zhyr

هەرێم باوەش بۆ کۆمپانیا لەکارکەوتووەکانی ئێران دەکاتەوە

هەرێم دەیەوێت بەشێک لەو کارگە زەبەلاحانە بۆ کارکردن رابکێشێت کە بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە پەکیان کەوتووە

6 ساڵ لەمەوپێش



‌هاوڵاتى

هەرێمی کوردستان لە هەوڵی راکێشانی کارگە زەبەلاح و ستراتیژییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندایە کە بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە بۆ سەر ئەو وڵاتە لەکارکەوتوون و کەرەستەی خاویان دەستناکەوێت تا بەردەوامی بەکارەکانیان بدەن.

ساڵی رابردوو ئەمریکا زنجیرەیەک سزای ئابوری بەسەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا سەپاند، دوای ئەوەی بە پاساوی پابەندنەبوونی ئەو وڵاتە لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە.

سزاکان سێکتەری بانک و نەوت و چەندین کەرتی دیکەی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە، کە بەهۆیانەوە بەشێکی زۆر لە کارگە زەبەلاحەکانی ئەو وڵاتە لەکارکەوتوون و کەرەستەی پێویستیان دەستناکەوێت بۆ دەستکردنەوە بە کارەکانیان.

پێش سەپاندنی سزاکان، ئەو کارگانە کەرەستەی خاویان لە وڵاتانی دیکەوە هاوردە دەکرد، بەڵام لەدوای سەپاندنی سزاکانەوە رێگەی دەرەوەیان لێ داخرا و نەیانتوانی بەردەوامی بە پەیوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە بدەن.

دوای سەپاندنی سزاکان بەرپرسانی ئێران چەندین جار سەردانی هەرێمی کوردستان کرد بەمەبەستی بەرەوپێشبردنی جموجۆڵی بازرگانی، بەو پێیەی بازاڕەکانی هەرێم  ساڵانێکی زۆرە شوێنێکی لەبارە بۆ ساغبونەوەی کاڵای ئێرانی.

مستەفا عەبدولرەحمان سەرۆکی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان بە ‌هاوڵاتى راگەیاند، بەهۆی شکانی بەهای تمەنەوە، دەبێت کارخانەکانی ئێران بە دۆلار و یۆرۆ کاڵا بکڕن، ئەوەش بە گران لەسەریان دەکەوێت، بۆیە زۆربەیان لەکارکەوتوون.

جەختیشیکردەوە، هەوڵەکانیان خستووەتەگەڕ بۆ بەرەو پێشبردنی کاروباری بازرگانی و جموجۆڵی بازرگانی نێوان هەرێم و وڵاتانی دراوسێ بەتایبەتی تورکیا و ئێران.

وتیشی «لەو چوارچێوەیەدا لەگەڵ چەندین کارگەکانی ئێران قسەمان کردووە کە بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە لەکارکەوتوون و کەرەستەی خاویان دەستناکەوێت، تا بێن لە هەرێمی کوردستان کاربکەن و کارگە دابمەزرێنن».

مستەفا عەبدولرەحمان باسی لەوەشکرد، کارگەکان بەشێکیان کارگەی ستراتیژین و لەبواری جۆراوجۆردا کاردەکەن و پێیان خۆشە بێن لە هەرێمی کوردستان کاربکەن.

بەوتەی سەرۆکی یەکێتی هاوردە و ناردنکاران، ئەگەر کارگەکان بهێنرێنە هەرێم، ئەوکات هەرێمی کوردستان لە بەکاربەرەوە دەبێتە بەرهەمهێن و دەتوانرێت بەرهەمی خۆماڵی بەرهەمبهێنن.

پێشیوایە، هێنانی کارگەکان رۆڵی دەبێت لەوەی هەرێم هیچ کات روبەڕووی مەترسی نەبێتەوە، ئەگەر سنوری بەڕوودا داخرا، چونکە کاڵاکان لەناوخۆدا بەرهەمدەهێنرێن.

هەرێمی کوردستان سنورێکی بەرفراوانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە، بەتایبەتی پارێزگای سلێمانی سنورێکی درێژی لەگەڵ ئەو وڵاتە هەیە و خاوەنی چەند دەروازەیەکی نێودەوڵەتییە لەگەڵ ئەو وڵاتەدا، کە دیارترینیان باشماخ و پەروێزخانە.

سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران کاریگەری لەسەر کەمبونەوەی جموجۆڵی بازرگانی نەکردووە لەنێوان هەرێم و ئێراندا و ئەو وڵاتەش چاوی لەوەیە لەرێگەی بەرەوپێشبردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، کاریگەری سزاکانی سەری کەمبکاتەوە.

ناوەڕاستی مانگی رابردوو محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم کۆبووەوە بەمەبەستی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئێران بەتایبەتی لە بواری بازرگانیدا.

محەمەد جەواد زەریف لە میانەی سەرپەرشتیکردنی کۆڕبەندێکی هاوبەشی بازرگانیدا لە هەولێر جەختی لەبەرەوپێشبردنی پەیوەندییە مێژوییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە.

هەروەها نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، کۆمپانیا ئێرانییەکان ئارامی زۆریان گرتووە لەکاتی بوونی قەیرانی داراییدا لە هەرێمی کوردستان و دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان پەرەپێبدەن.

جگە لە سەردانەکەی محەمەد جەواد زەریف، ٢٠ی مانگی رابردوو ‌وەفدێکی بازرگانی سلێمانی لەگەڵ حەسەن دانایی فەڕ راوێژکاری ئابوری جێگری سەرۆک کۆماری ئێران کۆبوونەوە و یاداشتێکیان ڕادەست  کرد، لەبارەی کێشەکانی تایبەت بە بازرگانی و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئەو وڵاتە.

دوای کۆبوونەوەکە، حەسەن دانایی فەڕ بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە خاڵە سنورییەکانی نێوان هەرێم و ئێران ئاساییەو گەمارۆکانی ئەمریکا کاریگەری لەسەر جوڵەی بازرگانی دروستنەکردووە.

جەختیشیکردەوە، وڵاتەکەی پەیوەندییەکی تایبەتی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە و پارێزگاری لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەکەن.
هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان بۆ راکێشانی کۆمپانیا لەکارکەوتووەکانی ئێرن بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە لەکاتێکدایە، بەپێی راپۆرتێکی پێشتری رۆژنامەی ‌هاوڵاتى ئەمریکا هۆشداری داوەتە بازرگانانی هەرێم لەمامەڵەکردن لەگەڵ هەندێ کۆمپانیای ئێرانی کە سزاکانی ئەمریکا گرتوونیەتەوە، لەکاتێکدا ئێران هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ بەرزکردنەوەی قەبارەی بازرگانی لەگەڵ هەرێم.

بەڵام مستەفا عەبدولرەحمان سەرۆکی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێم پێیوایە، هەوڵەکانی ئەوان کێشە دروستناکات، چونکە ئەو کارگانە لەکارکەوتوون و دەکرێت بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیاکانی هەرێم کارەکانیان رێکبخەن، ئەگەر کارگەکانیان بهێننە هەرێم.

نەوزاد ئەدهەم بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان بۆ ‌هاوڵاتى باسی لەوەکرد، هەوڵی هەمەلایەنەیان دەستپێکردووە بۆ ئەوەی کارگە بیانییەکان بهێننە هەرێمی کوردستان، تا لێرە کاڵا بەرهەمبهێنن، نەک بازرگانان لەدەرەوە کالایان لێبکڕن و هاوردەی بکەن.

وتیشی «راکێشانی ئەو کارگانە دەبێتە هۆی زیادبوونی سەرمایەگوزاری بیانی لەهەرێمی کوردستان، چونکە ئەو کارگانە بە سەرمایەی بیانی دادەمەزرێنرێن».

ئێران و هەرێمی کوردستان خاوەنی هەشت دەروازەی نێودەوڵەتی و نافەرمیین بەپێی ئامارەکانیش قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان لە ساڵی رابردوودا بۆ زیاتر لە شەش ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە.

پێشتر سەعدوڵڵا مەسعودیان ‌سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو، دەیانەوێت قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بۆ ١٠ ملیار دۆلار بەرزبکەنەوە.

بەپێی ئامارەکانی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێم، بەگشتی لەساڵانی ٢٠١٢ و ٢٠١٣ قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەرێم لە گەڵ تورکیا و ئێران و وڵاتانی دیکە ٢٢ ملیار دۆلار بووە، بەڵام لەساڵی ٢٠١٤ بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشەوە دابەزی بۆ ١٥ ملیار دۆلار، بەڵام ساڵی رابردوو قەبارەکە بەرزبووەتەوە و نزیک بووەتەوە لە ڕێژەی پێشوو.

هەرێمی کوردستان لە ئێستادا دوو جۆر مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێران هەیە، جۆرێکیان بە شێوەی ترانزێتە بۆ ئەو شمەک و بەروبومانەی کە لە ڕێگەی بەندەرەکانی ئێرانەوە دێتە ناو هەرێمی کوردستانەوە، جۆرێکی تریان تایبەتە بەو شمەک و بەروبوومە ناوخۆیانەی کە لە  ناو ئێران دەکڕێن و راستەوخۆ دەهێنرێنە ناو هەرێمی کوردستانەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ کارگەیەکی ئێرانی لە هەرێم دانەمەزرێنراوە تا لەهەرێم کاڵا بەرهەمبهێنێت.

ئەو کاڵایانەی ئێران هەناردەی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانی دەکات، زیاتر پێکهاتوون لە سەوزە و میوە و کەلوپەلی خۆراکی ڕۆژانە، کە بەشێکی لە رێگەی هەرێمەوە ڕەوانەی ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار