لە عێراق دانوستانەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان دەستیپێکردووە.

لەگەڵ وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن ترەمپەوە، بەرپرسانی عێراق دەیانەوێت پرسی میلیشیا چەکدارەکان چارەسەر بکەن.

7 كاتژمێر لەمەوپێش



میلیشیا چەکدارەکانی بزوتنەوەی نوجەبا هەموو کردەوە سەربازیبەکانی لە دژی ئیسرائیل ڕاگرت.

ئامادەکردنی: هاوڵاتی

روداوەکانی ناوچەکە و مەترسییەکانی گواستنەوەی گۆڕانکاریەکان بۆ ناو عێراق، بە رپرسانی عێراقی و بە تایبەت چوارچێوەی هەماهەنگی ناچارکردووە، دانوستان بۆ هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەکدارەکان دەستپێبکەن.

لەوبارەیەوە رۆژنامەی شەرقلئەوسەت لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، دانوستانی نێوان بەرپرسانی چوارچێوەی هەماهەنگی و گروپە چەکدارەکان دەستیپێکردووە بە مەبەستی چەکداماڵین و هەڵوەشاندنەوەی میلیشیا چەکدارەکان، ئەوەش وەک بەشێک لەو رێوشوێنانە دەگرنەبەر لەبەرامبەر ئەگەری گۆڕانکاری لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا کە هاوتەریبە لەگەڵ وەرگرتنی جڵەوی دەسەڵات لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە.

سەرچاوە ئاگادارەکانیش لە بارودۆخی عێراق ئاشکریانکردووە چوارچێوەی هەماهەنگی سەرقاڵی دۆزینەوەی رێوشوێنێکە بۆ تێکەڵکردنی چەکدارانی میلیشیاکان بە دەزگا سەربازییەکانی وڵات دوای چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەیان.

لای خۆیەوە عیزەت شابەندەر کە سیاسییەکی نزیکە لە حکومەتی عێراق ئاشکرایکردووە تا ئێستا رێکەوتن لەسەر هەڵوەشاندنەوەی سێ گروپی سەرەکی میلیشیا چەکدارەکان کراوە.

بریارە رۆژی دووشەممە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە مەراسیمێکی تایبەتدا سوێندی یاسایی بخوات، پێشبینیش دەکرێت فشارەکان لەسەر ئێران و گروپە هاوپەیمانەکانی زیاتر دەبێت لە ناوچەکە و دۆناڵد ترەمپ هەوڵی دەرهێنانی عێراق دەدات لە ژێر چنگی هەژموونی ئێران لەرێی کۆتاییهێنان بەو میلیشیا چەکدارانەی پارێزەر و نوێنەری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن لە عێراق و ناوچەکە.

ئەو سێ گروپەش کە تائێستا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەیان دراوە بریتین لە " كتائب حزب الله" و "حركة النجباء" و "كتائب سيد شهداء" كە سێ گروپی سەرەکی میلیشیا چەکدارەکانی عێراقن، لەگەڵ راگەیاندنی ئاگربەستیش لەکەرتی غەززە، بزوتنەوەی نوجەبا هەموو کردەوە سەربازییەکانی لە دژی ئیسرائیل راگرت، ئەمەش وەک کاریگەری ئەو فشارە لێکدەدرێتەوە کە خراوەتە سەریان بۆ چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەیان.

چاوەروانیش دەکرێت ئەو گروپە چەکدارانەی بە هەڵوەشاندنەوە و چەکدانان قایل نابن دوچاری وەشاندنی گورزی سەربازی توند ببنەوە لە لایەن سوپای ئسرائیلەوە لەگەڵ لەناوبردنی سەرۆک و فەرماندەکانیان؛ هاوشێوەی حزبوڵڵای لوبنانی و بزوتنەوەی حەماس لە فەلەستین.

ڕووداوەکانی کەرتی غەززە و باشووری لوبنان و سووریا، سەرکردە شیعەکانی عێراق و فەرماندەی میلیشیا چەکدارەکانی ناچارکردووە پێداچوونەوەی گشتگیر بەوەی ناونرابوو بەرەی مقاوەمە بکەن و هیچ پاساو و بیانوویەک بۆ ئیدارەی نوێی ئەمریکا و ئیسرائیل نەهێڵنەوە تا پلان بۆ گۆڕانکاری سیاسی لە دەسەڵات و حکومەتی ئێستای عێراقدا دابرێژێت و ناچار نەبێت کۆی پرۆسەی سیاسی لە بەغدا ژێروژوور بکات، بەتایبەت کە لە ئێستادا سوننەکانی عێراق جموجۆڵی مەیدانیان دەستپێکردووە و بە ئاشکرا دەڵێن شێوازی حکومڕانی ئێستای عێراق مایەی قبوڵکردن نییە و داوای گۆڕانکاری ریشەیی لە دەسەڵاتی حکومەتی عێراقدا دەکەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار