هاوڵاتی ستران عەبدوڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە چاوپێكەوتنێکیدا  لەگەڵ ڕۆژنامەی هاوڵاتی  ڕایگەیاند، چارەسەری کێشەکانی یەکێتی و پارتی جێبەجێكردنی رێككەوتنی 2018 ی نێوانیانە. تیمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی، لەمانگی تشرینی دووەمەوە بەشداری كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران ناكەن. ئەندامێکی مەکتەب سیاسی یەکێتی دەڵێت " چارەسەر جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنەیە كە لەنێوان یەكێتی و پارتی لەساڵی 2018 كراوە، دوو خاڵی جەوهەری تێدایە زۆر گرنگە، دوو رێككەوتن لەخۆدەگرێت یەكێكیان لەسەر بەشداریكردنی یەكێتییە لەحكومەتی هەرێمی كوردستان و یەك شتی تیانیە سەروو ئیستحقاقی یەكێتی بێت بەشی دووەمی رێككەوتنەكەش پەیوەندی بەئیدارەی هەرێمی كوردستان و پەیوەندیەكانی هەرێم و بەغداوە هەیە." هاوکات سەرچاوەیەكی ئاگادار لەپارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەی بۆ هاوڵاتی دووپاتكردەوە كەدوای هەوڵەكانی نێچیرڤان بارزانی بۆ رازیكردنی قوباد تاڵەبانی و تیمی یەكێتی بێهیوا بووەو ئەو پرسە لەئێستادا دراوەتە دەست مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم چارەسەری بكات كەئەو تیمەی حكومەت وەك نێوەندگیر كاری لەسەر دەكات بۆ چارەسەركردنی كێشەكان. بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی، داواكارییەكانی تیمی یەكێتی بێجگە دۆسیەی هاوكار جاف لای مەسرور بارزانی وەڵامی چارەسەركردنیان دراوەتەوەو لیژنەكە وەڵامەكان دەگەیەننە قوباد تاڵەبانی، تەنها پرسی هاوكار جاف پێویستی بە لێكتێگەیشتن و رێكەوتنی پارتی و یەكێتی هەیە لەئاستی باڵادا لەبەرئەوەی دۆسیەی ئەمنیەو بەو هۆیەوە بودجەی دژەتیرۆر راگیراوە. لەماوەی رابردوودا، پرسی جێگرتنەوەی تیمی یەكێتی لەحكومەتی هەرێم لەتۆڕەكانی سۆشیال میدیا بڵاوكرایەوە، بەڵام بەرپرسەكەی پارتی جەختی لەوەكردەوە كە «پرسێكی لەو شێوەیە بوونی نیەو پارتی دەیەوێت كێشەكان لەگەڵ یەكێتی چارەسەر بكات نەك دۆخەكە خراپتر بكات، ئەمە نیەتی فەرمی پارتییە». ستران عەبدوڵا بە هاوڵاتیشی وت، "ئەگەر بمانەوێت پەیوەندییەكە رێكبخەینەوە و بچینە سەر ئەو بنەمایەی كە یەكێتی داواكارییەكی زیاتری نیە لەوەی لەسەری رێككەوتنی كردووە، رێككەوتنی 2018 رێككەوتنێكە كە سەركردایەتی یەكێتی پێش كۆنگرە ئەنجامیداوە و داواكاری یەكێتی ئەوە نییە پەنجا بەپەنجا بێت وەك هەندێك جار بانگەشەی بۆ دەكرێت بەڵكو ئەوەیە كە بابەتی ئیستحقاقی هەڵبژاردن لەشوێنی خۆی، بەڵام بابەتی بەرپرسیارێتی هەڵگرتن و هاوبەشی و بەشداریكردن لەحوكمڕانی دەبێت رەچاو بكرێت."  

هاوڵاتی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی رەزامەندییان لەسەر گەڕاندنەوەی سووریا بۆ کۆمکارەکە دەربڕی.  لەدوای 12 ساڵ لە هەڵپەساردنی ئەندامێتیی سووریا ئەمڕؤ یەکشەممە، 7ـی ئایاری 2023، ئەو وڵاتە گەڕایەوە بۆ نێو کۆمکاری عەرەبی.  ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا باسی لەوەکردوە، "لە کۆبونەوەیەکدا وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی ڕێککەوتن لەسەر گەڕانەوەی سوریا بۆ شوێنی خۆی لە کۆمکاری عەرەبی". ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو دیپلۆماسیەتی دیالۆگ و هەوڵەکانی یەکگرتنەوەی عەرەبی کە عێراقیش پەسەندیکرد، هەوڵێکی ڕاستەقینەی هەبو بۆ گەڕاندنەوەی سوریا بۆ ناو کۆمکاری عەرەبی". ئەمڕۆ وەزیرانی دەرەوەی کۆمکاری دەوڵەتانی عەرەبی کۆبونەوەیەکی بەپەلەیان لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە لە قاهیرە ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنی مەلەفی سوریا، لەکاتێکدا کەمتر لە دو هەفتە ماوە بۆ بەڕێوەچونی کۆبونەوەی لوتکەی عەرەبی لە شاری جددەی پایتەختی سعودیە، کە لە 19ی ئایاردا بەڕێوەدەچێت و ئەندامبونی سوریا لەو کۆمکارە ڕاگەیەندرا . کۆمکاری عەرەبی لە کۆبونەوەیەکی بەپەلەدا کە لە مانگی تشرینی دوەمی 2011 لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە داوای کردبو، ئەندامێتی دیمەشقی لە کۆمارەکە هەڵپەساردبو، بە رەزامەندی 18 وڵات، لە کاتێکدا سێ وڵات، سوریا، لوبنان و یەمەن ناڕەزایەتیان دەربڕی و عێراقیش لەوکاتەدا خۆی لە بڕیاردان بەدورگرت.

هاوڵاتی بە دەستپێشخەری ژمارەیەک لە ڕۆشنبیرو هونەرمەند و کەسایەتی لە شاری سلێمانی کەڕنەڤاڵێک بۆ پشگیری لە پارتی چەپی سەوزو کوردانی باکوری کوردستان لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا بەڕێوە دەچێت. کەڕنەڤاڵەکە ڕۆژی دووشەممە 8/5/2023 کاتژمێر چواری پاشنیواڕۆ لە پارکی ئازادی –سەکۆی ئازادی بە ناوی (سەرکەوتنی ئێوە شکستی فاشیزم و دیکتاتۆرییە )ئەنجامدەدرێت. شۆڕش خدر یەکێک لە ڕێکخەرانی فیستیڤاڵەکە لە لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتی ڕایگەیاند،" ژمارەیەک لە ڕۆشنبیرو هونەرمەند و کەسایەتی هونەری وسیاسی لە سۆنگی هەستکردن بە ئەرک و بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و نیشتیمانی و نەتەوەی بۆ پشتیوانیکردن لە پارتی چەپی سەوزو کوردانی باکور لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا ئەم فیستیڤاڵە ئەنجام دەدەین ". بڕیارە لە 14/5/2023 هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆک کۆماری تورکیا بەڕێوە بچێت کە یەکێکە لە هەڵبژاردنە گرنگ و پڕ ململانێکان بۆ ناوچەکەو بەتایبەت کوردانی کوردستانی باکورهەروەک شۆڕش تۆفیق دەڵێت " ئەو هەڵبژاردنە چارەنوسسازە بۆ کوردانی تورکیا و ناوچەکە بە گشتی ". دەشڵیت " پێمان  وایە کە سەرخستنی پارتی چەپی سەوز شکشت بە هەموو داگیرکارییەکان لەسەر ئاستی کوردستانی ڕۆژئاواو باشوردەهێنێت  وەک ئەبینرێت ڕۆژانە هێرشی داگیرکاری لە لایەن تورکیاوە دەکرێتە سەر عەفرین و سەرێکانی و کوردستانی باشور ".  سەبارەت بەچالاکییەکانیش ڕایگەیاند دەستەی  ئامادەکاری کەرنەڤاڵەکە کە پێکهاتووە لە ( شۆڕش خدر، د.شێرکۆ حەمەئەمین، لوقمان حەسەن، نوێنەرانی حزبی زەحمەتکێشان، بەختیار مستەفاو ....چەندین کەسی دیکە) وتاری خۆیان دەبێت و نوێنەرانی هەدەپە لە فیستیڤاڵەکە ئامادە دەبن و بە هەمان شێوە وتاری خۆیان دەبێت.

هاوڵاتی ئاژانسی بلۆمبێرگ رایگەیاند، پارتی چەپی سەوز کە هەدەپە لە رێگەی ئەو پارتەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکات، کورسیەکانی زیاد دەکات و دەبێتە هێزی یەکلاکەرەوە لە پەرلەمانی تورکیادا. ئاژانسی بلۆمبێرگی ئەمریکی، راپۆرتێکی لەبارەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا بڵاوکردەوە کە بڕیارە ١٤ی ئەم مانگە بەڕێوە بچێت. بلۆمبێرگ لە راپۆرتەکەدا نووسیویەتی، " سیاسەتمەدارە کوردەکان کە لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە بە 'تیرۆریست' ناوزەدکراون، لە ئێستاوە بوونەتە هێزێکی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی ئەردۆغان و رەنگە ببنە هێزێک لە پەرلەماندا کە کاریگەریان لەسەر دەسەڵاتی بڕیاردان هەبێت و پەرلەمانێک پێک بهێنن کە هیچ کام لە لایەنەکان نەتوانن بە تەنیا بڕیار بدەن." بلومبێرگ ئاماژە بەوەی کە پشتیوانیی پارتی چەپی سەوز لە کەمال کلچدارئۆغڵو کاندیدی ئۆپۆزسیۆن گرنگییەکی یەکلاییکەرەوەی هەیە و هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئەردۆغان دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨ فشاری زۆری خستۆتە سەر هەدەپە و دوای هەڵبژاردنی ١٤ ئایار، رەنگە سیاسەتمەدارانی کورد لە دوای ساڵانێک ببنە خاوەنی سەنگێکی بەرچاو لە پەرلەماندا. بلومبێرگ نووسیویەتی پارتی چەپی سەوز کە بەهۆی مەترسی داخستنی، هەدەپە لەو رێگەیەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیدا کردووە، پێشبینی دەکرێت ببێتە سێیەم گەورەترین پارت لە پەرلەمان و ژمارەی کورسییەکانیشی زیاد بکات. ئۆپۆزسیۆن تەنها بە پشتیوانی چەپی سەوز کە لایەنگرانی کوردن و هاوپەیمانی چەپەکانە، دەبێتە هێزی یەکلاکەرەوە لە پەرلەماندا. پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە لە رێگەی پارتی چەپی سەوزەوە بەشداری لە هەڵبژاردندەکاندا کردووە، لەگەڵ پێنج پارتی چەپی تورکیا هاوپەیمانی رەنج و ئازاد پێکهێناوە و بەگوێرەی زۆرینەی راپرسیەکان دەتوانێت زیاتر لە ١١٪ی دەنگەکان بەدەست بهێنێت. بەرپرسانی هاوپەیمانی رەنج و ئازادی رایانگەیاندووە کە ئامانجیانە ١٠٠ کورسی پەرلەمان بەدەست بهێنن کە لەو حاڵەتەدا، کورد و چەپەکان رۆڵێکی یەکلاییکەرەوە لە بڕیارەکانی تورکیادا دەگێڕن.

سەرۆک کۆماری ئێران دەڵێت توانیویانە خۆیان لە گەمارۆ و سزا نێودەوڵەتییەکان دەرباز بکەن و ئاستی هەناردەی وڵاتەکە بەرز بکەنەوە. ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە لە پێشانگای "تواناکانی هەناردەی ئێران" (Iran expo 2023) رایگەیاند؛ گەشە و بەرهەمهێنان نابەستنەوە بە ئەنجامی دانوستانە ئەتۆمییەکان و توانیویانە سەرەڕای گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان، هەناردەی وڵاتەکە بۆ بەرزترین ئاستی 40 ساڵی رابردو بەرز بوەتەوە. بە وتەی رەئیسی: هەناردەی کاڵای ئێران گەیشتوەتە زیاتر لە 50 ملیارد دۆلار لە ساڵێکدا کە ئەوەش بە ژمارەیەکی پێوانەیی لە مێژوی 40 ساڵی رابردوی وڵاتەکە ئەژمار دەکرێت. رەئیسی بە ئاماژەی بۆ لێدوانێکی وتەبێژی کۆشکی سپی کە رایگەیاندبو ئاستی باڵای فشارەکان دژی کۆماری ئیسلامی شکستی هێناوە، وتی: پێشانگای تواناکانی هەناردەی ئێران دیمەنێکە لە خۆدەربازکردن و شکستی گەمارۆ و سزاکان دژی ئێران. لێدوانەکانی ئیبراهیم رەئیسی لە کاتێکدایە بە پێی ئامارەکان لە کاتی دەستبەکاربونی کابینەی حکومەتەکەی، دراوی تمەن زیاتر لە 75%ی بەهاکەی بەرامبەر دۆلار لە دەست داوە و هێڵێ هەژاریی لە 11 ملیۆن تمەن بۆ 21 ملیۆن تمەن بەرزبوەتەوە و هەڵاوسانی ئابوریی گەیشتوەتە زیاتر لە 50%.  

دەشتی مەحمود سۆمەرییەکان یەکێک لەشارستانییەتە سەرەتاییەکانی سەر زەوی (٣٥٠٠-١٧٥٠ پ.ز) گەشەپێداوە، بەڵام تاناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەم تەنانەت گومانی بوونی گەل و شارستانییەتێکی لەو جۆرەیان لەئارادا نەبووە. بێگومان، خەڵک لەمێژە دەربارەی بابلییەکانەوە دەیانزانی، بەو پێیەی میسری کۆن و عیبری و یۆنانیەکان هەموویان بەرکەوتنیان لەگەڵدا هەبوو و لەسەریان نووسیبوون. کەچی کەس نەیدەزانی کە سۆمەرییەکان پێش بابلییەکان هەبوون و سیستەمی نووسین و ئایینی و کشتوکاڵییان پەرەپێداوە کە بابلییەکان دواتر وەریانگرتووەو دەستکارییان کردووە. هەموو ئەمانە لەسەرەتای سەدەی نۆزدەهەمدا گۆڕانی بەسەرداهات کاتێک شوێنەوارناسانی بەریتانی و ئەڵمانی و فەرەنسی دەستیان کرد بەهەڵکەندن و کنەکردنی ئەو تەپۆڵکە زەویانەی کەپاشماوەی ئەو شارانە بوون کەهەزاران ساڵ لەمەوبەر لەدۆڵی رووباری دیجلە و فوراتدا گەشەیان کردووە، لەناوچەیەکدا کە لەناو کتێبە مێژووییەکاندا بەمیزۆپۆتامیا (نێوان دوو ووبار) ناسراوە. شوێنەوارناسان لەپرۆسەی شیکردنەوەی ئەو تاتەقوڕانەی کە بەزمانی بابلی (کە پێی دەگوترا «ئەکەدی») نووسراون، گومانیان هەبوو کەسیستەمی نووسینەکە لەڕاستیدا بۆ ئەم زمانە ناگەڕێتەوە و ناگونجێت و بەم پێیەش دەبێ بۆ زمانێکی پێشووترو نەناسراو داهێنرابێت. دواجار دوای نیو سەدە لەشیکردنەوە و کنەکردن، بوونی زمان و گەل و شارستانیەتی سۆمەری پشتڕاستکرایەوە. گێڕانەوەی پەیدابوون چیرۆک یاخود گێڕانەوەی بنەچەو پەیدابوون، چیرۆکێکە کە باس لەچۆنیەتی پەیدابوون یاخود دەستپێکی شتێک دەکات. دەکرێت ئەم چیرۆکانە دەربارەی ژیان، گەردوون، مرۆڤ، ئاژەڵ، شت، شوێن، یان بیرۆکە بن. زۆرێک لەچیرۆکەکانی پەیدابوون لەڕێگەی نەریتی زارەکییەوە دەگوازرێنەوەو لەناو فۆلکلۆرو ئوستورەکاندا دەدۆزرێنەوە. زۆرجار چیرۆکەکانی پەیدابوون ئەمە وون دەکەنەوە کەچۆن شتەکان بەو شێوەیە بوون کەهەن، یان بۆچی شتەکان بەهەندێک شێوە وودەدەن. بۆ نموونە، دەکرێت لەچیرۆکەکەدا باس لە چۆنیەتی ئافراندنی شاخ یاخود زمان بکات، یان بۆچی مانگ و خۆر و ستێرکەکان لەئاسمانن. هەروەتر، ئەم چیرۆکانە زۆرجار زانیاری دەربارەی باوەڕو بەهای کەلتورێک نیشاندەدات و هەندێجار ئەم چیرۆکانە وانەیەکی ئەخلاقی پێشکەش دەکەن و ەنگدانەوەی هزری مرۆڤانی ئەو سەردەمەمان بۆ رووندەکەنەوە.   ئافراندنی مرۆڤ بێگومان، میزۆپۆتامییەکان چەندنین چیرۆکی ئافراندنی مرۆڤیان هەیە و ئەمەی لێرەدا باس دەکرێت، یەکێک لەم چیرۆکانەی ئافراندنی مرۆڤ. لەئوستورەی «ئافراندنی مرۆڤ»ـی میزۆپۆتامیادا چۆنیەتی دروستبوونی جیهان و هاتنی مرۆڤایەتی دەگێڕێتەوە. چیرۆکەکە لەڕوانگەی خواوەند ئێنکی‌ــەوە دەگێڕدرێتەوە کە لەئوستورەی ئەکەدیدا بەئیا ناسراوە. ئافراندنی مرۆڤ لەدوای جیابوونەوەی ئاسمان لەزەوی دەستپێدەکات و دوای ئەوەی لەسەر زەوی رووبارەکانی دیجلە و فورات و جۆگەلەکان دامەزران، ئینکی لەکاتی مەلەکردندا لەناکاو بیرۆکەیەکی بۆ دێت. ئینکی بڕیار دەدات مرۆڤ دروستبکات بۆ ئەوەی کەسێک هەبێت خزمەتی بکات و هەموو کارەکانی چاندن و ئاودێری بۆ بکات لەکاتێکدا ئەم پشوو دەدات. وەک سەرەتایەک بۆ کارپێکردنی بیرۆکەکەی، مرۆڤێکی لە گڵ دروستکرد. دوای ئەم کردە ئافرێنەرانەی ئینکی، خواوەندەکانی تر بەبڕیارەکەی ئێنکی بۆ دروستکردنی مرۆڤایەتی دڵخۆش نەبوون و هەوڵیاندا رێگری لێبکەن. کەچی، نینهورساگی هاوژینی ئێنکی یارمەتیدا بەخستنەوەی هەشت جۆری رووەک کەدواتر بەکاریهێنا بۆ دروستکردنی هەشت مرۆڤ. دواتر، ئەم مرۆڤانە نوێنەری یەکەمی هەموو ئەو گەل و کەلتورە جیاوازانە بوون کە لەجیهاندا دەهاتنە ئاراوە. ئێنکی زۆر دڵخۆش بوو بەئافراندنەکەی و بڕیاریدا دیاریی زانین بەمرۆڤایەتی بدات. ئەمەش بەفێرکردنی چۆنیەتی نووسین و چۆنیەتی بەکارهێنانی ژمارەکان ئەنجامدا. هەروەها ئەرکی گرنگیدان بەزەوی و هەموو بوونەوەرەکانی سەر زەوی بەمرۆڤ بەخشی. لەچیرۆکی ئافراندنی مرۆڤدا، دەردەکەوێت کەهۆکاری دروستکردنی مرۆڤ خزمەتکاری خواکان بووە، واتە، مرۆڤ بۆ ئەوە ئافرێندراوە کە هەندێ لەکارەکانی خواکان بکەن تاوەکو خواکان پشوو بدەن. هەروەتر، ئەم کەرەستانەی مرۆڤی پێدەخوڵقێنرێت مادیین و ئەمەش ئاماژەیە بۆ کاتی بوونی ژیانی مرۆڤ و مەرگ. ئەم چیرۆکانە لەناو گەلانی تری میزۆپۆتامیادا گۆڕانی بەسەردا دێت و لای ئەکەدیەکان خوێنی خوایەک تێکەڵ بەگڵ دەکرێت تاوەکو مرۆڤ درووستبکرێت و دواتر ئەمە لای عیبریەکان خوێن دەبێت بەڕۆح و ئەمەش پێچەوانەی میزۆپۆتامییەکان خوای عیبری لەبری خوێن لەڕێگەی فوو رۆحی خۆی دەکات بەمرۆڤداو دەیئافرێنێت.

کڕینی زێڕ لە ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە و رێکخراوێکی جیهانی ئاشکرای دەکات لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا زۆرترین زێر لەو وڵاتە فرۆشراوە. ئەنجومەنی جیهانی زێڕ بڵاوی کردوەتەوە؛ دانیشتوانی ئێران لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا بڕی 12 هەزار 900 کیلۆ گرام لیرەی زێڕ و شمشی زێڕیان کرێوە و ئەوەش زیاترین رێژەیە لە ساڵی 2018 تا ئەمساڵ کە بۆ کڕینی زێڕ لە ئێران تۆمار کراوە. ئەنجومەنەکە ئاماژەی بەوە کردوە؛ کڕینی زێر لەو سێ مانگەدا بە رێژەی 38% لە ناوخۆی ئێران و لە لایەن هاوڵاتییانیەوە زیادی کردوە. دابەزینی بەهای تمەن لە ئاستی جیهان و ترسی دانیشتوانی ئێران بۆ لەدەستدانی داراییەکانیان بە سەرەکیترین هۆکاری کڕینی زێر لەو وڵاتە لەقەڵەم دەدرێت. لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵەوە بەهای دراوی تمەن دابەزینی زۆری تۆمار کرد و رۆژی یەكشەممە (26/2/2023) بۆ یەكەمجار لە مێژودا بەهای یەك دۆلار گەیشتە 60 هەزار و 50 تمەن و تا سنوری 63 هەزار تمەنیش بەرز بوەوە و ئەوەش بە ژمارەیەکی پێوانەیی دۆلار لە مێژوی وڵاتەکە لەقەڵەم دەدرێت.  

سەلاحەدین دەمیرتاش رایگەیاند، سەردەمی جەنگ کۆتایی پێهاتووە و سەردەمی گۆڕانکارییە و داوای لە هاوڵاتیانی تورکیا کرد، بۆ گۆڕانکاری دەنگ بدەن. سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە حەوت ساڵە لە زینداندایە و چەند رۆژ لەمەوبەر بە فەرمی پشتگیری خۆی بۆ کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی ئۆپۆزسین بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا ئاشکرا کرد، سێ تویتی بڵاوکردەوە. دەمیرتاش لە توێتێکیدا دەڵێت، " ئەگەر دیموکراسی، دادپەروەری، ئارامی، ئازادی و ئاشتی هەبێت، تورکیا گەورە و بەهێزە. ئەگەر تورک، کورد، عەلەوی و سونی دەست لەناو دەست بنێن، لە جۆلەمێرگ تاوەکو ئەدرنە لە ناخی دڵەوە باوەش بەیەکدیدا بکەن، تورکیا گەورە و بەهێزە. کاتی جەنگ نییە، کاتی برایەتییە. دەنگ بە گۆڕانکاری بدە، ئیدی کاتی گۆڕانکاری هاتووە." سەلاحەدین دەمیرتاش لە تویتی دووەمدا نووسیویەتی، " خوشک و برایانی ئاکەپە، مەهەپە و پارتەکانی دیکە، پێکەوە بە گۆڕانکاری قازانج دەکەین، زیاتر یەکدەگرین. کاتی ترس نییە، کاتی ئەوەیە متمانەمان بە یەکدی بێت. کاتی ئەوەیە تورکیایەکی گەورە و بەهێز بە دیموکراسی بنیات بنێین." دەمیرتاش لە تویتی سێیەمیشدا بانگەوازی لە ٨٥ ملیۆن هاوڵاتی تورکیا دەکات و دەڵێت، " پێویستە پێکەوە کار بکەین، دابەشکاریەکی دادپەروەرانی هەبێت، ئەو کاتە بە شێوەیەکی ئازادانە پێکەوە دەژین. کاتی ڕق و تووڕەیی نییە، بەڵکو کاتی لەباوەشگرتن و خۆشەویستییە. کاتی ئەوەیە تورکیایەکی بەهێز و گەورە بە دادپەروەری و یەکسانی بنیات بنێین."

دەوڵەتی تورکیا لە نزیک ناوەندی شاری عەفرین بە پشتگیری رێکخراوێکی ئیخوانی ئۆردوگایەکی دیکەی بۆ خانەوادەی چەکدارانی سەر بە تورکیا دروست کرد. ئەنجومەنی هەرێمی سەر بە دەوڵەتی تورکیا لە نزیک ناوەندی شاری عەفرین ئۆردوگایەکی دیکەی بە ناوی (گوندی ئەمەل ٢) کردەوە. ئۆردوگاکە بە پشتگیری و هاوکاری مادی کۆمەڵەی هاوکاری و بەرەوپێشەوەبردنی نێونەتەوەیی ناوسرا بە ئینسور دروست کراوە کە لە ٥٠٠ یەکەی نیشتەجێبوون پێک دێت. دەوڵەتی تورکیا لە ساڵی ٢٠٢١ەوە لە گوندی کەفەر کەلبێنی عەزاز لە باکوری حەلەب بۆ جێگیرکردنی چەکدارە توندڕەوەکان ئۆردوگایەکی بەناوی (ئەلئەمەل) دروست کردبوو. ئوردوگاکە لەلایەن دەزگای کارەسات و فریاکەوتنی تورکیا ناسراو بە ئافادەوە دروست کرابوو. لە ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨دا تورکیا لە عەفرین دەستی بە دروستکردنی ئۆردوگاکان کرد و ئەو کاتە لە باشوری عەفرین ئۆردوگایەکی بەناوی قەریە ئەلشامیە بۆ گروپی چەکداری جەبهە ئەلشامیە دروست کردبوو. دەوڵەتی تورکیا لە ٥ ساڵدا کە عەفرینی داگیرکردووە، زیاتر لە ٢٥ ئۆردوگای بۆ خانەوادەی چەکدارە توندڕەوەکان لە عەفرین دروست کردووە و بەم شێوەیە هەوڵیداوە دیموگرافیای هەرێمەکە بگۆڕێت و لە خاکی سوریا دایببڕێت.

بەرپرسێکی ئێران ئاشکرای دەکات عێراق بەشێوەیەکی فەرمی ناتوانێت قەرزەکانی رادەستی ئێران بکاتەوە و دەڵێت هاوردەکردنی کاڵاش لەو وڵاتەوە کەمی کردوە. جەهانبەخش سەنجابی، سەرۆکی گشتی ژوری هاوبەشی بازرگانیی ئێران و عێراق رایگەیاند؛ تاران ناتوانێت بەشێوەی فەرمی قەرزەکانی لە عێراق وەرگرێتەوە، چونکە بانکی ناوەندیی وڵاتەکە رێگەپێدراو نییە دراوی دۆلار بۆ ئێران (حەواڵە) بکات. ئاماژەی بەوە کردوە؛ بەهۆی ئەوەی لە جیاتی بانکی ناوەندیی عێراق گواستنەوەی پارە لە عێراقەوە بە رێگەی نوسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو ئەنجام دەدرێت ئاستی هاوردەی کاڵای ئێرانی لەو وڵاتە کەمی کردوە. بە وتەی سەنجابی: بانکی ناوەندیی عێراق مۆڵەتی پێنەدراوە پارەکانی ئێران بە دۆلار رەوانە بکات و هەر ئەوەش ئەگەری دانەوەی قەرزەکان و زۆرکردنی ئالوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئەو دوو وڵاتە کەم دەکاتەوە. پێشتر محەمەدکازم ئال سادق، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی لە بەغداد وتبوی: عێراق 11 ملیارد دۆلاری پارەی غاز و کارەبای ئێران قەرزارە.  

هاوڵاتی پەكەكە لایەنێكی دیكەیە كە راستەوخۆ پەیوەندی بەپرۆسەی هەڵبژاردنەكانی توركیاوە هەیەو بەرپرسانی ئەو پارتە رۆژانە شیكردنەوە و هەڵسەنگاندن بۆ هەڵبژاردنەكان دەكەن و دەڵێن، پێویستە بۆ كردنەوەی رێگەی دیموكراسی لەتوركیا كۆتایی بەدەسەڵاتی ئەردۆغان بهێنرێت و بەم هۆیەشەوە، بڕیاری بێ چالاكی و راگرتنی شەڕیان بۆ دوای هەڵبژاردنەكان درێژكردووتەوە كە بەهۆی بومەلەرزەكەی ٦ی شوباتەوە رایانگەیاندبوو. بەسی هۆزات هاوسەرۆكی دەستەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) لەدوایین قسەكانیدا كە میدیاكانی حزبەكەی رایگەیاند:» هەڵبژاردنەكانی ١٤ی ئایار یەكێك لەگرنگترین و مێژووییترین هەڵبژاردنەكانی كۆمارە، هۆكاری سەرەكی گرنگی ئەم هەڵبژاردنە ئەوەیە كە رژێمی فاشیستی قڕكەری ئاكەپەو مەهەپە دەیەوێت لە رێگەی ئەم هەڵبژاردنەوە هەبوونی خۆی هەمیشەیی بكات». هەروەها ئەوەشی خستووەتەڕوو كە:» ئەم رژێمە فاشیستە لەسەر بناغەی تەواوكردنی قڕكردنی كورد، دەیەوێت ١٠٠مین ساڵیادی پەیمانی لۆزان و كۆمار بەڕژێمی دیكتاتۆری فاشیستی دەستوری بنەڕەتی پیرۆز بكات، ئەگەر دەسەڵاتی فاشیست لەهەڵبژاردنەكاندا سەربكەوێت، فاشیزم بەتەواوی سیستمی خۆی دادەكوتێت و سیاسەتی لەناوبردن و قڕكردنی كورد، پلانی شەڕی گشتی زیاتر قوڵ دەكاتەوە». بەسێ هۆزات  داواشی لەخەڵكی توركیاو بەتایبەتی كوردانی باكوری كوردستان كرد، دەنگ بەپارتی چەپی سەوز بدەن و كۆتایی بەدەسەڵاتی ئاكەپە و مەهەپە بهێنن.

ئیمان زەندی لەپارێزگای هەڵەبجە رۆژانە ١٤٠ تۆن خۆڵ و خاشاك فڕێدەدرێت، سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە دەڵێت لە٢٠٢٠ەوە لاندفیڵیك دروستكراوە بەبودجەیەكی زەبەلاح، بەڵام هەتاوەكو ئێستا لیژنە وەرینەگرتوەو خاشاكی تێناكرێت. سەید حەكیم، سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی وتی: «لەسنوری پارێزگای هەڵەبجەدا كارگەی ریسایكڵین بۆ خۆڵ وخاشاك نیە، بەڵام (لاندفیڵ)ێكمان بۆ دروستكراوە ئەویش تائێستا لیژنە وەرینەگرتوەو هەندێك كەموكوڕی هەیە دوای چارەسەر لیژنە وەریدەگرێت»، سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە وتیشی: «خاشاكەكان دەكرێتە دۆڵێكەوەو بەگلێدەرو شۆفڵ و بلدۆزەر دەكوترێتەوەو لەدێی تەپەكوڕە دادەنرێت كە لەنێوان هەڵەبجەو خورماڵدایە، هەروەها لەڕێگەی لیژنەیەكی تایبەتەوە كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی شارەوانیەكانەوە دابینكراون پێشنەی مانگانەی بۆ خەرجدەكرێت، هەر ئەو لیژنەیەیە غەرامەش دەنووسێت، خاشاكەكان بەڕێژە جیاكراونەتەوە كە 63%ی خۆراكەو 5%ـی كاغەزو كارتۆنەو 6%ـیشی پلاستیكەوە هەروەها 4%ـی كانزایەو 5%ـی شوشەو 4% پەڕۆو قوماشە وە 6%ـی دارو تەختەیەو 7%ەكەشی ئاوە». «ئەم خاشاكانە بەهیچ شوێنێكمان نەفرۆشتوەو ناشفرۆشرێت چونكە ئومێدمان هەیە لەداهاتوویەكی نزیكدا بەهۆی بەفەرمی بوونی هەڵەبجەوە كەبودجەی ساڵانەی بۆ دابیندەكرێت بتوانین ئەو كارگەیە دروستبكەین» سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە وا دەڵێت. بەپێی بەدواداچوونی هاوڵاتی، رۆژانە تەنها لەسنوری هەڵەبجەدا ٩٠ بۆ ١٠٠ تۆن خۆڵ و خاشاك فڕێدەدرێت، بەڵام بەناحیەكانی هەڵەبجەوە رۆژانە نزیكەی ١٤٠ تۆن دەكات، بەمەش بۆ مانگێك لەپارێزگای هەڵەبجە ٤٢٠ تۆن خاشاك فڕێدەدرێت. سەید حەكیم سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە دەشڵێت:» دەتوانین بڵێین نیمچە كارگەیەكە، ئەم پڕۆژەیە ناوی (دروستكردنی لاندفیڵی تەندروستی هەڵەبجە)یەو ساڵی ٢٠٢٠ فەرمانی دروستكردنی بۆ دەرچووەو بڕیاربوو ١٤/١٢/٢٠٢١ لیژنە وەریبگرێت، هەرچەندە پار پڕۆژەكە تەواوبووە بەمەش لیژنەی وەرگرتنی بۆ كراوە، بەڵام بەهۆی كێشەی تەكنیكیەوە هێشتا وەرنەگیراوە». وەك سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە دەڵێت: «ئەم پڕۆژەیە دەتوانرێت سێ وێستگەی بۆ دروستبكرێت وەكو وێستگەی پاكکردنەوەی ئاوی خاشاكەكە بۆ مەبەستی كشتوكاڵی لەگەڵ وێستگەی كارۆمیكانیكی بۆ دروستكردنی غاز، پاشان وێستگەی جۆری، كە لەڕێگەیەوە دەتوانرێت ماددە كانزاكانی لێ جیابكرێتەوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی ریسایكلین ناتوانین ئەو قۆناغانە دەستەبەربكەین، هەروەها كارگەی ریسایكڵین هەتاوەكو شەش بۆ نزیك بە١٠ ساڵ بەرگە دەگرێت، بەڵام لاندفیڵ گەر رۆژانە ١٠٠ بۆ ١٤٠ تۆن خۆڵ وخاشاكی  تێبكرێت بەشی دوو ساڵ زیاتر ناكات، بەمەش پارەیەكی زۆر بەهەدەر دەدرێت، چونكە بودجەی دانانەكەی خەیاڵیە، هیوادارین هەتاوەكو كێشە تەكنیكیەكان چارەسەر دەبن بودجەمان بۆ تەرخانبكرێت بۆ دامەزراندنی كارگەیەكی ریسایكڵین». لەبارەی بودجەی تەرخانكراو بۆ پڕۆژەی لاندفیڵ، سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە ئاشكرایكرد: «ئەم بودجەیە لەگەڵ ئەندازیارێكی میكانیكی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی شارەوانیەكانی سلێمانیەوە دابینكراوە، ئەوكاتە هەڵەبجە سەر بەوان بوو، بڕەكەش ملیارێك و ١٣٤ ملیۆن و ٤٥٠ هەزار دینارە، بڕیاربوو لەكانی سپیكە لەلای سەیدسادق كارگەیەك بكرێتەوە بودجەشی بۆ دەستنیشانكرابوو، بەڵام بەهۆی قەیرانەوە راوەستا، لەبەرئەوەی سێ ساڵە دابڕاوین لەسەرۆكایەتی شارەوانیەكانی سلێمانی و نازانین چەند بودجە بۆ كارگەی كانی سپیكە تەرخانكراوە». سەید حەكیم لەبارەی دۆڵەكەوە باس لەوەشدەكات:» ئەو شوێنەی كەدابینكراوە بۆ ئەم خاشاكانە بەكەڵكی كشتوكاڵی نایەت و سەخەرییەو دەخرێتە دۆڵەوە، ئەو دۆڵەش لەزووەوە دروستكراوە چونكە تێكەڵەیان لێبردووە بۆ شار، هەربۆیە رۆژانە خۆڵ و خاشاكەكەی تێدەكەین پاشان دەیكوتینەوەو خۆڵ دەكەین بەسەریدا بەشۆفڵ و بلدۆزەر، لەنێو چاڵەكەدا بۆری بۆ دانراوە كەدەتوانرێیت لەداهاتوودا ئاوەكەی رۆبكرێت و لایلۆنی بۆ راخراوە، هەربۆیە ژوور نیەو سەری بەتاڵە، دۆڵەكە هەتاوەكو دوو بۆ چوار ساڵ دەتوانرێت خۆڵ وخاشاكی تێبكرێت، بەڵام لاندفیڵەكە هەتاوەكو ئێستا سودمان لێوەرنەگرتووە». واحید ئاكرێی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن و پەیوەندی  دەستەی وەبەرهێنان بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوەكرد كەهیچ پڕۆژەیەكی ریسایكلین بۆ پارێزگای هەڵەبجە پێشكەش دەستەكەیان نەكراوە، وتیشی:» بۆ كارگەی ریسایكڵین، لەپارێزگای هەڵەبجە نە پڕۆژەیەكی لەو جۆرە پێشكەشكراوە نە كاریشی لەسەركراوە». هاوڵاتی چەندینجار هەوڵیدا پەیوەندی بكات بەبەڕێوەبەری خزمەتگوزاری خۆڵ و خاشاك لەوەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بەڵام ناوبراو وەڵامی نەدایەوە. 

هاوڵاتی ئاژانسی فورات نیوز رایگەیاند، ئەزمیە ئارسو سیاسەتمەداری باکوری کوردستان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دەستگیرکراوە. ئاژانسی فورات نیوز ئەمڕۆ شەممە بڵاویکردەوە، "ئەزمیە ئارسو سیاسەتمەداری باکوری کوردستان کە خەڵکى شاری شێرناخ-ە و نەخۆشییەکى سەختى هەیە ویستویەتی بەمەبەستی چارەسەر ڕو لە دەرەوەى وڵات بکات، بەڵام لە فڕۆکەخانەى هەولێر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەستگیرکراوە". بەپێی زانیارییەکان، کەس و کاری ئەو سیاسەتمەدارە لە بەدواداچووندان بۆ زانینی چارەنوسی ئەزمیە، بەڵام تائێستا هیچ زانیارییەکیان لەبارەوە دەست نەکەوتووە کە لەکوێ زیندانیکراوەو چی بەسەر هاتووە.

هاوڵاتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق هۆشداری لە کەمبوونەوەی ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فورات دەدات و دەڵێت، "پێویستە دەستوەردانێکی بەپەلەی نێودەوڵەتی هەبێت و پشکی تەواوی خۆمان لە ئاو وەربگرین". محەمەد شیاع سودانی ئەمڕۆ شەممە لە وتارێکدا لە کۆنرانسی نێودەوڵەتی ئاو لە شاری بەغدا، رایگەیاند، پێویستە هەڵوەستە بکرێت لەسەر کرۆکی کێشەی ئاو لە وڵاتی سەرچاوە و دیاریکردنی هۆکارەکانی و وتیشی، "لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جوگرافی پێکەوە گرێدانی زۆرمان لەڕوی ئایینی و ئاکاریی و لەسەروی هەمویانەوە ئێمە مرۆڤین و مرۆڤایەتی هەمومان پێکەوە دەبەستێت و دەبێت دیالۆگی بەرهەمدار و بونیادنەرانە ئەنجامبدرێت". جەختیلەوەشکردەوە، "ئاو بووەتە دۆسیەیەکی هەستیار و گرنگی هەموو وڵاتانی جیهان. قەیرانی ئاو لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا دەستیپێکرد، بەڵام بەهۆی شەڕەکانی رژێمی پێشووەوە لای هاووڵاتییان نەزانرا". سەرۆکوەزیرانی عێراق کە خۆی ئەندازیاری کشتوکاڵە لەبارەی پلانی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو کێشەیە قسەی کرد و گوتی، "حکومەت دۆسیەی ئاوی لە سەرووی کارەکانی داناوە؛ پێویستە لەگەڵ وڵاتانی دیکە کە سەرچاوەکانی ئاومان لەوێن لەسەر ئەو کێشانە بووەستین". پەیوەست بە گۆڕانی کەشوهەوا، سودانی وتی، "گۆرانکاریەکانی کەشوهەوا هۆکاری سەرەکین لەو داتەپینەی کە لە دۆسیەی ئاودا هەیە، حکومەتی ئێستا لەئەستۆی خۆی گرتوە کە پلانێکی گشتگیر و فراوان دابڕێژێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم لێکەوتە ژینگەی خراپانەی کە دروستبوە بۆیە ستراتیژیەتێکمان بونیادناوە لەسەر بنەمای ئەوەی کە عێراق چۆن بیر دەکاتەوە بۆ دیدگای ژینگەیی بۆ 2030". لە پەیامێکیشدا بۆ وڵاتان وتی، "پێویستمان بە هەوڵی هەمو دۆستان هەیە لە وڵاتان و رێکخراوەکان بۆ هاوکاریکردنی عێراق لەم چرکەساتە هەستیار و گرنگەدا، هەروەها پێویستە عێراق پشکی خۆی لە ئاو وەربگرێت". ئەمڕۆ شەممە بە چاودێریی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سێیەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتیی ئاو لە بەغدا دەستی بە کارەکانی کرد و دوو رۆژ دەخایێنێت، تێیدا چەندین توێژینەوەی زانستی لەبارەی دۆخی ئاو، کەمئاوی، کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا پێشکێش دەکرێن.

هاوڵاتی فەرماندەی هێزەکانی ناوەندی ئەمریکا ئاماری چالاکییەکانی مانگی ڕابردوی لە سوریا وعێراق نڵاوکردەوە پشتگیری خۆی بۆ هێزەکانی هەسەدە لە سوریا دوپاتکردەوە.  فەرماندەیی هێزەکانى ناوەندنى ئەمەریکا بڵاویکردوەتەوە، لە مانگى رابردودا هێزەکانیان 35 ئۆپەراسیۆنیان لە دژى داعش لە عێراق و سوریا ئەنجامداوە و توانیویانە 13 ئەندامى ئەو رێکخراوە دەستگیر بکەن و 28ى دیکەیشیان بکوژن. وتیشی ،" بەردەوام دەبن لە کارى راوێژکاریی و بەهێزکردنى عێراق و لەناویشیاندا هێزەکانى پێشمەرگە . سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەسەدە ڕایگەیاند،" کە ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە روبەڕوبونەوەى رێکخراوى داعش و بۆ ئەوە مەبەستەش لە سوریا پشتیوانى هێزەکانى سوریاى دیموکرات-هەسەدە دەکەن."