ئیسرائیل کار بۆ دابەشکردنی سووریا بەسەر چەند کانتۆنێکدا دەکات.

ئیسرائیل دەیەوێت لە کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتیدا بیرۆکەی دابەشکردنی سووریا بکاتە کردار.

18 كاتژمێر لەمەوپێش



ئیسرائیل مەترسی لە سەلامەتی و ئاسایشی کورد و دروزی لە سووریای نوێدا هەیە.

ئامادەکردنی: هاوڵاتی

لە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد و گرتنەدەستی جڵەوی دەسەڵات لە لایەن میلیشا چەکدارەکانەوە کە پێشینەیەکی ئیسلامییان هەیە و بەشێکیان پێشتر سەر بە رێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە و داعش بوون، مەترسییەکانی ئیسرائیل لە دەسەڵاتی داهاتووی ئەو وڵاتە زیادیکردووە، بە تایبەت کە وڵاتێکی وەک تورکیا پشتیوانی و هاوکاری ئەو گرووپە چەکدارانە دەکات و ئامادەیە بۆ بەرژەوەندی خۆی ئاگر لە سەرتاسەری ناوچەکە بەربدات بە مەرجێک کەمێک لە خەونی گێڕانەوەی دەسەڵاتی سوڵتانی عوسمانی بۆ ناوچەکە بەدیبهێنێت.

بۆ بەرگرتن لەو خەونەی تورکیاش، رۆژنامەی "یسرائیل هیوم" ئاشکرای کرد ئەنجومەنی وەزیرانی ئیسرائیل کۆبوونەوەیەکی نهێنی دەرحەق بە ئایندەی شێوازی دەسەڵات لە سووریا ئەنجامداوە و گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی پلان بۆ دابەشکردنی سوریا بەسەر چەند کانتۆنێک دابرێژێت و لە کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتیدا ئەو پلانەی بخاتەڕوو.

ئیسرائیل دەسەڵاتی نوێی سووریا بە تایبەت دەسەڵاتی سەرۆکەکەی "ئەحمەد شەرع" بە هەرەشەی راستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی دەزانێت بە تایبەت کە پێشینەیەکی توندڕەوی هەیە و تێکەڵەیەک بووە لە قاعیدە و  داعش و لە چەندین کردەوەی تیرۆریستییەوە تێوەگلاوە، کە بە شێوەیەکی گشتی مێژووی کارە جیهادییەکانی ئەحمەد شەرع بەمشێوەیە بوون:

ساڵی ٢٠٠٣ بۆ جیهاد هاتووەتە عێراق و لە ژێر فەرماندەیی ئەبو موسعەب زەرقاوی جیهادی کردووە.

لە ساڵی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠١١ لە لایەن هێزەکانی ئەمریکاوە دەستگیرکراوە و زیندانی کراوە.

لە ساڵی ٢٠١١ پەیوەندی بە داعشەوە کردووە و بە فەرمانی ئەبوبەکر بەغدادی گەڕاوەتەوە بۆ سووریا.

ساڵی ٢٠١٢ بەرەی نوسرەی دروستکرد و تا ساڵی ٢٠١٦ بەردەوامبوو.

لە ساڵی ٢٠١٣ لە داعش جیابوویەوە و پەیوەندیی بە قاعیدەوە کردووە.

ساڵی ٢٠١٦ لە قاعیدە جیابووەتەوە و ناوی بەرەی نوسرەی بۆ "فەتح شام" گۆڕی.

ساڵی  ٢٠١٧ دەستەی تەحریر شامی دامەزراندووە و تا ئێستا بەردەوامە.

کەسێک ئەوە پێشینەی بێت و ئێستا جڵەوی دەسەڵاتی لە سووریا گرتبێتە دەست بە دڵنیاییەوە وڵاتێکی وەک ئیسرائیل پلانی تۆکمە بۆ سنوردارکردنی دەسەڵاتەکەی دادەرێژێت،  وەک رۆژنامەی "یسرائیل هیوم"یش، بڵاویکردووەتەوە، باشترین بژاردەی ئیسرائیل بۆ دەسەڵاتی داهاتووی سووریا دابەشکردنیەتی بەسەر چەند کانتۆنێکدا، هەر ئەو رۆژنامەیە دەڵێت ئیسرائیل لە سووریای نوێدا زۆر مەترسی لە سەلامەتی و ئاسایشی نەتەوەی کورد و دروزی هەیە، ئەو مەترسییەش لە کۆبوونەوە نهێنییەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی ئیسرائیلدا باسکراوە.

سەرئەنجام کۆی ڕووداوەکان و پلانەکان بۆ داهاتووی سووریا و ئایندەی کورد لەو بەشەی کوردستان زۆر ئاڵۆزە و پێویستی بە یەکگرتوویی کورد و پلانی ستراتیجی تایبەت هەیە، تا بتوانرێت زۆرترین سوود لەو دەرفەتە وەربگیرێت کە لە سووریادا فەراهەم بووە و ڕەنگە تا دەیان ساڵی تر دەرفەتی لەوجۆرە دروست نەبێتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار