رۆژنامەی"وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ڕایدەگەیەنێت: تیمەکەی ترامپ گفتوگۆیان لەسەر وەشاندنی گورزێکی سەربازی لە ئێران کردووە

ئیسرائیل هاوبەشی یان سەرۆکایەتی وەشاندنی گورزی سەربازی لە ئێران دەکات

6 كاتژمێر لەمەوپێش



ترەمب مەترسی هەیە لەوەی ئێران لەسەردەمی دەسەڵاتی ئەودا ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆم

ئامادەکردنی: هاوڵاتی

رووداوەکانی ئەم دواییەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئێرانە، لاوازبوونی بزوتنەوەی حەماس لە فەلەستین و کوژرانی سەرۆکەکانی، تێکشکانی حزبوڵا لە لوبنان و کوژرانی حەسەن نەسروڵا، روخانی رژێمی بەشار ئەسەد و هەڵهاتنی بۆ روسیا، کۆی ئەم ڕوداوانە ئێرانی رووبەرووی پێشهاتێکی مەترسیدار کردۆتەوە بەجۆرێک مەترسی بۆسەر ئایندەی دەسەڵاتی تاران درووست کردووە، چونکە پێشتر ئێران هەردەم لەدەرەوەی وڵاتەکەی شەڕی نەیارەکانی کردووە و میلشیا چەکدارەکانی لایەنگری خۆی لە ئاگری شەڕەوە گلاندووە، بەڵام پێدەچێت ئەمجارە ئاگری شەڕەکە بگاتە ناو خاکی ئێران و هەوڵی جدی بۆ لاوازکردنی ئەو وڵاتە بنرێت لە کاتێکدا سەپاندنی چەندین سزای جۆراو جۆر بەسەر ئێراندا ئەو وڵاتەی تەواو شەکەت و ماندوو کردووە.

لەوبارەیەوە رۆژنامەی "وۆڵ ستریت" ئاشکرای کردووە تیمەکەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا گفتوگۆیان سەبارەت بە وەشاندنی گورزێکی سەربازی لە دژی دامەزراوە ئەتۆمییەکەی ئێران کردووە، رۆژنامەکە دەڵێت دوای لاوازبوون و روخانی هاوپەیمانەکانی ئێران و ئاشکرابوونی ئەو ڕاپۆرتانەی باس لە پێشکەوتنی بەرچاو لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەکەن، وایان لە تیمەکەی تڕەمپ کردووە بیر لەرێگەچارەی سەربازی بکەنەوە.

چەند سەرچاوەیەکی ئاگاداریش باس لەوە دەکەن ترەمپ بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی ئاگادارکردوەتەوە لەوەی مەترسی هەیە ئێران لەسەردەمی دەسەڵاتی ئەودا ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، بۆ بەرگرتن لەو هەنگاوەش بیر لە رێگەچارەی کاریگەر دەکاتەوە، لە کاتێکدا ڕاپۆرتە نهێنییەکان باس لەوە دەکەن کە ئێران هێندە یۆرانیۆمی پیتێنراوی هەیە بەشی دروستکردنی چوار بۆمبی ئەتۆمی بکات.

تا ئێستاش ئیسرائیل بە گەورەترین دوژمنی سەرسەختی ئێران دادەنرێت و هەردەم هەوڵی داوە رێگە بە ئێران نەدرێت چەکی ئەتۆمی بەرهەم بێنێت، هەر بۆیە بە وردی چاودێری جموجۆڵەکانی ئێران دەکات، وەک رۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیسرائیل" دەڵێت هێزی ئاسمانی ئیسرائیل لە ئامادەباشی تەواودایە بۆ هەر پرۆسەیەکی سەربازی لە دژی دامەزراوە ئەتۆمییەکەی ئێران وەک دامەزراوەکانی ناتانز و فۆردۆ، بۆ ئەو مەبەستەش پێدەچێت ئەمریکا چەکی تایبەت و زۆر پێشکەوتوو بە ئیسرائیل بدات.

ئەم گوشارە سەربازیانەش وەک هەڕەشەیەک دەبێت بەدەست ئیدارەکەی ترەمپەوە تا ئێران ناچاربێت رێگەچارەی دیبلۆماتی قبوڵ بکات، کە پێشتر مەسعود پزیشکیانی سەرۆکی ئێران، سەبارەت بە قەیرانی بەرنامەی ئەتۆمی وڵاتەکەی ئامادەبوو دانوستان لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکا بکات، لەهەمانکاتدا بەرپرسانی ئێران تەئکید دەکەنەوە کە وڵاتەکەیان هیچ سازشێک لەژێر هیچ گوشارێکدا قبوڵ ناکات و ناچار پشکنەرەکانی سەر بە تەوەیەکگرتوەکان لە وڵاتەکەیان دەردەکەن و لە بەڵێننامەی بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی دەکشێنەوە ئەگەر هەر جۆرە هێرشێک بکرێتە سەریان.

 ناکۆکی و ئاڵۆزییەکانی نێوان زلهێزەکان و ئەو وڵاتانەش کە لێیانەوە نزیکن جیهانیان رووبەرووی پێشهاتێکی زۆر مەترسیدار کردۆتەوە و قەیرانی یەک لەدوای یەکی ئابوری و کەمبونەوەی خۆراک و فراوانبوونی گۆڕەپانەکانی جەنگ بۆتە سیمای ئەم سەدەیە و پێدەچێت لە کۆتاییدا مرۆڤایەتی بە تۆنێلێکی تاریک بگەیەنن کە گەڕانەوەی کارێکی قورس و ئاستەم بێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار