ئەحمەد شەرع لە تیرۆرستێکی داوا کراوەوە بۆ سەکۆی نەتەوە یەکگرتووەکان

8 كاتژمێر لەمەوپێش



ئەبوبەکر کاروانی

 وانەکان بۆ ئێمەی کورد:

 ئەحمەد شەرع بەو ڕابردوو و پاشخانەی هەموومان دەیزانین، وەک سەرۆک کۆماری سووریا، ووتەی وڵاتەکەی لەنەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەش دەکات. 
ئەم دیمەن و ڕۆڵەی ئێستاش، وانەی جۆراوجۆری بەتایبەتیش بۆ ئێمەی کورد تێدایە لەوانەش:

 یەکەم / نەبوونی دەوڵەت دەردێکی یەکجار قورسە، چونکە بوونی دەوڵەت تەنانەت بەشکستخواردوویش هاوشێوەی سووریا، تەنها لە سۆنگەی  مانەوەی دانپیانانی نەتەوە یەکگرتووەکان و نێودەوڵەتی پێی، ڕەوایەتی بە زۆر کەس و هێز و سیاسەت و دۆخ دەدات.   

مەینەتی و لاوازییە ستراتیژییەکەی ئێمەی کوردیش لە بێ دەوڵەتی و نەبوونی پارێزبەندیی نێودەوڵەتیدایە. لەوەش زیاتر جۆری دابەشکردنی کوردستان و گەلەکەیشی کارێکیان کردووە، لە سۆنگەی کەمینە بوونییەوە، لە هیچ گۆڕانکارییەکدا وەک جێگرەوەی ڕژێم و دۆخی لە ئارادا بوو، گرەوی لەسەر نەکرێت، بەڵکو تەنها وەك هێزێکی پارسەنگ ببینرێت و مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.

دووەم/  بایەخی خوێندنەوەی دوور مەوداو عەقڵی ستراتیژی. 
کاتێک ناوچەکانی نفووز لە سووریا دابەشکران، ناوچەی ئیدلیب خرایە ژێر دەستی جۆلانی و حکوومەتێکی کاتیشی تیادا دامەزرێنرا، بەڵام مەسەلەکە تەنها ڕێوشوێنێکی کاتی نەبوو، بەڵکوو ناوچەیەک بوو، بۆ پەیوەندیکردن، دووبارە ڕاهێنانەوە و پێگەیاندنەوە، مەشق پێکردن بوو لە سەر بەڕێوەبردن و گەڵاڵەکردنی جێگرەوەیەک بوو لە میانەرەوی توندرەوەکان بۆ ئایندەی ڕژێمی سووریا و تا ئەو کاتە ئیدارەدانی ململانێکان، کە کورد ئەم عەقلەی زۆر بەهێز نیە.

 سێیەم / نەخەڵەتان بە ڕواڵەتی خەڵەتێنەری ڕیزبەندی و هێڵکارییە ئایدیۆلۆژییەکان. 
مەبەستمان  ئەوەیە دابەشکارییە ئایدیۆلۆژییەکان و بە شەیتان کردنی کەس و بیروباوەڕ و هێزگەلێک لە هەندێک کات و شوێندا، هەموو جارێك واتای ململانێی سفریی ناگەیەنێت وەك هەندێ کەس و ناوەندمان بەکاریگەری ئایدۆلۆژیا لێی تێگەیشتووین، بەڵکو دەکرێت لە چوارچێوەی گەمەی هەواڵگریی و سیاسیدا، قابیلی پیناسە کردنەوە، ناو لێنانەوەو ڕۆڵ بۆ دیاری کردنەوە بن، ئەوەی تا دوێنێش بەمێشک بەستوومان زانیوە هەندێ رۆڵی سیاسی ببینێت و لانیکەم لە ڕووی تیۆرییەوە ببێتە هەڵگری گووتارێکی سیاسی وا زۆر بە خەیاڵماندا نەهاتبێت.

 لێرەشەوە دەکرێت هەندێ لە تیرۆریستەکانی ئەمڕۆ سەرۆکەکانی سبەینێ بن. هەندێ لە کۆنەپەرستەکانیش بە نیشاندانی تواناو ئیرادەیەکی نەشکاو لە خۆیان، بگەرێنەوە سەر کورسی دەسەڵات. 

ئەوەش پێمان دەڵێت ئەوەی پێش هەر شتێك لە هەندێ ئاستی سیاسیدا گرنگە ناسنامەی ئایدۆلۆژیی نییە، بەڵکو خۆ سەلماندنتە وەك هێز.

دیارە هەموو ئەمانەش ئەو ئەگەرە ناسڕێتەوە، کە دەکرێت ئەو ڕۆڵەی شەرع دەیگێرێت وەزیفەیی و کاتیی و ڕاگوزەر بێت، بەڵام ئەگەر بەو جۆرەش بێت پرسیار ناخاتە سەر سەرنجەکانمان و گرنگی رۆڵەکەی ئەویش.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار