هاوڵاتی لە دیمەشق تەقینەوەیەک روویدا و بەوهۆیەوە پێنج پۆلیس کە ئەفسەرێکییان لەگەڵدایە بریندار بوون. لە هەرێمی بەرزی دیمەشقی پایتەختی سوریا لە نزیک بارەگایەکی پۆلیس تەقینەوەیەک روویدا. میدیاکانی نزیک لە حکومەتی سوریا رایانگەیاند، تەقینەوەیەک لە رێگەی ئۆتۆمبێڵێکی مینڕێژکراوەوە ئەنجامدراوە. وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی سوریا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد کە تەقینەوەکە لە نزیک بارەگای پۆلیسی ناوچەی بەرزی پایتەختی روویداوە. وتیشی، لە تەقینەوەکەدا پێنج پۆلیس برینداربوون کە ئەسفسەرێکیان لەگەڵدایە. مەرسەدی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤیش تەقینەوەکەی پشتڕاست کردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە قوربانی هەیە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ بەرپرسانی سوریا لە مۆسکۆ لەگەڵ تورکیا، ئیران و روسیا لە کۆبونەوەدان. لە چەند رۆژی رابردوودا، گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی عەرەبی سوریا، نیگەرانی خۆیان لە نزیکبوونەوەی سوریا و تورکیا دەربڕیبوو. لەگەڵ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سوریا و تورکیا، یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی سوریا ئەوەیە کە پێویستە تورکیا دەست لە هاوکاریکردنی گروپە چەکدارەکانی دژی دیمەشق هەڵبگرێت.

زیندانییەکەی کورد لە تاران دەکوژرێت و گەنجێکی کرماشان لەسێدارە درا و بە پێی ئامارەکانی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لانیکەم 11 زیندانیکراوی کورد لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی ئەشکەنجەوە گیانیان لەدەستداوە. ناوەندنی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوی کردوەتەوە: بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە گەنجێکی دانیشتوی شاری شاباد(ئاروناوا)ی پارێزگای کرماشان لە زیندانی دیزڵئاوا لەو پارێزگایە لەسێدارە دراوە. سابیر پەیامیان تەمەن 34 ساڵ بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست سزای سێدراەی بەسەردا جێبەجێکراوە و بەوەش ژمارەی ئەو هاوڵاتییە کوردانەی ئەمساڵ لە زیندانەکانی ئێران لەسێدارەدراون گەیشتوەتە زیاتر لە 50 کەس. سەرچاوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاشکرایان کردوە کە رۆژی دوشەممەی رابردو گەنجێکی بەندکراوی کورد خەڵکی هەرسین لە پارێزگای کرماشان بە ناوی سامان دەروێشی ، لە زیندانی تاران بەهۆی ئەشکەنجەوە گیانی لەدەستداوە. بە پێی ئامارەکان تەنها لە پێنج مانگی ئەمساڵدا لانیکەم 11 هاوڵاتیی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی ئەشکەنجە لە زیندانەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە.           

هاوڵاتی جەمیل بایک رایگەیاند، جاشەکانی باکوری کوردستان پێویستە لەمەودوا دەست بە سەرەتایەکی نوێ بکەن و دەنگ بە پارتی چەپی سەوز بدەن. جەمیل باییک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ میدیاکانی پارتەکەی، بانگەوازێکی ئاڕاستەی ئەو کوردانە کرد کە چەکی دەوڵەتی تورکیایان هەڵگرتووە و چەندین ساڵە سیستمی جاشایەتیان قبوڵ کردووە. بایک دەڵێت، " تاوەکو ئێستا جاش بوون، بەڵام ئیسا پێویستە لە هەڵبژاردنەکاندا لاپەڕەیەکی نوێ بۆ خۆیان بکەنەوە و بەم شێوەیە سەیری هەڵبژاردنەکان بکەن. پێویستە دوژمنایەتی گەلەکەیان نەکەن. پێویستە بیر لە دوارۆژی خۆیان و منداڵەکانیان بکەنەوە." جەمیل بایک ئاماژەی بەوەکرد کە ئەو کەسانە بەهۆی هەندێک هۆکار چەکی دەوڵەتیان هەڵگرتووە و بوون بە جاش بەڵام ئەم هەڵبژاردنە هەلێکە و پێویستە سوود لەم هەلە وەربگرن وتی، " پێویستە خزمەت گەلەکەیان بکەن و لە دوژمنایەتی گەلەکەیان دوور بکەنەوە. پیشتر پێیان وتراوە کە تەنیا گوندەکانیان دەپارێزن، بەڵام ئێستا لە شەڕدا بەکاریان دەهێنن، لە پێشی ئۆپراسیۆنەکاندا دایان دەنێن و لە شەڕدا بەکاریان دەهێنن. " هاوسەرۆکی کەجەکە دەشڵێت، " لەلای دەوڵەتی تورکیا هیچ نرخێکیان نییە و بە کوشتنیان دەدەن، بۆیەش بانگەوازیمان ئەوەیە کە لەم هەڵبژاردنەدا هەنگاو بنێن و دەنگ بە پارتی چەپی سەوز بدەن و خۆیان لەم شەڕە رزگار بکەن."

رێژەی کۆچی خوێندکارانی زانکۆ و داوای پەنابەرێتیی هاوڵاتییانی ئێران لە ئەمریکا و ئەروپا بەرز دەبێتەوە و بەرپرسێکی کۆماری ئیسلامی دەڵێت: نەبونی دۆخی گونجاو و هەلی کار هۆکاری سەرەکیی زۆربونی جێهێشتنی وڵاتەکەیە. ناوەندی چاودێریی کۆچ لە ئێران ئاشکرای دەکات؛ ساڵانە 86 هەزار کەس کە وڵاتەکەیان جێهێشتوە داوای مافی مانەوە پەنابەرییان لە ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا کردوە و رێژەی کۆچی خوێندکارانی زانکۆ بۆ دەرەوەی وڵات 75% بەرز بوەتەوە. محەمەد موقیمی، سەرۆکی زانکۆی تاران بە رۆژنامەی (خوراسان) لە وڵاتەکەی راگەیاندوە؛ شێوازی پەروەردەکردنی خوێندکارانی زانکۆ لە ئێران لە ئاستی وڵاتە پێشکەوتوەکانی جیهاندایە بەڵام بەهۆی نەبونی هەلی کاری گونجا رێژەی کۆچی خوێندکاران و بە تایبەت دەستەبژێرەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زۆر بوە. بە وتەی موقیمی: رێژەی کۆچی خوێندکارانی زانکۆکانی ئێران لە 20 ساڵی رابردودا 75% بەرز بوەتەوە و لە ساڵی 2000 نزیکەی 17 هەزار خوێندکاری زانکۆ وڵاتەکەیان جێهێشتوە و لە ساڵی 2020 ئەو ژمارەیە بەرز بوەتەوە و زیاتر لە 66 هەزار خوێندکاری وڵاتەکە کۆچیان کردوە. ئەو بەرپرسە هۆشداریی داوە کە بەهۆی زۆربونی کۆچی خوێندکارانی زانکۆ، سەرمایە و هێزی مرۆیی لە ئێران زۆر کەم ببێتەوە. لێدوانی ئەو بەرپرسە و ئامارەکانی ناوەندی چاودێریی کۆچ لە کاتێکدا، ناوەندی ئاماری تورکیا ئاشکرای کردوە کە تەنها ساڵی 2021 زیاتر لە 80 هەزار هاوڵاتیی ئێران بۆ ئەو وڵاتە کۆچیان کردوە و هاوڵاتییانی عێراق دوای ئێران دووەم وڵات بون کە بە مەبەستی کۆچ رویان لە تورکیا کردوە.

هاوڵاتی بۆ تاوتوێکردنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و دۆخی نێوخۆی کەرکووک، ئەمڕۆ حیزبە کوردستانییەکان لەو شارە بە بەشداری نوێنەری یونامی کۆدەبنەوە بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان بایکۆتی کۆبونەوەکەی کرد. ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی ئایار، حیزبە کوردستانییەکانی کەرکووک بڕیار بوو لەگەڵ یۆنامی سەبارەت بە پرسی کەرکووک و تەعریب و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و کێشە و گرفتەکانی دیکە کۆببنەوە، پارتی دیموکراتی کوردستانیش  بانگهێشتی کۆبوونەوەکە کرابوو، بەڵام بایکۆتی کۆبوونەوەکەی کرد و بەشداری نەکرد. سەبارەت بە هۆکاری بایکۆتکردنەکەی پارتی، مەسعود مەلاپەروێز بەرپرسی پەیوەندییەکانی ئەو حزبە لە کەرکووک بە میدیای پارتی ڕاگەیاندووە " هۆکاری بایکۆتکردنمان بەهۆی مامەڵەی نەشیاوی پاسەوانەکانی دیوانی پارێزگا بووە کە مامەڵەیەکی گونجاویان لەگەڵ شاندەکەی پارتی نە کردووە و ئەوانیش بە سووکایەتییان زانیوە و بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کردوە." ئەو بەرپرسەی پارتی وتوشێتی"ئەوەی کراوە بە بڕیاری ڕاکان جبووری بووە چونکە ئەوان لە کۆبوونەوەی ڕابردوو لەگەڵ یۆنامی گەندەڵییەکانی پارێزگاری کەرکووکیان بە بەڵگەوە خستووەتەڕوو، بۆیە کێشەی بۆ بەشداریکردنیان دروست کردووە، گوتیشی: پارتی هەڵوێستی دەبێت و لەسەر ئەم بابەتە بەیاننامەی فەرمی دەبێت." هاوکات سەبارەت بەبەشداری  پارتی لەو كۆبونەوەیە، رەوەند مەلا مەحمود لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی بە خەندانی راگەیاندووە "پارتی لەكەركوك نیە تا بەشداری بكات، جاری پێشو لەكۆبونەوەكەدا لەسەر خواستی خۆیان بەشداربون و لەو كۆبونەوەیە نوێنەرەكانیان داوایانكرد، بارەگاكانیان پێبدرێتەوە". رۆژی 5ی (شوبات/2)ی 2023 نوێنەری نەتەوەیەكگرتوەكان لە كەركوك (یۆنامی) لەگەڵ لایەنە سیاسییە كوردیەكانی پارێزگاكە كۆبۆوە و لەكۆبونەوەكەدا نوێنەرانی كورد، رەخنە و گلەییەكانیان لەئیدارەی ئێستای پارێزگای كەركوك بەسەرۆكایەتی راكان جبوری گرت. هەر لەو كۆبونەوەیەشدا كە پارتی لەڕێگەی چوار نوێنەرەوە داوایكرد، بارەگاكانیان پێبدرێتەوە كە ئێستا بەشێكیان هێزەكانی سوپای عێراقیان تێدا جێگیركراوە.

پۆلیسی هاتوچۆی ئێران رایگەیاند؛ بەهۆی نەبونی بەشی فریاگوزاریی خێرا، ژمارەیەکی زۆری قوربانییانی روداوەکانی هاتوچۆ لە نەخۆشخانەکاندا گیان لەدەست دەدەن. کەمال هادیانفەر، بەڕێوبەری پۆلیسی هاتوچۆی ئێران رایگەیاند؛ 43%ی بریندارانی روداوەکانی هاتوچۆ لە نەخۆشخانەکانی وڵاتەکەدا دەبنە قوربانیی نەبونی خزمەتگوزاریی پێویست و خێرا بۆ رزگاکردنیان و هەر بەو هۆیەوە گیانیان لەدەست دەدەن. هادیانفەر وتویەتی: وەزارەتی تەندروستیی ئێران لە ساڵێکدا نزیکەی 220 ملیۆن دۆلار وەردەگرێت بۆ ئەوەی فریاگوزاریی و خزمەتگوزاریی بێبەرامبەر بۆ بریندارانی روداوی هاتوچۆ پێشکەش بکات بەڵام زۆربەی نەخۆشخانەکان بەشی فریاگوزاریی گونجاو و خێرایان نییە. بە پێی یاسای ئێران چارەسەری برینداری روداوی هاتوچۆ لە سەرجەم نەخۆشخانە حکومییەکان بێبەرامبەرە و حکومەت ساڵانە بودجەی تایبەت بە قوربانییانی روداوی هاتوچۆ لە وڵاتەکە تەرخانی دەکات. لە دوایین ئامارەکانی ئەو وڵاتەدا دەرکەوتوە ساڵانە 17 هەزار کەس بە روداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەست دەدەن کە رێژەی 51% لە شوێنی روداوەکان و 6% لە کاتی گواستنەوە بۆ نەخۆشخانە و 43%یان لە ناو نەخۆشخانەکان گیانیان لەدەست دەدەن.

هاوڵاتی بڕیاری لێخۆشبوون لە بەشێکی قەرزی کرێی ئاو بۆ ماوەی یەک مانگ درێژکرایەوە و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێت، لەمڕۆوە ھاووڵاتییان دەتوانن دەست بە مامەڵەی سوودمەندبوون بکەن و فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاو بۆ ڕاییکردنی مامەڵەی سوودمەندبوون ھەموو ئاسانکارییەک بۆ دەکەن. بەپێى راگەیەنراوەکەى وەزارەتى شارەوانى و گەشتوگوزار، درێژكردنەوەی بڕیارەكە  دوای هەڵسەنگاندنی پڕۆسەی بابەتی لێخۆشبوونی ڕێژەی 15%ی  کرێی ئاو و و داواکارییەکی زۆری هاووڵاتییان بوو. رونیشى دەکاتەوە، ماوەی لێخۆشبوون لە ئێستاوە تا 10/6/2023 بەردەوام دەبێت، بۆیە لەمڕۆوە هاووڵاتییان دەتوانن دەست بە مامەڵەی سوودمەندبوون بكەن و فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاو بۆ ڕاییكردنی مامەڵەی سوودمەندبوون هەموو ئاسانكارییەك بۆ هاووڵاتییان دەكەن.

سەركۆ جەمال زیاتر لەدوو هەفتەیە نەخۆشی هەوكردنی پەردەی مێشك لەناو منداڵانی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان بڵاوبووەتەوە، رۆژانەش رێژەكە زیاددەكات، تائێستاش بەپێی ئاماری هەرسێ بەڕێوەبەرایەتیەكە زیاتر لە 320 تووشبوو تۆماركراون. د.پشدەر عەبدوڵا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»ئاماری رۆژانە لەحەوت بۆ 12 نەخۆش رەوانەی نەخۆشخانە دەكرێت لەسلێمانی، منداڵەكان هەموویان چارەسەر وەردەگرن، بەڵام ئەوەی بەكتریا بێت هەر مەترسیدارە، تائێستا نزیكەی 200 نەخۆش، نەخۆشییەكەیان تێپەڕاندووە». بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی ئەوەشی باسكرد كە بۆ دیاریكردنی نەخۆشیەكە پێویستە ئاو لەپشتی منداڵەكە دەربهێنرێت، بەڵام «بەداخەوە زۆرجار دایك و باوكی منداڵەكە رێگەنادەن ئەو شیكارە بكرێت كەزۆر ئاسانەو هیچ كێشەیەك بۆ منداڵەكە درووست ناكات». «ئەگەر منداڵان چارەسەر وەرنەگرن لەوانەیە ببێتە هۆی مردن، كێشەی بینین و بیستن و زیرەكی و ئاستی توانای مێشكی كەمبێتەوە»، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی وای وت. هەروەها وتیشی:»تەندروستی جیهانی سامپڵی نەخۆشەكان دەبەن بۆ لێكۆڵینەوەو لەدوبەی لەو بارەیەوە لێكۆڵینەوەی زیاتریش دەكرێت، هەرچەندە ساڵانی پێشتریش ئەم نەخۆشییە هەبووە، بەڵام ئاشكرا نەبووە یاخود ژمارەكەی زۆر نەبووە». رێكخراوی تەندروستی جیهانی لەڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەیان بەوەداوە كەتیمێكیان لەمانگی نیسانی 2023 سەردانی سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیانیان كردووەو ئەوەیان ئاشكراكردووە كە»زۆربەی تووشبووان منداڵانانی سەرو شەش ساڵانن و ناوەندی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە پارێزگای هەڵەبجەیە». هەروەها  رێكخراوی تەندروستی جیهانی ئەوەشیان دووپاتكردووەتەوە 20 نموونەیان لەشلەی مێشك و بڕبڕەی پشتی منداڵەكان وەرگرتووەو دەینێرن بۆ تاقیگەیەكی هاوبەشی رێكخراوی تەندروستی جیهانی لەئیمارات. ئاراس حەمەسەعید جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی هەڵەبجە لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» تائێستا لەسنوری پارێزگای هەڵەبجە نزیكەی 90 نەخۆشی هەوكردنی مێشك تۆماركراوەو هیچ حاڵەتێكی گیانلەدەستدانیش تۆمارنەكراوە. بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیان ئەوە دەخاتەڕوو منداڵانی تووشبووی هەوكردنی پەردەی مێشك چارەسەریان وەرگرتووە. دكتۆر سیروان محەمەد بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»لەگەرمیان 34 نەخۆشی هەوكردنی مێشك دەستنیشانكراون تائێستا هیچ نەخۆشێك لەگەرمیان بەو نەخۆشییە نەمردووە». هەرچەندە هاوڵاتی پەیوەندیكرد بەتەندروستی هەولێرو دهۆك و ئەوان رەتیانكردەوە كە نەخۆشییەكە لەو دوو پارێزگایەی هەرێم بوونی هەبێت، بەڵام سەرچاوەیەك لەتەندروستی سلێمانی ئەوەی بۆ هاوڵاتی دووپاتكردەوە كە» تەندروستی سلێمانی زانستیانە دەڕوات و هەرچی رووبدات باس دەكرێت، بەڵام لەزۆر شوێنی دیكەش ئەو نەخۆشییە هەیەو باس ناكرێت». وتیشی:» لەشارەكانی دیكە كەرتی حكومی رووخاوەو ناكرێت لەگەرمیان نەخۆشییەك بڵاوببێتەوە لەهەولێر نەبێت، ئەوەی ئێمە دەیڵێین شتە راستەكەیە». سەبارەت بەنەخۆشییەكە د.زانا باقی پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشیەكانی منداڵان بۆ هاوڵاتی ئەوەی روونكردەوە كەپێویستە دایكان و باوكان هۆشیارییان هەبێت، ئاگاییان هەبێت لەبوونی نەخۆشیەكە، نیشانەكانی تا، سەرئێشە، رشانەوە، لەش داهێزان و گریانێكی نائاسایی دەڕوات. د.زانا  وتیشی: هەركاتێك ئەو نیشانانە هەبوو لەمنداڵاندا، پێویستە سەردانی پزیشكی پسپۆڕییەكانی نەخۆشی منداڵان بكەن لەناو نەخۆشخانەكاندا، بۆ ئەوەی پشكنینی بۆ بكرێت و بەهیچ جۆرێك دەرمانی بۆ بەكارنەهێنرێت. سەبارەت بەوەش نەخۆشیەكە دەبێتە هۆی مردنی منداڵان، ئەو پزیشكە باسی لەوەكرد، ئەگەر چارەسەر وەرنەگرێت مەترسی مردن لەسەر منداڵەكان دروستدەكات، بەڵام خۆشبەختانە ژمارەیەكی زۆری نەخۆشەكان بەتەندروستییەكی باشەوە دەچنە ماڵەوەو نەخۆشیەكە تێدەپەڕێنن. لەبارەی هۆكاری بڵاوبوونەوەشی د.زانا باقی رێگاكانی بڵاوبوونەوەی بەركەوتنی راستەوخۆو برینداربوونی پێست و ناپۆشی بۆرییەكانی هەوا لەقوڕگداو بەكارهێنانی كەلوپەلی یەكتر بەهۆكاری سەرەكی تووشبوونەكە دیاری دەكات.

نەتەوەیەکگرتوەکان رایگەیاند؛ جێبەجێکردنی سزای سێدارە لە ئێران گەیشتوەتە قۆناغێکی مەترسیدار و دامەزراوەیەک  ئاشکرای دەکات ئەو وڵاتە لە روی ئازادیی ئابورییەوە لە داویین ریزبەندی وڵاتانی جیهانە. ڤۆلکەر تورک، سەرۆکی کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان  رایگەیاند؛ زۆربونی ژمارەی لەسێدراەدان لە ئێران "تۆقێنەرە" و داوای لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کرد هاوشێوەی زۆربەی وڵاتانی جیهان جێبەجێکردنی سزای سێدارە لە وڵاتەکە راگرن. هاوکات کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤ لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 209 کەس لە ئێران لەسێدارەدراوەن و پێدەچێت ئەگەر لەسێدارەدانەکان بەم خێراییەی ئێستا بەردەوام بێت، هاوشێوەی ساڵی 2022 ژمارەی لە سێدارەدان بەرز ببێتەوە. بە پێی ئامارەکان ساڵی رابردو لە ئێران لانیکەم 580 کەس لەسێدارە دراون. لە لایەکی دیکەوە دامەزراوەی فرەیزەر (Fraser Institute) کە ناوەندەکەی لە وڵاتی کەنەدا-یە بڵاوی کردوەتەوە؛ ئێران لە روی ئازادیی ئابورییەوە دەکەوێتە پلەی 159 لە ریزبەندی 166 وڵاتی جیهاندا. ئەو ناوەندە رونی کردوەتەوە ئێران لە روی ئازادیی ئابورییەوە لە ساڵێکدا 14 پلە لە ئاستی جیهاندا دابەزیوە و دۆخی ئەو وڵاتە تەنها لە وڵاتانی(لیبیا، ئەرجەنتین، سوریا، زیمبابوە، سودان، ڤەنزوێلا) باشترە.

هاوڵاتی تەندروستی جیهانی و وەزارەتی تەندروستی پلانێکی هاوبەش بۆ بەره‌نگاربوونەوەی هەوکردنی پەردەی مێشک بەڕێوەدەبەن. به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی تووشبوون به‌ نه‌خۆشی هه‌وكردنی په‌رده‌ی مێشك، تیمێكی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق، سه‌ردانی پارێزگاكانی هه‌ڵه‌بجه و سلێمانییان كرد. لە راگەیەندراوێکدا رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژەی بەوەکردوە، دوابەدوای زیادبونی حاڵەتەکانی هەوکردنی پەردەی مێشک لە شاری هەڵەبجە و پارێزگای سلێمانی لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی ٢٠٢٣ەوە، تیمێکی پسپۆڕ لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) و وەزارەتی تەندروستی ڕەوانەی ناوچە زیانلێکەوتوەکان کران بۆ ئەنجامدانی جومگەیەک لێکۆڵینەوەی پەتازانیی لە حاڵەتە ڕاپۆرتکراوەکان و پەرەپێدانی پلانی وەڵامدانەوەی خێرا بۆ سنوردارکردنی گواستنەوەی نەخۆشییەکە. به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی، ناوەندی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشک، پارێزگای هەڵەبجەیه. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، زۆربەی تووشبووان منداڵانی سەرووی شەش ساڵن و هیچ حاڵەتێکی مردن به نەخۆشییەکه تۆمار نەکراوه و تا دێت رێژه‌كه‌ له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ به‌رزده‌بێته‌وه‌. دکتۆر ئەحمەد زویتن، نوێنەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق وتی:“تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی مردن تۆمار نەکراوە؛ سەرەڕای ئەوەش، زۆر گرنگە کە ئێمە بە خێرایی کاربکەین بۆ دیاریکردن و پشتڕاستکردنەوە و چارەسەرکردنی حاڵەتەکان بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاریگەر گواستنەوەکە کێش بکەین و بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە کۆنتڕۆڵ بکەین” وتیشی، لە سەردانەکانی نەخۆشخانەی وەفا لە هەڵەبجە و نەخۆشخانەی فێرکاری منداڵانی دکتۆر جەمال ئەحمەد ڕەشید لە سلێمانی دەرکەوت کە لەماوەی دو هەفتەی ڕابردودا توشبوانی هەوکردنی پەردەی مێشک لەناکاو زیادی کردوە و بە شێوەیەکی سەرەکی توشی منداڵانی خوار تەمەنی 10 ساڵ بوە. دووپاتیشیكرده‌وه‌،  ئاستەنگەکانی وەک کەمیی کارمەندانی تەندروستی و دەرمان لە هەردوو نەخۆشخانەکە هەن. هاوکات ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی 20 نمونەی شلەی مێشک و بڕبڕەی پشتی لە نەخۆشخانە توشبوەکان وەرگرتوە، کە دەنێردرێت بۆ تاقیگەیەکی هاوبەشی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ شیکاری زیاتر. نیشانەکانی تووشبوون به‌ نه‌خۆشی هه‌وكردنی په‌رده‌ی مێشك: 1- شیرخواردنی کەمدەبێتەوە 2- رشانەوە 3-بێزاری 4- تای بەرز 5-گەشکە 6-لەوانەیه پلەی گەرمی لەشی دابەزێت 7- لەشی نەرم دەبێت 8- شەکرەی خوێنی دابەزێت 9- ئەو بەشەی لە کەللـه‌ی سەردا مەڵاشووی پێ  دەڵێن بەرەو دەرەوە دەردەچێت

هاوڵاتی دوو رۆژە تەرمی پیاوێکی تەمەن 60 ساڵ لە پزیشکی دادی دهۆک ماوەتەوە و کەس نازانێت کێیە. ئەو هاوڵاتییە  دوو ڕۆژ لەمەوپێش سەیارە لێیداوە لەسەر جوتسایدی بازران و گیانی لەدەستداوە ، تا ئەم ساتە کەسوکاری پەیدانەبوونە و نازانرێت پیاوەکە خەڵکی چ شوێنێکە. هێمن سلێمان ووتەبێژی پۆلیسی دهۆک ڕایگەیاند "شەوی 7ی ئەم مانگە ئۆتۆمبێلێک لەسەر جوتسایدی بازران لەناوەندی دهۆک خۆی لەپیاوێک دەدات، پیاوەکە تەمەنی نزیکەی60 ساڵە، قەمیسێکی سپی و پانتوڵێکی قاوەیی لەبەرایە ، دوو رۆژە تەرمەکەی  لە پزیشکی دادی دهۆکەو هێشتا کەسوکارەکەی دیارنین". هێمن سلێمان ئەوەشی روونکردوەتەوە"لەبەر ئەوەی ئەو پیاوە هیچ ناسنامە و بەڵگەنامەیەکی فەرمی پێنییە  بۆیە نازانرێت کێیە و خەڵکی چ شوێنێکە". هاوکات شۆفێری ئەو ئوتومبێلەی لەو هاوڵاتییەی داوە خۆی ڕادەستی پۆلیس کردووە و دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە ئەویش هیچ شتێک لەبارەی پیاوەکە نازانێت".  

هاوڵاتی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا رایگەیاند، ملیۆنێک و ٧٩٨ هەزار و ٥٠٥ کەس لە دەنگدانی دەرەوەی وڵاتدا دەنگیانداوە. کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، رێژەی بەشداریکردنی هەڵبژاردنەکانی دەرەوەی وڵاتی ئاشکرا کرد. بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، لە کۆی زیاتر لە سێ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار کەس، ملیۆنێک و ٧٩٨ هەزار و ٥٠٥ کەس دەنگیانداوە کە دەگاتە نزیکەی ٥٣٪ی دەنگدەرانی دەرەوەی وڵات. دەنگدانی دەرەوەی وڵات لە ٢٧ی نیساندا دەستیپێکردبوو. کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە ٧٣ وڵات سندوقی دانابوو. دەنگدان لە دەروازە سنوریەکان بەردەوامە و رۆژی ١٤ی ئایاریش هەڵبژاردنی گشتی بەڕێوە دەچێت. بە گشتی زیاتر لە ٦٤ ملیۆن هاوڵاتی تورکیا مافی دەنگدانیان هەیە. ٥.٦٥٪ی دەنگدەران ژنن و پێنج ملیۆن گەنجیش بۆ یەکەم جار دەنگ دەدەن.

هاوڵاتی وەزارەتى دارایى و ئابورى ئابورى هەرێم رایگەیاند: لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ بڕی دوو سەد ملیار دینار گەیشتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق. ئەمڕۆ سێشەممە 9ـی ئایاری 2023، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ بڕی دوو سەد ملیار دینار گەیشتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق. پێشتریش، ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری رایگەیاندبوو، "ئەو پارەیەی ئێستا هەمانە بۆ موچە 70-80 ملیارمان لەبەردەستدایە جگە لە 400 ملیار دینارەكەی بەغدا، ئەمەش بەتەنها بەس نیە بۆ موچە، ئەگەر بەزویی كێشەی عێراق و توركیا چارەسەر بكرێت، پارەی نەوتمان بۆ بێت، چونكە پارەمان بۆ نەیەت، ئێمە كورتهێنانی 500 ملیۆن دینارمان هەیە بۆ موچە". ئەوەشی رونكردەوە، "هەژمارێكی بانكیمان لە بانكی رەشید كردۆتەوە، دەبێت هەژمارێكی بانكی لە بانكی رافدەینیش بكەینەوە، هەریەكەیان 200 ملیار دینارمان بۆ دەنێرن". دوێنێش، مەسعود حەیدەر، بریكاری وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراق ڕایگەیاند، ئەو 400 ملیار دینارەی كە بڕیارە لە عێراقەوە بنێردرێت بۆ هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێم پێویستیەتی بۆ دابینكردنی موچەی فەرمانبەران، ڕەنگە لە دو ڕۆژی داهاتودا بگاتە هەولێر. رۆژی سێشەممە، 18-04-2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و بە کۆی دەنگ بڕیاری دا بودجەیەک بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت کە بڕەکەی 400 ملیار دینارە و بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە.  

هاوڵاتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا مامۆستایەک رایگەیاند، لەبەر ئەوەی ئامادە نەبووە پرسیاری تاقیکردنەوەکان ئاشکرا بکات، لە قوتابخانەکەی خۆیدا دوو مامۆستای ژن لێیانداوە و برینداریان کردووە. لە شارى هەولێر و لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانییدا، مەریەم حەسەن، مامۆستای یەکێک لە قوتابخانە بنەڕەتییەکان رایگەیاند؛ دواى ئەوەى نمرەم رادەستى موشریفى قوتابخانەکەوە کردوە لەلایەن بەڕێوەبەر و یاریدەدەرەکەیەوە لێمدراوە و پەنجەم و جەستەم زامدار کرا و خوێنێکى زۆرم لێڕۆیشت." ئەو مامۆستایە  بەڕێوەبەر و یاریدەدەرى بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە تۆمەتبار دەکات کە  لە تاقیکردنەوەکان 100 دەدەن منداڵەکانى خۆیان و ئەو منداڵانەى کە خۆیان دەیانەوێت رێگە نادەن کەس هیچ قسەیەک بکات و دەڵێت: ناهێڵن ئیمە بەشدارى پشکنینى وەڵامى خوێندکارەکان بکەین. وتیشی، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە هەموو مانگێک پارەی لە موچەکەی بڕیوە و کەلوپەلی قوتابخانەی پێکڕیوە، دەشڵێت، چەندینجار داوای گواستنەوەی لە قوتابخانەکە کردووە بەڵام گواستنەوەی بۆ ئەنجام نەدراوە و  جەختیش دەکاتەوە لەوەى " ئەو یاریدەدەرە پرسیارى مامۆستاکان دەدزێت و دەیداتە هاوڕێکانى". ئەو مامۆستایە لەبارەى سەرهەڵدانى ئەم کێشانەوە دەڵێت: هۆکارەکەى ئەوەیە دەیانەوێت من نمرەى تەواو بدەمە منداڵى مامۆستاکان و منیش نامەوێت ئەو کارە بکەم، پێشتریش لەبارەى ئەم کێشانەوە چەند موشریفێکم ئاگادار کردوەتەوە بەڵام کێشەکانیان چارەسەر نەکردوە. وتیشى: هەڕەشەى کوشتنیان لێکردم ئەگەر بێتو میدیاکان لەم دۆخە ئاگادار بکەمەوە و سکاڵا تۆمار بکەم.

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاشکرای دەکەن لە 10 رۆژی رابردودا لانیکەم 40 کەس لە ئێران لەسێدارە دراون و لە هەر شەش کاتژمێردا کەسێک لەسێدراە دراوە. رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بڵاوی کردەوە؛ تەنها دوێنێ دوشەممە پێنج کەس لە ئێران لەسێدارە دراون و بەوەش ژمارەی لەسێدارەدراونی ئەمساڵ لەو وڵاتە گەیشتوەتە 210 کەس. لە ئامارەکانی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەرکەوتوە لە نۆ رۆژی رابردودا 26 هاوڵاتیی بە رەچەڵەک بەلوچ لە زیندانەکانی ئێران لەسێدارە دراون کە دوو کەسیان ژن بون. ئەو رێکخراوانە ئاماژەیان بەوە کردوە لە پێنج رۆژی رابردودا و لە هەر شەش کاتژمێردا کەسێک لەسێدارە دراوە و ئەوەش ئاماژەی بەرزبونەوەی ژمارەی لەسێدارەدان لەو وڵاتەکە. پێشتر ئەوە خرابوەڕو کە لە 120 رۆژی سەرەتای ئەمساڵدا لە هەر 14 کاتژمێردا کەسێک لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە سێدارە دراوە و بەوەش ئاماری ژمارەی لەسێدارەدراون زۆر بەرزبوەتەوە.