سەرۆک وەزیران دووپاتی دەکاتەوە، خەڵكی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەی ڕووناکیدا دەبنە خاوەن کارەبای 24 کاتژمێری و کەمتریش پارە بە کارەبا دەدەن. دەشڵێت, تا کۆتایی ساڵی داهاتوو، پرۆژەکە هەموو گوند و شارەکان دەگرێتەوە.  یەکشەممە، 11-05-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێریی پرۆژەی ڕووناکی، لە گەڕەکی بەڕۆشکێی شاری دهۆکی بەسەر کردەوە. لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا، سەرۆک وەزیران لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا باسی پرۆژەکە و مووچەی مانگی نیسان (چوار)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی کرد.  سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە، بەراورد بە پێشتر، لە پرۆژەی ڕووناکیدا، هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەبنە خاوەن کارەبای 24 کاتژمێری و کەمتر پارە بە کارەبا دەدەن. هاوکات داوای لە هاووڵاتییان کرد، زیادەڕۆیی لە خەرجکردنی کارەبادا نەکەن و لەگەڵ حکوومەت هاوکاربن.  لەبارەی فراوانبوونی پرۆژەی ڕووناکی، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە دا "تا کۆتایی ساڵی 2025، ناوەندەکانی شارەکانی دهۆک، هەولێر و سلێمانی بە تەواوی کارەبای 24 کاتژمێریان دەبێت. دواتر تا کۆتایی ساڵی داهاتوو، پرۆژەکە هەموو گوند و شارەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە." هاوکات تیمی پرۆژەی ڕووناکی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "تا ئەمڕۆ 600 هەزار هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان بوون بە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری. لەم مانگەدا زیاتر لە 500 هەزار هاووڵاتی دیکە لە هەولێر و دهۆک و سلێمانی سوودمەند دەبن لە کارەبای بێپچڕان و بەمەش کۆی ژمارەی هاووڵاتییان دەگاتە زیاتر لە یەک ملیۆن کەسی سوودمەند." لەبارەی کوژاندنەوەی مووەلیدە ئەهلییەکانیش، تیمی پرۆژەی ڕووناکی، باسی لەوە کرد، زیاتر لە 700 موەلیدەی ئەهلی کوژێنراونەتەوە، کە هاوتای لابردنی 125 هەزار ئۆتۆمبێل لە شەقامەکان دەکات. تا کۆتایی ساڵی 2027 زیاتر لە 7 هەزار موەلیدەی تایبەت دەکوژێنەوە. بە گوێرەی تیمەکە، بڕیارە لەم هەفتەیەدا ئەنجوومەنی وەزیران دەنگ لەسەر نرخی نوێی کارەبا بدات.  بنەماکانی دیاریکردنی نرخ وەک خۆیان دەمێننەوە کە بەم شێوەیەن: ماڵەکان و بازرگانەکان کەمتر پارە دەدەن لە چاو ئێستا، بەتایبەتی ئەوانەی کەمتر بەکاردەهێنن.

  تیمەکانی دروستکەری ئاشتی کۆمەڵگە (سی پی تی) دەڵێت، لەدوای پەیامەکەی ئۆجالان و ئاگربەستی تاکلایەنانەی پەکەکە، تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان زیادکردووە و لە مانگی نیساندا 210 هێرش و بۆردومانی کردووە. لە نوێترین ئاماریدا رێکخراوەکەدا دەڵێت، هێرشەکانی تورکیا لە مانگی نیساندا 78% بەراورد بە مانگی رابردوو زیادیکردووە، زۆرترین هێرش و بۆردومانیش لە دهۆک ئەنجامدراوە، بەشێکیشی لە هەولێر و لە سلێمانیش هیچ بۆردوومانێک نەکراوە. بەگوێرەی ئامارەکە، لەکۆی 210 هێرش و بۆردومانی تورکیا، 198یان لە سنووری پارێزگای دهۆک بووە، ئەمەش دەکاتە 98%ـی هێرش و بۆردومانەکان. لە سنووری پارێزگای هەولێریش رێکخراوەکە 12 هێرش و بۆردومانی تۆمارکردووە، واتە 8%ـی کۆی گشتی هێرش و بۆردومانەکان. رۆژی 27ـی شوباتی 2025 عەبدوڵا ئۆجالان لە پەیامێکیدا داوای لە پەکەکە کرد چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. چەند رۆژێک دواتر پەکەکە ئاگربەستی تاکلایەنانەی راگەیاند. سی پی تی دەڵێت، “ئەم زیادبوونە لە هێرش و چالاکیی سەربازی سوپای تورکیا ئاماژەیەکن بۆ گەڕانەوەی ئاستی هێرش و بۆردومانەکان بۆ پێش کاتی ئاگربەستەکە، ئەم زیادبوونە بەتەواوی لە سنووری قەزای ئامێدی تێبینیکراوە کە بە تەنها 92% هەموو هێرش و بۆردومانەکانی مانگی نیسانی تێدا تۆمارکراوە.” لە ئامارەکەدا هاتووە، لەکۆی ئەو 210 هێرش و بۆردومانانەی سوپای تورکیا، 42 هێرشیان ئاسمانی (فڕۆکە و درۆن) بوون، 14 هێرشی هێلیکۆپتەر و 153 هێرشیان تۆپباران بوون، یەک هێرشیش لەرێگەی تەقەکردن بە چەکی سووک بووە و بەهۆی ئەم هێرشانەوە خانووی سێ هاووڵاتی بەتەواوی خاپور بوون و دوو خانووی دیکەش زیانیان بەرکەووتووە. سی پی تی دەڵێت، کۆی هێرشەکانی سویا تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێم لە سەرەتای ئەمساڵەوە گەیشتووەتە 616 هێرش کە بەهۆیەوە سێ هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و شەش هاووڵاتی دیکەش برینداربوون.

  له‌ سلێمانی ژماره‌یه‌ك لایه‌نی سیاسی دەرەوەى دەسەڵات و كه‌سایه‌تی له‌ باره‌گای ڕه‌وتی هه‌ڵوێست لە ئیستادا لە كۆبوونەوەدان، بەمەبەستى تاوتوێیکردنى دروستكردنی به‌ره‌یه‌ك بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووى په‌رله‌مانی عێراق. به‌گوێره‌ی زانیاریه‌كان، نوێنه‌رانی هه‌ریه‌كه‌ له‌ لایه‌نه‌كانی جوڵانەوەى نەوەی نوێ، یەكگرتوی ئیسلامی، كۆمەڵی دادگه‌ری، بەرەی گەل، ڕه‌وتی هەڵویست، بزوتنەوەی پەیوەندی و د. یوسف و ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی له‌باره‌ی دروستكردنی به‌ره‌یه‌ك بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق گفتوگۆ لەبارەگاى ڕەوتى هەڵوێست کۆبوونەتەوە. لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆدا د.بەختیار شاوەیس، د.فاتیح محەمەد نوێنەرایەتی بەرەی گەل، رێبوار ئەوڕەحمان و فاروق غەفور نوێنەرایەتی نەوەی نوێ دەکەن و هەر یەک لە د. هادی عەلی و محەمەد هاودیانی نوێنەرایەتی یەکگرتوو دەکەن. لە کۆمەڵی دادگەری هەر یەک لە عەبدولستار مەجید، شوان رابەر، رێبوار حەمەد، فاروق عەلی بەشدارن لە کۆبونەوەکە، هەر یەک لە د.رێبوار کەریم و رێباز رزگار بە نوێنەرایەتی ڕەوتی هەڵوێست و محەمەد بازیانیش بە نوێنەرایەتی بزووتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی بەشداری لەو کۆبونەوەیە دەکەن. وەک کەسایەتی سیاسییش هەر یەک لە د.یوسف محەمەد، مەحمود رەزا، د.کاروان حەمەساڵح بەشدارن لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی لایەنە ناڕازییەکان. ئەم کۆبوونەوەیە درێژکراوەى کۆبوونەوەى دوێنییە کە لەبارەگاى یەکگرتوو ڕێکخرابوو، وەک بەشدارانى کۆبوونەوەکە دەڵێن هێشتا زووە بۆ ئەوەى بڕیارى کۆتایی لەبارەى شێوازو چۆنیەتى ئەو به‌ره‌یه یەکلایی بکرێتەوە کە بۆ هەڵبژاردنى داهاتوو پێکدەهێنرێت، کات و کۆبوونەوەو گفتوگۆى دیکەیان پێویستە بۆ بڕیارى کۆتایی. ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕۆژی 11-11-2025 بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دیاریکردووە.

تەنیا چوار رۆژ بۆ کۆتاییهاتنى وادەى تۆمارکردنى هاوپەیمانێتییەکان لە کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان ماوە و سەرچاوەیەکیش لە کۆمیسیۆنەوە دەڵێت، "لایەنە کوردییەکان هاوپەیمانێتییان بۆ هەڵبژاردنەکە تۆمار نەکردووە بەهۆی لوتکەی عەرەبییەوە  وادەى تۆمارکردنى هاوپەیمانێتییەکانیش درێژدەکرێتەوە". سەرچاوەیەک لە فەرمانگەى پارت و لایەنە سیاسییەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، راگەیاند، "بەهۆى ئەوەى هەفتەى داهاتوو، لوتکەى عەرەبى لە بەغداد بەڕێوەدەچێت و لایەنەکان سەرقاڵى رێکخستنى ئەو پرۆسەیەن، کۆمیسیۆن وادەى تۆمارکردنەکە پێنج بۆ 10 رۆژ درێژدەکاتەوە". سەرچاوەکە باسى لەوەشکرد، پێنج هاوپەیمانێتیى نوێ تۆمارکراون و گوتیشی، "یەکێکیان هاوپەیمانێتیى لایەن و قەوارەى سیاسیی ئێزدییە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ لایەن و قەوارەیەکى سیاسى نێوان لایەنە کوردییەکان هاوپەیمانێتیان تۆمارنەکردووە بۆ هەڵبژاردنەکانى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق". ئەمە لەکاتێکدایە، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رۆژى 14ـى ئایارى وەک دوا وادە بۆ تۆمارکردنى هاوپەیمانێتى، لیست و قەوارە سیاسییەکان راگەیاندووە. بۆ هەڵبژاردنەکانى پیشووترى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، 64 هاوپەیمانێتى پارت و قەوارە سیاسییەکان ئەنجام درابوو. لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق لە کۆتایی ئەمساڵ، لایەنە سیاسییەکان دەستیان بە مامەڵەی کڕین بە کارتی دەنگدەرانەوە دەستپێکردووە، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش هۆشداریی دەداتە دەنگدەران و پارت و قەوارە سیاسییەکان. لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا، لایەنە سیاسییەکان و ژمارەیەک چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویان کردەوە کە پڕۆسەی کڕین و فرۆشتن بە کارتی دەنگدانەوە لەلایەن نوسینگەی ژمارەیەک پەرلەمانتار و کاندیدەوە دەستی پێکردووە، ئەویش لە رێگەی ژمارەیەک دەڵاڵ و نێوەندگیرەوە. ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی (9ـی نیسانی 2025) لە کۆبونەوەیەکدا رۆژی (11ـی تشرینی دووەمی 2025) وەک وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دیاریکرا، بڕیارەکەش پێشوازیی زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی لێکەوتەوە و پاڵپشتی خۆیان بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە دەربڕی بەپێی یاسای هەڵبژاردنەکان بەبێ هیچ هەموارکردنەوە و دەستکاریی و گۆڕینی بڕگەکانی.

  وەزیری دەرەوەی تورکیا دۆخی سوریای بە نائارام و مەترسیدار وەسف کرد و جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی پابەندە بە یەکڕیزی ئەو وڵاتەو هانی ئیدارەی نوێی دیمەشق دەدات بۆ کرانەوە بەڕووی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا. وەزیری دەرەوەی تورکیا لەچاوپێکەوتنێکى ڕۆژنامەوانیدا، باسی لەوەشکرد، نزیکبوونەوەی تورکیا لە سوریا لەسەر بنەمای ئەو پرەنسیپە دامەزراوە کە بڕیارە بنەڕەتییەکان سەبارەت بە سوریا دەبێت لەلایەن خودی سوریاییەکانەوە بدرێت.  ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، "زەمینەیەکی نالەبارو شێواو" و دۆخێکی "نائارام و مەترسیدار" لە هەردوو وڵاتی سوریا و عێراقدا هەیە، جەختیشی لەوە کردەوە کە تورکیا سیاسەتێکی دەرەکی زۆر بنیاتنەر پەیڕەو دەکات کە پشت بە گشتگیری دەبەستێت بۆ چارەسەرکردن و باشترکردنی ئەم دۆخە بە گشتی. فیدان وتیشى: ئێمە سەرقاڵی هەندێک ڕاوێژکارین لەگەڵ براکانمان لەوێ (ئیدارەی نوێی سوریا)، گرنگیش بە یەکێتی خاکی سوریا دەدەین"، جەختیشیکردەوە، لایەنی سوریا بەباشی ئاگادارە کە تورکیە نوێنەرایەتی چی دەکات بۆ ئەوان. ڕوونیشیکردەوە، کە تورکیا دانوستانەکانی حکومەتی سوریا لەگەڵ وڵاتانی سێیەم بە هەنگاوێکی سروشتی دەزانێت لە هەوڵەکانیدا بۆ ڕوونکردنەوەی سروشتی سوریای نوێ بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە ڕوونی هانی ئەمە دەدات چونکە گرنگە.  وەزیری تورکیا ئاماژەی بەوە نەکردووە کە کام وڵاتی سێیەم دەکاتە ئامانج، هەرچەندە ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری سوریا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا باسی لە پەیوەندییە ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ ئیسرائیل کردووە بۆ کەمکردنەوەی دۆخی وڵاتەکەی.  ئیدارەی شەرع جگە لە پەیوەندی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل، پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا و عەرەبیشدا دەپارێزێت. فیدان جەختی لەسەر لابردنی ئەو سزایانەی لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا بەسەر سوریادا سەپێنرابوو، ئاماژەی بەوەدا کە هەوڵدان پێویستە بۆ هەڵگرتنی ئەو سزایانەی کە لەلایەن یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکاوە سەپێنراون، هەروەها بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی لە هەڵوێستی هەندێک وڵاتی ناوچەکە لە ڕێگەی گفتوگۆ و قایلکردنەوە.

  سەرۆکی گشتیی جەهەپە، ڕایدەگەیەنێت پێشوازیی لە هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتیی تورکیا دەکەین، دەمانەوێت بەو هۆیەوە هەموو زیندانیانی سیاسی بە تایبەت سەڵاحەددین دەمیرتاش ئازاد بکرێت. پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) شەممە 10ـی ئایاری 2025، گردبوونەوەیەکی بەرفراوانی لە شاری وان ئەنجامدا، ئۆزگور ئۆزێل، سەرۆکی گشتیی جەهەپە بەشداریی گردبوونەوەکەی کرد و ڕایگەیاند: کورد دەتوانێت ببێتە سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆماری تورکیا، بەڵام ڕێگەیان پێنادرێت. کاتێک باسی کوردبوون دەکەن، ڕووبەڕووی ستەم دەبنەوە.  سەرۆکی جەهەپە لەبەشێکى قسەکانیدا سڵاوی بۆ سەڵاحەدین دەمیرتاش نارد و داوای ئازادکردنی کرد، ئەو وتى:  ئەم حکومەتە جگە لە باندەکەی خۆی هیچ کەسێکی دیکە ناناسێتەوە و نایبینێت. دەبوو ڕێگە خۆشبکات بۆ ئەم گەنجانە، کەسانی وەک سەلاحەدین دەمیرتاش، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، ئازاد بکرێن و هەموومان دڵخۆش بین هەمووان بە یەکسانی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. ئۆزێل ئاماژەی بەوەشکرد، ئەحمەد عوزێر، سەرۆکی شارەوانی ئەسێنیورت لە ئیستانبوڵ کە خەڵکی شاری وانە، تەنیا لەبەر ئەوەی بە ناسنامەی کوردایەتییەوە بووەتە سەرۆکی شارەوانی لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە هەر لەبەر ئەم هۆکارە حکوومەت نایەوێت کورد سەرکەوتوو بێت. سەرۆکی گشتیی جەهەپە، دەشڵێت: پێشوازیی لە هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتیی تورکیا دەکەین و، دەمانەوێت بەو هۆیەوە هەموو زیندانیانی سیاسی بە تایبەت سەڵاحەددین دەمیرتاش ئازاد بکرێت.

  لە ئامەدى باکورى کوردسنان بە بەشداریی زۆرێک لە پارت و کەسایەتی و ڕێکخراوەکان بە مەبەستی ڕاگەیاندنی ‘دەستپێشخەریی یەکێتیی’ کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا. ئەمڕۆ کۆبوونەوەکە بە بەشداری کەسکین بایندەر، هاوسەرۆکی گشتیی دەبەپە، نوێنەر و بەڕێوەبەرانی پارتە کوردستانییەکان، ڕێکخراوە مەدەنییەکان، چەندین کەسایەتی دەستیپێکرد و تاکوو سبەی بەردەوام دەبێت. هەروەها لە هۆڵەکەدا بە زاراوەکانی کرمانجی و زازاکی کوردی، تورکی، عەرەبی، سووریانی و ئەرمەنی پانکارتی “بە هەڵوێستی یەکێتی سەردەکەوین” هەڵواسرا. کۆبوونەوەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدانی ئازادیی کوردستان دەستی پێکرد و ساڵیحە ئایدەنیز، دیبا کەسکین، ناهیت ئەرەن، کازم فورات و ئایەتوڵا ئاشتی بۆ دیوانەکە هەڵبژێردران. دواتر، یەکێک لە ئەندامانی دەستپێشخەرییەکە ئۆرهان ئایاز پەیوەست بەو پڕۆسەی دوای بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ وتی: داوا دەکەم پشتگیری ئەم پڕۆسەیە بکرێت، چونکە چاوی تەواوی کوردستان و جیهان لەسەر کۆبوونەوەکەمانە، ئێمەش لەسەر ئەم بنەمایە کۆبوونەوەکەمان ئەنجام دەدەین. هاوکات، لە بەردەوامی قسەکانی کۆبوونەوەکەدا ساڵیحە ئایدەنیز، ئەندام پەرلەمانی دەم پارتی مێردین باسی تێکۆشانی سری سوورەیا ئۆندەری کرد ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی ئەم بانگەوازە بە ئامانج بگات تێکۆشان بەڕێودەبەین. دەبێت لە باکووری کوردستان و تورکیا یەکێتی خۆمان بە دی بێنین، یەکێتی لە هەر چوار بەشی کوردستان و سووریا، ئێران، عێراق و تورکیا دیمووکراسیی پێش دەخات. گەلی کورد بۆ ئازادیی تێکۆشان دەکات و بۆ دیمووکراسیی هەمیشەیی دەبێت تێبکۆشێت. لە کۆتایی قسەکانییدا ئاماژەی بە کۆنگرەی پەكەكە دا و وتی: دەبێت ژنان، گەنجان و کۆمەڵگە زیاتر بە ڕۆڵی خۆیان ڕاپەڕن. لەبەر ئەم هەنگاوە مێژووییانە دەبێت بەرپرسیارێتی خۆمان جێبەجێ بکەین. هەروەها سوپاسی هەموو ئەوکەسانە دەکەین لە دامەزراندنی ئەم دەستپێشخەرییە ڕەنج دەدەن. دواتر سینان چیفتیورەک، پەرلەمانتاری دەم پارتی وان سەبارەت بە پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین وتی: دەوڵەت لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان کۆبوونەوەی ئەنجام دا. ئەم کۆبوونەوەیە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد هیوایەکی هێنایە ئاراوە. دەشڵێت: بەڕێز ئۆجالان بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و دیموکراتیکبوونی کۆمەڵگە بانگەوازی کرد. وەک دەستپێشخەری ئەم بانگەوازە گرنگ دەبینین و بانگەواز لە گەلەکەمان دەکەین بۆ چارەسەر کردنی پرسی کورد، زمانی کوردی ببێتە زمانی فەرمی و پەروەردە و بۆ ئاشتیی هەمیشەیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک پشتگیری دەستپێشخەری یەکێتیی بکەن. لە کۆتایی قسەکانییدا وتی: کۆنفرانسێکی گرنگ لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجام درا. ئەمە بۆ هەر چوار بەشی کوردستان و سەرانسەری سووریا گرنگ بوو، بڕیاری گرنگ درا. و وتیان، کوردان یەک دەنگن. هیوادارم ئەم دەستپێشخەرییە لێرە بڕیارێکی باش بگرێت و ڕێگەمان بۆ بکاتەوە. لە دوای قسەکان کۆبوونەوەکە بەبێ ڕاگەیاندن بەردەوامبوو.

ئاسایشی سلێمانی ئەمڕۆ ژمارەیەک بارهەڵگرى ڕەوانەی هەرسێ شوێنەکەی کۆمەڵە کراوە لە زرگوێزەکان و چەند ماڵێکیان بارکردوە و بۆ کەمپی سورداش. سەرچاوەیەکی ئاگادار، تایبەت بەهاوڵاتى وتى: دوو هەفتەیە چەند جارێک پەیام دراوەتە حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا هاوڵاتیانەى لە ناوچەی زڕگوێزی سلێمانی ماون بەزوویی چۆڵى بکەن.  وتیشى: ئەو مۆڵەتەی بە حزبەکانی رۆژهەڵات (کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، رێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان)ـیان دابوو بۆ جێهێشتنی زڕگوێز و زڕگوێزەڵە و بانە گەورە کۆتاییهات و کاروانێکی دیکەی هەر سێ کۆمەڵەکە رەوانەی کەمپی سورداش کرا. سەرچاوەکە ئەوەشى خستەڕوو ئەمڕۆ ژمارەیەک ماڵ گواسترانەوە  بۆ کەمپی سورداش، لەئێستا لیژنەیە لەهەردوولا لەکۆبوونەوەدان بۆ ئەوەى پرۆسەکە ڕابگیرێت تا چەند هەفتەیەک. کۆتایی مانگی رابردوو ئاسایشی سلێمانی مۆڵەتی 10 رۆژی بە کۆمەڵەکانی رۆژهەڵات لە زڕگوێز دابوو بۆ ئەوەی تەواوی خێزان و لایەنگرانیان بچنە کەمپی سورداش. سەرچاوەکە وتى: ئەوان داوایانکردوە بچینە سورداش، ئێمەش پێمان ڕاگەیاندوون لەم کاتەدا ناچینە ئەو شوێنەـ چونکە هیچ ئامادەکارییەک نەکراوە، وەک چادرو ئامێرى فێنککەرەوەو ثێداویستى ترى سەرەتایی ژیان، ناکرێت لەم کاتەدا بچین چونکە کۆتایی ساڵى خوێندنە ناتوانین خوێندکارەکانمان بگوازینەوە لەوشوێنەش وەزع خراپە تەنانەت بنکەیەکى تەندروستى تێدانیە. کەمپی زڕگوێز دەکەوێتە ناحیەی تانجەڕۆـی سەر بە قەزای سلێمانی لە پارێزگای سلێمانی. رۆژی 19ــی ئابی 2024، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، بە نووسراوی فەرمی داوای لە ئیڤان فایەق جەبرۆ، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کرد رەزامەند بن بۆ بەکارهێنانی کەمپی سوورداش بۆ جێگیرکردنی هێزە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و هەر لەو رۆژەدا وەزیر رەزامەند بوو. ناوەڕاستی ساڵی 2023، ئێران ڕێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان واژۆکرد، کە ڕێكکەوتنەکە تایبەت بوو بە چەککردنی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە کۆتاییەکانی ئەو ساڵەدا بەشێکی ڕێککەوتنەکە جێبەجێکرا. حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پابەندی خۆیان بە چۆڵکردنی سنورەکانەوە ڕاگەیاند بەڵام بۆ چۆڵکردنی تەواوی بارەگاکانیان ملیان نەدا. ئێران زیاتر لە جارێک نیگەرانی لەسەر چۆڵنەکردنی بارەگاکان نیشاداوە و ڕاگەیاندووە،" پێویستە حزبە دژبەرەکانی ئێران بۆ قوڵایی خاکی عێراق بگوازرێنەوە کە مەبەست لێی سنوری موسڵە". 

  دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی توركیا (مەهەپە) لە پەیوەندیەكی تەلەفونیدا لەگەڵ پەرین بوڵدان، پەرلەمانتاری پارتی یەكسانی و دیموكراتی و ئەندامی شاندی ئیمرالی، سوپاسی کردووە بۆ بڵاوكردنەوەی ئەو بەیاننامەكەی لەبارەی بەڕێوەچوونی كۆنگرەی پارتی كرێكاران بۆ بڕیاردان لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی پارتەكە. بەگوێرەی میدیاكانی توركیا، باخچەلی بە بوڵدانی راگەیاندووە، بە شێوەیەکی شەخسی سوپاستان دەکەم، بەشداریتان لەم پرۆسەیەدا زۆر گەورەیە، پرۆسەکە بەهۆی ئێوەوە گەیشتووەتە ئەم قۆناغە، تەواوی هەوڵی خۆم دەدەم بۆ تەواوكردنی. لای خۆیەوە، پەروین بوڵدان بە باخچەلی راگەیاندووە،  منیش سوپاس ئێوە دەكەم، ئەم پرۆسەیە پێکەوە تەواو دەکەین. پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دوێنێ هەینی رایگەیاند، کۆنگرەی 12ـەمیان لە رۆژانی 5 بۆ 7ـی ئەم مانگە بەڕێوەبردووە و لە داهاتوویەکی نزیکیشدا زانیاری لەبارەی کۆنگرەکە بڵاودەکەنەوە. شاندی ئیمرالیی دەم پارتی چوار جار سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی کردووە و پەیامەکانی ئەویان بە رای گشتی گەیاندووە؛ ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کرد، کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێت، ئومێدیان بە سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری هەیە؛ لەبارەی کۆنگرەکەی پەکەکەش دەڵێت، چاوەڕێن ئەو پارتە بڕیاری چەکدانان بدات.   سەزایی تەمەلـلی، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، ئومێدیان بە سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری هەیە، داواشی لە هەموو پارتە سیاسییەکانی تورکیا کرد، دەستپێشخەری بۆ بەرەپێشچوونی پرۆسەکە بکەن.

لەیلا زانا، سیاسەتمەداری کورد دوای ڕاگەیاندنی کۆنگرەی پەکەکە، پەیامێکی بڵاوی کردەوە و ئاماژەی بەوەدا، ئەم سەردەمە نوێیە بەرپرسیارێتی نوێ دەخاتەسەر هەموو کەسێک دوای ڕاگەیاندنی ١٢ـەمین کۆنگرەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لەیلا زانا سیاسەتمەداری کورد، لەسەر پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، پەیامێکی بڵاوکردەوە. لەیلا زانا ئاماژەی بەوەدا، سەردەمی نوێ. هیوا نوێیەکان، ڕێبازی نوێی تێکۆشان، بەرپرسیارێتی نوێ دەخاتەسەر شانی هەموومان. دەبێت بە هۆشیاری و هەستیارییەوە نزیکی پرۆسەیەکی دیموکراتیک، یەکسانیپارێز، دادپەروەر و ئازاد بین. بەم هەست و بیرانەوە، هیوادارم خێری بۆ جوگرافیاکەمان هەبێت.” ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ پرۆسەی چارەسەریی کێشەی کورد و گەلانی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەنجامدانی کۆنگرەی ١٢ـیەمی خۆی ڕاگەیاند.

  ئەندامی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی پەروین بوڵدان ئاماژەی بەوەدا بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئۆجالان بەشیوەی تەکنیکی بەشداری کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکەی کردووە. پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) پەیوەست بە کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکەوە بۆ ئاژانسی میزۆپۆتامییا قسەیکرد. ناوبراو بەستنی کۆنگرەی وەک هەنگاوێکی مێژوویی پێناسەکرد و هەروەها ئاشکرای کرد سەرۆککۆماری تورکیا دەربارەی بابەتەکە لێدوانی دەبێت. پەروین بوڵدان ئاشکرای کرد، بە قۆناغێکی مێژوویدا تێپەڕدەبن و وتی: “دەزانین هەمووان لە چاوەڕوانی بەستنی کۆنگرەی پەکەکەدا بوون. ئەم کۆنگرەیە پێویستییەک بوو بۆ هێنانەئارای دیموکراسی و بە دیموکراتیزەکردنی تورکیا. کاتێک لەگەڵ بەڕیز ئۆجالان کۆبووینەوە باسی لە گرنگی قۆنا‌غەکە و پێکهێنانی ئاشتی لە تورکیادا کرد. دەیوت، تورکیا پێویستی بە ئاشتییە. پەکەکە ڕایگەیاند کۆنگرەی خۆی ئەنجامداوە، ئەم کۆنگرەییە دەبێتە ڕەخسێنەری ئاشتی لە تورکیادا. لە ئێستا بەدواوە دەبێتە بناغەیی ئاشتی لە تورکیادا، هەنگاوی مێژوویی دەنرێت. بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەبێتە ڕەخسێنەری چاوەڕوانییەکان. بۆیە پێویستە بە گرنگییەکی مێژووییەوە لەم هەنگاوە بڕاوانین.” بەشداری کۆنگرە بەشێوەیی تەکنیکی دەربارەی ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ بەشداری بەستنی کۆنگرەی کردووە یان نا، پەروین بوڵدان وتی: “بە ئەگەرێکی زۆرەوە بەشێوەی تەکنیکی (ڕاگەیاندنێکی تەکنیکی) ئەنجامدراوە. نامەوێ وردەکاری زیاتر بدەم. لەبەرئەوەی ڕێگەکەمان درێژەی هەیە و پێویستە بە ئاگادارییەوە لەسەر پرۆسەکە قسەکەین و زیانی لێنەدەین. بۆیە تا گەیشتن بە سەرکەووتنی پرۆسەکە دەبێت بە ئاگادارییەوە قسەکەین. کاتێک سەرنج بدەینە ڕاگەیاندراوە دراوەکان، ئەگەری ئەوە هەیە لە ڕۆژانی داهاتوودا ڕاڤەی بەرفراوانتر بکرێت. بێگومان ڕاڤەکردنی گرنگ دەبێت. پێویستە باسی ڕۆڵی سری سوورەیا ئۆندەر بکەم. خۆزگە ئەویش بە چاوی خۆی ئەم ڕووداوەی ببینایە. کاری زۆی کرد، بە ئێستاشەوە لە پرسەی ئەوداین. جارێکی دیکە بە ڕێزەوە یادی دەکەینەوە و ئەم هەنگاوە پێشکەش بەڕۆحی ئەو دەکەین.” ئەردۆغان لێدوانی دەبێت لە بارەی بابەتەکەوە پەروین بوڵدان ئاشکرایکرد، سەرۆکی ئاکەپە دەربارەی بابەتە لێدوان دەدات و وتی: “لە ماوەیەکی نزیکدا قسەی لەبارەی بابەتەکەوە دەبێت. نامەوێ لەسەر ئەم بابەتە هەڵسەنگاندن بکەم. بەڵام لە ماوەیەکی کورتدا سەرۆککۆماریش قسەی لەسەر بابەتەکە دەبێت.”

  پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە رایدەگەیێنێت، کۆنگرەی 12ـەمیان لەنێوان رۆژانی 5 بۆ 7ـی ئەم مانگە لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا بەڕێوەچووە. هەروەها زانیاریی کۆنگرەکە لە داهاتوویەکی نزیکدا بڵاودەکەنەوە. دەقی راگەیێندراوەکە:    "دوازدەهەمین کۆنگرەی پەکەکە لە رۆژانی 5 تا 7ی ئایار، لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو. کۆنگرە بە بەشداریی نوێنەرانی هەموو بوارەکانی کارکردن، لە دوو شوێنی جیاوازدا و بە شێوەی هاوتەریب ئەنجامدرا.   دوازدەهەمین کۆنگرەی پەکەکە، لەسەر بانگەوازی رێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبووەوە و سەرەتا بە پەرۆش و رێزەوە سڵاوی لە رێبەر ئاپۆ کرد و ئەو دید و پێشنیارانەی رێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە پێشکەشی کۆنگرەی کردبوون، خوێندرانەوە و هەڵسەنگاندنیان بۆ کرا. هەروەها راپۆرتی کورتی کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکەش لە کۆنگرەدا خوێندرایەوە و گفتوگۆی لەسەر کرا.   لەم چوارچێوەیەدا، دوازدەهەمین کۆنگرەی پەکەکە، لەسەر بنەمای بانگەوازی رێبەر ئاپۆ، بڕیاری گرنگی مێژوویی سەبارەت بە کارەکانی پەکەکە دەرکرد.   دوازدەهەمین کۆنگرەی پەکەکە، کە لە مانگی ئایار، مانگی شەهیداندا بەڕێوەچوو، یادی هەموو شەهیدانی قارەمانی 52 ساڵی تێکۆشانی مێژوویی بە رێز و خۆشەویستی و پێزانینەوە کردەوە. بانگەوازی لە گەلی نیشتمانپەروەرمان و هەموو هێزە دیموکراتی و سۆسیالیستەکان کرد کە بە دروستی خاوەندارێتی لە هەموو ئەو بەها نەتەوەیی و دیموکراتییانە بکەن کە لە ئەنجامی 52 ساڵی تێکۆشانی مەزندا، بەتایبەتی لەلایەن شەهیدەکانمانەوە، هاتونەتە ئاراوە و بیانژین و بیانژێنن.   دوازدەهەمین کۆنگرەی پەکەکە، یادی شەهید سری سورەیا ئۆندەریشی بە رێز و پێزانینەوە کردەوە، کە یەکێک بوو لەو کەسانەی زۆرترین ماندووبوونی لە ئامادەکارییەکاندا کێشابوو. بانگەوازی لە هەمووان کرد کە بە هاوکاریی یەکتر کار بکەن بۆ سەرخستنی ئامانجەکانی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی ئەو مرۆڤە بەڕێزە، کە 12 ساڵ هاوڕێیەتیی ڕێبەر ئاپۆی کردبوو.   زانیاری و بەڵگەنامەی فراوان و ورد سەبارەت بە ئەنجام و بڕیارەکانی دوازدەهەمین کۆنگرەی پەکەکە، دوای یەکخستنی ئەنجامەکانی هەردوو شوێنەکە، لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا لەگەڵ رای گشتیدا هاوبەش دەکرێت.   لەسەر ئەم بنەمایانە، لە کەسایەتیی یەکەمین شەهیدی گەورەمان، هاوڕێ حەقی قەرەردا، جارێکی دیکە یادی هەموو شەهیدە قارەمانەکانمان بە رێز و پێزانینەوە دەکەینەوە و بانگەوازی لە گەلی نیشتمانپەروەرمان و دۆستە دیموکراتەکانمان دەکەین کە لە هەموو بوارەکاندا یادی شەهیدە قارەمانەکانمان بکەنەوە و تێکۆشان بۆ ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ زیاتر بەرزبکەنەوە!"

  مەحمود حەبیب، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەڵێت، هاریکاری نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەشێوەیەکی کاریگەر بەردەوامە، باس لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی نێوانیشیان دەكات لەدژی شانەکانی داعش لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا. ئاماژەی بەوەشکردووە، هەردوولا مەشق و راهێنانیانی شەوانە و رۆژانەیان ئەنجامداوە بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی مەیدانی و ئۆپەراسیۆنەكان، هەروەها ئەو شوێنە نوێیانە توندوتۆڵكراوە كە هێزەكانی لێی جێگیركراوە وەک ناوچەی "سیرین"، لەگەڵ پلانی بڵاوكردنەوەی هێز بەمزوانە لە ناوچەی بەنداوی تشرین لە گوندەواری باشوری کۆبانی. ئەو فەرماندەیەی هەسەدە راشیگەیاندووە، هاوپەیمانان هێزی سەربازی و لۆجستی نوێیان بۆ پشتیوانی لە بنکەکانی سوپاكەیان لە باکوری سوریا رەوانەكردووەو، قسەکردن لەبارەی نزیکی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانانيش، تەنها خەیاڵەو هیچ بنەمایەكی نییە. رۆژی شەممەی رابردوو، سەرچاوەیەک لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە ئاژانسی "نۆرس پرێس"ى راگەیاند،  هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، گەورەترین مانۆڕی سەربازی خۆی ئەنجام دەدات لە دوای هاتنی بۆ ناو سوریاوە، لە هەر دوو بنکەی خۆی لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردووە، مانۆڕەکان لە بنکەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە کێڵگەی نەوتیی ئەلعومەرو دەوروبەری و، هەروەها لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دەیرزورەوە دەست پێدەکات، تا دەگاتە سنوری عێراق. رونیشیکردەوە، مانۆڕەکانی داهاتوو گەورەترین مانۆڕن كە لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە ئەنجامدەدرێن و رێگە خۆشدەکەن بۆ قۆناغێکی نوێی ئۆپەراسیۆنەکان دژی رێکخراوە خراپەکارەکان.

  رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، تەواوی بەربەستەکانی پرۆسەی ئاشتییان تێپەڕاندووە، ئەمڕۆ و سبەی پەکەکە چەک دادەنێت و خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە. ئەردۆغان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی پارتەکەی لە حکومەت و پەرلەمان گوتی، قۆناغێکی نوێ لە تورکیا بۆ هەمووان دەستپێدەکات، ئەرکێکی گرنگ دەکەوێتە سەرشانی سیاسییەکان. هەروەها داوایکرد لەم قۆناغەدا بە چاوکراوەییەوە مامەڵە بکەن، لەبەرئەوەی هەندێک لایەنی سیاسی هەوڵدەدەن دۆخەکە بقۆزنەوە. هەر لەو کۆبوونەوەیەدا ئەردۆغان بە وەزیر و پەرلەمانتاری ئاک پارتی گوت، قۆناغێکی ئاسان چاوەڕێمان ناکات، بەڵام متمانەم بە ئێوە هەیە. ئەردۆغان هۆشداری لە بەڕێوەبردنی پرۆسەکە بە بەرپرسانی حیزبەکەی داوە و گوتوویێتی: "کارێکی مەزنتان دەکەوێتە ئەستۆ. دەکرێ کەسانێک بیانەوێت لەڕووی سیاسییەوە ئەم بابەتە بقۆزنەوە، هەر بۆیە دەبێت ئامادە بین. پرۆسەیەکی ئاسان چاوەڕێی ئێمە ناکات. لەم بابەتەدا متمانەم بە ئێوە هەیە". رۆژی 01-10-2024 دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە پەرلەمان چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە کرد.   رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەو هەنگاوەی باخچەلی بە "پەنجەرەی هیوا" ناوبرد و ئومێدی خواست، ئەو دەرفەتە نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی کەسی.   باخچەلی دواتر داوای لە دەم پارتی کرد لەگەڵ ئۆجەلان دیدار ساز بکەن. شاندێک کە لەلایەن دەم پارتییەوە پێکهێنرا دیداری لەگەڵ ئۆجەلان سازکرد و لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کۆبووەوە. ئەو شاندە سەردانی هەرێمی کوردستانیش کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆبووەوە.    پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رۆژی 1ی ئاداری 2025 ئاگربەستی راگەیاند. ئەوەش لە دوای بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دێت کە رۆژی 27ی شوبات بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی" بڵاوکرایەوە و داوای چەک دانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد. 

دوای دوو کۆنفرانسی جیا و سەرنەگرتنی هیچیان بە هۆکاری جیا، بەرپرسێک لە بزووتنەوەی گۆڕان لە گەڕەکی کوردسات دەڵێت، وادەیەکی نوێ بۆ کۆنفرانس دیاریکراوە لەم مانگەدا. ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیش لە گردی زەرگەتە بۆ بەشداربوونیان هەڵوێستی ئەو ئاراستەیە دەخاتەڕوو.   دوای ناکۆکییە نێوخۆییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، 5ـی نیسانی ئەم ساڵ، ئاراستەی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەکە کۆنفرانسی گشتیی بەڕێوەبرد، بەڵام دوای کۆنفرانسەکە رایگەیاند، "بە دەستوەردانی حیزبی، کۆمیسیۆن بەشداریی نەکردووە".   ئاراستەکەی دیکەی بزووتنەوەی گۆڕان کە بە "باڵی کوردسات"یش ناودەبرێن، 26ـی نیسان کۆنفرانسێکیان بەڕێوەبرد و کۆمیسیۆنیش ئامادە بوو، بەڵام بە گوێرەی یاساکانی کۆمیسیۆن، ژمارەی پێویستی ئەندامانی بزووتنەوەکە ئامادە نەبوو، بۆیە هەڵگیرا بۆ کاتێکی دیکە. كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، وادەیەكی نوێ بۆ بەستنی كۆنفرانسی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان دیاری دەكات و ئەمجارە نیساب بەگوێرەی زۆرینەی رەهای ژمارەی ئامادەبووانی كۆنفرانسەكە دەبێت. دوای ئەوەی رۆژی 26ی مانگی رابردوو بزوتنەوەی گۆڕان نەیتوانی نیسابی یاسایی تەواوبكات بۆ بەستنی كۆنفرانسی نیشتمانی، لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراقەوە كۆنفرانسەكە هەڵوەشێندرایەوەو بڕیاردرا وادەیەكی دیكە بۆ بەستنی كۆفرانسەكە دیاری بكرێت. ئەنجومەنی كۆمسیاران لە كۆبوونەوەی رۆژی 7ی ئەم مانگە، بڕیاریدا رۆژی 24-5-2025 وەك وادەی نوێ بۆ بەستنی كۆنفرانسی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان دیاری بكات. لە بڕیارەكەی ئەنجومەنی كۆمسیاراندا هاتووە، تەواوبوونی نیسابی كۆنفرانسەكە بەپێی ژمارەی ئامادەبووان دەبێت و بڕیارەكانیش بە زۆرینەی رەهای ئامادەبووانی كۆنفرانسەكە پەسەند دەكرێت.