مۆزەخانەی هاوچەرخ لەسلێمانی دەرگاکەی دەکاتەوە
5 ساڵ لەمەوپێش
مۆزەخانەی هاوچەرخ لەسلێمانی دیسانەوە دەرگای بە رووی هونەرمەندان و هاوڵاتیاندا کردەوە، دوای ساڵانێک لەداخستنی. لەمەراسیمی کردنەوەیدا پێشەنگایەکی شێوەکاریی نمایشکرا کە لەچوار هونەرمەندی بەئەزمونی شارەکە کە تێیدا بەشداربوون و زیاتر لە (١٠٠) تابلۆی تێدا پیشاندران.
ئێوارەی دوێنێ، لەمۆزەخانەی هاوچەرخ، لەشاری سلێمانی، پێشەنگایەکی شێوەکاریی هاوبەش بۆ هونەرمەدان، عەلی جۆڵا، عەلی کەریم، هێمن کاکە، سلێمان شاکر، کرایەوە کەتێیدا ژمارەیەکی بەرچاو لەهاوڵاتیانی شاری سلێمانی سەردانیان کردبوو، هونەرمەندانی بەشداربوو ئەزمونی (٥٠) ساڵی کارکردنیان لە (١٠٠) تابلۆدا نمایشکردبوو.
هەر لەپێشەنگاکەدا، موزیکسیان ئالان عارف، بەکەمانچەکەی چەند پارچە میوزیکێکی پیشکەش بەئامادەبووانی پێشەنگاکە کرد.
مۆزەخانەی هاوچەرخ، لەسەردەمی رژێمی بەعسدا جێگای ئەشکەنجەدانی هاوڵاتیانی سلێمانی بووە لەلایەن ئەمنی بەعسەوە، لەدوای راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ کراوەتە مۆزەخانەی هونەریی.
ماوەی دوو ساڵە بەمەبەستی نۆژەنکردنەوەی بەکار نەهاتووە، ئەمڕۆ بەم پێشەنگایە جارێکی دیکە بە رووی هونەرمەندان و هاوڵاتیاندا کرایەوە.