نەوتی هەرێمی کوردستان ناکۆکی نێوان واشنتۆن و بەغدا قوڵتر دەکاتەوە

بەهۆی نەوتی هەرێمەوە ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی سزا بەسەر عێراقدا دەکات
12 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەمریکا بە نیازە بە هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێی تورکیاوە رێگە لە بەقاچاغبردنی بۆ ئێران بگرێت.
ئامادەکردنی: هاوڵاتی
داواکارییەکەی ئەمریکا سەبارەت بە پەلەکردنی حکومەتی عێراق لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازارەکانی جیهان، گوڕێکی تر بە رێکەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغداد دەدات دەرحەق بە دەرهێنان و بە بازاڕکردنی نەوتی هەرێم، بە تایبەت دوای ئەوەی واشنتۆن هەڕەشەی توندی لە حکومەتی عێراق کرد. لەوباریەوە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە ئیدارەی ترەمپ دوو بژاردەی خستوەتە بەردەم حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەوانیش بریتین لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بە زوترین کات بۆ بازارەکانی جیهان یان رووبەرووی سزا دەبنەوە.
ئاژانسی رۆیتەرز دەشڵێت ئیدارەی ئەمریکا پێیوایە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم یارمەتیدەر دەبێت لە دابەزاندنی نرخی نەوت لە جیهاندا.
لە پەیامەکەی ئیدارەی ئەمریکا ئەوەش لێکدەدرێتەوە کە واشنتۆن بە نیازە هەناردەکردنی نەوتی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ دەرەوە بە تەواوی بنبڕبکات، ئەوەش لە چوارچێوەی فشارە توندەکانی ئیدارەی ئەمریکایە بۆ سەر بەرپرسانی تاران تا دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی ببێت کە لە ئێستادا پیتاندنی یۆرانیۆمی گەیاندووتە ئاستێکی زۆر بەرز و لەبەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی نزیکبووەتەوە.
لە دوای راگرتنی هەناردەی نەوتیش لە ڕێی تورکیاوە بە قاچاغبردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێی ئێرانەوە زیادی کرد، لەوبارەیەوە پێشتر ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاندبوو رۆژانە نزیکەی ٢٠٠ هەزار بەمیل نەوتی هەرێم بە تانکەر بۆ ئێران دەگوازرێتەوە و بە نرخێکی هەرزان دەفرۆشرێت.
تا ئێستاش حکومەتی هەرێم ئەگەر بەشێوەیەکی روکەشیش بێت ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت، کە ماوەی ٢ ساڵە راگیراوە و شارەزایانی بواری ئابووریش دەڵێن راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی زیاتر لە ٢٠ ملیار دۆلار زیانی بە ئابووری عێراق گەیاندووە.
سەرباری هەموارکردنەوەی یاسای گشتی بودجەی عێراق و زیادکردنی بڕەپارەی تەرخانکراو بۆ دەرهێنانی نەوت لەلایەن ئەو کۆمپانیایانەی لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان کاردەکەن بۆ ١٦ دۆلار کە ئەوە بەرزترین ئاستی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتە لەسەر ئاستی عێراق و زۆربەی وڵاتانی جیهان بەڵام رۆژنامەی شەرقلئەوسەت دەڵێت تا ئێستا هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر وردەکاری و میکانیزمی هەرناردەکردنەوەی نەوت ناکۆکییان هەیە.
عێراق لەسەر ئاستی جیهان دووەم گەورە بەرهەمهێنەری نەوتە نزیکەی %85 ی نەوتەکەی لە رێی بەندەرەکانی باشووری عێراقەوە هەناردەی دەرەوە دەکات، ئەو نەوتەش کە بەنیازە لە رێی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیای بگوازێتەوە، تەنها % 0.5 ی نەوتەکەی پێکدەهێنێت، ئەو بڕە نەوتەش کە دەبێت حکومەتی هەرێم لەرێی کۆمپانیای سۆمۆوە رادەستی بکات رۆژانە بە ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوت خەمڵێنراوە.
لە دوای بڕیارەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرحەق بە فرۆشتنی نەوت و راگەیاندنی ئابووری سەربەخۆ، هەوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە تایبەت مووچەخۆران دوچاری دۆخێکی ناهەموار بونەتەوە لە نەدان و دواکەوتنی مووچەکانیان، ئێستاش لەگەڵ هەموارکردنەوەی یاسای بودجە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و هەڕەشەی جدی ئیدارەکەی ترەمپ بۆ سەر حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی تا پەلەبکات لە هەناردە کردنەوەی نەوتی هەرێم، ئومێدەکان زیاتربوون بۆ کۆتاییهێنان بە و قۆناغە و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ و دەستبەرکردنی داهاتی تەواو بۆ مووچە لە کاتی خۆیدا و دەستپێکردنەوەی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان، بە مەرجێک حکومەتی هەرێم بە شێوەیەکی شەفاف داهاتەکان بەکاربێنێت و رێگە بە دوبارەبوونەوەی هەڵەکانی رابردوو نەدات.

