هاوڵاتی خزمەکانی کاندیدێکی ئاکەپە هێرشیان کردە سەر بەرپرس و چاودێرانی پارتی چەپی سەوز و لە ئەنجامدا سیاسەتمەداری کورد ئەحمەد تورک و ژمارەیەک کەسایەتی دیکە و چاودێر بریندارکران. ئاژانسی میزۆپۆتامیا رایگەیاند، خزمەکانی کاندیدێکی ئاکەپە بەناوی فاروق قلیچ لە گەڕەکی ئەشمە لە ناوچەی قۆسەر لە پارێزگای مێردین هەوڵیاندا لە کاتی دەنگداندا بە کۆمەڵ دەنگ بدەن. چاودێرانی پارتی چەپی سەوز لە دژی ئەو هەوڵە ساختەکارییە وەستانەوە. لەو کاتەدا، کۆمەڵێک لە خزمەکانی قلیچ هێرشیان کردە سەر چاودێرەکانی پارتی چەپی سەوز. بەگوێرەی زانیاریەکانی ئاژانسی میزۆپۆتامیا لە ئەنجامی هێرشی ساختەکارانەدا دوو چاودێر بەناوی هاڤاس گونگۆر و کەمال ئەربەی بریندار بوون. پارێزەران دەستوەردانیان لە رووداوەکە کرد و رڕاپۆرتیان لەسەر ساختەکاری و ئاژاوەگێڕیی ئاکەپە تۆمار کرد. ساڵیحە ئایدەنیز هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان و سیاسەتمەدار ئەحمەد تورک سەردانی بریندارەکانیان کرد.

لە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان قەدەغە و فیلتەرکردنی سەر هێڵەکانی ئینتەرنێت لە لایەن دەسەڵاتەوە زیادی کردوە و ئەوەش خەڵکی ناچار کردوە دژە فیلتەر و ڤی پی ئێن بەکاربهێنن. مەهدی ساڵحی، پشپۆری ئینتەرنێت و دنیای گریمانەیی  ئاشکرای کردوە لە ساڵی 2018 مانگانە بە بڕی 50 ملیارد تمەن ئەپلیکەیشنی (VPN) لە ئێران بە مەبەستی دەربازبون لە فیلتەر و قەدەغەی هێڵەکانی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکار هێنراوە بەڵام لە دوای ناڕەزایەتییەکانی ساڵی رابردوەوە ئەو بڕە بۆ مانگانە 500 ملیارد تمەن بەرز بوەتەوە. ئێران بۆ چاودێریی و سنوردارکردنی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگری ژینا قەدەغە و فیلتەری خستوەتە سەر زۆربەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەشداربوانی ئەو تۆڕانە ناچارن دژی فیلتەر (antifilter) و تۆڕی تایبەتی گریمانەیی (VPN) بکڕن. بە پێی ئامارەکان بڕین و چاودێریی ئینتەرنێت بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران نزیکەی نۆ ملیارد دۆلار زیانی لێکەوتوتەوە. مەجید سەدری، سەرۆکی دەستەی ئابوریی بەشی داهێنان و گۆڕانکارییەکانی دیجیتاڵ لە ژوری بازرگانیی تاران، بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندبو؛ زیانی راستەوخۆی بڕین و دروستبونی کێشە لە هێڵەکانی ئینتەرنێتی ئێران لە یەک مانگدا 770 ملیۆن دۆلار بوە و زیانی ناڕاستەوخۆشی نزیکەی یەک ملیارد دۆلار بوە. بە وتەی سەدری: زیانە گشتییەکانی بڕینی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە مانگێکدا یەک ملیارد و 760 ملیۆن دۆلار بوە و لە کاتێکدا بڕینی ئینتەرنێت لە دوای ناڕەزایەتییەکان دەستی پێکردوە لە رابردودا تەنها چاودێریی و سنورداکردنی لەسەر بوە. لە پێنج مانگی دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان کە دۆخی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ئاسایی نەبوە، لانیکەم هەشت ملیارد و 800 ملیۆن دۆلار زیانی ئابوریی لێکەوتوەتەوە. پێشتر ناوەندی داتا و زانیاریی لە ئێران ئاشکرای کردبو زیانەکانی بڕینی ئینتەرنێت لە ماوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکاندا 25٪ی ئابوریی ئێرانی گرتوەتەوە و بە زیاتر لە دو ملیارد و 574 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت. لە ئامارەکانی ئەو ناوەندەدا ئاماژە بەوە کراوە ساڵی 2022 لانیکەم یەک ملیۆن و 700 هەزار پیشە لە رێگەی هێڵەکانی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەڕێوەچو و سەرچاوەی داهات و بژێویی نۆ ملیۆن کەس لە ئێران بوە.  لە کاتی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ ئەوەی هەواڵ و وێنە و تۆماری ڤیدیۆیی خۆپیشاندان و دۆخی وڵاتەکە بڵاو نەکرێتەوە ، هێڵەکانی ئینتەرنێت روبەڕوی بڕان و سانسۆر کرایەوە و ئەوەش زیانی زۆری بە ئابوریی ئۆنلاین و فرۆشگا ئەلیکترۆنییەکان گەیاندوە.

دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبون و خانو لە پایتەختی ئێران بۆ کەمترین ئاستی 23 ساڵی رابردو دادەبەزێت و کرێی خانوش بەرز دەبێتەوە. پێگەی (ئینتخاب) لە ئێران بڵاوی کردوەتەوە؛ بەهۆی بەرزبونەوەی بەهای خانو و یەکەی نیشتەجێبون دیاردەی خانوی هاوبەش و بەکرێدانی سەربان لە تاران-ی پایتەختی وڵاتەکە سەریهەڵداوە. ئەحمەدڕەزا سەرحەدی، شارەزای بواری خانوبەرە بەو پێگەیەی راگەیاندوە؛ بەکرێگرتنی خانویەکی 50 مەتری لە باشوری تاران پێویستی بە 100 ملیۆن تمەن پێشەکی و 10 ملیۆن کرێی مانگانە هەیە و ئەوەش هاوسەنگیی لەگەڵ داهاتی خەڵک نییە لە کاتێکدا لە ئێستادا بەهای یەک دۆلار لە ئێران دەگاتە زیاتر لە 50 ملیۆن تمەن. بە وتەی ئەو: دیاردەی ژیان لەناو کەلاوەکانی تاران چوار دەوری ئەو شارەی گرتوەتەوە و تەنانەت لە ناوچە هەژارنشینەکانی پایتەخت ، کرێ خانو حەوت بۆ هەشت ملیۆن تمەنە. بە پێی ئامارەکان لە ساڵی 2022 رابردودا 30 هەزار و 38 یەکەی نیشتەجێبون لە تاران دروست کراوە و کە بەراورد بە رابردو 9% کەمی کردوە ئەوەش بە کەمترین ژمارەی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبون لە 23 ساڵی رابردوی پایتەخت لەقەڵەم دەدرێت. پێشتر مەهدی هیدات، بەڕێوبەری جێبەجێکاری ناوەندی بوژاندنەوەی شاری تاران بە میدیاکانی ئێرانی راگەیاندبو کە کێشەی سەرەکیی پایتەختی وڵاتەکە کەمیی یەکەی نیشتەجێبونە و بۆ تۆکمەکردنەوەی ئەو شارە پێویستە زیاتر لە یەک ملیۆن بینا و یەکەی نیشتەجێبونی نوێ دروست بکرێت. ئەو رونی کردوەتەوە پێویستە 200 هەزار یەکەی نیشتەجێبون لە تاران دروست بکرێت کە هەر یەکەیەک لە بیناکان لانیکەم پێنج شوقەی نیشتەجێبون لەخۆی بگرێت. بە پێی ئامارەکانی ساڵی 2021 ژمارەی دانیشتوانی تاران نۆ ملیۆن و 39 هەزار کەس بوە لە کاتێکدا لە ئامارەکانی ساڵی 2016 ژمارەی دانیشتوانی ئەو شارەی ئێران زیاتر لە 13 ملیۆن و 267 هەزار کەس بوە کە بە دووەمین شاری قەرەباڵخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و 34ەمین شاری قەرەباڵخی جیهان ئەژمار دەکرێت.    

هاوڵاتی میدحاد سانجار هاوسەرۆکی هەدەپە رایگەیاند، پێویستە هەموو هاوڵاتیانی تورکیا ئەمڕۆ ئاسایشی سندوقەکانی دەنگدان بپاترێزن و وتی، دەنگیان بە گۆڕانکاری دیموکراسی و ئاشتیداوە. میدحاد سانجار هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە لە هەمان کاتدا کاندیدی پارتی چەپی سەوزە لە ئەنقەرە دەنگیدا. سانجار دواتر بۆ میدیاکان قسەی کرد و رایگەیاند، ئەمڕۆ تورکیا کۆتایی بە حوکمڕانی تاکەکەسی دەهێنێت و وتی، " باوەڕم وایە هەموو هاوڵاتیەکانمان بە بەرپرسیاری دیموکراسی دەنگ دەدەن. سانجار ئاماژەی بە پاراستنی ئاسایشی سندوقەکانی دەنگدان کرد و ئەوە خستەروو، " داوا لە هەموو کەسێک دەکەم ئاگاداری سندوقەکانی دەنگدا بن. ئەرکی هەموومانە خاوەنداری لە سندوقەکان بکەین. هەموو کەسێک پێویستە لە چوارچێوەی ئەم ئەرکەدا بجووڵێتەوە. قۆناغێکی نوێ دەست پێدەکات. "

هاوڵاتی هەڵبژاردنە گشتییەکانی تورکیا لەلایەن شاند و چاودێرانی فەرمی و سەربەخۆی نێونەتەوەییەوە چاودێری دەکرێن. چاودێرانی نێونەتەوەیی هەڵبژاردنەکان لە ٤٠٣ چاودێر پێکهاتوون و لە سەرانسەری تورکیا چاودێری هەڵبژاردنەکان دەکەن. ١٧٥ کەس لە چاودێرە نێونەتەوەییەکان، پەرلەمانتاری پەرلەمانی وڵاتانی جۆراوجۆر، نوێنەرانی حیزبەکان و چەتر و هاوپەیمانییەکان، نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، پارێزەران، ئەکادیمییەکان، توێژەران، ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی وڵاتانی جۆراوجۆری ئەوروپا پێکهاتوون، لە شارە کوردییەکان چاودێریی هەڵبژاردنەکان دەکەن. دەرویش چیمەن نوێنەری هەدەپە لە ئەوروپا بۆ میدیاکانی باکوری کوردستا رایگەیاند، "بەپێی کەش و هەوای پێش هەڵبژاردن، چاوەڕوان ناکرێت هەڵبژاردنێکی دیموکراتیک و یەکسان و ئازاد لە تورکیا ئەنجام بدرێت." چیمەن وتیشی، "ئەردۆغان بە کۆنترۆڵکردنی دەسەڵاتی دادوەری، میدیا و هەموو دامەزراوە سیاسییەکانی دەوڵەت هەڵمەتی هەڵبژاردنی بۆ هەڵبژاردنی بەڕێوەبرد. لە ئێستادا هەموو کەسێک دەبینێت، کە دەسەڵاتی ٢١ ساڵە دەسەڵات بووە بە ڕژێمێکی دەسەڵاتپەرەستی دیکتاتۆر. شاندی چاودێری سەربەخۆ و فەرمی لەلایەن ڕێکخراوە نێونەتەوەییە جۆراوجۆرەکانەوە نێردراون بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان". چیمەن ئەوەشی وت، لە فەڕەنسا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، ئینگلتەرا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، سویسرا، نەمسا، نەرویج، دانیمارک، سوید و فینلەندا چاودێری ١٧٥ چاودێری سەربەخۆ چاودێریی هەڵبژاردن لە شارەکانی ئامەد، چەولیگ، موش، رحا، مێردین، سێرت، شرنەخ، جۆلەمێرگ، ئاگری، قەرس، ئەردەخان، مەلەتی و ئیستەنبوڵ دەکەن.

هاوڵاتی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025 دەدرێت. ئەمڕۆ یەکشەممە 14ـی نیسانی 2023، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، وا بڕیارە  بەم زووانە لیژنەی دارایی راپۆرتی کۆتایی خۆی لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025 تەواو بکات. بەگوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، "لەماوەی ئەم هەفتەیەدا دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە دەدرێت" و پەرلەمانی عێراق دانیشتنێکی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە ئەنجام دەدات، "چونکە پڕۆژەیاسایەکی گرنگە و هاووڵاتییان لە هەموو پارێزگاکانی عێراقەوە چاوەڕێی دەکەن".  ئاماژەی بەوەشكرد، ئەم هەفتەیە پەرلەمانی عێراق دانیشتنێكی تایبەت لەسەر دەنگدان و پەسەندكردنی پرۆژە یاسای بودجە ئەنجام دەدات، چونكە یاسایەكی گرنگە و هەموو هاوڵاتیانی عێراق لەسەرجەم پارێزگاکان چاوەڕێی پەسەندکردنى بودجە دەكەن. جێگای ئاماژەیە، پێشتر هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بڵاویكردبوەوە، لایەنە سیاسیەكان ڕۆژی ١٧ی ئەم مانگەیان دیاریكردوە بۆ دەنگدان لە سەر پرۆژە یاسای بودجەی ساڵانی 2023، 2024 و 2025 درەنگانی شەوی یەکشەممە 16ـی نیسانی 2023، بە ئامادەبوونی 198 پەرلەمانتار دانیشتنی ژمارە (20)ـی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی و ئامادەبوونی هەردوو جێگرەکەی لە  بۆ ئەنجامدانی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بودجە دەستیپێکرد بەڵام دوای خوێندنەوەی راپۆرتی لیژنەی دارایی، دانیشتنەکە هەڵگیرا بۆ رۆژی دووشەممە و دوای گفتوگۆی پەرلەمانتاران و پێشکەشکردنی سەرنج و تێبینییەکان کۆتایی هات بە خوێندنەوەی دووەمی پرۆژەیاساکە. درەنگانی شەوی چوارشەممە (5ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، بە ئامادەبوونی 235 پەرلەمانتار پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی 2023 و 2024 و 2025 کرد.

هاوڵاتی ئەمڕۆ ئەنجومەنی ھەرێم کۆدەبێتەوە و تیمی وەزاری یەکێتیش بەشداریی کۆبوونەوەکە دەکات و 60 خولەک تەرخانکراوە بۆ بابەتی رێکخستنەوەی دارایی گشتی لە هەرێمی کوردستان. بەگوێرەی کارنامەی فەرمی کۆبونەوەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبونی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران و تیمی یەکێتی، لە تەوەری یەکەمدا دوا پێشهاتەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە چوارچێویە رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی لە 4ی نیسانی 2023 دەخرێتەڕو. ئاماژە بەوەشکراوە، "60 خولەک تەرخانکراوە بۆ بابەتی رێکخستنەوەی دارایی گشتی لە هەرێمی کوردستان"، ئەم تەوەرە یەکێکە بوە لە کێشەکانی رابردو بەتایبەتی لە سنوری سلێمانی هەمیشە لەکاتی دواکەوتنی موچەدا کورتهێنان هەبوە. لە تەوەری سێیەمیشدا راپۆرتی وەزارەتی ناوخۆ سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی نیشتیمانی لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵییەوە بۆ مەترسییەکانی شوشتنەوەی مایە و مایەدارکردنی تیرۆر لە عێراق، کە لە چوارچێوەی نوسراوی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچون ژمارە (113) لە 11ی 5ی 2023 خراوەتەڕو، کە لەلایەن وەزیری ناوخۆ و سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچون دەخرێتەڕو. ڕۆژنامەی هاوڵاتی لە ژمارە 2017 ی ئەم هەفتەیەیدا کە ڕۆژی چوارشەممە بڵاوکرایەوە ڕاپۆرتێکی بە ناوی مەسعود بارزانی دەستپێشخەرییەكەی ئەمریكا تەواو دەكات بڵاوکردەوە لە ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکەدا چەندین بابەتی گرنگ باسکراون کە یەکێکیان ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکەی تیمی یەکێتییە سەبارەت بە داواکاری و کێشەکانی یەکێتی بۆ مەسرور بارزانی. لەئێستادا كێشەكانی نێوان پارتی و یەكێتی و كورتهێنانی پارەی كاش لەسلێمانی و پرسی كوژرانی هاوكار جاف كە بەو هۆیەوە بڕینی بەشە بودجەی دژەتیرۆری یەكێتی لێكەوتەوە گفتوگۆی لەسەر دەكرێت. بڕیارە پرسی كوژرانی عەقید هاوكار جاف بەلیژنەی باڵای مەكتەبی سیاسی هەردوولا بسپێردرێت كەیەكێك دەبێت لەپێشنیازەكانی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی، ئەگەر ئەو كێشەیە لەناو ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەنێوان مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی چارەسەر نەكرێت. شەش مانگە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزیرەكانی یەكێتی بایكۆتی كۆبوونەوەی حكومەتیان كردووەو كۆبوونەوەكانی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا قوباد تاڵەبانی و مەسرور بارزانی گەیاند بەیەك كەپێشتر بەشێك لەسیاسییەكان داوایان دەكرد مەسرور بارزانی چایەك لەگەڵ قوباد تاڵەبانی بخواتەوە كێشەكان چارەسەر دەكرێن. پرسی كۆكردنەوەی داهات لیژنەی وەزاری بۆ پێكدەهێندرێت و یەكێتی داوای هەڵوەشاندنەوەی هاوكێشەی 43% بە 47% لەنێوان هەولێرو سلێمانیدا كردووە. هاوكات تیمی یەكێتی داوایان كردووە كەدەسەڵاتی خەرجكردن و پڕكردنەوەی كورتهێنان بەتەواوی چارەسەربكرێت و جێگری سەرۆكی حكومەت دەسەڵاتی خەرجكردنی هاوشێوەی سەرۆكی حكومەتی هەبێت كەپێشتر لەكابینەی هەشتی حكومەتدا هەیبووە. هەروەها لیژنەی باڵای وزاری لەنێوان هەردوولاو تەنانەت بەبەشداری وەزیری دارایی كە لەپشكی گۆڕانە بەشداربێت بۆ بڕیاردان‌و بەدواداچوون‌و وەرگرتنی داهاتە جۆراوجۆرەكان‌و گرتنەبەری رێكاری پێویست لەحاڵەتی جێبەجێنەكردنیدا. بەپێی راپۆرتەكەی یەكێتی، داوای ئەوە دەكرێت پڕكردنەوەی كورتهێنان بۆ موچە بەشێوەی «ناوەندی» بێت، ئەمەی دوای ئەوەی كەدابینكردنی «پارەی كاش» بەناوەندی دەكرێت.

هاوڵاتی پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی هەدەپە لە بنکەیەکی شاری وان لە باکووری کوردستان دەنگی دا و دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی "هیوادارین دەنگەکان بۆ ئاشتی و ئارامی و دیموکراسی بن". پەروین بوڵدان کە هاوکات سەرۆکی پارتی چەپی سەوزە، ئەمڕۆ یەکشەممە دوای ئەوەی لە بنکەیەکی دەنگدان لە شاری وان دەنگیدا، بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، "ماوەیەکی درێژە کاردەکەین بۆ هەڵبژاردن، بەگشتی ئەمڕۆ خەڵکی ئێمە لە تورکیا دەنگدەدەن، هیوادارم دەنگی هاوڵاتیان بۆ ئارامی و ئاشتی و دیموکراسی و دادپەروەی بێت" ئاماژەی بەوشەکرد، "لە تورکیا ناهەقی زۆر کراوە، بەڵام ئەمڕۆ لەو هەڵبژاردنەدا گۆڕانکارییەکی گەورە دروست دەبێت، خەڵکی تورکیا و ئێمە ئەمڕۆ هیوامان بەوەیە گۆڕانکاری دروست بێت، هیوامان بەم هەڵبژاردنە هەیە. ڕاشیگەیاند، چاوەڕوانین ئەمشەو قەدەری تورکیا بگۆڕدرێت، چاوی ئێمە لەسەر سندوقەکانی دەنگدانە بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش و هیوایەکی گەورەمان هەیە هەرکەسێک کە لە تورکیا دەژی دەبێت ئەو هیوایەی هەبێت". پەروین بوڵدان باسی لەوەشکرد، "لە تورکیا سیستمێکی خراپ هەیە و دەبێت ئەمڕۆ ئەم سیستمە کۆتایی پێبهێنین بۆیە ئێمە دەنگی خۆمان دەدەین، داوای ئێمە و هیوامان ئەوەیە کە تورکیا ببێتە شوێنێکی ئارام و باوەڕ دەکەم ئەو بەدیبێت". کاتژمێر 8:00ی بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە سندوقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پەرلەمانی تورکیا لە باکوری کوردستان و تورکیا دەستیپێکرد، کە 60 ملیۆن و 297 هەزار و 834 دەنگدەر کە تەمەنیان لە سەرو 18 ساڵەوەیە مافی بەشداریکردنیان لە پڕۆسەی دەنگداندا هەیە.

هاوڵاتی راپۆرتی تورکیا دوایین راپرسی لەبارەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا بڵاوکردەوە و بەگوێرەی راپرسیەکە ئەمشەو دوایین شەوی دەسەڵاتی ئەردۆغانە. جان سەلچوکی بەڕێوەبەری رێکخراوی راپۆرتی تورکیا لە تویتێکدا، ئەنجامی دوایین راپرسی رێکخراەکەی لەبارەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا بڵاوکردەوە. جان سەلچوکی باسی ئەوە دەکات کە دوای کشانەوەی موحەڕەم ئینجە لە کاندیدی سەرۆکایەتی هاوکێشەکانی گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و رایگەیاند بەگوێرەی راپرسیەکەیان دەنگەکانی کاندیدەکان بەم شێوەیەیە: کەمال کلچدارئۆغلۆ: ٥٠.٥٪ رەجەب تەیب ئەردۆغان: ٤٥.٦٪ سینان ئۆغان: ٣.٩٪ لە شەقامی تورکیادا، زۆر باسی رووخانی دەسەڵاتی ئەردۆغان دەکرێت و دەگوترێت، ئەردۆغان بە ئاسانی دەسەڵاتی رادەست ناکاتەوە، بەڵام ئەمڕۆ عەبدوڵلا گول یەکێک لە دامەزرێنەرانی پارتی داد و گەشەپیدان (ئاکەپە) کە ماوەیەک لە کابینەی ئاکەپەدا سەرۆککۆمار و سەرکوەزیریش بووە، رایگەیاند، دەسەڵات ئەنجامی دەنگدان قبوڵ دەکات. سبەینێ ١٤ی ئایار لە ٨ی بەیانیەوە تاوەکو ٥ی ئێوارە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی بەڕێوە دەچێت. دەنگدانی دەرەوەی وڵات تەواو بووە و نزیکەی ملیۆنێک و ٨٠٠ هەزار کەس دەنگیانداوە. سبەینێش زیاتر لە ٦٠ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە. بەگوێرەی زۆربەی راپرسیەکان کە لە دوو مانگی رابردوودا بڵاوکراونەتەوە، ئەگەر لە خولی یەکەمیشدا نەبێت، لە خولی دووەمدا کۆتایی بە دەسەڵاتی ٢١ ساڵەی ئاکەپە و ئەردۆغان دەهێنرێت.

هاوڵاتی قەدەغەی بانگەشەی هەڵبژاردن لە تورکیا دەستی پێکرد و تاوەکو سبەینێ دوای هەڵبژاردن بەردەوام دەبێت. سبەینێ خەڵکی تورکیا بۆ دیاریکردنی ١٣مین سەرۆککۆمار و نوێنەرانیان بۆ ٢٨مین خولی پەرلەمان دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان. هەڵبژاردنەکە ٨ی بەیانی دەست پێدەکات و تاوەکو ٥ی ئێراوە بەردەوام دەبێت. لە کاتژمێر ٦ی ئێوارەی ئەمڕۆوە هەموو بانگەشەیەک و راپرسیەک و هەواڵێکی لایەنگری لە میدیاکاندا قەدەغەیە. سبەینێ کاتژمێر ٩ی شەو قەدەغەی سەر راگەیاندن کۆتایی دێت و وردە وردە ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن رادەگەیەندرێت. سبەینێ لە ٦ی بەیانیەوە تاوەکو ١٢ی شەو هەموو باڕ و دوکانەکانی خواردنەوە کحوڵیەکان دادەخرێن. هەروەها قاوەخانە و ئینتەرنێت کافی و شوێنە گشتیەکان نابێت بکرێنەوە. دوای کاتژمێر ٦ی ئێوارە شوێنە گشتیەکان دەکرێنەوە و دەتوانرێت ئاهەنگی هاوسەرگیری و ئاهەنگەکانی دیکەی کۆمەڵایەتی ئەنجام بدرێن.

هاوڵاتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئاشكرایكرد هاوكات لەگەڵ رژێمی سوریا، پارتی دیموكراتی كوردستان دەروازەی سنوری سێمالكای بەڕووی ڕۆژئاوای كوردستان داخستووە. ئیدارەی خۆبەرێوەبەری باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاندووە لەكاتێكدا گەمارۆ لەسەر ناوچەكانمانە لەلایەن توركیا و گروپەكانی نزیك لێیەوە لەگەڵ حكومەتی سوریا، لەناكاو دەروازەی سنوری سێمالكا كەلەنێوان هەرێم و ڕۆژئاوای كوردستانە داخراوە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بەهیچ هۆكارێكی گونجاو بكرێت و تەنانەت ئاگاداریش نەكراونەتەوە. ئیدارەی ڕۆژئاوای كوردستان داخستنی دەروازەكە بە فشاری سیاسی ناودەبات و باس لەوەشدەكات لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە تاك لایەنە داخراوە و ئەوەش ڕۆڵی هەبووە لەكەمكردنەوەی جموجوڵی ئابوری رۆژئاوای كوردستان و بەهۆیەوە بەشێك لەهاوكاری مرۆیی كە پێشتر لەو دەروازەیەوە دەگەیشتە ڕۆژئاوای كوردستان ڕاگیراوە.

هاوڵاتی ئه‌نجامی خولی یه‌كه‌می تاقیكردنه‌وه‌ی نیشتمانیی پۆلی نۆی بنه‌ڕه‌تی راگەیێندرا و خوێندکاران لەم لینکەی خوارەوە دەتوانن ئەنجامەکان وەربگرنەوە.    بۆ وەرگرتنەوەی ئەنجامەکان کلیک بکە

هاوڵاتی بەوتەی سەرچاوەیەك لەئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، بڕیارە سبەینێ لەكۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران كە تیمی یەكێتیش بەشداری دەكات، وەڵامی داواكارییەكانی یەكێتی بدرێتەوە . سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیران ڕایگەیاندووە کە لە کۆبونەوەی ئەمجارەی ئەنجومەنی وەزیراندا داواکارییەکانی یەکێتی وەڵامدەدرێنەوە كە داوایكردووە بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كار بە رێككەوتنی 43 بە 57 نەكرێت و داهات ناوەندی بێت بەوەش كێشەی دابەشكردنی مووچە لەپارێزگای سلێمانی و ئەو كورتهێنانەی لە 2021 ەوە دروستدەبێت چارەسەر دەبێت. بەوتەی سەرچاوەیەكیش لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان سەبارەت بە هەڵبژاردن و لەوەڵامی داوای پارتی بۆ رێككەوتن لەسەری، بڕیارە بەمنزیكانە هەردوو دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی و پارتی كۆببنەوە و بڕیار لەسەر كورسی كۆتاكان بدەن تا رێككەوتنی كۆتایی لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا بكەن.

هاوڵاتی پارتی چەپی سەوز کە هەدەپە لە رێگەی ئەو پارتەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکات، دوایین کۆبونەوەی جەماوەری خۆی لە شاری ئامەد باکوری کوردستان دەست پێکرد. میتینی پارتی چەپی سەوز لە گۆڕەپانی ئیستاسیۆنی ئامەد دەستی پێکرد و لایەنگرانی پارتەکە لەژێر گەمارۆی پۆلیس بەرەو گۆڕەپانەکە دەڕوون. لە دوایین کۆبونەوەی جەماوەری پارتی چەپی سەوزدا، میدحاد سانجار هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە، بەردان ئوزتورک هاوسەرۆکی کۆنگرەی دیموکرات گەلان، ئیبراهیم ئاکن هاووتەبێژی پارتی چەپی سەوز، ساڵیحە یڵدز هاوسەرۆکی گشتی پارتی دیموکراتی هەرێمەکان، ئایەتوڵلا ئاشیتی سەرۆکی گشتی پارتی ئازادی، بایرام بۆزیەڵ سەرۆکی گشتی پارتی سۆسیالیستی کوردستان و کاندیدەکانی پارتی چەپی سەوز لە شاری ئامەد بەشداری لە کۆبونەوە جەماوەرییەکە دەکەن و بۆ لایەنگرانیان قسە دەکەن. پۆلیسی تورکیا گۆڕەپانەکەی بە تەواوی گەمارۆداوە و ئەوانەی دەچنە نیو گۆڕەپانەکە دوو جار پشکنینیان بۆ دەکرێت. بڕیارە سبەینێ ١٤ی ئایار هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی تورکیا بەڕێوە بچێت. بەرپرسانی پارتی چەپی سەوز رایانگەیاندووە کە لە کۆی ٦٠٠ کورسی پەرلەمان ئامانجیانە ١٠٠ کورسی بەدەست بهێنن. پارتی چەپی سەوز لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا دەنگ بە کەمال کلچدارئۆغلۆ دەدات. بەگوێرەی زۆربەی راپرسیەکانیش کە لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا ئەنجام دراون، کلچدارئۆغلۆ لە پێش ئەردۆغانەوەیە.

هاوڵاتی زیاتر لە 60 پەرلەمانتاری کۆماریەکانی ئەمریکا نامەیەکیان بۆ جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ناردوە و داوا دەکەن تاقیکردنەوەیەک ئەنجامبدات بۆ هەڵسەنگاندنی توانا دەرونییەکانی، بەپێچەوانەوە داوایان لێکردوە لە ڕکابەرییەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا بکشێتەوە. کەناڵی فۆکس نیوز-ی ئەمریکی، رایگەیاند، نامەکە لەلایەن 60 کۆماریخوازەوە واژۆ کراوە، و تێیدا هاتوە، "بانگهێشتتان دەکەین بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی دەرونی و بڵاوکردنەوەی ئەنجامەکانی بۆ ڕایگشتی، یان خۆتان بەدور بگرن لە هەوڵدان بۆ دوبارە هەڵبژاردنی ئێوە بۆ پۆستی سەرۆکی داهاتوی ئەمریکا". هاوکات لە نامەکەدا پەرلەمانتارانی کۆماریەکان رونیان کردوەتەوە، سەرەڕای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا لە ساڵانی 2021 و 2023 پشکنینی جەستەیی بۆ کراوە، بەڵام هیچ ئاماژەیەک نییە کە پێشنیاری هیچ پشکنینێکی دەرونی بۆ کراوە. بایدن تەمەنی 80 ساڵە و بەتەمەنترین سەرۆکی ئەمریکایە لە مێژودا و ئەگەر لە ساڵی 2024 خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کاندید بکات و سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، ئەوا لە کۆتایی خولەکەیدا تەمەنی دەبێتە 86 ساڵ.