کۆمارییەکان داوای پشکنینی دەروونی بۆ بایدن دەکەن
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
زیاتر لە 60 پەرلەمانتاری کۆماریەکانی ئەمریکا نامەیەکیان بۆ جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ناردوە و داوا دەکەن تاقیکردنەوەیەک ئەنجامبدات بۆ هەڵسەنگاندنی توانا دەرونییەکانی، بەپێچەوانەوە داوایان لێکردوە لە ڕکابەرییەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا بکشێتەوە.
کەناڵی فۆکس نیوز-ی ئەمریکی، رایگەیاند، نامەکە لەلایەن 60 کۆماریخوازەوە واژۆ کراوە، و تێیدا هاتوە، "بانگهێشتتان دەکەین بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی دەرونی و بڵاوکردنەوەی ئەنجامەکانی بۆ ڕایگشتی، یان خۆتان بەدور بگرن لە هەوڵدان بۆ دوبارە هەڵبژاردنی ئێوە بۆ پۆستی سەرۆکی داهاتوی ئەمریکا".
هاوکات لە نامەکەدا پەرلەمانتارانی کۆماریەکان رونیان کردوەتەوە، سەرەڕای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا لە ساڵانی 2021 و 2023 پشکنینی جەستەیی بۆ کراوە، بەڵام هیچ ئاماژەیەک نییە کە پێشنیاری هیچ پشکنینێکی دەرونی بۆ کراوە.
بایدن تەمەنی 80 ساڵە و بەتەمەنترین سەرۆکی ئەمریکایە لە مێژودا و ئەگەر لە ساڵی 2024 خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کاندید بکات و سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، ئەوا لە کۆتایی خولەکەیدا تەمەنی دەبێتە 86 ساڵ.