بە 18٪ خاکی داگیرکراوەوە سبەینێ گفتووگۆکانی بە ئەندامبوونی ئۆکراینا لە یەکێتی ئەوروپا دەستپێدەکات

3 مانگ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ

بڕیارە گفتووگۆکان بۆ بە ئەندامبوونی ئۆکراینا لە یەکێتی ئەوروپا دەستپێبکەن، ئەمە لە کاتێکدایە ئۆکراینا 18٪ی خاکەکەی لەلایەن رووسیاوە کۆنترۆڵکراوە.

رۆژی سێشەممە 25-6-2024، نوێنەرانی ئۆکراینا و یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا بۆ گفتووگۆی وەرگرتنی ئۆکراینا لە یەکێتیی ئەوروپا کۆدەبنەوە. هەر لە سبەینێشەوە ئۆکراینا قۆناخێکی دیکەی چاکسازیکردن لە سیستمی حوکمڕانییەکەیدا دەستپێدەکات، تاوەکو دڵی بەرپرسانی برۆکسل رازی بکات.

هەر چوار رۆژ دوای هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا و لە 28ی شوباتی 2022، ئۆکراینا داواکاریی بۆ بە ئەندامبوون لە یەکێتی ئەوروپا بەرزکردەوە، ئەوەش وەک دانانی قەڵخانێکی دیپلۆماسی لەبەردەم هەڕەشەی هێرشەکانی رووسیادا.

رۆژی هەینی 21ی ئەم مانگە، ڤۆلۆدێمیر زیلنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لەبارەی دەستپێکردنی گفتووگۆکانەوە رایگەیاند، "ئۆکراینا دەگەڕێتەوە ئەوروپا، بۆ ئەو شوێنەی سەدان ساڵە بەشێک بووە لێی، وەک ئەندامێکی تەواوەتی کۆمەڵگەی ئەوروپا".

کیێڤ لە کانوونی یەکەمی ساڵی رابردووەوە دەستپێکردنی گفتووگۆی وەرگرتنی لە یەکێتی ئەوروپا هێناوەتە بەرباس، ئەوەش دوای ماوەیەکی زۆر لە دژوەستانەوەی گەندەڵی و چاکسازیکردن لە سیستمی دادوەری وڵاتەکەیدا.

ئێستا ئۆکراینا دەبێت نەخشەسازییەکی ورد بۆ داهاتووی وڵاتەکەی دابنێت و بۆ بەرپرسانی برۆکسلی بخاتەڕوو چۆن رووبەڕووی گەندەڵی لە ئۆکراینا دەبێتەوە و هەنگاوەکانی بەرەوپێشچوونی چین.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار