مەسرور بارزانی و هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا: هاوڕا بووین لەسەر دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم
هاوڵاتی پڕۆژەی گۆڕینی مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی بۆ پڕۆژەی نیشتەجێبوون دوای شەش مانگ لە دواخستنی بەهۆی چۆڵنەکردنی لە لایەن کاسبکاران و ئاژەڵ فرۆشانەوە ئەمڕۆ دەستی پێکرد . بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست هاوڵاتی کەوتوون داوا لە ئاژەڵ فرۆشان و کاسب کاران کراوە لە ماوەی سێ مانگدا تەواوی مەیدانەکە چۆڵبکرێت و مەیدانی ئاژەڵان دەگوێزرێتەوە پشت سەیتەرەکەی عەربەت. دیلان جەزا وتەبێژی کۆمپانیای مۆرتەر کە پڕۆژەکەی گرتۆتە دەست بە هاوڵاتی ڕاگەیاند ، "پڕۆژەکە 350 یەکەی نیشتەجێبونەو ناوی ئەوین سیتی ٢ وە و ماوەی شەش مانگە دوا کەوتووە بەهۆی چۆڵنەکردنییەوە ." وتیشی، "پڕۆژەکە دەبوایە لە ماوەی دوو ساڵدا تەواو بکرایە بەڵام بەهۆی چۆڵنەکردنییەوە شەش مانگ دواکەوتووە." ئەو وتەبێژە باسی لەوەشکرد، "گەڕەکەکانی قەرەتوغان و هڵوبە و شێخ عەباس زێڕینۆک لە قایمقامیەت بەهۆی ئەو بۆنوبەرامەی لە مەیدانەکەوە دێت شکاتیان کردووە". هاوکات عوسمان عارف لێپرسراوی بەشی زیادەڕۆی لە شارەوانی سلێمانی بە هاوڵاتی وت "هەموو دوو هەفتە جارێک سەردانی مەیدانەکە دەکەن بۆ ئەوەی چۆڵبکرێت".
هاوڵاتی هاوڵاتی ئەحمەد تورک سیاسەتمەداری ناسراوی باکوری کوردستان رایگەیاند، گەلی کورد بۆ کۆتاییهێنان بە سیاسەتی فشار، توندوتیژی و رەتکردنەوە، لە ١٤ی ئایاردا وڵامی پێویست دەدەنەوە و وتی، " هەڵبژاردنەکان هەلێکی گەورەیە بۆ چارەسەری پرسی کورد." ئەحمەد تورک لە شاری میرسینی تورکیا بەشداری لە کۆبونەوەیەکی فراوانی پارتی چەپی سەوز لەبارەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی ١٤ی ئایار کرد. تورک لە قسەکانیدا باسی گرنگی ئەم هەڵبژاردنانە کرد و وتی، " لە تورکیا بە گشتی کێشەی دیموکراسی هەیە، ئەگەر دیموکراسی جێگیر ببێت، سیستمێکی دیموکرات بنیات بنرێت، کێشەی کوردیش لەو نێوەندەدا چارەسەر دەبێت." هەروەها باسی ئەوەشی کرد کە چارەسەری کێشەکان لە دەوری بەهاکانی دیموکراسی دەبێت. بە تایبەتی گەلی کورد بۆ مسۆگەرکردنی دیموکراسی باجێکی زۆری داوە و بەردەوامە لە قوربانیدان. ئەمڕۆ ١٠ هەزار سیاسەتمەداری کورد لە زندانەکاندان. لە تورکیا فشارێکی زۆر لەسەر شۆڕشگێر و دیموکراتخوازان هەیە. بۆیەش دەبێت ئامانجەکە کۆتاییهێنان بێت بە فاشیزم." قسەکانی ئەحمەد تورک لە کاتێکدایە کە نۆ رۆژ بۆ هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار ماوە و پارتی چەپی سەوز لە ٦٥ پارێزگای تورکیا دەستی بە بانگەشە کردووە و وەک بەرپرسانی پارتەکە رایانگەیاندووە، ئامانجی هەیە زیاتر لە ١٠٠ کورسی پەرلەمان بەدەست بهێنێت.
سوپای پاسداران دەست بەسەر کەشتییەدا لە کەنداو دەگرێت و سوپای ئەمریکاش دەڵێت ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرە لە کاتی پەڕینەوە لە گەروی هورمز دەستی بەسەردا گیراوە. ئەمڕۆ چوارشەممە سوپای پاسداران لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد؛ دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە ئاوەکانی کەنداودا گرتوە و ئەوەش دووەمین کەشتی نەوتهەڵگرە کە ئێران لە ماوەی پێنج رۆژدا دەستی بەسەردا گرتوە. ئاژانسی هەواڵی رۆیتەر پێشتر ئاشکرای کردبو کە ئێران لە رۆژی هەینی (28/4/2023) دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە کەنداودا گرتوە کە هەڵگری ئاڵای دورگەکانی مارشاڵ بوە و بڕیاربوە نەوتەکەی بۆ ئەمریکا بگوازێتەوە. سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کردوە کە ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرەی ئەمڕۆ دەستی بەسەردا گیراوە هەڵگری ئاڵای پەنەما بوە و زانیاریی زیاتری ئاشکرا نەکردوە. لە لایەکی دیکەوە یەکەی پێنجەمی هێزە دەریاوانییەکانی سوپای ئەمریکا رایگەیاندوە کەشتییە نەوتهەڵگرەکە بە ئاڵای پەنەما لە کاتی تێپەڕین لە گەروی هورمز لە لایەن ئێرانەوە دەستی بەسەردا گیراوە. دەستبەسەردا گرتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە لایەن ئەمریکا و ئێرانەوە گرژییەکانی ئەو دوو وڵاتەی توندتر کردوە لە ماوەی رابردوشدا سوپای پاسداران ڤیدیۆیەکی هۆشداریی بۆ کەشتییەکی سەربازیی ئەمریکا بڵاو کردەوە کە داوای دورکەوتنەوەی ئەو کەشتییەی سوپای ئەمریکا لە ئاوەکانی سنوری ئێران لە کەنداو دەکات. گەروی هورمز یەکێکە لە گرنگترین سنورە ئاوییەکان کە زیاترین گواستنەوەی نەوت و گەشتییە بازرگانییەکانی نێوان وڵاتانی کەنداو و جیهانی پێدا تێدەپەڕێت.
هاوڵاتی بڕیارە جارێكی دیكە لیژنە وەزارییەكەی حكومەتی هەرێم لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كۆدەبنەوەو دوا وەڵام بگەیەننەوە بە مەسرور بارزانی، ئەگەر كێشەكان چارەسەر نەكرێن، سەرۆكی پارتی لەو پێناوەدا دەستپێشخەرییەك دەكات. تیمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی، لەمانگی تشرینی دووەمەوە بەشداری كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران ناكەن. نیگەرانییەكانی تیمی یەكێتی سێ پاكێجەو یەكێكیان پەیوەندی بەدۆخی دارایی و مووچەوە هەیە لەسلێمانی و دووەمیان دۆسیەی ئەمنییە كەخۆی لەكوژرانی عەقید هاوكار جاف دەبینێتەوەو هەروەها دۆسیەی سێیەم پرسی دەسەڵاتەكانی قوباد تاڵەبانیە وەك جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران. بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی بڕیارە بەمزووانە تیمی حكومەتی هەرێم كەپێكهاتوون لە(پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و نوێنەری پارتی و دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نوێنەری گۆڕان و عەبدوڵای حاجی مەحمود وەزیری شەهیدان و كەسوكاری ئەنفالكراوان و نوێنەری سۆشیالیست سەردانی قوباد تاڵەبانی لەمەكتەبی سیاسی یەكێتی لەهەولێر بكەنەوە. ئەو وەفدە وەڵامی، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەگەیەننەوە بە قوباد تاڵەبانی كە مەسرور بارزانی رەزامەندی نیشانداوە دەسەڵاتەكانی قوباد تاڵەبانی لەسنووری سلێمانی زیاتر بكات و دۆخی دارایشی بەستووەتەوە بەڕێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم و عێراق كە كێشەی مووچە لەو رێگەیەوە چارەسەر دەكرێت. لەبارەی دۆسیەی هاوكار جاف، مەسرور بارزانی داوای لەتیمەكەی حكومەت كردووە كە ئەو پرسە یاسا لەهەرێمی كوردستاندا یەكلاییدەكاتەوەو كەسوكاری هاوكار جاف بۆ خۆیان سكاڵایان لەسەر تۆمەتبار تۆمار كردووە. پەیامەكانی مەسرور بارزانی، دوای ئەوە بووە كە لەكۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران تاوتوێی داواكارییەكانی قوباد تاڵەبانی كراوەو بڕیارە لیژنەكە بەمزووانە سەردانی بكەنەوە. دوای سەردانی تیمی حكومەتی هەرێم بۆ لای قوباد تاڵەبانی و لەسەر بنەمای وەڵامدانەوەكانی ئەگەر كێشەكان چارەسەر كران و تیمی یەكێتی گەڕانەوە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی هیچ هەنگاوێك نانێت لەسەر ئەو پرسە. ئەگەر كێشەكان چارەسەر نەكران، پێشنیار كراوە سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەستپێشخەرییەك بكات لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكانی پارتی و یەكێتیدا. دكتۆر مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری كورد لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»ئاگاداری هیچ دەستپێشخەرییەكی كاك مەسعود نیم بۆ كۆبوونەوەی لایەنەكان و چارەسەركردنی كێشەكان لەنێوان پارتی و یەكێتیدا». هەروەها وتیشی:» مەسعود بارزانی ئەگەر دەستپێشخەری بكات، بێگومان دەتوانێت رۆڵی هەبێت و لایەنەكان كۆبكاتەوە لەپێناو چارەسەری كێشەكانی هەرێمی كوردستان و ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا كەئەوەش داواكاری هەموولایەكە». مەحمود عوسمان: "مەسعود بارزانی ئەگەر دەستپێشخەری بكات، بێگومان دەتوانێت رۆڵی هەبێت و لایەنەكان كۆبكاتەوە لەپێناو چارەسەری كێشەكاندا" سەرچاوەیەكی ئاگادار لەپارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەی بۆ هاوڵاتی دووپاتكردەوە كەدوای هەوڵەكانی نێچیرڤان بارزانی بۆ رازیكردنی قوباد تاڵەبانی و تیمی یەكێتی بێهیوا بووەو ئەو پرسە لەئێستادا دراوەتە دەست مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم چارەسەری بكات كەئەو تیمەی حكومەت وەك نێوەندگیر كاری لەسەر دەكات بۆ چارەسەركردنی كێشەكان. بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی، داواكارییەكانی تیمی یەكێتی بێجگە دۆسیەی هاوكار جاف لای مەسرور بارزانی وەڵامی چارەسەركردنیان دراوەتەوەو لیژنەكە وەڵامەكان دەگەیەننە قوباد تاڵەبانی، تەنها پرسی هاوكار جاف پێویستی بە لێكتێگەیشتن و رێكەوتنی پارتی و یەكێتی هەیە لەئاستی باڵادا لەبەرئەوەی دۆسیەی ئەمنیەو بەو هۆیەوە بودجەی دژەتیرۆر راگیراوە. لەماوەی رابردوودا، پرسی جێگرتنەوەی تیمی یەكێتی لەحكومەتی هەرێم لەتۆڕەكانی سۆشیال میدیا بڵاوكرایەوە، بەڵام بەرپرسەكەی پارتی جەختی لەوەكردەوە كە «پرسێكی لەو شێوەیە بوونی نیەو پارتی دەیەوێت كێشەكان لەگەڵ یەكێتی چارەسەر بكات نەك دۆخەكە خراپتر بكات، ئەمە نیەتی فەرمی پارتییە». هاوڵاتی پەیوەندی بەچوار بەرپرسی پارتییەوە كرد لەئاستی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی، بەڵام ئەوەیان خستەڕوو كە تەنها وتەبێژی حزب مافی لێدوانی لەوبارەیەوە هەیە. ستران عەبدوڵا: "هەر كەسێك دەستپێشخەری بكات یەكێتی رەتیناكاتەوە، چونكە بۆ مەبەستی چارەسەركردنی كێشەكانە" هاوكات، ستران عەبدوڵا، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هاوڵاتی كە لەم ژمارەیەی ئەمڕۆدا بڵاوكراوەتەوە جەخت لەوە دەكاتەوە كەیەكێتی لەگەڵ چارەسەركردنی كێشەكاندایەو دەشڵێت:» كاك بافڵ چەند جارێك خۆی چووەتە پیرمام (مەسیف سەڵاحەدین) ویستی پەیوەندییەكی باش رێكبخات بۆ ئەوەی بتوانین كێشەكان چارەسەر بكەین، قەت یەكێتی دەرگای هیچ گفتوگۆیەكی لەكاك مەسعود دانەخستووە». جەختی لەوەش كردەوە»هەر كەسێك دەستپێشخەری بكات یەكێتی رەتیناكاتەوە، چونكە بۆ مەبەستی چارەسەركردنی كێشەكانە».
مامۆستایەکی ئایینیی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تۆمەتی دژایەتیی کۆماری ئیسلامی سزای زیندانیی و لێدانی قامچیی بەسەردا دەسەپێنرێت و بەهۆی پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکانیش ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایانی ئایینیی و کەسایەتی کاکەییەکانی ئەو بەشەی کوردستان دەستگیر کراون. رێکخراوی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردەوە؛ ئارمان سادقی پێشنوێژی مزگەوتی (حسێنی) لە شاری دێولان سەر بە پارێزگای سنە لە رۆژهەڵات بە تۆمەتی "شێواندنی رای گشتیی" و دژایەتیی کۆماری ئیسلامی لە ئێران سزای حەوت مانگ زیندانیکردن و لێدانی 74 قامچی بەسەردا سەپێنراوە. دادگای تایبەت بە زانایانی ئایینیی شاری هەمەدان لە ئێران جگە لەو دوو سزایە، پیشەی مامۆستایەتیی و پێشوایەتیی ئایینیی لەو مامۆستایە قەدەغە کردوە. رێکخراوی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاماژەی بەوە کردوە؛ ئارمان سادقی لە کاتی دانیشتنەکانی دادگادا پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکان و سەرهەڵدانەکان کردوە و بەو بیانوەوە دادگای تایبەت بە زانایانی ئایینیی هەمەدان پۆشتنی جلوبەرگی مامۆستایەتیی لەو مامۆستایە قەدەغە کردوە. بە پێی ئامارەکانی ئەو رێکخراوەیە لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی زیاتر لە چ مامۆستای ئایینیی و کەسایەتیی (کاکەیی) لە سنە و کرماشان و ورمێ بە تۆمەتی پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکان و دژایەتیی دەسەڵاتی ئێران دەستگیر کراون و زۆربەیان سزای زیندان و لێدانی قامچیان بەسەردا سەپێنراوە.
هاوڵاتی گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا ئەو داتایانەی ڕەتکردەوە کە ئەمریکا بڵاویکردونەتەوە و دەڵێت ئەو داتایانە ی ئاماژە بەوە دەکەن 100 هەزار سەربازی ڕوسی بووبنە قوربانی دورن لە ڕاستییەوە. دوای ئەوەی گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە واشنتن رایگەیاند، لە پێنج مانگی رابردوودا بەهۆی شەڕوپێکدادانەکانی ناوچە جیاجیاکانی رۆژهەڵاتی ئۆکرایناوە زیاتر لە 100 هەزار سەربازی رووسی و چەکداری یارمەتیدەری کە زۆربەیان چەکداری گرووپی ڤاگنەر بوون کوژراون و برینداربوون. دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا لە مۆسکۆ رۆژی سێشەممە ، رایگەیاند، ئەو ئامارانەی کە ئەمریکا لەبارەی ژمارەی کوژراو و برینداربوونی سەربازانی رووسی و چەکداری یارمەتیدەری لە شەڕی ئۆکراینا بڵاویکردوونەتەوە "نادروستن"؛ وتیشی، "واشنتن بەهیچ شێوەیەک زانیاری راست بڵاوناکاتەوە." ڕاشیگەیاند، "تەنیا سەرچاوەی باوەڕپێکراو کە ئاماری کوژراو و برینداران بڵاوبکاتەوە، وەزارەتی بەرگریی رووسیایە." ئەو ئامارانەی ئەمریکا بڵاویکردۆتەوە و ڕوسیا ڕەتیدەکاتەوە
شەنای فاتح حەمەتاڵ ئەو هونەرمەندەی شیرینتربوو لەهەنگوین دۆخی دارایی باش نەبوو لەیەكێك لەشەقامە سەرەكییەكانی شاری سلێمانیدا سەوزەو میوەی دەفرۆشت و حكومەتی هەرێمیش تا لەژیاندا بوو ئاوڕی لێنەدایەوە. هونەرمەند هادی مەحمود ناسراو بە (حەمەتاڵ) یەكێك لەهونەرمەندە ناسراوەكانی شاری سلێمانی كەساڵی ١٩٧٠ لەشاری سلێمانی لەدایكبووەو لە ٣٠ی نیسانی ٢٠٢٣ بەجەڵتەی دڵ كۆچی دەوایی كردو لەگۆڕستانی بەكرەجۆ بەخاكسپێردرا. هونەرمەند هادی مەحمود بەردەوام بەنواندنەكانی خەندەی دەخستنە سەر لێوی بینەرەكانی و لەدرامای گەردەلوول وەك «حەمەتاڵ» ناسێندرا. نامیق هەورامی، وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» زانیاری ئەوەم نییە كەهونەرمەند هادی مەحمود فەرمانبەری وەزارەتی رۆشنبیری بووبێت، ئێمە لەوەزارەتی رۆشنبیری ١٢ بەڕێوبەرایەتی گشتیمان هەیە كەهەریەكە لەشارێكن و ئێمە رەنگە هەموو فەرمانبەرەكان نەناسین». هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد وەك وەزارەتی رۆشنبیری ئاگاداری ئەوە نین كەبارودۆخ و گوزەرانی ئەو هونەرمەندە خراپ بووبێت و تەنانەت خۆی باسی ئەوەی نەكردووە كەبارودۆخی دارایی باش نییە» ئەگەر نا ئەوەی لەتوانای وەزارەتدا بێت بۆ باشتركردنی ژیانی هونەرمەندان و نووسەران درێغی ناكات». «هونەرو نووسین لەوڵاتی ئێمەدا نابێتە سەرچاوەی بژێوی بۆ هونەرمەندو زۆربەی هونەرمەندان كاری دووەمیان هەیەو هونەر نەبووەتە بەشێك لەژیان، هەرچەندە لەكارێك یان درامایەكدا پاداشتێك وەردەگرن، بەڵام نابێتە داهات بۆیان» نامیق هەورامی وای وت. وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كەساڵانی رابردوو بڕە پارەیەك وەك هاوكاری دەدرایە هونەرمەندان و نووسەران بەپێی ساڵانی خزمەتكردنیان تەنانەت ئەوانەشی كە لەسێكتەرە جیاجیاكانی وەزارەتی رۆشنبیریدا كاریان دەكرد، بەڵام لەگەڵ هاتنی قەیرانی دارایی ئەو هاوكاریەش وەستاوە». هونەرمەند هادی مەحمود لەساڵی ٢٠٠٦ بەشداری درامای گەردەلوولی كردو لەبەشی یەكەم و دووەم و سێیەمی دراماكەدا رۆڵێكی سەرەكی هەبوو و بەو رۆڵە جێگای خۆی لەناو دڵی بینەراندا كردەوە. هونەرمەند عیرفانی وەستا محەمەد كە یەكێك لەهاوڕێ نزیكەكانی هونەرمەند هادی مەحمود بووە لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت: كاك هادی هێندەی هونەرەكەی هێندەی جەماوەرەكەی كەسایەتییەكی جوانی هەبوو و لەو باوەڕەدا نیم موچەخۆری هیچ شوێنێكیش بووبێت من لێی نزیك بووم». ناوبراو وتیشی:»لەم وڵاتەی ئێمەدا دەسەڵات پاش مردنیان هونەرمەندانیان بیردەكەوێتەوە». « كاك هادی كەسێك بوو كە نەیدەویست دەست پان بكاتەوە بۆ ئەو بەرپرسانە، بۆیە پەنای بۆ كەسابەتێكی سەربەرزانە بردو ئەوەش لەناو خەڵكدا گەورەتری كردو پێشووتریش هیچ كارێكی دیكەی نەبوو و لەم كۆتاییانەدا كە باری دارایی باش نەبوو پەنای برد بۆ ئەو ئیشە تا چاوەڕێی دەستی سەرانی دەسەڵات نەبێت و هەموو كەس ئەو راستییە دەزانێت و ئەم حكومەتە هەمیشە پشتی كردووەتە هونەرمەندەكان». عیرفانی وەستا محەمەد باسی لەوەشكرد كەزۆرجار هونەرمەند دەچێتە لای بەرپرسێك پاش دوو كاتژمێر رێگە نادەن بەرپرسەكە ببینێت» پاش مردنی هونەرمەندەكەش من بەرپرسەكان ناودەنێم سەیارەی بووك، چونكە هەموو باوەشێك گوڵیان پێیەو خۆیان رازاندووەتەوە، من وەك عێرفانی وەستا محەمەد هەمیشە وتوومە یەك دیناری حكومەتی هەرێم و ئەم دەسەڵاتە لەخۆم و ماڵ و مناڵم حەرام بێت و هەرگیز چاوم لەدەستیان نەبووەو ناچمە بەر دەرگای هیچ بەرپرسێك و كاك هادیش بەو شێوەیە بووە». هونەرمەند هادی مەحمود لەساڵی ١٩٩٥ ژیانی هاوسەرگیری پێكهێناوەو خاوەنی دوو كچە بە ناوەكانی (تەنكە و باری). پاش كۆچی دوایی هونەرمەند هادی مەحمود رابیتەی مرۆیی ئەركی چاودێریكردنی منداڵەكانی هونەرمەندی ناوبراویان لەئەستۆ گرتووە. شێخ حسێن، سەرۆكی ئەنجومەنی كارگێڕی رێكخراوی رابیتەی مرۆیی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»ئێمە ئەوەندەی بەرهەمەكانی كاك هادیمان بینیبوو پیاوێكی سەنگین بوو و هەمیشە دەم بەخەندە بووە، ئێمە لەكاتی مردنەكەیدا ئەوەمان زانی كەبارودۆخی داراییان باش نەبووەو پێمان وترا لەكرێچیدایەو خەریكی سەوزەو میوە فرۆشتنە، بەداخەوە كەكۆچی دوایی كردو ئەو منداڵانەی لێ بەجێما بەتایبەت منداڵە بچووكەكەی كە ئێمە دەتوانین لەپڕۆژەی كەفالەتكردنی نازداراندا خزمەتیان بكەین لەڕووی دابینكردنی سەرچاوەیەكی بژێوی بۆ خێزانەكە». هەروەها وتیشی:» جۆرێك لەچاودێریان دەكەین وەك دابینكردنی پێداویستی قوتابخانە بۆ ئەو مەبەستە بڕیارماندا كەفالەتی خێزانی ئەو هونەرمەندە بەڕێزە بكەین».
هاوڵاتی کۆشکی سپی ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند سوپای ڕوسیا لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا 100 هەزار سەربازی بونەتە قوربانی ( بریندار و کوژراو) لە شەڕەکانی ناوچەی باخموت و ناوچەکانی دیکەی ئۆکرانیا . وتەبێژی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جۆن کیربی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ژمارەکە لە خەمڵاندنەکانی هەواڵگری ئەمەریکاوە سەرچاوەی گرتووە، پێیان وایە لە ژمارەیە زیاتر لە 20 هەزاریان کوژراون کە نیوەیان سەر بە گروپی بەکرێگیراوی واگنەر بوون. کیربی وتیشی " هێرشەکەی ڕووسیا لە زستاندا لە دۆنباس و بە شێوەیەکی دیار لە باخموت شکستی هێنا". باسی لەوەشکرد کە " ڕووسیا کۆگا سەربازییەکانی و هێزە چەکدارەکانی هیلاک کردووەو زۆربەی سەربازەکانی گروپی بەکرێگیراوی واگنەر تاوانبار بوون و خراونەتە ناو شەڕی باخموتەوە، بەبێ ئەوەی شەڕییان کردبێت یاخود مەشقی پێویستییان پێدرابێت." ڕاشیگەیاند ڕوسیا چەند دەستکەوتێکیان هەبووە لە باخموت بەڵام " باجێکی زۆر زۆر خراپییاندا وە بۆ ئەم دەستکەوتە "و دەشڵێت " بەرگرییەکانی ئۆکرانیاش لە ناوچەکەدا بە بەهێزی ماونەتەوە." لە مانگی دووی ساڵی پارەوە جەنگی نێوان ئۆکرانیا و ڕوسیا دەستیپێکردووە دوای ئەوەی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆ سەر ئۆکرانیا راگەیاند و سوپای وڵاتەکەی هێرشی بۆ سەر باشوووری رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دەستپێکرد و تا ئێستا بەردەوامە.
هاوڵاتی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد ڕەشیدی مناڵان لە سلێمانی رایگهیاند، نەخۆشخانەكهی پڕبوه له نهخۆش، دو هەفتەیە کارمەندان و پەرستاران هاوار دەکەن دەڵێن "لە تواناماندا نەماوە"، بهڵام گوێیان لێناگیرێت. د. پشدهر عهبدوڵا ئهمشهو له پهیامێكدا بڵاویكردهوه، "بەداخەوە نەخۆشخانە پڕ بوە لە نەخۆش، دو هەفتەیە کارمەندان و پەرستاران هاوار دەکەن دەڵێن لە تواناماندا نەماوە، دو قاوشم هەیە لەبەر بێکارمەندی ناتوانین بیان کەینەوە، کە توانای وەرگرتنی بەلایەنی کەمەوە 60 نەخۆشی تریان هەیە، بە سێ کارمەند دەبێت چارەسەری سەروی 50 نەخۆش بکەن". لە پەیامەکەیدا دەشڵێت "چوار ساڵە هاوار دەکەم دەڵێم تکایە کارمەندو پەرستارم بۆ دابمەزرێنن" بهڕێوهبهری نهخۆشخانهی منداڵانی فێركاریی دكتۆر جهمال نووسیویشیهتی: "تكایه تكایه تكایه كارمهند و پهرستارمان بۆ دابمهزرێنن. لێرە بەدوا بۆ هیچ ڕاگەیاندنێک قسە ناکەم". مانگێک زیاترە نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک وەکو نەخۆشییەکی مەترسیدار لە پارێزگاکانی هەڵەبجە و سلێمانی سەریهەڵداوە، نزیکەی 200 تووشبوو بەو نەخۆشییە لەو دوو پارێزگایە تۆماکراون، بەرپرسانی تەندروستی دەڵێن، سەرجەمی نەخۆشەکان منداڵن، نەخۆشییەکە لە هەولێر و دهۆکیش هەیە، بەڵام ژمارەی تووشبووان بەپێی بەرپرسێکی تەندروستیی هەولێر زۆر کەمترە. هەروەها وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی بەدواداچوونی بۆ رەوشی نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک لەنێو منداڵان پێکهێناوە لیژنەکە سەردانی هەڵەبجە و سلێمانی دەکەن و بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی زانستی لەبارەی نەخۆشییەکەوە دەکەن.
هاوڵاتی وەزارەتی پێشمەرگە رایگهیاند، خشتەکانی پلە بەرزکردنەوەی ساڵانی 2020 و 2021 لەگەڵ پاشکۆی خشتەکانی پلە بەرزکردنەوەی ساڵانی 2018 و 2019ی ئەفسەرانی سەر بە وەزارەتهكه گەڕایەوە و ئهمڕۆش لەلایەن سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگەوە واژۆكراوه، كه ژمارهیان ههزار و 300 پێشمهرگهیه. ئەو دو خشتەیەی كه گهڕاوهتهوه تایبەتە بە ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە و لیوا هاوبەشەکان و هێزەکانی یەکەی 70 و 80 ناگرێتەوە؛ هێزەکانی 70 سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن و 80 سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانن و لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا نین. ئهو كهسانهی كه ئهمڕۆ پلهكانیان بهرزكراوهتهوه نزیكهی ههزار و 300 ئەفسەری پێشمەرگەن کە لە مانگەکانی ئازار و ئهیلول بۆ ساڵهكانی 2020 و 2021 مامەڵەکانیان پێشکەشکرابو بۆ بەرزکردنەوە. پلە بەرزکردنەوەی پێشمەرگە تاوەکو پلەی جێگری ئەفسەر، راستەوخۆ بە فەرمانی وەزیر ئەنجام دەدرێت؛ پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەران لە وەزارەتی پێشمەرگەوە رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت و دوای رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران دەبێت مەرسومی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بۆ دەربچێت و پاشان رەوانەی وەزارەتی پێشمەرگە دەکرێتەوە و دەکرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
هاوڵاتی کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی ئۆپۆزسیۆن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا راگەیاند، ئێمە ئاشتی و دیموکراتی دەهێنینە تورکیا و کەس بەهۆی ئایین و ناسنامەکەیەوە ئیدی گۆشەگیر ناکرێت. کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی ئۆپۆزسیۆن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی و سەرۆکی گشتی جەهەپە بە یاوەری ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەستەنبوڵ و شاندێکی جەهەپە لە شاری وان باکوری کوردستان کۆبونەوەیەکی گەورەی جەماوەری ئەنجامدا. لە کۆبونەوە جەماوەریەکەدا کە زۆربەی بەشداربووان لایەنگرانی پارتی چەپی سەوز (هەدەپە) بوون، ئاڵاکانی جەهەپە و پارتی چەپی سەوز بەرز کرانەوە و پشتگیری خۆیان بۆ کلچدارئۆغلۆ دیار کرد. کلچدارئۆغلۆ بۆ جەماوەر قسەی کرد و ئاماژەی بە کێشەکانی شاری وانی باکوری کوردستاندا و بەڵێنی خزمەتکردنی بە خەڵکی شارەکەدا و وتی، " من لە ناوچەی ئەرجیشی وان دەستم بە خوێندن کرد. ئێستا لە یەکێک لە شارە جوانەکانی جیهان میوانم. هەموو کێشەکانی ئەم شارە دەزان. دەزانم کێ چی کردووە. بەڵێنێکم بۆ هاوڵاتیانی شارەکە ئەمەیە. ئارامی و ئاشتی دەهێنینە وڵات. هیچ کەسێک ئیدی بەهۆی ئایین و ناسنامەکەیەوە گۆشەگیر ناکرێت." باسی ئەوەشی کرد کە دەسەڵات هەموو یاساکانی پێشێل کردووە و ئاماژەی بەوەکرد، هەموو کێشەکان چاتەسەر دەکەم. بڕۆن دەنگ بدەن. دەنگ بدەن و دەسەڵات دەرووخێنین. دەمانەوێت بە ئارامی لە وڵاتەکەمان بژین. ئیدی سەردەمی جیاکاری تەواو بووە. " هاوپەیمانی رەنج و ئازادی کە لە هەدەپە و شەش پارتی چەپ پێک دێت، دوای ئەوەی چەند بەڵێنێکی لە کلچدارئۆغلۆ وەرگرت، چەند رۆژ لەمەوبەر بە شێوەیەکی فەرمی رایگەیاند کە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا پشتگیری لە کلچدارئۆغلۆ دەکەن و تاکە ئامانجیان ئەوەیە کە کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەردۆغان بهێنن
هاوڵاتی لە رۆژی جیهانیی کرێکاراندا نزیکەی 800 هەزار کەس چوونە سەر شەقامەکانی چەندین شاری فەرەنسا. لە رۆژی جیهانیی کرێکاراندا 1ی ئایاری 2023 نزیکەی 500 هەزار کەس لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا و 300 هەزاری دیکەش لە شارەکانی لیۆن و نانتسی فەرەنسی خۆپێشاندانیان کرد و لە ئەنجامیشدا شەڕ و ئاڵۆزی لەنێوان خۆپێشاندەران و هێزەکانی پۆلیس دروست بوو. ئەو خۆپیشاندانە یەکێک بوو لەو زنجیرە خۆپیشاندانەی لە 19ی یەکی 2023 دەستی پێکرد، کە لەلایەن دژایەتیکەرانی پڕۆژە یاسای چاکسازی خانەنشینیەوە ڕێکخراون کە بە پێی پڕۆژە یاساکە حکومەتی فەڕەنسا دەیەوێت تەمەنی خانەنشینی لە 62 ساڵەوە بۆ 64 ساڵ زیاد بکات. پێش خۆپیشاندانەکەش سەندیکاکانی کرێکاران و فەرمانبەران داوای بەشدارییەکی فراوانتری لە خۆپێشاندانەکان کردبوو، تاوەکو حکومەتی فەرەنسا ناچار بکەن لە هەوڵەکانی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای خانەنشینی و بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بە دوو ساڵ، پاشگەز بکەنەوە. بەگوێرەی میدیای فەرەنسی، پۆلیس گازی فرمێسکڕێژی دژی خۆپێشاندەران بەکارهێناوە، خۆپێشاندەرانیش هێرشیان کردووەتە سەر پۆلیس، لە ئەنجامدا 108 پۆلیس بریندار بوون و زیاتر لە 200 خۆپێشاندەریش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراون.
حکومەتی تورکیا لە ٩ گوندی مێردینی باکوری کوردستان بە بیانوی ئۆپراسیۆنی سەربازی قەدەغەی هاتوچۆی راگەیاند. بەگوێرەی میدیاکانی باکوری کوردستان، حکومەتی تورکیا لە ٩ گوندی سەر بە ناوچەی نسێبینی پارێزگای مێردینی باکوری کوردستان، بە بیانۆی دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی سەربازی لەبەرامبەر گەریلاکانی پەکەکە قەدەغەی هاتوچۆی راگەیاندووە. ناوی گوندەکان بەم شێوەیەیە: مشوال، فسکان، بەرهۆک، ئارپال، باهمینین، ئەفشێ، شەکین، یۆل و گەلیێسۆرا و کاتی کۆتاییهێنان بە ئۆپراسیۆنەکە رانەگەیەندراوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە تەنیا ١٢ رۆژ بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا ماوە و بانگەشەی هەڵبژاردنیش گەرمە و پارتە سیاسیەکان و بە تایبەتی پارتی چەپی سەوز گوند بە گوند، ناوچە بە ناوچە و شار بە شار دەستی بە کۆبونەوەی جەماوەری کردووە. ئەم هەنگاوەی حکومەتیش رێگە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی پارتی چەپی سەوز دەگرێت کە خۆی بگەیەنێتە گوندنشیان، یاخود گوندنشینان بەشداری لە کۆبونەوە جەماوەرییەکاندا بکەن.
هاوڵاتی وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاویكردەوە، كۆی هەناردە و داهاتی نەوت بۆ مانگی نیسان، بەم شێوەیە بووە، بڕی ٩٨ ملیۆن و ٦٣٤ هەزار و ٩٤٧ بەرمیل نەوتی خاو هەناردە كراوە، دەشڵێن، داهاتەكەشی حەوت ملیار و ٧٩٦ ملیۆن دۆلار بووە. وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا پشت بەستن بە ئامارێکی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (SOMO (، بڕ و داھاتی نەوتی فرۆشراوی بۆ مانگی نیسان بڵاوکردووەتەوە کە لە مانگی نیسانی رابردوودا، رۆژانە تێکڕا سێ ملیۆن و 288 ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردەکراوە و یەک بەرمیل نەوت تێکڕا بە 79،04 دۆلار فرۆشراوە. ئەوەش لە کاتێکدایەـ داھاتی عێراق لە فرۆشتنی نەوت لە مانگی ئاداردا، حەوت ملیار و 404 ملیۆن دۆلار بووە، بەمەش داھاتی عێراق لە فرۆشتنی نەوت لە مانگی نیساندا بەراورد بە مانگی ئاداردا، 392 ملیۆن دۆلار زیادی کردووە.
