هاوڵاتی میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە کە تەنها لە یەک رۆژدا لە سێ زانکۆی وڵاتەکە 10 مامۆستای زانکۆ لە کار دوورخراونەتەوە. دوورخستنەوەی مامۆستاکان لەکاتێکدایە کە ساڵیادی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی و خۆپیSاندانەکانی ساڵی رابردوو نزیک بووەتەوە کە بە "شۆرشی ژن، ژیان، ئازادی" ناسراوە. بەپێی زانیارییەکان، لەگەڵ دەستپێکی کردنەوەی زانکۆکانی ئێران، فشار بۆ سەر خوێندکاران و مامۆستایان دەستیپێکردووە و لە یەک رۆژدا لە زانکۆکانی شەریف، عەلامە و تاران 10 مامۆستای زانکۆ لەسەر کار لابراون و یان کارەکانیان هەڵپەسێردراوە. دەرکردنی مامۆستایانی زانکۆکان بە هۆی پشتیوانیانە لە خوێندکاران. بە پێی زانیارییەکان، لەڕیی تەلەفۆنەوە بە  حەمیدە خادمی و ئامینە عالی، دوو مامۆستای زانکۆی عەلاممە تەباتەبایی تاران راگەیەندراوە نەگەڕێنەوە بۆ زانکۆ و لەسەر کار دەرکراون. هاوکات ئەنجومەنی پیشەیی خوێندکاران باسی لە دەرکردنی حەوت مامۆستای کۆلێجی ئەدەبیاتی زانکۆی تاران کردووە. هاوکات عەلی شەریف زارچی، ئەندامی لێژنەی زانستی بایۆئێنفۆرماتیک و ژیری دەستکردی کۆلێجی ئەندازیاری کۆمپیۆتەری زانکۆی شەریف، رۆژی شەممە  ٢٦ی ئاب، رایگەیاند لە سەر کار دەکراوەو نامەی دەرکردنیان پێداوە.

هاوڵاتی وتەبێژی تایبەتی کاروبارەکانی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی رایگەیاند، مەکتەبی سیاسی بڕیاریدا کە ئەندامانی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی 600 ئەندام بن و هەریەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵا، مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی بەشدار دەبن و بەشێکیش لەئەندامان جێگیرن. تەلار لەتیف، وتەبێژی تایبەتی کاروبارەکانی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی بەمیدیای فەرمی یەکێتی رایگەیاند، "لەکۆبونەوەی ئەمڕۆی مەکتەبی سیاسی لەهەولێر بڕیاردرا ئەندامانی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی 600 ئەندام بن و لەکۆبونەوەکەدا پەسندکرا، هاوکات هەریەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵا و مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی بەشدار دەبن و بەشێکیش لەئەندامان جێگیرن". ووتەبێژی کۆنگرەی پێنج باسیلەوەشکرد، بڕیارەکە لەکۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی  پەسەندکراوە و ئەو لیژنانەی پێکهێنراون  میکانیزمی بەشداریکردنی ئەندامانی کۆنگرە  بۆ مەکتەب و  ئۆرگانەکانی یەکێتی دیاریدەکات و دواتر مەکتەبی سیاسی پەسەندی دەکات.  تەلار لەتیف ووتیشی "هەفتەی داهاتوو تەواوی وردەکارییەکانی  کۆنگرە پەسەند دەکرێن لەکاتێکدا بەپێی پەیڕەوی هەموارکراو  دەسەڵاتی پەسەندکردن دوای رەزامەندی سەرۆکی یەکێتی لای مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دەبێت.

هاوڵاتی سەرۆکی هەرێم لە رێوەڕەسمی دەرچوونی 60 کەس لە خولی پەیمانگەی دادوەراندا لە وتارێکدا وتی،" ناڵێین هیچ کێشە و گوشارێکی سیاسی لەبەردەم سەربەخۆیی دادوەرییدا نییە و کار بۆ چاککردنی دەکەین." نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە لە وتارێکدا لە مەراسیمی رێوڕەسمی خولی چوارەمی پەیمانگەی دادوەری رایگەیاند، "بۆ ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان سه‌ربه‌خۆیی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ دادوه‌ری‌ و سه‌روه‌ری‌ یاسا كۆڵه‌كه‌یه‌كی‌ سه‌ره‌كی‌ حوكمڕانییه‌كی‌ دروست و سه‌ركه‌وتووه‌ له‌ وڵاتدا". ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "یاسا ده‌سه‌ڵاتی به‌ دادوه‌ر داوه‌ كه‌ ئازادبێت، ئه‌ركی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی و دادوه‌رانه‌ كه‌ سه‌ربه‌خۆیی خۆیان بپارێزن و ئه‌ركی دادوه‌ره‌ كه‌ قبوڵی نه‌كات و رازی نه‌بێت هیچكات كه‌س و لایه‌نێك هیچ شتێك به‌سه‌ریاندا بسه‌پێنێت" سەرۆکی هەرێم لە وتارەکەیدا بە دادوەرانی وت،"بونە دادوەر ئەرکێکی سەخت و بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە بەرامبەر بە خودا، ویژدان، کۆمەڵگە و مرۆڤایەتی، ئێوە راستەوخۆ کارتان لەگەڵ داوا و مافی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و بەرژەوەندیی گشتیدایە و پارێزەری مافەکانیانن هاوکات  بۆ ئەوەی هاوڵاتی متمانەی بە دەسەڵاتی دادوەری و دادگە هەبێت، دەبێت دڵنیابێت لەوەی مافەکانی دەپارێزرێن، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی دادوەری یاسا و دادپەروەری جێبەجێ بکات، بۆ ئەوەی بەڕاستی جێگەی متمانە و پارێزەری مافی هەموان بێت". سەبارەت بە ڕەوشی دادوەر و سەروەری یاسا لە هەرێم نێچیرڤان بارزانی وتی،" بێگومان نەماوتوە و ناڵێین لە هەرێمی کوردستان هیچ کێشەیەک لەبەردەم سەربەخۆیی دادوەری و سەروەری یاسادا نییە؛ ناڵێین هەمو شتێکی دەسەڵاتی دادوەری دروستە و لەژێر هیچ گوشارێکی سیاسییدا نییە و کێشە و تەحەدای جددی لەبەردەم دەسەڵاتی دادوەری هەیە کە پێویستی بە چاککردنەوە و چاکسازییە."

هاوڵاتی  لە کۆنگرەی نائاسایی هەدەپەدا، هەریەک لە سوڵتان ئۆزجان و جیهاد کرکازاک، وەک هاوسەرۆکی نوێی گشتیی هەدەپە هەڵبژێردران. ئەمڕۆ یەکشەممە کۆنگرەی نائاسای پارتی دیموکراتی گەلان -هەدەپەیە بەڕێوەچوو تیایدا هەریەک لە سوڵتان ئۆزجان و جیهاد کرکازاک، وەک هاوسەرۆکی نوێی گشتیی هەدەپە هەڵبژێردران. وەکو بەرپرسانی هەدەپە باسیان کردوە: لە کۆنگرەکەدا ژمارەی ئەندامەکانی ئەنجومەنەکەیان لە 100 کەسەوە بۆ 50 کەس کەم دەکرێتەوە، لەهەمان کاتدا ئەرک و کارەکانی هەدەپە رادەستی پارتی چەپی سەوز دەکرێت و ئەگەری هەیە لە دوو مانگی داهاتودا، ئەو پارتەش کۆنگرەی خۆیان ساز بکەن. رۆژی 7ـی ئابی 2023، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی هەدەپە بە سەرۆکایەتیی میتحەت سانجار و پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکانی پارتەکە لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو. لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا رۆژی 27ـی مانگ کۆنگرەی نائاسایی بکەنو هەدەپە لەبەر ترسی داخستنی لەلایەن دادگای کۆماری تورکیاوە، بریاری داوە کارەکانی خۆی رادەستی پارتی چەپی سەوز بکات.

هاوڵاتی بە پێی هەواڵێک کە ماڵپەڕی کۆڵبەرنیوز بڵاوی کردۆتەوە، دوێنێ شەممە ٢٦ی ئاب، حەوت کۆڵبەری خەڵکی شارەکان سنە، بۆکان، سەردەشت و مەریوان لە بازاڕی سەرسنووری بانە لە لایەن هێزە سنوورییەکانەوە دەستبەسەر کراون و سووکایەتیان پێکراوەو لێیان دراوەو دوای ٨ کاتژمێر دەستبەسەر بوون بە وەرگرتنی بەڵێننامە ئازاد کراون. بە پێی ئەم راپۆرتە، ئەم کۆڵبەرانە کاتژمێر پێنجی بەرەبەیانی رۆژی شەممە دەستبەسەر کراون و ئەزیەت و ئازار دراون و سووکایەتییان پێکراوەو بە هۆی لێدانی زۆرەوە یەکێک لە کۆڵبەرەکان بە ناوی " محەممەد گرامیاری" خەڵکی سنە ئەژنۆ و دەست و رانی شکاوە. بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە ٦ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ دا لە کۆلبەر نیوز تۆمارکراون، بە گشتی ٦١ کۆلبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان ڕێگاکانی پارێزگاکانی ورمێ  کوردستان و کرماشان بە هۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە . بەپێی ئامارەکان  ١٨% ی کۆڵبەرەکان کوژراون و ٨٢% یان بریندار بوون. لە کۆی گشتی ئەو ٦١ کۆلبەرەی کە کوژراون و بریندار بوون، ٤٢ حاڵەتیان بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانەوە بووە.

هاوڵاتی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ژمارەی ئەو حزب و هاوپەیمانێتییانەی بڵاوکردەوە کە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەشداری دەکەن. بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، هاوپەیمانێتی و حزبە بەشداربووەکانی هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، بەمجۆرە دەبێت: 38 هاوپەیمانی بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکەن 28 حزب بەشدری هەڵبژاردنەکان دەکەن 8 حزب لە پێکهاتەکان بەشدارن 6022 کۆی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانن 4223 کاندیدی هاوپەیمانییەکانن 1729 کاندیدی حزبەکانن 16 کاندیدی مەسیحی 10 کاندیدی سابئە 13 کاندیدی کوردی فەیلی 5 کاندیدی شەبەک 4 کاندیدی یەزیدی  كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق رایگەیاند ،كۆی گشتی ئه‌وانه‌ی مافی ده‌نگدانیان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا هه‌یه‌ له ‌سه‌رتاسه‌ری پارێزگاكانی عێراقدا گه‌یشتووه‌ته‌ 27 ملیۆن و هەشت هه‌زار و 47 ده‌نگده‌ر. لە 18/12/2023، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 15 پارێزگا جگە لە هەرێمی کوردستان، بەڕێوەدەچێت.

هاوڵاتی وەزیری تەندروستیی تورکیا رایگەیاند، پێنج زمانی دیکە لە نێویاندا زمانی عەرەبی بۆ سیستمی رەچەتەی ئەلیکترۆنی زیادکراوە، بەڵام زمانی کوردی لە نێو زمانە زیادکراوەکاندا نییە.  فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستی تورکیا رایگەیاند، وەزارەتەکەی زمانەکانی  ئینگلیزی، ئەڵمانی، عەرەبی، فەرەنسی و ڕووسی بۆ سیستمی ئەلیکترۆنی دەرمان زیادکردووە و لەئێستادا ھاوڵاتیان دەتوانن بەو زمانانە زانیارییەکانی تایبەت بە دەرمان ببینن. زیادنەکردنی زمانی کوردی بۆ ئەو خزمەتگوزارییە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەشێكی بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا لە باکووری کوردستان و تورکیا ئاماژەیان بەوە داوە، "ئەگەر زمانی کوردی بۆ رەچەتەی ئەلیکترۆنی زیادکرابا، وڵاتی دابەش دەکرد؟"  لە یەکەم کاردانەوەشدا پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە) رەخنەی لە وەزیری تەندروستی تورکیا گرت کە زیادکردنەکە زمانی کوردی نەگرتووەتەوە، لەکاتێکدا  وەزیری تەندروستیی خۆی کوردە و بەشێکی زۆری دەنگدەرانی پارتەکەشی کوردن. لە باکووری کوردستان و تورکیا ملیۆنان کورد دەژین و تورکی تاکە زمانی فەرمییە. ئەو هاوڵاتییە کوردانەی لە تورکیا دەژین و تورکی نازانن، لە ناوەندە فەرمییەکاندا و لە سەنتەرەکانی پەیوەندی کە خزمەتگوزاری خێرا پێشکەش بە خەڵک دەکرێت، بەهۆی نەبوونی وەرگێڕ و بژاردەی زمانی کوردی، ناتوانن بە زمانی دایک گوزارشت لە کێشە و پێداویستییەکانیان بکەن.        

هاوڵاتی ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، شاندی تورکیا کە لەم دواییانەدا سەردانی عێراقی کردوە، شەش مەرجی پێشنیاز کردوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی خاو لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە. سەباح سوباحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت، مەرجەکانی تورکیا بریتین لە جێگیرکردنی کرێی گواستنەوەی نەوت تا بەندەری جەیھان کە تێچووی گواستنەوەی ھەر بەرمیلێک نەوتی بە ١٣ دۆلار خەمڵاندووە، ھەروەھا دوایکردووە بەغداد ئەو سکاڵایە لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی بکشێنێتەوە کە تایبەتە بە قەرەبووکردنەوەی ساڵانی ٢٠١٨ تا ٢٠٢٠ و لەسەر ئەنقەرەی تۆمارکردووە. باسی لەوەشکردوە، مەرجەکانی دیکەی تورکیا تایبەتن بە شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکانی تورکیا کە بە حەوت دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک مەزەندەی کردووە. ئەوەشی خستوەتەڕو، مەرجێکی دیکەی تورکیا ئەوەیە کە داوای شایستەکانی دەکات لەبری رێککەوتنە نەوتییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، سەرەڕای کۆمەڵێک مەرجی دیکە کە شاندەکەی تورکیا لەکاتی سەردانی بۆ عێراق خستویەتییە سەرمێزی گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، لەبەرامبەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لەڕێی بەندەری جەیهانەوە.

هاوڵاتی یووسف نووری وەزیری پێشوی  پەروەردەی ئێران رایگەیاند نزیکەی ٩ ملیۆن کەس لە ئێران نەخوێندەوارن.  هاوکات باسی لەوە کرد لە ئێستادا زیاتر لە ١٦٠ هەزار مناڵ لە خوێندن دوور کەوتوونەتەوەو بە گشتی لە سێ قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەییدا ٩٧٠ هەزار کەس لە خوێندن دوور کەوتوونەتەوە. بە گوێرەی ئەم ئامارانە نزیکەی ١٢٪ ی خەڵکی ئێران نەخوێندەواری تەواون هاوکات وەزیری پێشوی پەروەردەی ئەو وڵاتە ڕاشیگەیاند، "، مەبەست لە نەخوێندەواری تەواو، واتە توانای خوێندنەوەو نووسینیان نییە و تا دێ ئەم رێژەیە زیاتر ئەبێت.  باسی لەوەش کرد هەژاری و نەبوونی قوتابخانە لە گوندە دوورەدەستەکان، و تێچووی زۆری خوێندن و بێ هیوایی خەڵک لە خوێندن هۆکاری دابڕانی مناڵانن لە خوێندن.    

هاوڵاتی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بڕیارە ئەمڕۆ کۆنگرەی نائاسایی خۆی بکات و هاوسەرۆکی نوێ هەڵبژێرێت، ژمارەی ئەندامانی سەرکردایەتیش بۆ نیوە کەم بکاتەوە.  کۆنگرەکە لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا بەرێوەدەچیت و شەشەم کۆنگرەی پارتی دیموکراتی گەلان -هەدەپەیە و هەریەکە لە سوڵتان ئۆجان، ئەندامی دەستەی کارگێری حیزبەکە و جاهید کرکازاک ئەندامی دەستەی کارگێڕی پارتی چەپی سەوز و پارێزەری سەڵاحەدین دەمیرتاش کاندیدن بۆ هاوسەرۆکی نوێی هەدەپە. وەکو بەرپرسانی هەدەپە باسیان کردوە: لە کۆنگرەکەدا ژمارەی ئەندامەکانی ئەنجومەنەکەیان لە 100 کەسەوە بۆ 50 کەس کەم دەکرێتەوە، لەهەمان کاتدا ئەرک و کارەکانی هەدەپە رادەستی پارتی چەپی سەوز دەکرێت و ئەگەری هەیە لە دوو مانگی داهاتودا، ئەو پارتەش کۆنگرەی خۆیان ساز بکەن. رۆژی 7ـی ئابی 2023، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی هەدەپە بە سەرۆکایەتیی میتحەت سانجار و پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکانی پارتەکە لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو. لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا رۆژی 27ـی مانگ کۆنگرەی نائاسایی بکەنو هەدەپە لەبەر ترسی داخستنی لەلایەن دادگای کۆماری تورکیاوە، بریاری داوە کارەکانی خۆی رادەستی پارتی چەپی سەوز بکات.

هاوڵاتی دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نیودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، هیج لایەنێکی ناوخۆیی و دەرەکی بۆیان نییە دەستوەردان لە دەسەڵاتی دادوەری دادگاکان بکەن، دەشڵێت،  ئازاد نەکردنی گۆهدار زێباری بەهۆی ئەوەیە کە لەناو ئۆتۆمبێلەکەی  "دەستگیراوە بەسەر چەک و تەقەمەنی، بۆیە بە پێی یاسای چەک دۆسیەی بۆ کراوەتەوە." دیندار زێباری لە لێدوانێکدا سەبارەت بە دۆخی دادگاکانی هەرێم و دەستگیرکردنی رۆژنامەنوسان و چالاکوانان بە دەنگی ئەمریکای رایگەیاند، "لە هەرێمی کوردستان دادگاکان دەسەڵاتی سەربەخۆن و بڕیاری یاسایی خەسڵەتێکی تایبەتمەندە بە جومگەی هەرەمی دادوەری و هیچ لایەنێکی ناوخۆیی و دەرەکی بۆی نییە دەستوەردان لە کاروباری دادگا بکات." دیندار زێباری لەسەر ئازادنەکردنی گۆهدار زێباری، یەکێک لە سزادراوانی بادینان، وتی،"لەناو ئۆتۆمبێلی گوهدار دەستگیراوە بەسەر چەک و تەقەمەنی، بۆیە بەپێی یاسای چەک دۆسیەی بۆ کراوەتەوە." بڕیاروابوو لە 16ی ئابی 2023، رۆژنامەنوس گۆهدار زێباری ئازادبکرێت دوای ئەوەی کە ماوەی زیندانییەکەی تەواو بوو، بەڵام دۆسیەی هەڵگرتنی چەکی بۆ کرایەوە و بە تۆمەتی "هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت" ئازادنەکرا. دیندار زێباری لەو بارەیەوە وتی،"بەپێی یاسای چەک، هەرکەسێک بەبێ مۆڵەت چەکی پێ بگیرێت ڕووبەڕووی سزای زیندانیکردن یان پێ بژاردن دەبێتەوە. دۆسیەی گوهدار هێشتا لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدایە و ڕەوانەی دادگای تایبەتمەند نەکراوە بۆ دادگاییکردنی." ئەم وتانەی دیندار زێباری دوای ئەوە دێت کە رێکخراوەکانی چالاکی مەدەنی لە ناوخۆ و دەرەوە چەندین جار داوایان کردووە کە شێروان شێروانی و گۆهدار زێباری ئازاد بکرێن. لە مانگی تشرینی یەکەمی 2020 شێروان شێروانی و گۆهدار زێباری و چەند چالاکوان و رۆژنامەنوسێکی تر بەتۆمەتی "سیخوڕیکردن" دەستگیرکران. هەرچەندە هەندێکیان دوای تەواوبوونی ماوەی زیندانییەکانیان ئازادکراون، بەڵام ئەو دوو رۆژنامەنووسە هێشتا لە زینداندان.

هاوڵاتی دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، لە دوو چالاکیدا بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاسایشی سلێمانی "دوو تیرۆرست"یان لە شاری سلێمانی دەستگیرکردووە. بەڕێوەبەرایەتی ئۆپراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، رایگەیاند، " بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی، دوای کۆکردنەوەی زانیاری و چاودێریکردنی شوێنی داواکراوان، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش لەدوو ئۆپراسیۆنی جیادا لەشاری سلێمانی، لەشەوی ٢٠٢٣/٨/٢٥ توانرا تیرۆریستان( س، أ، ص )و( ف، ح، م) دەستگیربکەن"   لە راگەیاندراوەکەی دەزگای ئاسایشی هەرێم ئەوەش هاتووە کە یەکێک لە تیرۆریستەکان  لەپێشتردا "لەناو ڕیزەکانی داعشدا بریندارکراو و  لەئێستادا بەفەرمانی دادوەر "بەماددەی دوو لە یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر ڕاگیراون و ڕادەستی یاسا کران."

هاوڵاتی بنەماڵەی وەستا حەسەنی کەبابچی لە شاری سلێمانی لەسەر گیانلەدەستدانی روونکردنەوەیاندا و رایانگەیاند، هەموو دەنگۆکان رەتدەکەنەوە کە وەستا حەسەن کوژرابێت و هیچ کێشەیەکیشی نەبووە، بەڵکو رووداوەکە "قەزاوقەدەر" بووە.  لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بنەماڵەی وەستا حەسەنی کەبابچی رایانگەیاند کە وەستا حەسەن هێچ کێشەیەکی لەگەڵ کەس نەبووە و ناکۆکی کۆمەڵایەتیشی لەگەڵ هیچ لایەنێک نەبووە، بەڵکو "روداوەکە تەنها قەزاوقەدەرە."  لەبارەی ئەوەی کە ئاخۆ خۆی کوشتبێت، ئەوان دەڵێن، "هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە و ئێمە تەنها گوێمان لە تەقە بووە، ئیتر نازانین فیشەکی بەخۆیەوە ناوە یان پێوەی نراوە، ئەوە بەجێدەهێڵین بۆ لیژنەی لێکۆڵینەوە کە رۆژی یەکشەممە ئەنجامەکەی دەردەچێت." هاوکات باسیشیان لەوە کرد کە "باری دارایی وەستا حەسەن باش بووە و بەیانی هەیینی نوێژی بەیانی کردووە و ویستوویەتی کوڕەکانی هەستێنێت بچنە سەر کار." یەکێک لە کوڕەکانیشی باسی لەوە کرد کە "هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ باوکیان نەبووە و ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەنەوە کە ئەوترێت بەهۆی کێشەی لەگەڵ کوڕەکانی خۆی کوشتووە."  بەیانی رۆژی هەیینی 25ی ئابی 2023، وەستا حەسەن لە ماڵەکەی خۆی لە  سیتەک لە سلێمانی گیانیلەدەستدا. دوای توێکاری بۆ جەستەکەی، پزیشکی داد رایگەیاند کە فیشەکێک بەر سەری کەوتووە، بەرێوبەریاتی پۆلیسی سلێمانیش رایگەیاند کە گومان دەکرێت کارەکە "خۆکوژی بێت."  

هاوڵاتی رێکخراوی فیفا بڕیاریدا بۆ ماوەی سێ مانگ کارەکانی لویس روبیالس، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، سڕ بکات و لە کار دووریبخاتەوە بەهۆی ماچکردنی كچە یاریزانێک لە جامی جیهانی ژنان. بڕیارەکە دوای ئەوە دێت کە هەفتەی رابردوو ژنانی ئیسپانیا لە یاری کۆتایی جامی جیهانی لە ئینگلەتەرایان بردەوە و دواتر بوونە پاڵەوان، لەکاتی وەرگرتنی ناسناوەکانیاندا، لویس روبیالس باوەش بە هەموویاندا دەکات و ماچیان دەکات، بەڵام لەگەڵ یەکێک لە کچەیاریزانەکان بەناوی جێنی هێرمۆسۆ ماچی لێو دەکات و ئەم کارەشی لەناو ئیسپانیا هەرای نایەوە. روبیالس دەڵێت، ماچەکە دوولایەنە بووە و هەردوکیان رەزامەند بوون لەسەری بەڵام کچە یاریزانەکە ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، ماچەکە پێویست نەبووە و رەزامەندی ئەوی لەسەر نەبووە.  روبیالس فشارێکی زۆری لەسەر بوو لەلایەن حکومەتی ئیسپانیا و تیمی نیشتمانی ئیسپانیا کە دەستلەکاربکێشێتەوە بەڵام پێداگربوو لەسەر کارەکەی و رایگەیاند هیچ کارێکی هەڵەی نەکردووە.  بەهۆی فشارەکانەوە رێکخراوی فیفا بڕیاریدا ماوەی 90 رۆژ کارەکانی روبیالس هەڵپەسێرێت و دووریبخاتەوە تا دادگا دۆسیەکە یەکلایی دەکاتەوە. 

هاوڵاتی دوای مردنی یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گروپی ڤاگنەر، ڤلادمیر پوتینی سەرۆکی روسیا فەرمان بە شەڕکەرانی ڤاگنەر دەکات کە سوێندی یاسایی بخۆن و بچنە ژێر فەرمانی سوپای روسیاوە. ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ڤلادمیر پوتن فەرمانێکی نوێی دەرکرد و لە رۆژی هەینیدا واژۆی کرد کە دەبێت دەستبەجێ بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بەپێی فەرمانەکە دەبێت هەموو ئەو لایەنانەی کار بۆ سوپا دەکەن سوێندی یاسایی بخۆن وەک دەربڕینی دڵسۆزی بۆ روسیا و لانەدان لە فەرمانی سەرۆکی وڵات. لە بەشێکی فەرمانەکەدا هاتووە کە ئەوانەی سوێندی یاسایی دەخۆن نابێت لە فەرمانی فەرماندە و سەرکردە باڵاکان دەربچن و پێویستە لەسەریان پەیڕەوی لە بڕیارەکانیان بکەن. ئەمە لەکاتێکدایە کە هەیینی رابردوو یەڤگینی پریگۆژین لە نزیک مۆسکۆ لە تێکشکانی فرۆکەیەکدا لەگەڵ نۆ کەسی تر گیانی لەدەستدا. هێشتا کریملن پشتراستی نەکردووەتەوە کە پریگۆژین مردووە، بەڵام رایگەیاندووە کە ئەوەی رۆژائاوا دەیڵێت "گوایە پریگۆژین بە فەرمانی ئێمە کوژراوە درۆیە" و دەبێت چاوەرێی ئەنجامی تاقیکردنەوەکان بکرێت کە ئاخۆ پریگۆژین لەنێو فرۆکەکەدا بووە یان نا. هاوکات ڤلادمیر پوتن لەکاتی واژۆکردنی فەرمانەکەدا سەرەخۆشی خۆی نارد بۆ خانەوادەی هەموو ئەوانەی لە روداوەکە گیانیان لەدەستدا و دواتر لە دەمی رابردوو قسەی لەسەر پریگۆژین کرد. لە قسەکانیدا ڤلادمیر پوتن رایگەیاند، زانیاری سەرەتایی هەیە کە پریگۆژین و هاوکارەکانی لە ڤاگنەر کوژرابن و ستایشی رۆڵی رپیگۆژینی کرد و دواتریش ئەوەی نەشاردەوە کە چەند "هەڵەیەکی جدی" کردووە. بەپێی وتەی شارەزایانی بواری سەربازی، دەرکردنی ئەو فەرمانە لەلایەن پوتنەوە بۆ گروپی ڤاگنەر و گروپە میلیشیاکانی تر هەنگاوێکی روونە کە سەرۆکی روسیا دەیەوێت بیانخاتە ژێر کۆنترۆڵی تەواوەتی وڵاتەوە دوای ئەوەی لە کۆتایی مانگی حوزەیران گروپی ڤاگنەر بە سەرکردایەتی پریگۆژین لە فەرمانی فەرماندە باڵاکان لایاندا و ئۆکرانیان بەرەو مۆسکۆ بەجێهێشت کە ئەم هەنگاوە وەک "کودەتایە" لێکدرایەوە.