هاوڵاتی عه‌بدوڵای كوێخا موباره‌ك له‌ یه‌كه‌مین لێدوانیدا له‌باره‌ی كوژرانی كوڕه‌كه‌ی، په‌یامێكی ئاڕاسته‌ی كه‌سوكاری كرد و رایگه‌یاند، جگه‌ له‌و چه‌ند كه‌سه‌ی كه‌ "دیاریكراون و شاراوه‌ نین" ده‌ست بۆ هیچ كه‌س و لایه‌ن و هێزێك نه‌برێت له‌ چه‌مچه‌ماڵ و هیچ شوێنێكی دیكه‌ی كوردستاندا. عه‌بدوڵای كوێخا موباره‌ك ئه‌مشه‌و له‌ لێدوانێكدا له‌كاتی ناشتنی ته‌رمی كوڕه‌كه‌ی له‌ چه‌مچه‌ماڵ، رایگه‌یاند، "ئه‌م گه‌نجه‌ی ئێمه‌ كه‌ كوژرا، زۆر تایبه‌ت بو، زۆر خۆشه‌ویست و شیرین بو، به‌هۆی ئه‌وه‌ی گه‌نجێكی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت بو، چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر توشی روداوی هاتوچۆ ببو، هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌ ململانێی دوژمنداری و سیاسیه‌وه‌ نه‌بو، ته‌نانه‌ت توانای چه‌كداریشی نه‌بو، مه‌گه‌ر بۆ خۆشی ره‌سمی به‌ چه‌كه‌وه‌ گرتبێت". هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، ئه‌و كوڕه‌ی من په‌یوه‌ندی به‌ ناكۆكی سیاسی نه‌بوو، ئه‌و گه‌نجه‌ به‌هۆی رووداوێكی هاتووچۆ كه‌مئه‌ندام بوو، په‌یوه‌ندی به‌ پرسی سیاسییه‌وه‌ نه‌بوو. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "كارێكی نامرۆڤانه‌ی نامه‌ردیه‌ كه‌ ئێمه‌ برا و كوڕی ترم هه‌یه‌ و ئاڵاون به‌و كه‌سه‌وه‌ كه‌ خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ته‌، خودا عه‌فوی بكات و هه‌ر روداوێك كه‌ به‌سه‌رماندا بێت هه‌ر شوكری خودای گه‌ور ده‌كه‌م، ئێمه‌ په‌یوه‌ستین به‌و رێسا و یاسایه‌ی كه‌ شه‌ریعه‌ت و دینی ئیسلام بۆمانی داناوه‌ و داوا له‌ هه‌مو خزم و كه‌سوكار ده‌كه‌ین نامانه‌وێت دۆخی كوردستان كه‌ خۆی ناله‌باره‌ زیاتر تێكبچێت، ده‌بێت ئارامی و هه‌رێمی كوردستان و چه‌مچه‌ماڵ له‌سه‌روی رۆحی منیشه‌وه‌ بێت نه‌ك كوڕه‌كه‌م" پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ لە چەمچەماڵ تەقە لە سه‌رهه‌د عه‌بدوڵا كوێخا موباره‌ك كرا و گیانی له‌ده‌ستدا، به‌گوێره‌ی زانیاریه‌كان روداوه‌كه‌ له‌سه‌ر كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی بوه‌.

هاوڵاتی ئێوارەی ئەمڕۆ لە چەمچەماڵ دەستڕێژی گولـلە لە کوڕێکی عەبدوڵڵا کوێخا موبارەک کرا و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا. ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ لە چەمچەماڵ تەقە لە سه‌رهه‌د عه‌بدوڵا كوێخا موباره‌ك  کراوە کە تەمەنی 22 ساڵە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە و هەر ئەمشەو بەخادەسپێردرێت. بەپیی زانیاریەکان، گرفتەکە لەنێوان ماڵێک و ئەو کوڕەی عەبدوڵای کوێخا موبارەکدا بووە و دوابەدوای رووداوەکەش ماڵی ئەو کەسەی کە تەقەی لە کوڕەکەی عەبدوڵای کوێخا موبارەک کردووە بەتەواوی سوتێندراوە و چەندین ماڵیش لە دەوروبەریدا بەهۆی دەستڕێژی گولەوە زیانیان پێگەیشتووە. هاوکات بە پێی چەند سەرچاوەیەک پێشتر کێشە لەنێوان هەردوولادا هەبووە و ساڵی رابردوو کێشەیەکی کۆمەڵایەتییان هەبووە کە بەهۆی ئەو رووداوەوە بووە،پێشتر سکاڵا لەدژی کوڕەکەی عەبدوڵای کوێخا موبارەک تۆمارکراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە داڵدە دراوە و ماوەیەک کوڕەکە لە هەولێر ماوەتەوە و دواتر گەڕاوەتەوە بانی مەقان بۆلای باوکی و هیچ رێکارێکی یاسایی بەرامبەر نەگیراوەتەبەر. لە ئێستادا ڕوداوەکانی هێرشکردنە سەر ماڵان و بەکارهێنانی چەک و توندوتیژی بە ناوی کێشەی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان لە زیادبوندایە. هەر ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆ لە ڕاگەیاندراوێکدا داوایکرد ھیچ حزبێک لە بۆنەکاندا چەک وەکو دیاری نەبەخشێتە ئەندام و لایەنگرانیان، داواش لە ھاووڵاتیان دەکات لە جێگەی چەک بە گفتوگۆ و لە رێگەی دادگاوە کێشەکانیان چارەسەر بکەن. وەزارەتی ناوخۆ داواش لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکات پەرە بە کلتوری ناتوندوتیژی بدەن و ھانی ھاووڵاتیان بدەن تا بۆ چارەسەری کێشەکانیان پەنا بۆ گفتوگۆ و دادگاکان بەرن، دەشڵێت، پێویستە لەھەمو بارەگای لایەنە سیاسییەکاندا کۆگای ھەڵگرتنی چەک ھەبێت تاوەکو تەنھا لەکاتی پاسەوانیدا چەک ھەڵبگیرێت.

هاوڵاتی لە پارێزگای ئامەدی باکوری کوردستان چەندین ۆژنامەنووس، سیاسەتمەدار، پارێزەر و هونەرمەند دەستگیرکران. بەگوێرەی میدیاکانی باکوری کوردستان، لە ئۆپراسیۆنەکەدا عەبدولرەحمان گۆک سەرنوسەری ئاژانسی میزۆپۆتامیا، ئەحمەد کانبال پەیامنێری میزۆپۆتامیا، عوسمان ئاکن بەڕێوەبەری نووسینی ڕۆژنامەی یەنی یاشام، قادر ئەسەن خاوەن ئیمتیازی ڕۆژنامەی خۆبوون، خالس داکالی هاوسەرۆکی لقی ئامەد لە کۆمەڵەی پارێزەران و مافناسانی ئازادی و پارێزەر، پارێزەران ئۆزوم ڤورگون، بونیامین شەکەر، بەردان ئاجون، پیرۆزخان کارالی، سەزەن مەرجان ڕاوێژکاری ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هاوسەرۆکی دەبەپە ساڵیحە ئایدەنیز، لە شانۆی شاری ئامەد یاوز ئاککوزو، ئۆزجان ئاتەش و ئەلڤان کۆچەر یڵدرم و ژمارەیەکی زۆر سیاسەتمەدار دەستگیرکران. تەیب تەمەل جێگری هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە ناڕەزایەتیی دژی ئەم ئۆپراسیۆنە دەربڕی و وتی، "دەسەڵات جارێکی دیکە پێش هەڵبژاردنەکان لە ترسی دۆڕاندنی خۆی دەستی بە ئۆپەراسیۆن و دەستگیرکردن کردەوە. سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دەیان هاوڕێمان، لەنێویاندا ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی، جێگرانی هاوسەرۆک، ڕۆژنامەنووسان، هونەرمەندان و پارێزەران لە ئامەد دەستگیرکران، بەڵام ئێوە لە دۆڕان و ڕووخان ڕزگارتان نابێت". مەهدی ئۆزدەمیر جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی پارێزەرانی ئامەد بۆ ئاژانسی میزۆپۆتامیا وتی، بە فەرمانی داواکاری گشتی نزیکەی ١٥٠ کەس دەستگیرکراون. ئۆزدەمیر وتیشی: "ئۆپەراسیۆنەکە هێشتا بەردەوامە. دەستگیرکردن بەردەوامە، پشکنین و گەڕان لە نوسینگەی زۆرێک لە هاوڕێی پارێزەرەکانمان بەردەوامە. تا ئێستا هۆکاری ئەو هەڵکوتان و دەستگیرکردنانە ئاشکرا نەکراوە. هیچ هۆکارێک و بیانوویەک بە ئێمە نەوتراوە. ئۆپەراسیۆنەکە لە دژی پیشە جیاوازەکانە. هونەرمەندان، سیاسەتمەداران، نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پارێزەران لەخۆدەگرێت. لێکۆڵینەوەیەکی گشتییە" . هەروەها کۆمەڵەی پارێزەران و مافناسانی ئازادی لە هەژماری میدیا دیجیتاڵییەکەیاندا ڕایانگەیاند، لە ئامەد، ئێلح و ڕحا ڕۆژنامەنووسان، هونەرمەندان، سیاسەتمەداران و هاوڵاتیان دەستگیرکراون.

هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن رایگەیاند، لایەنەکانی سوودان ئاگربەستێکی ٧٢ کاتژمێرییان راگەیاندووە. ئەنتۆنی بلینکن لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی پێکدادانەکانی سوودانەوە نووسیوویەتی: "دوای دانوستانێکی چڕوپڕ بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر، سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا گەیشتنە رێککەوتن بۆ ئەوەی بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێر ئاگربەست لەسەرتاسەری وڵات رابگەیەنن". لە راگەیەندراوەکەدا کە دوێنێ بڵاو کراوەتەوە، ئاماژەی بەوەیش دراوە، ئاگربەستەکە لە نیوەشەوی ٢٤ لەسەر ٢٥ی نیسانەوە دەستی پێ دەکات. لە راگەیەندراوەکەدا پشتیوانی تەواوی ئەمریکا خراوەتە روو بۆ کارکردنی تەواوەتی بە ئاگربەستەکە بە درێژایی ماوەی ئەو ٧٢ کاتژمێرە و تیایدا هاتووە: "بۆ کۆتایی هێنان بە پێکدادانەکان، ئەمریکا لەگەڵ هاوبەشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی و بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشە مەدەنییە سوودانییەکان پێکەوە کار دەکات و رۆڵی یارمەتیدەر دەگێڕێت بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی ئاگربەستەکە". لای خۆیشیەوە هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تویتەر ئاماژەی بەوە داوە کە بە نێوەندگیری ئەمریکا و بەمەبەستی دروستکردنی رێڕەوی مرۆیی بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییانی مەدەنی لە ناوچەکانی پێکدادانەکان و نێردە دیپلۆماتییەکان بە ئاگربەستەکە رازی بووە. هاوکات، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکاندا رایگەیاند، سوودان لە لێواری لەنێوچووندایە و "تووندوتیژییەکانی سوودان مەترسی کەوتنەوەی کارەساتێکی گەورەی لێدەکرێت، کە لەوانەیە هەموو ناوچەکە بگرێتەوە". گۆتێرێز گوتیشی، "پێویستە ئەوەی لەتواناماندایە بیکەین بۆ ئەوەی سوودان لەو دۆخە رزگار بکەین". چاوەڕواندەکرێت، ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان، بەتایبەت لەسەر دۆخی سوودان کۆببێتەوە. بەگوێرەی نەتەوەیەکگرتووەکان، تائێستا زیاتر لە 427 کەس کوژراون و 3700 کەسی دیکەش بریندار بوون و تائێستا وڵاتان زیاتر لە 4 هەزار هاووڵاتی خۆیان لە سوودان بردووەتە دەرەوە.

هاوڵاتی ڕۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردۆتەوە، هەناردەکردنی نەوتی هەریم چەند نیشانەیەکی دیاریکراوی نیشانداوە بۆ دەستپێکردنەوە دوای نزیکەی  مانگێک لە وەستان، لە کاتێکدا لایەنەکانی ڕێککەوتنی نێوان بەغدا و تورکیا  هێشتا چارەسەر نەکراون. ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕۆژی دووشەممە لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە  بڵاویکردەوە، کە هەریەک حکومەتی هەرێمی کوردستان و سۆمۆ  دەیانەوێت هەناردەکردنی نەوتی هەریم لە سەرەتای مانگی پێنج دەستپێبکاتەوە . هەر ئەو سەرچاوەیە ڕایانگەیاندووە کەئەوە کارێکی محاڵەو بە لایەنی کەمەوە دوو بۆ سێ هەفتە زیاتریشی پێدەچێت. رۆیتەرز لەسەر زاری سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەڵێت، تورکیا دەیەوێت تاوەکو دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کە بڕیارە لە 14ـی ئایاری ئەمساڵ لە تورکیا بەڕێوەبچێت، پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دوابخات.  هاوکات  دەیەوێت پێش ئەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، هەموو ئەو کەیسانەی تایبەت بە نەوتی هەرێمی کوردستانن، کە تائێستا لە دادگەی نێوبژیوانی نێودەوڵەتی یەکلایی نەبوونەتەوە، یەکلایی بکاتەوە بەتایبەت هەوڵدەدات گفتوگۆی تایبەت لەگەڵ بەغدا بکات سەبارەت بەو 1.5 ملیار دۆلارەی کە فەرمانی پێکراوە بیدات بە عێراق لە دۆسییەی دادگاییکردنەکەدا. ئەو ئاژانسە دەشڵێت، ئامادەنەبوونی عێراق بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پرسە، تورکیای نیگەران کردووە   دوای ئەوەی لە 25ـی ئادارى رابردووەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لەلایەن تورکیاوە راگیرا ئەمەش بەهۆى بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس دارایی هەرێمی کوردستان بەهۆی نەبوونی داهاتی نەوتەوە دەناڵێنێت وداهاتی لەدەستچوو بەهۆی ڕاگرتنی نەوتی خاوی برێنت گەیشتۆتە زیاتر لە 850 ملیۆن دۆلار، بەپێی خەمڵاندنەکانی ڕۆیتەرز لەسەر بنەمای هەناردەکردنی 375 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕازی بووە بە کۆمپانیای بازاڕکردنی نەوتی خاوی عێراقی (SOMO) بۆ بازاڕکردنی نەوتی خاوی خۆی، کە سنووردار دەکرێت لە ڕۆیشتن بۆ ئاسیا و نرخەکانی بەرامبەر بە نرخی فەرمی فرۆشتنی کەرکوک (OSPs) سنووردار دەکرێت. ڕۆیتەرز دەڵێت، گرێبەستەکانی سۆمۆ هێشتا لە ژێر گفتوگۆدان، بەڵام میکانیزمی گەڕاندنەوەی قەرزەکانی بازرگانان هێشتا ڕوون نییە. هەروەها بەگوێرەی ڕێکەوتنەکەی 4 نیسان داهاتی نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەژمارێکی بانکی بانکی عێراقی لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان دادەنرێن، بەڵام بەغدا دەتوانێت چاودێری و پشکنینی بۆ بکات لەگەڵ ئەوەشدا، وردەکارییەکان سەبارەت بە هەژمارە بانکییەکە لەژێر پێداچوونەوەدایە، لەوانە شوێنەکەی، کە پێدەچێت بنکەکەی لە دەرەوەی وڵات بێت. هاوکات ئەو کێڵگانەی کە هێشتا لە کاردان بریتین لە خورملە، کە بەرهەمهێنانی لە نزیکەی 135 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بۆ 100 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمکردەوە، بەپێی سەرچاوەیەکی ئاشنا بە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەو  کێڵگە نەوتییە . هەروەها بەگوێرەی وتەبێژی کۆمپانیای جینێل ئینێرجی کێڵگەی تەقتەق بەردەوامە لە بەرهەمهێنان و خەزن دەکرێت.

رێکخراوێک ئاشکرای دەکات هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە حەوت مانگی رابردودا زیاترین تاوانیان بەرامبەرا منداڵان و لاوان ئەنجام داوە و دەیان منداڵ لە لایەن ئەو هێزانەوە دەستدرێژیی کراوەتەوە سەریان و ئەشکەنجە دراون. رێکخراوی ھیومن رایتس وۆچ ئەمڕۆ سێشەمە راپۆرتێکی پێشێلکارییەکانی دەسەڵاتی ئێرانی بەرامبەر منداڵان و لاوان لە دوای خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ناوچەکانی ئەو وڵاتە بڵاو کردەوە و رایگەیاندوە؛ هێزە ئەمنییەکان تاوانی ئەشکەنجە و دەستدرێژییان بەرامبەر بەو منداڵانە کردوە و ژمارەیەکیشیان بێسەروشوێن کراون. روانگەی مافەکانی مرۆڤ (ھیومن رایتس وۆچ) ئاماژەی بەوە کردوە لە رێگەی چاوپێکەوتن و وەرگرتنی وتەی ژمارەیەک منداڵ و لاو کە لە ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی دەستگیر کراون، بەشێک لە تاوانەکانی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەرامبەر منداڵان ئاشکرا بوە. بە پێی راپۆرتەکە؛ زۆربەی منداڵان و لاوانی تەمەن 13 بۆ 16 کە بە تۆمەتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان دەستگیر کراون لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بە توندی و بە داری کارەبایی ئەشکەنجە کراون و ژمارەیەکیان روبەڕوی دەستدرێژیی سێکسی بونەتەوە و تەنانەت دوای زیاتر لە شەش مانگ ژمارەیەک لەو دەستگیرکراوانە بێسەروشوێنن و چارەنوسیان نادیارە. ھیومن رایتس وۆچ ئاشکرای کردوە مێرمنداڵێکی 16 ساڵ دوای دەستگیرکردنی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئەشکەنجە کراوە و دواتر دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەری و دوای ئازادکردنی دوو جار هەوڵی خۆکوشتنی داوە و چیرۆکی زۆربەی ئەو منداڵان و مێرمنداڵانەی دەستگیر کراون هاوشێوەیە و چەند کەسێکیان خۆیان کوشتوە. هێزە ئەمنییەکان ئەو دەستگیرکراونەیان ناچار کردوە بە دانپێدانانی ناڕاست و تۆمارکردنی وتەکانیان بۆیە دوای ئازادکردنیان ژمارەیەک زۆر لە قوربانییەکان هەوڵی خۆکوشتنیان داوە. ئەو رێکخراوەیە لە راپۆرتەکەدا جەختی لەوە کردوەتەوە لە دوای ناڕەزایەتییەکان، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران سەرکوتی توندیان بەکارهێناوە و دەستیان لە هیچ جۆرە توندوتیژییەک و تەنانەت نادادپەروەیی بەرامبەر منداڵان و لاوان نەپاراستوە و لە دادگاکانیشدا رێگەیان نەداوە پارێزەریان هەبێت. ھیومن رایتس وۆچ چیرۆکی ژمارەیەک منداڵ و لاوی دیکەی بڵاو کردوەتەوە کە روبەڕوی دەستدرێژیی و ئەشکەنجە و سەپاندنی سزای توند لە دادگاکانی ئێران بونەتەوە و رایگەیاندوە وتەی سەرجەم ئەو قوربانییانە کراوەتە بەڵگە و دۆکۆمێنت. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بڵاویان کردوەتەوە لە ناڕەزایەتییەکاندا لانیکەم 68 منداڵ بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکان کوژراون. لە کاتی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگری ژینا ئەمینی جگە لە کوژرانی نزیکەی 600 کەس زیاتر لە 39 هەزار کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستگیرکران کە ژمارەیەکیان منداڵ و مێرمنداڵ بون و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و تەلەفیزیۆنی سی ئێن ئێن لە ئەمریکا بەڵگەی دەستدرێژیکردنی ژمارەیەک لەو قوربانییانەیان بڵاو کردەوە کە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە تاوانیان بەرامبەر کراوە.

هاوڵاتی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم بڕیاریدا بەپێکهێنانی لیژنەیەکی پزیشکی و پسپۆڕ بەمەبەستی سەردانیکردنی سلێمانی و هەڵەبجە بۆ لێکۆڵینەوە لەرێکارەکانی پەتازانی و رەوشی نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشک لەنێو منداڵان. بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویکردەوە ڕایگەیاند،  لەپێناو بەدواداچونی ڕەوشی نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشک (التهاب الصحايا Meningitis) لەنێو منداڵان، وەزارەتی تەندروستی بڕیاریدا بە پێکهێنانی لێژنەیەکی پزیشکی و پسپۆڕی فراوان بۆ سەردانیکردنی مەیدانی شاری هەڵەبجە و سلێمانی.  هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ئامانجی لیژنەکە بەدواداچون و لێکۆڵینەوەی زانستیە لە ڕێکارەکانی پەتازانی و دۆزینەوەی حاڵەتەکان و دەسنیشانکردن و چارەسەریەکان و پێداویستیەکانی ڕەوشی ئەم نەخۆشیە لە نەخۆشخانەکانی منداڵان. مانگێک زیاترە نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک وەکو نەخۆشییەکی مەترسیدار لە پارێزگاکانی هەڵەبجە و سلێمانی سەریهەڵداوە، نزیکەی 200 تووشبوو بەو نەخۆشییە لەو دوو پارێزگایە تۆماکراون، بەرپرسانی تەندروستی دەڵێن، سەرجەمی نەخۆشەکان منداڵن، نەخۆشییەکە لە هەولێر و دهۆکیش هەیە. هەوکردنی پەردەی مێشک، بریتییە لە هەوکردنی پەردەی دەوروبەری مێشک و دڕکه پەتک، نەخۆشییەکە لەرێگەی خوێن یان دەستلێدانەوە دەگوێزرێتەوە، درەنگ دەستنیشانکردن و چارەسەرنەکردنیشی ئەگەری مردنی تووشبووەکەی لێدەکەوێتەوە. لیژنەکەی وەزارەتی تەندروستی لە حەوت کەس پێکهاتوون کە چواریان پزیشکن، لەگەڵ دەرمانسازێک لە دیوانی وەزارەتی تەندروستی و یاریدەدەرێکی پزیشک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە، لەگەڵ تێبینەرێک.

رۆژنامەیەکی ئەمریکی هەوڵەکانی ئێران بۆ هێرشی ئەلیکترۆنیی لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا ئاشکرا دەکات و فەرماندەیەکی سوپا دەڵێت: هەوڵەکانی ئێران پوچەڵ کراوەتەوە. رۆژنامەی (واشنتۆن) پۆست لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە ئاشکرای دەکات گروپێکی هاککەری ئێران بە ناوی (بێچوە پشیلەی پێشڕەو) هێرشیان کردوەتەوە سەر سیستمی ئەلیکترۆنی تایبەت بە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بەڵام سوپا توانیویەتی ئەو هێرشە ئەلیکترۆنیانە پوچەڵ بکەنەوە. رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردوە کە ساڵی 2020 گروپە هاککەرەکە هەوڵی گۆڕانکاریی و دەستکاریی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکایان داوە و ویستویانە بە بڵاوکردنەوەی ئەنجامی ناڕاست هەڵبژاردنەکان بخەنە ژێر گومانەوە. لە لایەکی دیکەوە ویلایم هارتمەن، فەرماندەی هێزی نیشتیمانی ئەمریکا بۆ جەنگی ئەلیکترۆنیی وتویەتی: سوپا توانیویەتی هێرشە ئەلیکترۆنییەکەی ئێران پوچەڵ بکاتەوە. بە وتەی هارتمەن: هێرشە ئەلیکترۆنییەکەی ئێران لە لاین گروپێکی دوو هەزار کەسییەوە کە سەرجەمیان شارەزای بواری ئەلیکترۆنیی بون ئاشکرا بوە و دواتر بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا پوچەڵ کراوەتەوە. لە چەند ساڵی رابردودا ئێران لە لایەن ئیسرائیل و ئەمریکا تۆمەتبارکراوە بە ئەنجامدانی هێرشی ئەلیکترۆنی و ئێرانیش چەند جارێک بوەتە ئامانجی هێرشە ئەلیکترۆنییەکان.

هاوڵاتی به‌یانى ئه‌مڕۆ هێزێك له‌شارى هه‌ولێر به‌ئۆتۆمبێلى جام ڕه‌ش هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ سه‌ر ماڵى چالاكوانی سیاسى‌ عەلی مەحمەد محەمەد و ڕفاندویانه‌. شارپرێس لە زاریی ڕێبازهاشم ئەندامی مەڵبەندی هەولێری حزبی شیوعی کوردستان ڕایگەیاند "بەیانی ئەمڕۆ بە هێزێکى چه‌كدار بەئۆتۆمبێلی جامڕەش هەڵیانکۆتاوەتەسەر ماڵی عەلی سیاسی چالاکوانی بواری جینۆسایدو کۆمەڵگەی مەدەنی‌و بەرەو جێگه‌یەکی نادیار ڕفاندویانه‌و تائێستا شوێنی نادیارە". ئەو بەرپرسە وتوشێتی،"ئه‌وكه‌سه‌ى ڕفێندراوه‌ چالاکوانی بواری جینۆسایدو کۆمەڵگەی مەدەنیه‌و تائێستا بێسه‌روشوێنه‌". باسی لەوەشکردووە لە ئێستادا لە هەوڵدان بۆ ئەوەی بزانن  ئه‌و چالاكوانه‌ بۆ كوێ براوه‌و هۆكارى هه‌ڵكوتانه‌سه‌ر ماڵه‌كه‌یى‌و ڕفاندن‌و دواتر پشكنینى ماڵه‌كه‌ى چییه‌. هاوکات دەڵێت "  تائێستا هۆكاره‌كه‌ی نازانن ". عەلی مەحموود چالاکوانی بواری جینۆساید و ئەندامی ئەنجوومەنی باڵا و ئەندامی دامەزرێنەری یەکێتیی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان بوو یەکێتیی نووسەرانی جینۆسایدیش دەڵێت: "لە ماڵەکەی خۆیدا رفێندراوە." دەشڵێت، دامودەزگا پەیوەندیدارەکان لەو بارەیەوە ئاگادار دەکەینەوە بۆ سۆراخکردن و ئاشکرا کردنی چارەنوسی و پاراستنی سەلامەتی گیانی عەلی مەحمود محەمەد. هەروەها بە گوێرەی زانیارییەکانی شارپرێس بڵاویکردۆتەوە ، هۆكارى ده‌ستگیركردنى ئه‌و چالاكوانه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، پێشتر عه‌لى سیاسى، باوكى قائیمقامى هه‌ولێرى تۆمه‌تبار كردوه‌ به‌وه‌ى، ده‌ستی هه‌بوه‌ له‌ئه‌نفالكردنى باوك‌و به‌شێك له‌كه‌سوكاره‌كه‌یی‌و له‌به‌رامبه‌ریشدا قائیمقامى هه‌ولێر سكاڵاى له‌سه‌ر تۆماركردوه‌و داواى سه‌لماندنى ئه‌و زانیاریانه‌ ده‌كات.      

هاوڵاتی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا رەتیدەکاتەوە پلانیان بۆ رەوانەکردنی هێز بۆ سوودان هەبێت و دەڵێت، داخستنی باڵیۆزخانەکەیان لە خەرتوومی پایتەخت 'کاتییە'. ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا،جەیک سۆلیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا ڕایگەیاند ،ئەمریکا لە پلانیدا نییە سوپا بنێرێت بۆ سۆدان و داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە خەرتوومی پایتەختی سوودان 'کاتییە' و وەکو خۆی دەڵێت، هەر کاتێک دۆخی ئەمنی ئەو وڵاتە ئاسایی بووەوە، دەرگای باڵیۆزخانەیەکان دەکەنەوە و درێژە بە کارەکانیان دەدەن. وتیشی، "لەوانەیە گرژی و ئاڵۆزییەکانی سوودان لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا زیاتر پەرەبسێنن" ئەو ڕاوێژکارە ،سەلامەتی هاووڵاتییانی مەدەنی  و بیانی لە سوودان دەخاتە ئەستووی 'هێزە شەڕکەرەکانی' ئەو وڵاتە و بە پێویستی دەزانێت هەردوو لایەن کۆتایی بەو جەنگە بهێنن. هەروەها ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا لەبارەی 'هێنانەدەرەوەی هاووڵاتییە ئەمەریکییەکان' لە سوودان رایگەیاند، ئامرازی چاودێریکردنیان لەو وڵاتە بڵاوەپێکردووە بەمەبەستی پالپشتیکردنی هاووڵاتییە ئەمەریکییەکان لە گەڕاندنەوەیان لە ڕێگەی وشکانییەوە بۆ زێدی خۆیان .  باسی لەوەشکرد، "پێمانوایە رێگەکە بە کراوەیی لە بەردەم ئەمەریکییەکان دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی بوورتسوودان بەجێبهێڵن". هاوکات، ئەمڕۆ دووشەممە، شەڕە نێوخۆییەکەی سوودان پێی نایە رۆژی دەیەمەوە وسەرەتای سەرهەڵدانی ئەو جەنگە بۆ رۆژی شەممە 15ـی نیسانی 2023، دەگەڕێتەوە و بەگوێرەی داتاکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، تا ئێستا جەنگی نێوخۆیی سوودان، 413 کەس کوژراون و سێ هەزار و 55 کەسی دیکەش بریندارن. بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، تا ئێستا نۆ منداڵ بەهۆی جەنگە نێوخۆییەکەی سوودانەوە گیانیان لەدەستداوە.  

هاوڵاتی بەهۆی تۆپباران سوپای تورکیا پێنج منداڵ لە رۆژئاوا گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون. بەهۆی تۆپبارانی سوپای تورکیا بۆ سەر گوندی عەین عەبدی سەر بە شارۆچکەی تەل تەمر، دوو منداڵ شەهیدبوون و سێ منداڵی دیکەی هەمان خێزان بریندار بوون. ئاژانسی هاوارنیوزی رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، گوندی عەین عەبد لە شارۆچکەی تەل تەمر لە هەرێمی حەسەکە، لەلایەن سوپای تورکیاوە بەچڕی تۆپباران کرا. بەگوێرەی زانیارییەکان، بەو هۆیەوە دوو خوشک گیانیان لەدەستداوە و خوشکێک و دوو براش بریندار بوون. بریندارەکان ڕەوانەی نەخۆشخانەی شەهید لێگەرینی حەسەکە کراون.

ئێران رایگەیاند ژمارەیەک بەرپرس و دامەزراوەی بەریتانیا و ئەوروپا سزا دەدات و تۆمەتباریان دەکات بە هاندنی توندوتیژی و تیرۆر دژی کۆماری ئیسلامی. ئەمڕۆ دوشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ ئەمریکا و بەریتانیا سزایان بەسەر چەند بەرپرس و فەرماندەی سەربازیی ئێراندا سەپاند، وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەک کاردانەوەیەک ژمارەیەک سزای دژی بەریتانیا و ئەوروپا راگەیاند. وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ وەک کاردانەوە بە دەستوەردانەکانی ئەوروپا و بەریتانیا لە کاروباری ناوخۆیی کۆماری ئیسلامی ژمارەیەک لە بەرپرسان و دامەزراوەکانی ئەو وڵاتانە سزا دەدات. لە بەیاننامەکەدا هاتوە: بەهۆی گەمارۆکای بەریتانیا و ئەوروپا دژی وڵاتەکەی و هاندانی توندوتیژیی و پشتیوانیی لەو گروپانەی کە کۆماری ئیسلامی بە تیرۆریست لەقەڵەمیان دەدات 11 بەرپرس و پەرلەمانتاری یەکێتی ئەوروپا و پێنج بەرپرس و سێ دامەزراوەی بەریتانیای سزا داوە. سزاکای ئێران دژی ئەو بەرپرس و دامەزراوانە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ ئەوروپا و ئەمریکا و بەریتانیا ژمارەیەک سزای نوێیان لە دژی بەرپرسانی و فەرماندەکانی سوپای پاسداران ئاشکرا کرد.

هاوڵاتی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەھید ھەژار له‌ كه‌لار رایگه‌یاند، له‌ ماوه‌ی سێ رۆژی جه‌ژندا دو حاڵه‌تی برینداربون به‌ گولله‌ تۆماركراون و 78 حاڵه‌تی ژەهراوییبون و تێکچونی گەدەش هه‌بون و شه‌ش كه‌سیش گیانیان له‌ده‌ستداوه‌. نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەھید ھەژار له‌ كه‌لار ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ ئاماره‌كانی سێ رۆژی رابردوی جه‌ژنی بڵاوكرده‌وه‌ و ده‌ڵێت، 78 حاڵه‌تی ژەهراوییبون و تێکچونی گەدە و 27 حاڵه‌تی كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ و 14 حاڵه‌تی روداوی هاتوچۆ و 11 حاڵه‌تی برینداربون به‌ چه‌قۆ و دو حاڵه‌تی برینداربون به‌ گولله‌ تۆماركراون. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌،"455 نه‌خۆش سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌كه‌یان كردوه‌ و 342 پشكنینی تاقیگه‌یی ئه‌نجامدراون له‌گه‌ڵ 330 تیشك و چوار نه‌شته‌رگه‌ری". ڕشیگەیاندووە، هه‌ر له‌ رۆژانی جه‌ژندا چوار حاڵه‌تی سوتاوی، یه‌ك حاڵه‌تی كاره‌با گرتن، دو حاڵه‌تی پێوه‌دان به‌ دوپشك و شه‌ش حاڵه‌تی گیان له‌ده‌ستدان تۆماركراون.  

هاوڵاتی دوو فەرماندە سوپای پاسداران بەهۆی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات سزا دەدرێن لەندەن ژمارەیەک سزای نوێی لە دژی سوپای پاسداران راگەیاند و وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دەڵێت: سزاکان بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران بوە. ئەمڕۆ دوشەممە، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا سزادانی چوار فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێرانی راگەیاند و کۆماری ئیسلامی لە یەکەم کاردانەوەدا رایگەیاند وەڵامی گونجاویان بۆ لەندەن دەبێت. محەمەد نەزەرعەزیمی، فەرماندەی بەشی رۆژئاوای ( ناوەندی نجەف) و حەبیب شەهسەواری، فەرماندەی هێزی(شوهەدا) لە پارێزگای ورمێ بەهۆی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان خراونەتە لیستی سزا نوێیەکانی بەریتانیا. هاوکات ئەحمەد خادم، فەرماندەی (ناوەندی کەربەلا) و موحسین کەریمی فەرماندەی هێزی(روحەڵڵا) لە پارێزگای(مەرکەزی) ئێران بەهۆی بەشداریی لە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن بەریتانیاوە سزایان بەسەردا دەسەپێت. بە پێی سزا نوێیەکانی بەریتانیا دژی کۆماری ئیسلامی، ئەو چوار فەرماندەیەی سوپای پاسداران گەشتیان بۆ بەریتانیا لێ قەدەغە دەکرێت و ئەژمارە داراییەکانی ئەو کەسانە لە لایەن لەندەنەوە دەستیان بەسەردا دەگیرێت. جەیمس کلێڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاندوە فەرماندەکانی سوپا بەهۆی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان و پێشێکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران خراونەتە لیستی سزاکانی وڵاتەکەیەوە. سزای فەرماندەکانی سوپای پاسداران کاردانەوەی ئێرانی لێکەوەتەوە و ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند؛ سزاکانی لەندەن دەستوەردانە لە کاروباری کۆماری ئیسلامی و لە لاین تارانەوە بە بێ وەڵام نامێنێتەوە.. لە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران لە لایەن بەریتانیاوە زیاتر لە 400 سزا دژی کۆماری ئیسلامی راگەیەنراوە.

هاوڵاتی کۆمپانیایەکی بەناوبانی تورکیا رایدەگەیەنێت، دەنگەکانی کەمال کلچدارئۆغلۆ رێژەی ٧٪ لە دەنگەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان زیاترە. کۆمپانیای (ئۆ ئاڕ جی)ی تایبەت بە راپرسی و لێکۆلینەوەکان کە لەنێو تورکیادا متمانەی زۆری پێدەکرێت، راپرسیەکی لەبارەی دەنگی کاندیدەکانی سەرۆکایەتی و پارتە سیاسیەکانی تورکیا بڵاوکردەوە. راپرسیەکە کە لەنیوان ١٩ و ٢٢ی نیساندا ئەنجامدراوە و لە ٢٩ پارێزگای تورکیا و باکوری کوردستان سێ هەزار و ٩٢٠ کەس بەشداریان تێیدا کردووە بەم شێوەیەیە: رێژەی دەنگی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار: کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی هاوپەیمانی گەل ٤٩.٣٪ رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار ٤٢.٤٪ موحەڕەم ئینجە ٦.١٪ سینان ئۆغان ٢.٢٪ دەنگی پارتە سیاسیەکانی بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی: پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) ٣٢.٩٪ پارتی گەلی کۆماری (مەهەپە) ٢٨.٦٪ پارتی باش (ئیی پارتی) ١٥.١٪ هەدەپە (پارتی چەپی سەوز) ٩.٣٪ پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست ٦.٣٪ پارتی مەملەکەت ٢.٣٪ پارتی کرێکارانی تورکیا ١.٤٪ پارتی رەفاحی نوێ ١.٢٪ پارتی سەرکەوتن ٠.٩٪ ئەوانەی دیکە ١.٧٪ بەگوێرەی ئەم راپرسیە بێت، ئەگەرێکی زۆر هەیە لە خولی یەکەمدا کلچدارئۆغلۆ سەربکەوێت و ئەگەر لە خولی یەکەمیشدا سەرنەکەوێت، لە خولی دووەمدا دەتوانێت بە جیاوازیەکی زۆر شکست بە ئەردۆغان بهێنێت. لەلایەکی دیکەوە، ئاکەپە و مەهەپە کە بەگوێرەی راپرسیەکە ٣٩٪ی دەنگەکان بەدەست دەهێنن، زۆرینەی کورسیەکانی پەرلەمان لەدەست دەدەن و پێدەچێت، نەتوانن حکومەت پێک بهێنن.