هاوڵاتی دوای 63 رۆژ لە دووەم کۆبوونەوەی خولی بەهارەی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکایەتیی پەرلەمان بانگهێشتی پەرلەمانتاران دەکات بۆ ئامادەبوون لە کۆبوونەوەی 17ـی ئەم مانگ، کە دەبێتە سێیەم کۆبوونەوەی ئاسایی ئەم خولەی پەرلەمان. د. ڕێواز فائق حسێن، سهرۆکی پهرلهمانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکردوە، "بە پشتبهستن به حوکمی بڕگهی (سێیهم) له ماددهی (18)ی پهیڕهوی ناوخۆی پهرلهمانی کوردستان، بڕیارماندا بانگهێشتی گشت ئهندامه بهڕێزهکانی پهرلهمان بکهین بۆ دانیشتنی ژماره (3)ی ئاسایی خولی بههارهى ساڵی پێنجهم له خولی ههڵبژاردنی پێنجهمی پهرلهمانی کوردستان-عێراق، له کاتژمێر (12)ی نیوهڕۆی ڕۆژی چوارشهممه له کاتی دیاریکراودا ئامادهبن". ئەم بابەتانەی تێدا تاوتوێ دەکرێت و دەنگیان لەسەر دەدرێت: یەکەم: خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای (بەركاركردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی شووشتنەوەی مایە و مایەداركردنی تیرۆر ژمارە (39)ـی ساڵی 2015 فیدراڵی لە هەرێمی كوردستان ـ عێراق). دووەم: دهنگدان لهسهر داواكاری دهست لەكار كێشانهوهی حەوت ئەندام پەرلەمان. سێیەم: دەستلەكاركێشانەوەی چەند ئەندامێکی لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمانی كوردستان و دانانەوەی ژمارەیەک ئەندام پەرلەمانی دیکە لە شوێنیان. چوارەم: خوێندنهوهی دووهم بۆ پێشنیازەیاسا و پێشنیازە بڕیارێک بهپێی حوكمی ماددهكانی (87، 88، 89، 97) له پهیڕهوی ناوخۆی پهرلهمانی كوردستان.
بە پێی ئامارێک لە ئێران رێژەی ئەو هاوسەر و هاوژینانەی منداڵیان نابێت و نەزۆکن بەرز بوەتەوە و بەرپرسێکیش دەڵێت نەزۆکیی لە ئێران بەرزترە لە ستاندارد و پێوەرە جیهانییەکان. محەمەد تەباتەبایی، جێگری سەرۆکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئێران رایگەیاند؛ لە بنکۆڵکارییەکان و توێژینەوەکاندا دەرکەوتوە رێژەی 20.3%ی هاوسەرەکان لە وڵاتەکە توانای منداڵبون و وەچەخستنەوەیان نییە. ئاماژەی بەوە کردوە لە ئێستادا 3 ملیۆن و 260 هەزار کەس لە ئێران توانای وەچەخستنەوەیان نییە و نەزۆکن. بە وتەی تەباتەبایی رێژە و ژمارەی کەسانی نەزۆک لە ئێران بەراورد بە وڵاتانی دیکە و ستانداردی جیهانی زۆر زیاترە. جێگری سەرۆکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئێران رونی کردوەتەوە کە ساڵانە نزیکەی 88 هەزار کەس بە ژمارەی کەسانی نەزۆک لە ئێران زیاد دەبێت. پێشتر ئەو بەرپرسە رایگەیاندبو ؛ گەشەی ژمارەی دانیشتوانی ئێران لە 3.9% لە ساڵی 1986 بۆ 0.6% لە ساڵی 2021 دابەزیوە و خواستی وەچەخستنەوە لە ناو خێزانەکاندا کەم بوەتەوە. بە وتەی تەباتەبایی، ژمارەی ئێستای دانیشتوانی ئێران دەگاتە 85 ملیۆن کەس و ئەگەر وەچەخستنەوە و گەشەی ژمارەی دانیشتوان لە رێژەی ئێستادا بمێنێتەوە ئەوا کۆمەڵگەی وڵاتەکە روبەڕوی پیربونی خێرا دەبێتەوە.
هاوڵاتی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەبەردەم بنکەی پۆلیسی ئازادی لە کۆیە تەقەکرا و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی کۆیەش دەڵێت، بەهۆی تەقەکانەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە و چوار کەسی دیکەش برینداربون کە برینی یەکێکیان سەختە. بەپێی زانیاریەکان، ئەمڕۆ دوشەممە چەند کەسێک بەمەبەستی بینینی زیندانییەک لەپۆلیسی ئازادی لە کۆیە سەردانی بنکەکەیان کردوە، بەڵام یەکێک لە سەردانیکاران فەرمانی دەستگیرکردنی هەبوە و ئامادە نەبوە خۆی رادەست بکات و بەهۆیەوە شەڕ لەنێوان ئەو کەسانە و پۆلییسەکاندا دروستبوە و تەقەکراوە. هەروەها بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی کۆیەرایگەیاند، بەهۆی تەقەکانی ئەمڕۆوە "کەسێک گیانی لەدەستداوە و چوار کەسی دیکەش برینداربون کە سەرجەمیان بە گولە برینداربون و برینی یەکێکیان سەختە و لە ئێستا نەشتەرگەری بۆ ئەنجامدەدرێت". هاوکات لەبارەی چۆنێتیی پێکدادانە، بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی کۆیە ڕایگەیاندووە، "رووداوەکە لە بەردەم بنکەی پۆلیسی ئازادی روویداوە و هێشتا رووداوەکە گەرمە زانیاری ورد لەبارەیەوە نییە." لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر ڕوداوەکە تا ئێستا هیچ زانیارییەکیان بڵاونەکردۆتەوە.
هاوڵاتی سەرۆکی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا دوایین زانیاری لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، 99.4٪ـی تێکڕای سندووقەکان کراونەتەوە و لە داتای گشتیدا تۆمارکراون. ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەمڕۆ دووشەممە، 15ـی ئایاری 2023 رایگەیاند، "ژمارەی سندووقەکان لە نێوخۆی تورکیا 192 هەزار و 214 سندووقن. تا کاژێر 09:45 خولەکی ئەم بەیانییە 99.4٪ـی تێکڕای سندووقەکان کراونەتەوە کە ژمارەیان 192 هەزار و 187 سندووقە و 27 سندووق ماون کە بکرێنەوە". لە دەرەوی تورکیا 9 هەزار و 594 سندووق هەبوون؛ 8 هەزار و 65 لەو سندووقانە کراونەتەوە. ئەحمەد یەنەر ئاماژەی بەوەدا کە بەگوێرەی ئەم ئەنجامانە؛ لە کاژێر 09:45 رێژەی دەنگی رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور 49.40٪ـە و رێژەی دەنگی کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی میلـلەت 44.96٪ ـە. هەروەها سینان ئۆغانی بەربژێری هاوپەیمانیی ئاتا 5.2٪ و موحەڕەم ئینجەی بەربژێری پارتی مەملەکەت کە سێ رۆژ بەر لە دەنگدان کشایەوە 0.44٪ـی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە. یەنەر تیشکى خستهسهر ئهوهش تا ئهو كاته ئهو پارتانهی بهربهستی لهسهدا 7ی ههڵبژاردنیان تێپهڕاندووه بریتین له، پارتی داد و گهشهپێدان، پارتی بزووتنهوهی نهتهوهیی، پارتی سهرلهنوێ رهفاح و پارتی یهكێتیی مهزن له هاوپهیمانیی جمهوور، پارتی گهلی كۆماری و ئیی پارتی له هاوپهیمانیی میللهت و پارتی سهوزهكان و چهپی ئاینده و پارتی كرێكارانی توركیا له هاوپهیمانیی رهنج و ئازادی.
هاوڵاتی ئاژانسی ڕۆیتەرلە زاری دوو سەرچاوەوە ڕایگەیاند ئەگەر هەیە هەڵبژاردنەکانی تورکیا بچنە خولی دووەمەوە. ڕۆیتەرز دەڵێت سەرچاوەکان لە هەردوو کەمپی کاندیدانی بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆککۆمار ئەردۆغان و کڵچدار ئۆغلۆ دەڵێن لەسەر بنەمای بەشێک لە ئەنجامەکان، پێدەچێت هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا بچێتە خولی دووەمەوە کە لە 28 ی مانگی پێنجدا ئەنجامبدرێت بەهۆی ئەوەی ئەگەر زۆرە هیچ کام لەو دوو کاندیدە سەرەکییە دەنگەکانیان نەگاتە ئەو ڕێژەیەی کە پێویستە بۆ بردنەوەیەکی تەواو. لە ئێستادا ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەکان بەردەوام بڵاودەکرێتەوەو ئەنجامەکان لە میدیایەکەوە بۆ یەکێکی کە جیاوازە بەوهۆیەشەوە سەرلێشێواوی دروستبووە لە ئەنجامی ڕاستی بەرایی هەڵبژاردنەکان. هاوکات بە ئاماژە بە دەستکاریکردن لە ڕاپۆرتەکانی ئەنجامە سەرەتاییەکانی هەڵبژاردنەکانی پێشوودا، شارەوانی ئۆپۆزسیۆنی ئەستەنبوڵ، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو ڕایگەیاند نابێت هیچ کەسێک گوێی لە ئەنجامە سەرەتاییەکانی ئاژانسی ئەنادۆڵو بگرێت و گۆڕانکاری تێدا کراوە. بەگوێرەی ئاژانسی ئەنادۆڵۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بە ڕێژەیەکی زۆر لە پێش کڵچدار ئۆغلۆوەیە بەگوێرەی ئەنجامە نوێیەکانی ئەنادۆڵو کە میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، ئەردۆغان بە ڕێژەی 51.84٪ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە بە بەراورد بە کیلیکدارئۆغڵو کە 42.53٪ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و 59.44٪ی سندوقەکانی دەنگدان دەژمێردرێن. ئەمەشلەکاتێکدایە کڵچدار ئۆغلۆ لە تویتێکدا بڵاویکردەوە و دەڵێت کە " لە پێشەوەن". هەڵبژاردنەکەی ئەمڕۆ یەکشەممە یەکێکە لە گرنگترین هەڵبژاردنەکان لە مێژووی 100 ساڵەی تورکیادا، پێشبڕکێیەک کە لەوانەیە کۆتایی بە حوکمڕانی 20 ساڵەی ئەردۆغان بێنێت.
سەركۆ جەمال وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕەتیدەكاتەوە ئەوان ناڕازیی بووبن لەرێككەوتنی تیمی پارتی و یەكێتی، هاوكات ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەمرۆی ئەنجومەنی وەزیران بۆ هاوڵاتی ئاشكرا دەكات. ئەمڕۆ یەكشەممە 14ی ئایاری 2023 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەبەشداری تیمی یەكێتی كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا. دوای كۆبوونەوەكە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: "خۆشحاڵی خۆمان بە گەڕانەوەی تیمی وەزاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیران دەربڕی و پشتیوانیی حكومەتی هەرێمی كوردستانمان بۆ دەستپێشخەری و پەیامەكەی جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی بۆ ئاشتەوایی نیشتمانیی دووپاتكردەوە ". بەپێی ڕاگەیەندراوەكەی مەسرور بارزانی لە بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكەدا لەبارەی رێكخستنەوەی دارایی گشتی لە هەرێمی كوردستان، ئەنجوومەنی وەزیران بە كۆی دەنگ بڕیاریدا؛ رێكخستنەوەی دارایی گشتی لە سەرتاسەری هەرێم، لە رێگای (بەناوەندییكردنی داهات و سیولە و خەرجی و مووچە) بێت، بۆ ئەو مەبەستەش، بڕیاردرا، بە رێكخستنەوەی سەرجەم سەرچاوەكانی داهات لە بانكەكان و گەنجینەكان و دەروازە سنوورییەكان و بەڕێوەبەرایەتییەكانی باج و رسومات بە مەبەستی پاراستنی داهاتی گشتی و هەروەها بەیەكەوەبەستنیان لە رێگەی سیستمێكی ئەلكترۆنی." هەروەها لەبارەی رێكخستنەوەی دارایی گشتی، حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا ئەولەویەت لە خەرجییەكان بدرێت بە مووچە وەك خەرجی سیادی لەسەرتاسەری هەرێم، بۆ خەرجییەكانی دیكەش جگە لە مووچە، پێویستە بە میكانیزم و رێكاریی گونجاو و بە شێوازێكی دادپەروەرانە لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووانی هەر پارێزگا و ئیدارەیەكی سەربەخۆ، خەرجییەكان ئەنجام بدرێت" بۆ مسۆگەركردنی جێبەجێكردنی ئەم بڕیارانەش، سەرۆك و جێگری سەرۆكوەزیران، سەرپشككران بۆ دانانی میكانیزمی پێویست بۆ پشتیوانیی وەزارەت و لایەنە راسپێردراوەكان بۆ جێبەجێكردنی ئەم بڕیارانە." دوای كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیران، ژمارەیەك میدیا سەبارەت بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ئەوەیان بڵاوكردەوە كە بزوتنەوەی گۆڕان نیگەرانە لە رێككەوتنەكەی پارتیو یەكێتیی و لەكۆبوونەوەكەدا وەزیرەكانی گۆڕان وتوویانە رێككەوتنەكە لەسەر حسابی دەسەڵاتەكانی وەزیری دارایی كراوە. بەڵام دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكی تایبەتدا بەهاوڵاتی وت:" ئەمڕۆ لەبڕگەی دووەم كە گفتوگۆ لەسەر دارایی گشتی هەرێم كرا یەكێتی و پارتی كۆبوونەوەیەكیان كردبوو ڕەشنوسێكیان ئامادەكردبوو بۆ بڕیارێك كە دەنگی لەسەر بدەین، كە ڕەشنوسەكە هاتە بەردەستم و سەیرم كرد دروستكردنی بۆردێكی تێدایە". هەروەها وتیشی:"بۆردەكە هەموو دەسەڵاتەكانی لەئەنجومەنی وەزیران پێ دەسپێردرێت بۆ كاروباری دارایی گشتی كە ئەمەش بەشێك لەدەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی وەزیران دەبات هەم بەشێك لەدەسەڵاتەكانی وەزیری داراییش دەبات". هاوكات دانا عەبدولكەریم، دەشڵێت:" تێبینیەكەم لەسەر ئەوەبوو دەبێت شێوازو میكانیزمی كاركردن ئەگەر پێویست بكات بۆردێك دروست بكرێت نابێت بەوشێوەیە بێت، ئەگەرنا بۆ ئەوەی مووچە بكرێت بە ناوەندی و داهاتەكان بەشێوەیەكی دادپەوەرانە بەسەر هەرێمی كوردستاندا دابەش بكرێت لەگەڵ بە ئەلكترۆنیكردن و بەستنەوەی بانكەكان و خاڵە سنوریەكان بۆ زانینی داهاتی هەرێم و شەفافكردنی ئێمە پشتیوانیمان كردووە". "دوای گفتوگۆی ئەنجومەنی وەزیرانیش بەكۆی دەنگ بڕیارماندا لەسەر ئەو بابەتە و هیچ گرژییەك لەنێوان تیمی گۆڕان و یەكێتی دروستنەبووە"، وەزیری ئاوەدانكردنەوەی حكومەتی هەرێم. دانا عەبدولكەریم ئەوەی دووپاتكردەوە كە" شتێكیش نەبووە كە سەرۆكی حكومەت نیگەران بێت لەو گفتوگۆیەی نێوانمان، بەپێچەوانەوە گفتوگۆیەكی زانستیمان كرد لەئەنجومەنی وەزیران، ئێمە وەكو تیمی گۆڕان نەك پشتیوان بووین، بەڵكو داواكاری ئێمەیە كە مووچە ناوەندی بێت و بەدادپەروەرانە لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوان داهاتەكان دابەش بكرێن". هاوكات هاوڵاتی پەیوەندیكرد بە كوێستان محەمەد وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێم ئەویش ڕەتیكردەوە لەناو كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ناكۆكی لەنێوان تیمی گۆڕان و یەكێتی لەسەر رێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی دروست بوو بێت.
هاوڵاتی ئاژانسی میزۆپۆتامیای باکوری کوردستان چەندین جۆری ساختەکانی پارتی داد و گەشەپێدانی لە شارەکانی باکوری کوردستان ئاشکرا کرد. ئاژانسی میزۆپۆتامیا رایگەیاند، لە زۆر ناوچەی جۆلەمێرگ، ئامەد، پەیاس، موش و ئاگری و چەندین ناوچەی دیکە ئاکەپە لە رێگەی کاربەدەستان و لایەنگرانیەوە هەوڵی ئاستەنگدروستکردن و گوشار خستنە سەر دەنگدەرانی داوە. کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە) راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە لە زۆر شارەکان لە رێگەی ساختەکاری و پێشێلکردنی یاساکانەوە دەنگ بۆ ئاکەپە کۆکراوەتەوە. سەندیکای پارێزەرانی ئامەدیش لەبارەی ٢٠٠ دەنگدەر کە بەبێ ئاگاداری خۆیان وەک کارمەندی سەرسندوق ناویان تۆمار کراوە رایگەیاند، ئەو کەسانە دەتوانن لەو بنکانەی ناویان هاتووەتەوە کە تیایدا وەک ئەرکدار پێناسەکراون، دەنگ بدەن. سەرحەد ئەرەن کاندیدی پارتی چەپی سەوز لە ئامەد قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵ فورات کرد و باسی لە پێشێلکارییەکانی هەڵبژاردن کرد و وتی، "بەڵگەنامەی ١٤٢ بۆ پۆلیس و سەربازان و ئەو کارمەندانەی لە دەرەوەی سندوقەکانی خۆیان دەنگ دەدەن بەکاردەهێندرێت، دوای دەنگدان ئەو بەڵگەیە دەبێت رادەستی کاربەدەستانی سندووق بکرێت، بەڵام لە زۆر ناوچە ئەو بەڵگەنامەیە رادەست نەکراوە. باسی لەوەشکرد لە هەندێک بنکەی دەنگداندا مۆر کەمە و لە بری مۆری کۆمسیۆن مۆری بەڵێ لە هەندێک پسوڵە دراوە. باسی ئەوە دەکرێت کە لە گوندی ئۆڵگوناری سەر بە ناوەندی سەمسوریش محەمەد بوڵوت موختاری گوندەکە لەسەر ناوی گوندنشینەکان دەنگی داوە و ووتویەتی قسەی یەکەم و کۆتایی من دەکەم و سەرباری گوشارەکان، کارمەندان و چاودێرانیش بنکەی دەنگدانیان جێنەهێشت. لە گوندی یەنیجەی سەمسوریش چەندین کەس بە کۆمەڵ دەنگیاندا. بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هاوار نیوزیش چەکدارەکانی سەر بە گروپەکانی سەر بە سوپای نیشتمانی لە ئەعزاز و عەفرینەوە بۆ دەنگدان گواستراونەتەوە بۆ تورکیا. بەڵام دەستەی هەڵبژاردنی پارتی چەپی سەوز رایگەیاندووە، کە بە گوێرەی مادەی ٤٣ی یاسای ١٣٥ی هەڵبژاردن دەبێت وێنەیەکی ئەنجامی سەرەتایی جیاکردنەوەی دەنگەکانی هەر سندوقێک بدرێتە چاودێرانی سەر سندووقی دەنگدان. هاوکات لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چەندین گرتە ڤیدیۆ و وێنە بڵاوکراونەتەوە ئەمە چەند دانەیەکێتی:
هاوڵاتی ئەمڕۆ یەکشەممە بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کۆبووەوە و ڕێکخستنەوەی دارایی گشتیی لە ھەرێمی کوردستان پەسەند کرد. مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ، دەڵێت، "خۆشحاڵیی خۆمان بە گەڕانەوەی تیمی وەزاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران دەربڕی." هاوکات لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران بڕیار لەسەر پەسەندکردنی ڕێکخستنەوەی دارایی گشتیی لە ھەرێمی کوردستان کرا کە یەکێک بوو لە داواکارییەکانی تیمی یەکێتی کە داوای هەڵوەشاندنەوەی هاوكێشەی 43% بە 47% لەنێوان هەولێرو سلێمانیدا كردووە. ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ بڕیاریدا؛ ڕێکخستنەوەی دارایی گشتی لە سەرتاسەری ھەرێم، لە ڕێگای (بەناوەندییکردنی داھات و سیولە وخەرجی و مووچە) بێت، بۆ ئەو مەبەستەش، بڕیاردرا، بە ڕێکخستنەوەی سەرجەم سەرچاوەکانی داھات لە بانکەکان و گەنجینەکان و دەرواز سنوورییەکان و بەڕێوەبەرایەتیەکانی باج و رسومات بە مەبەستی پاراستنی داھاتی گشتی و ھەروەھا بەیەکەوەبەستنیان لە ڕێگەی سیستەمێکی ئەلکترۆنی. هەروەها بڕیاردرا؛ ئەولەویەت لە خەرجییەکان بدرێت بە مووچە وەک خەرجی سیادی لەسەرتاسەری ھەرێم . لــە تــەوەرێــکی دیــکەدا، لــەبــارەی کــێشە ئــەمــنییەکــان، ئــەنــجومــەنــی وەزیــران بــڕیــاریــدا، لێکۆڵینەوەیەکی ھاوبەش لە ڕێی لــیژنــەیــەکــی تــایــبەتــمەنــد لە دەزگا پەیوەندیدارەکان ئەنجام بدرێت، ســەبــارەت بــە دۆســیە ئــەمــنییەکــان بــەگشــتی دوور لـــە دەســـتێوردانـــی ســـیاســـی. دواتـــر ڕێکاری یاسایی پێویست بگیرێتەبەر. بڕگەی سێیەم و کۆتایی، خستنەڕووی ڕاپۆرتێکی وەزارەتی ناوخۆ بوو سەبارەت بە وەڵامدانەوەی ئەو ھەڵسەنگاندنی نیشتمانییەی لەلایەن حکومەتی فیدراڵی ئەنجامدراوە بۆ مەترسییەکانی (شووشتنەوەی مایە ومایەدارکردنی تیرۆر لە عێراق) کە لەلایەن ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ خرایەڕوو. دەقی راگەیێندراوەکە: ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانمان کرد. لەدەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، خۆشحاڵی خۆمان بە گەڕانەوەی تیمی وەزاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران دەربڕی. هەروەها بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانمان بۆ دەستپێشخەری و پەیامەکەی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ ئاشتەوایی نیشتمانیی دووپات کردەوە و جەختمان لە هاوهەڵوێستی و یەکگرتوویی لایەنە کوردستانییەکان کردەوە لە پێناو داکۆکیکردن لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان . بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی دوا پێشهاتەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی لە 2023/4/4 . ئاماژەمان بەوە دا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو پابەندییەکانی خۆی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ کردووە و ئێستا چاوەڕێی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی تورکیایە بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی بۆ دووبارە دەستپێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ، لەهەمانکاتدا پێویستە حکومەتی فیدراڵیش، بڕە بودجەی پێویست بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ حکومەتی هەرێم بنێرێت تا ئەوکاتەی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ پەسەند دەکرێت و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم لە چوارچێوەی بودجەی فیدراڵ دابین دەکرێت. لە بڕگەی دووەمدا، گفتوگۆمان لەبارەی پڕۆژەی (ڕێکخستنەوەی دارایی گشتی لە هەرێمی کوردستان) کرد. پاش گفتوگۆ کردن، ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ بڕیاریدا؛ ڕێکخستنەوەی دارایی گشتی لە سەرتاسەری هەرێم، لە ڕێگای (بەناوەندییکردنی داهات و سیولە وخەرجی و مووچە) بێت، بۆ ئەو مەبەستەش، بڕیاردرا، بە ڕێکخستنەوەی سەرجەم سەرچاوەکانی داهات لە بانکەکان و گەنجینەکان و دەرواز سنوورییەکان و بەڕێوەبەرایەتیەکانی باج و رسومات بە مەبەستی پاراستنی داهاتی گشتی و هەروەها بەیەکەوەبەستنیان لە ڕێگەی سیستەمێکی ئەلکترۆنی. هەر لەو چوارچێوەیەدا، بڕیاردرا؛ ئەولەویەت لە خەرجییەکان بدرێت بە مووچە وەک خەرجی سیادی لەسەرتاسەری هەرێم ، بۆ خەرجیەکانی دیکەی جگە لە مووچەش، پێویستە بە میکانیزم وڕێکاریی گونجاو و بە شێوازێکی دادپەروەرانە لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووانی هەر پارێزگا وئیدارەیەکی سەربەخۆ، خەرجیيەکان ئەنجام بدرێت. بۆ مسۆگەرکردنی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانەش، سەرۆک و جێگری سەرۆک وەزیران ، سەرپشککران بۆ دانانی میکانیزمی پێویست بۆ پشتیوانی وەزارەت و لایەنە ڕاسپێردراوەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانە. لــە تــەوەرێــکی دیــکەدا، لــەبــارەی کــێشە ئــەمــنییەکــان، ئــەنــجومــەنــی وەزیــران بــڕیــاریــدا، لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەش لە ڕێی لــیژنــەیــەکــی تــایــبەتــمەنــد لە دەزگا پەیوەندیدارەکان ئەنجام بدرێت، ســەبــارەت بــە دۆســیە ئــەمــنییەکــان بــەگشــتی دوور لـــە دەســـتێوردانـــی ســـیاســـی. دواتـــر ڕێکاری یاسایی پێویست بگیرێتەبەر. بڕگەی سێیەم و کۆتایی، خستنەڕووی ڕاپۆرتێکی وەزارەتی ناوخۆ بوو سەبارەت بە وەڵامدانەوەی ئەو هەڵسەنگاندنی نیشتمانییەی لەلایەن حکومەتی فیدراڵی ئەنجامدراوە بۆ مەترسییەکانی شووشتنەوەی مایە ومایەدارکردنی تیرۆر کە لەلایەن بەڕێز ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ خرایەڕوو. ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای دەستخۆشی لە وەزارەتی ناوخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ هەوڵ و ڕێکار و هەنگاوەکانیان بۆ ڕووبەڕوبونەوەی مەترسییەکانی شووشتنەوەی مایە و مایەدارکردنی تیرۆر، بۆ ئەو مەبەستەش تاوەکوو داڕشتنەوەی چوارچێوەی یاسایی نوێ لە هەرێم بۆ ئەم بابەتە، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی ڕاسپارد کە بەردەوام بن لە هەماهەنگی وبەیەکەوەکارکردن لەگەڵ دامەزراوە هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵیی و دامەزراوە جیهانیەکانیش بۆ ئەم بابەتە کە کێشەیەکی نێودەوڵەتییە، هەروەها ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لە پابەندیی هەرێم بە ڕێکارەکانی ڕووبەڕوبونەوەی مەترسییەکانی شووشتنەوەی مایە ومایەدارکردنی تیرۆر.
ژمارەی ئالودەبوانی ماددە هۆشبەرەکان لە پارێزگای تاران بەرز دەبێتەوە و بەپرسێکیش ئاشکرای دەکات نزیکەی نیوەی بەندکراوانی ئێران پەیوەندییان بە ماددە هۆشبەرەکانەوە هەیە. مستەفا هادی زادە، ئەمینداری ئەنجومەنی هەماهەنگی بۆ بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە پارێزگای تاران رایگەیاند؛ 25 هەزار کەسی ئالودەبو بە ماددە هۆشبەرەکان لە پارێزگاکەدا دەستنیشان کراون کە 20 هەزاریان لەسەر شەقامەکانی تارانی پایتەخت دەژین و هیچ شوێنێکی نیشتەجێبونیان نییە. هادی زادە وتویەتی: هیچ کەس و لایەنێک ئامادە نییە ئەو ئالودەبوانە لەخۆیان بگرن کە لەسەر شەقامەکانی پایتەخت دەژین و بە پێی یاسا تەنها دەتوانرێت سێ مانگ دەستبەسەر بکرێن. بەوتەی ئەو لە هەر 100 کەس کە لە زیندانەکانی ئێران بەند کراون 43 کەسیان بە تۆمەت و تاوانی بازرگانیی بە ماددە هۆشبەرەکانەوە بەند کراون. لە ئامارەکانی ئێراندا دەرکەوتوە زیاتر لە 12 ملیۆن کەس لەو وڵاتە ماددەی هۆشبەر بەکار دەهێنن کە زیاتر لە پێنج ملیۆن کەسیان بە ئالودەبو ئەژمار دەکرێن کە رێژەی 10%ی ئالودەبوان کچ و ژنن.
هاوڵاتی وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم و سەرۆکی شاندی دانوستانکار بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا، رایگەیاند، هەرێمی کوردستانی عێراق لە ڕێکەوتنی نەوتیدا کە چوار نیسانی ئەمساڵ لە بەغدا واژۆکرا خۆی بەدۆڕاو نازانێت و پێیوایە حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق هەردولایان براوەن. ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا لەبارەی هەناردەکردنی نەوت، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندوە، "چەند نرخی فرۆشتنی نەوت بەرز ببێتەوە، ئەوکاتە بەشداری هەرێم لە میزانیەی عێراق بەرزدەبێتەوە، ئەوەش فشاری دارایی هەرێم لە سەر بودجەی عێراق کەمدەکاتەوە، (ئەمە ئاماژەیە بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆوە کە پێشتر 10 تا 12 دۆلار کەمتر لە نرخی جیهانی دەفرۆشرا)". ئاماژەی بەوەشکردوە، هەرێمی کوردستانی عێراق لە ڕێکەوتنی نەوتیدا کە چوار نیسانی ئەمساڵ لە بەغدا واژۆکرا خۆی بەدۆڕاو نازانێت و پێیوایە حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق هەردولایان براوەن. پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق بۆ ئەمساڵ مانگانە ترلیۆنێك و 250 ملیار دینار زیاترەو لەو بڕە 910 ملیار دیناری دەدرێتە مووچەو بڕی 300 ملیار دیناری بۆ پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و خزمەتگوزاری گشتی بۆ دەمێنێتەوە. ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ئاماژە بەوە دەكات زۆر ئاشكرایە كەپشكی هەرێمی كوردستان و ئەو پارەیەی كەدواجار ئەگەری هەیە لەبەغداوە رەوانەی هەرێمی كوردستان بكرێت، ئەگەر بودجەكە پەسندكرا، گرنگترین بابەتە كە پەیوەندی بەئابووریی هەرێمی كوردستان لە سێ ساڵی داهاتوو و ژیان و گوزەرانی خەڵك هەیە، بەتایبەتی كە تاساڵی ٢٠٢٦ هیچ یاسایەكی دیكەی بودجە لەعێراقدا دەرناچێت. ئەمە سەبارەت بەداهاتەكان لەپڕۆژەیاساكەدا پێشبینی كراوە لەڕێگەی فرۆشتنی سێ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، كە ئەمە 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی كورستانیش لەخۆدەگرێت، حكومەتی عێراق بەنرخی خەمڵێندراوی 70 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك داهاتی ١١٧ ترلیۆن و ٢٥٣ ملیار دیناری هەبێت.
هاوڵاتی خزمەکانی کاندیدێکی ئاکەپە هێرشیان کردە سەر بەرپرس و چاودێرانی پارتی چەپی سەوز و لە ئەنجامدا سیاسەتمەداری کورد ئەحمەد تورک و ژمارەیەک کەسایەتی دیکە و چاودێر بریندارکران. ئاژانسی میزۆپۆتامیا رایگەیاند، خزمەکانی کاندیدێکی ئاکەپە بەناوی فاروق قلیچ لە گەڕەکی ئەشمە لە ناوچەی قۆسەر لە پارێزگای مێردین هەوڵیاندا لە کاتی دەنگداندا بە کۆمەڵ دەنگ بدەن. چاودێرانی پارتی چەپی سەوز لە دژی ئەو هەوڵە ساختەکارییە وەستانەوە. لەو کاتەدا، کۆمەڵێک لە خزمەکانی قلیچ هێرشیان کردە سەر چاودێرەکانی پارتی چەپی سەوز. بەگوێرەی زانیاریەکانی ئاژانسی میزۆپۆتامیا لە ئەنجامی هێرشی ساختەکارانەدا دوو چاودێر بەناوی هاڤاس گونگۆر و کەمال ئەربەی بریندار بوون. پارێزەران دەستوەردانیان لە رووداوەکە کرد و رڕاپۆرتیان لەسەر ساختەکاری و ئاژاوەگێڕیی ئاکەپە تۆمار کرد. ساڵیحە ئایدەنیز هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان و سیاسەتمەدار ئەحمەد تورک سەردانی بریندارەکانیان کرد.
لە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان قەدەغە و فیلتەرکردنی سەر هێڵەکانی ئینتەرنێت لە لایەن دەسەڵاتەوە زیادی کردوە و ئەوەش خەڵکی ناچار کردوە دژە فیلتەر و ڤی پی ئێن بەکاربهێنن. مەهدی ساڵحی، پشپۆری ئینتەرنێت و دنیای گریمانەیی ئاشکرای کردوە لە ساڵی 2018 مانگانە بە بڕی 50 ملیارد تمەن ئەپلیکەیشنی (VPN) لە ئێران بە مەبەستی دەربازبون لە فیلتەر و قەدەغەی هێڵەکانی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکار هێنراوە بەڵام لە دوای ناڕەزایەتییەکانی ساڵی رابردوەوە ئەو بڕە بۆ مانگانە 500 ملیارد تمەن بەرز بوەتەوە. ئێران بۆ چاودێریی و سنوردارکردنی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگری ژینا قەدەغە و فیلتەری خستوەتە سەر زۆربەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەشداربوانی ئەو تۆڕانە ناچارن دژی فیلتەر (antifilter) و تۆڕی تایبەتی گریمانەیی (VPN) بکڕن. بە پێی ئامارەکان بڕین و چاودێریی ئینتەرنێت بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران نزیکەی نۆ ملیارد دۆلار زیانی لێکەوتوتەوە. مەجید سەدری، سەرۆکی دەستەی ئابوریی بەشی داهێنان و گۆڕانکارییەکانی دیجیتاڵ لە ژوری بازرگانیی تاران، بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندبو؛ زیانی راستەوخۆی بڕین و دروستبونی کێشە لە هێڵەکانی ئینتەرنێتی ئێران لە یەک مانگدا 770 ملیۆن دۆلار بوە و زیانی ناڕاستەوخۆشی نزیکەی یەک ملیارد دۆلار بوە. بە وتەی سەدری: زیانە گشتییەکانی بڕینی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە مانگێکدا یەک ملیارد و 760 ملیۆن دۆلار بوە و لە کاتێکدا بڕینی ئینتەرنێت لە دوای ناڕەزایەتییەکان دەستی پێکردوە لە رابردودا تەنها چاودێریی و سنورداکردنی لەسەر بوە. لە پێنج مانگی دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان کە دۆخی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ئاسایی نەبوە، لانیکەم هەشت ملیارد و 800 ملیۆن دۆلار زیانی ئابوریی لێکەوتوەتەوە. پێشتر ناوەندی داتا و زانیاریی لە ئێران ئاشکرای کردبو زیانەکانی بڕینی ئینتەرنێت لە ماوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکاندا 25٪ی ئابوریی ئێرانی گرتوەتەوە و بە زیاتر لە دو ملیارد و 574 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت. لە ئامارەکانی ئەو ناوەندەدا ئاماژە بەوە کراوە ساڵی 2022 لانیکەم یەک ملیۆن و 700 هەزار پیشە لە رێگەی هێڵەکانی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەڕێوەچو و سەرچاوەی داهات و بژێویی نۆ ملیۆن کەس لە ئێران بوە. لە کاتی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ ئەوەی هەواڵ و وێنە و تۆماری ڤیدیۆیی خۆپیشاندان و دۆخی وڵاتەکە بڵاو نەکرێتەوە ، هێڵەکانی ئینتەرنێت روبەڕوی بڕان و سانسۆر کرایەوە و ئەوەش زیانی زۆری بە ئابوریی ئۆنلاین و فرۆشگا ئەلیکترۆنییەکان گەیاندوە.
دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبون و خانو لە پایتەختی ئێران بۆ کەمترین ئاستی 23 ساڵی رابردو دادەبەزێت و کرێی خانوش بەرز دەبێتەوە. پێگەی (ئینتخاب) لە ئێران بڵاوی کردوەتەوە؛ بەهۆی بەرزبونەوەی بەهای خانو و یەکەی نیشتەجێبون دیاردەی خانوی هاوبەش و بەکرێدانی سەربان لە تاران-ی پایتەختی وڵاتەکە سەریهەڵداوە. ئەحمەدڕەزا سەرحەدی، شارەزای بواری خانوبەرە بەو پێگەیەی راگەیاندوە؛ بەکرێگرتنی خانویەکی 50 مەتری لە باشوری تاران پێویستی بە 100 ملیۆن تمەن پێشەکی و 10 ملیۆن کرێی مانگانە هەیە و ئەوەش هاوسەنگیی لەگەڵ داهاتی خەڵک نییە لە کاتێکدا لە ئێستادا بەهای یەک دۆلار لە ئێران دەگاتە زیاتر لە 50 ملیۆن تمەن. بە وتەی ئەو: دیاردەی ژیان لەناو کەلاوەکانی تاران چوار دەوری ئەو شارەی گرتوەتەوە و تەنانەت لە ناوچە هەژارنشینەکانی پایتەخت ، کرێ خانو حەوت بۆ هەشت ملیۆن تمەنە. بە پێی ئامارەکان لە ساڵی 2022 رابردودا 30 هەزار و 38 یەکەی نیشتەجێبون لە تاران دروست کراوە و کە بەراورد بە رابردو 9% کەمی کردوە ئەوەش بە کەمترین ژمارەی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبون لە 23 ساڵی رابردوی پایتەخت لەقەڵەم دەدرێت. پێشتر مەهدی هیدات، بەڕێوبەری جێبەجێکاری ناوەندی بوژاندنەوەی شاری تاران بە میدیاکانی ئێرانی راگەیاندبو کە کێشەی سەرەکیی پایتەختی وڵاتەکە کەمیی یەکەی نیشتەجێبونە و بۆ تۆکمەکردنەوەی ئەو شارە پێویستە زیاتر لە یەک ملیۆن بینا و یەکەی نیشتەجێبونی نوێ دروست بکرێت. ئەو رونی کردوەتەوە پێویستە 200 هەزار یەکەی نیشتەجێبون لە تاران دروست بکرێت کە هەر یەکەیەک لە بیناکان لانیکەم پێنج شوقەی نیشتەجێبون لەخۆی بگرێت. بە پێی ئامارەکانی ساڵی 2021 ژمارەی دانیشتوانی تاران نۆ ملیۆن و 39 هەزار کەس بوە لە کاتێکدا لە ئامارەکانی ساڵی 2016 ژمارەی دانیشتوانی ئەو شارەی ئێران زیاتر لە 13 ملیۆن و 267 هەزار کەس بوە کە بە دووەمین شاری قەرەباڵخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و 34ەمین شاری قەرەباڵخی جیهان ئەژمار دەکرێت.
هاوڵاتی میدحاد سانجار هاوسەرۆکی هەدەپە رایگەیاند، پێویستە هەموو هاوڵاتیانی تورکیا ئەمڕۆ ئاسایشی سندوقەکانی دەنگدان بپاترێزن و وتی، دەنگیان بە گۆڕانکاری دیموکراسی و ئاشتیداوە. میدحاد سانجار هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە لە هەمان کاتدا کاندیدی پارتی چەپی سەوزە لە ئەنقەرە دەنگیدا. سانجار دواتر بۆ میدیاکان قسەی کرد و رایگەیاند، ئەمڕۆ تورکیا کۆتایی بە حوکمڕانی تاکەکەسی دەهێنێت و وتی، " باوەڕم وایە هەموو هاوڵاتیەکانمان بە بەرپرسیاری دیموکراسی دەنگ دەدەن. سانجار ئاماژەی بە پاراستنی ئاسایشی سندوقەکانی دەنگدان کرد و ئەوە خستەروو، " داوا لە هەموو کەسێک دەکەم ئاگاداری سندوقەکانی دەنگدا بن. ئەرکی هەموومانە خاوەنداری لە سندوقەکان بکەین. هەموو کەسێک پێویستە لە چوارچێوەی ئەم ئەرکەدا بجووڵێتەوە. قۆناغێکی نوێ دەست پێدەکات. "
هاوڵاتی هەڵبژاردنە گشتییەکانی تورکیا لەلایەن شاند و چاودێرانی فەرمی و سەربەخۆی نێونەتەوەییەوە چاودێری دەکرێن. چاودێرانی نێونەتەوەیی هەڵبژاردنەکان لە ٤٠٣ چاودێر پێکهاتوون و لە سەرانسەری تورکیا چاودێری هەڵبژاردنەکان دەکەن. ١٧٥ کەس لە چاودێرە نێونەتەوەییەکان، پەرلەمانتاری پەرلەمانی وڵاتانی جۆراوجۆر، نوێنەرانی حیزبەکان و چەتر و هاوپەیمانییەکان، نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، پارێزەران، ئەکادیمییەکان، توێژەران، ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی وڵاتانی جۆراوجۆری ئەوروپا پێکهاتوون، لە شارە کوردییەکان چاودێریی هەڵبژاردنەکان دەکەن. دەرویش چیمەن نوێنەری هەدەپە لە ئەوروپا بۆ میدیاکانی باکوری کوردستا رایگەیاند، "بەپێی کەش و هەوای پێش هەڵبژاردن، چاوەڕوان ناکرێت هەڵبژاردنێکی دیموکراتیک و یەکسان و ئازاد لە تورکیا ئەنجام بدرێت." چیمەن وتیشی، "ئەردۆغان بە کۆنترۆڵکردنی دەسەڵاتی دادوەری، میدیا و هەموو دامەزراوە سیاسییەکانی دەوڵەت هەڵمەتی هەڵبژاردنی بۆ هەڵبژاردنی بەڕێوەبرد. لە ئێستادا هەموو کەسێک دەبینێت، کە دەسەڵاتی ٢١ ساڵە دەسەڵات بووە بە ڕژێمێکی دەسەڵاتپەرەستی دیکتاتۆر. شاندی چاودێری سەربەخۆ و فەرمی لەلایەن ڕێکخراوە نێونەتەوەییە جۆراوجۆرەکانەوە نێردراون بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان". چیمەن ئەوەشی وت، لە فەڕەنسا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، ئینگلتەرا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، سویسرا، نەمسا، نەرویج، دانیمارک، سوید و فینلەندا چاودێری ١٧٥ چاودێری سەربەخۆ چاودێریی هەڵبژاردن لە شارەکانی ئامەد، چەولیگ، موش، رحا، مێردین، سێرت، شرنەخ، جۆلەمێرگ، ئاگری، قەرس، ئەردەخان، مەلەتی و ئیستەنبوڵ دەکەن.
