەوەی ئەمنی و یاسایی، لە هەنگاوێكدا پێش پەسەندکردنی کۆتایی لیستی کاندیدەکان. عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆنی رایگەیاند: ژمارەی کاندیدەکان (٧٩٠٠) کەسی تێپەڕاندووە، کە ٤٦ کەسیان بەهۆی تەواونەكردنی ئەو مەرجە یاساییانەی کە لە ڕێسای کاندیدکردن ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠٢٥دا هاتووە، بێبەشکراون، جگە لەوەش ١١ کاندید کە بڕوانامەی خوێندنی ئامادەییان هەبووە بە دەرچووانی زانکۆ گۆڕدراون، هەروەها سێ پیاو بە ژنان گۆڕدراون بۆ زامنكردنی بەدیهێنانی نوێنەرایەتیکردنی رێژەی ژنان کە 25%یە. ئاماژەی بەوەشکرد: كۆمسیۆن پەیوەندی بە وەزارەتەکانی پەروەردەو خوێندنی باڵاوە دەکات بۆ دروستی بڕوانامەكان، هەروەها دەسەڵاتی ئەمنی و دادوەری، کۆمیسیۆنی دەستپاکی و لێپرسینەوە و کۆمیسیۆنی لێپرسینەوەو دادپەروەری بۆ دڵنیابون لە تەواوکردنی رێکارەکانی وردبینی پێش پەسەندکردنی کۆتایی. لە بواری تەكنیكیشدا بڕیارە لە (٥)ی ئاب تیروپشکی ریزبەندی کاندیدەکان ئەنجام بدرێت، لە هەمان کاتدا کۆمیسیۆن بەردەوامە لە راهێنانی ستافەکەی لەسەر بەکارهێنانی ئامێری ژماردن و هەڵاوێردنی ئەلیکترۆنی و پشتڕاستکردنەوەی بایۆمەتری، بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەیەکی میدیایی هاوبەش کە پێکهاتووە لە وەزارەتەکان و دامەزراوە حکومییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.

نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند: لیژنە تازە پێکهێنراوەكەی پەرلەمان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کورد دوای چەکداماڵینی پەکەکە، لە سەرەتای مانگی ئابەوە دەست بە کارەکانی دەکات.  کورتوڵموش، لەمیانی بەشداریكردنی لە بۆنەیەكدا رونیکردەوە: ئەم لیژنەیە لەماوەیەکی کەمدا پرسی دیموکراسی تورکیا تاوتوێ دەکەن و، بە پەرۆشەوە کارەکانی بەڕێوەدەبات و دەگاتە پوختەیەكی روون، بە پاڵپشتی گەل ئەم پڕۆسەیە لە ماوەیەکی کورتدا تەواو دەبێت. جەختی لەوە شکردەوە: ئەم پرۆسەیە پێویستی بە نزیكبونەوەی بونیادنەر هەیە نەک گفتوگۆی درێژخایەن، لیژنەكە زەمینەیەكی گرنگ دەڕەخسێنێت بۆ قوڵکردنەوەی پرۆسەی دیموکراسی لە تورکیاو، بڕیارەکان لە بەرژەوەندی دەوڵەت و گەل دەدرێن، لە ژینگەیەکدا کە گفتوگۆ لەبارەی بیرۆکە جیاوازەکان و ئاڵوگۆڕی دیدگاکان دەكرێت. وتیشی: تورکیا بە ئیرادەی سیاسی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتیەوە، ئەم دەرفەتە مێژووییە دەقۆزێتەوە. سەرۆكی پەرلەمانی توركیا راشیگەیاند: لە ماوەی سەد ساڵی کۆماری توركیادا، نیوەی ئەو ماوەیەی لە شەڕدا بەسەر بردووە، ئەو دەیان ساڵە بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی دەیان هەزاران کەس و زیانی ئابوریشی بە دوو ترلیۆن دۆلار مەزەندە دەكرێت. لە پەرلەمانی تورکیا کۆمیسیۆنێک بۆ پرۆسەی چارەسەری پێکهێنراوە و لە 51 ئەندام پێکدێت، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) زۆرترین ئەندامی هەیە.    رۆژی هەینی، 25ـی تەممووز، ژمارەی ئەندامانی پارتە سیاسییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان لە کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا بڵاوکرایەوە و بەمشێوازە دابەشبوون:    - ئاکپارتی: 21 ئەندام  - جەهەپە : 10 ئەندام - دەم پارتی:4 ئەندام - مەهەپە:  4 ئەندام - ئیی پارتی: 3 ئەندام - یەنی یۆڵ: سێ ئەندام - 6 ئەندامی دیکە لە دەرەوەی پەرلەمان دەبن هاوکات، ئیی پارتی و DP بە فەرمی رایانگەیاندووە نابنە بەشێک لە کۆمیسیۆنەکە. نوعمان كورتولموش سەرۆكی پەرلەمانی توركیا، نامەیەکى ئاراستەی گروپ و حزبە سیاسییەکان کردووە. داوایکردوە تا کاتژمێر ٥:٠٠ی ئێوارەی ٣١ی تەمموز ناوى ئەندامانى خۆیان بۆ کۆمسیۆنەکە پێشکەش بکەن. بەپێى میدیاکانى تورکیا، تا جەهەپە بەشدارى کۆمسیۆنەکەدەکات یان نا، ئۆزگور ئۆزێل سەرۆکی جەهەپە جەخت لەوە دەکاتەوە کە بە مەرج و بێ مەرج ئەندامان نانێرن. وتیشی: لە ڕۆژانی داهاتوودا هەموو ئەمانە دەبینین. "ئێمە هەڵوێستی خۆمان خستۆتە ڕوو، و گوێبیستی ئەوە دەبین کە سەرۆک دوای کارەکەی چی ئەنجام دەدات، دواتر بڕیاری خۆمان دەدەین". دوابەدوای ئەو هەنگاوە پێشبینیکراوەی سەرۆکی پەرلەمان، ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر ئەوەن کە کام لایەن ناوی خۆیان پێشکەش دەکەن. بڕیارە لە ماوەی نزیکەی هەفتەیەکدا لیژنەکە دامەزرێت و بە درێژایی مانگ کاربکات. دروستكردنی ئەم كۆمسیۆنە مەرجی سەرەكی (دەم پارتی)یە وەكو نوێنەری كورد لە توركیا؛ تایبەت بە چارەسەری دۆزی كوردو لابردنی بەربەستە یاساییەكان. 

قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای ئەمنی گەیشتە هەولێرو بڕیارە چاوى بە بەرپرسانى هەرێم بکەوێت. سەر لەبەیانی ئەمڕۆ دووشەمممە، 28ـی تەممووزی 2025، شاندێکی باڵای عێراق بە سەرۆکایەتیی قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی گەیشتە هەولێر و لە لایەن ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێ کرا.  قەیس محەممەدوای، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەمنی عێراقی یاوەری قاسم ئەعرەجی دەکەن لە سەردانەکەیدا بۆ هەرێمی کوردستان.  رۆژنامەى سەباح دەڵێت قاسم ئەعرەجى و شاندەکەى یاوەرى لەسەر راسپاردەى سەرۆکوەزیرانى عێراق سەردانى هەولێریان کردووە و بڕیارە چەند کۆبوونەوەیەک ئەنجامبدەن بە گوێرەی زانیارییەکان، ئامانجی سەرەکیی هاتنی شاندەکەی حکوومەتی عێراق بۆ هەولێر، لێکۆڵینەوەیە لە هێرشە درۆنییەکانی ئەم دواییەی سەر فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان.  سەرچاوەى زانیاریەکان باسی لەوەدەکەن، چاوەڕێ دەکرێت ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لەگەڵ گەورە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە و باس لە هێرشی سەر فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتییەکان، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و چەند پرسێکی دیکەش بکەن.  ئەمە یەکەم سەردانی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراقە بۆ هەرێمی کوردستان لە دوای زنجیرەیەک هێرشی درۆنی لە سەرەتای ئەم مانگەوە، بۆ سەر فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان. پێشتریش محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لە هێرشەکان پێکهێنابوو، بەڵام تا ئێستا ئەنجامەکانی ڕانەگەیەنراون.  سەردانەکەی ئەعرەجی لە کاتێکدایە، دژە تیرۆری کوردستان ڕایگەیاند، کاتژمێر 05:50 خولەکی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 28ـی تەممووزی 2025،  درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە ناحیەی ڕزگاری سەر بە قەزای خەباتی پارێزگای هەولێر خرایە خوارەوە. لەسەرەتای تەممووزەوە تا ئێستا بەگشتی زیاتر لە 20 هێرشی درۆنیی و مووشەكیی كراونەتە سەر شارەكانی هەرێمی كوردستان، لەو ژمارەیەش 9 هێرشیان بۆ سەر كێڵگە نەوتییەكان بوون، كە بریتی بوون لە كێڵگە نەوتەكانی (خۆرمەڵە، كۆرمۆر، سەرسنک، ئەتروش، بای حەسەن، پێشخابور، تاوكێ، هەنت ئۆیڵ) و ئەوانەشی دەمێننەوە بۆ سەر هێزە ئەمنییەكان و فڕۆكەخانەكان بوون.

هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، جەختى کردەوە چەکدانان بۆ ئێمە لە رۆژەڤ دا نییە، دۆخی سوریا دۆخێکە کۆمەڵکوژی روودەدات. لەدیدارێکى ڕۆژنامەوانیدا ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، دەڵێت: کاتێک گفتوگۆکان دەستیان پێکرد، لەسەر چ شێوازێک رێکدەکەوین، ئەوە بە بنەما دەگیرێت. هەروا نییە کە بێن و بڵێن 'وەرن چەکەکانتان تەسلیم بکەن' یان 'ئەم شەڕڤانانەی لاتانن هەموویان بێنن تەسلیمیان بکەن و خواحافیز، تەواو بوو.' بابەتەکە ئاوا نییە." ئەو وتیشى: چەکدانان بۆ ئێمە لە رۆژەڤ دا نییە، بە هیچ شێوەیەک لە رۆژەڤ دا نییە. دۆخی سووریا دۆخێکە ئەوەندە دڕندایەتیی تێدا هەیە کە لەبەرچاوی هەمووان، لەبەرچاوی دنیادا، مرۆڤ دەکوژرێت، کۆمەڵکوژی روودەدات.  لەم دۆخەدا داواکردنی چەکدانان لە هێزی سووریای دیموکرات وەک ئەوەیە بەخۆت بڵێیت "بڕۆ بۆ مردن". ناوبراو باسى لەوەشکرد، تاوەکو ئێستا ئێمە بە هێزی هاوپەیمانان و هێزی سەرەکی و بنەڕەتیی خۆمان لێرە پارێزگارییمان لە خۆمان کردووە، بە پشتگیری و پاڵپشتیی هێزە کوردییەکان. بۆ ئەوەی خۆمان بپارێزین، کۆمەڵگەکەمان هەیە، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانمان هەن، پەیوەندییە کوردییەکانمان هەن.  سەبارەت بە رۆڵی نێچیرڤان بارزانی، ئیلهام ئەحمەد رایگەیاند: "رۆڵی ئەو بەڕاستی جێگەی سوپاسە. رۆڵەکەی ئەرێنییە بەتایبەت بەو کێشانەی کە ئێستا رۆژئاوای کوردستان پێیدا تێدەپەڕێت".   لەبارەی گفتوگۆکان لەگەڵ دیمەشق، ئیلهام ئەحمەد جەختی کردەوە کە ئامانجیان گەیشتنە بە "هاوبەشییەکی راستەقینە" نەک تەنها تەسلیمکردنی دامەزراوەکان و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە). ئەو گوتی: "بابەتەکە هەروا نییە کە بێن و بڵێن 'وەرن چەکەکانتان تەسلیم بکەن'." روونیکردەوە کە دەبێت حکومەتی نوێی سووریا دان بە ئیرادەی خەڵکی ناوچەکە و ئەو سیستمە ئیداری و ئەمنییەدا بنێت کە لە ماوەی 13 ساڵی رابردوودا دامەزراوە.   ئیلهام ئەحمەد دەشلێت "دانوستاندنێک هەیە لەگەڵ تورکیادا. لەم دانوستاندنەدا، ئێمە وایدەبینین کە شتێکی باشە، ئەرێنییە... دەمانەوێت بزانین چۆن ئەو بەربەستانەی کە هەن لایانبەرین." ئەمەش ئاماژەیە بۆ گۆڕانکاری لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولادا، کە پێشتر گرژی و ئاڵۆزیی زۆری بەخۆیەوە بینیبوو.

شاندێکی هەرێم بۆ مووچەی مانگی شەش لە بەغدادە و شاندێکی عێراقیش بۆ وردبینی داهاتی ناوخۆ لە هەولێرە. شاندێكی بەغدا لە هەولێرە و شاندەكە لە لیژنەیەک پێکدێت، کە هەڵسانگاندن بۆ کێڵگە نەوتییەکان دەكات، گەڕانی مەیدانیان دەبێت، دواتر قەبارەی هەناردەكردنەوە دیاری دەکەن. شاندێکی دیکەش جگە لە نەوت، بۆ بابەتی پشکی بەغدا لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و بابەتی تەوتین و نەمانی پشکی هەرێمی کوردستان لە هەولێرن، ئەوانیش راپۆرتێک ئامادە دەکەن، دەبێت لە ماوەی 10 رۆژدا کارەکانیان تەواو بکەن. سەرچاوەیەکی کوردی لە کۆمپانیای سۆمۆ لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان دەڵێت، هێشتا بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتیەکانی کوردستان ئاسایی نەبۆتەوە، رۆژانە 81 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمیان هەیە، دەبێت بەرهەمی رۆژانە بگاتە 100 هەزار بەرمیل ئەوکات دەتواندرێت لە رێگەی بۆری نەوت هەناردە بکرێت، چونکە لە 100 هەزار بەرمیل کەمتر بێت، ناتواندرێت کار بە تۆرباینەکان بکرێت. شایەتحاڵێک کە کارمەندی کۆمپانیای دی هێن ئۆی نەرویجیە لە کێڵگەیەکی نەوتی نزیک چەمانکێ وتى، ئێستا کارکردن و بەرهەمهێنان لەو کێڵگە نەوتیەی کاری لێدەکات ئاساییە، چونکە درۆنەکان تەنها عەمبارە بچووکەکانیان بەئامانج گرتبوو، عەمبارە گەورەکانی نەوت سەلامەتن. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایدەگەیەنێت وردبینی لیستی مووچەی مانگی شەش تەواو بووەو وردبینییەکە دوو کاتژمێری خایاندوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوە کردەییەکانی بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی شەش دەستپێکردووە، بڕیارە لەم هەفتەیە نەوت و داهاتی نانەوتی بۆ مانگی شەش و لیستی مووچەی مانگی حەوت ڕادەست بکرێت. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان وتى، "لیستی مووچەی مانگی حەوت تەواوبووە، یەک پێداچوونەوەی ماوە، سبەی یان دووسبەی ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت." بەگوێرەی بەدواداچوونێک، دوای ئەوەی کۆتایی ئەم هەفتەیە پرۆسەی پێدانی نەوت بە سۆمۆ دەستپێدەکات، هەفتەی داهاتوو حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا دەست بە گفتوگۆ دەکات لەبارەی ناردنی مووچەی مانگی شەش.

ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق ڕایگەیاند، پێویستە یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەری و ڕێگریکردن لەوانەی پەیوەندیان بە حزبی بەعسی عێراقەوە هەبووە جێبەجێ بکرێت. یەکشەممە، 27ـی تەممووزی 2025، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "ئەمڕۆ دادوەر فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لەگەڵ جێگرانی سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی فیدڕاڵی و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری بۆ تانەدان لە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، سەرۆکی دادگای تانەدان لە بڕیارەکانی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری و سەرۆکی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری و ژمارەیەک لە ئەندامانی دەستەکە کۆبووەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ڕێکارەکانی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری سەبارەت بە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق کراوە." ئاماژە بەوەش کراوە، ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە ڕێککەوتوون لەسەر جێبەجێکردنی یاساکانی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری، بۆ ئەوەی ڕێگری لە وانەی پەیوەندییان بە حزبی بەعسی پێشووەوە هەیە بکەن بچنە پەرلەمانی داهاتوو. لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەختیش کراوەتەوە، دەبێت ڕێکارەکانی دەستەکە شەفاف بن و ڕێگری لە بەکارهێنانی ئەم دۆسیەیە بۆ ئەو مەبەستانەی کە لە یاساکەدا دیارینەکراون بکرێت. پەرلەمانی عێراق لە 12ـی کانوونی دووەمی 2008 یاسای دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری پەسەند کرد، وەک بەدیلێک بۆ یاسای ڕیشەکێشکردنی بەعس کە لە ساڵی 2003 دەرچووبوو.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیێنێت، گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم پەیوەندییەکی باش لەگەڵ بەغدا "نەبوونی ئیرادەی سیاسییە" و حکومەتی فیدراڵیش "مووچە وەک کارتی فشار" بەکاردەهێنێت. جەختیشی لەسەر ئامادەیی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەپێناو داڕشتنی یاسایەکی نوێی نەوت و گاز و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان کردەوە. لە میانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی "شەرق"ـی سعوودی مەسرور بارزانی،  سەرۆک وەزیران تیشکی خستەسەر ئاڵۆزییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا. لەسەر پەیوەندیەکانى نێوان هەرێم و بەغدا دەڵێت گەورەترین ڕێگری لەبەردەم پەیوەندییەکی باش لەگەڵ بەغدا ئیرادەی سیاسییە."  ناوبراو حکومەتی فیدراڵی تۆمەتبار کرد بەوەی "هەموو کارتێکی فشار بەکاردەهێنێت بۆ پەراوێزخستن و لاوازکردنی هەرێمی کوردستان،" و بەکارهێنانی پرسی مووچەی بە "کارتی فشاری سیاسی" ناوبرد و وتی: "جێگەی داخە کە مووچە بووەتە کارتی فشاری سیاسی، دەرگای گفتوگۆ بۆ چارەسەر بە کراوەیی دەهێڵینەوە و ئامادەین بۆ گفتوگۆیەکی نوێ لەسەر دۆسیەی نەوت و گاز. سەرۆکوەزیران پێى وایە، هیچ ئیرادەیەکی سیاسی لە بەغداوە نییە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140 سەبارەت بە کەرکووک، دەشڵێت: ئێمە دەزانین کێ لەپشت ئەو هێرشانەوەیە کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کرانە سەر دامەزراوە نەوتییەکان، بەڵام چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەکەین لەم پرسەدا، هێرشەکان هاوکات بوون لەگەڵ واژۆکردنی گرێبەستی حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە کەرتی وزەدا. مەسرور بارزان وتیشى: ئەمریکا هاوپەیمانمانە و زانیاریی هەواڵگری لەگەڵیدا ئاڵوگۆڕ دەکەین سەبارەت بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە نەوتییەکانمان، چونکە هەندێک لەو کێڵگانەی هێرشیان کراوەتە سەر لەلایەن کۆمپانیاکانی ئەوانەوە بەڕێوەدەبرێن. جەختى کردەوە پێکهاتەی کورد دەیەوێت پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بەشی خۆی بمێنێتەوە. پێویستە بەغدا سەرکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان بە سەرکەوتنی هەموو عێراق بزانێت، وەک هەنگاوێک بەرەو بوونیادنانی متمانە. دەربارەی دۆخی ناوچەکە، سەرۆکوەزیران بارزانی دیدگای هەرێمی کوردستانی بۆ پرسە هەرێمییەکان خستەڕوو: پێشوازیی لە دەستپێشخەریی ئاشتی و گفتوگۆکانی نێوان تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکەین و داوا لە حکومەتی سووریا دەکەین دەرگا بۆ کوردەکان بکاتەوە و داواکارییەکانیان جێبەجێ بکات. سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران، بارزانی وتی: کوردستان ڕێز لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ دراوسێکان دەگرێت، بەتایبەتی لەگەڵ ئێران و دڵنیایی دا کە هەرێمی کوردستان "نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر هیچ کام لە وڵاتانی دراوسێ." هەروەها دووریی هەرێمی لە ململانێی نێوان ئیسرائیل و ئێران ڕاگەیاند و وتی: "ئێمە بەشێک نین لە کێشەکە و پشتگیریی هیچ جەنگێک ناکەین."

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێم، داوادەکات دەستبەجێ بڕیاری قەدەغەکردنی زمانی کوردى هەڵبوەشێنێتەوە و کار بکات بۆ ئەوەی زانکۆکان و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا ببنە ناوەندی پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لە کولتوور. وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق وانەگوتنەوە، دانان و وەڵامدانەوەی پرسیاری تاقیکردنەوەکان لە زانکۆ و پەیمانگەکان بە زمانی کوردی قەدەخە دەکات و هەڕەشەی لێپرسینەوەی یاسایی دەکات.  وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئیدانەی بڕیاری وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی عێراقی فیدراڵ دەکات بۆ ڕێگرتن لە (خوێندن و دانانی پرسیار) بە زمانی کوردی لە زانکۆکانی (موسڵ و کەرکوک و دیالە). ئەم بڕیارە لەگەڵ ئەوەی پێشێلکردنی ڕاستەوخۆی مادەی (4)ی دەستووری هەمیشەیی عێراقە، لە هەمان کاتدا پێچەوانەی بەها و بنەماکانی پێکەوەژیانە لە چوارچێوەی دەوڵەتی عیراقی فیدراڵ. بۆیە داواکارین لە وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق دەستبەجێ ئەو بڕیارە هەڵبوەشێنێتەوە و کار بکات بۆ ئەوەی زانکۆکان و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا ببنە ناوەندی پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لە کولتوور و زمان و فەرهەنگى هەموو گەلانی عێراق بەبێ جیاوازى. بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەتى عێراق لەسەر هێڵ دەبین بۆ چارەسەرکردنى ئەم پرسەو ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەى ئەم جۆرە هەڵوێستە دوژمنکارانە. لەلایەکى دیکەوە، ئەکادیمیای کوردیی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارەکە بە 'رەگەزپەرستانە' دەزانێت و دەڵێت، "بڕیاری ژمارە 6496ی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق کە لە 16ی تەممووزی 2025 دەرچووە و تێیدا زمانی کوردیی لە ناوەندەکانی خوێندنی باڵای ناوچە کوردییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستاندا قەدەخە کردووە، ریسوا دەکەین و بە بڕیارێکی رەگەزپەرستانەی دەزانین، داواکارین هەرچی زووترە ئەو بڕیارە نایاسایی و نادەستوورییە هەڵبوەشێندرێتەوە و وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، داوای لێبووردن لە گەلی کورد بکات."

ئەکادیمیای کوردی: بڕیاری قەدەغەکردنی زمانی کوردی ڕەگەزپەرستانەیە دوای ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، بڕیاریدا بە قەدەغەکردنی تاقیکردنەوەکان بە زمانی کوردی لە زانکۆکانی سەر بەدەسەڵاتی خۆی، حکومەتی هەرێم لە ڕێگەی ئەکادیمیای کوردیەوە بە توندی ئیدانەی دەکات و دەڵێت، ئەو کارە ڕسوادەکەین  و بڕیارەکە نایاسایی و نا دەستورییە. ئەمڕۆ شەممە، ئەکادیمیای کوردی لە ڕاگەیەندراوێکدا وەڵامی حکومەتی عێراقی داوەتەوە و ئاماژەی بەوەکردوە، بڕیاری ژمارە 6496ی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق کە لە 16ی 7ی 2025 دەرچوە ڕسوادەکەین و نادەستورییە. ئەکادیمیای کوردی دەزگایەکی زانستییە، لە ڕووی قانوونییەوە خاوەنی کەسایەتی خۆیەتی، بەڵام لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستانە. لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە  قەدەغەکردنی زمانی کوردیی لە ناوەندەکانی خوێندنی باڵای ناوچە کوردییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بڕیاڕیکی ڕەگەزپەرستانەیە و داواکارین چی زوترە ئەو بڕیارە نایاسایی و نادەستورییە هەڵبوەشێنرێتەوە . هەروەها داواش لە حکومەتی عێراق دەکات، لەسەر ئەو کارەی  داوای لێبوردن لە گەلی کورد بکات. لایخۆشیەوە د.نەهلە ئەفەندی ئەندامی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا لەپەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندوه‌، "ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق بڕیاری لێداوە، بەتەواوی پێچەوانەی دەستوری عێراقەو پێشێلكردنی زەقی یاساو دەستوریشە".  ئەمە لەکاتیكدایە وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق،  بە نوسراوێک زانکۆکانی کەرکوک،  دیالە و موسڵی ئاگادارکردوەتەوە، ئیدی خوێندکارانی کورد ناتوانن ببە زامنی کوردی تاقیکردنەوە ئەنجامبدەن، و ئەو بڕیارەی لە ساڵی 2010 دەرچوبو، ڕێگەی بە خوێندکارە کوردەکان دەدا بە کوردی وەڵام بدەنەوە هەڵوەشاندوەتەوە.

سەرۆكی حکومەتی هەرێمی كوردستان و کونسولی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێم ڕایدەگەیەنن هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و پاراستن و ڕێزگرتن لە قەوارەی فیدراڵیی هەرێم. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانى ئەمڕۆ شەممە 7/26، مەسرور بارزانی سەرۆكی حکومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە ستیڤ بیتنەر كونسولی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی كوردستان كرد بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکە دیپلۆماتییەکەی. سەرۆکی حکومەت سوپاسیی پشتیوانیی بەردەوامی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای لە هەرێمی کوردستان کرد و بەتایبەتی سوپاسی کونسوڵی گشتیی کرد بۆ کارکردنی لەپێناو پەرەپێدان و پێشخستنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە لە هەموو بوارەکاندا.  کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا، پێزانینی خۆی بۆ  پشتگیریی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حکومەتی هەرێمی كوردستان دەربڕی و جەختی لە گرنگیی بەهێزبوونی پەیوەندیی دۆستانەی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە. لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و پاراستن و ڕێزگرتن لە قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان.

  بەرپرسى پەیوەندییەكانی دەرەوەی خۆسەری باكور و رۆژهەڵاتی سوریا، جەختدەکاتەوە سوریا لە قۆناغێكی هەستیاردایە و نابێت هەموو دەسەڵاتەكان لە دیمەشق بێت، دەشڵێت ئامانجی سوپای سوریا ناڕونە و روداوەكانی سوەیداش سەلمێنەری پەرتەوازەیی دەسەڵاتی سوریایە. ئیلهام ئەحمەد لێپرسراوی پەیوەندییەكانی دەرەوەی خۆسەری باكور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، لە ئێستادا سوریا لە هەستیارترین قۆناغدایە و پێویستە بۆ دەربازبوون لە قەیرانەكان مافی سەرجەم پێكهاتەكان رەچاو بكرێت، خۆسەریش پشتیوانی لە حكومەتێكی نا ناوەندیی دەكات كە هەموو دەسەڵاتەكان تەنها لە دیمەشق نەبێت. وتیشی، گفتوگۆكان بۆ بەشداری هەسەدە لە سوپای سوریا بەردەوامە، بەڵام ئامانج و پێكهاتەی ئەو سوپایە ناڕونە و پێویستە ناسنامە و ئەركەكانی رون بێت. ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوەشكرد، دەبێت هەمو چین و توێژ و كەمینەكانی سوریا هەست بە ئاسایش و سەقامگیریی لە سایەی سوپادا بكەن، چونكە روداوەكانی سوەیدا و چەند ناوچەیەكی تر ئاماژەن بە ناوڕونیی ئامانجی سوپا و هێزە ئەمنییەكانی سوریا. راشیگەیاند، ئەمریكا رۆڵی گرنگی لە سوریا هەیە و هەوڵیش دەدەن پەیوەندییەكی باشیان لەسەر بنەمای لێكتێگەیشتن لەگەڵ توركیا هەبێت.

وەیسی ئاکتاش، کە لە زیندانی ئیمراڵی بەندکرابوو، خەڵکی دیاربەکری باکووری کوردستانە، بەتۆمەتی دابەشکردنی خاکی تورکیا و ئەندامێتیی پەکەکە زیندانیی کرابوو. وەیسی ئاکتاش کە ماوەی ١٠ ساڵ لە زیندانی ئیمرالی بوو و ئازادکردنی بۆ ماوەی ساڵێک و سێ مانگ دواخرا، ئازاد کرا.   وەیسی ئاکتاش کە لە زیندانی ئاسایشی باڵای جۆری ئێف ئیمرالی زیندانی کرابوو، دوای ٣١ ساڵ و سێ مانگ ئازاد کرا. ئاکتاش دوای ئەوەی ٣٠ ساڵ زیندانی تەواو کرد، لە ٢٨ی نیسانی ٢٠٢٤ بە شێوەیەکی یاسایی سزای ٣٠ ساڵەکەی تەواو کرد، بەڵام ئازادکردنی ئاکتاش بە بڕیاری دەستەی کارگێڕی و بەدواداچوون بۆ ماوەی ساڵێک دواخرا.   دوای یەک ساڵ ئازادکردنی ئاکتاش بۆ سێ مانگی دیکە دواخرا. دوای دواخستنی ساڵێک و سێ مانگ، ئاکتاش لە ٢٥ی خاکەلێوە لە زیندانی ئیمرالی ئازاد کرا.   وەیسی ئاکتاش لە ساڵی ٢٠١٥ لەگەڵ مەهمەت سایت یڵدرم، عومەر حەیری کۆنار، چەتین ئەرکەش و نەسروڵڵا کوران، بۆ ئەرکی سکرتاریەت لە کاتی بەناو "پرۆسەی چارەسەرکردن" لە نێوان ساڵانی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٥ بۆ زیندانی ئیمرالی گوازرایەوە زیندانی کریکالێ ، لە ساڵی ٢٠١٥ەوە لەوێیە.  ئازادکردنى ئەو زیندانە لەکاتێکدایە، دوێنێ رۆژی 25ـی تەممووزی 2025 شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، لە گرتووخانەی ئیمراڵی، دیدارێکی سێ کاژێر و نیویمان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەنجامدا.   بیروبۆچوونمان لەبارەی ئەو دیدارانەوە ئاڵوگۆڕکرد کە لە رۆژانی رابردوودا وەک شاند لەگەڵ بەڕێزان سەرۆککۆمار، وەزیری داد و سەرکردەی پارتە سیاسییەکان ئەنجامماندابوو.  

  شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی راگەیێندراوێکی لەبارەی دوایین سەردانی بۆلای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئۆجەلان گوتوویەتی، "شێوازی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکە و ئەو ئیرادە و باوەڕ و سووربوونە لەسەر ئاشتی کە نیشاندراون، بە زۆر بەبایەخ دەزانێت." لە راگەیێندراوەکەی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتیدا ئاماژە بەوە کراوە، دیدارەکەیان لەگەڵ ئۆجەلان سێ کاژ‌ێر و نیوی خایاندووە. شاندەکە ئەوەی خستووەتەڕوو، لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان "بیروبۆچوونمان لەبارەی ئەو دیدارانەوە ئاڵوگۆڕکرد کە لە رۆژانی رابردوودا وەکو شاند لەگەڵ بەڕێزان سەرۆککۆمار، وەزیری داد و سەرکردەی پارتە سیاسییەکان ئەنجاممان دابوو." کۆمیسیۆنێکیش بۆ پرسی پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندراوە، بەپێی راگەیێندراوەکەی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، ئۆجەلان "چاوەڕوانە، کاری ئەو کۆمیسیۆنەی لە رۆژەڤی پەرلەمانی تورکیادایە، بە رێبازێکی گشتگیر و هەمەلایەنە، لەپێناو ئاشتی و دیموکراسیدا بەشداریی گرنگی هەبێت." دەقی راگەیێندراوەکەی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی:   بۆ راگەیاندنەکان و رای گشتی   وەک شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، رۆژی 25ـی تەممووزی 2025 لە گرتووخانەی ئیمراڵی، دیدارێکی سێ کاژێر و نیویمان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەنجامدا.   بیروبۆچوونمان لەبارەی ئەو دیدارانەوە ئاڵوگۆڕکرد کە لە رۆژانی رابردوودا وەک شاند لەگەڵ بەڕێزان سەرۆککۆمار، وەزیری داد و سەرکردەی پارتە سیاسییەکان ئەنجامماندابوو.   زانیاری لەبارەی سەرنج و کاردانەوەکانی رێوڕەسمی لەنێوبردنی چەکەکانەوە خرایەڕوو، کە رۆژی 11ـی تەممووز بەڕێوەچووبوو. بەڕێز ئۆجەلانیش رایگەیاند، شێوازی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکە و ئەو ئیرادە و باوەڕ و سووربوونە لەسەر ئاشتی کە نیشاندراون، بە زۆر بەبایەخ دەزانێت.   جەختیشی لەوە کردەوە کە چاوەڕوانە، کاری ئەو کۆمیسیۆنەی لە رۆژەڤی پەرلەمانی تورکیادایە، بە رێبازێکی گشتگیر و هەمەلایەنە، لەپێناو ئاشتی و دیموکراسیدا بەشداریی گرنگی هەبێت.   گەرمترین سڵاو و هیوای باشی خۆی ئاراستەی گەل و هەموو چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان کرد.   لەگەڵ سڵاو و رێزدا.   شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی 26ـی تەممووزی 2025  

لە پەرلەمانی تورکیا کۆمیسیۆنێک بۆ پرۆسەی چارەسەری پێکهێنراوە و لە 51 ئەندام پێکدێت، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) زۆرترین ئەندامی هەیە.    رۆژی هەینی، 25ـی تەممووز، ژمارەی ئەندامانی پارتە سیاسییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان لە کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا بڵاوکرایەوە و بەمشێوازە دابەشبوون:    - ئاکپارتی: 21 ئەندام  - جەهەپە : 10 ئەندام - دەم پارتی:4 ئەندام - مەهەپە:  4 ئەندام - ئیی پارتی: 3 ئەندام - یەنی یۆڵ: سێ ئەندام - 6 ئەندامی دیکە لە دەرەوەی پەرلەمان دەبن هاوکات، ئیی پارتی و DP بە فەرمی رایانگەیاندووە نابنە بەشێک لە کۆمیسیۆنەکە.   نوعمان كورتولموش سەرۆكی پەرلەمانی توركیا، نامەیەکى ئاراستەی گروپ و حزبە سیاسییەکان کردووە. داوایکردوە تا کاتژمێر ٥:٠٠ی ئێوارەی ٣١ی تەمموز ناوى ئەندامانى خۆیان بۆ کۆمسیۆنەکە پێشکەش بکەن. بەپێى میدیاکانى تورکیا، تا جەهەپە بەشدارى کۆمسیۆنەکەدەکات یان نا، ئۆزگور ئۆزێل سەرۆکی جەهەپە جەخت لەوە دەکاتەوە کە بە مەرج و بێ مەرج ئەندامان نانێرن. وتیشی: لە ڕۆژانی داهاتوودا هەموو ئەمانە دەبینین. "ئێمە هەڵوێستی خۆمان خستۆتە ڕوو، و گوێبیستی ئەوە دەبین کە سەرۆک دوای کارەکەی چی ئەنجام دەدات، دواتر بڕیاری خۆمان دەدەین". دوابەدوای ئەو هەنگاوە پێشبینیکراوەی سەرۆکی پەرلەمان، ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر ئەوەن کە کام لایەن ناوی خۆیان پێشکەش دەکەن. بڕیارە لە ماوەی نزیکەی هەفتەیەکدا لیژنەکە دامەزرێت و بە درێژایی مانگ کاربکات. دروستكردنی ئەم كۆمسیۆنە مەرجی سەرەكی (دەم پارتی)یە وەكو نوێنەری كورد لە توركیا؛ تایبەت بە چارەسەری دۆزی كوردو لابردنی بەربەستە یاساییەكان.  لەگەڵ دەركەوتنی سەرەتاكانی پێكهێنانی كۆمسیۆنەكە، ئەمڕۆ بۆ دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان، وەفدی (دەم پارتی) بەرەو دورگەی ئیمرالی بەرێكەوت.

بڕیارە بەمزوانە لە پاریس؛ گەڕی گفتوگۆ لەنێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)و حكومەتی سوریا دەستپێدەكات بۆ جێبەجێكردنی تەواوەتی رێككەوتنی 10ی ئازار (رێككەوتنی مەزڵەم عەبدی و ئەحمەد شەرع) وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا دەڵێت، میوانداریی هەسەدە و حکومەتی سووریا دەکەن بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی نێوانیان.   وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا دەشڵێت، ئەمریکا، فەرەنسا و سووریا رێککەوتن لە زووترین کاتدا گەڕێکی دانوستاندن لە پاریس لەنێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە بکرێت.   وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ئاماژە بەوەش دەکات، هەوڵی جیددی بدرێت بۆ مسۆگەرکردنی سەرکەوتنی قۆناخی راگوزەری سووریا و پاراستنی یەکڕیزی، سەقامگیری، سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا. وەزارەتی دەرەوەی سوریاش لەبەیاننامەیەکیدا جەخت دەکاتەوە کە ڕێککەوتوون لەسەر ئەنجامدانی خولێکی ڕاوێژ لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات لە پاریس بە زووترین کات. لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا دا، کۆبوونەوەکە بە "زۆر راشکاو و بەرهەمدار" وەسفکراوە و لە کاتێکی "هەستیار"دا بۆ سوریا ئەنجامدراوە.   لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەژێر رۆشنایی "گفتوگۆ و کەمکردنەوەی گرژییەکان"، فەرەنسا، ئەمریکا و سوریا لەسەر پێویستیی جێبەجێکردنی چەند خاڵێکی گرنگ رێککەوتوون، کە بریتین لە:     دەستپێکردنی هەوڵی خێرا و جددی بۆ مسۆگەرکردنی سەرکەوتنی قۆناغی گواستنەوەی سیاسی و پاراستنی یەکێتی، سەقامگیری، سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سوریا. بەهێزکردنی هەماهەنگیی هاوبەش لە دژی تیرۆر بە هەموو شێوەکانییەوە و پتەوکردنی تواناکانی حکومەتی سوریا بۆ روبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنییەکان لە رێگەی دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە. پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی حکومەتی سوریا بۆ گواستنەوەی سیاسی و گەیشتن بە ئاشتەوایی نیشتمانی، بەتایبەتی لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا و سوەیدا. میوانداریکردنی گەڕی داهاتووی راوێژکاری لە پاریس لەنێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە نزیکترین کاتدا، سەبارەت بە جێبەجێکردنی تەواوەتی رێککەوتنی 10ی ئازار. پشتگیریکردن لە هەوڵەکان بۆ لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی توندوتیژییەکان و پێشوازیکردن لە ئەنجامی راپۆرتە شەفافەکان، لەنێویاندا راپۆرتی ئەم دواییەی لیژنەی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە توندوتیژییەکانی ناوچە کەنارییەکان. دڵنیابوونەوە لەوەی کە وڵاتانی دراوسێی سوریا هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیریی ئەو وڵاتە دروست نەکەن و لە بەرامبەردا، دووپاتکردنەوەی پابەندبوونی سوریا بەوەی نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر دراوسێکانی، لەپێناو سەقامگیریی تەواوی ناوچەکە.