هاوڵاتی بەپێی بەدواداچونەكانی هاوڵاتی وەزارەتی دارایی ئامادەكارییەكانی دەستپێكردووە بۆ ئەوەی مووچەی مانگی نیسان لە حەوتی ئایار دابەش بكات. وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەهەماهەنگیدایە بەشێك لەداهاتی نەوتی مانگی ئایار ماوەتەوە لەگەڵ داهاتی ناوخۆ و 400 ملیار دیناری بەغداد تەواوكاری دابینكردنی مووچەی پێ بكەن. لەئێستادا وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی عێراق لە گفتوگۆدایە بۆ ئەوەی تا 7ی ئایار ئەو 400 ملیار دینارە بگاتە هەرێم.

هاوڵاتی  دەقی ڕاگەیەندراوی عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان:  ڕاگەیاندراوێک بۆ ڕای گشتی جەماوەری بەڕێزی هەرێمی کوردستان: ١- لەلای هەموو لایەک ئاشکرایە کە لە سۆنگەی دواخستنی هەڵبژاردنەکان و بە ناچاریی درێژکردنەوەی تەمەنی دامەزراوەکانەوە لەکەیەکی گەورە لەسەر کۆی پڕۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستان پەیدابووەو، ترسی جیددیش بەهۆی کێشە و قەیرانەکانەوە لەسەر قەوارەکەش دروست بووە. ٢- لەلایەکی دیکەشەوە تەمەنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و حکوومەتی خۆجێی پارێزگای سلێمانییش هەر ماوەیان بەسەرچوەو، لەو ڕووەوە لە پەرلەمان جیاوازیی نیە. بۆیە بە پێویستمان زانی لە کۆبوونەوەی گشتیی ئەمڕۆدا سەرجەم نوێنەرانمان لە پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان و حکوومەتی خۆجێی سلێمانی دەست لەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکەش بکەن. ٣- سوپاس و پێزانینیشمان بۆ هەموو براو خوشکانی نوێنەرمان هەیە لە پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی پارزگاکان و حکوومەتی خۆجێی سلێمانی کە لە ماوەی ڕابردوودا دڵسۆزانە بە ئەرک و کاری خۆیان هەڵساون. عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ١/٥/٢٠٢٣ز ١١ی شەووالی ١٤٤٤ک

هاوڵاتی نرخی بەنزینی بازرگانی کە لە جۆرەکانی ( نۆرماڵ، محسن، سوپەر) لە بەنزیخانەکانی پارێزگای سلێمانی دادەبەزێت . بەهمەن قادر وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتی  ئاماژەی بەوەکرد نرخی بەنزینی نۆرماڵ لە ئێستا بە 850 دینار ومحسن بە 1050 سوپەر بە 1200 دینارە لە پێشتردا نۆرماڵ بە 875 و محسن بە 1075 و سوپەر بە 1225دینار بووە  هەروەها نرخی گاز لە پێشتردا بە 800 دینار بووە و لە ئێستادا بە 750 دینارە بۆ هەر لیترێک. لە بارەی بەرزکردنەوەی نرخی بەنزینی پاس و تەکسی لە 690 دینارەوە بۆ750 دینار وتەبێژی بەنزیخانەکانی سلێمانی ئەوەی دوپاتکردەوە کە "ئەو بەنزینە 690 یەی كراوە بە 750 دینار هەمان كوالێتییە و تەنها نرخەكەی گرانكراوە لەسەر شۆفێرانی تاکسی و پاس". وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم ڕۆژی 30ی نیسانی 2023 لەژێر ناوی"یەکخستنی نرخی بەنزیندا" نرخی بەنزینی 690 دیناری تایبەت بە تەکسی و پاسی بۆ 750 دینار بەرزکردەوە.  

رۆژنامەیەکی ئەمریکی سیخوڕیی بەرپرسێکی باڵای کۆماری ئیسلامی بۆ بەریتانیا پشتڕاست دەکاتەوە و بڵاوی کردەوە کە ئەو بەرپرسە زانیارییە نهێنییەکانی تایبەت بە بەرنامە و دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی تارانی ئاشکرا کردوە. رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)ی ئەمریکا لە ژمارەی ئەمڕۆ دوشەممەدا بڵاوی کردوەتەوە؛ عەلیڕەزا ئەکبەری، جێگری پێشوتری وەزیری بەرگریی و راوێژکاری ئەنجمونی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە هەڵگری رەگەزنامەی بەریتانی بوە لە ساڵی 2004 زانیارییە نهێنییەکانی بەرنامەی ئەتۆمیی و هاوکاریی مۆسکۆ بۆ تارانی بۆ یەکەمجار رادەستی بەریتانیا کردوە. رۆژنامەکە ئاشکرای کردوە ئەکبەری بەهۆی ئەوەی بە بەردەوامی پلە و پۆستی هەستیاریی لە ناو کۆماری ئیسلامی هەبوە و خاوەنی کەسایەتییەکی توندڕەوی ئایینییی بوە زیاتریین زانیاریی لەسەر بەرنامە موشەکی و ئەتۆمییەکانی وڵاتەکە دەستکەوتوە و گومانی لێنەکراوە و ئەو زانیارییانەشی رادەستی بەریتانیا کردوە و دواتر بەریتانیا زانیارییەکانی گەیاندوەتەوە دەست بەرپرسانی  ئیسرائیل. نیویۆرک تایمز نوسیویەتی: ئەکبەری بۆ ماوەی زیاتر لە 10 ساڵ سیخوڕیی بۆ بەریتانیا کردوە و زانیاریی هەستیاری گەیاندوەتە ئەو وڵاتە و ناسنامە و زانیارییەکانی بەرپرسان و زانایانی بەرنامەی ئەتۆمیی و موشەکیی کۆماری ئیسلامی ئاشکرا کردوە و یەک لەو کەسانەشی ئەو زانیارییەکانی ئاشکرا کردوە موحسین فەخریزادە بوە کە لە ساڵی 2020 لە لایەن ئیسرائیلەوە لە ئێران کوژرا. ئەو رۆژنامەیە باسی لەوە کردوە ساڵی 2010 ئەکبەری توشی جەڵتەی دڵ دەبێت و هەر بەو هۆیەوە لە بەریتانیا نیشتەجێ دەبێت بەڵام لە ساڵی 2019 کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی راوێژ لە بەرنامەیەکی ئەتۆمیدا داوای لێدەکات بگەڕێتەوە وڵاتەکە و لە کاتی گەڕانەوەی و گەیشتنی بە ئێران دەستگیر دەکرێت. برای ئەکبەری رایگەیاندوە؛ براکەی بۆ ماوەی سێ ساڵ لە ژێرزەمینێکدا و لە ژورێکی تاکەکەسی زیندانیی کراوە و دواتر بڕیاری سێدارەی بەسەردا جێبەجێکرا.

هاوڵاتی کۆمپانیای سۆسیۆ پۆلیتیکی تایبەت بە راپرسیەکان لە تورکیا لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژە بە دواین زانیارییەکان لە بارەی سەرکەوتنی کلچدار ئۆغلۆ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار بەرامبەر ئەردۆغان دەخاتە ڕوو. لە ڕاپرسییەکەدا ئەوە ڕونکراوەتەوە کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی ئۆپۆزسیۆن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاردا بە جیاوازیەکی زۆر شکست بە رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی دەسەڵات دەهێنێت. کۆمپانیای سۆسیۆ پۆلیتیک راپرسیەکی مەیدانی لەبارەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا ئەنجامداوە کە هەزار و ٥٦٩ کەس بەشداریان لە راپرسیەکەدا کردووە. ئەنجامی راپرسیەکە بەم شێوەیەیە: کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی ئۆپۆزسیۆن ٥١.٧٪ و رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی دەسەڵات ٤٤.١٪ موحەڕەم ئینجە کاندیدی پارتی مەملەکەت ٣٪ سینان ئۆغان کاندیدی هاوپەیمانی ئاتا ١.٢٪  دەهێنن. هەروەها بەپێی راپرسیەکە دەنگی پارتە سیاسییەکانیش بەم شێوەیە دەبێت: ئاکەپە ٣٢.٣٪ جەهەپە ٢٨.٧٪ پارتی چەپی سەوز -هەدەپە ١١.٧٪ پارتی باش ١١.٣٪ مەهەپە ٦.١٪ پارتی دەڤا ٣.٤٪ پارتی سەرکەوتن ٢٪ پارتی مەملەکەت ١.٤٪ پارتی ئاییندە ١.١٪ پارتی کرێکارانی تورکیا ١.١٪ پارتی سەعادەت ٠.٩٪ بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە 14 ی ئایار هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی کۆمارلە تورکیا بەڕێوەبچێت و ململانێیەکی بەهێز لە نێوان لیست و لایەنەکاندا هەیە.

بەهای تمەن بەردەوامە لە دابەزین و بانکی ناوەندیی ئێران رایگەیاند؛ کڕین و فڕۆشی دراوەکان لە بازاڕدا سنوردار دەکات و داوا لە خەڵک دەکرێت رو لە شوێنە فەرمییەکان بکەن بۆ دابینکردنی دۆلار. محەمەدڕەزا فەرزین، پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێران ئەمڕۆ دوشەممە رایگەیاند؛ بانکی ناوەندیی هەوڵ دەدات بازاڕی نافەرمیی ئاڵوگۆڕی دراوەکان و بە تایبەت دراوی دۆلار سنوردار بکات، چونکە ئەو بازاڕانە بونەتە شو‌ێنی سپیکردنەوەی پارە و زیان بە ئابوریی وڵاتەکە دەگەیەنێت. فەرزین وتویەتی: رێگریی لە ئاڵوگۆڕی دراو لە بازاڕە نافەرمییەکان و ئەو شوێنانە دەکرێت کە هەماهەنگییان لەگەڵ بانکی ناوەندیی نییە. لە دوای وتەکانی فەرزین بەهای دۆلار لە بازاڕەکانی ئێران بەرزبونەوەی زیاتری بەخۆیەوە بینی و بەهای هەر دۆلارێک گەیشتە نزیکەی 56 هەزار تمەن لە کاتێکدا ئەمڕۆ سەرەتای کردنەوەی بازاڕەکان لەو وڵاتە بەهای یەک دۆلار 55 هەزار و 100 تمەن بو. لە لایەکی دیکەوە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران ئاشکرای کردوە؛ ناوندێکیان لە ناو حکومەتەدا پێکهێناوە بۆ رێگریی لە ئەنجامدانی بازرگانیی بە دراوی دۆلار لە چوارچێوەی بەرزکردنەوەی بەهای دراوی تمەن. هەوڵەکانی ئێران بۆ دابەزینی زیاتری بەهای تمەن دوای ئەوە دێت کە رۆژی یەكشەممە (26/2/2023) بۆ یەكەمجار لە مێژودا بەهای یەك دۆلار گەیشتە 60 هەزار و 50 تمەن و ئەوەش بە ژمارەیەکی پێوانەیی دۆلار لە مێژوی وڵاتەکە لەقەڵەم دەدرێت.

هاوڵاتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ دوشەممە لەسەر ئاستی باڵا کۆبونەوە وهۆشداری ده‌ده‌ن له‌وه‌ی "ئەم رەوشە سیاسییەی لە ئێستادا ئەگوزەرێک نە لە بەرژەوەندی خەڵکەو نە جێی رەزامەندی هیچ لایەکە، پێویستە هەموان هەوڵی باشکردن و رێکخستنەوەی نێوماڵی کورد بدەن". به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی كۆبونه‌وه‌كه‌ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان  پێکەوە باسیان لە دواپێشهات و گۆڕانکارییە سیاسییەکان  لەسەر ئەو بنەمایە چۆنییەتی رێکخستنەوەی پیوەندییەکانی هەردوولا قسە کراوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە ،"باس لە ئامادەکارییەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا و ڕێڕەوی گفتوگۆکان لەوبارەیەوە گەیشتوونەتە چ ئاستێک، هەردوولا جەختیان لەسەر ئەوە کردوەوە کە؛ پیویستە چی زووە رێککەوتن و سازنی لەبارەوە بکرێت و لەوە زیاتر هەڵبژاردن دوانەکەوێت." دەقی ڕاگەیەندراوی هاوبەشی  کۆبوونەوەی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوە و پێکەوە باسیان لە دواپێشهات و گۆڕانکارییە سیاسییەکان کرد و لەسەر ئەو بنەمایە چۆنییەتی رێکخستنەوەی پیوەندییەکانی هەردوولا قسەی لەبارەوە کرا. لەسەرەتای کۆبوونەوکەدا کە ئەمڕۆ دووشەممە یەکی ئایاری ٢٠٢٣ لە دەباشان بەڕێوەچوو، بەبۆنەی جەژنی کرێکارانەوە؛ پیرۆزبایی لە کرێکاران و رەنجدەرانی کوردستان کرا و جەختیان لە گرنگی جێبەجێ کردنی یاسای کاری نوێ کردەوە بۆ باشتر کردنی ژیان و گوزەرانی ئەو چینە گرنگەی کۆمەڵگە. دواتر بەوردی باس لە رەوشی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراق کرا و هەردوولا جەختیان کردەوە کە؛ ئەم رەوشە سیاسییەی لە ئێستادا ئەگوزەرێک نە لە بەرژەوەندی خەڵکەو نە جێی رەزامەندی هیچ لایەکە، بۆیە پێویستە هەمووان هەوڵی باشکردن و رێکخستنەوەی نێوماڵی کورد بدەن و تەبایی نێوخۆیی بەرپا بکەنەوە. بەدرێژەدان لەقسە کردن لەبارەی دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، هەردوولا هاوڕا بوون کە پێویستە یەکێتی و گۆڕان تەباتر بن و پلانی رێکخستنەوەی پەیوەندییەکان دابڕێژنەوە بە شێوازێک کە لەگەڵ ئەم قۆناغە و رووبەڕوو بوونەوەی ئاڵنگارییەکان بگونجێت و لەئاستی چاوەڕوانی هاوڵاتییانیش بێت. کۆبوونەوە هەڵسەنگاندنێکی بۆ شێوازی خزمەتگوزاری کرد و جەختی کردەوە؛ خزمەتگوزارییەکان لەو ئاستە نییە کە پێشتر پلانی بۆ دانراوە و ئەمەش پێویستی بە پێداچوونەوە و هەڵوەستە کردن هەیە لەپێناو باشتر کردنییان و دەبێت سیاسەتێکی نوێ هەبێت کە جیاکاری و ناعەدالەتی نەهێڵرێت. هەر لەو کۆبوونەوەیە، باس لە ئامادەکارییەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا و ڕێڕەوی گفتوگۆکان لەوبارەیەوە گەیشتوونەتە چ ئاستێک، هەردوولا جەختیان لەسەر ئەوە کردوەوە کە؛ پیویستە چی زووە رێککەوتن و سازنی لەبارەوە بکرێت و لەوە زیاتر هەڵبژاردن دوانەکەوێت.

هاوڵاتی سوپای ئۆکرانیا رایگەیاند، تیمەکانی بەرگری ئاسمانی لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانی ئەمڕۆ دوشەممە 15 موشەکیان لەناوبردوە لە کۆی 18 موشەک کە لەلایەن هێزەکانی ڕوسیاوە هەڵدرابون، هاوکات مۆسکۆ لە چەند رۆژی ڕابردودا هێرشەکانی چڕتر کردوەتەوە.  سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئۆکراینا، ڤالێریی زالوژنیی رایگ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا رایگەیاند کە رووسیا لە دەوروبەری کاتژمێر ٠٢:٣٠ بەکاتی ناوەخۆ بە ١١ فڕۆکەی ستراتیجی جۆری Tu-95 هێرشیان بۆ سەر ئۆکراینا دەست پێ کردووە. وتیشی بە گشتی ١٨ مووشەکی کروزیان ئاراستەی ئۆکراینا کردووە، زالوژنیی رایگەیاند کە هێزەکانی ئۆکراینا ١٥ مووشەکیان تێکشکاندووە. هەروەها زالوژنیی ئاماژەی بەوە داوە کە سوپای رووسیا هێرشی مووشەکی کردووەتە سەر شارەکانی کراماتۆرسک و کۆنستنتینیڤکا و پاڤلۆگراد. هاوکات میکۆلا لوکاشوک، سەرۆکی ئەنجومەنی ناوچەی دنیپرۆ رایگەیاند، روسیا لە ماوەی شەوێکدا ژماره‌یه‌ك موشەکی ئاڕاستەی ناوچەکانی دیکەی ئۆکرانیای کردوە، لەنێویاندا ناوچەی دنیپرۆڤسک، تیمەکانی بەرگری ئاسمانی حەوت موشەکیان خستوه‌تە خوارەوە، بەڵام 25 کەس داوای هاوکاری پزیشکییان کردوە. هەروەها ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، لە شەوی رابردودا دوجار شاری پاڤلۆهراد لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بۆردومان کراوە، کە زیانی بە دامەزراوەیەکی پیشەسازی و 19 باڵەخانەی نیشتەجێبون و 25 باڵەخانەی تایبەتی و باڵەخانەی دیکە گەیاندوە یان وێران کراوە.

هاوڵاتی بۆ جاری سێیەم سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا رایانگەیاند، ئاگربەستی مرۆیییان بۆ ماوەی 72 کاتژمێری دیکە درێژکردووەتەوە. هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە راگەیەندراوێکدا، ئاماژەی بەوە داوە، بە مەبەستی کردنەوەی رێڕەوی مرۆیی و ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان و دابینکردنی پێداویستییەکانیان و دڵنیابوون لەوەی کە دەتوانن بگەنە شوێنە سەلامەتەکان، لەمڕۆ بە دواوە ئاگربەستی مرۆیی بۆ سێ رۆژی دیکە درێژکرایەوە. هەروەها سوپای ئەو وڵاتە رایگەیاندووە، بە هەوڵی سعوودیە و ئەمریکا، بڕیاریانداوە ئاگربەستەکە بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێری دیکە درێژ بکەنەوە. سەرەڕای ئاگربەست کە شەوی ٢٨ی نیسان دەستی پێ کرد، لە خاڵە ناوچە جیاوازەکانی خەرتومی پایتەخت، پێکدادانەکان لە نێوان سوپای وڵات و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەردەوام بوو وهەردوولا یەکتریان بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار کرد.  عەمید نەبیل عەبدوڵڵا گوتی: "ئەگەری زۆرە بە نێوەندگیری ئەمەریکا و سعوودیە و ژمارەیەک لە وڵاتان ئاگربەستە راگەیەندراوەکە نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بۆ ماوەیەکی زیاتر درێژ بکرێتەوە و ئێمە لەگەڵ ئەوەداین کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن، نەک بە هێز". ئەو بەرپرسەی سوپای سوودان لەبارەی داخرانی باڵیۆزخانەی ژمارەیەک وڵاتان لە خەرتوومی پایتەخت، ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی ئەو دۆخە ئاڵۆزەی هاتووەتە ئاراوە، ژمارەیەک وڵات باڵیۆزخانەکانیان بۆ ماوەیەکی کاتی داخستووە و لە ئێستادا سەرقاڵی بردنەوە دەرەوەی هاووڵاتییانیان، بەڵام دوای هێوربوونەوەی دۆخەکە باڵیۆزخانەکانیان دەکەنەوە و دەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.

هاوڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی رۆژی جیهانیی کرێکاران، ئەمڕۆ یەکی ئایار پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند "هەموو پشتگیرییەک لە ماف و داوا رەواکانی کرێکاران دەکەین". ئەمڕۆ دووشەممە ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی رۆژی جیهانی کرێکاران پەیامێکی بڵاوکردەوە و "به‌ گه‌رمى پیرۆزبایی له‌ كرێكارانى كوردستان، عێراق و جيهان و سه‌نديكا و ڕێكخراوه‌كانيان" دەکات. لە بەشێکی پەیامەکەیدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە لە پێویستیی هەبوونی یاسایەکی سەردەمییانەی کار بۆ پاراستنی مافەکانی کرێکاران، رەخساندنی زه‌مينه‌ى سه‌لامه‌ت و ژينگه‌ى له‌بار و رێكخستنى دروستى كاژێره‌كانى كار و یەکسانی لە دەرفەتی کار.   دەقی پەیامەکەی نێچيرڤان بارزانى له‌ ڕۆژى جيهانيى كرێكاراندا: يه‌كى ئايار، ڕۆژى جيهانيى كرێكاران، به‌ گه‌رمى له‌ كرێكارانى كوردستان، عێراق و جيهان و سه‌نديكا و ڕێكخراوه‌كانيان پيرۆز ده‌كه‌م. به‌شدارى و قوربانيدانى كرێكارانى كوردستان له‌ شۆڕش و ڕۆڵى ديار و ڕه‌نجى زۆريان له‌ پرۆسه‌ى بنياتنان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى كوردستاندا به‌رز ده‌نرخێنم و هيواى سه‌ركه‌وتنيان بۆ ده‌خوازم. له‌م ياده‌دا وێڕاى ده‌ربڕينى هه‌موو پشتگيرييه‌ك بۆ ماف و داوا ڕه‌واكانى كرێكاران، جه‌خت له‌ پێويستيى هه‌بوونی یاسایه‌کی سه‌رده‌میانه‌ی کار بۆ پاراستنی مافه‌کانی کرێکاران و ڕه‌خساندنى زه‌مينه‌ى سه‌لامه‌ت و ژينگه‌ى له‌بار و ڕێكخستنى دروستى كاژێره‌كانى كار و يه‌كسانى له‌ ده‌رفه‌تى كاردا ده‌كه‌ينه‌وه‌، هه‌روه‌ها ده‌بێ گرنگيى زياتر به‌ ژيان و گوزه‌رانى كرێكاران و خێزانه‌كانيان بدرێت‌ و سه‌ندیکا و ڕێکخراوه‌کانی کرێکارانیش کاراتر بۆ مافه‌کانیان کار بکه‌ن. سڵاو و ڕێز بۆ خێزان و كه‌سوكارى ئه‌و كرێكارانه‌ ده‌نێرين كه‌ له‌ كاتى كاردا گيانيان له‌ده‌ستداوه‌ و له‌سه‌ر لايه‌نه‌ په‌يوه‌نداره‌كانه له‌ هه‌موو ڕوويه‌كه‌وه‌ چاودێرييان بكه‌ن و يارمه‌تى بدرێن. يه‌كى ئايار له‌ هه‌مووان پيرۆز بێت و پشوويه‌كى ئارام و ئاسووده‌ بۆ كرێكاران ده‌خوازم. نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان 2023/5/1

هاوڵاتی جەمیل بایک رایگەیاند، دەسەڵاتی تورکیا دەستی بە ئۆپراسیۆنی دەستگیرکردنی ئەندامانی پارتی چەپی سەوز و لایەنە دیموکراتەکان کردووە و دەیەوێت بەم رێگەیەوە رێگە بۆ ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا بکاتەوە. جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمار جڤاکێن کوردستان (کە*جە*کە) لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ میدیاکانی حزبەکەی، هەڵسەنگاندنی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا کرد کە بڕیارە ١٤ی ئایار بەرێوە بچێت. بایک رایگەیاند، ئاکەپە و مەهەپە، خاوەنی عەقڵیەتێکی قڕکەرە. لەبەرئەوە جگە لە خۆی هەموو کەسێک بە دوژمن دەبینێت. ئەمەش ناشارێتەوە. هەموو کەسێک ئەمە دەزانێت. کردەوەکانی ئاکەپە و مەهەپە لە مێژوودا هاوشێوەی کردەوەکانی هیتلەرە. هیتلەر لەسەر دوژمنایەتیکردنی سۆسیالیست و یەهۆدیەکان هاتە سەر دەسەڵات. هیتلەر بەم کردەوانەی جیهانی هەژاند. بەڵام لە کۆتاییدا بە تەنیا مایەوە و ناچار بوو کە خۆی بکوژێت. ئەگەر سەرنج بدەن، ئاکەپە و مەهەپەش، دەسەڵات هاوشێوەی هیتلەر بەڕێوە دەبات و وتی، "دوژمنایەتی کورد، عەلەوی، سۆسیالیستەکان دەکات و کۆمەڵگا ژەهراوی دەکات. نەتەوەپەرستی، شۆڤێنیزم زەق دەکاتەوە. بەم شێوەیە دەیەوێت بەردەوامی بە هەبوونی خۆی بدات. تا ئەو رادەیەی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا پشت بەوە دەبەستێت. بەم شێوەیە کۆمەڵگای تورکیا بۆ ئامانجەکانی بەکار دەهێنێت. بەم شێوەیە لە لیبیاوە بگرە تاوەکو ئازەربایجان، لە سوریاوە تاوەکو عێراق، دەستوەردان لە وڵاتاندا دەکات. وادەزانێت بەم شێوەیە ئەنجام بەدەست دەهێنێت. بەڵام لەم دۆخەدا گەیشتووەتە بنبەست، رووبەرووی شکست بووەتەوە." جەمیک بایک باسی ئەوەی کرد، "ئەم هەڵبژاردنە، هەڵبژاردنێکی ئاسایی نییە. ئەم هەڵبژاردنە داهاتووی کورد، عەلەوی، ژنان، رەنجدەران، گەنجان و هەموو گەلان دیاری دەکات. یان فاشیزم لە تورکیا خۆی دامەزراوەیی دەکات، یان هەنگاو بەرەو کۆماری دیموکراتی دەنرێت. هەڵبژاردنێکی بەم شێوەیەیە. سۆسیالیستەکان، هێزەکانی دیموکراسی و ئازادی، کورد، عەلەوی، ژنان، کرێکاران و گەلان، کە هەوڵی گەورەیان بۆ گەشەپێدانی کۆمار بە ئاراستەی دیموکراتیزەکردن داوە، شەهیدی گەورەیان بەخشی و ئازاری زۆریان چەشت، پێویستە پێکەوە تاجی ئەم خەباتە بخەنە سەر. ئەمەیان لێ داوا دەکرێت. جگە لەوە نابێت هیچ شتێکی دیکە قبوڵ بکرێت، پێویستە هیچ شتێکی دیکە جگە لەمە بە شایەنی خۆیان نەزانن. بۆیە نابێت بە کەم و شتی بچوک و سادە رازی ببن." جەمیل بایک هاوسەرۆکی کەجەکە ئەوەی خستەڕوو، دەسەڵات دەستی بە ئۆپراسیۆنی دەستگیرکردن کردوو و دەیەوێت ساختەکاری بکات لە هەڵبژاردنەکاندا، بەڵام پێویستە هەموو کەسێک خاوەنداری لە سندوقەکانی دەنگدان بکات و دەنگ بە هاوپەیمانی رەنج و ئازادی و پارتی چەپی سەوز بدات.

شارەوانیی پایتەختی ئێران رایگەیاند پابەندنەبون بە بڕیارەکانی حکومەت بۆ سەرپۆش و باڵاپۆش سزای لێدەکەوێتەوە و سەرۆکی شارەوانی تاران دەڵێت 12 ساڵە دوژمنان دژی باڵاپۆشیی هەنگاو دەنێن. عەلیڕەزا زاکانی، سەرۆکی شارەوانیی ئێران رایگەیاند؛ پێنج مانگە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی خانمان دەدرێت بۆ پابەندبون بە سەرپۆش و باڵاپۆشەوە و هەوڵەکانیش 70 وێستگەی میترۆی لە تاران گرتوەتەوە. بە وتەی زاکانی رێوشوێنی کاریگەریان لە دژی خانمانی بێسەرپۆش گرتوەتەوەبەر و لە قۆناغی یەکەمدا هۆشیاریی و لە قۆناغی دەوەمەدا ئەو خانمانە ئاگادار دەکرێنەوە و لە قۆناغی سێیەمدا هاتوچۆیان بۆ میترۆ و بەکارهێنانی هێڵەکانی شەمەندەفەر لەو خانمانە قەدەغە دەکرێت. سەرۆکی شارەوانیی تاران وتویەتی: پابەندنەبونی کچان و ژنان بە یاساکانی باڵاپۆشبون لە کۆماری ئیسلامی 12 ساڵە لە لایەن دوژمنانەوە کاری بۆ دەکرێت بۆیە بەرەنگاری ئەو دیاردەیە دەبنەوە. ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە رێوشوێنەکانی سەپاندنی سەرپۆش و باڵاپۆش لە شوێنە گشتییەکانی تاران توندبوەتەوە و دەیان ناوەندی بازرگانیی و خواردنگە و مارکێت و بازاڕ بە بیانوی بونی خانمانی بێسەرپۆش داخراون.

هاوڵاتی وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی لە رۆژی جیهانی کرێکاران پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردوە ڕەشنوسی یاساى خانەنشینى و دەستەبەرکردنى کۆمەڵایەتى بۆ کرێکاران ئامادەکراوە بۆ ئەوەی کرێکارانیش وەکو فەرمانبەرانى کەرتى گشتى مافى خانەنشینى و هەمو ئیمتیازاتەکانى ترى هەبێت. کوێستان محەمەد، وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی لە رۆژی جیهانی کرێکاران ڕایگەیاند، بە بەردەوامى کارمان لەسەر ئامادەکردنی یاساى کارى تایبەت بە کرێکارانی هەرێمی کوردستان کردوە بە شێوەیەک بەرژەوەندى کرێکاران تێیدا پارێزراو بێت. دەشڵێت "وەزارەتەکەمان ڕەشنوسی یاساى خانەنشینى و دەستەبەرکردنى کۆمەڵایەتى بۆ کرێکاران ئامادە کردوە ، تاکو کرێکارانیش وەکو فەرمانبەرانى کەرتى گشتى مافى خانەنشینى و هەموو ئیمتیازاتەکانى ترى هەبێت. بۆ گەییشتن بەم ئامانجەش وەزارەت هەڵساوە بە زیادکردنى ژمارەى پشکنەرانى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى و هێنانەکایەى بەرێوەبەرایەتى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى لە ئیدارە سەربەخۆیەکان و کردنەوەى بەشى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى لە قەزاکان بۆ زیادکردنى ژمارەى سەردانەکان و دەستەبەرکردنى هەموو کرێکارانى کەرتى تایبەت." دەقی پەیامەکەی وەزیری کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى: بە بوونەى یەکى ئایارەوە؛ رۆژى جیهانیى کرێکاران یەکى ئایار ڕۆژى بەرجەستەکردنى یەکگرتن و هاوکارى و هەماهەنگى هەموو بزاڤەکانى دەستى کارە لەسەرانسەرى جیهاندا بۆ بەدەستهێنانى دادپەروەرى کۆمەڵایەتى و گەشەسەندنى کۆمەڵگا و پاراستنى مافە رەواکانى کرێکاران لە دابینکردنى کارى شایستە و ژینگەیەکى گونجاو بۆ کارکردن و دەستنیشانکردنى کاتژمێرەکانى کارکردن و دەستەبەرکردنى کرێکاران بۆ پاراستنى ماف و دوارۆژى خێزانەکانیان. وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى لە رۆژى جیهانیى کرێکاراندا بە درووشمى "چەند زیاتر کار بکەیت زیاتر دەژى..." گەرمترین پیرۆزبایى ئاراستەى کرێکارانى جیهان بەگشتى و کرێکارانى کوردستان بەتایبەتى دەکات. کرێکارانى کوردستان بە هەموو سەندیکا و کۆمەڵە و بزووتنەوەکانیان رۆڵێکى بەرچاویان هەبووە لە بزاڤى رزگاریخوازى کوردستاندا و شان بەشانى بەرهەمهێنان بەشدارییان لە شۆڕشى ئازادیخوازى کوردستانیان کردووە و بەردەوامن لەگێڕانى ئەم رۆڵە پیرۆزە. بۆیە وەزارەتمان کە هاوبەشى سەرەکى کرێکارانە لەم خەباتە بێووچانەدا داکۆکى لەسەر پاراستنى مافە رەواکانى کرێکاران دەکات لە هەموو بوارەکانى پەیوەست بە پرۆسەى کارکردن و بەرهەمهێناندا. بۆ ئەم مەبەستەش بە بەردەوامى کارمان لەسەر ئامادەکردنی یاساى کارى تایبەت بە کرێکارانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەک بەرژەوەندى کرێکاران تێیدا پارێزراو بێت. دەستنیشانکردنى پشکنەرى تایبەت لەهەموو بەرێوەبەراتیەکانى کاردا بۆ بەدواداچوونى جێبەجێکردنى برگەکانى یاساى کار و دڵنیا بوون لە پارێزراوى مافى کرێکاران باشترین نموونەى داکۆکیکردنى وەزارەتمانە لەسەر هەماهەنگى و پاڵپشتیکردنى خەباتى کرێکاران. سوپاس بۆ پەرلەمانى کوردستان کە هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا هاوئاهەنگ بووە تا پرۆژە یاساى کارى هەرێمى کوردستان پەسەندکرا و بەم نزیکانە دەکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە. لە هەمان کاتیشدا وەزارەتمان ڕەشنوسی یاساى خانەنشینى و دەستەبەرکردنى کۆمەڵایەتى بۆ کرێکاران ئامادە کرد ، تاکو کرێکارانیش وەکو فەرمانبەرانى کەرتى گشتى مافى خانەنشینى و هەموو ئیمتیازاتەکانى ترى هەبێت. بۆ گەییشتن بەم ئامانجەش وەزارەت هەڵساوە بە زیادکردنى ژمارەى پشکنەرانى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى و هێنانەکایەى بەرێوەبەرایەتى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى لە ئیدارە سەربەخۆیەکان و کردنەوەى بەشى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى لە قەزاکان بۆ زیادکردنى ژمارەى سەردانەکان و دەستەبەرکردنى هەموو کرێکارانى کەرتى تایبەت. وەزارەت بڕوایەکى پتەوی هەیە بە دەستى کارى ناوخۆ هەیە و هەموو کاتێک کار بۆ دابینکردنى دەرفەتى کارى شایەستە دەکات، بڕیارى ١٧٢ى ئەنجومەنى وەزیران بۆ دەستنیشانکردنى رێژەى کرێکارى بیانى لەهەموو پرۆژەکاندا یەکێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانى کابینەى نۆیەمى حکومەت بۆ گرنگیدان بە دەستى کارى ناوخۆیى و رێکخستنى هێنانى دەستى کارى بیانى، هەروەها ئامادەکرنى رێنماییەکانى رێکخستنى کرێکارى بیانى، سەلامەتى و تەندروستى پیشەیى، راهێنانى پیشەیى و کارکردن لەسەر هەموارکردنەوەى یاساى پیشەوەران و دانانى رەشنووسى یاساى خزمەتگوزارییە پیشەسازییەکان و هەماهەنگیکردن لەگەڵ زۆربەى وەزارەتەکانى حکومەتى هەرێم بۆ هەموارکردنەوە و نووسینى سیاسەتى نیشتمانى بەکارخستن و پەرەپێدانى بازارى کارى کەرتى تایبەت هەنگاوى دەستپێشخەرن بۆ دانانى سیاسەتێکى سەردەمیانە بۆ پرۆسەى کارکردن و بۆژاندنەوەى کەرتى تایبەت. ئەم قۆناغەى هەرێمی کوردستان پێیدا تێیدەپەرێت پێویستى بە هاوکارى و هەماهەنگى هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان هەیە بۆ دەربازبوون لە کوسپ و بەربەستەکان و جێگیرکردنى سەقامگیرى و ئارامى بۆ پەرەپێدانى پرۆسەى وەبەرهێنان و خێراکردنى پرۆسەی بەرهەمهێنان. بۆیە وەزارەت گرنگییەکى زۆر بە دانوستاندنى کۆمەڵایەتى و تیمکارى نێوان هەموو هاوبەشە پەیوەندیدارەکان دەدات و جەخت لەسەر دابینکردنى یەکەى نیشتەجێبوون و پێشکەشکردنى خزمەتگوزارییە تەندروستیەکان بۆ کرێکارە دەستەبەرکراوەکان و خانەوادەکانیان دەکات. لەم رۆژە پیرۆزەدا داوا لەهەموو سەندیکا و کۆمەڵەکانى کرێکاران دەکەین بە گیانێکى پڕاوپڕ لەجۆش و خروشەوە هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەت بکەن بۆ گەییشتن بەئامانجە ستراتیژەکانى حکومەت. کرێکارە بەرێزەکان... ئەم رۆژەتان لێ پیرۆز بێت، جەژنتان لەسەر دیوارەکانى وەڵات نووسراوە، رۆژێکى بەختەوەرتان بۆ دەخوازین ئەى دروستکەرانى سەرکەوتن و بونیاتنەرانی هەرێمەکەمان ، سەرکەوتووبێت خەباتى کرێکاران و بەردەوامبێت گیانى تەبایى و یەکگرتن و پێکەوە کارکردن وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەلایەتی

سەلاحەدین دەمیرتاش رایگەیاند، دوای هەڵبژاردن دەردەکەوێت کە ژمارەیەک کاندیدی لایەنەکان و رۆژنامەنووسان لەلایەن دەسەڵاتەوە کڕدراون. سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە تویتێکدا، هەندێک زانیاری بڵاوکردەوە کە لە میدیاکانی تورکیادا دەنگی دایەوە. دەمیرتاش رایگەیاند، ژمارەیەک کاندیدی لایەنەکان و رۆژنامەنووسان کە خۆیان وەک ئۆپۆزسیۆن لەقەڵەم دەدەن، کار بۆ دەسەڵات دەکەن و کڕدراون و وتی، " دوای هەڵبژاردن راستی ئەو کەسانە ئاشکرا دەبێت." هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە کە حەوت ساڵە لە زینداندایە بانگەوازێکی ئاڕاستەی گەنجان کرد و رایگەیاند، "بڕیاری خۆیان بدەن، دەنگتان بۆ کاندیدە بێبنەماکان مەسووتێنن. کلیلەکە لای ئێوەیە و بێهیوا مەبن و دەست بە گۆڕانکاری بکەن." هەروەها دەشڵێت، داهاتووی کۆمەڵگا گەنجەکان و هاوپەیمانی کۆماری وەک هاوپەیمانی 'تالیبان' لەقەڵمدا و راشیگەیاند، بۆ ئەوەی هاوپەیمانی تالیبان رابگرن، هەلێکی گەورە هەیە و گۆڕانکاری بکەن.

ئێران بۆ فرۆشتنی ئۆتۆمبێلە دروستکراوەکانی وڵاتەکەی گرێبەستێکی 10 ساڵە لەگەڵ سێنیگال دەکات و بەرپرسێکیش دەڵێت کاڵای وڵاتەکەیان هەناردەی 49 وڵاتی ئەفریقا دەکەن. روحەڵڵا لەتیفی، لێپرسراوی ناوەندی بازرگانیی نێوان ئێران و ئەفریقا رایگەیاند؛ لە ساڵێکدا بە بەهای زیاتر لە دوو ملیارد و 278 ملیۆن دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لە نێوان وڵاتەکەی و وڵاتانی کیشوەری ئەفریقا کراوە. بە وتەی لەتیفی کاڵای ئێرانی رەوانەی 49 وڵاتی ئەفریقا دەکرێت و لە 23 وڵاتی ئەو کیشوەرەوە کاڵا بۆ ئێران هەناردە دەکرێت. ئاماژەی بەوە کردوە؛ وڵاتی سێنیگاڵ گرێبەستێکی 10 ساڵەی لەگەڵ کۆمپانیای (سایپا)ی لە ئێران کردوە کە بە پێی گرێبەستەکە لەو ماوەیەدا 40 هەزار ئۆتۆمبێل رەوانەی ئەو وڵاتە دەکرێت. سێنیگال ئۆتۆمبێلەکانی جۆری (شاهین)ی بە مەبەستی بەکارهێنانی لە هێڵەکانی تەکسی وڵاتەکەی لە ئێران کڕیوە. فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی دروستکراوی ئێران بۆ وڵاتانی ئەفریقا لە کاتێکدایە بەهۆی تۆکمەنەبون و رەچاونەکردنی ستانداردە جیهانییەکان ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی ئێران دەبنە قوربانیی نەپارێزراوبونی ئەو ئۆتۆمبێلانە.