ئەمریکا: لە پێنج مانگدا ڕوسیا 100هەزار قوربانی هەبووە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
کۆشکی سپی ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند سوپای ڕوسیا لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا 100 هەزار سەربازی بونەتە قوربانی ( بریندار و کوژراو) لە شەڕەکانی ناوچەی باخموت و ناوچەکانی دیکەی ئۆکرانیا .
وتەبێژی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جۆن کیربی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ژمارەکە لە خەمڵاندنەکانی هەواڵگری ئەمەریکاوە سەرچاوەی گرتووە، پێیان وایە لە ژمارەیە زیاتر لە 20 هەزاریان کوژراون کە نیوەیان سەر بە گروپی بەکرێگیراوی واگنەر بوون.
کیربی وتیشی " هێرشەکەی ڕووسیا لە زستاندا لە دۆنباس و بە شێوەیەکی دیار لە باخموت شکستی هێنا".
باسی لەوەشکرد کە " ڕووسیا کۆگا سەربازییەکانی و هێزە چەکدارەکانی هیلاک کردووەو زۆربەی سەربازەکانی گروپی بەکرێگیراوی واگنەر تاوانبار بوون و خراونەتە ناو شەڕی باخموتەوە، بەبێ ئەوەی شەڕییان کردبێت یاخود مەشقی پێویستییان پێدرابێت."
ڕاشیگەیاند ڕوسیا چەند دەستکەوتێکیان هەبووە لە باخموت بەڵام " باجێکی زۆر زۆر خراپییاندا وە بۆ ئەم دەستکەوتە "و دەشڵێت " بەرگرییەکانی ئۆکرانیاش لە ناوچەکەدا بە بەهێزی ماونەتەوە."
لە مانگی دووی ساڵی پارەوە جەنگی نێوان ئۆکرانیا و ڕوسیا دەستیپێکردووە دوای ئەوەی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆ سەر ئۆکرانیا راگەیاند و سوپای وڵاتەکەی هێرشی بۆ سەر باشوووری رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دەستپێکرد و تا ئێستا بەردەوامە.