هاوڵاتی جەمیل بایک رایگەیاند، دەسەڵاتی تورکیا دەستی بە ئۆپراسیۆنی دەستگیرکردنی ئەندامانی پارتی چەپی سەوز و لایەنە دیموکراتەکان کردووە و دەیەوێت بەم رێگەیەوە رێگە بۆ ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا بکاتەوە. جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمار جڤاکێن کوردستان (کە*جە*کە) لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ میدیاکانی حزبەکەی، هەڵسەنگاندنی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا کرد کە بڕیارە ١٤ی ئایار بەرێوە بچێت. بایک رایگەیاند، ئاکەپە و مەهەپە، خاوەنی عەقڵیەتێکی قڕکەرە. لەبەرئەوە جگە لە خۆی هەموو کەسێک بە دوژمن دەبینێت. ئەمەش ناشارێتەوە. هەموو کەسێک ئەمە دەزانێت. کردەوەکانی ئاکەپە و مەهەپە لە مێژوودا هاوشێوەی کردەوەکانی هیتلەرە. هیتلەر لەسەر دوژمنایەتیکردنی سۆسیالیست و یەهۆدیەکان هاتە سەر دەسەڵات. هیتلەر بەم کردەوانەی جیهانی هەژاند. بەڵام لە کۆتاییدا بە تەنیا مایەوە و ناچار بوو کە خۆی بکوژێت. ئەگەر سەرنج بدەن، ئاکەپە و مەهەپەش، دەسەڵات هاوشێوەی هیتلەر بەڕێوە دەبات و وتی، "دوژمنایەتی کورد، عەلەوی، سۆسیالیستەکان دەکات و کۆمەڵگا ژەهراوی دەکات. نەتەوەپەرستی، شۆڤێنیزم زەق دەکاتەوە. بەم شێوەیە دەیەوێت بەردەوامی بە هەبوونی خۆی بدات. تا ئەو رادەیەی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا پشت بەوە دەبەستێت. بەم شێوەیە کۆمەڵگای تورکیا بۆ ئامانجەکانی بەکار دەهێنێت. بەم شێوەیە لە لیبیاوە بگرە تاوەکو ئازەربایجان، لە سوریاوە تاوەکو عێراق، دەستوەردان لە وڵاتاندا دەکات. وادەزانێت بەم شێوەیە ئەنجام بەدەست دەهێنێت. بەڵام لەم دۆخەدا گەیشتووەتە بنبەست، رووبەرووی شکست بووەتەوە." جەمیک بایک باسی ئەوەی کرد، "ئەم هەڵبژاردنە، هەڵبژاردنێکی ئاسایی نییە. ئەم هەڵبژاردنە داهاتووی کورد، عەلەوی، ژنان، رەنجدەران، گەنجان و هەموو گەلان دیاری دەکات. یان فاشیزم لە تورکیا خۆی دامەزراوەیی دەکات، یان هەنگاو بەرەو کۆماری دیموکراتی دەنرێت. هەڵبژاردنێکی بەم شێوەیەیە. سۆسیالیستەکان، هێزەکانی دیموکراسی و ئازادی، کورد، عەلەوی، ژنان، کرێکاران و گەلان، کە هەوڵی گەورەیان بۆ گەشەپێدانی کۆمار بە ئاراستەی دیموکراتیزەکردن داوە، شەهیدی گەورەیان بەخشی و ئازاری زۆریان چەشت، پێویستە پێکەوە تاجی ئەم خەباتە بخەنە سەر. ئەمەیان لێ داوا دەکرێت. جگە لەوە نابێت هیچ شتێکی دیکە قبوڵ بکرێت، پێویستە هیچ شتێکی دیکە جگە لەمە بە شایەنی خۆیان نەزانن. بۆیە نابێت بە کەم و شتی بچوک و سادە رازی ببن." جەمیل بایک هاوسەرۆکی کەجەکە ئەوەی خستەڕوو، دەسەڵات دەستی بە ئۆپراسیۆنی دەستگیرکردن کردوو و دەیەوێت ساختەکاری بکات لە هەڵبژاردنەکاندا، بەڵام پێویستە هەموو کەسێک خاوەنداری لە سندوقەکانی دەنگدان بکات و دەنگ بە هاوپەیمانی رەنج و ئازادی و پارتی چەپی سەوز بدات.

شارەوانیی پایتەختی ئێران رایگەیاند پابەندنەبون بە بڕیارەکانی حکومەت بۆ سەرپۆش و باڵاپۆش سزای لێدەکەوێتەوە و سەرۆکی شارەوانی تاران دەڵێت 12 ساڵە دوژمنان دژی باڵاپۆشیی هەنگاو دەنێن. عەلیڕەزا زاکانی، سەرۆکی شارەوانیی ئێران رایگەیاند؛ پێنج مانگە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی خانمان دەدرێت بۆ پابەندبون بە سەرپۆش و باڵاپۆشەوە و هەوڵەکانیش 70 وێستگەی میترۆی لە تاران گرتوەتەوە. بە وتەی زاکانی رێوشوێنی کاریگەریان لە دژی خانمانی بێسەرپۆش گرتوەتەوەبەر و لە قۆناغی یەکەمدا هۆشیاریی و لە قۆناغی دەوەمەدا ئەو خانمانە ئاگادار دەکرێنەوە و لە قۆناغی سێیەمدا هاتوچۆیان بۆ میترۆ و بەکارهێنانی هێڵەکانی شەمەندەفەر لەو خانمانە قەدەغە دەکرێت. سەرۆکی شارەوانیی تاران وتویەتی: پابەندنەبونی کچان و ژنان بە یاساکانی باڵاپۆشبون لە کۆماری ئیسلامی 12 ساڵە لە لایەن دوژمنانەوە کاری بۆ دەکرێت بۆیە بەرەنگاری ئەو دیاردەیە دەبنەوە. ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە رێوشوێنەکانی سەپاندنی سەرپۆش و باڵاپۆش لە شوێنە گشتییەکانی تاران توندبوەتەوە و دەیان ناوەندی بازرگانیی و خواردنگە و مارکێت و بازاڕ بە بیانوی بونی خانمانی بێسەرپۆش داخراون.

هاوڵاتی وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی لە رۆژی جیهانی کرێکاران پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردوە ڕەشنوسی یاساى خانەنشینى و دەستەبەرکردنى کۆمەڵایەتى بۆ کرێکاران ئامادەکراوە بۆ ئەوەی کرێکارانیش وەکو فەرمانبەرانى کەرتى گشتى مافى خانەنشینى و هەمو ئیمتیازاتەکانى ترى هەبێت. کوێستان محەمەد، وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی لە رۆژی جیهانی کرێکاران ڕایگەیاند، بە بەردەوامى کارمان لەسەر ئامادەکردنی یاساى کارى تایبەت بە کرێکارانی هەرێمی کوردستان کردوە بە شێوەیەک بەرژەوەندى کرێکاران تێیدا پارێزراو بێت. دەشڵێت "وەزارەتەکەمان ڕەشنوسی یاساى خانەنشینى و دەستەبەرکردنى کۆمەڵایەتى بۆ کرێکاران ئامادە کردوە ، تاکو کرێکارانیش وەکو فەرمانبەرانى کەرتى گشتى مافى خانەنشینى و هەموو ئیمتیازاتەکانى ترى هەبێت. بۆ گەییشتن بەم ئامانجەش وەزارەت هەڵساوە بە زیادکردنى ژمارەى پشکنەرانى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى و هێنانەکایەى بەرێوەبەرایەتى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى لە ئیدارە سەربەخۆیەکان و کردنەوەى بەشى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى لە قەزاکان بۆ زیادکردنى ژمارەى سەردانەکان و دەستەبەرکردنى هەموو کرێکارانى کەرتى تایبەت." دەقی پەیامەکەی وەزیری کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى: بە بوونەى یەکى ئایارەوە؛ رۆژى جیهانیى کرێکاران یەکى ئایار ڕۆژى بەرجەستەکردنى یەکگرتن و هاوکارى و هەماهەنگى هەموو بزاڤەکانى دەستى کارە لەسەرانسەرى جیهاندا بۆ بەدەستهێنانى دادپەروەرى کۆمەڵایەتى و گەشەسەندنى کۆمەڵگا و پاراستنى مافە رەواکانى کرێکاران لە دابینکردنى کارى شایستە و ژینگەیەکى گونجاو بۆ کارکردن و دەستنیشانکردنى کاتژمێرەکانى کارکردن و دەستەبەرکردنى کرێکاران بۆ پاراستنى ماف و دوارۆژى خێزانەکانیان. وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى لە رۆژى جیهانیى کرێکاراندا بە درووشمى "چەند زیاتر کار بکەیت زیاتر دەژى..." گەرمترین پیرۆزبایى ئاراستەى کرێکارانى جیهان بەگشتى و کرێکارانى کوردستان بەتایبەتى دەکات. کرێکارانى کوردستان بە هەموو سەندیکا و کۆمەڵە و بزووتنەوەکانیان رۆڵێکى بەرچاویان هەبووە لە بزاڤى رزگاریخوازى کوردستاندا و شان بەشانى بەرهەمهێنان بەشدارییان لە شۆڕشى ئازادیخوازى کوردستانیان کردووە و بەردەوامن لەگێڕانى ئەم رۆڵە پیرۆزە. بۆیە وەزارەتمان کە هاوبەشى سەرەکى کرێکارانە لەم خەباتە بێووچانەدا داکۆکى لەسەر پاراستنى مافە رەواکانى کرێکاران دەکات لە هەموو بوارەکانى پەیوەست بە پرۆسەى کارکردن و بەرهەمهێناندا. بۆ ئەم مەبەستەش بە بەردەوامى کارمان لەسەر ئامادەکردنی یاساى کارى تایبەت بە کرێکارانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەک بەرژەوەندى کرێکاران تێیدا پارێزراو بێت. دەستنیشانکردنى پشکنەرى تایبەت لەهەموو بەرێوەبەراتیەکانى کاردا بۆ بەدواداچوونى جێبەجێکردنى برگەکانى یاساى کار و دڵنیا بوون لە پارێزراوى مافى کرێکاران باشترین نموونەى داکۆکیکردنى وەزارەتمانە لەسەر هەماهەنگى و پاڵپشتیکردنى خەباتى کرێکاران. سوپاس بۆ پەرلەمانى کوردستان کە هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا هاوئاهەنگ بووە تا پرۆژە یاساى کارى هەرێمى کوردستان پەسەندکرا و بەم نزیکانە دەکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە. لە هەمان کاتیشدا وەزارەتمان ڕەشنوسی یاساى خانەنشینى و دەستەبەرکردنى کۆمەڵایەتى بۆ کرێکاران ئامادە کرد ، تاکو کرێکارانیش وەکو فەرمانبەرانى کەرتى گشتى مافى خانەنشینى و هەموو ئیمتیازاتەکانى ترى هەبێت. بۆ گەییشتن بەم ئامانجەش وەزارەت هەڵساوە بە زیادکردنى ژمارەى پشکنەرانى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى و هێنانەکایەى بەرێوەبەرایەتى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى لە ئیدارە سەربەخۆیەکان و کردنەوەى بەشى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى لە قەزاکان بۆ زیادکردنى ژمارەى سەردانەکان و دەستەبەرکردنى هەموو کرێکارانى کەرتى تایبەت. وەزارەت بڕوایەکى پتەوی هەیە بە دەستى کارى ناوخۆ هەیە و هەموو کاتێک کار بۆ دابینکردنى دەرفەتى کارى شایەستە دەکات، بڕیارى ١٧٢ى ئەنجومەنى وەزیران بۆ دەستنیشانکردنى رێژەى کرێکارى بیانى لەهەموو پرۆژەکاندا یەکێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانى کابینەى نۆیەمى حکومەت بۆ گرنگیدان بە دەستى کارى ناوخۆیى و رێکخستنى هێنانى دەستى کارى بیانى، هەروەها ئامادەکرنى رێنماییەکانى رێکخستنى کرێکارى بیانى، سەلامەتى و تەندروستى پیشەیى، راهێنانى پیشەیى و کارکردن لەسەر هەموارکردنەوەى یاساى پیشەوەران و دانانى رەشنووسى یاساى خزمەتگوزارییە پیشەسازییەکان و هەماهەنگیکردن لەگەڵ زۆربەى وەزارەتەکانى حکومەتى هەرێم بۆ هەموارکردنەوە و نووسینى سیاسەتى نیشتمانى بەکارخستن و پەرەپێدانى بازارى کارى کەرتى تایبەت هەنگاوى دەستپێشخەرن بۆ دانانى سیاسەتێکى سەردەمیانە بۆ پرۆسەى کارکردن و بۆژاندنەوەى کەرتى تایبەت. ئەم قۆناغەى هەرێمی کوردستان پێیدا تێیدەپەرێت پێویستى بە هاوکارى و هەماهەنگى هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان هەیە بۆ دەربازبوون لە کوسپ و بەربەستەکان و جێگیرکردنى سەقامگیرى و ئارامى بۆ پەرەپێدانى پرۆسەى وەبەرهێنان و خێراکردنى پرۆسەی بەرهەمهێنان. بۆیە وەزارەت گرنگییەکى زۆر بە دانوستاندنى کۆمەڵایەتى و تیمکارى نێوان هەموو هاوبەشە پەیوەندیدارەکان دەدات و جەخت لەسەر دابینکردنى یەکەى نیشتەجێبوون و پێشکەشکردنى خزمەتگوزارییە تەندروستیەکان بۆ کرێکارە دەستەبەرکراوەکان و خانەوادەکانیان دەکات. لەم رۆژە پیرۆزەدا داوا لەهەموو سەندیکا و کۆمەڵەکانى کرێکاران دەکەین بە گیانێکى پڕاوپڕ لەجۆش و خروشەوە هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەت بکەن بۆ گەییشتن بەئامانجە ستراتیژەکانى حکومەت. کرێکارە بەرێزەکان... ئەم رۆژەتان لێ پیرۆز بێت، جەژنتان لەسەر دیوارەکانى وەڵات نووسراوە، رۆژێکى بەختەوەرتان بۆ دەخوازین ئەى دروستکەرانى سەرکەوتن و بونیاتنەرانی هەرێمەکەمان ، سەرکەوتووبێت خەباتى کرێکاران و بەردەوامبێت گیانى تەبایى و یەکگرتن و پێکەوە کارکردن وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەلایەتی

سەلاحەدین دەمیرتاش رایگەیاند، دوای هەڵبژاردن دەردەکەوێت کە ژمارەیەک کاندیدی لایەنەکان و رۆژنامەنووسان لەلایەن دەسەڵاتەوە کڕدراون. سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە تویتێکدا، هەندێک زانیاری بڵاوکردەوە کە لە میدیاکانی تورکیادا دەنگی دایەوە. دەمیرتاش رایگەیاند، ژمارەیەک کاندیدی لایەنەکان و رۆژنامەنووسان کە خۆیان وەک ئۆپۆزسیۆن لەقەڵەم دەدەن، کار بۆ دەسەڵات دەکەن و کڕدراون و وتی، " دوای هەڵبژاردن راستی ئەو کەسانە ئاشکرا دەبێت." هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە کە حەوت ساڵە لە زینداندایە بانگەوازێکی ئاڕاستەی گەنجان کرد و رایگەیاند، "بڕیاری خۆیان بدەن، دەنگتان بۆ کاندیدە بێبنەماکان مەسووتێنن. کلیلەکە لای ئێوەیە و بێهیوا مەبن و دەست بە گۆڕانکاری بکەن." هەروەها دەشڵێت، داهاتووی کۆمەڵگا گەنجەکان و هاوپەیمانی کۆماری وەک هاوپەیمانی 'تالیبان' لەقەڵمدا و راشیگەیاند، بۆ ئەوەی هاوپەیمانی تالیبان رابگرن، هەلێکی گەورە هەیە و گۆڕانکاری بکەن.

ئێران بۆ فرۆشتنی ئۆتۆمبێلە دروستکراوەکانی وڵاتەکەی گرێبەستێکی 10 ساڵە لەگەڵ سێنیگال دەکات و بەرپرسێکیش دەڵێت کاڵای وڵاتەکەیان هەناردەی 49 وڵاتی ئەفریقا دەکەن. روحەڵڵا لەتیفی، لێپرسراوی ناوەندی بازرگانیی نێوان ئێران و ئەفریقا رایگەیاند؛ لە ساڵێکدا بە بەهای زیاتر لە دوو ملیارد و 278 ملیۆن دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لە نێوان وڵاتەکەی و وڵاتانی کیشوەری ئەفریقا کراوە. بە وتەی لەتیفی کاڵای ئێرانی رەوانەی 49 وڵاتی ئەفریقا دەکرێت و لە 23 وڵاتی ئەو کیشوەرەوە کاڵا بۆ ئێران هەناردە دەکرێت. ئاماژەی بەوە کردوە؛ وڵاتی سێنیگاڵ گرێبەستێکی 10 ساڵەی لەگەڵ کۆمپانیای (سایپا)ی لە ئێران کردوە کە بە پێی گرێبەستەکە لەو ماوەیەدا 40 هەزار ئۆتۆمبێل رەوانەی ئەو وڵاتە دەکرێت. سێنیگال ئۆتۆمبێلەکانی جۆری (شاهین)ی بە مەبەستی بەکارهێنانی لە هێڵەکانی تەکسی وڵاتەکەی لە ئێران کڕیوە. فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی دروستکراوی ئێران بۆ وڵاتانی ئەفریقا لە کاتێکدایە بەهۆی تۆکمەنەبون و رەچاونەکردنی ستانداردە جیهانییەکان ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی ئێران دەبنە قوربانیی نەپارێزراوبونی ئەو ئۆتۆمبێلانە.  

هاوڵاتی کۆمپانیای سپەیس ئێکس لە رێگەی مووشەکێکی فالکۆنەوە سێ مانگی دەستکرد هەڵدەداتە خولگەی زەوییەوە. ئەوەش دوای ئەوە دێت، کە رۆژی هەینی لە هەڵدانی ئەو رۆکێتە شکستی هێنا.  بڕیارە رۆژی یەکشەممە، 30ـی نیسانی 2023، کاژێر 19:29 خولەک بەکاتی ئەمریکا [کاژێر 02:29 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە بەکاتی هەولێر] رۆکێتەکە لە سەنتەری کەنەدیی بۆشایی ئاسمان لە فلۆریدا هەڵبدرێت.  یەکێک لەو مانگە دەستکردانەی کە هەڵدەدرێت ناوی ViaSat-3 ئەمێریکایە کە کێشەکەی شەش تۆن و 400 کیلۆگرامە و مەبەس لێی دابینکردنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتە بۆ کۆمپانیای ڤیاسات لە ویلایەتی کالیفۆرنیا.  دوو مانگی دەستکردی دیکەش لەسەر رۆکێتەکە جێگیرکراون؛ ئارکتوروس، کە مانگێکی دەستکردی پەیوەندیکردنە و ئەوی دیکەشیان بە ناوی کیوبسات GS-1 کە بۆ مەبەستی تاقیکردنەوەی زانستی بەکاردەهێندرێت.   سەرچاوە: spaceflight Now

هاوڵاتی لە رووداوێکی هاتوچۆدا لە پارێزگای شڕنەخی باکوری کوردستان ٤٧ سەربازی تورکیا گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون. لە سەر رێگەی شاروچکەی سێگرکیی سەر بە ناوچەی قلەبانی شڕنەخی ئۆتۆبۆسێکی سەربازانی تورکیا وەرگەڕا. بەگویرەی زانیاریەکانی میدیاکانی تورکیا لە رووداوەکەدا، دوو سەربازی تورکیا گیانیان لەدەستداوە. هەروەها باسی ئەوەش دەکرێت کە ٤٤ سەربازی تورکیا و شۆفێری ئۆتۆبۆسەکە بریندار بوون کە برینی ژمارەیەکیان سەختە. بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەی دەوڵەت لە شڕنەخ گواستراونەتەوە و تیمەکانی سەر بە سوپای تورکیا لە ناوچەکە دەستیان بە لێکۆلینەوە کردووە.

هاوڵاتی گۆڕانکاریی لە نرخی لیتری بەنزین دەکرێت و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەڵێت، “بۆ سەرجەم جۆری ئۆتۆمبێلەکان دەبێتە ٧٥٠ دینار” . وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند "لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و بۆ بەرزكردنەوەی كوالێتیی بەنزین و یەكخستنی نرخی بەنزین، وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان لە یەکی ئایارەوە بۆ ماوەی یەك مانگ نرخی لیتری بەنزینی “جۆری نۆرماڵ” دەكاتە ٧٥٠ دینار بۆ سەرجەم ئۆتۆمبێلەکانی تایبەت، تاکسی، پاس و پیکاب. "  دەقی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان : گۆڕانکاریی لە نرخی لیتری بەنزین دەکرێت و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەڵێت، “بۆ سەرجەم جۆری ئۆتۆمبێلەکان دەبێتە ٧٥٠ دینار” لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و بۆ بەرزكردنەوەی كوالێتیی بەنزین و یەكخستنی نرخی بەنزین، وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان لە یەکی ئایارەوە بۆ ماوەی یەك مانگ نرخی لیتری بەنزینی “جۆری نۆرماڵ” دەكاتە ٧٥٠ دینار بۆ سەرجەم ئۆتۆمبێلەکانی تایبەت، تاکسی، پاس و پیکاب. وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لەڕێگەی پاڵاوتگەكانی ناوخۆوە ئەم بەنزینە كوالێتییە بەرزە بەرهەمدەهێنێت و لێژنەکانی چاودێری و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکان لە پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان بەهەمان میكانیزمی پێشوو، چاودێری بەدواداچوونی كوالێتیی بەنزین دەكەن، بەپێی ئەو خەسڵەتەی پەسەندكراوە لە وەزارەت بۆ هەموو بەرهەمێكی بەنزین. راگەیاندنی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ٣٠ـی نیسانی

هاوڵاتی فەرمانگەی وزەی ئەمریکا ئاماری نەوتی هاوردەکراوی وڵاتەکەی لە هەفتەى ڕابردوودا بڵاوکردەوە، بەپێى ئامارەکە عێراق ڕۆژانە بڕى ٢٢٢ هەزار بەرمیل نەوتى هەناردەى ئەمریکا کردووە، بەوەش بەراورد بە هەفتەى پێشتر هەناردەى نەوتى عێراق بۆ ئەمریکا بەڕێژەیەکى بەرچاو زیادیکردووە. فەرمانگەی وزەی ئەمریکا ئاماری نەوتی هاوردەکراوی وڵاتەکەی لە هەفتەی ڕابردوودا بڵاوکردەوە و بەپێى ئامارەکە، ئەمریکا لە هەفتەی ڕابردوودا ڕۆژانە بڕى پێنج ملیۆن و ١٩١ هەزار بەرمیل نەوتی لە نۆ وڵاتى جیهانەوە هاوردەکردووە و عێراق لە پلەی چوارەمدایە بۆ فرۆشتنی زۆرتین بڕی نەوت بە ئەمریکا. هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە، عێراق ڕۆژانە بڕى ٢٢٢ هەزار بەرمیل نەوتى هەناردەى ئەمریکا کردووە، لەکاتێکدا هەفتەى پێشووتر عێراق بەتێکڕا ڕۆژانە بڕى ١٨٠  هەزار بەرمیل نەوتى هەناردەى ئەو وڵاتە کردووە. دەشڵێن: زۆرترین بڕى نەوتى هاوردەکراوە لە هەفتەى ڕابردوودا بۆ وڵاتەکەمان لە کەنەداوە بووە و لە پلەى، دووەم تا چوارەم مەکسیک، سعودییە، کۆڵمبیا و عێراق دێن.

هاوڵاتی وەزارەتی تەندروستیی سوودان رایگەیاند کە لەو شەڕ و پێکدادانەی لە ١٥ی نیساندا لەنێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە سوودان سەریهەڵداوە، تا ئێستا ٥٢٨ کەس کوژراون و چوار هەزار و ٥٩٩ی دیکەیش برینداربوون. وەزارەتی تەندروستیی سوودان راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە کە تیایدا ئاماژە بەوە کراوە، ململانێکان لە ١٢ ویلایەتدا بەردەوامە و ٥٢٨ حاڵەتی گیانلەدەستدان و چوار هەزار و ٥٩٩ برینداربوون لە نەخۆشخانەکانی ١٨ ویلایەتدا تۆمار کراوە. لە دووەمین رۆژی ئاگربەستدا کە بۆ جاری پێنجەم راگەیەندرا، پێکدادانی لایەنەکان بەردەوام بوو ,لە زۆرێک لە گەڕەکەکانی شاری خەرتوم دەنگی تەقە دەبیسترێت و دوکەڵ بەرز دەبێتەوە. هاوکات هێزەکانی پشتیوانی خێرا بانگەشەی ئەوەی کرد کە فڕۆکەیەکی جەنگیی MiGی سوپای سوودانی لە ئومدورمان خستووەتە خوارەوە. بەیانی رۆژی ١٥ی نیسان لە خەرتوم پایتەختی سوودان و چەند ناوچەیەکی دیکەی ئەو وڵاتە، شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریهەڵدا.

ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و تورکیا دادەبەزێت و هاوردەکردنی غازی ئێرانیش دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت. تورکیا بڵاوی کردەوە؛ لە سێ مانگی ئەمساڵدا ئاڵوگۆڕیی بازرگانیی لەگەڵ وڵاتی ئێران یەک ملیارد و 370 ملیۆن دۆلار بوە و بڕی زیاتر لە یەک ملیارد و 500 ملیون مەتر سێجا غازی لەو وڵاتەوە هاوردە کردوە. لە ئامارەکاندا دەرکەوتوە ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان تورکیا و ئێران بەراورد بە سێ مانگی ساڵی رابردو 14% کەمی کردوە و لەو ماوەیەدا تورکیا بە بڕێ 702 ملیۆن دۆلار کاڵای هەناردە ئێران کردوە کە 2% بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینیوە بەڵام کڕینی کاڵا و هاوردەکردنی لەو وڵاتەوە 677 ملیۆن دۆلار بوە کە بەراورد بە رابردو 27% کەمی کردوە. تورکیا ئاماژەی بەوە کردوە لە سێ مانگی ئەمساڵدا بڕی یەک ملیارد و 567 ملیۆن مەترسێجا غازی لە ئێران کڕیوە کە ئەوەش بەراورد بە سێ مانگی ساڵی رابردو 17% کەمی کردوە. ئێران لە سێ مانگی ساڵی رابردودا یەک ملیارد و 891 ملیۆن مەتر سێجا غازی بە تورکیا فرۆشتوە و ئەو بڕە لە ئەمساڵدا کەمی کردوە. بڵاوبونەوەی ئەو ئامارانە لە کاتێکدایە ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.  

کەمال کلچدارئۆغلۆ رایدەگەیەنێت کە دوو حەفتە بۆ هەڵبژاردن ماوە و داوای کرد، کۆتایی بە زمانی قێزەون بهێندرێت کە دەسەڵات بەکاری دەهێنێت. کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی هاوپەیمانی گەل (ئۆپۆزسیۆن) بۆ کاندیدی سەرۆکایەتی تورکیا نیگەرانی خۆی لەبەرامبەر دۆخی بانگەشەی هەڵبژاردن لە تورکیا پیشاندا و وتی، " دەبێت دەسەڵات دەست لە زمانی قێزەون بهێنێت. خەڵکەکەمان دەزانێت کە دەسەڵات بە یاری پیس و تاوانبارکردن دەیەوێت چی بکات. دەزانم لە ١٠ رۆژی بەر لەوەی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت دەست بە کاری قێزەون دەکەن و پێیان دەڵێم کە عەقڵێکی باش بەکار بهێنن. کلچدارئۆغلۆ باسی ئەوەشی کرد، پێویستە دۆخێک بڕەخسێنرێت کە هاوڵاتیەکانمان بە زەردەخەنەوە بچنە سەر سندوقەکان و بە دڵێکی ئارام بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان و دەڵێت، " ئیدی لە جەمسەرگیری بێزار بووین. دەمانەوێت بە راستی ئەم ماوەیە لە دۆخ و کەشوهەوای هەڵبژاردندا تێپەڕ بکەین. ئیدی پێویستە دەست لە نائارامکردنی وڵاتەکانمان هەڵبگرن." کەمال کلچدارئۆغلۆ ئاماژەی بە قسەی ژمارەیەک لە بەرپرسانی دەسەڵات کرد کە هەڵبژاردنەکانیان وەک کودەتا لەقەڵەمدابوو و وتی، " دەڵێن هەڵبژاردن کودەتایە. لەدژی گەلەکەتان شەڕێکی وەک شەڕی ئۆهۆدیان دەست پێکردووە. گەلەکەمانتان وەک داگیرکەر بەناو کردووە و نازانم ئەمە چ هەڵوێستێکە! ئەمەش لە کاتێکدایە کە زۆربەی راپرسیەکان باس لە شکستی ئەردۆغان و پارتەکەی لە هەڵبژاردندا دەکەن و میدیاکانی جیهانیش گۆمانیان لەوە هەیە کە ئەردۆغان بە ئاسانی دەسەڵات جێناهێڵێت.

هاوڵاتی عەبدوڵڵا حەمدۆک سەرۆکوەزیرانی پێشووی سودان هۆشداری دەدات کە ململانێکانی وڵاتەکەی لە سوریا و لیبیا خراپتر دەبێت و ڕایگەیاند، ئەگەر شەڕەکە بەردەوام بێت، دەبێتە "کابوسێک بۆ جیهان". نزیکەی دوو هەفتە یە شەڕ و پێکدادان لە سودان بەردەوامە و سەدان کوژراوی لێکەوتووەتەوە، لە کاتێکدا دەیان هەزار کەس لە وڵات هەڵدێن. درێژکردنەوەی ئاگربەستی نائارامی شەوی پێنجشەممەی نێوان لایەنە ڕکابەرەکان، دوای هەوڵە دیپلۆماسییە چڕەکانی وڵاتانی دراوسێ و هەروەها ئەمریکا، بەریتانیا و نەتەوە یەکگرتووەکان هات. عەبدوڵڵا حەمدۆک لە کۆنفرانسێکدا لە نایرۆبی پایتەختی کینیا، داوای کرد هەوڵێکی یەکگرتووی نێودەوڵەتی بۆ ڕازیکردنی سەرۆکی سەربازی سودان و سەرۆکی هێزێکی نیمچە سەربازیی ڕکابەر بۆ ئەنجامدانی دانوستانەکانی ئاشتی. ئاماژەی بەوەشکردووە ئەمە شەڕی نێوان سوپایەک و یاخیبوونێکی بچووک نییە. نزیکە وەک دوو سوپایە - بە باشی ڕاهێنراون و بە باشی چەکدارکراون." ئەمە لەکاتێکدایە لە ١٥ی نیسانەوە شەڕ لە سودان دەستی پێکردووە و زیاد لە ٥٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و بە هەزارانی دیکە ئاوارە بوون.   سەرچاوە: BBC  

کۆمپانیای کۆندا کە تایبەتە بە راپرسی و لێکۆلینەوەکان، راپرسیەکی لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا ئەنجامدا کە بڕیارە هەڵبژاردنەکە ١٤ی ئایار بەڕێوە بچێت. بەگوێرەی راپرسیەکە دەنگی پارتە سیاسییە سەرەکییەکان بەم شێوەیە دەبێت: پارتی داد و گەشەپێدان ٣٦.٢٪ پارتی گەلی کۆماری ٢٤٪ پارتی باش ١٣.٧٪ پارتی چەپی سەوز ١٠.٣٪ پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست ٧.٤٪ ئەوانەی دیکە ٨.٥٪ هەروەها بەگوێرەی راپرسیەکە هیچ یەکێک لە کاندیدەکانی پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا ناتوانن، دەنگی پێویست بۆ سەرکەوتن بەدەست بهێنن و بۆیەش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی دەکەوێتە خولی دووەم و ئەنجامیش بەم شێوەیە دەبێت. کەمال کلچدارئۆغلۆ (ئۆپۆزسیۆن) ٥١٪ رەجەب تەیب ئەردۆغان (دەسەڵات) ٤٩٪  

رۆژنامەیەکی ئەمریکی ئاشکرای کرد بۆ بەرەنگاربونەوەی ئێران و چەکدارانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە عێراق و سوریا بۆمبی نوێ بەکار دەهێنرێت و فڕۆکەی جەنگیی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت. رۆژنامەی (وۆڵستریت جۆرناڵ) لە زاری سەرچاوەکانی و بەرپرسان و فەرماندەکانی سوپای ئەمریکا بڵاوی کردوەتەوە؛ ژمارەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەو سوپایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە رێژەی 50% زیاد دەکرێن و بۆمبی تایبەت بە سەنگەرشکێن بەکاردەهێنرێت. رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردوە؛ ئەمریکا بۆمبی 113 کیلۆیی لە فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری (وارتاگ) لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەستێت کە بە ئامانجی تێکشکاندانی سەنگەر و وێرانکاریی حەشارگەکان و بڕینی ئەو شوێنانەیە کە لە ژێر زەویی بە مەبەستی سەربازیی دروست کراون. ژەنەڕاڵ ئەلێکسوس گرینکویچ، یەکێک لە فەرماندەکانی سوپای ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا رایگەیاندوە ئەو بۆمبانە بە ئامانجی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی سەربازیی لە فڕۆکە جەنگییەکانی وارتاگ لە رۆژهەلاتی ناوەڕاست بەکاردەهێنرێن و لەچوارچێوەی ئەو ئۆپەراسیۆنەشدا فڕۆکەی جەنگیی زیاتر رەوانەی ناوچەکە دەکرێت. رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵ جەختی لەوە کردوەتەوە کە ناکۆکییەکان و گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست توندتر بوەتەوە و یەکێک لە ئامانجەکانی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆماری ئیسلامی و هێرشکردنە سەر چەکدارانیەتی لە عێراق و سوریا.