سیدنی ڕایڵی، ئەو سیخوڕەی ژیانی پڕ بوو لە سەرکێشی

سیدنی ڕایڵی، سیخوڕێکی سەیروسەمەرە!

4 ڕۆژ لەمەوپێش



چی دەزانیت لە بارەی چیرۆکی ئەو سیخوڕەوە کە مامۆستای فڕوفێڵ و خۆگۆڕین بووە؟

ئامادەکردنی: هاوڵاتی

سیدنی ڕایڵی ئەو کەسایەتییە سەیروسەمەرەیەی کە ژیانی دەڵێی ڕۆمانێکە. لە ساڵی 1874 لە ڕووسیا لەدایک بووە و یەکێک بووە لە دیارترین کەسایەتییە گوماناوییەکانی ناو دەزگا هەواڵگرییەکانی جیهان.

بنەچە و ڕەچەڵەکی ئەم سیخوڕە بە تەواوی ڕوون نییە، هەندێک سەرچاوە دەڵێن لە خێزانێکی جوولەکە لەدایک بووە، هەندێکی تر دەڵێن لە ڕاستیدا ئۆکراینی بووە. هەر لە منداڵییەوە، شەیدای جیهانی سیخوڕی و سەرکێشی بووە، هەر ئەمەش وای لێ دەکات کۆچ بکات بۆ بەریتانیا و لەوێ دەست بە کارەکانی بکات.

ڕایڵی مامۆستای فڕوفێڵ و خۆگۆڕین بوو. ئەم سیخوڕە، لە یەک کاتدا، هەڵگری دەیان نازناوی جیاواز بووە، زۆر بە ئاسانی دەیتوانی ڕوخسار و ڕەفتاری خۆی بەپێی هەلومەرج و دۆخێکی دیاریکراو بگونجێنێت. تێکەڵ بە چینێکی دیاریکراوی دەسەڵاتداری ئەوکاتی لەندەن دەبوو و لە هەمان کاتیشدا لە پشتەوە، چالاکیی تری ئەنجام دەدا.

ڕایڵی تەکتیکزانێکی مەزنی جەنگ بووە. لە ماوەی جەنگی جیهانی یەکەمدا، ڕایلی بۆ دەزگای هەواڵگری بەریتانیا کاری دەکرد، چەندان ئەرکی مەترسیداری ئەنجام داون، بۆ نموونە  دزەکردن بۆ ناوچەکانی دوژمن و کۆکردنەوەی زانیاریی گرنگ. توانای سەرسووڕهێنەری ئەو لە فریودان و بەجێگەیاندنی ئەرکی مەحاڵ، وای لێ کرد کە وەک ئەستێرەیەک لەناو جیهانی سیخوڕاندا بدرەوشێتەوە.

لە ساڵی ١٩١٨ ڕایڵی لە کودەتای دژ بە حکوومەتی بەلشەڤیکەکانەوە گلا و دەکرێ بڵێین ئەمە بوێرانەترین کاری ئەو بووە، هەر بەمەشەوە نەوەستا، بەڵکو پلانی بۆ کوشتنی لینین داڕشت، هەرچەند لەم کارەیدا شکستی هێنا، بەڵام ئەمە بوێری و چاونەترسیی ڕایڵی دەردەخست لەوەی کە سڵ لە هیچ کارێک ناکاتەوە.

لە کەیسێکدا، ڕایڵی بەرپرسێکی ڕووسی قایل دەکات کە بەرەو بەریتانیا هەڵبێت و بەڵێنی دەداتێ کە لەوێ پارێزراو دەبێت و هیچی لێ ناکرێت، بەڵام هێندە نابات و هەر ئەوەندەی ئەم بەرپرسە پێ دەنێتە بەریتانیا، دەکوژرێت. ئەم ڕووداوە دیوێکی تری دزێو و دڕندانەی ڕایڵی سیخوڕمان نیشان دەدات.

ژیانی سەرکێشانەی ڕایڵی لە ١٩٢٥دا کۆتایی دێ، بەڵام بە شێوازێکی تەمومژاوی. پاش زنجیرەیەک سەرکێشیی سەیروسەمەرە، ڕایڵی لە لایەن سیخوڕەکانی سۆڤیەتەوە دەستگیر دەکرێت، بەڵام کەس نازانێت کە دواتر چی لێ دەکەن و وردەکاریی مردنەکەی نادیارە. هەندێکیان دەڵێن لە سێدارە دراوە، هەندێکی تر پێیان وایە هەڵاتووە، بەهەرحاڵ، کۆتایی و دیارنەمانی ڕایڵی تا ئێستەش، هەر بە نەزانراوی ماوەتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار