هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ڕێی بەکارهێنانی درۆنەوە ئەنجامی شەڕەکانیان لە بەرژەوەندی خۆیان گۆڕیوە.
تا ئێستا هێزەکانی سووریای دیموکرات ٤ درۆنی تورکیایان خستۆتە خوارەوە.
2 ڕۆژ لەمەوپێش
هەسەدە چەکی ئەمریکی بەکاردێنێ و باڵادەستی خۆی لە بەرەکانی شەڕدا سەپاندووە
ئامادەکردنی: هاوڵاتی
فرۆکەی بێ فرۆکەوان یان " درۆن" ئەو تەکنەلۆژیا سەربازییە نوێیەیە کە ئێستا بە شێوەیەکی بەرفراون لە بەرەکانی شەڕدا بەکاردەهێنرێت، زۆرینەی وڵاتانیش هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ بە دەستهێنان و پێشخستنی.
بەشێوەیەکی گشتی مێژووی دروستکردنی فرۆکەی بێ فرۆکەوان"درۆن" لە جیهاندا بەمشێوەیەیە:
ــ بەریتانیا یەکەم وڵاتە کە فرۆکەی بێ فرۆکەوانی لە ساڵی ١٩١٧ دروستکرد و دواتر لە ساڵی ١٩٢٤ زیاتر پێشیخست.
ــ لە جەنگی جیهانی یەکەمدا کە ساڵی ١٩١٧ کۆتاییهات بۆ یەکەمجار بەریتانیا و ئەڵمانیا لە جەنگەکانیاندا بەکاریانهێناوە.
ــ لەجەنگی دووەمی جیهانی و جەنگی کۆریادا لەساڵی ١٩٥٠ بۆ ١٩٥٣ ئەمریکا ئەو جۆرە چەکەی بەکارهێناوە.
ــ لەدوای شەڕی ڤێتنام گرنگی زیاتری پەیداکرد لە بواری هەواڵگریدا.
ــ بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٩٩ موشەکی لێبەسترا و لە شەڕی کۆسۆڤۆدا بەکارهێنرا.
بەکارهێنانی درۆن لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ ئەو هێزە و دەتوانێت بە گوڕوتینێکی دیکەوە بەرەنگاری شەڕەنگێزییەکانی تورکیا و بەکرێگیراوانی ببێتەوە لە رۆژئاوای کوردستان.
هێزەکانی سووریای دیموکرات لە شەڕی بەرنگاربوونەوەی تورکیا و چەکدارە بە کرێگیراوەکانیدا لە مەنبەج و پردی قەرەقۆزاق و چواردەوری بەنداوی تشرین، سەرکەوتوانە "دڕۆن" بەکاردەهێنن و بەو هۆیەوە توانیویانە گورزی جەرگبڕ لەو چەکدارە داگیرکەرانە بوەشێنن. شایەنی باسە ئەو جۆرە درۆنە کە هێزەکانی هەسەدە لە بەرەکانی شەڕدا بەکاریان دەهێنێت پێویستی بە گرێبەستی نێوان وڵاتان نییە بۆ کڕینی و لە بازاڕەکانی جیهاندا بەردەستە، بەڵام ئەوان بە لێهاتوویی خۆیان گۆڕانکارییان تێیدا کردووە و گۆڕیویانە بۆ چەکێکی کاریگەر کە لە توانایدایە زۆر بەوردی ئامانجەکانی بپێکێت. ئەمەش وایکردووە هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەنجامی شەڕەکان لە بەرژەوەندی خۆیان بگۆڕن.
هەڵبەت لە دۆخێکی وەک ئێستادا کە ڕادەی سەرکەوتنی جەنگەکان بەستراوە بە تەکنەلۆژیا و کەرەستە جەنگییە پێشکەوتووەکانی وەک درۆنەوە، هەر بە تەنیا بەکارهێنانی درۆنەکان بەس نییە بۆ ئەوەی لە گۆڕەپانی شەڕدا باڵادەست بیت، بەڵکو خستنەخوارەوەی دڕۆنی دوژمنیش زۆر گرنگە و ئەوەش پێویستی بە سیستەمی بەرگریی پێشکەوتوو هەیە، کە لەو ڕووەشەوە هێزەکانی سووریای دیموکرات دەستێکی باڵایان هەیە و بە شێوەیەکی فەرمی رایانگەیاندووە: هێزەکانیان لە بەرەنگابوونەوەی چەکدارە بەکرێگیراوەکاندا تا ئێستا توانیویانە چوار درۆنی بەیرەقداری تورکیا بخەنە خوارەوە و شکۆی ئەو چەکە تەکنەلۆژییە نوێیە بشکێنن کە ئەردۆغان زۆر شانازی پێوە دەکرد.
هێزەکانی سووریای دیموکرات جگە لە درۆن خاوەنی چەندین جۆری چەکی ئەمریکی دیکەیە وەک: رەشاشی جۆری ئێم کەی ١٩ لەگەڵ موشەکی جۆری بی جی ئێم ٧١ کە بۆ تێکشکاندنی زرێپۆشی دوژمن بەکاری دەهێنێت، لەگەڵ چەکی جۆری ئێم فۆڕ کە سوکەڵەیە و لە پێکانی دوژمندا زۆر سەرکەوتووە. هێزەکانی هەسەدە چەکی جۆری ئێم ١٦ شیان هەیە کە بە یەکێک لە باشترین چەکەکان لەسەر ئاستی جیهان دادەنرێت.
بەدرێژایی سەدەی ڕابردوو فرۆکەی جەنگی هۆکاری سەرەکی بووە بۆ باڵادەستی دوژمن لە زۆربەی شەڕ و پێکدادانەکان لە هەر چوار پارچەی کوردستان، بەڵام لەگەڵ بەدەستهێنانی دڕۆن و بەکارهێنانی لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە، وەرچەرخانێکی مێژوویی لە شێوازی ڕووبەڕووبوونەوە و هێرشکردندا بۆ سەر دوژمن هێناوەتە ئاراوە؛ چونکە تا ئێستا لە کۆی جەنگەکاندا داگیرکەران لە ئاسمانەوە بۆردوومانی کوردیان کردووە، بەڵام ئێستا لە رۆژئاوای کوردستان، کورد لە ئاسمانەوە بۆردومانی دوژمنان دەکات.