‌کتێبى "ژنه‌ نووسه‌ره‌کانى کورد"

5 ساڵ لەمەوپێش



 ‌زامدار ئه‌حمه‌د
ئه‌م کتێبه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ژنه‌ نووسه‌ر و وه‌رگێڕه‌کانى کورد.. که‌ بیست خانمى نووسه‌رى باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستانى له‌خۆ گرتووه‌، که‌ ئه‌مانه‌ن: "کوردستان موکریانی، شوکریه‌ ڕه‌سووڵ، سۆزان جه‌مال، مه‌هاباد حه‌سه‌ن، به‌یان سه‌لمان، شیرین. ک، ڤینۆس فایه‌ق، کنێر عه‌بدوڵڵا، گه‌لاوێژ خان، شیرین تاھیر، زێنه‌ب یوسفی، کازیوه‌ ساڵح، باران، چنار نامیق، چنوور نامیق، شلێر ڕه‌شید، نازه‌نین عوسمان، فه‌وزیه‌ ساڵح، زارا ستاوه‌ند، شیلان گه‌یلانی"
به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا سه‌باره‌ت به‌ ژنانى نووسه‌رى کورد، کتێب و نووسین که‌مه‌، ئه‌گه‌ر که‌سێک بیه‌وێ ده‌رباره‌ى ژنانى نووسه‌ر و وه‌رگێرى کورد زانیارى وه‌چنگ که‌وێ، هیچى به‌رده‌ست نییه‌.. له‌کاتێکدا زانیارى زۆر باش له‌باره‌ى ژنه‌ نووسه‌ره‌کانى زۆربه‌ى وڵاتانى دیکه‌ به‌رده‌سته‌، بۆ وێنه‌: ژنانى ئه‌مریکی، ئه‌روپی، فارسی، تورکى و عه‌ره‌بی.. 
ئه‌م کتێبه‌ خانمه‌ نووسه‌ر و وه‌رگێڕه‌ زیندووه‌کانى له‌خۆگرتووه‌، به‌مشێوه‌یه‌ش ویستوومانه‌ مۆدیل و ڕه‌وتى "زیندوو کوژى مردوو په‌رست" بگۆڕین. ئه‌و نووسه‌ر و وه‌رگێڕانه‌ى له‌ سه‌رووى ده‌ کتێبیان بڵاوکردۆته‌وه‌ له‌چوارچێوه‌ى کتێبه‌که‌دا بوونى هه‌یه‌. 
ڕیزبه‌ند و دانانى خانمه‌ نووسه‌ره‌کان له‌ژێر بنه‌ماى ژماره‌ى کتێبه‌کانیان دانراوه‌، کتێبه‌کانیشیان به‌شێوه‌ى ڕیزبه‌ندى له‌کۆنه‌وه‌ بۆ نوێ دانراوه‌ و ناساندن بۆ کتێبه‌کانین کراوه‌، هه‌روه‌ها چه‌ند کتێبێکى چه‌ند نووسه‌رێک له‌سه‌ده‌ى پێشوو چاپکراوه‌ و له‌بازاردا نه‌ماوه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ ته‌نیا ناوى کتێبه‌که‌مان هێناوه‌ و ناساندنمان بۆى نه‌کردووه‌.‌ هاوکات، به‌شێک له‌ تێکستى نووسه‌ر و وه‌رگێڕه‌کانمان داناوه‌، بۆ ئه‌وه‌ى به‌ زمانى نووسینى ئه‌و خانمانه‌ ئاشنابن. 

هه‌روه‌ها، ئه‌م کتێبه‌ ده‌بیته‌ به‌رگى یه‌که‌م، له‌ داهاتوودا کار له‌سه‌ر به‌رگى دووه‌مى کتێبه‌که‌ ده‌کرێ، که‌ چه‌ندین خانمى دیکه‌ له‌ژێر بنه‌ماى به‌رگى یه‌که‌م له‌ به‌رگى دووه‌م داده‌نرێ..
ئه‌م کتێبه‌ به‌ قه‌باره‌ى ۱٦ به‌ ۲۳، له‌ دووتووێى ۳٥۰ لاپه‌ڕه‌ له‌لایه‌ن زامدار ئه‌حمه‌د ئاماده‌کراوه‌ و له‌ چاپخانه‌ى چوارچرا-سلێمانى چاپکراوه‌.. سبه‌ینێ له‌ سلێمانى له‌ کتێبخانه‌کانى ڕه‌هه‌ند و چوارچرا، هه‌فته‌ى داهاتووش له‌ه‌ هه‌ولێر له‌ کتێبخانه‌کانى فێربوون و مه‌م و زین ده‌ست ده‌که‌وێ..
له‌لایه‌ن ئه‌نجام ئه‌نوه‌ر دیزاینى به‌رگى بۆ کراوه‌..
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار