zhyr

هەڵبژاردنی پزیشکیان و روانگەی ئیسرائیلییەکان

3 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دوا بەدوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ئێران و سەرکەوتنی مەسعود پزیشکیان، ییسرائیل کاتێز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی، "بیروڕای گشتی لە ئێران لەم هەڵبژاردنەدا پەیامێکی روونی گەیاند، ئەویش ئەوەیە خەڵکی ئێران خوازیاری گۆڕانن و دژی حکوومەتی ئایەتوڵڵاکانن".

ییسرائیل کاتێز لە پەیامێکدا کە درەنگانی شەوی شەممە 6ی تەموزی 2024 بڵاویکردەوە وتی، "ئێستا دونیا دەبێت سوپای پاسداران وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی بناسنن و داوای هەڵوەشاندنەوەو راگرتنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و  راگرتنی پشتیوانی ئێران لە رێکخراوە تیرۆریستییەکان بکەن، ئەمە تەنها هەلە بۆ ئەوەی لەم گۆڕانە تێبگەین".

کەناڵی 14ی تەلەفیزیۆنی ئیسرائیل کە پشتیوانی لە نتانیاهۆ دەکات لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی نووسی. سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی ئێران روانگەی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر بە ئیسرائیل ناگۆڕێت، بەڵام بە هەموو ئەمانەشەوە ئیسرائیل ئەمە بە "خاڵێکی روون" دەبینێت لە رەوتی رووداوەکان لە ناوخۆی ئێران.

ئەم کەناڵە تەلەفیزیۆنییە نووسیویەتی، پاڵێوراوی ریفۆرمخوازەکان کە بووە بە سەرۆک کۆمار هەرچەند دژی حکوومەتی ئیسلامی نییە، بەڵام چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەکرێت کە هەوڵ بدات بۆ کەمکردنەوە قەیرانەکان لە دەرەوەو ناوخۆی ئێران و توندووتیژییەکان کەم بکاتەوە.

رۆژنامەی "ئیسرائیل هیوم" کە رۆژنامەیەکی پشتیوانی نتانیاهۆیە، سەرکەوتنی پزشکیانی وەک دەرکەوتنی تیشکێکی کەم لە رژێمی تاریکدا ناوبردووە، ئەوی وەک کەسێک ناو بردووە کە بە بەراورد لەگەڵ پاڵێوراوەکانیتر نەرم و نیانترەو رەنگە زیانی کەمتر بێت.

بەمەشەوە ئەم رۆژنامەیە نووسیویەتی، ئەگەری ئەوەی پزشکیان کاریگەری لە سەر سیاسەتی دەرەوەی ئێران هەبێت زۆر کەمە.

ئیسرائیل هیوم نووسیویەتی، دوای رووداوی 7ی تشرینی یەکەم و و هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و وەڵامدانەوەی ئیسرائیل، ئەوە روون بۆتەوە کە ئێران سوورە لەسەر ئەوەی هەموو هەوڵێک ئەدات زیان بە ئیسرائیل بگەیەنێت و لاوازی بکات.

ئەم رۆژنامەیە نووسیویەتی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران چاوەڕوانی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکایە بۆ ئەوەی ئاخۆ وتووێژەکان لەگەڵ رۆژئاوا دەست پێبکاتەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی یان نا. 

ئەم رۆژنامەیە نووسیویەتی، عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئەگەر بۆی دەرکەوێت ئەمریکا ئامادەیی تیایە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان، مۆڵەت بە دەوڵەتی پزشکیان ئەدات دەست بکاتەوە بە گفتوگۆ لەو چوارچێوەیەدا کە خۆی دیاری ئەکات و پزشکیان و دەوڵەتەکەی بۆیان نییە سنوورەکان ببەزێنن.

دەنی سێترینۆڤیچ، یەکێک لە ئەفسەرە پلەباڵاکانی پێشتری بەشی هەواڵگری سوپای ئیسرائیل دەربارەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری ئێران و سەرکەوتنی پزشکیان نووسییەتی، "دوای کەوتنەخوارەوەی کۆپتەرێک کە ئیبراهیم رەئیسی و وەزیری دەرەوەی ئێرانی پێ بوو، پشتیوانیکردنی ریفۆرمخوازەکان لە پزشکیان، جارێکیتر ریفۆرمخوازەکانی زیندوو کردەوەو پاڵێوراوی بناژۆخوازی توندڕەو کە کە توندڕەوتر لە رەئیسی بوو، شکستی هێنا، بەڵام رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی و پەرلەمان و سوپای پاسداران ناهێڵێن ژیانی سیاسی پزشکیان بە ئاسانی تێپەڕێت".

ئەم ئەفسەرە باڵایەی بەشی هەواڵگری سوپای ئیسرائیل نووسیویەتی، دامەزراوە ئایینییەکان و کەسایەتییە ئاینییە شیعەکانی ئێران دژی بۆچوونی نەرمی پزشکیان ئەوەستنەوە، بەڵام پزشکیان لە لایەن کەسانێکی وەک حەسەن رووحانی و جەواد زەریفەوە پشتیوانی ئەکرێت کە مەرگی رەئیسی بۆ ئەوان دیارییەک بوو لە بەهەشتەوەو دەرفەتی بۆ خولقاندوون بگەڕێنەوە بۆ پانتای سیاسەتی ئێران.

دەنی سێترینۆڤیچ لە کۆتاییدا نووسیویەتی، بۆ ئیسرائیل باشتر بوو جەلیلی ببوایەت بە سەرۆککۆمار بۆ ئەوەی باشتر سیاسەتی ئێران بخاتەڕوو. ئێستا ئیسرائیل لە باری سیاسییەوە ئالنگارییەکی لەبەردەمدایە، ئەبێ خۆی بۆ ئەم ئالنگارییە ئامادە بکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار