ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و تورکیا دادەبەزێت و هاوردەکردنی غازی ئێرانیش دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت. تورکیا بڵاوی کردەوە؛ لە سێ مانگی ئەمساڵدا ئاڵوگۆڕیی بازرگانیی لەگەڵ وڵاتی ئێران یەک ملیارد و 370 ملیۆن دۆلار بوە و بڕی زیاتر لە یەک ملیارد و 500 ملیون مەتر سێجا غازی لەو وڵاتەوە هاوردە کردوە. لە ئامارەکاندا دەرکەوتوە ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان تورکیا و ئێران بەراورد بە سێ مانگی ساڵی رابردو 14% کەمی کردوە و لەو ماوەیەدا تورکیا بە بڕێ 702 ملیۆن دۆلار کاڵای هەناردە ئێران کردوە کە 2% بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینیوە بەڵام کڕینی کاڵا و هاوردەکردنی لەو وڵاتەوە 677 ملیۆن دۆلار بوە کە بەراورد بە رابردو 27% کەمی کردوە. تورکیا ئاماژەی بەوە کردوە لە سێ مانگی ئەمساڵدا بڕی یەک ملیارد و 567 ملیۆن مەترسێجا غازی لە ئێران کڕیوە کە ئەوەش بەراورد بە سێ مانگی ساڵی رابردو 17% کەمی کردوە. ئێران لە سێ مانگی ساڵی رابردودا یەک ملیارد و 891 ملیۆن مەتر سێجا غازی بە تورکیا فرۆشتوە و ئەو بڕە لە ئەمساڵدا کەمی کردوە. بڵاوبونەوەی ئەو ئامارانە لە کاتێکدایە ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.
کەمال کلچدارئۆغلۆ رایدەگەیەنێت کە دوو حەفتە بۆ هەڵبژاردن ماوە و داوای کرد، کۆتایی بە زمانی قێزەون بهێندرێت کە دەسەڵات بەکاری دەهێنێت. کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی هاوپەیمانی گەل (ئۆپۆزسیۆن) بۆ کاندیدی سەرۆکایەتی تورکیا نیگەرانی خۆی لەبەرامبەر دۆخی بانگەشەی هەڵبژاردن لە تورکیا پیشاندا و وتی، " دەبێت دەسەڵات دەست لە زمانی قێزەون بهێنێت. خەڵکەکەمان دەزانێت کە دەسەڵات بە یاری پیس و تاوانبارکردن دەیەوێت چی بکات. دەزانم لە ١٠ رۆژی بەر لەوەی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت دەست بە کاری قێزەون دەکەن و پێیان دەڵێم کە عەقڵێکی باش بەکار بهێنن. کلچدارئۆغلۆ باسی ئەوەشی کرد، پێویستە دۆخێک بڕەخسێنرێت کە هاوڵاتیەکانمان بە زەردەخەنەوە بچنە سەر سندوقەکان و بە دڵێکی ئارام بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان و دەڵێت، " ئیدی لە جەمسەرگیری بێزار بووین. دەمانەوێت بە راستی ئەم ماوەیە لە دۆخ و کەشوهەوای هەڵبژاردندا تێپەڕ بکەین. ئیدی پێویستە دەست لە نائارامکردنی وڵاتەکانمان هەڵبگرن." کەمال کلچدارئۆغلۆ ئاماژەی بە قسەی ژمارەیەک لە بەرپرسانی دەسەڵات کرد کە هەڵبژاردنەکانیان وەک کودەتا لەقەڵەمدابوو و وتی، " دەڵێن هەڵبژاردن کودەتایە. لەدژی گەلەکەتان شەڕێکی وەک شەڕی ئۆهۆدیان دەست پێکردووە. گەلەکەمانتان وەک داگیرکەر بەناو کردووە و نازانم ئەمە چ هەڵوێستێکە! ئەمەش لە کاتێکدایە کە زۆربەی راپرسیەکان باس لە شکستی ئەردۆغان و پارتەکەی لە هەڵبژاردندا دەکەن و میدیاکانی جیهانیش گۆمانیان لەوە هەیە کە ئەردۆغان بە ئاسانی دەسەڵات جێناهێڵێت.
هاوڵاتی عەبدوڵڵا حەمدۆک سەرۆکوەزیرانی پێشووی سودان هۆشداری دەدات کە ململانێکانی وڵاتەکەی لە سوریا و لیبیا خراپتر دەبێت و ڕایگەیاند، ئەگەر شەڕەکە بەردەوام بێت، دەبێتە "کابوسێک بۆ جیهان". نزیکەی دوو هەفتە یە شەڕ و پێکدادان لە سودان بەردەوامە و سەدان کوژراوی لێکەوتووەتەوە، لە کاتێکدا دەیان هەزار کەس لە وڵات هەڵدێن. درێژکردنەوەی ئاگربەستی نائارامی شەوی پێنجشەممەی نێوان لایەنە ڕکابەرەکان، دوای هەوڵە دیپلۆماسییە چڕەکانی وڵاتانی دراوسێ و هەروەها ئەمریکا، بەریتانیا و نەتەوە یەکگرتووەکان هات. عەبدوڵڵا حەمدۆک لە کۆنفرانسێکدا لە نایرۆبی پایتەختی کینیا، داوای کرد هەوڵێکی یەکگرتووی نێودەوڵەتی بۆ ڕازیکردنی سەرۆکی سەربازی سودان و سەرۆکی هێزێکی نیمچە سەربازیی ڕکابەر بۆ ئەنجامدانی دانوستانەکانی ئاشتی. ئاماژەی بەوەشکردووە ئەمە شەڕی نێوان سوپایەک و یاخیبوونێکی بچووک نییە. نزیکە وەک دوو سوپایە - بە باشی ڕاهێنراون و بە باشی چەکدارکراون." ئەمە لەکاتێکدایە لە ١٥ی نیسانەوە شەڕ لە سودان دەستی پێکردووە و زیاد لە ٥٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و بە هەزارانی دیکە ئاوارە بوون. سەرچاوە: BBC
کۆمپانیای کۆندا کە تایبەتە بە راپرسی و لێکۆلینەوەکان، راپرسیەکی لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا ئەنجامدا کە بڕیارە هەڵبژاردنەکە ١٤ی ئایار بەڕێوە بچێت. بەگوێرەی راپرسیەکە دەنگی پارتە سیاسییە سەرەکییەکان بەم شێوەیە دەبێت: پارتی داد و گەشەپێدان ٣٦.٢٪ پارتی گەلی کۆماری ٢٤٪ پارتی باش ١٣.٧٪ پارتی چەپی سەوز ١٠.٣٪ پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست ٧.٤٪ ئەوانەی دیکە ٨.٥٪ هەروەها بەگوێرەی راپرسیەکە هیچ یەکێک لە کاندیدەکانی پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا ناتوانن، دەنگی پێویست بۆ سەرکەوتن بەدەست بهێنن و بۆیەش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی دەکەوێتە خولی دووەم و ئەنجامیش بەم شێوەیە دەبێت. کەمال کلچدارئۆغلۆ (ئۆپۆزسیۆن) ٥١٪ رەجەب تەیب ئەردۆغان (دەسەڵات) ٤٩٪
رۆژنامەیەکی ئەمریکی ئاشکرای کرد بۆ بەرەنگاربونەوەی ئێران و چەکدارانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە عێراق و سوریا بۆمبی نوێ بەکار دەهێنرێت و فڕۆکەی جەنگیی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت. رۆژنامەی (وۆڵستریت جۆرناڵ) لە زاری سەرچاوەکانی و بەرپرسان و فەرماندەکانی سوپای ئەمریکا بڵاوی کردوەتەوە؛ ژمارەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەو سوپایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە رێژەی 50% زیاد دەکرێن و بۆمبی تایبەت بە سەنگەرشکێن بەکاردەهێنرێت. رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردوە؛ ئەمریکا بۆمبی 113 کیلۆیی لە فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری (وارتاگ) لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەستێت کە بە ئامانجی تێکشکاندانی سەنگەر و وێرانکاریی حەشارگەکان و بڕینی ئەو شوێنانەیە کە لە ژێر زەویی بە مەبەستی سەربازیی دروست کراون. ژەنەڕاڵ ئەلێکسوس گرینکویچ، یەکێک لە فەرماندەکانی سوپای ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا رایگەیاندوە ئەو بۆمبانە بە ئامانجی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی سەربازیی لە فڕۆکە جەنگییەکانی وارتاگ لە رۆژهەلاتی ناوەڕاست بەکاردەهێنرێن و لەچوارچێوەی ئەو ئۆپەراسیۆنەشدا فڕۆکەی جەنگیی زیاتر رەوانەی ناوچەکە دەکرێت. رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵ جەختی لەوە کردوەتەوە کە ناکۆکییەکان و گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست توندتر بوەتەوە و یەکێک لە ئامانجەکانی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆماری ئیسلامی و هێرشکردنە سەر چەکدارانیەتی لە عێراق و سوریا.
هاوڵاتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند بانگهێشتی بەڕێوەبەرایەتی تاڵیبانی نەکردووە بۆ کۆبوونەوەیەک کە هەفتەی داهاتوو لەگەڵ نوێنەرانی تایبەتی وڵاتان لە دۆحه ئەنجام دەدرێت. هەفتەی ڕابردوونوێنەرانی وڵاتان لە نەتەوە یەکگرتووەکان جەختیان لەوە کردەوە کە کۆبوونەوەکەی دۆحە تیشک ناخاتە سەر ئەگەری دانپێدانانی بەڕێوەبەرایەتی تاڵیبان لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لێدوانەکانی جێگری سەرۆکی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی و سەرلێشێواوی دروستکرد. وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ستیفان دوجاریک ڕایگەیاند کۆبوونەوەکەی قەتەر لە ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە بە مەبەستی جەختکردنەوەیە لەسەر دووبارە چالاککردنەوەی بەشداریکردنی نێودەوڵەتی لە دەوری ئامانجە هاوبەشەکان و دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ بەردەوام بوون و بەرەوپێشچوون لە... ..ئەفغانستان" . جێگری گۆتێرێس ئەمینا محەمەد هەفتەی ڕابردوو پێشنیاری ئەوەی کرد کە کۆبوونەوەکەی دۆحه " لەوانەیە یارمەتییان بدات بۆ نانی هەنگاوی بچوک و بەرەوپێشچون بۆدۆزینەوەی ڕێگایەک بۆناساندنی تاڵیبان...." تاڵیبان لە مانگی هەشتی ساڵی 2021 دەسەڵاتیان لە ئەفغانستان گرتە دەست دوای ئەوەی ئەمریکا دوای 20 ساڵ سەربازەکانی لەو وڵاتە کشانەوە. لە کانونی یەکەمی ئەمساڵدا، کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە 193 ئەندام پێکهاتووە ، بڕیاریاندا بۆ جاری دووەم بڕیاری پەسەندکردنی داننان بە بەڕێوبەرایەتی حکومەتی تاڵیبان دواخست کە لە کاتی پەسەندکردنی بڕیارەکە تاڵیبان دەتوانێت نوێنەرێکی وڵاتەکەی بۆ باڵیۆزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بنێرێت. هاوکات ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی پێنجشەممە بە کۆی دەنگ سەرکۆنەی قەدەغەکردنی کارکردنی ژنانی ئەفغانی کرد کە لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان کاردەکەن و داوای لە ڕێبەرانی تاڵیبان کرد بە خێرایی سەرکوتکردنی مافەکانی ژنان و کچان پێچەوانە بکەنەوە. لەو بارەیەوە تاڵیبان ده ڵێت ڕێز له مافه کانی ژنان ده گیرێت به گوێره ی لێکدانه وه ی توندی یاسای ئیسلامی وبەرپرسانی تاڵیبان دەڵێن بڕیارەکان لەسەر ژنانی کارمەندانی فریاگوزاری "کێشەیەکی ناوخۆییە."
هاوڵاتی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەرمینیا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند ئەرمینیا و ئازەربایجان ڕۆژی یەکشەممە خولێکی نوێی وتووێژ لە واشنتۆن ئەنجام دەدەن بۆ هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان. جارێکی دیکە گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات زیادیان کردووە سەبارەت بە ناوچەی ناگۆرنۆ کاراباخ کە ئەو شوێنەیە کە هێزەکانی ئاشتی پارێزی ڕوسیا لە ساڵی 2020دا بڵاوکرایەوە بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگ، ئەمەش دووەمین شەڕە کە ئەرمینیا و ئازەربایجان لە دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی 1991ەوە لەسەر ئەو ناوچەیە شەڕیان کردووە. ئەو ناوچە شاخاوییە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیدا وەک بەشێک لە ئازەربایجان دانیپێدانراوە، بەڵام بەشێکی زۆری دانیشتوانەکەی ئەرمەنییە . لە بارەی ئەو کۆبونەوەیە وتەبێژی ئەرمینیا ئانی بادالیان لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک وتی" لە 30 ی مانگی چوارەوە وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا ئارارات میرزۆیان لە واشنتن دی سی دەبێت بە سەردانێکی کارو لەوێ خولی داهاتووی گفتوگۆکان لەسەر ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان بەڕێوەدەچێت،" جێگەیباسە ئازەربایجان ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو خاڵێکی پشکنینی نوێی لەسەر ڕێگای کاراباخی ڕێڕەوی لاچین دامەزراند، ئەمەش لەلایەن ئەرمینیاوە بە پێشێلکردنی ئاگربەستی ساڵی 2020 ناودێرکرا. سەرەڕای چەندین ساڵ لە هەوڵی نێوەندگیری نێوانیان، ئەرمینیا و ئازەربایجان هێشتا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی ئاشتی کە کێشە هەڵپەسێردراوەکان چارەسەر بکات وەک دیاریکردنی سنوورەکان و گەڕاندنەوەی زیندانییەکان.
هاوڵاتی موراد قەرەیلان رایگەیاند، ئێمە تورکیا دابەش ناکەین، "ئێمە دەمانەوێت تورکیا بگۆڕین و تورکیا دیموکراتیک بکەین، لە ناو سیستەمی کۆماری دیموکراتیکدا بە سیستەمی خۆبەڕێوەبەری ئێمە یەکێتیی ئارەزومەندانەی کوردان بنیات دەنێین." موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە بۆ میدیاکانی حزبەکەی باسی لە ئامانجەکانیان لە تورکیا کرد و وتی، "دەمانەوێت یەکگرتوویی گەلان لە تورکیا بنیات بنێین و بەهێزی بکەین. ئێستا یەکێتییەکیان دەوێت، کە بە چەک، تانک و تۆپ و فڕۆکە بنیات بنرێت، ئێمە ئەوە دەگۆڕین بۆ یەکێتیی ئارەزوومەندانە." قەرەیلان بە ئاماژەدان بەوەی نایانەوێت تورکیا دابەش بکەن وتی، " بۆیە ئێمە پارێزگاری لەوە دەکەین، کە هەموو کەسێک دەبێت بە دادپەروەری، حەق، یاسا و مافەکانی و سەربەخۆیی خۆییەوە بژی. ئەمە ئەو شتەیە، کە ئێمە پێی دەڵێین، خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک. واتە یەکێتیی گەلان بە شێوەی یەکسان و ئازادە. ئەمە ئامانجی ئێمەیە." قەرەیلان هەروەها دەشڵێت، "ئاکەپە، مەهەپە، هەندێک هێزی دیکە و بەرپرسانی دەوڵەتی تورک چەمکی جودایخوازی بۆ بزووتنەوەکەمان بەکار دەبەن، بەڵام ئەوە ڕاست نییە. ئێمە باس لە هێڵێکی ئایدۆلۆژی و سیاسی دەکەین، کە پێویستە یەکێتییەکی ئارەزوومەندانەی تیادا بنیات بنرێت." هەروەها باسی ئەوەشی کردووە، "لە ڕاستیدا، مەترسیی جوداییخوازی لە تورکیا نەک لەلایەن ئێمەوە، بەڵکو لە عەقڵییەت و تێگەیشتنێکی زۆر چری تورکبوونەوە لەژێر ناوی ڕەگەزپەرستیدایە. ئەو کەسانەی بەو عەقڵییەت و تێگەیشتنەوە دەجوڵێنەوە جوداخوازن و ڕاستیی ئەو بابەتە بەو شێوەیەیە."
هاوڵاتی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا، بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار ئاماری قوربانیانی كرێكارانی لە ساڵی ڕابردوو چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا بڵاوكردەوە وبە پێی ئامارەکان لە ١٦ مانگی ڕابردوودا ٧٩ کرێکار لە شوێنی کار گیانیان لەدەستداوە. لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا، بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار ئاماری قوربانیانی كرێكارانی لە ساڵی ڕابردوو چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە: ساڵی ڕابردوو لە هەولێر ٢٤ كرێكار و لە سلێمانی ٢١ كرێكار و لە هەڵەبجە پێنج كرێكار و لە دهۆك نۆ كرێكار گیانیان لەدەستداوە. بەپێی ئامارەکانی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار، لە چوارمانگی سەرەتای ئەمساڵەوە لە هەولێر پێنج كرێكار و سلێمانی شەش كرێكار لە هەڵەبجە یەک کرێکار و لە دهۆک دوو کرێکا ر و لە دەرەوەی ناوچەکانی هەرێم شەش کرێکار گیانیان لەدەستداوە. بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار ڕاشیگەیاند، جگە لە گیان لەدەستدانی كرێكاران، هەزاران كرێكار بریندار و كەمئەندام بوون و توانای كاركردنیان نەماوە و شوێنەكانی كاركردن مەترسییەكانی ئێجگار زۆرە بۆ کرێکاران لەبارەی هۆکاری ڕووداوەکانەوە ئاماژە بەوەکرا، هۆكاری ڕوداوهكانیش بریتین لە داڕمان كارهبا گرتن و كهوتنه خوارهوه و سوتان بون بهژێر ئامرازهكانی كارهوه.
مانگی سوری کرماشان رایگەیاند لە وەرزی بەهار-دا روداوەکانی شاخەوانی زۆر بوە و 10 کەس گیانیان لەدەستداوە. محەمەد باقری، بەڕێوبەری مانگی سوری پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند؛ لە دوو مانگی بەهاردا لانیکەم 30 روداوی شاخەوانیی لەو پارێزگایە تۆمار کراوە کە تێیدا 10 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و 37 کەس بریندار بون. باقری ئاشکرای کردوە؛ زۆربەی ئەو کەسانەی لە کاتی شاخەوانیی لە چیا و شاخەکانی کرماشان گیانیان لەدەستداوە ئەزمونیان کەم بوە و توشی جەڵتەی دڵ بون و بونەتە قوربانیی. بە وتەی ئەو؛ ژمارەیەک لەو قوربانییانە تەمەنیان زۆر بوە و ئاگاداری ئەوە نەبون کە کێشەی دڵیان هەیە و هەر بەهۆی فشاری رێگا و سەختی چیاکان روبەڕوی جەڵتەی دڵ بونەتەوە. زیاتر لە 18 شاخ و چیا لە ناوچەکانی کرماشان هەیە کە گەشتیار و شاخەوانان روی تێدەکەن و بە شوێنێکی گونجاو بۆ شاخەوانیی و گەشتیاریی لەقەلەم دەدرێت.
هاوڵاتی کۆمپانیای دانە غاز ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکردوە کە تێکڕای بەرهەمهێنانی غاز لە چارەگی یەکەمی ئەمساڵدا لە هەرێمی کوردستان بەڕێژەی 9.5% بەرز کردوەتەوە. ئاماژەی بەوەشکردوە، ئاستی بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بەتێکڕایی 50 ملیۆن پێ سێجا بوە لە ڕۆژێکدا لە چارەگی سێیەمی ساڵی ڕابردودا، بەڵام لە چارەگی یەکەمی ئەمساڵدا توانراوە 500 ملیۆن پێ سێجا غاز لە یەك ڕۆژدا بەرهەم بهێندرێت. هەروەک ئاشکرایشیکردوە کە کۆمپانیاکە کاتێکی دیکەی داناوە بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی غاز لە کۆرمۆر بۆ 250 ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا تا مانگی نیسانی ساڵی 2024. کۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی، گەورەترین کۆمپانیای کەرتی تایبەتە لە بواری گازی سرووشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەهای تمەن لە بەرامبەر دۆلاردا دابەزینی بەرچاو بەخۆیەوە بینی و پێشبینی دەکرێت لەگەڵ قوڵبونەوەی زیاتری ناکۆکییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران، بەهای دۆلار بەرامبەر تمەن بەردەوام بێت لە بەرزبونەوە. ئەمڕۆ شەممە لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی دراو لە ئێران بەهای یەک دۆلار لەو وڵاتە گەیشتە زیاتر لە 54 هەزار و 500 تمەن و حکومەتی وڵاتەکەش بەهای یەک دۆلاری بە نزیکەی 42 هەزار تمەن راگەیاندوە. سایتی (ئێقتیساد نیوز) لە ئێران بڵاوی کردوەتەوە؛ بەرزبونەوەی بەهای دۆلار لە کاتێکدایە 20 رۆژە ئەو جۆرە بەرزبونەوەیە روی نەداوە و پێدەچێت بە بڵاوبونەوەی هەواڵی ناکۆکیی و گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، بەهای تمەن لە بەرامبەر دۆلار زیاتر دابەزێت. لە چەند رۆژی رابردودا سوپای ئێران دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی لە دەریای عوممان راگەیاند کە هەڵگری نەوتی ئەمریکا بوە و دواتر ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە ئاشکرای کرد ئەمریکا پێنج رۆژ پێش ئەوەی سوپای ئێران دەست بەسەر ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرەدا بگرێت، ئەمریکا دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێراندا گرتوە کە لە وڵاتی کوەیتەوە رێکەوتوە. لە لایەکی دیکەوە ئەمریکا رەتی کردوەتەوە بڕیاری دابێت لە ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێران لە کۆریای باشور و لێدوانی حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە رێککەوتنی نێوان واشنتۆن و تاران بۆ ئازادکردنی ژمارەیەک هاوڵاتیی (ئەمریکی-ئێران) لە لایەن کۆشکی سپییەوە رەت کراوەتەوە. بڵاوبونەوەی هەواڵی ناکۆکی و گرژیی نێوان واشنتۆن و تاران زیاترین کاریگەریی لە دابەزینی بەهای دراوی تمەن هەیە و بڕیارە دوای دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکە لە لایەن سوپاوە، سزاکانی ئەمریکا دژی ئێران توندتر بکرێنەوە.
هاوڵاتی کۆمیتهی داکۆکی لهماف و ئازادییهکان لە باشوری کوردستان لە بەیاننامەیەکدا دژی دەستگیرکردنی نوسهر و چالاکوانی سیاسی دیار عهلی مهحمود ناسراو بە عەلی سیاسی وەستانەوە. ئەو کۆمیتەیە لە بەیاننامەکەیاندا ڕایدەگەیەنن کە پێویستە بە زوترین کات عەلی سیاسی ئازادبکرێت ،و دەڵێن،"به شێوهیهکی نهگونجاو و بێ ئامادهبوونی پارێزهر هێنرایه سهر شاشه و دوور له ههموو بههایهکی دادوهری و یاسایهک، وهک تۆمهتبارێک، که کارێکی زۆر نابهجێی کرد بێت، نیشان درا." لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئەم جۆرە دەستگیرکردنە "ئاماژهی تۆڵهسهندنهوهی سیاسی و ترساندن و تۆقاندنی نهیارانی دهستهڵاتدارانی ههرێمیشی تێدا دهبینین، نهک جێبهجێکردنی یاسا و بڕیاری دادوهر." هاوکات سەبارەت بە هۆکاری دەستگیرکردنەکەی ئەو کۆمیتەیە ڕایگەیاندووە،"گهر داڵدهدانی تۆمهتباران له کوردستاندا به ههڵه و لهیاسا دهرچوون ئهژمار بکرێت، کهس هێندهی دهستهڵاتدارانی کوردی و به دیاریکراویش دوو حزبه باڵادهستهکه تۆمهتبارانی ئهنفال و بکوژانی تێکۆشهرانی کوردیان داڵده نهداوه و نهپاراستوه. بۆیه ئەگەر بە تۆمەتی هاوکاری و داڵدەدانی بکوژان خەڵکی ئەم هەرێمە دەستگیربکرێت و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، ئەوا دهبێ پێش ههموو کهس سهرکردایهتی ئهو حزبانه بچنه پێش دادگا". دەقی بەیاننامەکەی کۆمیتهی داکۆکی لهماف و ئازادییهکان له ههرێمی کوردستانی عێراق: پێویسته عهلی سیاسی به زووترین کات ئازاد بکرێت وهک ههموو ئاگادارین پێش چهند رۆژێک نوسهر و چالاکوانی دیار عهلی مهحمود له لایهن هێزێکی ئاسایشی ههولێرهوه به تۆمهتی داڵدهدانی تۆمهتبارێک دهسگیرکرا. دواتر به شێوهیهکی نهگونجاو و بێ ئامادهبوونی پارێزهر هێنرایه سهر شاشه و دوور له ههموو بههایهکی دادوهری و یاسایهک، وهک تۆمهتبارێک، که کارێکی زۆر نابهجێی کرد بێت، نیشان درا. ئهمه ههمووی لهسهر ئهوهی بۆ چهند رۆژێک داڵدهی تۆمهتبارێکی داوه، که له تۆڵهی خوێنی بهناههق ڕژاوی باوکه پێشمهرگهکهیدا، دوای نائومێدبوونی له یاسا و دادگا، بکوژی باوکی کوشتۆتهوه. سهرهڕای ئهوهی ئهو جۆره ههڵکوتانه سهر و دهسگیرکردنهی ناوبراو ناشایسته و نایاساییه، چونکه دهبوو پۆلیس ئهنجامی بدایه نهک هێزی ئاسایش، ئاماژهی تۆڵهسهندنهوهی سیاسی و ترساندن و تۆقاندنی نهیارانی دهستهڵاتدارانی ههرێمیشی تێدا دهبینین، نهک جێبهجێکردنی یاسا و بڕیاری دادوهر. باوهڕیشمان وایه خودی ڕووداوهکهش ئهنجامه نهک هۆکار، چونکه ئهوه دۆخی لێخۆشبوون و چاولێپۆشینی بکوژان و ئهنفالچییانه، که رهوشێکی وای خوڵقاندوه، خاوهن ههقهکان بێن و خۆیان مافی خۆیان بسێننهوه، کاتێک دڵنیابوونه، که یاسا و داد لهو ههرێمهدا مافیان بۆ ناگێڕێتهوه! له ڕاستیدا گهر داڵدهدانی تۆمهتباران له کوردستاندا به ههڵه و لهیاسا دهرچوون ئهژمار بکرێت، کهس هێندهی دهستهڵاتدارانی کوردی و به دیاریکراویش دوو حزبه باڵادهستهکه تۆمهتبارانی ئهنفال و بکوژانی تێکۆشهرانی کوردیان داڵده نهداوه و نهپاراستوه. بۆیه ئەگەر بە تۆمەتی هاوکاری و داڵدەدانی بکوژان خەڵکی ئەم هەرێمە دەستگیربکرێت و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، ئەوا دهبێ پێش ههموو کهس سهرکردایهتی ئهو حزبانه بچنه پێش دادگا، کە تۆمەتبارانی جینۆسایدی کورد و ئەنفالیان نەک هەر داڵدەداوە، بەڵکو کردویانن بە بەرپرسی کەسوکاری ئەنفالکراوان و ئیمتیازاتیشیان داونهتێ! ئێمه وهک کۆمیتهی داکۆکی له ماف و ئازادییهکان، له نزیکهوه ناوبراو دهناسین و دهزانین، چهند کهسێکی پاک و دڵسۆز و خۆنهویسته، دهشزانین دهستهڵاتی ههولێر چهند لێی بهداخه، بۆیه ئهم ڕووداوهی ئێستا وهک ههل و دهرفهتێک دهبینین له لایهن دهستهڵاتدارانی باشور و پارتی دیموکرات به تایبهتی بۆ تۆڵهی سیاسی و ترساندنی عهلی سیاسی، تا له ڕهخنه و ههڵوێست بهرامبهر خۆیان بیوهستێنن. ئێمه لێرهوه داواکارین به زووترین کات ناوبراو ئازاد بکرێت. جا به کهفالهتی کهسیی بێت یان ماددی، له ئهگهری مانهوهی ناوبراو له زینداندا بێگومان بێدهنگ دانانیشین و ههڵوێستی ترمان دهبێت. ئازادی بۆ کاک عهلی سیاسی و سهرجهم زیندانییه سیاسییهکانی باشوری کوردستان کۆمیتهی داکۆکی لهماف و ئازادییهکان له ههرێمی کوردستانی عێراق ٢٨ی نیسانی ٢٠٢٣
ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەوروپا دادەبەزێت و فەڕەنسا هەناردەی بۆ ئەو وڵاتە بەرز دەکاتەوە. ناوەندی ئاماری ئەوروپا (یۆرۆستات) بڵاوی کردەوە؛ ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە دوو مانگی ئازار و نیسان بە رێژەی 9% دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و بەهای ئاڵوگۆڕی ئەو دوو مانگە 761 ملیۆن یۆرۆ بوە. لە ئامارەکاندا ئاماژە بەوە کراوە؛ ئاستی هاوردەی وڵاتانی ئەوروپا لە ئێرانەوە 139 ملیۆن یۆرۆ بوە کە بەراورد بە دوو مانگی ئازار و نیسانی ساڵی رابردو 17% کەمی کردوە. ئێران لە ماوەی ئەو دوو مانگەی ئەمساڵدا بە بەهای 622 ملیۆن یۆرۆ کاڵای لە وڵاتانی ئەوروپا کڕێوە و هاوردەی کردوە کە ئەویش بەراورد بە ئازار و نیسانی ساڵی رابردو 7% دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە. ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و ئیسپانیا کە زیاترین ئاڵوگۆڕی بازرگانییان لەگەڵ ئێران هەیە لەو دوو مانگەدا رێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانییان لەگەڵ ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردوە. لە ئامارەکاندا دەرکەوتوە هەناردەی فەڕەنسا بۆ ئێران لەو دوو مانگەدا پێچەوانەی وڵاتانی دیکەی ئەوروپا بە رێژەی 34% بەرز بوەتەوە و بە بەهای 43 ملیۆن یۆرۆ کاڵای هەناردەی ئێران کردوە.
هاوڵاتی پاسەوانانی کەناراوەکان ئەمڕۆ هەینی تەرمی 41 کۆچبەریان لە کەناراوەکانی تونس دۆزیوەتەوە لە کاتێکدا ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەفریقاوە کۆچدەکەن بۆ گەیشتن بە ئەوروپا ڕوولە زیادبوونە، کاربەدەستێکی باڵا دەڵێت لە ماوەی 10 ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە 200 کەس خنکاون. کاربەدەستێکی باڵای تونس بە ئاژانسی هەواڵی بی بی سی ڕاگەیاندووە،مردووخانەکانی تونس بۆشاییان نەماوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵدەدەن ڕێگری لە زیادبوونی هەوڵی پەڕینەوە بکەن. بەشێک لە کەناراوەکانی تونس تەنها نزیکەی ۱۵۰ کیلۆمەتر لە لامپدوسا دوورە کە دوورگەیەکی ئیتاڵیە و زۆرجار کۆچبەران وەک خاڵی سەرەکی پەڕینەوە بۆ وشکانی بەکاریدێنن. فەوزی مەسعودی، بەرپرسی دادوەری لە شاری بەندەری سفاکس دەڵێت،"ڕۆژی سێشەممە، زیاتر لە 200 مەیت لە ئاوەکان دەرهێنراون، کە ژمارەیان زۆر زیاترە لە توانای نەخۆشخانەکە ، ئەمەش کێشەی تەندروستی دروست کردووە". باسیلەوەشکردووە، "کێشەیەکی زۆرمان هەیە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری لاشەکان کە دەگەنە کەنارەکان چونکە " ئێمە نازانین ئەوان کێن و لە چ کەشتییەکی تێکشکاوەوە هاتوون و ژمارەیان بەردەوام لە زیادبووندایە." هاوکات ئاژانسی کۆچبەری نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کاتێک ئەو کەسانەی لە کەناراوەکانی لیبیاوە بەڕێکەوتبوون، لە ماوەی هەفتە و نیوی ڕابردوودا نزیکەی 300 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و تا ئێستا لەمساڵدا 824 کەس گیانیان لەدەستداوە.
