رۆژنامەیەکی ئێران ئاشکرای دەکات لە ساڵێکدا 77 کچ و ژن لە پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان خۆیان کوشتوە کە تەمەنی ژمارەیەکیان لە 18 ساڵ کەمتر بوە. رۆژنامەی (ئیعتیماد) لە ئێران بڵاوی کردوەتەوە لە ساڵی رابردودا خۆکوشتنی 77 کچ و ژن لە پارێزگای سنە تۆمار کراوە کە 21 کەسیان تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمتر بوە و هۆکاری زۆربەی خۆکوژییەکان لەو پارێزگایە کێشەی خێزانی و هەژاریی بوە. بە پێی ئامارەکانی ئەو رۆژنامە زیاتر لە 28 کەس لەو ژن و کچانە بە پەت و خۆهەڵواسین خۆیان کوشتوە. لە ئامارەکانی پۆلیسی ئێران دەرکەوتوە؛ لە ساڵی 2016-ەوە ساڵانە زیاتر لە چوار هەزا و 200 کەس بەهۆی خۆکوشتنەوە گیانیان لەدەستداوە و زیاترین حاڵەتی خۆکوشتن لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوە. شارەزایانی کۆمەڵناسیی لە ئێران هۆکاری زۆربەی حاڵەتەکانی خۆکوژیی لەو وڵاتە بۆ هەژاریی و خراپی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەگەڕێننەوە.

هاوڵاتی وتەبێژى فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند لەلایەن سەرۆکی پەرلەمان بە بڕیاری یەکێتی لەمپەر بۆ ئەنجامدانی دانیشتنەکانی پەرلەمان دروست کراوە ، بۆیە  تاوەکو 2ـی 6ـی 2022، دانیشتنی پەرلەمان ئه نجام نادرێت. ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بە 18 هەنگاوی حیزبەکەی دا، بۆ کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و هەمواری یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کە سەرجەمیان "بەهۆی نەهاتنەپێشەوەی لایەنەکان بە بنبەست گەیشتوون". وتیشى،" کۆمەڵێک بابەت هەبوە کە لەسەرى رازى بوین و لە سەرەتادا ئەمە بۆچونى ئێمە نەبو، بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنیش لە زۆرێک لە داواکارییەکانى خۆمان سازشمان کردوە". جەختیشى کردەوە، فرراکسیۆنى پارتى ئامادەیی خۆى نیشان داوە کە چى لەسەر شانى بێت ئەنجامى بدات بۆ ئەوەى هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت. پێشەوا هەورامانی دەشڵێت: "یەکێتی لە هەر هەنگاوێک کە بەڵێنیداوە، لە جاری داهاتوودا بەشێوەیەکی دیکە هاتوونەتە پێشەوە، هەر بڕیارێک لە کۆبوونەوەکان دراوە، بۆ کۆبوونەوەی داهاتوو بە بیانووی نەخۆشکەوتن یان هەر هۆکارێکی دیکە کۆبوونەوەکە نەکراوە". گوتیشی: "ئەگەر ئەمڕۆ یەکێتی 10 مەرجی هەبێت بۆ هەڵبژاردن و پارتی بە هەموویان رازیبێت، رۆژی دواتر 10 مەرجی دیکە دادەنێت و ئامانجیشی ئەوەیە هەڵبژاردن نەکرێت". لەبارەى سەرۆکى پەرلەمانیشەوە، پێشەوا هەورامى وتى،" سەرۆکى پەرلەمان بە بڕیارى یەکێتى لەمپەرى دروست کرد بۆ دانیشتنەکانى پەرلەمانى کوردستان و نەتوانرا تا 2/6/2022 دانیشتنى پەرلەمان ئەنجام بدرێت و ئەنجامدانى دانیشتنەکانیان بەستبوەوە بەو مەرجەى کە نابێت پرسى کۆمیسیۆن و هەڵبژاردن بخرێتە بەرنامەى کارى دانیشتنى پەرلەمانەوە". پەرلەمانی كوردستان  9-10-2022 بە دەنگی 80 پەرلەمانتار لە فراكسیۆنەكانی پارتی، یەكێتی، گۆران و پێكهاتەكان خولی پێنجەمی پەرلەمان بۆ ساڵێک درێژکرایەوە و لە مساڵدا  نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە فەرمانێکی هەرێمی، رۆژی 18-11-2023ی وەکو رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دیاریکرد.

هاوڵاتی قایمقامی قەزای ماوەت ڕایگەیاند دەوروبەری کاتژمێر 11 ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ تورکیا بە دوو درۆن دەوروبەری گوندی گەڵاڵەی بۆردوومان کرد، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی و مادی نەبووە. کامەران حەسەن، قایمقامی قەزای ماوەت  رایگەیاند "نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 2ی ئایاری 2023 بە درۆن  نزیک گوندی گەڵاڵە لە سنووری قەزای ماوەت دووجار بۆردوومانکرا". ئاماژەی بەوەشکرد "بۆردوومانەکە زیانی گیانی نەبوەو کۆتایی هاتووە و هاوڵاتییان سەلامەتن .   هێرشەکانی تورکیا لە سنوری هەرێم چەندین ساڵە بەردەوامە بەپێی راپۆرتێكی رێكخراوی CPT لەئابی 2015ەوە تاكانوونی یەكەمی 2021، سوپای توركیا زیاتر لە چوار هەزار هێرشی ئاسمانی و تۆپهاوێژی و زەمینی لەهەرێمی كوردستان و باكوری عێراقدا ئەنجامداوە.  لەماوەی نزیكەی حەوت ساڵدا لە 88 هێرشدا سوپای توركیا هاووڵاتیانی مەدەنی بەئامانجگرتووەو بەشێوەیەك كە لەئابی 2015ەوە تاكانوونی یەكەمی 2021،  98 بۆ  123 كەسی مەدەنی شەهیدبوون و 134 بۆ 161 كەسی دیكە  برینداربوون. وەك لەڕاپۆرتی رێكخراوەكەدا ئاماژەی پێكراوە لەو رێژەیەی قوربانیاندا، 55 یان لەكاتی جوتیاری یاخود لەوەڕاندنی ئاژەڵەكانیاندا شەهیدبوون، لە 87٪‏ی شەهیدەكان پیاون و لە 13٪‏شیان ژنن، هەروەها شەش لەشەهیدەكان منداڵن.

هاوڵاتی نرخی كاره‌بای مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كان بۆ مانگی نیسان له‌شاری سلێمانی له‌نێوان چوار هه‌زار بۆ پێنج هه‌زار و500 دیناره‌ و نرخی هه‌ر سه‌عاتێك بۆ یه‌ك ئه‌مپێڕ به‌ 45 دینار دیاریكراوه‌. لەڕاگەیەندراوێکدا کارەبای سلێمانی بڵاویکردەوە، بەپێی کۆنوسی کۆبونەوەی لیژنەی دیاریکردنی نرخی مۆلیدە ئەهلییەکان، کارکردن و تەرخانکردنی کارەبا لەلایەن مۆلیدە ئەهلییەکانەوە بۆ هاوڵاتیان لە مانگی (نیسان/4)ی 2023 لە نێوان 100 بۆ 120 کاتژمێردا بوە. هەروەها نرخی هەر کاتژمێرێک بۆ یەک ئەمپێر بە 45 دینار دیاریکراوە،‌ بەمەش نرخی یەک ئەمپێر کارەبای مۆلیدەی ئەهلی لە ناوشاری سلێمانی بۆ مانگی (نیسان/4) لە نێوان چوار هەزار و بۆ پێنج هەزار و 500 دینار دەبێت. سەبارەت بە خشتەی پێدانی کارەباش ئاماژەی بەوەکردوە، "خشتەی کارپێکردنی مۆلیدە و پێدانی کارەبا تا 15ی (ئایار/5)ی 2023 لەکاتژمێر 1:00ی ـی پاشنیوەڕۆ بۆ کاتژمێر 1:00ی شەو دەبێت و دواتر لە کاتژمێر 7:00 بۆ کاتژمێر 8:30 خولەکی سەرلەبەیانی مۆلیدەکان کارەبا بۆ هاوڵاتیان دابیندەکەن، تەنها لە رۆژانی هەینی نەبێت کە لە کاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆوە کارەبا دەدەن بە هاوڵاتیان".    

هێڵی هەژاریی لە ئێران بەرز دەبێتەوە و نوێنەرێکی کرێکارانیش دەڵێت خواردنی گۆشتی سور لە سفرەی خێزانەکانیان نەماوە. لە نوێترین ئامارەکانی ئێراندا هێڵی هەژاریی لە 18 ملیۆن تمەن کە دەکاتە 320 دۆلار بۆ 21 ملیۆن کە دەکاتە نزیکەی 380 دۆلار بەرز دەبێتەوە لە کاتێکدا ناوەندی موچەی کرێکارێک هەشت ملیۆن تمەنە کە دەگاتە نزیکەی 140 دۆلار. هەر خێزانێکی دانیشتوی ئێران ئەگەر داهاتی لە 380 دۆلار کەمتر بێت لە هێڵی هەژاریدا دەژیت و بەو پێیە زیاتر لە 75%ی دانیشوانی وڵاتەکە بە هەژار ئەژمار دەکرێن. فەرامەرز تۆفیقی، چالاکوانی کرێکاریی و نوێنەری پێشوی کرێکاران لە ئەنجومەنی باڵای کار لە ئێران رایگەیاند؛ حکومەت بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە تەنها بە رێژەی 27% موچەی کرێکارانی بەرز کردوەتەوە لە کاتێکدا هەڵاوسانی ئابوریی زیاتر لە 50% بەرز بوەتەوە. بە وتەی تۆفیقی بەهۆی کەمیی داهاتەوە گۆشتی سور لەسەر سفرە خێزانی کرێکاران و زۆربەی موچەخۆراندا نەماوە و توانای کڕین بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. بەهۆی دابەزینی رۆژانەی بەهای تمەن هێڵی هەژاریی لە 15 ملیۆن تمەنەوە بۆ 21 ملیۆن تمەن بەرز بوەتەوە و بە پێی ئامارێکی نێودەوڵەتی لە کۆی نزیکەی 85 ملیۆن دانیشتوی ئێران زیاتر لە 60 ملیۆن کەس لە ژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین.    

هاوڵاتی پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، بە هەمو شێوەیەک ڕیکلامکردن بۆ ڤەیپ، نێڕگەلە، جگەرە و جگەرەی ئەلکترۆنی لە راگەیاندنەکان قەدەغەیە، هەر ڤاینەر، گۆرانیبێژ، مۆدێلێکیش ریکلام بکات رێکاری یاسایی لە بەرامبەردا دەگیرێتەبەر. لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە هەمو شێوەیەک ڕیکلام کردن بۆ ڤەیپ، نێڕگەلە، جگەرە و جگەرەی ئەلکترۆنی لە (کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، نوسراو، بینراو، بیستراو، سۆشیال میدیا) قەدەغەیە. ئاماژەی بەوەشکردوە، هەر ڤاینەر، گۆرانیبێژ، مۆدێل و کەسە بەناوبانگەکانی سۆشیال میدیا و کەسێکی دیکە ڕیکلام بۆ ڤەیپ، نێرگەلە، جگەرە و جگەرەی ئەلیکترۆنی بکات رێکاری یاسایی لە بەرامبەردا دەگیرێتەبەر.

هاوڵاتی دوای ئەوەی زریانێکی تۆزاوی توانای بینین کەمکردەوە، لە ویلایەتی ئیلینۆیس لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، بەهۆی پێکدادانی نزیکەی 100 ئۆتۆمبێل لەسەر ڕێگایەکی خێرا ، شەش کەس گیانیان لەدەستدا. پۆلیسی ویلایەتی ئیلینۆیس لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، نزیکەی 40 بۆ 60 ئۆتۆمبێلی نەفەر هەڵگر، جگە لە 30 ئۆتۆمبێلی بازرگانی، لە ویلایەتی ڕۆژئاوای ناوەڕاستی ئەمریکا توشی پێکدادان بون، بەهۆی بای بەهێزەوە کە تۆز و خۆڵ لە کێڵگە کشتوکاڵییەکانەوە لە سەرانسەری ڕێگاکەدا هەڵیداوە. پۆلیس باسی لەوەشکردوە، "زیاتر لە 30 کەس برینداربون کە بەشێکیان برینەکانیان سوکە و بەشێکیشیان قورسە، سەرجەمیشیان گەیەندراونەتە نەخۆشخانە و تەمەنی قوربانییەکان لە نێوان دو بۆ 80 ساڵاندان، شەش کەسیش گیانیان لەدەستداوە".  

هاوڵاتی درەنگانی شەوی رابردو، فڕۆکە جەنگیەکانی ئیسرائیل  فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حەلەب و فڕۆکەخانەیەکی سەربازیی لە پارێزگاکەدا بۆردوومان کردووە و لەئەنجامیشدا ژمارەیەک کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.  بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، 2ـی ئایاری 2023، میدیای فەرمیی سووریا بڵاویکردەوە: "نزیکەی کاتژمێر 11:35 شەوی دووشەممە، ئیسرائیل بە چەند مووشەکێک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حەلەب و چەند ناوچەیەکی دیکەی دەوروبەری حەلەبییان کردە ئامانج." لە هێرشەکەدا، بەپێی راگەیێندراوی فەرمیی سووریا، "سەربازێکی سوپای سووریا کوژراوە، 7 کەسی دیکەش برینداربوون و فڕۆکەخانەی حەلەبیش لە کارکەوتووە." سەرچاوەکانی کار لە یەکەکانی چاودێری و بەدواداچونی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ڕایانگەیاندوە، هێرشەکەی ئیسرائیل، هەریەک لە فڕۆکەخانەی سەربازی نەیراب لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەلەب، بارەگای سەربازیی هێزە ئێرانییەکان کە دەکەوێتە نزیک کەتیبەی بەرگری ئاسمانی لە ناوچەی سەفیرەی باشوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کردۆتە ئامانج. لە ماوەی شەڕی 10 ساڵەی نێوخۆی سووریادا، ئیسرائیل سەدان هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر سووریا و بەشێوەیەکی سەرەکی پێگەکانی هێزەکانی نزیک لە ئێران، حیزبوڵڵای لوبنان و سوپای سووریا دەکاتە ئامانج.

هاوڵاتی بەڕێوبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزانی سلێمانی ئاماری باران بارینی ئەمساڵ تا مانگی نیسان بڵاوکردەوەو لە زۆربەی پارێزگاکان لە چاو پاردا بڕی باران بارین زیادیکردووە. بەپێی ئامارەکانی بەڕێوبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەی سلێمانی لەناو سەنتەری شاری سلێمانیدا لە مانگی نیساندا ، 145.1 ملم باران باریوە كۆی گشتی باران بارین لە پارەوە تا ئەم مانگە گەیشتۆتە 732.8 ملم , و پار لە هەمانکاتدا 420.4 ملم باران باریوە واتە ئەمساڵ تاكو ئێستا 312.4 ملم باران لە ساڵی رابردوو زیاتر باریوە . لە پارێزگای هەڵەبجەش لە هەمانکاتدا 79.8 ملم باران باریوە كۆی گشتی باران بارین لە پارەوە تا ئەم مانگە گەیشتۆتە 514.6 ملم  و پار لە هەمانکاتدا 396.8 ملم باران باریوە واتە ئەمساڵ تاكو ئێستا  118 ملم باران لە ساڵی رابردووزیاتر باریوە . وێنەی ڕێژەی باران بارین لەسەر جەم ناوچەکانی  سلێمانی و دەوروبەری:

شەنای فاتح بەرزبونەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار نرخی كاڵاكانی لەهەرێمی كوردستاندا دانەبەزاندووە و بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی دەڵێت:"مانگی داهاتوو نرخی زۆربەی كاڵاكان دادەبەزێت". لەماوەی رابردوودا بەهای دۆلار بەرامبەر دینار بەرزبوونەوەیەكی بەرچاوی بەخۆوە بینی، كە لەكۆتایی مانگی كانونی دووەمدا 100 دۆلار گەیشتە سەرو 170 هەزار دینارو بەو هۆیەوە نرخی كاڵاكان 21% بەرزبوویەوە، بەڵام لە كۆتایی مانگی ئاداردا بەهای دینار بەرزبوویەوەو ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی نیسان بەهای 100 دۆلار بەرامبەر 140 هەزار دینارە. ئەو خۆراكانەی لەبازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندایە لەئێران و توركیا و چین و ئەوروپا هاوردە دەكرێن، نرخەكانیشیان زیاتر لەسەر بنەمای بەهای دۆلار دیاریدەكرێن، هەندێكجاریش لەسەر رێژەی گومرگ و باجیش دیاریدەكرێن. سۆران عەبدولغەفور بەڕێوبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوەكرد كە  ئەو كاتەی  كەبەهای 100 دۆلار لە120 هەزارەوە بۆ 146 هەزار دینار بەرزبوویەوە، هەموو ماددە خۆراكییەكان 20% بەرزبوونەوەیان بەخۆیانەوە بینی، دوای ئەوەی نرخی 100 دۆلار بۆ 160 هەزارو 170 هەزار دینار بەرزبوویەوە هەرچەندە ئەو نرخانە وردە وردە بەرزبوونەوە، بەڵام  بە جێگیری نەمانەوە". لەو كاتەی نرخی 100 دۆلار بە 170 هەزار دینار بوو، 21% نرخەكان زیادیان كردووە بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی وتیشی:" نرخی كاڵاو شمەكەكان رۆژانە هەزار دینار بەرزدەبوونەوە یان 500 دینار دادەبەزین". " لەو كاتەی نرخی 100 دۆلار بە 170 هەزار دینار بوو، 21% نرخەكان زیادیان كردووە"سۆران عەبدولغەفور وای وت. بەڕێوبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد " نرخەكان لەئێستادا تاڕادەیەك جێگیرییان پێوە دیارە،  بۆنموونە ئارد  بۆ هەر فەردەیەك 11 هەزار دینار دابەزیوە و ئەگەر هەیە ئەم هەفتەیەش زیاتر دابەزێت، چونكە حكومەتی عێراقی رایگەیاندووە كە نرخی دۆلار بۆ بازرگان بە 132 هەزار دەگۆڕێتەوە و مانگی داهاتوو زۆربەی كاڵا بازرگانییەكان دابەزین بە خۆیانەوە دەبینن". بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی: مانگی داهاتوو نرخی زۆربەی كاڵاكان دادەبەزێت  بانكی ناوەندی عێراق بەهای دۆلاری بەرامبەر دینار جێگیر كردووە كە 100 دۆلار بەرامبەر بە 132 هەزار دینارە، بەڵام لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو 100 دۆلار بە 140 هەزار دینارە. كاسبكارێكی سلێمانی ئاماژە بە بەشێك نرخی كاڵا و شمەكەكان دەكات كە بەهۆی بەرزبونەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار نرخەكانیان دابەزیوە و ئەو كاڵایانەش دەخاتەروو كە گرانبوون. گۆران محەمەد خاوەن فرۆشگایەكی خواردەمەنییە لەشاری سلێمانی بۆ هاوڵاتی باسی لەوەكرد  نرخی هەندێ خۆراك بەرزبووەتەوە و هەندێكیش نرخەكانیان دابەزیون، نرخی ئەو برنجانەی لە بەشە خۆراكی مانگانەدا دەدرێنە هاوڵاتیان دابەزیون، هەروەها نرخی چا دابەزیوە، "پاكەتێك چای دووغەزال پێشتر بە حەوت هەزارو ٥٠٠ دینار بوو و ئێستا بەشەش هەزارە و چای مەحموودیش بەشەش هەزارو ٥٠٠ دینار بوو و ئێستا بە شەش هەزار دینارە". ئەو خاوەن فرۆشگایە باسی لە نرخی زەیتیش كرد كە دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، و نمونەی ئەوەی هێنایەوە كارتۆنێك زەیت كەبیست دەبەی یەك لیتری تێدایە بە ٦٦ هەزار دینار بووەو ئێستا بە ٤٥ هەزار دینارە. سەبارەت بە رۆنی تەنەكە گۆران محەمەد هێمای بۆ ئەوەكرد كە نرخی رۆنی ئەسیڵی ئیماراتی گرانترینەو نرخەكەشی دانەبەزیووە كە قوتووی چوار كیلۆییەكەی بە ٢٥ هەزار دینارە، بەڵام رۆنە توركییەكان بەشێوەیەكی گشتی نرخیان دابەزیوە. عەلی مەحمود خاوەن قەسابخانەیە لەشاری سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: "ئەو گۆشتەی ئێمە دەیفرۆشین خۆماڵییە و نرخەكەی گران نەبووەو هەرزان بووە ماوەیەك لەمەوپێش نرخی كیلۆیەك گۆشت بە٢٢ هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا بە ٢٠ هەزار دینارە." وتیشی:" لەبەرئەوەی مامەڵەی ئێمە بەدینارە نەك دۆلار بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار كاریگەری لەسەر ئێمە نییە، بەڵام گرانی نرخی گۆشت پەیوەندی بەگومرگەوە هەیە و تا زیاتربێت نرخەكەی گرانتر دەبێت".

هاوڵاتی بەپێی بەدواداچونەكانی هاوڵاتی وەزارەتی دارایی ئامادەكارییەكانی دەستپێكردووە بۆ ئەوەی مووچەی مانگی نیسان لە حەوتی ئایار دابەش بكات. وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەهەماهەنگیدایە بەشێك لەداهاتی نەوتی مانگی ئایار ماوەتەوە لەگەڵ داهاتی ناوخۆ و 400 ملیار دیناری بەغداد تەواوكاری دابینكردنی مووچەی پێ بكەن. لەئێستادا وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی عێراق لە گفتوگۆدایە بۆ ئەوەی تا 7ی ئایار ئەو 400 ملیار دینارە بگاتە هەرێم.

هاوڵاتی  دەقی ڕاگەیەندراوی عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان:  ڕاگەیاندراوێک بۆ ڕای گشتی جەماوەری بەڕێزی هەرێمی کوردستان: ١- لەلای هەموو لایەک ئاشکرایە کە لە سۆنگەی دواخستنی هەڵبژاردنەکان و بە ناچاریی درێژکردنەوەی تەمەنی دامەزراوەکانەوە لەکەیەکی گەورە لەسەر کۆی پڕۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستان پەیدابووەو، ترسی جیددیش بەهۆی کێشە و قەیرانەکانەوە لەسەر قەوارەکەش دروست بووە. ٢- لەلایەکی دیکەشەوە تەمەنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و حکوومەتی خۆجێی پارێزگای سلێمانییش هەر ماوەیان بەسەرچوەو، لەو ڕووەوە لە پەرلەمان جیاوازیی نیە. بۆیە بە پێویستمان زانی لە کۆبوونەوەی گشتیی ئەمڕۆدا سەرجەم نوێنەرانمان لە پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان و حکوومەتی خۆجێی سلێمانی دەست لەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکەش بکەن. ٣- سوپاس و پێزانینیشمان بۆ هەموو براو خوشکانی نوێنەرمان هەیە لە پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی پارزگاکان و حکوومەتی خۆجێی سلێمانی کە لە ماوەی ڕابردوودا دڵسۆزانە بە ئەرک و کاری خۆیان هەڵساون. عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ١/٥/٢٠٢٣ز ١١ی شەووالی ١٤٤٤ک

هاوڵاتی نرخی بەنزینی بازرگانی کە لە جۆرەکانی ( نۆرماڵ، محسن، سوپەر) لە بەنزیخانەکانی پارێزگای سلێمانی دادەبەزێت . بەهمەن قادر وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتی  ئاماژەی بەوەکرد نرخی بەنزینی نۆرماڵ لە ئێستا بە 850 دینار ومحسن بە 1050 سوپەر بە 1200 دینارە لە پێشتردا نۆرماڵ بە 875 و محسن بە 1075 و سوپەر بە 1225دینار بووە  هەروەها نرخی گاز لە پێشتردا بە 800 دینار بووە و لە ئێستادا بە 750 دینارە بۆ هەر لیترێک. لە بارەی بەرزکردنەوەی نرخی بەنزینی پاس و تەکسی لە 690 دینارەوە بۆ750 دینار وتەبێژی بەنزیخانەکانی سلێمانی ئەوەی دوپاتکردەوە کە "ئەو بەنزینە 690 یەی كراوە بە 750 دینار هەمان كوالێتییە و تەنها نرخەكەی گرانكراوە لەسەر شۆفێرانی تاکسی و پاس". وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم ڕۆژی 30ی نیسانی 2023 لەژێر ناوی"یەکخستنی نرخی بەنزیندا" نرخی بەنزینی 690 دیناری تایبەت بە تەکسی و پاسی بۆ 750 دینار بەرزکردەوە.  

رۆژنامەیەکی ئەمریکی سیخوڕیی بەرپرسێکی باڵای کۆماری ئیسلامی بۆ بەریتانیا پشتڕاست دەکاتەوە و بڵاوی کردەوە کە ئەو بەرپرسە زانیارییە نهێنییەکانی تایبەت بە بەرنامە و دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی تارانی ئاشکرا کردوە. رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)ی ئەمریکا لە ژمارەی ئەمڕۆ دوشەممەدا بڵاوی کردوەتەوە؛ عەلیڕەزا ئەکبەری، جێگری پێشوتری وەزیری بەرگریی و راوێژکاری ئەنجمونی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە هەڵگری رەگەزنامەی بەریتانی بوە لە ساڵی 2004 زانیارییە نهێنییەکانی بەرنامەی ئەتۆمیی و هاوکاریی مۆسکۆ بۆ تارانی بۆ یەکەمجار رادەستی بەریتانیا کردوە. رۆژنامەکە ئاشکرای کردوە ئەکبەری بەهۆی ئەوەی بە بەردەوامی پلە و پۆستی هەستیاریی لە ناو کۆماری ئیسلامی هەبوە و خاوەنی کەسایەتییەکی توندڕەوی ئایینییی بوە زیاتریین زانیاریی لەسەر بەرنامە موشەکی و ئەتۆمییەکانی وڵاتەکە دەستکەوتوە و گومانی لێنەکراوە و ئەو زانیارییانەشی رادەستی بەریتانیا کردوە و دواتر بەریتانیا زانیارییەکانی گەیاندوەتەوە دەست بەرپرسانی  ئیسرائیل. نیویۆرک تایمز نوسیویەتی: ئەکبەری بۆ ماوەی زیاتر لە 10 ساڵ سیخوڕیی بۆ بەریتانیا کردوە و زانیاریی هەستیاری گەیاندوەتە ئەو وڵاتە و ناسنامە و زانیارییەکانی بەرپرسان و زانایانی بەرنامەی ئەتۆمیی و موشەکیی کۆماری ئیسلامی ئاشکرا کردوە و یەک لەو کەسانەشی ئەو زانیارییەکانی ئاشکرا کردوە موحسین فەخریزادە بوە کە لە ساڵی 2020 لە لایەن ئیسرائیلەوە لە ئێران کوژرا. ئەو رۆژنامەیە باسی لەوە کردوە ساڵی 2010 ئەکبەری توشی جەڵتەی دڵ دەبێت و هەر بەو هۆیەوە لە بەریتانیا نیشتەجێ دەبێت بەڵام لە ساڵی 2019 کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی راوێژ لە بەرنامەیەکی ئەتۆمیدا داوای لێدەکات بگەڕێتەوە وڵاتەکە و لە کاتی گەڕانەوەی و گەیشتنی بە ئێران دەستگیر دەکرێت. برای ئەکبەری رایگەیاندوە؛ براکەی بۆ ماوەی سێ ساڵ لە ژێرزەمینێکدا و لە ژورێکی تاکەکەسی زیندانیی کراوە و دواتر بڕیاری سێدارەی بەسەردا جێبەجێکرا.

هاوڵاتی کۆمپانیای سۆسیۆ پۆلیتیکی تایبەت بە راپرسیەکان لە تورکیا لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژە بە دواین زانیارییەکان لە بارەی سەرکەوتنی کلچدار ئۆغلۆ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار بەرامبەر ئەردۆغان دەخاتە ڕوو. لە ڕاپرسییەکەدا ئەوە ڕونکراوەتەوە کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی ئۆپۆزسیۆن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاردا بە جیاوازیەکی زۆر شکست بە رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی دەسەڵات دەهێنێت. کۆمپانیای سۆسیۆ پۆلیتیک راپرسیەکی مەیدانی لەبارەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا ئەنجامداوە کە هەزار و ٥٦٩ کەس بەشداریان لە راپرسیەکەدا کردووە. ئەنجامی راپرسیەکە بەم شێوەیەیە: کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی ئۆپۆزسیۆن ٥١.٧٪ و رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی دەسەڵات ٤٤.١٪ موحەڕەم ئینجە کاندیدی پارتی مەملەکەت ٣٪ سینان ئۆغان کاندیدی هاوپەیمانی ئاتا ١.٢٪  دەهێنن. هەروەها بەپێی راپرسیەکە دەنگی پارتە سیاسییەکانیش بەم شێوەیە دەبێت: ئاکەپە ٣٢.٣٪ جەهەپە ٢٨.٧٪ پارتی چەپی سەوز -هەدەپە ١١.٧٪ پارتی باش ١١.٣٪ مەهەپە ٦.١٪ پارتی دەڤا ٣.٤٪ پارتی سەرکەوتن ٢٪ پارتی مەملەکەت ١.٤٪ پارتی ئاییندە ١.١٪ پارتی کرێکارانی تورکیا ١.١٪ پارتی سەعادەت ٠.٩٪ بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە 14 ی ئایار هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی کۆمارلە تورکیا بەڕێوەبچێت و ململانێیەکی بەهێز لە نێوان لیست و لایەنەکاندا هەیە.