وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن ترەمپەوە چی لە جیهانی ئەمرۆ دەگۆڕێت؟
ئایا سەرۆکی نوێی ئەمریکا لە توانایدایە کۆتایی بە جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا بهێنێت وەک خۆی بەڵێنیدا بوو؟
3 كاتژمێر لەمەوپێش
پرسی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و ئەگەری کشانەوەیان لەسەر دەستی ترەمپ بە کوێ دەگات؟
ئامادەکردنی: هاوڵاتی
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، سبەینێ لە رێورەسمێکی تایبەتدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری سەرکردە و کەسایەتییە ناسراوەکانی جیهان، لە نێویاندا "لاهور شێخ جەنگی " سەرۆکی بەرەی گەل و "ئیلهام ئەحمەد"، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، سوێندی یاسایی دەخوات و جڵەوی دەسەڵات لە ئەمریکا دەگرێتە دەست، جۆری ئەو سیاسەتەش کە واشنتۆن پیادەی دەکات کاریگەری لەسەر کۆی وڵاتانی جیهان دەبێت و زۆر گۆڕانکاری بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
ترەمپ لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا، چەندین جار دوپاتی کردەوە لە سیاسەتی دەرەی وڵاتەکەیدا بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بە پلەی یەکەم دێت، بەو واتایەی کەس نابێت چاوەرێ بکات ئەمریکا هاوکاریی بکات ئەگەر بەرژەوەندی واشنتۆن لە پێشکەشکردنی کۆی هاوکارییەکاندا بەهەند وەرنەگیرابێت.
هەر لە سەروبەندی هەڵمەتی هەڵبژاردندا ترەمپ چەندین جار رایگەیاند: لە توانایدایە لە یەک رۆژدا کۆتایی بەشەڕی رووسیا و ئۆکرانیا بهێنێت، بەڵام پێدەچێت ئەو بەڵێنەی ترەمپ لۆژیکیی نەبێت وەک "کیس کیلۆگ" نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ ئۆکرانیا و رووسیا پێشتر بە کەناڵی فۆکس نیوزی راگەیاندبوو، هەوڵ دەدات لە ماوەی ١٠٠ رۆژدا رێگە چارەیەک بۆ ئەو جەنگە بدۆزنەوە، ئەوەش لەرێی فشارخستنە سەر ئۆکرانیا؛ کە ئەگەر دانووستان لەگەڵ رووسیا رەتبکاتەوە ئەوا کۆی هاوکارییە دارایی و سەربازییەکان بۆ ئەو وڵاتە رادەگرن.
سەبارەت بە هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی "ناتۆ" ش ترەمپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی ئەمریکا هەرەشەی کشانەوەی کرد ئەگەر ئەندامانی ئەو هاوپەیمانێتییە کە ژمارەیان ٣٢ وڵاتە بودجەی وەزارەتی بەرگرییان بۆ %٢ کۆی داهاتی ناوخۆییان بەرزنەکەنەوە، وتبووشی ئەگەر ئەو کارە نەکەن ئەوا ئەمریکا لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشدا بەرگرییان لێناکات. بەڵام ئێستا ترەمپ داوایکردووە دەبێت کۆی خەرجییە سەربازییەکانیان بۆ %٥ ی داهاتی نیشتمانیان زیاد بکەن، لەوبارەیەوە شارەزایانی بواری سەربازی؛ کشانەوەی ئەمریکا لە ناتۆ بە دوور دەزانن و پێیان وایە ئەگەر داواکارییەکەی جێبەجێ نەکرێت پێدەچێت ترەمپ ژمارەی سەربازەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ئەوروپا کەمبکاتەوە.
سەبارەت بە هێزەکانی ئەمریکاش لە رۆژئاوای کوردستان کە بەمدواییە ژمارەیان بۆ دوو هێندە زیادکراوە، بە تایبەت دوای گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و روخانی رژێمی ئەسەد، چاودێران پێیانوایە ئەمریکا نەک لە سووریا ناکشێتەوە بەڵکو ڕووداوەکانی ئەو وڵاتە پانتاییەکی فراوانتر لە سیاسەتی دەرەوەی واشنتۆن داگیر دەکات، بەو پێیەی مارکۆ ڕۆبیۆ کاندیدی ترەمپ بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، دەبێت هاوکارییەکانی واشنتن بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات بەردەوام بێت، مارکۆ ڕۆبیۆ، دەشڵێت، لە بەرژوەندیی ئەمریکادایە بەردەوام بێت بۆ لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش لە سووریا، چونکە ئەو دۆخەی لەو وڵاتە هاتووەتە کایەوە جێگەی گومانە. ترەمب لە بەشێکی تری هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا چەندین بەڵێنی دیکەی دابوو، وەک دیپۆرتکردنەوەی ١١ ملیۆن پەنابەر کە ئێستا بە شێوەیەکی نایاسایی لە ئەمریکا دەژین لەگەڵ قورسترکردنی رێوشوێنەکانی کۆچ بۆ ئەو وڵاتە، سەبارەت بە گۆڕانی کەشوهەواش، ترەمپ بڕوای بەو دیاردەیە نییە و پێدەچێت جارێکی تر هاوشێوەی خولی یەکەمی سەرۆکایەتیەکەی لە رێکەوتنامەی پاریس بکشێتەوە.
دەرحەق بە چین- یش ترەمپ بەڵێنی داوە لە خولی دووەمی سەرۆکایەتی ئەمریکا پێناسی گومرگی لەسەر هەناردەکرنی کاڵای چینی بۆ ئەمریکا بە رێژەی % ٦٠ زیادبکات.
سەرەنجام بەوەرگرتنی جڵەوی دەسەڵات لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە گۆڕانکاری ریشەیی لە سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی ئەمریکا رودەدات ئەوەی بەلای کوردەوە گرنگە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکایە لە رۆژئاوای کوردستان و دانانی سنورێکە بۆ تاوان و کردەوە تیرۆریستیەکانی ئەردۆغان و بەکرێگیراوانی لەو پارچەیەی کوردستان.