هاوڵاتی لە سلێمانی نرخی هەر سێ جۆری بەنزینی نۆرماڵ و موحەسەن و سوپەر گۆڕانکاری بەسوردا هاتوو هەریەکێکیان 25 دیناری خرایە سەر. ئەمڕۆ هەینی 21ی حوزهیرانی 2024، نرخی هەسێ جۆرەکەی بەنزین لە سلێمانی 25 دیناری خراوەتە سەر، بە جۆرێک بەنزینی نۆرماڵ بوە بە 825 دینار و موحەسەن بە 1025 دینار و سوپەریش بە 1175 دینارە. بەپێی چەند سەرچاوەیەک هۆکاری گرانبوونی نرخی بەنزین بۆ رۆژانی جهژنی قوربان دهگهڕێتهوه، كه خواستێكی زۆر لهسهر بهنزین ههبووه، ئهمهش بووهته هۆی كهمبوونهوهی بڕهكهی. جێگای ئاماژەیە، چەند رۆژێکش پێش ئێستا لە هەولێر و دهۆک نرخی بەنزین 50 دیناری چوەتهسەر.
هاوڵاتی لە ئەمڕۆ هەینییەوە، یەکەم کاروانى حاجییان بەرەو عێراق دەست بەگەڕانەوە دەکەن و تاوەکو 3ی تەمووز بەردەوام دەبێت. بەگوێرەى راگەیەندراوێک، کە شەوى رابردوو 20ی حوزەیرانی 2024، وەزارەتى گواستنەوەى عێراق بڵاویکردووەتەوە، لەئەمڕۆ هەینییەوە، یەکەم کاروانى حاجییان، لەرێگەى فڕۆکەخانەى جەددەوە دەگەڕێنەوە بۆ فڕۆکەخانەکانى عێراق، هەروەها بۆ هەر رۆژێک دوو گەشت ئەنجامدەدرێت. وەزارەتى گواستنەوەى عێراق، ئاماژەى بەوەشکردووە، پڕۆسەى گەڕانەوەى حاجییان لەئەمڕۆ هەینییەوە تاوەکو 3ى تەمووز بەردەوامدەبێت، ئەوانیش وەک وەزارەتەکەیان، تەواوى ئامادەکارییەکانیان دەستپێکردووە. هاوکات ئەوەش خراوەتەڕوو، کارگێڕى فڕۆکەخانەکان پلانى پێشوەختەیان ئامادەیە، بەمەبەستى سەلامەتى و کوالێتى خزمەتگوزارییەکانیان لەبەرامبەر پێشوازیکردن لە حاجییانى ماڵى خودا. جێگای ئاماژەیە، پشکی عێراق، لە وەرزی حەجى ئەمساڵ، 33 هەزار و 690 حاجی بووە، لەو ژمارەیەش پشکی هەرێمی کوردستان بە 13.9%ی کۆی پشکی عێراق دیاریکراوە، ئەم پشکە رێبەران و بەڵێندەر و کارگێڕان لەخۆ دەگرێت.
هاوڵاتی ئەمڕۆ هەینی 21ی حوزەیرانی 2024، ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل لەغەززە ناکشێتەوە تا ئەو کاتەی بارمتەکان لەژێر دەستی حەماس دەردەهێنین جا بەمردووی بێت یاخود زیندووی بێت. ئاماژەی بەوەشدا، "ئێمە و سوپاکەمان ئامادەییمان تێدانییە لە غەززە بکشێینەوە، تا ئەوکاتەی سەرجەم بارمتەکان لەبندەستی حەماس دەردەهێنین، جا چ بەمردووی بێت یاخود زیندووی". سەررۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەوەشی خستۆتەڕوو، "ئەرکی ئێمەیە و پابەندین بە تەواوکردنی، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین ئەرکی دیکەشمان لەسەرشانە، بەڵام ئێستە باسیان لێوەناکەم و تیشکمان تەنها لەسەر لەناوبردنی حەماسە". جێگای ئاماژەیە، ڕۆژی 7ی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات 240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکوو بارمتە لەلایەن حەماسەوە دهستبهسهر كران.
هاوڵاتی ئەمڕۆ هەینی 21ی حوزەیرانی 2024، محەمەدی حاجی مەحمود سەرۆکی پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمریکا راگەیاند، دوای سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ ئێران توانی ئەو بەستەلەکە بتوێنێتەوە. سەرۆکی پارتی سۆسیالست دەڵێت، دوای سەردانەکەی سەرۆکی هەڕێم بۆ ئێران توانی ئەو بەستەلەکە بتوێنێتەوە کە ماوەیەک بوو لە پەیوەندییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان هەستی پێدەکرا. وتیشی، ئەو پێشوازییەی ئێران لە سەرۆکی هەرێمی کرد، وە بینینی ڕەهبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ دڵنەوایی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو بەتایبەت بۆ بۆردومانکردنی ماڵی پێشرەو دزەیی، چونکە بۆ بەشێک لە سەرۆکی وڵاتانی تر ئاسان نیە ڕەهبەری کۆماری ئیسلامی ببینن بەڵام بینیمان سەرۆکی هەرێم چۆن پێشوازی لێکراو و بینی. ئاماژەی بەوەشدا، بە دڵنیاییەوە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ تاران هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی لە 10ی حوزەیارن دواخست، چونکە وەک دەزانرێت ماوەیەکی زۆر کێشە هەبوو لەناو هەرێمدا لەسەر بابەتی هەڵبژاردن وە بەغداد و کۆمسیۆنیش سوربوون لەسەر هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا. دەشڵێت، کە سەرۆکی هەرێم سەردانی تارانی کرد، هێشتا لە ئێران بوو کە لە بەغدادەوە هەڵبژاردن دواخرا و وە کۆمسیۆنیش ئەو پۆستەرانەی ناردی بۆ ئیمارات لە چاپکردنی وەستاندی. دەربارەی سەرەوەری عێراق و پاراستنی لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە، محەمەدی حاجی مەحمود دەڵێت” ئێستا عێراق وەکو دەوڵەت وجودی نیە و سەروەری نیە، گەورەترین بنکەی سەربازی تورکیا لە بەعشیقەیە ڕۆژانە فڕۆکە و ئۆتۆمبێلی سەربازی هاتووچۆ دەکەن، لە هەر وڵاتێکدا یەک سەربازی ئەو وڵاتە لە وڵاتێکی تر بێت و سنوری بەزاندبێت، سەرۆکی وڵاتی داگیرکار پێشوازی لێناکرێت تا نەکشێتەوە، کەچی عێراق شەش مانگ حەفلەی کرد لەبەرئەوەی ئەردۆغان سەردانی کرد”.
هاوڵآتی لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیری لە سنووری پارێزگای ئەنبار 100 کەس بەهۆی خواردنەوە ژەهراویبوون. ئەمڕۆ هەینی 21ی حوزەیرانی 2024، فەرمانگەی تەندروستی پارێزگای ئەنبار لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، 100 حاڵەتی ژەهراویبوون لە نەخۆشخانەكانی قەزای كەرامە تۆماركراوە بەهۆی خواردنی ژەمێك خۆراك لە ئاهەنگێكی هاوسەرگیریدا. ئاماژەی بەوەشکردووە، نەخۆشەكان بەدەست ژەهراویبوونی خۆراكەوە دەناڵێنن و تووشی ئازاری گەدە و ڕشانەوە و تا بوون و دەستبەجێ دەست بە چارەسەری پزیشكی كراوە بۆیان. ئەوەش خراوەتەڕوو، تیمە پزیشكییەكان ڕێكاری پێویست دەگرنەبەر بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ نەخۆشەكان و تەندروستیان جێگیرە و لە ژێر چاودێری پزیشیكدان.
هاوڵاتی ئەمڕۆ هەینی 21ی حوزەیرانی 2024، ئەنجومەنی راژەی عێراق رایگەیاند، بەمزووانە ناوى ئەو کەسانە ئاشکرادەکەن کە بڕیارە دابمەزرێندرێن له كهرتی گشتی. ئەنجوومەنهكە دەشڵێت، پرۆسەى وردبینى بۆ ناوى پێشکەشکاران لەهەردوو رۆژى چوارشەممە و پێنجشەممە بەردەوام بووە و پرۆسەکە کۆتاییهاتووە. جێگای ئاماژەیە، ئەنجوومەنى راژەى عێراق لەئەمساڵدا دوو پرۆسەى دامەزراندنى دەرچوانى راگەیاندوە، پرۆسەى یەکەم دامەزراندنى زیاتر لە 30 هەزار دەرچووى هەڵگرى بروانامەى باڵابوو، پرۆسەى دووەم دامەزراندنى دەرچووانى بەش و کۆلێژە پزیشکییەکان بوو.
هاوڵاتی ئەمڕۆ هەینی 21ی حوزەیرانی 2024، گۆڕانکاری لە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا روویدا و یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە كەمتر لە 86 دۆلار مامەڵەی پێوەدەكرێت. بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەكانی جیهان بە 85 دۆلار و 70 سەنت مامەڵەی پێوەدەكرێت. بەشێوەیەک تەنها یەك بەرمیل نەوتی خاوی تەكساس بە 81 دۆلار و 29 سەنت لە بازاڕەكانی جیهاندا مامەڵەی پێوەدەكرێت. ههرچی نرخی زێڕیشه له بهرزبوونهوهی بهردهوامدایه و بۆ ئهمڕۆ یهك ئۆنسهی به دوو ههزار و 360 دۆلاره، لهكاتێكدا دوێنێ به دوو ههزار و 340 دۆلار مامهڵهی پێوهكرا.
هاوڵاتی ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی حوزەیرانی 2024، مەهدی غەریب، ئەندامی لیژنەی دەستپاكی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، ئەم وەرزی هاوینە، تاقیكردنەوە دەبێت بۆ وەزارەتی كارەبا كە ئایا ئەو وەزارەتە پابەندی بەڵێنەكانی بووە بۆ باشتركردنی دۆخی كارەبا یاخود نا. ئاماژەی بەوەشدا، وەرزی هاوین تاقیكردنەوە دەبێت بۆ وەزارەتی كارەبا و ئەنجومەنی نوێنەران لە نزیكەوە چاودێری كاروبارەكانی ئەو وەزارەتە دەكات، بە تایبەتی ئەو بەڵێنانەی بۆ باشتركردنی دۆخی كارەبا بە هاوڵاتیانی داوە. ئەوەشی خستەڕوو، ئەنجومەنی نوێنەران لە ڕێگەی لیژنە پەیوەندیدارەكانەوە، بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن بۆ كاروباری وەزارەتی كارەبا دەكات و بەرەوپێشچوونی كارەكانی ئەو وەزارەتە، لەپێشینەی كارەكانی سەرۆك وەزیرانە. هەفتەی ڕابردوو وەزارەتی كارەبا لەكارلادانی نزیكەی 10 لێپرسراوی وەزارەتەكەی لە پارێزگا جیاوازەكانی عێراق ڕاگەیاند و جەختیلەوەشكردەوە، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، ئەمساڵ ڕەوشی كارەبا باشتردەبێت.
هاوڵاتی سەیف بەدر، یەك ملیۆن هاووڵاتی ناویان لە سیستمی بیمەی تەندروستی تۆماركراوە و لە ماوەیەكی نزیكدا ناوەكانیان رادەگەیەندرێت. ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی حوزەیرانی 2024، وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، یەك ملیۆن هاووڵاتی ناویان لە بیمەی تەندروستی تۆماركراوە. سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق ئەوەی خستەڕوو، لە دوای نزیكەی ساڵێك لە دەرچواندنی یاسای بیمەی تەندروستی وەزارەت دەستیكردووە بە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری پزیشكی لە چوارچێوەی سیستمی بیمەی تەندروستی لە چەند دامودەزگایەكدا. ئاماژەی بەوەشدا، یەك ملیۆن هاووڵاتی ناویان لە سیستمی بیمەی تەندروستی تۆماركراوە و لە ماوەیەكی نزیكدا ناوەكانیان ڕادەگەیەندرێت. وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق وتیشی، هەماهەنگی بەردەوام دەبێت لە قۆناغی جێبەجێكردنی یاسای بیمەی تەندروستی كە ڕۆڵی دەبێت لە بەرەوپێشبردنی خزمەتگوزاری تەندروستی لە ووڵاتدا.
هاوڵاتی ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی حوزەیرانی 2024، رەحمان خانی بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكانی هەرێم رایگەیاند، بە بەراورد بە ساڵی رابردوو ئاستی ئاو لە بەنداوەكانی هەرێم لە ئەمساڵدا زیاترە. دەشڵيت، لە بەنداوی دوكان ئاستی ئاو پێنج مەتر زیاترە، لە دەربەندیخان 6 مەتر لە دهۆك 13 مەتر و نیو بە بەراورد بە ساڵی رابردوو زیاترە و بەشێك لە بەنداوە بچووکەكانیش پڕبوون. ئاماژەشی بەوەکرد، ئومێدەوارین بەپێی ئەو پلانەی دانراوە بتوانین ئەمساڵ بڕی ئاوی پێویست بۆ هاوڵاتییان دابینبكرێت.
هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی حوزەیرانی 2024، ئاژانسی هەواڵی ئانسای ئیتاڵی رایگەیاند، تەرمی نۆ کەسی تر لە بەلەمە ژێر ئاو کەوتووەکەی ئیتاڵیا دۆزرانەوە، تا ئێستاش 43 کۆچبەر بێ سەروشوێنن و 11 کۆچبەریش رزگارکراون. ئاژانسی هەواڵی ئانسای ئیتاڵی ئەوەشی خستەڕوو، لەلایەن كەشتی دایلۆی پاسەوانی كەناراوەكانی ئیتاڵیا، ئەمڕۆ نۆ تەرمی دیكە دۆزرانەوە كە پەیوەندییان بە رووداوی نقومبوونی بەلەمەكەی ئاوی ئیتاڵیاوە هەیە. ئاماژە بەوەشکراوە، تا ئێستا 17 تەرم لەلایەن پاسەوانی كەناراوەكانی ئیتاڵیاوە دۆزراونەتەوە لەكۆی زیاتر لە 60 كۆچبەر كە تا ئێستا بێ سەروشوێنن و 11 كۆچبەریش رزگاركراون كە بەشێكی زۆریان كوردی هەرێمی كوردستان و رۆژهەڵاتی كوردستانن.
هاوڵاتی بەهۆی تەقینەوەی كۆگایەكی چەك دوو ئەندامی پاسەوانی سنوور برینداربوون. لە رۆژئاوای موسڵ ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی حوزەیرانی 2024، سەرچاوەیەكی ئەمنی بە میدیا عێراقییەكانی راگەیاند، تەقینەوەیەك لە كۆگای چەك و تەقەمەنی پاسەوانی سنور لە نزیك گوندی ئوم زیبان لە قەزای بێعاجی موسڵ ڕوویداوە. ئەوەشی خستۆتەڕوو، بەهۆی تەقینەوەكەوە دوو ئەندامی پاسەوانی سنور برینداربوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە كراون و تیمەكانی بەرگری شارستانی گەیشتونەتە شوێنەكە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكە. ئاماژەی بەوەشکرد، لێكۆڵینەوە لە ڕوودانی تەقینەوەكەوە دەستیپێكردووە و بەپێی ئاماژەكان تەقینەوەكە بەهۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەكانی گەرماوە روویداوە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی حوزەیرانی 2024، لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی رەوتی بەرەی گەل رایگەیاند، هاوڵاتییان لەبەر نائومێدیان لەم دەسەڵاتە ڕێگەی مەرگ دەگرنەبەر و کاتی ئەوەیە لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە گۆڕانکاری دروست بکەن. لاهور شێخ جەنگی وتی، هەبوونی خەلەلێک وادەکات هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان سەر هەڵگرن و ئەم وڵاتە بەجێ بهێڵن. دەشڵێت، دەبێت لەمەودوا خەڵک هۆشیار بێتەوە، چیتر بەم شێوەییە نەژی و کاتی ئەوە هاتووە گۆڕانکاری بکەن دژی ئەم دەسەڵاتە. ئەوەشی خستۆتەڕوو، تا دێت هەڵبژاردن شەرعیەت لەدەست دەدات ئەوەتا بەچاوی خۆمان دەی بینین ڕۆژانە چەندین کەس ڕێگای مەرگ دەگرنەبەر و لەبەر نائومێدیان لەم وڵاتە دەڕۆن.
بەرگریی شارستانیی هەرێم، چەند رێنماییەکی خۆپارێزی لە بەرزبوونەوەیی پلەی گەرمی وەرزی هاوین بڵاوکردەوە
هاوڵاتی ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی حوزەیرانی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێم چەند ڕێنماییەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سەبارەت خۆپارێزی هاوڵاتییان لە هاتنی وەرزی هاوین و گرتنەبەری خۆپارێزی بۆ ئەوەی دووربن لە رووداوی نەخوازراو. بۆ رێگریکردن لە ئەگەری روودانی سووتانی ئۆتۆمبێل لە وەرزی هاویندا دەڵێت، کە لە کاتی وەستانی ئۆتۆمبێلدا، نابێت چەند کەرەستەیەک لەناو ئۆتۆمبێلدا جێبهێڵرێن، وەک، خواردنەوە گازییەکان بە هەموو جۆرەکانیەوە، چەرخ، بتڵی ئاو، بۆن، پاوەربانک و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بە گشتی. ئەوەشی خستەڕوو، لەکاتی وەستانی ئۆتۆمبێلدا، پێویستە کەمێک جامی ئۆتۆمبێلەکە بکرێتەوە، هەروەها تانکی سووتەمەنیش پڕنەکرێت و تایەی ئۆتۆمبێلیش زیاد لەپێویست پڕهەوا نەکرێت، بەتایبەتی لەکاتی گەشت و رێگا دوورەکاندا. دەشڵێت، بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی شلەمەنی لە لەشدا، پێویستە بڕێکی زۆر لە ئاو و شلەمەنی بخورێتەوە و بەکارهێنانی چەتری پارێزەر لە تیشکی بەتینی خۆر دروستترین ڕێکارە بۆ سەلامەتیی پێستی مرۆڤ. جەخت لەوەشکراوەتەوە، لەبەر تیشکی خۆردا بتڵی غازی چێشتلێنان دادەنرێت، هەروەها پێویستە دڵنیابنەوە لەوەی سویچی کارەبا لۆدی زۆریان لەسەر نەبێت، ئامێری فێنککەرەوە تەنیا لە شوێنی پێویستدا کاربکات و وایەرەکانی کارەبا لۆدی زیاد لە توانای دیاریکراوی خۆیان نەخرێتە سەر و تەقسیمی کارەبایی بۆ چەند ئامێرێک بەکار نەهێنرێت. لە کۆتایی راگەیاندراوەکەدا هاتووە، داوا لە هاووڵاتیان دەکات، کە لە ئەگەری روودانی حاڵەتی نەخوازراودا پەیوەندیی بکەن بە ژمارە 115ی کۆنترۆڵی بەرگریی شارستانییەوە.
هاوڵاتی بە هۆکاری سووتانی 500 دۆنم پووش و پاوان و زیانگەیاندن بە نزیکەی 60 هەزار دار هاوڵاتییەک لە ناحیەی عەربەت دەستگیرکرا. ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی حوزەیرانی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی رایگەیاند، "لە ئەنجامی ئەم ئاگرەی کەوتەوە لە سنووری گوندەکانی (وێلەکەو دەربەندفەقەرە) لە سنوورى ناحیەی عەربەت 500 دۆنم پووش و پاوان سووتاوە و بەپێی زانستی دارستان هەر دۆنمێک 120 داری سروشتی تێدابووە کەبووە بەهۆی زیاندگەیاندن بە 60 هەزار داری سروشتی". ئاماژە بەوەکراوە، "دوای ئاگادارکردنەوە لەبوونی کەوتنەوەی ئاگر لە سنووری ئاماژەبۆکراوی سەرەوە دەستبەجێ مەفرەزەیەک لەکارمەندانی (بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی عەربەت) گەیشتنە شوێنی ئاگرەکە بەمەبەستی کوژاندنەوەی ئاگرەکەو بەدواداچوون بۆ هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی سەرەتایی لەکاتی ڕووداوەکە هاوڵاتییەک بە تۆمەتی کەوتنەوەی ئاگرەکە دەستگیرکرا". ئەوەشخراوەتەڕوو، "سەرەنجام بەهاوکاری (تیمی فڕۆکەوانی پارێزگای سلێمانی ) و بنکەکانی بەرگری شارستانی (عەربەت + ئازادی + تانجەرۆ ) و هاووڵاتیانی سنوورەکە توانرا ئاگرەکە لەماوەی چوار کاتژمێر کۆنترۆڵ بکەن". لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕێکخراوە لە بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی عەربەت بۆ وەرگرتنی رێکاری یاسایی".
