تورکیا جگە لە زمانی کوردی، پێنج زمانی دیکەی بۆ سیستمی ئەلیکترۆنی دەرمان زیاد دەکات

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزیری تەندروستیی تورکیا رایگەیاند، پێنج زمانی دیکە لە نێویاندا زمانی عەرەبی بۆ سیستمی رەچەتەی ئەلیکترۆنی زیادکراوە، بەڵام زمانی کوردی لە نێو زمانە زیادکراوەکاندا نییە. 

فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستی تورکیا رایگەیاند، وەزارەتەکەی زمانەکانی  ئینگلیزی، ئەڵمانی، عەرەبی، فەرەنسی و ڕووسی بۆ سیستمی ئەلیکترۆنی دەرمان زیادکردووە و لەئێستادا ھاوڵاتیان دەتوانن بەو زمانانە زانیارییەکانی تایبەت بە دەرمان ببینن.

زیادنەکردنی زمانی کوردی بۆ ئەو خزمەتگوزارییە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەشێكی بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا لە باکووری کوردستان و تورکیا ئاماژەیان بەوە داوە، "ئەگەر زمانی کوردی بۆ رەچەتەی ئەلیکترۆنی زیادکرابا، وڵاتی دابەش دەکرد؟" 

لە یەکەم کاردانەوەشدا پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە) رەخنەی لە وەزیری تەندروستی تورکیا گرت کە زیادکردنەکە زمانی کوردی نەگرتووەتەوە، لەکاتێکدا  وەزیری تەندروستیی خۆی کوردە و بەشێکی زۆری دەنگدەرانی پارتەکەشی کوردن.

لە باکووری کوردستان و تورکیا ملیۆنان کورد دەژین و تورکی تاکە زمانی فەرمییە. ئەو هاوڵاتییە کوردانەی لە تورکیا دەژین و تورکی نازانن، لە ناوەندە فەرمییەکاندا و لە سەنتەرەکانی پەیوەندی کە خزمەتگوزاری خێرا پێشکەش بە خەڵک دەکرێت، بەهۆی نەبوونی وەرگێڕ و بژاردەی زمانی کوردی، ناتوانن بە زمانی دایک گوزارشت لە کێشە و پێداویستییەکانیان بکەن.

 

 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار