تەرمی ئەو چوار کەسە دۆزرایەوە کە ئێوارەى دوێنێ هەینی لە شاخێکى شارى بانەى لە پارێزگای کوردستان(سنە)ی رۆژهەڵاتی کوردستان کەوتنە ژێر بەفرە. ئەمڕۆ شەممە، 1ی ئاداری 2025، عەلى ئەکبەر، جێگرى پارێزگارى سنە، ڕایگەیاند دوای گەڕانێکی زۆر، تەرمی ئەو چوار شاخەوانە دۆزرایەوە کە دوێنێ لە ئەنجامی هاتنی رەنووی بەفرەوە بێسەرشوێن بوون. ئەو بەرپرسە ئەوەشى وت ئێوارەی دوێنێ دوو گروپ لە شاخەوانی ناوخۆیی لە بەرزاییەکانی حەفت تاش کە ٤٠ کیلۆمەتر لە بانەوە دوورە، لە ڕێگای گەڕانەوەیان ڕووبەڕووی سێ بەفربارینی یەک لە دوای یەک بوونەتەوە، و حەوت شاخەوان کەوتونەتە ژێر بەفر. ئەوەشى ئاشکراکرد کە ئەمڕۆش لە کاژێر 5 بەیانییەوە گەڕان بە دوای ئەو هاونیشتمانییانە دەستی پێکرد. جگە لە ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییان، تیمەکانی فریاکەوتن ئامادە بوون. دوێنی هەینی کۆمەڵێک شاخەوان کە بە مەبەستی شاخەوانی چووبوونە چیایەکی نزیک شاری بانە و ئەندامی هەردوو گرووپی شاخەوانیی پاژین و سوور کێو بوون، بەر رنووی بەفر کەوتن. هەر دوێنێ تەرمی دوو کەسیان دۆزرایەوە و 4 کەسیش بە برینداری دەرهێندران. ئەو کەسانەی لەو رووداوەدا گیانیان لەدەستدا، دوو ژن و 4 پیاون بە ناوەکانی شەهلا رەحمانی، رووناک دانشمەند، عومر عەبدوڵڵاهی،کاروان ئەحمەدپوور، خالق محەممەد نەژاد و یاسا سادقی و خەڵکی بانەن.
کۆمیتەی بەڕێوەبەرى پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ئەمڕۆوە ئاگربەستی راگەیاند و دەلێت: بۆ ئەوەی بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی جێبەجێ بکرێت، ئێمە لە ئەمڕۆوە ئاگربەست ڕادەگەیەنین. بە ڕادەیەک کە هێرش نەکرێتە سەرمان، هیچ هێزێکمان چالاکی چەکداری ئەنجام نادات. هەروەها جێبەجێکردنی بابەتەکانی وەک چەک دانان تەنها بە پێشەنگایەتی پراکتیکی ڕێبەر ئاپۆ دەکرێت. لەراگەیەندراوێکیدا (پەکەکە) کە ئەمرۆ شەممە، 1ـی ئادار بڵاویکردەوە، دەڵێت: ئێمە ئامادەین کە بەپێی داواکاری ڕێبەر ئاپۆ کۆنگرەی پارتی بەڕێوە ببەین. بەڵام بۆ جێبەجێکردنی ئەمە پێویستە مەرج و پێداویستیە گونجاوەکان دابین بکرێن و بۆ سەرکەوتنی کۆنگرەش پێویستە ڕێبەر ئاپۆ خۆی پێشەنگایەتی کۆنگرە بکات و بەڕێوەی ببات. لە ڕاگەیاندنەکەدا پەکەکە هەروەها داوای کرد کە مەرجەکانی ئازادیی جەستەیی ئۆجەلان و رێگەپێدانی بە پەیوەندیکردن بە کەسانی دەرەوە دابین بکرێن بۆ ئەوەی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکرێت." دەقی راگەیێندراوی پەکەکە: "راگەیاندنی ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ی شوبات بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی"، رێگای هەموو هێزەکانی ئازادی و دیموکراسی رووناک دەکاتەوە و وەک مانیفێستۆی سەردەمە. لەبەر ئەوەی مانیفێستۆی کۆمەڵگەی دیموکراتی بۆ گەلەکەمان و مرۆڤایەتی زیاد کردووە، بە رێزەوە سڵاو لە رێبەر ئاپۆ دەکەین. جێبەجێکردنی نێوەڕۆکەکەی بە شێوەیەکی سەرکەوتوو زۆر گرنگە لەگەڵ بانگەوازی باسکراودا دیارە کە لە کوردستان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پرۆسەیەکی مێژوویی دەستی پێکردووە. ئەمە کاریگەریەکی گەورەی لەسەر پێشکەوتنی بەڕێوەبەرایەتی دیموکراتی و ژیانی ئازاد لە سەرانسەری جیهاندا دەبێت. پەیوەست بەمەوە بەرپرسیاریەتی دەکەوێتە سەر شانی هەموومان؛ پێویستە هەر کەس ئەرک و بەرپرسیاریەتیەکانی خۆی جێبەجێ بکات. بێگومان کردنی بانگەوازێک بەم شێوەیە زۆر گرنگ بوو؛ ئێستا جێبەجێکردنی ناوەڕۆکەکەی بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە زۆر گرنگە. ئێمە وەک پەکەکە راستەوخۆ بەشداری نێوەڕۆکی بانگەوازی باسکراو دەبین و رایدەگەیەنین کە ئێمە بەپێی پێداویستیەکانی بانگەوازەکە هەڵسوکەوت دەکەین و جێبەجێیان دەکەین. بەڵام بۆ سەرکەوتن پێویستە مەرج و پێداویستیەکانی سیاسەتی دیموکراتی و زەمینەی یاسایی دابین بکرێن. هێزی بەڕێوەبردنی خەبات و هاوئاهەنگی پەکەکە کە داڕێژراوە دەدرێتە گەل زۆر ئاشکرایە کە پەکەکە، بووەتە بزووتنەوەی راستی و پاڵەوانە گەورەکانی نیو سەدەی دوایی کوردستان. هەموو شتێک بە خەباتێکی گەورەی پاڵەوانەتی، فیداکاری، قوربانیدان و رەنجی زۆر بەدەست هاتووە. ئێمە هەموو شەهیدە پاڵەوانەکانی ئەم خەباتی ئازادییە بە رێز، خۆشەویستی و سوپاسگوزاریەکی گەورە بەبیر دێنینەوە. ئێستا ئێمە بە هەمان گیان و باوەڕ دەستکەوتە مێژووییەکانی باسکراو دەگوازینەوە بۆ قۆناغێکی نوێی خەبات. ژیرییەی کە رێبەر ئاپۆ پێشکەشی کردووە و ئەزموونی گەورەی پەکەکە دروستی کردووە، باشی، راستی، جوانی و هێزی بەڕێوەبردنی خەباتی ئازادی لە رێگەی سیاسەتی دیموکراتیەوە دەداتە گەلەکەمان. بە رادەیەک کە هێرش نەکرێتە سەرمان هیچ هێزێکمان چالاکی چەکداری ئەنجام نادات لەم چوارچێوەیەدا، بۆ ئەوەی بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی جێبەجێ بکرێت، ئێمە لە ئەمڕۆوە ئاگربەست ڕادەگەیەنین. بە ڕادەیەک کە هێرش نەکرێتە سەرمان، هیچ هێزێکمان چالاکی چەکداری ئەنجام نادات. هەروەها جێبەجێکردنی بابەتەکانی وەک چەک دانان تەنها بە پێشەنگایەتی پراکتیکی ڕێبەر ئاپۆ دەکرێت. بۆ سەرکەوتنی کۆنگرە پێویستە ڕێبەر ئاپۆ خۆی بەڕێوەی ببات هەروەها ئێمە ئامادەین کە بەپێی داواکاری ڕێبەر ئاپۆ کۆنگرەی پارتی بەڕێوە ببەین. بەڵام بۆ جێبەجێکردنی ئەمە پێویستە مەرج و پێداویستیە گونجاوەکان دابین بکرێن و بۆ سەرکەوتنی کۆنگرەش پێویستە ڕێبەر ئاپۆ خۆی پێشەنگایەتی کۆنگرە بکات و بەڕێوەی ببات. تا ئێستا لەگەڵ هەموو هەڵە و کەموکوڕیەکان ئێمە بەڕێوەبەرایەتی شەڕمان کرد؛ بەڵام تەنها رێبەر ئاپۆ دەتوانێت بەڕێوەبەرایەتی سەردەمی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی بکات. پێویستە مەرج و پێداویستیەکانی ئازادی جەستەیی، ژیان و کارکردنی ئازاد دابین بکرێن ڕاستیە بەرچاوەکان زۆر ئاشکرا نیشان دەدەن کە بۆ ئەوەی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە جێبەجێ ببێت، بۆ دیموکراتیکردنی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر بنەمای چارەسەری دیموکراتی کێشەی کورد، بۆ پێشخستنی بزووتنەوەی دیموکراسی گڵۆباڵ، پێویستە مەرجەکانی ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ ئەوەی بتوانێت بە شێوەیەکی جەستەیی ئازاد بژیت و کار بکات دابین بکرێن، هاوڕێکانیشی لەناویاندا بتوانن بەبێ بەربەست لەگەڵ ئەو کەسانەی دەیانەوێت پەیوەندی دروست بکەن. ئێمە هیوادارین کە پێداویستیەکانی ئەمە لەلایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەتەوە جێبەجێ بکرێن. بانگەواز کۆتایی نییە دەستپێکێکی نوێیە گەل و دۆستە بەڕێزەکانمان! بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ بێگومان کۆتایی نییە، بە پێچەوانەوە دەستپێکێکی نوێیە. وەک کە لە ڕاگەیاندنەکەدا زۆر سەرنجڕاکێش دەوترێت و بە شێوەیەکی ئاشکرا دەخاتە بەرچاو کە ئەو شتانەی کە پێویست بوو لە 35 ساڵی رابردوودا بەتایبەتی لەم 20 ساڵەی دواییدا بکرابان، بەڵام بەو رادەیەی دەخوازرێت لە کاتی خۆیاندا نەکراون، ئێستا پێویستە بێگومان بکرێن. لەم بوارەدا پێویستە بانگەوازی ڕێبەرایەتی، هۆکارەکانی، تایبەتمەندی و ئەرکەکانی پرۆسە نوێیەکە کە دەستی پێکردووە بە دروستی و تەواوی تێبگەین و پێویستە پێداویستیەکانی بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکەین. پێویستە بە بەرپرسیاریەتی و جیددیەتێکی گەورەوە نزیک لە ناوەڕۆکی بانگەوازەکە ببینەوە و زۆر گرنگە کە لە هەموو بوارێکدا بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە جێبەجێ بکرێت. پێویستە هەموومان بۆ سەرکەوتنی بانگەوازی ڕێبەرایەتی خۆمان بە بەرپرس بزانین با لەبیرمان نەچێت کە بارگرانیەکەی هەرە زۆر ڕێبەر ئاپۆ هەمیشە خستوویەتیە سەر شانی خۆی، ڕێگامان ڕووناک دەکاتەوە و پێشەنگایەتیمان دەکات. ئێستا بە 'بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی' هەنگاوێکی نوێ دەنێت و بۆ هەموو ژێردەستەکان بەتایبەتی ژنان و لاوان پرۆسەیەکی نوێی خەبات دەست پێدەکات. لەبەر ئەمە با تایبەتمەندیەکانی ئەم پرۆسە نوێیە بە دروستی تێبگەین و لەسەر بنەمای ئەوەی کە هەردەم لە بەرامبەر هەر جۆرە ساختەکاری و هێرشێک ئامادە بین، ئەرکەکانی بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکەین. با ڕێکخستنبوونی دیموکراتی و خەباتی ئازادیمان لە هەموو بوارێکدا بە ئازایەتی و فیداکاریەکی گەورەوە لە کوردستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە چوار لای جیهان گەش بکەین. پێویستە هەموومان بۆ سەرکەوتنی بانگەوازی ڕێبەرایەتی خۆمان بە بەرپرس بزانین. بانگەوازی بەهێزتر پشتگیری لە 8ی مارس و نەورۆز بکەن ئەوەتا، چووینە مانگی مارسێکی نوێوە و هەیەجانی 8ی مارس و نەورۆز دەژین. ئێمە شۆڕشی ئازادی ژنان لەسەر بنەمای ژنناسی پێش دەخەین و لەسەر هێڵی شارستانیەتی دیموکراتی ژیانی کۆمەڵگای ئەخلاقی و سیاسی رێکدەخەین. هەوڵ دەدەین ڕاستی ئاپۆیی بە شێوەیەکی دروست و تەواو تێبگەین و شۆڕشی ڕاستی کە شۆڕشی بیرکردنەوە و شێوازی ژیانە پێشبخەین. بانگەوازی دوایی ڕێبەر ئاپۆ لە راستیدا بانگەوازی بەهێزتر پشتگیری لە 8ی مارس و نەورۆز بکەن و بە هەیەجانێکی گەورەوە پیرۆزی بکەن. لە هەر کەسێک زیاتر پێویستە ژنان و لاوان ئەم بانگەوازە بە دروستی تێبگەن، بە بەهێزی پشتگیری لێبکەن و پێداویستیەکانی جێبەجێ بکەن. لەسەر ئەم بنەمایانە ئێمە 8ی مارس ڕۆژی ژنانی کرێکار و نەورۆز لە هەموو ژنان و لاوان، گەلەکەمان و دۆستەکانمان پیرۆز دەکەین و بانگەواز لە هەر کەسێک دەکەین کە بە گیانی 8ی مارس و نەورۆز پشتگیری لە بانگەوازی رێبەرایەتی بکەن و لە هەموو بوارێکدا خەباتی ئازادی گەش بکەن! بژی پێشەنگی پاڵەوانی گەلەکەمان پەکەکە! "بژی رێبەر ئاپۆ!"
هاوڵاتى ئێوارەى ئەمڕۆ چوار شاخەوانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی هەرەسى بەفرەوە گیانیان لەدەستدا، سێ کەس بریندار بوون و سێ کەسی دیکە بێسەروشوێنن. دوابەدوای دیارنەمانی گرووپێک شاخەوانی لە بەرزاییەکانی گوندی هەفتاشی سەر بە شارى بانە لەڕۆژهەڵاتى کوردستان، پارێزگارى کوردستان (سنە) فەرمانی کردووە ڕێوشوێنی پێویست بۆ بەدواداچوونى هەڵگرتنەوەى تەرمى شاخەوانەکان و گواستنەوەى بریندارەکان و دۆزینەوەى شاخەوانە ونبووەکان بکەن. بەگوێرەی ڕاپۆرتێکى ئاژانسى ئیرناى ئێرانى، شەش تیمی فریاگوزاری مانگی سوور کە ٢ تیمیان تایبەتن بە بەرپەرچدانەوەی خێرای شاخ، هەروەها تیمێک لە خەڵکی شارى سەققز، ڕەوانەی ناوچەکە کراون ئۆپەراسیۆنی گەڕان و فریاگوزاریی پێویست گیراوەتەبەر. پەیام جەلالی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری مانگی سووری کوردستان ڕایگەیاندوە: چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر ژمارەیەک شاخەوان لە ژێر بەفربارینێکدا لەسەر میحوەری بانە بەرەو گوندی بەیان دەرەح (بەرزایەکانی چیای هەفت تاش) دوای بەفربارین گیریان خواردبوو". پەیام جەلالی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دوابەدوای ڕاگەیاندنی ڕووداوەکە دەستبەجێ سێ تیمی ئۆپەراسیۆن ڕەوانەی بەرزاییەکانی چیای هەفت تاش کران بۆ گەڕان بەدوای بێسەروشوێنەکاندا، کە بۆ شەش تیم زیادکرا. لەلایەکى دیکەوە جێگری پارێزگاری کوردستان بۆ هەماهەنگی کاروباری مەدەنی ڕایگەیاند: چەند خولەکێک لەمەوبەر تەرمی دوو قوربانیان لە بەرزاییەکانی هەفتەش لەناو بەفر دۆزیوتەوەو گواستراونەتەوە بۆ پزیشکى داد. ئەو شاخەوانانە بە مینی پاسێک بۆ کات بەسەربردن چونەتە بەرزاییەکانى ئەو شاخەو لە سێ خاڵەوە لە کاتی خلیسکان لە یەکێک لە دۆڵەکانی ناوچەکەدا لە بەفربارینەکاندا گیریان خواردووە. جێگری پارێزگاری کوردستان، ئەوەى خستەڕوو ئەو تەرمانەی دۆزراونەتەوە هی ژنێک و پیاوێکن، کە گواستراونەتەوە بۆ مردووخانەی نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیوبی لە بانە. بەوتەى ئەو بەرپرسە، ئەو کەسانە شاخەوانی پیشەگەر نەبوون و تەنها بۆ خۆشی هاتوونەتە ناوچەکە.
وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئاینى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، سبەی ڕۆژى شەممە یەکەم ڕۆژی مانگی پیرۆزى ڕەمەزانە. پشتیوان سادق وەزیرى ئەوقافى هەرێم وتى: لیژنەی بینینی مانگ لە هەرێمی کوردستان مانگى بینیوە بۆیە سبەی شەممە 01-03-2025ی وەکو یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان دیاریکرد. پێشتر ڕوانگە فەلەکییەکان لەوڵاتى سعودیە ئاشکرایان کرد، ئەم ئێوارەیە هەینى، مانگی هیلالی مانگی ڕەمەزانی ئەمساڵ لەسعودیە بینراوەو سبەینێ ڕۆژی شەممە، وەک یەکەم ڕۆژی مانگی پیرۆز لە وڵاتە ڕاگەیەندرا. دادگای شاهانەی سعودیە ڕایگەیاند سبەی شەممە، یەکەم ڕۆژی ڕەمەزان دەبێت. ڕوانگە فەلەکییەکان لە ناوچە جیاجیاکانی سعودیە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی ئامادەکارییەکانیان بۆ چاودێریکردنی مانگی هیلال لە کاتی خۆرئاوابوون دەستپێکرد، لەگەڵ ئامادەبوونی دەیان ڕۆژنامەنوس ڕوماڵ و میدیایی بەرفراوان بۆ ڕووماڵکردنی هەوڵەکانی چاودێریکردن، لەنێو ئاسمانی ڕوونى ئەو وڵاتە. هاوکاتى وڵاتى سعودیە زۆربەى وڵاتانى عەرەبى وەک ئیمارات، قەتەر و عومان سبەی شەممە، وەک یەکەم ڕۆژی ڕەمەزان ڕادەگەیەنن. پێشتر نووسینگەی مەرجەعی باڵاى شیعە، عەلی حسێن سیستانی ڕایگەیاندبوو، ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو یەكەم ڕۆژى مانگی ڕەمەزانی پیرۆز دیاریکراوە.
دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان ئیسرائیل و گرووپی حەماس سەبارەت بە "قۆناغی دووەمی ئاگربەستی غەززە" لە قاهیرە دەستیپێکردووە بۆ ئەوەی بەر لە کۆتایی هاتنی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەست، بتوانرێ درێژە بە ئاگربەستەکە بدرێت. دوو سەرچاوەی ئاسایشی میسر ئەمڕۆ هەینی 28ی مانگی دوو ڕایانگەیاند کۆبوونەوەکان لە قاهیرە بە مەبەستی وتووێژ لەسەر قۆناغی دووهەمی ئاگربەست لە غەززە دەستیپێکردووە و ئامانجی شاندی ئیسرائیلیش لە دانوستانەکان درێژکردنەوەی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززەیە بۆ ماوەی 42 ڕۆژی دیکە. سەرچاوەکان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە حەماس دژایەتی درێژکردنەوەی ڕێککەوتنەکە دەکات و پێداگری دەکات لەسەر ئەوەی کە لە سەرەتادا ڕێککەوتنی لەسەر کراوە و ئەوەش دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی ئاگربەستەکەیە. قۆناغی دووهەم ئەو هەنگاوانە لەخۆ بگرێت کە دەبنە هۆی کۆتایی هاتنی هەمیشەیی شەڕەکە. قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە کە 42 ڕۆژی خایاند، ڕۆژی شەممە 1ی مانگی سێ لەکاتێکدا کۆتایی دێت کە بڕیار بوو هێزەکانی ئیسرائیل لەو ڕۆژەدا دەست بە کشانەوە بکەن، بەڵام نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە ئەمە ڕوونادات. دوو سەرچاوەی میسری ڕۆژی هەینی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، ئیسرائیل بە مەبەستی درێژکردنەوەی قۆناغی یەکەمی ئاگربەست بۆ ماوەی 42 ڕۆژی دیکە هاتۆتە دانوستانەکانی قاهیرە. هەروەها ئاژانسی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە "دوو سەرچاوەی ئیسرائیلی" ڕایگەیاندووە، وڵاتەکە داوا دەکات بە درێژکردنەوەی ئاگربەستی قۆناغی یەکەم لە بەرامبەر ئازادکردنی زیندانییە ئەمنییەکانی فەلەستین، هەر هەفتە، سێ لە بارمتە زیندووەکانی ئازاد بکرێن. ڕێکخراوی هەواڵگری و ئاسایشی میسر ڕۆژی پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بەرپرسانی ئیسرائیل، قەتەر و ئەمەریکا "دانوستانی چڕ"یان سەبارەت بە قۆناغی دووەمی ئاگربەست لە قاهیرە دەستپێکردووە. لە ڕاگەیەندراوەکەی میسردا ئاماژەی بەوەشکردووە نێوەندگرەکان باس لە "رێگاکانی زیادکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە" دەکەن، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی خەڵک و پشتیوانیکردن لە سەقامگیری ناوچەکە. ئیسرائیل چاوەڕێ دەکات 59 هاووڵاتی ڕفێنراوی خۆی ئازاد بکات کە تا ئێستاش لەلایەن گروپی توندڕەوی حەماس و چەکدارانی دیکەی غەززە بە بارمتە گیراون، هەرچەندە دان بەوەدا دەنێت کە زیاتر لە 30 کەسیان کوژراون. ئەگەر بۆ قۆناغی دووەم ڕێککەوتن بکرێت، ئەوا لەو ماوەیەدا بارمتە زیندووەکانی ئیسرائیل ئازاد دەکرێن و لە قۆناغی سێیەم و کۆتاییدا تەرمی بارمتە کوژراوەکان ڕادەست دەکرێن. حەماس پێداگری لەسەر کۆتایی هاتنی تەواوەتی شەڕ و کشانەوەی سەرجەم هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە دەکات و سەرەڕای ئەوەی لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023 هێرشە لەناکاوەکەی بۆسەر ئیسرائیل کە بووە هۆی شەڕێکی بێ وێنە و بەرفراوانی ئیسرائیل لە غەززە، هێشتا بانگەشەی ئەوە دەکات کە پێویستە حوکمڕانی غەززە بکات و چەکەکانی بپارێزێت. شتێک کە ئیسرائیل و ئەمەریکا بە توندی دژایەتی دەکەن.
ئاژانسەکانى هەواڵى ڕۆژئاواى کوردستان، رایدەگەیەنن دوینێ کاتێک شاندی ئیمرالی دەم پارتی سەردانی زیندانی ئیمرالی کردووە ماوەی چوار کاتژمێر لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ کۆبوونەوەتەوە و پێکەوە خواردنیان خواردووە و گفتوگۆی چڕوپڕیان لەسەر پەیامە مێژووییەکەی کردووە، هەروەها بە سێ کامێراش دیمەنی ڕێبەر ئاپۆ، کە خۆی پەیامەکە دەخوێنێتەوە، تۆمار کراوە. ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا لە باکووری کوردستان، ناوەڕۆک و چۆنییەتی ئەنجامدانی دیدارەکەی دوێنێی شاندی ئیمرالی دەم پارتی لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئاشكرا کردووە. زانراوە شاندی ئیمرالی دەم پارتی کە پێکدەهاتن لە “سری سورەیا ئۆندەر، پەروین بوڵدان، تولای حاتیمۆغولاری، تونجەر باقرخان، ئەحمەد تورک، جەنگیز چیچەک و فایەق ئۆزگور ئەرۆل” دوێنێ لە کاتژمێر ٠٩.٠٠ـی پێش نیوەڕۆ بە فڕۆکە بەڕێکەوتوون و کاتژمێر ٠٩:٣٠ گەیشتوونەتە دوورگەی ئیمرالی. ڕێبەر ئاپۆ بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازیی لە شاندەکە کرد شاندەکە لەلایەن ڕێبەر ئاپۆ و زیندانییانی دیكەی ئیمرالی هەریەکە لە عومەر خەیری كۆنار، حامیلی یەڵدرم و وەیسی ئاكتاشەوە بە گەرمییەوە پێشوازییان لێكراوە. بە سێ کامێرا دیمەنەکان گیراون پاشان ڕێبەر ئۆجالان، زیندانییەکانی دیکە و شاندی ئیمرالی چوونە شوێنی ئەنجامدانی دیدارەکە و لەوێ باس لە ناوەڕۆکی بانگەوازەکە کراوە. پاشان ڕێبەر ئاپۆ ئەو بانگەوازەی خوێندەوە، کە خۆی بە قەڵەم نووسیبووی، زانراوە، کە بانگەوازییەکە بە سێ کامێرا تۆمار کراوە و دوای خوێندنەوەی دەقی بانگەوازییەکە ڕێبەر ئاپۆ بە چەپڵە لەگەڵ شاندەکە کۆتایی بە خوێندنەوەی پەیامەکەی هێنا، دواتر ڕێبەر ئاپۆ لەگەڵ هەریەک لە ئەندامانی شاندەکە وێنەی گرتووە. پێکەوە نانیان خواردووە دوای خوێندنەوەی دەقی بانگەوازییەکە، پێکەوە نانیان خواردووە، لە کاتی نانخواردنەکەدا گفتوگۆ لەسەر پرۆسەکە کراوە. ئەندامانی شاندی ئیمرالی دوای سەردانەکەیان بۆ ئیمرالی، پێکەوە لە باخچەکەدا وێنەیەکی گشتیان گرت، لێرەدا وێنانەکانی پەیوەست بە بانگەوازییەکە ڕادەستی شاندەکە کرا، بەڵام دیمەنەکان ڕادەست نەکرا. گەڕانەوە و ڕاگەیاندنی پەیامی سەدە دیدارەکەی ئیمرالی نزیکەی چوار کاتژمێری خایاند و شاندەکە بە فڕۆکە گەڕانەوە بۆ ئەستەنبوڵ. لە دوای گەیشتنەوەیان بە ئەستەنبوڵ شاندەکە، چوونە ئەو هۆتێلەی کە ڕاگەیاندنەکەی لێ خوێندرایەوە، ئەوانەی لە شوێنەکە ئامادەبوون بە درووشمی “بژی سەرۆک ئاپۆ” پێشوازییان لە شاندەکە کرد و دواتر کاتژمێر ٥:٠٠ بانگەوازی “سەدە” خوێندرایەوە. دوای ڕاگەیاندنی پەیامە مێژووییەکە، سری سورەیا ئۆندەر ڕایگەیاند، کە ڕێبەر ئاپۆ بە شاندەکەی وتووە: بێگومان بۆ ئەوەی لە پراکتیکدا چەک دابنرێت و پەکەکە خۆی هەڵوەشێنێتەوە، پێویستە سیاسەتی دیموکراسیی و یاسایی جێبەجێ بکرێت.
سەرۆکی پارتی ئاییندە لەبارەی بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەڵێت،بۆ بەهێزکردنی بەرەی نێوخۆ و رزگاربوون لە تیرۆر، هەر بانگەوازێک بکرێت و هەر هەنگاوێک بنرێت، ئەرێنییە هاوکات جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە، بۆ بەجێگەیاندنی بانگەوازەکە، دەبێت پەند لە رابردوو وەربگیرێت. ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئاییندەی تورکیا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، لەبارەی بانگەوازەکەی ئۆجەلانەوە پەیامێکى بڵاوکردەوەو تیایدا دەڵێت ''لە دۆخێکی وەهادا کە ناوچەکەمان لەنێو گێژاودایە، بۆ بەهێزکردنی بەرەی نێوخۆ و رزگاربوون لە تیرۆر، هەر بانگەوازێک بکرێت و هەر هەنگاوێک بنرێت، ئەرێنییە''. شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی رۆژی پێنجشەممە، 27ی شوباتی 2025 لە ئیستەنبووڵ کۆنفراسێکی رۆژنامەڤانی سازکرد و بانگەوازەکەی ئۆجەلانی بۆ رای گشتی خوێندەوە. بانگەوازەکە سەرەتا بە کوردی لەلایەن ئەحمەد تورک و دواتریش لەلایەن پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان، بە تورکی خوێندرایەوە. سەرۆکی پارتی ئاییندە دەڵێت: ''بۆ بەجێگەیاندنی ئەم بانگەوازە، دەبێت وانە لە رابردوو وەربگیرێت و نەخشەڕێگەیەکی کرداری بخرێتەڕوو، دەبێت پرۆسەکە لە پەرلەمان بە پاڵپشتی هەموو لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتە کۆمەڵگەییەکان درێژەی پێبدرێت''. عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە بانگەوازەکەدا بۆ پەکەکە گوتوویەتی، ''کۆنگرەکەتان ببەستن و بڕیار بدەن. پێویستە هەموو گرووپەکان چەک دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە''.
سەرجەم ڕۆژنامەکانى جیهان و بەتایبەتى تورکیا، لەلاپەڕەى یەکەم و بە مانشێتى گەورە، گرنگى تایبەتیان داوە بە پەیامەکەى ئـ.ـۆجالان و لە ژمارەى ئەمڕۆیاندا بڵاویانکردوەتەوە. بەڵام ئەو ڕۆژنامەمانەى نزیکن لە حکومەت کاریگەری بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجالان بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراسییان لەسەر بووە، زیاتر سەرنجیان لەسەر پرسی "چەک دانان" بووە. شاندی ئیمرالی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان دوێنێ پێنج شەممە، بۆ جاری سێیەم لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە لە دوورگەی ئیمرالی کۆبووەوە، ئەحمەد تورک پەیامەکەی خوێندەوە. ئەوەش دوای ئەوەی شاندە حەوت کەسییەکە سەردانی ئیمراڵییان کرد. لە پەیامەکەیدا، ئۆجەلان رایدەگەیێنێت، "لە کەشوهەوای ئێستادا، کە بە بانگەوازی بەڕێز دەوڵەت باخچەلی دروست بووە و ئەو ئیرادەیەی کە بەڕێز سەرۆک کۆمار نیشانیداوە و هەڵوێستە ئەرێنییەکانی پارتە سیاسییەکانی دیکە بەرامبەر بەم بانگەوازە، من بانگەواز بۆ چەکدانان دەکەم و بەرپرسیارێتی مێژوویی ئەم بانگەوازە دەگرمە ئەستۆ". ڕۆژنامەی Yenî Yaşamê: ڕۆژنامەکە بە مانشێتی "بانگەواز بۆ کۆمەڵگایەکی دیموکراسی" بڵاوکرایەوە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی؛ "بانگەوازە مێژووییەکەی عەبدوڵڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە، بە وێنەیەک کە لەگەڵ شاندی ئیمراڵی پارتی دیموکراتی کوردستان گیراوە، ئاشکرا کرا". ڕۆژنامەى Bîrgun: ڕۆژنامەی بیرگون هەروەها بانگەوازە مێژووییەکەی بەم قسانە کرد: "پەیامەکەی ئۆجەلان ڕاگەیەندرا". بانگەوازێک بۆ چەک. شاندی پارتی دیم کە سەرکردایەتی دانوستانەکانی ئیمرالی دەکات، بانگەوازەکەی ئۆجەلانیان کە دانانی چەک لەخۆدەگرێت، لەگەڵ ڕای گشتیدا هاوبەش کرد. ڕۆژنامەى ئێڤرێنسێل: بە مانشێتی "هەموو گروپەکان چەک دابنێن، پارتی هەڵبوەشێتەوە" هاتە دەرەوە. پاشان ناوەڕۆکی پەیوەندییەکە بە وردی ڕوونکرایەوە. حوریەت: بە مانشێتی "واز لە چەکەکانتان بێنە و خۆتان هەڵبوەشێننەوە" هاتە دەرەوە و تەواوی بانگەوازە مێژووییەکەی لەخۆگرتبوو. جمهوریەت: ڕۆژنامەکە بانگەوازێکی بۆ "بانگەوازێک بۆ دانانی چەک" بڵاوکردەوە و وردەکارییەکانی دەقەکەی لەخۆگرتبوو. ڕۆژنامەی میللی: ئەو بانگەوازەی لە لاپەڕەی یەکەمی خۆیدا بە مانشێتی "ئۆجالان: دەبێت هەموو گروپەکان چەک دابنێن و پەکەکە هەڵبوەشێتەوە" خستووەتە ڕوو. هەروەها مانشێتی هەواڵەکە سەرنجی بۆ بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگایەکی دیموکراسی ڕاکێشا. یەنی شەفەق: مانشێتەکە "ئەگەر ساتەوەختی مێژوویی دڵسۆزانە بێت، پێویستە پارتی هەڵبوەشێتەوە". یەنی چاغ: بە مانشێتی "نۆرەی ئۆجەلانە لە پەرلەمان قسە بکات". بڕیار: بە مانشێتی "ئەو بانگەوازەی ئۆجەلان چاوەڕێی کردبوو: با پەکەکە خۆی هەڵبوەشێتەوە". تورکیا: بە مانشێتی "ئیمرالی: پەکەکە ئەرکی خۆی تەواو کردووە". پەیوەندییەکە تەواو بووە. "کاتی کۆتاییهێنانە." دەرکەوت.
لەیەکەم لێدوانى بەرپرسانى ئەمریکا، بۆ بانگەوازەکەى ئـ.ـۆجەلان، وتەبێژى کۆشکی سپی پێشوازی لە بانگەوازەکە دەکات و پێى وایە یارمەتیدەر دەبێت بۆ هێنانەدی ئاشتی. برایان هیوز، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی، لەلێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت: ئەمە پێشهاتێکی بەرچاوە و هیوادارین یارمەتیدەر بێت بۆ ئارامکردنەوەی هاوپەیمانە تورکییەکانمان، پێمان وایە یارمەتیدەر دەبێت بۆ هێنانەدی ئاشتی بۆ ئەم ناوچەیە پڕ لە کێشەیە". ئێوارەى پێنج شەممە، عەبدوڵڵا ئـ.ـۆجەلان ڕێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان پەیامە چاوەڕوانكراوەكەی بڵاوكردەوە، لەناوەڕۆکى پەیامەكەیدا داوای چەكدانان لە پەكەكە و خۆهەڵوەشاندنەوە دەكات. ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە دەشڵێت دوای بانگەوازی بەڕێز دەولەت باخچەلی و بەو ئیرادەیەی بەڕێز سەركۆمار نیشانی دا و بە هەڵوێستی ئەرێنی پارتە سیاسییەكان، بەرپرسیارێتی ئەو بانگەوازە مێژوویییە هەڵدەگرم و داوای چەك دانان دەكەم.
ساڵح موسلیم، ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی پارتی یەکێتیی دیموکرات - پەیەدە، ڕایدەگەینێت، تائێستاش پێویستمان بە هەڵگرتنی چەكە لەگەڵ دووبارەبوونەوەی دەستدرێژییەكانی توركیا، سەركردایەتی پەكەكە بەبێ لێكۆڵینەوە داواكەی ئۆجەلان جێبەجێ ناكەن. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27-2-2025، شاندی دەم پارتی لە ئیستەنبووڵ پەیامی ئاشتیی ئۆجەلانیان راگەیاند. ئەحمەد تورک پەیامەکەی خوێندەوە. ئەوەش دوای ئەوەی شاندە حەوت کەسییەکە ئەمڕۆ سەردانی ئیمراڵییان کرد. لە پەیامەکەیدا، ئۆجەلان رایدەگەیێنێت، "لە کەشوهەوای ئێستادا، کە بە بانگەوازی بەڕێز دەوڵەت باخچەلی دروست بووە و ئەو ئیرادەیەی کە بەڕێز سەرۆک کۆمار نیشانیداوە و هەڵوێستە ئەرێنییەکانی پارتە سیاسییەکانی دیکە بەرامبەر بەم بانگەوازە، من بانگەواز بۆ چەکدانان دەکەم و بەرپرسیارێتی مێژوویی ئەم بانگەوازە دەگرمە ئەستۆ". لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ کەناڵى عەرەبیە، ئێوارەى ئەمرۆ ساڵح موسلیم، ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی پەیەدە، وتى: ئەگەر ڕێگەی كاری سیاسییان بداینایە پێویستی بەوەنەدەكرد چەك هەڵبگرین، ئێستاش ئەگەر هۆكارەكانی هەڵگرتنی چەك نەمان دایاندەنێین". پەیامەكەی ئۆجەلان كە داوای ڕەخساندنی زەمینەیەكی دیموكراسی دەكات و لەهەمانكاتدا داوای هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم گروپەكانی پەكەكە دەكات شیكردنەوەی زۆر هەڵدەگرێت، تائێستا پەكەكە وەڵامی داواكەی نەداوەتەوە، بەڵام میدیاكانیان بە گرنگییەوە باس لە پەیامەكەی ئۆجەلان دەكەن.
شاندی ئیمراڵی پەیامی ئۆجالانیان بڵاوکردەوە، بفەرموون لە دەزگای میدیایی هاوڵاتییەوە گوێبیستی دەقی پەیامەکە بن: بانگەواز بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی پارتی؛ لە سەدەی بیستەم دامەزراوە، توندوتیژترین سەدەی مێژووە. ئەو ژینگەیەی کە پەکەکە تێیدا دروست بوو، ژینگەی دوو شەڕی جیهانی، سۆسیالیزمی ڕاستەقینە و سەردەمی شەڕی سارد بوو لە جیهاندا. لەو چوارچێوەیەدا نکۆڵیکردن لە واقیعی کورد و قەدەغەکردنی ئازادییەکان و بەتایبەت ئازادیی بیرکردنەوە ڕوویدا. واقیعی سیستەمی سۆسیالیستی واقیعی سەدە کاریگەری لەسەر ئەم پێکهاتە هەبووە لە ڕووی تیۆری و بەرنامە و ستراتیژی و تاکتیکەوە. لە ساڵانی نەوەدەکاندا بە هۆی هۆکاری ناوخۆیی و داڕمانی سۆسیالیزمی واقیعی و تێکچوونی نکۆڵی لە ناسنامە لە وڵاتدا و پێشهاتەکانی ئازادیی بیرکردنەوە بووە هۆی ئەوەی پارتی مانای خۆی لەدەست بدات و زیاتر خۆبەدەستەوەدەر بێت. بۆیە وەک ئەوانی تر گەیشتووەتە کۆتایی تەمەنی و پێویستی بە کۆتاییهێنانە. پەیوەندی کورد و تورکیا؛ بەدرێژایی زیاتر لە هەزار ساڵ لەمێژوودا، تورک و کورد هەمیشە بەپێویستیان زانیوە خۆبەخشانە لە هاوپەیمانییەکدا بمێننەوە بۆ ئەوەی بوونی خۆیان بپارێزن و دژی زلهێزە هەژموونییەکان بوەستنەوە. دوو سەدەی ڕابردووی مۆدێرنیتی سەرمایەداری ئامانجی شکاندنی ئەم هاوپەیمانییە بووە. ئەو هێزانەی کە کاریگەرییان لەسەر بووە، لەگەڵ بناغە چینییەکانیان، ئەمەیان وەک بنەمایەک وەرگرتووە. ئەم پرۆسەیە بەهۆی لێکدانەوە یەکسانەکانی کۆمارەوە خێراتر بووە. ئەرکی سەرەکی ڕێکخستنەوەی ئەو پەیوەندییە مێژووییە کە ئەمڕۆ تێکچووە، بە گیانی برایەتی و یەکڕیزی، بەبێ ئەوەی بیروباوەڕەکانمان پشتگوێ بخەین. پێویستی کۆمەڵگایەکی دیموکراسی حاشا هەڵنەگرە. پەکەکە درێژترین و بەرفراوانترین بزووتنەوەی یاخیگەر و توندوتیژانە لە مێژووی کۆماردا. چونکە ڕێگای سیاسەتی دیموکراسی داخرا، پارتی بەهێزتر بوو و پشتیوانی پەیدا کرد. دەوڵەتە نەتەوەیی و فیدراسیۆنە جیاکراوەکان، ئۆتۆنۆمی ئیداری و چارەسەری کولتووری کە دەرئەنجامی پێویستی ناسیۆنالیزمی توندڕەون، ناتوانن وەڵامی کۆمەڵناسی کۆمەڵگەی مێژوویی بن. ڕێزگرتن لە شوناسەکان، ئازادی بیرکردنەوە، ڕێکخستنی دیموکراسی و گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی-ئابووری و سیاسی هەموو پێکهاتەکان تەنیا بە بوونی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و فەزای سیاسی مومکین دەبێت. سەدەی دووەمی کۆمار تەنیا کاتێک دەتوانێت یەکگرتوویی و بەردەوامی هەمیشەیی هەبێت کە تاجی دیموکراسی لەسەر بێت. هیچ ڕێگەیەکی تر نییە بۆ گەڕان بەدوای سیستەمەکان و جێبەجێکردنیان جگە لە ڕێگەی دیموکراسی و ناکرێ. کۆدەنگی دیموکراتی میتۆدی بنەڕەتییە. زمانی سەردەمی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسیش بەگوێرەی ئەم واقیعە پەرەی پێبدرێت. ئەو بانگەوازەی بەڕێز دەولەت باخچەلی کردوویەتی، ئەو ئیرادەیەی جەنابی سەرۆک کۆمار نیشانیداوە و ڕێبازە ئەرێنییەکانی لایەنەکانی دیکە ئەم پرۆسەیەیان خوڵقاندووە و منیش داوای داماڵینی چەک لەم پرۆسەیەدا دەکەم و بەرپرسیارێتی مێژوویی ئەم بانگەوازە لە ئەستۆ دەگرم. هەروەک چۆن هەموو کۆمەڵگا و حیزبێکی هاوچەرخ کە بوونیان بە زۆر کۆتایی پێنەهاتووە، ئێوەش خۆبەخشانە کۆنگرەی خۆتان بانگ دەکەن و بڕیار دەدەن؛ پێویستە هەموو گروپەکان چەکەکانیان دابنێن و پارتی هەڵبوەشێتەوە. سڵاوی خۆم بۆ هەموو ئەو کەسانە دەنێرم کە باوەڕیان بە پێکەوە ژیان هەیە و گوێ لە بانگەوازەکەم دەگرن. ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٥ عەبدوڵڵا ئۆجالان”
سهرۆكى ههرێمى كوردستان، ڕایدەگەیەنێت پێشوازی له پهيامى بهڕێز ئۆجالان و بانگهوازهكهى بۆ چهكدانان و خۆههڵوهشاندنهوهى پهكهكه دهكهين. داواكارين پهكهكه پابهند و گوێڕايهڵى پهيامهكه بێت و جێبهجێى بكات. دەقی پەیامەکەی نێچيرڤان بارزانى: به گهرمى پێشوازی له پهيامى بهڕێز ئۆجالان و بانگهوازهكهى بۆ چهكدانان و خۆههڵوهشاندنهوهى پهكهكه دهكهين. داواكارين پهكهكه پابهند و گوێڕايهڵى پهيامهكه بێت و جێبهجێى بكات. هيوادارين ئهم بانگهوازه زهمينهخۆشكهر بێت بۆ بهديهاتنى ئاشتى و چارهسهرى ئاشتييانه. بێگومان سهردهمى خهباتى ئاشتى و مهدهنى و ديموكراسييه و لهو ڕێگهيهوه ئهنجام و دهستكهوتى باشتر دێنه دى، نهك به چهك و توندوتيژى. ئێمه له ههرێمى كوردستان پشتيوانيى تهواو له پرۆسهى ئاشتى دهكهين و ههرچى بكهوێته سهرشانمان بۆ سهرخستنى پرۆسهكه، ئامادهين ڕۆڵى يارمهتيدان و هاريكاريى بگێڕين. ههروهها به ڕێز و پێزانينهوه له ڕۆڵى بهڕێز سهرۆك ئهردۆغان و دهسهڵاتى ئاك پارتى دهڕوانين كه ههر له سهرهتاى دهسهڵاتهوه به بير و بڕوا و ڕوانگهيهكى ڕوونهوه زهمينهسازى و كاريان بۆ ئاشتى كرد. هيوادارين قۆناغى داهاتوو بە بەشداری و هاودەنگیی لایەنەکانی دیکەش له توركيا، قۆناغى سهركهوتنى ئاشتى و چارهسهرى بێت و ئارامى و سهقامگيرى باڵ بهسهر وڵاتهكه و تهواوى ناوچهكهدا بكێشێت.
شاندی دەم پارتی لە ئیستەنبووڵ پەیامی ئاشتیی ئۆجەلانیان بڵاوکردەوە، ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی شارەوانیی مێردین پەیامەکەی بەزمانى کوردى خوێندەوە. ئەوەش دوای ئەوەی شاندە 7 کەسییەکە ئەمڕۆ سەردانی ئیمراڵییان کرد. لەگەڵ بڵاوکردنەوەی بانگەوازی ئاشتی، شاندەکە وێنەیەکیان کە لە ئیمراڵی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان گرتبوو، بڵاوکردەوە. دەقی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکرات پارتی کرێکارانی کوردستان لە سەدەی بیستەمدا لەدایک بوو، کە توندوتیژترین سەردەمی مێژوو بوو، لە سایەی دوو جەنگی جیهانی، سۆشیالیزمی واقیعی و کەشوهەوای جەنگی سارد کە جیهان بەخۆیەوەبینی، هەروەها نکۆڵیکردن لە واقیعی کوردی و سنوردارکردنی ئازادییەکان، لەسەرووی هەموویانەوە ئازادی دەربڕین. لە رووی تیۆری و بەرنامە و ستراتیژی و تاکتیکەوە، حیزبەکە بە تووندی کاریگەر بوو بە سیستەمی سۆشیالیزمی واقیعیی سەدەی بیستەم. لەگەڵ رووخانی سۆشیالیزمی واقیعی لە نەوەدەکان بەهۆی هۆکاری نێوخۆیی و لەگەڵ پاشەکشەی سیاسەتی نکۆڵیکردن لە ناسنامە لە وڵاتدا و ئەو پێشکەوتنانەی کە لە ئازادی دەربڕیندا روویاندا، حیزبەکە گرنگیی خۆی لەدەستدا و دووچاری دووبارەبوونەوەی زێدەڕۆیانە بوو. لە ئەنجامدا، وەکو هاوتاکانی رۆڵی خۆی تەواو کرد و هەڵوەشاندنەوەی بووە پێویستییەک. بۆ زیاتر لە هەزار ساڵ، تورک و کورد هەوڵیان داوە لە بەرامبەر هێزە زاڵەکاندا مانەوەی خۆیان بپارێزن و خۆڕاگر بن، هەر ئەوەش بوو وایکرد هاوپەیمانێتی لەسەر بنەمای ئارەزوومەندانە ببێتە پێویستییەکی بەردەوام بۆیان. بەڵام مۆدێرنبوونی سەرمایەداری، لە ماوەی دوو سەد ساڵی رابردوودا، ئامانجی سەرەکی خۆی کردە هەڵوەشاندنەوەی ئەم هاوپەیمانێتییە. هێزە جیاوازەکان کاریگەرییان لێکرا و بەپێی بنەماکانی چینایەتی بەم ئاراستەیەدا رۆیشتن. بە لێکدانەوە تاکلایەنەکانی کۆمار، ئەم رێڕەوە خێراتریش بوو. ئەمڕۆ، دووربارە رێکخستنەوەی ئەم پەیوەندییە مێژووییە کە زۆر ناسک بووە، بە رۆحی برایەتی، لەگەڵ رەچاوکردنی باوەڕەکانیش پێویستە. ناکرێت نکۆڵی لە پێویستیی هەبوونی کۆمەڵگەیەکی دیموکرات بکرێت. ئەگەر پەکەکە، کە درێژترین و بەرفراوانترین بزووتنەوەی یاخیبوون و توندوتیژی بوو لە مێژووی کۆماردا، توانیویەتی هێز و پشتگیری بەدەست بهێنێت، ئەوا لەبەر داخستنی دەرەچەکانی سیاسەتی دیموکراتی بووە. ئەو چارەسەرانەی لەسەر بنەمای نەتەوەپەرستیی توندڕەو بنیاتنراون، وەک دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی جیاواز، یان فیدراڵی، یان ئۆتۆنۆمی، یان چارەسەری کولتووری، پێداویستییەکانی مافە کۆمەڵایەتییە مێژووییەکانی کۆمەڵگە دابین ناکەن. رێزگرتن لە ناسنامە، ئازادیی دەربڕین، رێکخستنی دیموکراتی و بنیاتنانی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی بۆ هەر گرووپێک بەپێی بنەماکانی تایبەتی خۆی، تەنها بە بوونی کۆمەڵگەیەکی دیموکرات و بواری سیاسی دیموکراسی جێبەجێ دەبێت. سەدەی دووەمی کۆمار ناتوانێت مانەوەی هەمیشەیی و برایانە بەدەست بێنێت ئەگەر دیموکراسی بەدەستنەهێنێت. هیچ رێگەیەکی دیکە جگە لە دیموکراسی نییە بۆ بەدەستهێنانی سیستەمی نوێ و جێبەجێکردنی و ناشبێت. رێگەی بنەڕەتی، رێککەوتنی دیموکراسیانەیە. هەروەها پێویستە زمانێک پەرە پێ بدرێت کە لە ماوەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیدا لەگەڵ واقیع بگونجێت. لە کەشوهەوای ئێستادا، کە بە بانگەوازی بەڕێز دەوڵەت باخچەلی دروست بووە، هەروەها ئەو ئیرادەیەی کە بەڕێز سەرۆک کۆمار نیشانیداوە و هەڵوێستە ئەرێنییەکانی پارتە سیاسییەکانی دیکە بەرامبەر بەم بانگەوازە، من بانگەواز بۆ چەکدانان دەکەم و بەرپرسیارێتی مێژوویی ئەم بانگەوازە دەگرمە ئەستۆ. وەک چۆن هەموو کۆمەڵگە و پارتە مۆدێرنەکان دەیکەین، کە نەتوانراوە بە هێز کۆتایی بە هەبوونیان بهێنرێت، لەسەر بەستنی کۆنگرەیەک و بڕیاردان لەسەر تێکەڵبوون لەگەڵ دەوڵەت و کۆمەڵگە رێکبکەون و پێویستە هەموو گرووپەکان دەستبەرداری چەک بن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. سڵاو بۆ هەموو ئەو گرووپانە دەنێرم کە باوەڕیان بە پێکەوەژیان هەیە و بەدەم بانگەوازەکەمەوە دێن. 25ی شوباتی 2025 عەبدوڵڵا ئۆجەلان
هاوڵاتى بڕیارە ناوەڕاستى هەفتەى داهاتوو وەزارەتى دارایی حکومەتى فیدراڵ، شایستە داراییەکان بۆ مووچەى مانگى دووى مووچەخۆرانى هەرێم بنێرێت ئەمەش بەوتەى سەرچاوەیەکى وەزارەتى دارایی، پاش ئەوەى وەزارەتى دارایى و ئابوورى حکومەتى هەرێمى کوردستان لیستى مووچەى مانگى شوباتى بە (سیستمى پەیڕۆڵ) ڕەوانەى بەغداد کردوە لەئەمڕۆوە وردبینى تێدادەکرێت. سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی هەرێم ڕاگەیاند: ئەمڕۆ وردبینی لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە دەستیپێكردووە و تاوەكوو ڕۆژی یەكشەممە كۆتایی دێت و چاوەڕوان دەكرێت لەدوای تەواوبوونی وردبینیكردنی لیستی مووچە، ڕاستەوخۆ پارەی مووچەی مانگی دووی ئەمساڵ لەلایەن بەغداوە خەرج بكرێت. هاوکات ئەو سەرچاوەیە ئەوەشى خستوەتەڕوو، لەگەڵ لیستى مووچەى مانگى شوبات، لیژنە تەکنیکییەکە ناوى ئەوانەى مووچەکانیان بەبانکى کراون و ئەوانەشى کە هێشتا مووچەکانیان بە بانکى نەکراون و وردەکارى تەواو لە راپۆرتێکدا رادەستى دارایى عێراق کرا. هاوکات، ئەوەشى روونکردەوە، پاش وردبینیی ناوەڕاستى هەفتەى داهاتوو وەزارەتى دارایى عێراق تەرخانى دارایى بۆ مووچەى مانگى شوباتى 2025 رەوانەى هەرێمى کوردستان دەکات، کە بڕەکەى زیاتر لە 950 ملیار دینارە. پرسی مووچە لەنێوان هەولێر و بەغدا بڕاوەتەوە و ڕێککەوتن کراوە، ڕێککەوتنەکە بۆ کۆی مانگەکانی ئەمساڵە، بەڵام بەهۆی خانەنشینبوونی ژمارەیەکی زۆری فەرمانبەر و چەند داواکارییەکی نوێی وەزارەتی دارایی عێراق ناردنی لیستی مووچەی مانگی شوبات دواکەوت.
هاوڵاتى فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، داوای لە ئیدارەی نوێی سووریا کرد ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن بۆ راگرتنی هێرشەکان لەسەر رۆژئاوای کوردستان، هاوکات داواش دەکات کار بکرێت بۆ بەدیهێنانى ئاگربەستێکی هەمەلایەنە لە هەموو سوریا. ئەمڕۆ پێنج شەممە، لە پەراوێزی “کۆڕبەندی سووریا بۆ دیالۆگی نیشتمانی بەرەو سوریایەکی فرەیی و دیموکراسی” لە شاری رەقەلەلایەن “ناوەندی “رۆژئاڤا بۆ لێکۆڵینەوە” و بە بەشداریی کەسایەتییە سیاسییەکانی سووریا لە ناوچە جیاوازەکانەوە رێکخرابوو. لەگرتەڤیدیۆییەکى تۆمارکراودا، مەزڵوم عەبدى، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات قسەى بۆ ئامادەبوان کردو وتى: ئێمە پابەندین بە پێویستی بەردەوامی دانوستانەکان لەگەڵ دیمەشق و یەکێک لە کارە لەپێشینەکانمان وەستاندنی هێرشەکانی تورکیایە. هەروەها جەختی لە پاراستنی نەگۆڕە نیشتمانییەکانی پەیوەست بە یەکڕیزی خاکی سوریا و یەکڕیزیی دامودەزگا مەدەنی و سەربازییەکانی دەوڵەت لە چوارچێوەی سیستەمێکی لامەرکەزیدا کردەوە. فەرماندەى هەسەدە بە پێویستی ڕاگرتنی هێرشەکان بۆ سەر ڕۆژئاواى کوردستان کردەوە، لە لایەن گروپە بەکرێگیراوەکانی سەر بە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، هەروەها داوای لە دەسەڵاتدارانی دیمەشق کرد ئەرکەکانی خۆیان لەو چوارچێوەیەدا جێبەجێ بکەن. لە کۆتاییدا مەزلوم عەبدی داوای لە سەرجەم نوێنەرانی پێکهاتەکانی ناوچەکە کرد، ڕۆشنبیران، پیاوانی ئایینی، ژنان و گەنجان، بەشداری لە دیالۆگێکی ناوخۆییدا بکەن بۆ گەیشتن بە دیدێکی هاوبەش بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسی لە سەرتاسەری سوریادا. کۆڕبەندەکە کە نزیکەی 300 کەسایەتی لە سیاسەتمەداران و چالاکوانانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی مەدەنی لەخۆگرتووە و بڕیارە ئەمڕۆ کۆتایی بە کارەکانی بهێنێت.