براوه‌کانى فیستیڤاڵی شانۆی سەقز خەڵات کران

4 ساڵ لەمەوپێش



 

خولی شانزدەهەمی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی کوردیی سەقز بەخەڵاتکردنی پاڵێوراوانی ژن و پیاوو دەرهێنەرو دیزاین و شانۆنامە کۆتایی بەکارەکانی خۆی هێنا.

شەوی هەینی 13ی کانوونی یەکەمی 2019 رێوڕەسمی کۆتاییی خولی شانزدەهەمی شانۆی کوردی لەسەقز بەبەشداریی بەڕێوەبەری گشتیی هونەری شانۆیی وەزارەتی رۆشنبیری و بەرپرسانی پارێزگای کوردستان و شاری سەقزو هونەرمەندان، لەتەلاری میلادی سەقز بەڕێوەچوو.

لەفستیڤاڵەکەدا خەڵاتی باشترین ئەکتەری ژن و دبڵۆمی شانازی و هێمای تایبەتی فیستیڤاڵەکە بەخشرا بە نیشتمان رەسوڵ زادە بەبۆنەی شانۆی «ئەرکی نیشتمانیی داهۆڵێک» لەشاری سنەوە. خەڵاتی دووهەمی ئەو بەشە بەهاوبەشی بەخشرا بە رازیە حاجی پوور بۆ شانۆی «قامووسی مێروویان» لەورمێ و شایستە فەرمانی بۆ شانۆی «سووئانە» لە بیجاڕەوە. هەر لەم بەشەدا خەڵاتی سێهەم بەهاوبەشی بەخشرا بە فەوزیە پاڵەوانی بۆ شانۆی «چاوەڕوان» لەسەقزو رۆژانۆ ئەرجمەند بۆ شانۆی چنارەکان» لەسەقزەوە، ئهوهش بهپێی پێگهى کورد پرێسى ئێرانى.

لەبەشی باشترین ئەکتەری پیاوی فیستیڤاڵەکەش دبلۆمی شانازی و نیشانی تایبەتی فیستیڤاڵ بەخشرا بە حوجەت ئەسەدوڵڵاهی بۆ شانۆی «سوورانە» لەبیجاڕەوە و خەڵاتی پلەی دووهەمیش بەخشرا بە ئیسماعیل پاشایی بۆ شانۆی «چنارەکان» لە سەقزو خەڵاتی سێهەمیش بەهاوبەشی بەخشرا بەهەردوو هونەرمەند زاهید زەندی و سەعید پاکزاد بۆ دوو شانۆی «جن و جنۆکە» و «سەرپێڵ زەهاو».

خەڵاتی باشترین دەرهێنەرو دبلۆمی شانازی و هێمای تایبەتی فیستیڤاڵەکە بەخشرا بە غوڵامڕەزا هیمەتیان بۆ شانۆی «سوورانە» لە بیجاڕ. ئومید مستەفایی بۆ شانۆی «چنارەکان» خەڵاتی دووهەم باشترین دەرهێنەری مسۆگەر کردو خەڵاتی سێهەم باشترین دەرهێنەریش بەهاوبەشی بەخشرا بە حەسەن میرزایی بۆ شانۆی «گراداف» لەبانەو فەرزاد حەسەن میرزایی و حامید ئیسماعیل وەند.

باشترین دیزانی رۆشنایی و هێمای تایبەتی فیستیڤاڵەکە بەخشرا بە سامان ئەمیری بۆ شانۆی «چنارەکان» لە سەقز. دبلۆمی شانازی و هێمای تایبەتی فیستیڤاڵ بەخشرا بە سامان مێهران و حەسەن میرزایی بۆ شانۆی «گراداف» لەبانە. پلەی دووهەمی دیزانیش بەخشرا بە مەهدی کەریمی بۆ شانۆی «چنارەکان» لەسەقز.

لەبەشی شانۆنامەشدا دبلۆمی شانازی و هێمای تایبەتی فیستیڤاڵەکە بەخشرا بە شادی ئەمینی بۆ شانۆی «قامووسی مێروویان» لەورمێ و غوڵامڕەزا هیمەتییان بۆ شانۆی «سوورانە» پلەی دووهەمی مسۆگەر کردو خەڵاتی سێهەمیش بەهاوبەشی بەخشرا بە جەمیل مەفاخری بۆ شانۆی «ئەرکی نیشتمانیی داهۆڵێک» لەسنەوە و کیانووش محەمەدی بۆ شانۆی «چنارەکان» لە سەقزەوە.

خەڵاتی دەرهێنانی دەرەوەش بەخشرا بە سدیق عەزیز بۆ شانۆی «باوک» لەسلێمانییەوە و دبلۆمی شانازیی ئەکتەرە ژنەکانیش بەخشرا بە خەرمان خاتوون بۆ شانۆی «باوک» لە سلێمانی.

وەزان ترجای بۆ شانۆی «راپۆرتێک بۆ ئاکادیمیا» لەتورکیاوە خەڵاتی باشترین ئەکتەری مسۆگەر کردو پەیمان بابائییان لەمەهابادەوە بۆ شانۆی «ئەفسانەی بەبر» و شەماڵ عەبەڕەش بۆ شانۆی «باوک» لەسلێمانییەوە هەر لەبەشی ئەکتەرە پیاوەکاندا خەڵات کران.

خەڵاتی دیزانی لافیتە لەبەشی تایبەتی فیستیڤاڵەکە بەخشرا بە شاهین عەلەوی بۆ شانۆی «قامووسی مێروویان» لەورمێ و خەڵاتی باشترین مۆسیقاش بەخشرا بە شارام عەلیموحەمەد بۆ شانۆی «سەرپێڵ» لە سنەوە.

خولی شانزدەهەمی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی کوردی سەقز رۆژی 19ی سەرماوەز بە شانۆی «حەسار»ەوە دەستی پێکردو تاڕۆژی هەینی 22ی هەمان مانگ بەردەوام بوو و لەفیستیڤاڵەکەدا (9) دەستەی ناوخۆو (2) دەستەی دەرەوەی ئێران کێبڕکێیان دەکرد.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار