هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی حوزەیرانی 2024، ئاژانسی هەواڵی ئانسای ئیتاڵی رایگەیاند، تەرمی نۆ کەسی تر لە بەلەمە ژێر ئاو کەوتووەکەی ئیتاڵیا دۆزرانەوە، تا ئێستاش 43 کۆچبەر بێ سەروشوێنن و 11 کۆچبەریش رزگارکراون. ئاژانسی هەواڵی ئانسای ئیتاڵی ئەوەشی خستەڕوو، لەلایەن كەشتی دایلۆی پاسەوانی كەناراوەكانی ئیتاڵیا، ئەمڕۆ نۆ تەرمی دیكە دۆزرانەوە كە پەیوەندییان بە رووداوی نقومبوونی بەلەمەكەی ئاوی ئیتاڵیاوە هەیە. ئاماژە بەوەشکراوە، تا ئێستا 17 تەرم لەلایەن پاسەوانی كەناراوەكانی ئیتاڵیاوە دۆزراونەتەوە لەكۆی زیاتر لە 60 كۆچبەر كە تا ئێستا بێ سەروشوێنن و 11 كۆچبەریش رزگاركراون كە بەشێكی زۆریان كوردی هەرێمی كوردستان و رۆژهەڵاتی كوردستانن.
هاوڵاتی بەهۆی تەقینەوەی كۆگایەكی چەك دوو ئەندامی پاسەوانی سنوور برینداربوون. لە رۆژئاوای موسڵ ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی حوزەیرانی 2024، سەرچاوەیەكی ئەمنی بە میدیا عێراقییەكانی راگەیاند، تەقینەوەیەك لە كۆگای چەك و تەقەمەنی پاسەوانی سنور لە نزیك گوندی ئوم زیبان لە قەزای بێعاجی موسڵ ڕوویداوە. ئەوەشی خستۆتەڕوو، بەهۆی تەقینەوەكەوە دوو ئەندامی پاسەوانی سنور برینداربوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە كراون و تیمەكانی بەرگری شارستانی گەیشتونەتە شوێنەكە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكە. ئاماژەی بەوەشکرد، لێكۆڵینەوە لە ڕوودانی تەقینەوەكەوە دەستیپێكردووە و بەپێی ئاماژەكان تەقینەوەكە بەهۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەكانی گەرماوە روویداوە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی حوزەیرانی 2024، لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی رەوتی بەرەی گەل رایگەیاند، هاوڵاتییان لەبەر نائومێدیان لەم دەسەڵاتە ڕێگەی مەرگ دەگرنەبەر و کاتی ئەوەیە لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە گۆڕانکاری دروست بکەن. لاهور شێخ جەنگی وتی، هەبوونی خەلەلێک وادەکات هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان سەر هەڵگرن و ئەم وڵاتە بەجێ بهێڵن. دەشڵێت، دەبێت لەمەودوا خەڵک هۆشیار بێتەوە، چیتر بەم شێوەییە نەژی و کاتی ئەوە هاتووە گۆڕانکاری بکەن دژی ئەم دەسەڵاتە. ئەوەشی خستۆتەڕوو، تا دێت هەڵبژاردن شەرعیەت لەدەست دەدات ئەوەتا بەچاوی خۆمان دەی بینین ڕۆژانە چەندین کەس ڕێگای مەرگ دەگرنەبەر و لەبەر نائومێدیان لەم وڵاتە دەڕۆن.
بەرگریی شارستانیی هەرێم، چەند رێنماییەکی خۆپارێزی لە بەرزبوونەوەیی پلەی گەرمی وەرزی هاوین بڵاوکردەوە
هاوڵاتی ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی حوزەیرانی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێم چەند ڕێنماییەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سەبارەت خۆپارێزی هاوڵاتییان لە هاتنی وەرزی هاوین و گرتنەبەری خۆپارێزی بۆ ئەوەی دووربن لە رووداوی نەخوازراو. بۆ رێگریکردن لە ئەگەری روودانی سووتانی ئۆتۆمبێل لە وەرزی هاویندا دەڵێت، کە لە کاتی وەستانی ئۆتۆمبێلدا، نابێت چەند کەرەستەیەک لەناو ئۆتۆمبێلدا جێبهێڵرێن، وەک، خواردنەوە گازییەکان بە هەموو جۆرەکانیەوە، چەرخ، بتڵی ئاو، بۆن، پاوەربانک و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بە گشتی. ئەوەشی خستەڕوو، لەکاتی وەستانی ئۆتۆمبێلدا، پێویستە کەمێک جامی ئۆتۆمبێلەکە بکرێتەوە، هەروەها تانکی سووتەمەنیش پڕنەکرێت و تایەی ئۆتۆمبێلیش زیاد لەپێویست پڕهەوا نەکرێت، بەتایبەتی لەکاتی گەشت و رێگا دوورەکاندا. دەشڵێت، بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی شلەمەنی لە لەشدا، پێویستە بڕێکی زۆر لە ئاو و شلەمەنی بخورێتەوە و بەکارهێنانی چەتری پارێزەر لە تیشکی بەتینی خۆر دروستترین ڕێکارە بۆ سەلامەتیی پێستی مرۆڤ. جەخت لەوەشکراوەتەوە، لەبەر تیشکی خۆردا بتڵی غازی چێشتلێنان دادەنرێت، هەروەها پێویستە دڵنیابنەوە لەوەی سویچی کارەبا لۆدی زۆریان لەسەر نەبێت، ئامێری فێنککەرەوە تەنیا لە شوێنی پێویستدا کاربکات و وایەرەکانی کارەبا لۆدی زیاد لە توانای دیاریکراوی خۆیان نەخرێتە سەر و تەقسیمی کارەبایی بۆ چەند ئامێرێک بەکار نەهێنرێت. لە کۆتایی راگەیاندراوەکەدا هاتووە، داوا لە هاووڵاتیان دەکات، کە لە ئەگەری روودانی حاڵەتی نەخوازراودا پەیوەندیی بکەن بە ژمارە 115ی کۆنترۆڵی بەرگریی شارستانییەوە.
هاوڵاتی بە هۆکاری سووتانی 500 دۆنم پووش و پاوان و زیانگەیاندن بە نزیکەی 60 هەزار دار هاوڵاتییەک لە ناحیەی عەربەت دەستگیرکرا. ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی حوزەیرانی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی رایگەیاند، "لە ئەنجامی ئەم ئاگرەی کەوتەوە لە سنووری گوندەکانی (وێلەکەو دەربەندفەقەرە) لە سنوورى ناحیەی عەربەت 500 دۆنم پووش و پاوان سووتاوە و بەپێی زانستی دارستان هەر دۆنمێک 120 داری سروشتی تێدابووە کەبووە بەهۆی زیاندگەیاندن بە 60 هەزار داری سروشتی". ئاماژە بەوەکراوە، "دوای ئاگادارکردنەوە لەبوونی کەوتنەوەی ئاگر لە سنووری ئاماژەبۆکراوی سەرەوە دەستبەجێ مەفرەزەیەک لەکارمەندانی (بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی عەربەت) گەیشتنە شوێنی ئاگرەکە بەمەبەستی کوژاندنەوەی ئاگرەکەو بەدواداچوون بۆ هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی سەرەتایی لەکاتی ڕووداوەکە هاوڵاتییەک بە تۆمەتی کەوتنەوەی ئاگرەکە دەستگیرکرا". ئەوەشخراوەتەڕوو، "سەرەنجام بەهاوکاری (تیمی فڕۆکەوانی پارێزگای سلێمانی ) و بنکەکانی بەرگری شارستانی (عەربەت + ئازادی + تانجەرۆ ) و هاووڵاتیانی سنوورەکە توانرا ئاگرەکە لەماوەی چوار کاتژمێر کۆنترۆڵ بکەن". لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕێکخراوە لە بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی عەربەت بۆ وەرگرتنی رێکاری یاسایی".
هاوڵاتی رۆژی چوارشەممە 19ی حوزەیرانی 2024، ژمارەی ئەو حاجیانەی کە بە هۆی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 922 کەس، هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە حاجییەکانیش بێسەروشوێنن و بنەماڵەکانیان نیگەرانن. دیپلۆماتێکی عەرەب بە پەیامنیری فەرەنسای راگەیاندووە، "1400 حاجی خەڵکی میسر بێسەروشوێنن و لەو ژمارەیە 600 کەسیان گیانی لە دەستداوە و پێش بینی دەکرێت ژمارەی حاجییە میسرییەکان کە گیانیان لە دەستداوە زۆر زیاتر بێت". بەشی زۆری ئەو حاجیانەی لە حەجی ئەمساڵدا گیانیان لە دەستداوە، بە ڤیزەی حەج سەردانی سعودیەیان نەکردووە. جگە لە میسر، ژمارەیەکی زۆر حاجی لە مەراسیمی حەجی ئەمساڵ گیانیان لە دەستداوە، لە ئەمساڵدا 19 حاجی لە هەرێمی کوردستان گیانیان لە دەستداوە. هەروەها 11 حاجی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لە دەستداوە. 68 حاجی خەڵکی هێندستان، 20 حاجی خەڵکی ئەردەن، هەروەها ژمارەیەک حاجی لە وڵاتانی ئەندۆنزیا، توونس، سەنگال گیانیان لەدەستداوە. ساڵی رابردوو 200 حاجی لە مەراسیمی حەجدا گیانیان لە دەستدا کە زۆربەیان خەڵکی ئەندۆنوزیا بوون.
هاوڵاتی ئەمڕۆ لە رێگەی نێوان شاریا و چیای زاوا لە سنووری پارێزگای دهۆک تەرمی پیاوێک لە ئۆتۆمبێلەکەیدا دۆزرایەوە. بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی حوزەیرانی 2024، لە رێگەی نێوان شاریا و چیای زاوا لە سنووری پارێزگای دهۆک تەرمی پیاوێک لە ئۆتۆمبێلەکەیدا دۆزرایەوە و هێزە ئەمنییەکان چوونە شوێنی رووداوەکە. بەپێی زانیارییەکان بێت، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە ناوی "ئەحمەد حەیدەر ئیلیاس"ە و تەمەنی 70 ساڵە، خەڵکی شنگالە، بەڵام دانیشتووی ناحیەی فایدە بووە، دوای سێ رۆژ لە بێسەروشوێنبوونی، تەرمەکەی دۆزراوەتەوە. هەروەها بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان بێت، ئەو هاولاتییە بەهۆی جەڵتەوە گیانی لەدەستداوە و تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی دهۆک کراوە.
هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد دەستەی گەشتوگوازی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەدەکات، ئەو پلانەی دانرابوو بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران لە رۆژانی جەژندا سەرکەوتووبووە. ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی حوزەیرانی 2024، ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە هاوڵاتی راگەیاند، "دوای کۆکردنەوەی ئامارەکان لە رۆژانی داهاتوودا رێژەی هاتنی گەشتیاران لە رۆژانی جەژندا بۆ هەرێمی کوردستان بڵاودەکەینەوە، بەڵام پێش جەژن پێشبینیمان کردبوو کە لە رۆژانی پشووی جەژندا زیاتر لە 300 هەزار گەشتیار بێتە هەرێمی کوردستان، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بازگەکان وەرمانگرتووە پێدەچێت ژمارەکە لەوەزیاتربێت". ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو پلانەی دەستەی گشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران داینابوو لە پشووەکانی رۆژانی جەژندا بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان پلانەکە بە سەرکەوتووی جێبەجێکراوە و بەشێوەیەکی زۆرباش پێشوازی لە گەشتیاران کراوە".
هاوڵاتی لەدوای جەژن کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەڕێوەدەچێت و ئامانج لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە، چالاک کردنەوەی ئەنجومەنەکەیە. ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی حوزەیرانی 2024، د. ئەحمەد کەرکوکی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک رایگەیاند، لەدوای کۆتایی هاتنی جەژنی قوربان دەبێت یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئەنجامبدرێت، بۆ ئەمەش رێکەوتنێکی سەرەتایی لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی شارەکەدا کراوە. ئاماژەی بەوەشکردوە، کۆبوونەوەکە بۆ چالاک کردنەوەی ئەنجومەنەکەیە، لەدوای ئەوە لایەنە براوەکان 30 رۆژیان لەبەردەمدایە بۆ رێکەوتن لەبارەی یەکلاکردنەوەی پۆستە ئیدارییەکانی پارێزگاکە و پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیەتی پارێزگای کەرکوک.
هاوڵاتی وەفدێک لە لایەن حوکمەتی هەرێمی کوردستانەوە رۆیشتە ئیتاڵیا بۆ لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە رووداوی بەلەمە ژێر ئاو کەوتووکە. ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی حوزەیرانی 2024، حکومەتی ھەرێمی کوردستان وەفدێکی ڕەوانەی ئیتاڵیا کرد بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە ڕووداوی بەلەمە ژێرئاوکەوتووەکەی سنوری ئاویی ئیتاڵیا. فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ حکومەتی ھەرێم وەفدێکی ڕەوانەی ئیتاڵیا کرد، بۆ ئەوەی بە ھەماھەنگی لەگەڵ نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێم لەو وڵاتە پەیوەندی بە دامەزراوە ڕەسمییەکانی ئیتاڵیا بکەن و سەردانی شوێنی ڕووداوەکە لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا بکەن. ئاماژە بەوەشکراوە، وەک حکومەتی ھەرێم کەسوکاری قوربانیان و ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان دڵنیا دەکەنەوە ھەموو ھەوڵێک دەخەنە گەڕ بۆ بەدواداچوونی چارەنووسی قوربانیان، ھاوکات ئامادەی ھەموو ھاوکاری و ھەماھەنگیەکن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، داواش لە ھاووڵاتیان دەکات زانیاری دەربارەی ئەم ڕووداوە تەنھا لە لایەنی ڕەسمی وەربگرن.
هاوڵاتی بەرەی گەل، بێدەنگی و بێهەڵوێستی حکومەت و دەسەڵات، بەرامبەر بە یەختەکەی کەناراوەکانی ئیتالیا مایەی شەرمەزارییە ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی حوزەیرانی 2024، بەری گەل راگەیەندراوێکی بڵاوکردوە و رایگەیاند، جارێکی تر و لە هەواڵێکی تری جەرگبڕ و کارەساتاویدا ، هەواڵی ژیان لە دەستدانی چەندین هاونیشتیمانی هەرێمی کوردستان لە یەختێکدا نزیک کەناراوەکانی ئیتاڵیامان پێ گەیشت. دەشڵێت، لە کاتێکدا هاوخەمی خۆمان بە کەس و کاری ئەو قوربانیانە رادەگەیەنین و بەشداری پرسە و ماتەمیانین، لە هەمان کاتدا ئیدانەی بێدەنگی و بێ هەڵوێستی بەرپرسانی حکومەت دەکەین. ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو بێدەنگی و بێ هەڵوێستییەی حکومەت و دەسەڵات، مایەی شەرمەزارییە و پێویستە دەستبەجێ بەدەم کەس و کاری ئەو قوربانیانەوە بڕۆن و هاوکاریان بن لە هێنانەوەی تەرمەکان. کارەساتی لەمجۆرە پێویستی بە بەدەمەوەچوونی خێرا و دەستبەجێ هەیە، ئەوەی رودەدات لە خەمساردی لوتکەی نابەرپرسیارێتییە بەرامبەر هاونیشتیمانیان. سەبارەت بە کۆچکردنی هاوڵاتیان ئەوەی خراوەتەڕوو، ئەو خێزانانە لە دەسەڵاتی خراپی پارتی و یەکێتی رادەکەن، لە هەرێمێک را دەکەن کە خوای گەورە هەموو جۆرە سەرچاوەیەکی بۆ ژیانێکی شایستە و شەرەفمەندانە پێ بەخشیوە بەڵام گەندەڵی و تاڵانی و چەتەیی و هەموو جۆرەکانی بەدکاری وایکردوە خەڵک رێگای مەرگ بگرنە بەر و وڵاتەکەی خۆیان و دۆست و کەس و کاریان بە دوای ژیانێکدا کە شایستەی ژین بێت جێدەهڵێن. لە کۆتایی راگەیەندراوەکەشدادەڵێت، جارێکیتر پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کەس و کاری قوربانیەکان دەکەین ، خوای گەورە سەبوری کەس و کاریان بدات.
رۆژی هەینی 21ی حوزەیران، قەدەغەی ڕاوکردنی ماسی لە ھەرێمی کوردستان ھەڵدەگیرێت و ڕاوکردنی ماسی دەستپێدەکاتەوە. ئەمڕۆ چورشەممە 19ی حوزەیرانی 2024، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێم رایگەیاند، ڕۆژی 20ی حوزەیران دوایین وادەی وەرزی قەدەغەی ڕاوکردنی ماسییە لە ھەرێم و تا ئێستا ھیچ بڕیارێک بۆ درێژکردنەوەی وادەکە نەدراوە، بەو پێیەش ڕۆژی ھەینی ڕاوکردنی ماسی دەستپێدەکاتەوە. جێگای ئاماژەیە ساڵانە لە 15ی ئادارەوە بەھۆی دانانی گەرا و ھێلکە لەلایەن ماسییەکانەوە، ڕاوکردنی ماسی لە ھەرێم تاوەکو 15ی حوزەیران قەدەغە دەکرێت، بەڵام ئەمساڵ وادەکە بۆ 20ی حوزەیران درێژکرایەوە.
هاوڵاتی ئەمرۆ چوارشەممە 19ی حوزەیرانی 2024، ناوەندی هەواڵگری فیدراسیۆن بە بۆنەی رۆژی جیهانی پەنابەرانەوە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەپێی ئاماری فەرمی هەمان ڕێکخراو لە 1،5% لە کۆی دانیشتوانی سەر زەوی ئاوارەو پەنابەرن وە لە کۆی 69 کەس لە دانیشتوانی سەر زەوی یەک کەس پەنابەرو ئاوارەیە. دەشڵێت، بە پێی شەشە مانگی رابردووی ئەم ساڵ، تا كۆتایی ساڵی رابردوو، 117ملیۆن و 300 هەزار کەس بەهۆی پشێویی سیاسی و جەنگ و کێشەی ئاینی ئاوارە بوون و لە ماوەی 4 مانگی سەرەتایی ئەم ساڵدا بەهۆی ئاوارەبونی پەنابەربوونی خەڵکانێکی زۆر ژمارەکە 120 ملیۆنی تێپەڕاندووە. دهقی بهیاننامهكهی ناوەندی هەواڵگری فیدراسیۆن، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی پەنابەرانەوە فیدراسیۆن ئاماری شەش مانگی ڕابردووی ئەم ساڵ بڵاو دەکاتەوە بەپێی ئاماری فەرمی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران UNHCR کۆی گشتی ئەوکەسانەی بەهۆی نائارامی و پشێوی سیاسی و جەنگ و کێشەی ئاینیەوە بەناچاری ئاوارەو پەنابەربوون تا کۆتایی ساڵی 2023 گەیشتە 117ملیۆن و 300 هەزار کەس. هەروەها بەپێی ئاماری هەمان ڕێکخراو دەڵێت بەپێی چاودێریمان لە ماوەی 4 مانگی سەرەتایی ئەم ساڵدا بەهۆی ئاوارەبونی پەنابەربوونی خەڵکانێکی زۆر ژمارەکە 120 ملیۆنی تێپەڕاندووە لە کاتێکدا تا کۆتایی ساڵی 2022 ژمارەکە 110 ملیۆن کەس بوە واتا لەماوەی ساڵێکدا لە 10% زیادی کردووە. هەروەها بەپێی ئاماری فەرمی هەمان ڕێکخراو لە 1،5% لە کۆی دانیشتوانی سەر زەوی ئاوارەو پەنابەرن وە لە کۆی 69 کەس لە دانیشتوانی سەر زەوی یەک کەس پەنابەرو ئاوارەیە لە کاتێکدا لە ساڵی پار لە هەمانکاتدا لە کۆی 74 کەسدا یەک کەس ئاوارەو پەنابەر بوو وە لەماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا لە کۆی 125 کەس یەک کەس ئاوارەو پەنابەربوون واتا ڕێژەکە نزیکی نیواو نیو زیادی کردووە . ژمارەی ئەو کەسانەی لەناوخۆی ووڵاتەکانیان ئاوارەبوون تا کۆتایی ساڵی 2023، بریتیە لە 68 ملیۆن و 300 هەزار کەس کە 9ملیۆن و 100 هەزار کەسیان سۆدانین بەپلەی یەکەم دواتر سوری بەپلەی دووەم بە 7ملیۆن و 200 هەزار دواتر کۆماری کۆنگۆی دیموکراتی بەپلەی سێیەم بەژمارە 6 ملیۆن و 700 هەزار کەس ، ئەمە لەکاتێکدا لە کۆتایی ساڵی 2022دا ژمارەی ئەو کەسانەی بەناچاری لە ناو خۆی ووڵاتەکانیان ئاوارەببون بریتیبوو لە 62ملیۆن و 500 هەزار کەس وە لە کۆی 117ملیۆن و 300 هەزار ئاوارەو پەنابەر لەسەراسەری جیهاندا 58% ئاوارەی ناوخۆی ووڵاتەکانیانن. ژمارەی ئەو ئاوارەو پەنابەرانەی گەڕاونەتەوە ووڵات و ناوچەکانیان بەم شێوەیەیە: ئاوارە: 5ملیۆن و 100 هەزار ئاوارەی ناوخۆ گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان کە لەو ژمارەیە لە62% پێک دێن لە کۆماری کۆنگۆی دیموکراتی بە یەک ملیۆن و 800 هەزار ئاوارە ئۆکرانیا بە یەک ملیۆن و 300 هەزار ئاوارە . پەنابەر: یەك ملیۆن و 100 هەزار پەنابەری 39 ووڵات لە 93 ووڵاتەوە گەڕاونەتەوە ووڵاتەکانیان ، بەڵام ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران UNHCR سەبارەت بە گەڕانەوەی ئەو پەنابەرو ئاوارانە بۆ ووڵات و ناوچەکانیان دڵگرانەو دەڵێن ناوچەو ووڵاتەکانیان هێشتا ئارام نیەو گەڕانەوەیان مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەکات و مانەوەیان درێژە ناکؽشێت. بەپێی ئاماری هەمان ڕێکخراو زۆرترین ئەو کەسانەی ڕوو لە ژیانی پەنابەرێتی دەکەن لەسەراسەری جیهاندا: بریتین لە پەنابەرانی سوری و ئەفغانی لە پلەی یەکەمدا بەڗێژەی 6ملیۆن و400 هەزار بۆ هەریەکەیان کە یەك لەسەر سێی پەنابەران پێک دەهێنن دواتر پەنابەرانی فەنزویلا بەپلەی دووەم بەڕێژەی 6ملیۆن و 100 هەزار وە لە پلەی سێیەم پەنابەرانی ئۆکرانی بەڕێژەی 6 ملیۆن پەنابەر: ژمارەی ئەو پەنابەرانەی تا کۆتایی ساڵی 2023 ڕەوانەی ووڵاتانی سێیەم کراون : بریتیە لە 158هەزارو 700 پەنابەر کە ڕێژەکە لەئاست ساڵی 2022دا بە ڕێژەی 35% زیادی کردووە بەڵام ڕێکخراوەکە دەڵێت هێشتا دوو ملیۆن پەنابەر پێویستیان بەوەیە ڕەوانەی ووڵاتانی سێیەم بکرێن ، هەروەها ئەو پەنابەرانەی ڕەوانەی ووڵاتانی سێیەم دەکرێن لەڕێگای هەمان ڕێکخراوەوە لە کۆتایی ساڵی 2023 دا 30 هەزارو 800 پەنابەر بونەتە خاوەن ڕەگەزنامەی ئەو ووڵاتانەی بۆی نێردراون و سەقامگیربوون. ئاماری فەرمی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی IOM لەماوەی شەش مانگی سەرەتایی ئەم ساڵەوە: دووهەزارو 56 پەنابەر بۆ گەیشتن بە ووڵاتانی ئەوروپا ژیانیان لەدەستداوە ئەم ژمارەیەش لەئاست ساڵی پاردا لە هەمانکاتدا نزیکی دوو هێندە زیادی کردووە . لە کۆتایی ساڵی 2023دا ژمارەکە بەرزبۆتەوە بۆ 65هەزارو 400 پەنابەر کە زۆرینەیان لەدەریایی سپی ناوەڕاست ژیانیان لەدەست دابوو کە بریتیە لە 23هەزارو 524 پەنابەر وە ئەو پەنابەرانەشی ژیانیان لەدەست داوەو تەرمەکانیان نەدۆزراوەتەوە بریتیە لە 27هەزارو 117 پەنابەر. بەپێی ئاماری هەمان ڕێکخراو خوێناویترین ساڵ بۆ پەنابەران لەساڵی 2023دابوو : کە زیاتر لە هەشت هەزار پەنابەر ژیانیان لەدەست دابوو. ئامارەکانی تورکیا: بەپێی ئاماری فەرمی سەرۆکایەتی کۆچ و کۆچبەرانی تورکیا لەڕێکەوتی 1/1/2024 تا ڕێکەوتی 6/6/2024 ژمارەی ئەو پەنابەرانەی لەسنورە ووشکانی ئاویەکانی تورکیا دەستگیرکراون بریتیە لە 95هەزارو 827 پەنابەر کە ڕێژەکە لەئاست ساڵی پار لە هەمانکاتدا زۆر زیادی کردووە کە بریتی بوو لە 63 هەزارو 458 پەنابەر هۆکارەکەش دەگەڕێتەوە بۆ توندوتوڵکردنی سنورەکان لەلایەن تورکیاوە بە هاوبەشی لەگەڵ یۆنان ژمارەی دەستگیرکراوانی پەنابەرانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەو ژمارەیە بریتیە لە 3هەزارو 255 پەنابەر کە ژمارەکە زۆر زیادی کردووە لەئاست ساڵی پاردا لە هەمانکاتدا کە بریتی بوو لە 2هەزارو 310 پەنابەر کە پلەی حەوتەمی پەنابەرە دەستگیرکراوەکاندان. پەنابەرانی ئەفغانی لەپلەی یەکەمی دەستگیرکراوەکاندان بە ژمارە 30 هەزارو 247 پەنابەر . پەنابەرانی سوری لە پلەی دووەمدان بەژمارە 19هەزارو 80 پەنابەر . وە پەنابەرانی تورکمانستان لەپلەی سێیەمدان بەژمارە 6هەزارو 490 پەنابەر. سەبارەت بە ئاماری ئەو پەنابەرانەی لەسنورەکانی تورکیا ژیانیان لەدەستداوە لەڕێکەوتی 1/1/2024: تاڕێکەوتی 6/6/2024 بریتیە لە 79 پەنابەر خۆش بەختانە ژمارەکە زۆر کەمی کردووە لە ئاست ساڵی پاردا لە هەمان کاتدا کە بریتی بوو لە ژیان لەدەستدانی 117 پەنابەر. سەبارەت بە ئاماری دەستگیرکردنی ئەو قاچاخچیانەی بازرگانی بەژیانی پەنابەرانەوە دەکەن لە ڕێکەوتی 1/1/2024 تا ڕێکەوتی 6/6/2024 : بریتیە لە 5 هەزارو 458 قاچاخچی کە ژمارەکە زۆر زیادی کردووە لە ئاست ساڵی پار لە هامانکاتدا کە بریتی بوو لە 3هەزارو 178 قاچاخچی . فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی ١٩/٦/٢٠٢٤
هاوڵاتی ئەم 1000 خوێندنگەیە بەسەر سەرتاسەری عێراقدا دابەشدەبن، بە هاوبەشی لەنێوان چین و وەزارەتی پەروەردە دروستدەکرێن. ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی حوزەیرانی 2024، وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیان، "تا کۆتایی ئەمساڵ 1000 خوێندگەی نوێ دروستدەکرێن و دەچنە خزمەتەوە بۆ ساڵی نوێی خوێندن و قەیرانی نەبوونی خوێندنگە چارەسەر دەبێت". لەم بارەیەوە کەریم سەید، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق ئەوەی خستەڕوو، ئەم 1000 خوێندنگەیە بەسەر سەرتاسەری عێراقدا دابەشدەبن، بە هاوبەشی لەنێوان چین و وەزارەتی پەروەردە دروستدەکرێن. ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵەکان لەپێناو چارەسەرکردنی قەیرانی کەمی خوێندنگەکانن و کار لەسەر پڕۆژەی هەمەجۆر دەکرێت لەپێناو باشترکردنی سیستمی پەروەردە لە عێراق.
هاوڵاتی سەڵاحەدین دەمیرتاش پشتیووانی لە جێرمی كۆربین دەكات بۆ هەڵبژاردنەكانی بەریتانیا و لە بەرامبەردا، كۆربین سوپاسی پشتیووانیەكەی دەمیرتاش دەكات. سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی زیندانیكراوی هەدەپە لە زیندانەوە نامەیەكی پشتیووانی بۆ جێرمی كۆربین دەنوسێت و پشتیووانی دەكات بۆ هەڵبژاردنی 4ی تەمموزی بەریتانیا. ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی حوزەیرانی 2024، جێرمی كۆربین لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی، "سوپاس بۆ نامەی پشتیووانیەكەت دەمیرتاش، ئەو نامەیەی لە زیندانی توركیاوە نوسراوە و بە ناڕەوا دەستبەسەركراوە، دەبێت خەبات بۆ ئازادای و ئاشتی و دادپەروەری لە توركیا و لە تەواوی جیهان سەركەوێت". جێگای ئاماژەیە، كۆربین كە لە ساڵی 2015- 2020 سەرۆكی پارتی كرێكارانی بەریتانیا بووەو لە 1983ەوە نوێنەری ناوچەكەی خۆیەتی ( Islington North) لە پەرلەمانی بەریتانیا. ناوەڕۆکی نامەکەی پشتیوانیی سەڵاحەدین دەمیرتاش بۆ جێریمی کۆربین بۆ هەڵبژاردنەکانی 4ی تەمموزی 2024، بەڕیتانیا. "جێریمی کۆربین لەسەر Islington North وەک سەربەخۆ خۆی بەربژێر کردووە". "Islington North بازنەیەکی هەڵبژاردنە لە لەندەن، لە ساڵی 1983ەوە کۆربین نوێنەرایەتیی ئەو بازنەیەی هەڵبژاردن دەکات و بەبەردەوامی ئەو کورسییەی بردۆتەوە". "جێریمی کۆربین پشتیووانییەکی سەرسەختی گەلی کورد و فەڵەستینە". "لە هەرکوێیەک چەوسانەوە هەبوبێ، ئەو دژی بوە و لەگەڵ چەوساوان و دژ بە چەوسێنەر بووە".
