هاوڵاتی عێراق ناوه‌ندی نوێی ئۆپه‌راسیۆنی بۆ هێزی ئاسمانی كردووه‌ته‌وه‌ و فه‌رمانده‌ی هێزه‌كه‌ش ده‌ڵێت، ناوه‌نده‌كه‌ ده‌توانێت كۆنتڕۆڵی جموجۆڵی فڕۆكه‌ی سه‌ربازی و شارستانی و هه‌موو جۆره‌ ئامانجێكی دیكه‌ بكات و كۆنترۆڵی ته‌واوه‌تی و راسته‌قینه‌ی ئاسمانی عێراق ده‌كات.  ئەمڕۆ دووشەممە 24ی حوزەیرانی 2024، لیوای فڕۆكه‌وان موهه‌نه‌د ئه‌سه‌دی فه‌رمانده‌ی هێزی به‌رگریی ئاسمانیی عێراق رایگەیاند، توانای به‌رگریی ئاسمانی عێراق رۆژ به‌ رۆژ به‌هێزتر ده‌بێت و بەشێوەیەک دەتوانین کۆنترۆڵی راسته‌قینه‌ی ئاسمانى عێراق بکەین.   ئەوەشی خستەڕوو، ناوه‌ندی نوێی ئۆپه‌راسیۆنی هێزی ئاسمانی كه‌ رۆژی شه‌ممه‌ی رابردوو محه‌مه‌د شیاع سوودانی فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كان كردییه‌وه‌، به‌ ئاستێكی به‌رز توانای كۆنترۆڵكردنی ئاسمانی عێراقی هه‌یه‌. ئاماژەی بەوەشکرد، هه‌موو ئه‌و چه‌كانه‌ی بۆ فه‌رمانده‌یی به‌رگریی ئاسمانی دابینكراون، له‌ كاتی پێویستدا به‌رپه‌رچی هه‌ر هێرشێك ده‌ده‌ینه‌وه‌، توانای به‌رگریی ئاسمانی رۆژ به‌ رۆژ به‌هێزتر ده‌بێت و فڕۆكه‌وانه‌كان به‌شداریی خولی راهێنان ده‌كه‌ین و مه‌شقی راسته‌قینه‌ له‌سه‌ر جۆره‌ جیاوازه‌كانی فڕۆكه‌ دەکەین.  

هاوڵاتی لەکاتی لەحیم کردنی تەنکەرێکی گواستنەوەی چیمەنتۆ، تانکەرەکە تەقیوەتەوە و بەھۆیەوە هاوڵاتییەک گیانی لە دەستدا.  ئەمڕۆ دووشەممە 24ی حوزەیرانی 2024، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ دوو شەممە لە قەزای کفری لەکاتی لەحیم کردنی تەنکی ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر بەهۆی کۆبونەوەی غاز تانکی ئۆتۆمبێلەکە تەقیەوە. دەشڵێت، لە ئەنجامی تەقینەوەکەدا ئاسنگەرێک بەناوی(ماهر ڕەشید حمید) لەدایکبووی1987 دانیشتووی شاری کەرکوک گیانی لەدەستدا. ئەوەشخراوەتەڕوو، لەئێستادا بەمەبەستی تۆێکاری تەرمی ئەو هاوڵاتییە رەوانەی پزیشکی دادوەری قەزای کەلار کراوە.

هاوڵاتی لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی، بە بەردەوامی سەردان و چاودێریی ئەو مۆلیدە ئەهلییانە دەکەین کە لەناو شاری سلێمانیدان و کارەبا بۆ هاوڵاتیان دابین دەکەن. ئەمڕۆ دووشەممە 24ی حوزەیرانی 2024، قائیمقامیەتی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەکان چاودێریی کاری مۆلیدەکان دەکات و رێگە نادات هیچ گەڕەک و ماڵێک بێ کارەبا بێت. قائیمقامیەتی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، "هەر هاوڵاتییەک گلەیی لە مۆلیدەی گەڕەکەکەی هەبوو دەتوانێت سکاڵا تۆماربکات". ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت لەرووی دەنگ و دوکەڵەوە مۆلیدەکە بێدەنگ بێت و هیچ دوکەڵێکی نەبێت، هاوکات ڤۆڵتییەی دەرچوو لە مۆلیدەکەوە دەبێت لە 400 زیاتر بێت و لەسەروو 200ەوە بگات بە هاوڵاتییان. سەرۆکی لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەکانیش لە قائیمقامیەتی سلێمانی وتی، دەبێت بەبەردەوامی لەگەڵ بچڕانی کارەبای حکومی مۆلیدەکان کاریان پێبکرێت، هەر مۆلیدەیەکیش لەکار بکەوێت دەبێت لەماوەی چەند کاتژمێرێکی کەمدا مۆلیدەی جێگرەوەی بۆ دابینبکرێت. جەختیشی لەوەکردەوە، بەردەوام سکاڵای هاوڵاتییان وەردەگرین و بەدواداچون بۆ سکاڵاو داواکانیان دەکەین، هەر هاوڵاتییەک سکاڵای لەخراپیی مۆلیدەی گەڕەکەکەی هەبوو دەتوانێت پەیوەندی بکات بە لیژنەی مۆلیدەوە لە لیژنە هاوبەشەکان.  

هاوڵاتی 397 ئاوارەی کوردی ئێزدی دانیشتووی كامپی خانكی سەر بە پارێزگای دهۆك گەڕێندرانەوە بۆ زێدى خۆیان لە سنوورى شنگال. ئەمڕۆ دووشەممە 24ی حوزەیرانی 2024، وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ 397 ئاوارەی کوردی ئێزدی دانیشتووی كامپەكانی دهۆك گەڕێندرانەوە بۆ زێدى خۆیان لە سنوورى شنگال. ئاماژە بەوەشكراوە، گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە بە هەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچبەران (IOM) و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا بووە. ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پلانەكانی وەزارەتمانە بە مەبەستى كۆتایهێنان بە پرسى ئاوارەكان. جێگای ئاماژەیە، پێشتر ئیڤان فایەق وەزیر كۆچ و كۆچبەرانی عێراق رایگەیاندبوو، تا كۆتایی ئەم مانگە سەرجەم كامپەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی دادەخرێت، هەروەها تا كۆتایی مانگی تەمموز سەرجەم كامپەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق دادەخرێت.

هاوڵاتی فڕۆکەیەکی جەنگی نەناسراو ژمارەیەک بنکەی میلیشیاکانی سەر بە تورکیای لە گوندێکی پارێزگای عەفرینی رۆژئاوای کوردستانی بۆردوومان کرد.  ئەمڕۆ 24ی حوزەیرانی 2024، فڕۆکەیەکی جەنگی نەناسراو چەند بارەگایەکی سیخوڕی "عەمشات"ی کردە ئامانج، کە لە گوندی حەمام لە ناحیەی جندیرێس سەر بە کانتۆنی عەفرین کاریان بۆ سوپای تورکیا دەکرد. راپۆرتە سەرەتاییەکان باس لەوەدەکەن لە ئەنجامی بۆردوومانەکەدا، ژمارەیەک کوژراو و بریندار هەیە.  پێش ئۆپەراسیۆن و بۆردوومانکردنەکە، ئاگادارکردنەوەیەکی ئەمنی گەورە بە هاوبەشی لەگەڵ کۆبوونەوەی سەربازی لە نێوان میلیشیاکانی ناوەندی عەفریندا هەبووە.

هاوڵاتی بەرپرسی پێشووی ژووری بازرگانی ئێران رایگەیاند، لە ماوەی ساڵانی 2011 بۆ 2023 و لە ماوەی 12 ساڵدا، بەهۆی گەمارۆ ئابوورییەکانەوە یەک تریلیۆن و 200 ملیار دۆلار زیان بە ئابووری ئێران گەیشتووە. رۆژی دووشەممە 24ی حوزەیرانی 2024، حسێن سەلاح وەرزی، بەرپرسی پێشووی ژووری بازرگانی ئێران لە بابەتێکدا کە لە رۆژنامەی شەرق بڵاوکراوەتەوە نووسیویەتی، "گەمارۆکان زیانی گەورەی بە ئابووری ئێران گەیاندووەو زۆر هەلی ئابووری بە هۆی گەمارۆکانەوە لەدەستچوون". ئەم وتانەی بەرپرسی پێشووی ژووری بازرگانی ئێران لە کاتێکدایە کە چوار رۆژی ماوە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری و بە ئەگەری زۆر ئەگەر یەکێک لە پاڵێوراوەکانی سەر بە کۆنسێرڤاتەکان براوەبن، گەمارۆ ئابوورییەکان لە سەر ئێران تووندتر دەبێتەوە. لە شەش پاڵێوراوی سەرۆک کۆماری تەنها مەسعود پزیشکیان لەلایەن باڵی رێفۆرمخوازەوە پشتیوانی دەکرێت، بەڵام پزیشکیانیش رایگەیاندووە، "جێبەجێکاری سیاسەتە گشتییەکانی دەسەڵات دەبێت کە لە لایەن عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامییەوە دیاری دەکرێت". بەرپرسی پێشووی ژووری بازرگانی رایگەیاند، "بەراورد ئەکرێت، داهاتی لەدەستچووی هەر هاوڵاتییەکی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە هۆی گەمارۆ ئابوورییەکانەوە لە ماوەی ئەو 12 ساڵەدا، نزیک 14 هەزار دۆلار بێت. بە مانایەکیتر بەپێی ئەم بەراوردکارییە، لە ماوەی ئەم 12 ساڵەدا، هەر تاکێکی ئێرانی هەزار و 202 دۆلاری بە هۆی گەمارۆ ئابوورییەکانەوە لەدەستداوە". سەلاح وەرزی وتی، "ئەوەی کە بەرهەمهێنانی ئێران بەهۆی گەمارۆکانەوە بە ناچار کەمبووەتەوە، زیانی گەورەی بە پیشەسازی نەوتی ئێران و ئابووری ئێران گەیاندووە". بەهۆی سیاسەتەکانی ئێرانەوە لە چەند ساڵی رابردووداو بەتایبەت سووربووی لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم، لە لایەن ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاواییەوە گەمارۆی ئابووری خراوەتە سەر ئێران و زیانی گەورەی بە ئابووری ئێران گەیاندووەو بەهای تمەن رۆژ لە دوای رۆژ روو لە دابەزینە.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی جەنەراڵێکی پلە باڵای ئەمریکا رایدەگەیێنیت، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان مەترسی دروستبوونی جەنگێکی فراوانتر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە نێوان ئێران و میلیشیاکانی دروستدەکات، بەتایبەت ئەگەر بوونی حیزبوڵا لە لوبنان دەکەوێتە مەترسییەوە. رۆژی یەکشەممە 23-6-2024، سی کیو براون، جەنەراڵی هێزی ئاسمانی ئەمریکا گوتوویەتی، نازانێت هەنگاوەکانی داهاتووی ئیسرائیل بە ئاڕاستەی لوبنان چییە، بەڵام هۆشداری دەدات هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان "دەکرێت جەنگەکە بۆ رووبەرێکی گەورەتر فراوانبکات". براون دەڵێت، بەشێوەیەکی گشتی حیزبوڵا لە حەماس بەهێزترە بەتایبەت لە ژمارەی مووشەک؛ دەشڵێت ئەو وای دەبینێت ئێران خواستی هاوکاریکردنی حیزبوڵای زیاتر بێت بەراورد بە حەماس. ئەو جەنەراڵە ئەمریکییە باس لەوە دەکات، لەو کاتەدا ئیسرائیل دەکەوێتە دۆخێکی ئاڵۆزەوە و دەبێت لە خەمی ئەوەدابێت لە یەک کاتدا لە باکوور و باشووری وڵاتەکەوە بەرگری بکات، هەروەها شەڕەکە پریشک بۆ رووبەرێکی فراوانتری ناوچەکە دەهاوێت. قسەکانی جەنەراڵە ئەمریکییەکە لەکاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە 23-6-2024، بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، قۆناخی شەڕی سەخت لە غەززە کۆتاییهاتووە و ئەمەش رێگەیان بۆ خۆشدەکات هێزی زیاتر ببەنە سنووری لوبنان. لە سەرەتای شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە، حیزبوڵا دەستی بە مووشەکباران کردنی ئیسرائیل کردووە و رایگەیاندووە، هێرشەکان راناگرێت تاوەکو ئاگربەست لە غەززە نەکرێت. براون لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت، ئەم جارە ئەمریکا توانای کەمتر دەبێت لە پاراستنی ئیسرائیل لە هێرشەکانی حیزبوڵا.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی رۆژی یەکشەممە، سێ گورگ لە باخچەیەکی ئاژەڵانی فەرەنسا پەلاماری ژنێک دەدەن و بە سەختی برینداری دەکەن. بە گوێرەی بەرپرسانی باخچەکە ژنەکە سەرقاڵی وەرزشکردن بووە و نەیزانیوە کە چووەتە شوێنی ئازادی ئاژەڵەکان. ماریڤۆن کایلیبۆت، بەڕێوبەری پۆلیسی ڤێرسای پاریس رایگەیاندووە، ژیانی ژنەکە لە مەترسیدایە و تاوەکو ئێستا نازانن هۆکاری کەوتنە ناو شوێنی گورگەکانەوە هەڵەی خۆی بووە یان نیشانەکانی ناو باخچەکە روون نەبوون. ئەو ژنەی پەلاماردراوە بەدەم راکردن و وەرزشکردنەوە کەوتووەتە ناو شوێنی گورگەکانەوە و لە پڕ سێ گورگ پەلاماریانداوە. گورگەکان گازیان لە مل، پووز و پشتی ژنەکە گرتووە. باخچەی ئاژەڵانی سۆیری دەکەوێتە 40 کیلۆمەتر رۆژئاوای پاریس، یەکێک لەو خزمەتگوزارییانەی پێشکێشی دەکات، شوێنی مانەوەی شەوانە کە لە پەنجەرەی ژوورەکەتەوە ئاژەڵەکان ببینیت.  نرخی یەک شەو مانەوە لە ژوورەکانی ئەو باجچە ئاژەڵانە لە نێوان 220 بۆ 760 یۆرۆدایە. تیمی فریاکەوتن هەر زوو دەگەنە شوێنی رووداوەکە و ژنەکە رزگاردەکەن و گورگەکان دووردەخەنەوە. لە دواتردا ژنەکە دەگەیێننە نەخۆشخانە بۆ چارەسەرکردن.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی راگەیاند، کە رێگریی لە کچێک کردووە و هێرشی کردووەتە سەر و مۆبایل و پارەکەی لێ دزیوە. ئەمڕۆ دووشەممە 24ی حوزەیرانی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، "ماتۆڕسوارێك رێگریی لەكچێك کردووە، هێرشیکردووەتە سەر، پارە و مۆبایلەكەی لێسەندووە و دواتر تۆمەتبار بۆ شوێنێکی نادیار هەڵاتووە". پۆلیس دەڵێت دوای ئەوەی ئاگادارکراونەتەوە، دەستیان بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون کردووە و توانیویانە تۆمەتبار دەستگیربکەن. تۆمەتبارەکە لەدایکبووی ساڵی 2005ـە و لەلایەن نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی گەڕەکی راپەڕینەوە دۆزراوەتەوە و دەستگیرکراوە.  پۆلیس ئاماژەی بەوەشکردووە، لەکاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبار (م، ئ، ح)، توانراوە دەست بەسەر ماتۆڕسکیلەکەی و مۆبایل و پارەکەی کە بردبووی بگیرێت. پۆلیس ئەوەشی روونکردووەتەوە، تۆمەتبار دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و ئێستا نە بڕیاری دادوەر بە گوێرەی مادەی 443ی یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی لە رووداوێکی ئاگرکەوتنەوەی کارگەیەکی بەرهەمهێنان و کۆگەکردنی پاتری لە کۆریای باشوور 20 کەس گیانیان لەدەستدا. ئاگرەکە بەهۆی تەقینەوەی چەند پاترییەکەوە کەوتووەتەوە. رۆژی دووشەممە 23-6-2024، ئاگرێک لە کارگەی بەرهەمهێنانی پاتریی کۆمپانیای ئاریسێڵ لە هواسیۆنگ کەوتووەتەوە، کیم جین یۆنگ، بەرپرسی فەرمانگەی ئاگرکوژێنەوەی ئەو ناوچەیە رایگەیاندووە، زۆربەی ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکردووە.  هەرێمی هواسیۆنگ دەکەوێتە باشووری سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشوورەوە. بە گوێرەی یۆنگ، ئاگرەکە دوای ئەوە دەستپێکردووە، ژمارەیەک پاتری لە کۆگەکەدا تەقیونەتەوە، کە 35 هەزار پاتریی لیسیۆمی تێدابووە و سەرجەمیان بەهۆی تەقینەوەکەوە لەناوچوون و سووتاون. بە گوێرەی میدیای کۆریای باشوور، تاوەکو ئێستا 20 جەستە لە پاشماوەی ئاگرەکەدا دۆزراونەتەوە و ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانییەکان هەیە.

وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، نزیكەی 15 هەزار كەس بە رێگەی نافەرمی چوونەتە حەج، ئاماژەی بەوەشکرد، 30 حاجی کورد گیانیان لەدەستداوە. ئەمڕۆ دووشەممە 24ی حوزەیرانی 2024، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئاینیی هەرێمی كوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "لە هەرێمی كوردستانەوە چوار هەزار و 685 كەس بە رێگەی فەرمی گەشتی سعودیەیان كردووە بۆ بەجێهێنانی حەج، نزیكەی 15 هەزار كەسیش بە رێگەی نافەرمی [بۆ حەجکردن] چوونەتە سعودیە". ئاماژەی بەوەشکرد، "بەشێوەیەكی گشتی 30 حاجی هەرێمی كوردستان لە سعودیە گیانیانلەدەستداوە، تەنیا یەكێكیان بەرێگەی فەرمی رۆیشتووە و 29 كەسەكەی دیكە بە رێگەی نافەرمی رۆیشتوون، هەموو هەوڵێكماندا لە رێگەی كونسوڵخانەی عێراق لە جەددە بۆ دۆزینەوەیان و هەر ئەوەندەمان پێكرا بەهۆی زۆری ژمارەیانەوە". وەزیری ئەوقاف وتیشی، "لە رێگەی داواكاری گشتی و نوێنەری وەزارەتەكانی ناوخۆ و بازرگانی، لێكۆڵینەوەی یاسایی توند لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانە دەكرێت كە بەڵێنیان بە خەڵك داوە ئاسانكارییان بۆ بكەن و پرۆسەی حەجیان بۆ ئەنجامبدەن، بۆ ئەوەی جارێكی دیكە ئەو بابەتە دووبارە نەبێتەوە". بەپێی ئامارێکی وڵاتی سعودیە، ساڵی رابردوو لە مەراسیمی حەجدا 200 حاجی گیانیان لەدەستدا بوو کە زۆربەیان خەڵکی ئەندەنوزیا بوون، بەڵام ئەمساڵ زیاتر لە هەزار حاجی گیانیان لەدەستداوە. 

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ بڕیارە گفتووگۆکان بۆ بە ئەندامبوونی ئۆکراینا لە یەکێتی ئەوروپا دەستپێبکەن، ئەمە لە کاتێکدایە ئۆکراینا 18٪ی خاکەکەی لەلایەن رووسیاوە کۆنترۆڵکراوە. رۆژی سێشەممە 25-6-2024، نوێنەرانی ئۆکراینا و یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا بۆ گفتووگۆی وەرگرتنی ئۆکراینا لە یەکێتیی ئەوروپا کۆدەبنەوە. هەر لە سبەینێشەوە ئۆکراینا قۆناخێکی دیکەی چاکسازیکردن لە سیستمی حوکمڕانییەکەیدا دەستپێدەکات، تاوەکو دڵی بەرپرسانی برۆکسل رازی بکات. هەر چوار رۆژ دوای هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا و لە 28ی شوباتی 2022، ئۆکراینا داواکاریی بۆ بە ئەندامبوون لە یەکێتی ئەوروپا بەرزکردەوە، ئەوەش وەک دانانی قەڵخانێکی دیپلۆماسی لەبەردەم هەڕەشەی هێرشەکانی رووسیادا. رۆژی هەینی 21ی ئەم مانگە، ڤۆلۆدێمیر زیلنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لەبارەی دەستپێکردنی گفتووگۆکانەوە رایگەیاند، "ئۆکراینا دەگەڕێتەوە ئەوروپا، بۆ ئەو شوێنەی سەدان ساڵە بەشێک بووە لێی، وەک ئەندامێکی تەواوەتی کۆمەڵگەی ئەوروپا". کیێڤ لە کانوونی یەکەمی ساڵی رابردووەوە دەستپێکردنی گفتووگۆی وەرگرتنی لە یەکێتی ئەوروپا هێناوەتە بەرباس، ئەوەش دوای ماوەیەکی زۆر لە دژوەستانەوەی گەندەڵی و چاکسازیکردن لە سیستمی دادوەری وڵاتەکەیدا. ئێستا ئۆکراینا دەبێت نەخشەسازییەکی ورد بۆ داهاتووی وڵاتەکەی دابنێت و بۆ بەرپرسانی برۆکسلی بخاتەڕوو چۆن رووبەڕووی گەندەڵی لە ئۆکراینا دەبێتەوە و هەنگاوەکانی بەرەوپێشچوونی چین.

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد لایەنەکان لە چاوەڕوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانن بۆ ئەوەی وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکات و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێشنیازی مانگی ئەیلولی ئەمساڵی کردووە، لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش دەڵێت، "هیچ بیانوویەک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن نییە". ئەمڕۆ دووشەممە 24ی حوزەیرانی 2024، رزگار حاجی حەمە، لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە هاوڵاتی راگەیاند، "لەسەر پرسی دیاریکردنی وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تائێستا هیچ وادەیەکی نوێ دیارینەکراوە و چاوەڕێی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکەین". ئاماژەی بەوەکرد، "کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق هەموو ئامادەکارییەکی کردووە و پێشنیازی کردووە لە 5ی ئەیلولی 2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت و هیچ بیانوویەک نییە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن دوابخرێت".  لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وتیشی، "یەکێتی و زۆرینەی لایەنەکانی دیکە لەگەڵ ئەوەین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکاتی خۆیدا بکرێت، چونکە لەرووی هونەری و دارایی و یاساوە کۆمسیۆن سەرجەم ئامادەکارییەکانی کردووە، بۆیە هیچ بیانووێک نییە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان". لەلایەن سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە چوار جار بە فەرمی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لایەنەکان و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییەوە هەر چوار جارەکە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دواخراوە، لەئێستاشدا چاوەڕێی دیاریکردنی وادەیەکی نوێ دەکرێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێشنیازی 5ی ئەیلولی ئەمساڵی کردووە.

هاوڵاتی ئەو وادەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ تۆمارکردنی هاوپەیمانێتی و کاندیدانی پێکهاتەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردبوو ئەمڕۆ کۆتایی دێت و تائێستا بڕیار لە درێژکردنەوەی وادەکەی نەدراوە. ئەمڕۆ دووشەممە 24ی حوزەیرانی 2024، ئەو وادەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ تۆمارکردنی حزب، هاوپەیمانێتی و کاندیدانی پێکهاتەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردبوو ئەمڕۆ کۆتایی دێت. بەپێی دوایین ئامار، تاوەکو دوێنێ یەکشەممە 23ی حوزەیرانی 2024 پێشکەشکردنی داواکاری خۆ تۆمارکردنی پارت و کاندیدانی پێکهاتەکان بەم شێوەیە بووە: پارێزگای هەولێر - دوو هاوپەیمانی - نۆ کاندیدای تورکمان - حەوت کاندیدای کریستیان - نۆ کاندیدای تاک – گشتی - 10 کاندیدای پارتە سیاسییەکان  - پێشکەشکردنی سێ داواکاری خواستی بەشداربوونی هەڵبژاردن لەلایەن پارتە سیاسییەکانەوە پارێزگای سلێمانی - هاوپەیمانی نییە - دوو پارتی سیاسی - هەشت کاندیدای تاک – گشتی - پێنج کاندیدای تورکمان - یەک کاندیدای کریستیان پارێزگای دهۆک - هاوپەیمانێتی نییە - چوار کاندیدای کریستیان - چوار کاندیدای تاک – گشتی - یەک کاندیدای حزبی بابلیون            

هاوڵاتی لە چوارچێوەی پشتیوانییەکانی هاوپەیمانان، هاوکاری دارایی دەدرێتە پێشمەرگە و ئەمڕۆش دەست بە دابەشکردنی دەکرێت. ئەمڕۆ دووشەممە 24ی حوزەیرانی 2024، دەست دەکرێت بە دابەشکردنی هاوکاری دارایی بەسەر ئەفسەر و پێشمەرگەکانی لیوا هاوبەشەکان، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو پشتیوانییە داراییەیە کە لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە دابین کراوە. بڕی ئەو هاوکارییە داراییەی کە دەدرێت بە پێشمەرگە 432 هەزار دینارە، وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، "ئەم بڕە پارەیە، لێرە بەدواوە وەک هاوکاری دەدرێت بە هێزی پێشمەرگە و هیچ پەیوەندیەکی بە مووچەوە نییە". هەروەها سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت بە هاوڵاتی راگەیاند، "بڕیارە هەر ئەمڕۆ دووشەممە مووچەی مانگی پێنجی لیوا هاوبەشەکان دابەشبکرێت".