شێروان شێروانی، کە یەکێک بوو لە حوکمدراوانی بادینان، بڕیاربوو ئەمڕۆ ئازاد بکرێت، بەڵام پارێزەرێکی دەڵێت، رێکارە یاساییەکان تەواو نابن و ڕۆژى چوارشەممەى  داهاتوو هەوڵدەدەن ئازادی بکەن. محەمەد عەبدوڵا پارێزەری کەیسی رۆژنامەنوس شێروان شێروانی رایگەیاند: ئەگەر گرفت نەیەتە پێشەوە رۆژی چوارشەممە شێروان شێروانی ئازاد دەکرێت. شێروان شێروانی زیاتر لە چوار ساڵە لە زینداندایە و دوای بڕیارێکی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سزاکەی بۆ نیوە کەمکرایەوە.   بارزان شێروانی ڕایگەیاند، بەهۆی تەواونەبوونی رێکارە ئیدارەییەکان ئازادکردنی شێروان شێروانی دوادەکەوێت. لەبارەی ئەوەی تا ئێستا دۆسییەی دیكە لەسەر ئەو ڕۆژنامەنووسە كراوەتەوە وتی، تا ئێستا هیچ دۆسییەك لە دژی شێروان نەكراوەتەوە. ئەوەش لەكاتێكدایە، ڕۆژی ١٦-٢-٢٠٢١ دادگای هەولێر بە تۆمەتی “تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی بڕیاری دەستگیركردن بۆ شێروان شێروانی دەرچوو و لەوكاتەشەوە چەندین دۆسییەی دیكەی لەسەر كراوەتەوە بە مەبەستی درێژكردنەوەی ماوەی وادەی زیندانیكردنی. مانگی شوباتی 2022 بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان 60%ـی سزاکەیان لابرا، جگە لە شێروان شێروانی کە 50%  کەمکرایەوە.   دوای لێخۆشبوونەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، 16-03-2023 سێ کەس لە حوکمدراوان کە بریتی بوون لە ئەیاز کەرەم، هاریوان عیسا و شڤان سەعید ئازاد کران و دوای دوو سزای دیکە، گوهدار محەممەدیش ئازاد کرا.   بەگوێرەی بڕیارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەبوو ئەیلوولی 2023 شێروان شێروانی ئازاد بکرایە، بەڵام پێش ئەو کاتە و لە 20ـی تەمموزی 2023، شێروانی بە مادەی 298 و 295 لە یاسای سزادانی عێراق، بە چوار ساڵ بەندکردن سزا درایەوە، دواتر بە بڕیارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان چوار ساڵەکە کرایەوە بە دوو ساڵ و بڕیاربوو ئەمڕۆ ئازاد بکرێت.

  بەرێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتووی بڵاوکردەوە و پێشبینی دەکرێت لە زۆربەی ناوچەکان تاوە باران و بروسکە هەبێت. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پیشبینی دەکرێت، کەشی ئەمڕۆ دووشەممە، 10-3-2025، ئاسمان هەوری تەواو بێت، لەگەڵ ئەگەری تاوە باران و بروسکە لەزۆربەی ناوچەکاندا، هەروەها پاش نیوەڕۆ پێشبینی دەکرێت لەناوەندی شارەکانیش باران ببارێت بەڵام لەناوچەکانی ڕۆژهەڵات و سنووری پارێزگای سلێمانی و ناوچەکانی بادینان زیاتر بێت. ئاماژەی بەوەش دا، پلەکانی گەرما لەناوچە شاخاویەکانی بەگشتی 2 تا 4 پلەی سیلیزی بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنی نزم دەبێتەوە.  کەشانسی هەرێم ڕوونیشی کردەوە، پێشبینی دەکرێت کەشی سبەینێ سێشەممە، 11-3-2025، ئاسمان هەوری تەواو بێت لەگەل ئەگەری تاوە باران و بروسکە لەناوچە جیاجیاکانی هەرێم، پاشان لە کاتەکانی ئێوارە ئاسمان بەرەو نیمچە هەور دەگۆرێت و کەشەکە سەقامگیر دەبێتەوە، هەروەها پلەی گەرما نزیك دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر : 19 پلەی سیلیزی سلێمانی : 15 پلەی سیلیزی دهۆک : 17 پلەی سیلیزی  کەرکوک : 19 پلەی سیلیزی  زاخۆ : 17 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 15 پلەی سیلیزی سۆران : 14 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران : 7 پلەی سیلیزی گەرمیان : 18 پلەی سیلیزی

بڕیارە ئەمڕۆ شاندێکی دەم پارتی لە چوارچێوەی گفتوگۆكانی ئاشتی، سەردانی بارەگای سەرەکی جەهەپە لە ئەنقەرە بکەن و لەگەڵ ئۆزگور ئۆزال سەرۆکی گشتیی جەهەپە کۆببنەوە. شاندەکەی دەم پارتی پێکهاتووە لە هاوسەرۆکەکانی پارتەکە و چەند ئەندامێکی دیکە، پێشتر جەهەپە پێشنیازیکردبوو لیژنەیەكی هاوبەش لە پەرلەمان پێکبهێنرێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دەستپێکردنەوەی دیدارەکانی ئاشتی و چارەسەركردنی کێشەکان. هاوکات چاوەڕێدەکرێت، لەو کۆبوونەوەیەدا پرسی قەیوم و هەڵبژاردنی پێشوەختە و چەند بابەتێکی دیکە گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت. وابڕیارە سەردان و کۆبوونەوەکانی دەم پارتی تاوەکو نەورۆ بەردەوام بن و لەبارەی پرۆسەی ئاشتی سەردانی زۆربەی پارتەکانی تورکیا بكات.

  ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا داوا لە عێراق دەکات کێشەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان چارە بکات. مایک واڵتز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا بە تەلەفوون گفتوگۆی لەگەڵ محەممەد شەیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی نیگەرانی خۆی سەبارەت بە لافاوەکەی ئەم دواییەی بەغدا دەربڕی. والتز، جەختی لە بایەخی هەنگاونان بەرەو پەیوەندییەکی پتەو لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە ئەمنییەکان و بازگانییە هاوبەشەکان کردەوە، والتز، ئاماژەی بەوەدا بڕیاری نوێنەکردنەوەی دەستبەرداربوون لە سزاکانی سەر هەناردەکردنی کارەبای ئێران یەکدەگرێتەوە لەگەڵ ستراتیجیەتی "زۆرترین فشار"ی سەرۆک ترەمپ لەسەر ئێران، و فشارەکان لەسەر ئێران زیاتر دەبێت ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لە پەرەپێدانی توانای چەکی ئەتۆمی و پشتیوانیی تیرۆر لە سەرانسەری ناوچەکەدا، لەنێویاندا عێراق. والتز، پێشوازی لە هەوڵەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد، بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی وزە بۆ عێراق، هەروەها هانی حکوومەتی عێراقی دا، پێشوازیی لە کۆمپانیاکانی وزەی ڕۆژئاوا و ئەمەریکی زیاتر بکات بۆ ناو کەرتی نەوت و گاز لە عێراق.  ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا، داوای لە حکوومەتی عێراق کرد، لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاربکات بۆ چارە کردنی ناکۆکییەکانی گرێبەستی ماوەتەوە و پێدانی پاشەکەوتی قەرزاری کۆمپانیاکانی وزەی ئەمەریکی، هەروەها داوای کرد حکوومەتی عێراق ڕێکخەرێکی وەبەرهێنان بهێڵێتەوە بۆ کارکردن لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریکییەکان کە دەیانەوێت وەبەرهێنان و کارکردن لە عێراقدا بکەن. ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی سوپاسی سەرۆک وەزیرانی کرد، بۆ پابەندبوونی بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی ئەمەریکا و عێراق، هەروەها جەختی لەسەر پابەندبوونی ئیدارەی ترەمپ کردەوە بۆ قووڵکردنەوەی پەیوەندییە وزە و ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات بۆ ئەوەی سوود بە هەردوو گەلی ئەمەریکا و عێراق بگەیەنێت.

  ئەمڕۆ شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چووە بەغدا و لەگەڵ تەیف سامی کۆبووەوە. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی دەڵێت، "ئەمڕۆ لێکتێگەیشتنی زۆر باش هەبوو لەنێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا. بەپێى وتەى ئەو سەرچاوە، لە 48 کاتژمێری داهاتوودا پارە دەنێردرێت و بە ئەگەرێکی زۆەرەوە ئەگەر هیچ نەیەتە پێشەوە، ڕەنگە سبەی بنێردرێت. ڕۆژی یەکشەممە، 09ـی ئاداری 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان راگەیاند، "ئەمڕۆ شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عیراق و سەرۆکی دەستەی خانەنشینانی عێراق کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا لێکتێگەیشتنی زۆر باش هەبوو سەبارەت بە لیستی مووچەی مانگی دوو و کێشەی خانەنشینان."   لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، ئەو سەرچاوەیە وتی، "کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە لیستی مووچەی مانگی دوو و کێشەی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان." دەشڵێت، "سبەی کۆبوونەوەی دووەم دەکرێت. لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ لێکتێگەیشتنی زۆر باش لەنێوان هەردوولا دا هەبوو." ئەندامێکی شاندە، ڕایدەگەیەنێت لە کۆبوونەوەدا کۆنووسێک لەنێوان هەردوولا ئامادەکراوە و لەسەری ڕێککەوتوون، بەڵام ئەمڕۆ ئیمزا نەکرا.  سەرەتای ئەمساڵ هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق ڕێککەوتن لەسەر ناردنی کۆی مووچەکانی ئەمساڵ لە کاتی خۆی، بەڵام ئێستا فەرمانبەرانی کوردستان لەنێو مانگی سێ دان کەچی بەغدا مووچەی مانگی دووی ڕەوانە نەکردووە. سۆران عومەر، ئەندامى پەرلەمانى عێراق، دەڵێت: نوێترین داواکاریى وەزیرى دارایی فیدراڵ لە شاندەکە ئەوە بووە کە 3%ـى پارەى لێبڕینى خانەنیشنى 2014 بە دواوە رادەست بکەن بەوپێیەى لەو ماوەیەدا بەغدا 10%ـى لە مووچە بڕیوە بۆ خانەنشینى لەکاتێکدا هەرێمى کوردستان 7%ـى بڕیوە، بۆیە داواى ئەو 3%یە دەکات کە وەرنەگیراوە.   بەگوێرەى یاسای خانەنشینى یەکگرتووى عێراق، 10%ـى مووچەى فەرمانبەران بۆ سندووقى خانەنشینى دەبڕدرێت، لەکاتێکدا بە گوێرەى یاسای خانەنشینى لە هەرێمى کوردستان، رێژەى بڕینەکە لە 7% بووە.

"دەستووری بنەڕەتی من ژیانێکی ئەفسوناوییە لەگەڵ ئێوە!" من ئاگاداری ئەو ڕاستیەم کە، لەسەر خاکی خودبوون، تۆ بە هەموو شێوەیەک حەقیقەتی مرۆڤایەتی دەژیت، ئێوەی ژنانی بەها ئەفسوناوییەکان، من هەرگیز وازم لە ژیان لەگەڵ ئێوە نەهێنا، ئەم ژیانە لەم حاڵەتەدا بوو بە شتێکی سەرەکی کە بەردەوام بووم. بەڵام، ئەو ڕاستییەی کە بۆ یەکەمجار ئەوەندە شایستە و ئازادە، وەک یەکەمەکانی تری میزۆپۆتامیا شایستە دەبێت، ڕەنگە ئەمە ڕوویدابێت، پرسی ئازادی ژن هێشتا گرنگی خۆی پاراستووە، پرۆسەی کۆمۆنالیستی دیموکراسی، دۆخی مۆدێرنی بە کۆمەڵایەتیکردنی ژنی پێشەنگە، گەیشتن بە حەقیقەتی کۆمەڵایەتی تەنیا لە ڕێگەی ئەم شێوازەوە دەکرێت، تا کولتووری دەستدرێژی/دەستدرێژی سێکسی لەناو نەچێت، حەقیقەتی کۆمەڵایەتی لە بواری زانستی و جوانکاری و ئایینیدا سەرهەڵنادات، هەروەک مارکسیزمیش جەختی کردۆتەوە، سەرکەوتنی سۆسیالیزم مەحاڵە تا ئەو کولتوورە پیاوانە لە قوڵایی کۆمەڵگەی مۆدێرن بنبڕ نەکرێت، ڕێگای سۆسیالیزم بە ئازادی ژندا تێدەپەڕێت، تۆ ناتوانی سۆسیالیست بیت تا ڕزگاری ژن بەدی نەیەت، سۆسیالیزم مسۆگەر نییە، سۆسیالیزم بەبێ دیموکراتیک نابێت. یەکەم ئەزموونم لەگەڵ سۆسیالیزمدا لە شێوازی قسەکردنم لەگەڵ ژنێکدا دیار بوو. کەسێک کە نەزانێت قسە لەگەڵ ژن بکات، ناتوانێت سۆسیالیست بێت، کۆمەڵایەتیبوونی پیاو پەیوەستە بە پەیوەندییەکەی لەگەڵ ژنێکەوە.   "ژن خودی گەردوونە" پیرۆزی ژنە. ژن خۆی گەردوونە، هەروەها مرۆڤ هەسارەیەکی سەرگەردانییە لە خولگەی ئەم گەردوونەدا، بۆ یەکەمجار کە  بانگی منداڵ دەکرێت و ئەو کەسەی زمانی دروست کردووە ئەوە ژنە، دروستکەری کولتوور ژنە. دروستکەری کۆمەڵگەش ژنە. هەروەها پیرۆزی و خودایی هی ژنانە، بۆ ژنان بیردۆزییەکی ڕزگاریخوازی ژنانم پەرەپێدا کە لە چوار بوار پێکهاتبوو، ئەمە تیۆرییە. کولتووری ژنی پێشەنگ، سەردەمی خوداوەندەکان، دەگەڕێتەوە بۆ نێوان ١٠ هەزار بۆ چوار هەزار پێش زایین. ئایینە یەکتاپەرستەکان لە بابلەوە دەست پێدەکەن، داستانی بابل داستانێکی کۆیلەکردنی ژنانە، دروستکردنی داستانی بابلی یەکێکە لە بناغە بنەڕەتییەکانی ئەفسانەی میزۆپۆتامیا. لە نێوان ساڵانی ٤٠٠٠ بۆ ٢٠٠٠ پێش زایین، تێکچوونی کولتووری ژنان دەستیپێکرد. دوای ئەوەی کولتووری ژنی پێشەنگ داڕما، ژنە کۆشکەکە لەگەڵ میتانییەکان سەریهەڵدا. هەروەها نەفەرتیتی ژنێکی خەڵکی کۆشکە، ژنانی کۆشکی ئەو سەردەمە لە پرۆسەی مێژووییدا بوون بە ژنی ماڵەوەی ئەم سەردەمە، وەک دەزانن کولتوور و نەریتی ساتی هەیە، لە کولتوری ساتیدا ژن فڕێ دەدرایە ناو ئاگر و دەسوتێندرا، ئەمەش لە ساڵانی ١٨٣٢دا ڕووی دەدا، دواتر ئینگلیز کۆتایی بەم کولتوورە هێنا.   "ئەو نوێبوونەوەیەی کە دووبارە ڕوودەداتەوە زۆر گرنگە"  ئەو نوێبوونەوەیەی کە دووبارە ڕوودەداتەوە زۆر گرنگە، نابێت ژنان بە زاراوەی بایۆلۆژی هەڵسەنگێندرێن، بەڵکو بە زاراوەی کولتووری و کۆمەڵایەتی و مێژوویی هەڵسەنگێندرێن، وەک سیمۆن دی بۆڤوار دەڵێت؛ ژن لەدایک نابێت، بەڵکو هەبوونە، دژی خۆشەویستی و هاوسەرگیری نیم. بەڵام ڕۆژانە چەندین کوشتنی دڕندانە بەناوی خۆشەویستییەوە ئەنجام دەدرێن، مرۆڤی عاشق چۆن خۆشەویستی خۆی دەکوژێت؟ ئەمە خۆشەویستی نییە، تا ئەمڕۆش زۆرێک لە ژنان بەهۆی ئەم جۆرە پەیوەندییەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە، هەروەها کولتووری ژنانی ئازاد هەیە. ئەو ئاستەی تۆ پێی گەیشتووی نزیکە لەم کولتوورە، ژنان هەوڵ دەدەن سنووری دایکایەتی و هاوسەرگیری تێپەڕێنن، بەڵام، هێشتا ئێوە تەنها لەسەدا ١٠ـی کولتووری ئازادیی ژن بەڕێوە دەبەن. بنەماش ئەوەیە کە دەبێت بە تێگەیشتن شەڕ بکرێت، سیستمی کۆمەڵایەتی پیاوانی سەردەست هەمیشە بۆ ژنان کێشە دروست دەکات. توندوتیژی هەیە، داگیرکاری هەیە، سێکس هەیە، دەستدرێژی ڕەگەزیی هەیە، ئەگەری کوشتنی منداڵانی کچ هەیە. لە داهاتوودا منداڵان بکوژرێن ئێوە چی دەکەن؟ کاتێک من باسی کەلتووری ساتی دەکەم، من سەرنج دەخەمە سەر ئەو ڕاستییە. دەبێت ئێوە لەگەڵ ئەم کەلتوور و تێگەیشتنە شەڕ بکەن. لەم بوارەدا کەموکوڕی و ناکۆکییتان هەیە، خۆتان لەم کەموکوڕی و ناکۆکییانە ڕزگار بکەن. کێشەی ژن لە کێشەی کورد قووڵترە، کێشەیەکی لەم جۆرە هەیە. لەم بوارەدا ئێمە دەستپێکێکی بچووکمان پێک هێنا. کەلتووری شەڕ و پێکدادان زۆرترین جار دژی ژنان بەڕێوەدەچێت. تێکشکاندنی ئەم کەلتوورە داینەمۆی تێکۆشانمانە. ڕۆحی ئەم سەردەمە سیاسەتی دیموکراتیکە، زمانی ئەم سەردەمەش زمانی ئاشتییە. بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی ئازاد" لە هەمان کاتدا بۆ ژنان ڕێنیسانسە. من سڵاو لەو ژنانەی گوێ لە بانگەوازەییەکەم دەگرن، باوەڕ بە ژیانی هاوبەش دێنن بە ئەشقی مەم و زین، بە ئەشقی دەروێشی عەبدی نوێ دەکەم و ٨ـی ئاداری ڕۆژی جیهانی ژنانی ڕەنجدەر پیرۆز دەکەم.   سڵاو و خۆشەویستیم عەبدوڵا ئۆجالان ٨/مارسی ٢٠٢٥

  هەپەگە ڕایگەیاند، سوپای داگیرکەری تورک چوار جار بە بۆمبی فسفۆڕی قەدەغەکراو هێرشی کردووەتە سەر گەریلاکانی ئازدیی، ٣٤ جاریش لە ئاسمانەوە بە تۆپ و چەکی قورس و ٩١٩ جاریش هێرشی ڕاستەوخۆی کردووەتە سەر هێزەکانی گەریلا. ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، سەبارەت بە بەردەوامبوونی هێرشە ئاسمانیی و زەمینییەکانی سوپای داگیرکەری تورک ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. هەپەگە ئاماژەی بەوەکرد، لە ڕۆژانی ٦ و ٧ـی ئادار لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ تونیلەکانی گەریلا لە گۆڕەپامانی بەرخۆدانی شاخی ئاێدی چوار جار بە بۆمبی فسفۆر بۆردومان کراون کە بەکارهێنانیان لە شەڕدا بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان قەدەغەیە. هەروەها ڕاشیگەیاند، و ٦، ٧ و ٨ـی ئادار لە هەرێمی خواکورک گۆڕەپانی بەرخۆدانی لۆلان و گۆشین، ، گۆڕەپانەکانی خێرێ، گرێو ڕەشید، دەشتا کافیە، مێرانێ، دێرێشێ، بێبادە، خالەتا، شاخی بابیل لە هەرێمی گارێ، لە هەرێمی مەتینا گۆڕەپانی بێشیلی و گۆڕەپانی سەری مەتینا، گۆڕەپانەکانی شاخی جودی لە هەرێمی شەهید دەلیل لە ڕۆژاوای زاپ، بە گشتی ٢٣ جار لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە بۆردوومان کراون. هەپەگە باسی لەوەشکردوە، لە ڕپژانی ٧ و ٨ـی ئادار گۆڕەپانی بەرخۆدانی چیای بەهار لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ، ١١ جار بە هەلیکۆپتەری هێرشبەر بۆردوومان کراوە. لە بەردەوامیدا دەشڵێت: لە ڕۆژانی ٦ و ٧ و ٨ـی ئاداردا گۆرەپانەکانی بەرخۆدانی بەربەزینە، شەهید شەریف، لولان و کەندەکۆلا لە خاکورک ٥٣ جار بۆردوومان کران، گۆرەپانەکانی شاخی ڕەشید، دێریشە، گرگاشە، سپیندارە، مژە، مێرانە، شاخی زەنگل، دەرییە حرچ، زوکە لە گارێ ١٩٦جار بۆردومان کران، هەروەها ناوچەکانی بەرخۆدان سەرێ مەتینا و بێشیلی و شێلازە لە هەرێمی مەتینا ١٥١ جاران بۆردومان کراون و گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی شاخی ئامەدیە و شاخی بەهار لە هەرێمی شەهید دەلیل لە ڕۆژاوای زاپ ٥١٩ جاران بۆردومان کراون؛ بە گشتی دەبێتە ٩١٩ جار بە چەکی قورس، تۆپخانە و دوورهاوێژەکانی بۆردوومان کراون. هەروەها، لە ٦ـی ئادار بە چەکی قورسی دۆشکە، کاتێک لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئامێدی تونێلەکانی بەرخۆدانی گەریلای تۆپباران کرد، لەلایەن هێزەکانمانەوە بەئامانج گیرا و تێکشکا. لە کۆتایشدا ڕایگەیاند، هەروەها لە هەرێمی ماکۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەندێک کۆنترا بە پۆشینی جلوبەرگی گەریلا و ناساندنی خۆیان بە ناوی گەریلا پارە لە خەڵک وەردەگرن، دەبێت گەلەکەمان متمانەی بەم جۆرە کەسانە نەبێت و پێویستە وریا بن.

  قەسەدە ڕایگەیاند، فڕۆکەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک شوێنی کرێکارانی گرێدراو بە بەنداوی تشرینیان بۆردوومانکردەوە و هەروەها دەورووبەری پردی قەرەقۆزاقیان تۆپباران کرد و دەشڵێن: شەڕڤانان وەڵامی هێرشی چەتەکانیان بۆ سەر دێرحەفیر دایەوە. ناوەندی ڕاگەیاندنی قەسەدە، سەبارەت بە ئاماری ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی و وەڵامدانەوەی شەڕڤانان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد، هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە مانگی سێیەمیدا بەردەوامە، بەهۆی بەرخۆدانی قارەمانانەی شەڕڤانانمانەوە، داگیرکەران و چەتەکان ناتوانن پێشڕەوی بکەن. ڕاشیگەیاند، دوێنێ (شەممە) فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە باشووری ڕۆژهەڵاتی منبج بۆردوومانی شوێنی کرێکارانیانی گرێدراوی بەنداوی تشرینیان کردوە،  هەروەها بە تۆپ و هاوەن بە چڕی گوندەکانی دەورووبەری بەنداوی تشرینیان تۆپباران کردووە، لە ئەنجامی هێرشەکاندا زیانی ماددی کەوتووەتەوە. هەروەها، لە بەرەی دێر حەفیر شەڕ لە نێوان شەڕڤانانمان و چەتەکاندا ڕوویدا، لە ئەنجامدا چەند چەتەیەک کوژران، بەڵام ژمارەیان دیاری نەکرا. قەسەدە باسی لەوەشکردوە، گوندەکانی تینا، جادا، بیر حەسۆ، دیکان، مەلحا و سینا، گری شێڤێ و قەرەقۆزاق و دەوروبەری پردی قەرەقۆزق بە زیاتر لە ٣٠ گولـلە تۆپ، هاوەن، تانک و مووشەک تۆپباران کراون، لە ئەنجامدا زیانی ماددی بەر ماڵ و موڵکی دانیشتووان کەوتەوە. لە کۆتاییشدا دەڵیت: بە درێژایی ڕۆژ فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەسەر کۆبانێ، عەین عیسا و گوندەکانیاندا دەسووڕایەوە.

  ئەميحای چیكلی، وەزیری تاراوگەی ئیسرائیلی، دەڵێت، ئیسرائیل جوڵە دەكات بۆ پاراستنی دروزییەكان لەناوچەكانی نزیك لە سنورەكانی، بەپێویستیشی دەزانێت كورد لە كۆمەڵكوژی بپارێرێت. وەزیری تاراوگەی ئیسرائیلی، لە نوسینێكدا لەتۆڕى کۆمەڵایەتى (ئێكس) كە هاوپێچی وێنەی چەكدارێكی هێزە ئەمنیەكانی سوریای كردووە، كە قاچی خستووەتە لەسەر تەرمی ئافرەتێك، نوسیوتی، ئەو وێنانەی لە سوریا بڵاودەبنەوە ترسناکن، ئەمە روخساری رژێمێکە كە تیرۆریستانی داعش سەرۆکایەتی دەكەن و  جلوبەرگی سەربازییان لەبەردایە. ئەو وەزیرە دەڵێت: ئیسرائیل هەنگاو دەنێت بۆ پاراستنی کەمینەی دروزەکان لە ناوچەکانی نزیک لە سنورەکانی، هەروەها دەبێت هەوڵ بدرێت بۆ بەرگریکردن لە هەموو کەمینەکانی سوریا، بە جەختکردنەوە لەسەر کورد، لە کۆمەڵکوژی جیهادییەکان کە لەلایەن دەستەی تەحریر شامەوە ئەنجام دەدرێت. ئەميحای چیكلی وتیشى: ڕۆژئاوا دەبێ هەموو هەوڵێک بدات بۆ سەپاندنی گەمارۆ بەسەر ئەم رژێمە تیرۆریستییە و سەرپەرشتیارەكانی، ئەردۆغان و قەتەر. هەفتەى پێشوو ڕۆژنامەی"وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی، ئەمڕۆ چوارشەممە ئاشکرای کردوەوە، ئیسرائیل فشار دەخاتە سەر زلهێزەکانی جیهان، بۆ ئەوەی حکومەتی ناوەندی لە دیمەشق بە لاوازی بمێنێتەوەو، دەوڵەتی نوێی سوریا بکرێتە دەوڵەتێكی ئۆتۆنۆمی لەسەر بنەمای نەتەوەیی، لەگەڵ ئەوەی ناوچە سنورییەکانی باشور لەلایەن ئیسرائیلەوە لە چەك داماڵراوبێت. رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەدەكات، بەدرێژایی دوو دەیەی رابردوو دراوسێی تەنیشت ئیسرائیل بەشار ئەسەد بووە، دیکتاتۆرێکی دوژمنکار کە بەهۆی دابەشبونە تائیفیەکانی سوریاوە لاواز ببوو، ئێستا ئیسرائیل هەوڵدەدات ئەو ئەو پرسە لە خۆی دوربخاتەوە كە بەرپرسانی ئەمنی وەک هەڕەشەی  دەبینن، كە ئیسلامیەکانی سەر بە تورکیا هەوڵدەدەن سوریا یەکبخەن. لە چەند رۆژی ڕابردوودا، سوپای ئیسرائیل ناوچەی زیاتری لە باشوری سوریا کردووەتە ئامانج، بۆ ئەوەی رێگریكردن لە گەیشتنی چەک بە دەستی حکومەتی دیمەشق یان هەر لایەنێکی دیکە. هەفتەی رابردوو بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل داوای کرد باشوری سوریا لە چەك دابماڵرێت، جەختیشی کردەوە: لەوەی رێگە نادەن رژێمی نوێی ئیسلامی توندڕەو لە سوریا زیان بە دروزەکان بگەیەنێت.

هێزەکانی "هاوپەیمانی نێودەوڵەتی"  بەرەبەیانى ڕۆژانی هەینی و  شەممە دوو فڕۆکەی بارهەڵگری سەربازی بە یاوەری هەلیکۆپتەری سەربازی گەیاندە ڕۆژئاواى کوردستان لە بنکەى ڕمێلان لە باکووری شارى حەسەکە. ڕوانگەى سورى بۆ مافەکانى مرۆڤ، ئەمرۆ یەکشەممە بڵاویکردەوە، ئەو دوو فڕۆکەیە بارکرابوون بە کەرەستەی سەربازی و لۆجستی، ئەمەش لە چوارچێوەی بەهێزکردنی بوونی هێزەکانى ئەمریکایە لە ناوچەکەدا. ئەمەش لە چوارچێوەی بەردەوامی بەهێزکردنی بنکەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان لە ڕۆژئاواى کوردستان دێت. هاوکات هەفتەى پێشووش دوو فڕۆکەی سەربازی بارهەڵگری ئەمریکی، سەرباز و کەرەستەی سەربازی و لۆجیستیان گەیاندە ڕۆژئاوای کوردستان، فڕۆکەیەکیان لە بنکەی سەربازیی خەراب جیری ڕمێلانی باکووری حەسەکە، ئەوەی دیکەشیان لە بنکەی سەربازیی شەدادی حەسەکە نیشتووەنەتەوە. لەباکوور و رۆژهەڵاتى سووریا 11 بنکەى سەرەکى و چەند بنکەیەکى لاوەکیى ئەمریکا جێگیرکراون. هاوپەیمانان لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا بە 78 فڕۆکە، 246 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر، چەک و کەرەستەی سەربازییان گواستووەتەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان. لە پاش کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتى ڕژێمی پێشووى سووریا لە مانگى کانوونى یەکەمى ساڵی ڕابردوو، ئەمریکا و هاوپەیمانان، بەردەوام کەرەستە و کەلوپەلى سەربازیى زیاتر  لەڕێگاى ئاسمانى و زەمینیەوە ڕەوانەى بنکە سەربازییەکانیان دەکەن. 

  بەڕێوەبەرایەتى کەشناسى ڕایدەگەیەنێت لەسەر بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان ئەگەرى نمە باران هەیە، سنوورى پارێزگاى سلێمانى و ئیدارەى ڕاپەڕین و  گەرمیان لە کاتەکانى دواى نیوەڕۆ ناو بەناو باران بارینى کورت خایەن و هەندێ کات هەورە تریشقەش دەبێت. کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو ئەمڕۆ یەک شەممە 9-3-2025 کەش/ئەو ناسەقامگیریەى هەیە لەسەر  کەشى بەشێک لە ناوچەکەمان بەردەوامى دەبێت ئاسمانى هەرێم بە گشتى نیمچە هەور دەبێت .سەبارەت بە باران بارین لەسەر بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان ئەگەرى نمە باران هەیە ,سنوورى پارێزگاى سلێمانى و ئیدارەى ڕاپەڕین و  گەرمیان لە کاتەکانى دواى نیوەڕۆ ناو بەناو باران بارینى کورت خایەن و هەندێ کات هەورە تریشقەش دەبێت   . خێراى با / لەسەرخۆ بۆ مامناوەند  دەبێت ( 10 - 15 ) کم/س . ئاراستەی با / باکووری خۆرئاوا دەبێت . پلەکانی گەرما/  نزیک دەبێتەوە بە بەراورد بە پلەکانى گەرماى  دوێنێ   مەوداى بینین / 8-10 کم /س  پلەکانی گەرما / لەسەر نەخشەدا ئاماژەیان پێدراوە . سبەی دوو شەممە 10-3-2025 کەش/ ئاسمان نیمچە هەور دەبێ بە گشتى لە دواى نیوەڕۆى ڕۆژى دووشەممە  ئەگەرى باران بارین لە سەر زۆربەى ناوچە جیاجیاکانى هەرێم هەیە .کاریگەرى ئەم بارانە بە بوونى هەورە تریشقەو لە هەندێ ناوچەى شاخاوی لێزمە بارانى کورت خایەن دەبێ لە شەودا کۆتاى بە کاریگەرى ئەم شەپۆڵە دێت کە ماوەى چەند رۆژێک بوو لەسەر ناوچەکانى باشوور و باشوورى ڕۆژهەڵاتى هەرێم بوو بە تایبەت .  خێراى با / لەسەر خۆ بۆ مامناوەند دەبێت ( 10 -15 ) کم/س .  ئاراستەی با / باکووری خۆرئاوا دەبێت . پلەکانی گەرما/ کەمێک بەرز دەبێتەوە سنوورى پارێزگاى هەولێر ودهۆک نزم دەبێتەوە بە (1-3) پلەى سیلیزى   . مەوداى بینین / ( 7 – 9 ) کم دەبێت .  بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر :  19 پلەى سیلیزى سلێمانى: 20 پلەى سیلیزى دهۆک : 17 پلەى سیلیزى زاخۆ :  18 پلەى سیلیزى  هەڵەبجە :20 پلەى سیلیزى کەرکوک:  22 پلەى سیلیزى سۆران : 15 پلەى سیلیزى حاجی ئۆمەران: 2 پلەى سیلیزى گەرمیان : 23 پلەى سیلیزى بەشى پێشبینى /بەرێوەبەرایەتى گشتى کەشناسی و بوومەلەرزەزانى

  سەرچاوەیەکى باڵاى وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێمى کوردستان، ڕایدەگەیەنێت بەمەبەستى بەدواداچوون و چارەسەرکردنى کێشەو گرفتەکانى لیستى مووچە، دوو شاندی وەزارەتی دارایی  بۆ مووچەی مانگی دوو لە بەغدان. بەوتەى ئەو سەرچاوەیە شاندەکان وەڵامی پرسیارەکانی تەیف سامی لەبارەی کێشەکانی بەردەم مووچەی مانگی دوو دەدەنەوە. شاندێکیان پێکهاتووە لە بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشنینیی هەرێمی کوردستان، سکرتێر و راوێژکارێکی وەزیری دارایی. شاندی تەکنیکی کاتژمێر سێی شەوی رابردوو و شاندەکەی دیکەش کاتژمێر حەوتی ئەم بەیانییە گەیشتوونەتە بەغداد. شاندەکەی دیکەیان تیمێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایین و لیستی مووچەی مانگی شوباتیان بە شێوازی پایرۆڵ ئامادەکردووە. شاندەکە پێکهاتوون لە رێباز عەباس، راوێژکار و بەڕێوەبەری نووسینگەی وەزیری دارایی، کۆڤان تەحسین، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی، هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی، مریەم عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی و ستافی سیستمی پەیڕۆڵ لە فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیاری.   سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ڕاگەیاند، "لە رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی رابردووەوە هەموو رێکارەکانی لیستی مووچەی مانگی دوو تەواوکراون، بەڵام بەهۆی پشووەوە واژۆی لەسەر نەکرا." 3ـی شوباتی 2025، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، نووسراوێکی بۆ نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان نارد، تێیدا سێ داواکاری لە هەرێمی کوردستان کرد، کە ئەمانەی خوارەوەن:   1. پێدانی نووسراوی پارەدارکردنی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی 2025ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.   2. تەواوکردنی ناردنی داتای تایبەت بە بەجێکردن "تەوتین"ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی ئەو میکانیزمەی کە لە بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی دانراوە.   3. ناردنی داهاتی نانەوتی مانگی کانوونی دووەمی 2025 بۆسەر ئەو هەژمارەی کردوویانەتەوە لە بانکی ناوەندیی عێراق بە ژمارە (70018).

یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند، دەبێت پـ.ـارتی کـ.ـرێکارانی کوردستان دەستبەجێ‌ چەکەکانیان رادەست بکەن، ئەوەشى خستەڕوو ڕاگەیاندنى هیچ ئاگربەستێک لەلایەن تورکیاوە لەئاردادا نییە. رۆژنامەی "زەمان"ی توركی لە زاری یەشار گولەرەوە بڵاویكردووەتەوە، رێکخراوی پـ.ـەکە.کەو سەرجەم درێژکراوەکانی کە لە ناوچە جوگرافییە جیاوازەکان و بە ناوی جیاواز کاردەکەن، بەبێ گوێدانە ئەوەی لە کوێ بن، دەبێت دەستبەجێ بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خۆیان بدەن و دەستبەجێ و بێ مەرج چەکەکانیان رادەست بکەن، هەر لێدوانێک یان کارێک کە پێچەوانەی ئەمە بێت، هیچ بەرامبەرێكی نییە. وەزیری بەرگری توركیا راشیگەیاندووە، پرسی وەك ئاگربەست لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، کە نەخراوەتە ناو دەقی بەیاننامەکەی عەبدوڵا ئـ.ـۆجەلان، نابێ بخرێنە بەرنامەی کارەوە، چونکە هەرگیز شتێکی وا لەسەر مێز نییە. گولەر وتیشى: ئامانجی کۆتایی ئێمە ئەوەیە؛ خواستی هاوبەشی ٨٥ ملیۆن هاوڵاتیمان ئەوەیە کە تیرۆر کۆتایی پێبێت، ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان بەتەواوی تەسفیە بکرێن و هەموو هەڕەشەکانی سەر وڵاتەکەمان نەهێڵن.  ئەوەشى وت: ڕێگە نادرێت پرۆسەکە تێکبدرێت، سووکایەتی پێ بکرێت و درێژخایەن بکرێت؛ ڕێبازێکی وریا و عەقڵانی وەک بنەما دەگیرێتەبەر. دەشڵێت "پێویستە هەمووان متمانەیان بە ئەزموون و دووربینی بەرفراوانی دەوڵەتەکەمان هەبێت و هاووڵاتیانمان لەو بوارەدا ئاسوودە بن".

مەریوان هەڵەبجەیی نوسەرو لێکۆڵەر، ڕایدەگەیەنێت لای دادوەری گشتیی دوو دەوڵەت دوو سکاڵای فەرمیم لە دژی پۆلیس و دەزگای هەواڵگریی هەردوو شانشینی سوید و نەرویج تۆمار کرد. سەبارەت بەناوەڕۆک و هۆکارى سکاڵاکە، مەریوان هەڵەبجەیی دەڵێت: سکاڵاکە تایبەتە بە شکستی گەورەی پۆلیس و دەزگای هەواڵگری سوید لە بەجێگەیاندنی ئەرکە یاسایی و دەستوورییەکانی خۆیان لە دابینکردنی پاراستنی پێویست بۆ هاوڵاتی سەلوان مۆمیکا. ئەو جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە پێویستە لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ بکرێت تاوانباران سزا بدرێن، وتیشى :خزمەتگوزارییە ئەمنییەکان نەیانتوانی ئەرکە دەستووری و یاساییەکانیان بۆ پاراستنی مافی ئازادی ڕادەربڕینی مۆمیکا جێبەجێ بکەن، کە مافێکی بنەڕەتییە و لەلایەن دەستووری سوید و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤەوە گەرەنتی کراوە. ئەو نوسەرە ئەوەشدەخاتەڕوو مۆمیکا لە ناونیشانێکی نهێنیدا نیشتەجێ بووە، کە تەنها لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە شوێنەکەی ناسراوە، ئەمەش پرسیاری جددی لەسەر چۆنیەتی دزەپێکردنی زانیارییەکانی و ئەنجامدانی تیرۆرەکە دروست دەکات. سەبارەت بە ناوەڕۆکى سکاڵای دووەمیش ئەوەدەخاتەڕوو تایبەتە بە بوونی چالاکیی فکري تیرۆریستی و کەسانی خاوەن بۆچوونی توندڕەو کە لەسەر خاکی نەرویج نیشتەجێن، کە مەترسی لەسەر ئاسایشی گشتی و مافەکانی هاوڵاتیان دروست دەکات. سەلوان مۆمیکا پەنابەری عێراقیی تەمەن 38 ساڵ، شەوى ٣٠ى مانگى یەکى ڕابردوو لە ناوچەی هۆڤشۆی شاری سۆدەرتەلیەی سوێد کوژرا. مۆمیکا ساڵی 2018 چووەتە سوید و ساڵی 2021 مۆڵەتی مانەوەی سێ ساڵەی پێدرا. هاوینی 2023 کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند، ئەمەش کاردانەوەی تووندی موسڵمانانی جیهانی لێکەوتەوە و کارەکەیان سەرکۆنە کرد.

  نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی هەشتی مارس (رۆژی جیهانیی ئافرەتان) پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "درێخى ناكه‌ين بۆ بنياتنانى كۆمه‌ڵگەیه‌ک كه‌ تيايدا ژن هاوبه‌شێكی راسته‌قينه‌ بێت له‌ دروستكردنی داهاتوودا."   رۆژی شەممە، 8ـی مارسی 2025، نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێکدا رایگەیاند: "كۆتاییهێنان به‌ توندوتیژی دژی ژنان، پاراستنی مافه‌كانیان و دابینكردنی ژینگه‌یه‌ك كه‌ به‌شداريی یه‌كسانیان له‌ هه‌موو بواره‌كانى ژياندا مسۆگه‌ر بكات، به‌رپرسیاريه‌تییه‌كی گشتییه‌."  هاوکات وتیشى: بنیاتنانی كۆمه‌ڵگەیه‌كی دیموكراسی و پێشكه‌وتوو بێ مسۆگه‌ركردنی ماف و ئازاديی ژن و به‌هێزكردنی ڕۆڵ و پێگه‌ى له‌ هه‌موو بواره‌كاندا، به‌دی نايه‌ت. دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی:   به‌ بۆنه‌ی هه‌شتی ئادار، ڕۆژی جیهانیی ئافره‌تانه‌وه‌، به‌ گه‌رمى پیرۆزبایی له‌ هه‌موو ئافره‌تانى كوردستان و عێراق و جیهان ده‌كه‌م، هیوای پێشكه‌وتن و سه‌ركه‌وتنی زیاتريان بۆ ده‌خوازم له‌ هه‌وڵ و خه‌باتياندا بۆ به‌دیهێنانی دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی. هه‌موو پشتگيرييه‌ك بۆ به‌رده‌واميى ڕۆڵی كاریگه‌ریان له‌ بنیاتنانی كۆمه‌ڵگەیه‌كی ئازادتر، دادپه‌روه‌رتر و پێشكه‌وتووتردا، دووپات ده‌كه‌مه‌وه‌.   ژن له‌ كوردستان به‌ درێژاییی مێژوو، له‌ گۆڕه‌پانی خه‌باتی سیاسی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ ته‌واوى كايه‌كانى ژياندا، ئاماده‌يى، ئازایه‌تی و خۆڕاگريی خۆی سه‌لماندووه‌. ئه‌و به‌شێكی دانه‌بڕاو بووه‌ له‌ كاروانى ئازاديى كوردستان، ئه‌مڕۆش به‌رده‌وامه‌ له‌ ڕۆڵی خۆی له‌ سیاسه‌ت، ئابووری، به‌ڕێوه‌بردن و په‌روه‌رده‌ و به‌ كارايى به‌شداريی له‌ هه‌موو بواره‌كانی ژیاندا ده‌كات. ئێمه‌ شانازی به‌ پێگه‌ و ده‌ستكه‌وته‌كانی ئافره‌تانى كوردستانه‌وه‌ ده‌كه‌ین، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ده‌زانین كه‌ بۆ مسۆگه‌ركردنى مافه‌كانی و پاراستنی له‌ توندوتیژی و جیاكاری، هه‌روه‌ها بۆ به‌هێزكردنی پێگه‌ی له‌ هه‌موو كه‌رته‌كاندا، كاری هەمەلایەنە و زیاتر پێويسته‌.   كۆتاییهێنان به‌ توندوتیژی دژی ژنان، پاراستنی مافه‌كانیان و دابینكردنی ژینگه‌یه‌ك كه‌ به‌شداريی یه‌كسانیان له‌ هه‌موو بواره‌كانى ژياندا مسۆگه‌ر بكات، به‌رپرسیاريه‌تییه‌كی گشتییه‌. له‌سه‌ر هه‌موومانه‌ وه‌ك كه‌س، خێزان، په‌روه‌رده‌ و له‌ گشت دامه‌زراوه‌كان و له‌ كۆمه‌ڵگەدا، هه‌وڵی زیاتر بده‌ین بۆ دڵنیابوون له‌وه‌ی كه‌ كوردستان نموونه‌یه‌ك بێت له‌ یه‌كسانی، دادپه‌روه‌ری و مافه‌كانی مرۆڤ. هه‌روه‌ك هه‌میشه‌ جه‌ختمان كردووه‌ته‌وه‌، بنیاتنانی كۆمه‌ڵگەیه‌كی دیموكراسی و پێشكه‌وتوو بێ مسۆگه‌ركردنی ماف و ئازاديی ژن و به‌هێزكردنی ڕۆڵ و پێگه‌ى له‌ هه‌موو بواره‌كاندا، به‌دی نايه‌ت.   له‌م ياده‌دا به‌ ڕێزه‌وه‌ هه‌موو ئه‌و ئافره‌تانه‌ى قوربانيی گه‌وره‌یان داوه‌، هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌وانه‌ی بوونه‌ته‌ قوربانيی توندوتیژی و توندڕه‌وی، به‌بير ده‌هێنينه‌وه‌‌. پابه‌نديى به‌‌رده‌واممان دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆ چه‌سپاندنی كولتووری پێكه‌وه‌ژیان، لێبورده‌یی و یه‌كسانی. هه‌رچيمان له‌ده‌ست بێت درێخى ناكه‌ين بۆ بنياتنانى كۆمه‌ڵگەیه‌ك كه‌ تيايدا ژن هاوبه‌شێكی ڕاسته‌قينه‌ بێت له‌ دروستكردنی داهاتوودا.   سڵاو بۆ هه‌موو ئه‌و ئافره‌تانه‌ى له‌پێناو مافه‌كانياندا خه‌بات ده‌كه‌ن. سڵاو بۆ گیانی قوربانیانی توندوتیژی. هه‌ر شكۆدار بێت ڕۆژی جیهانیی ژنان.     نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ٨ی ئاداری ٢٠٢٥