پۆستێکی ئینستاگرام ژنە کوردێک دەخاتە زیندان
موژگان کاووسی کوردی رۆژهەڵات بە (69) مانگ زیندانی سزادەدرێت لەبەرئەوەی وتوویەتی «بێدەنگی خیانەتە»
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
موژگان کاووسی نووسەرو لێکۆڵەری کوردی خەڵکی شاری کەلاردەشت لەباکووری ئێران، لەلایەن دەزگای دادوەریی حکومەتی ئێرانەوە حوکمی زیندانیکردنی بەسەرداسەپێنرا بەتۆمەتی ئەندامبوون لەحزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رێکخراوێکی تایبەتە بەتۆمارکردنی پیشێلکارییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئاشکرایکرد کەپێنجشەممەی رابردوو موژگان کاووسی، نووسەر و لێکۆڵەری خەڵکی شاری کەلاردەشت لەلایەن دادگای بەرایی شاری نەوشەهر لەباکووری ئێران بەسێ تۆمەتی جیاواز سەرجەم حوکمی (٦٩) مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا.
یەکێک لەنزیکانی بنەماڵەی کاووسی کە بەهۆکاری ئەمنی نەیویستووە ناوی بهێنرێت لەوبارەیەوە بەهەنگاوی راگەیاندوە کە، موژگان کاووسی بەتۆمەتی “ئەندامەتی لەحزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران” بە (٣٣) مانگ بەندکردن سزادراوە، هەروەها بەتۆمەتی “هاندانی خەڵک بۆ دروستکردنی پشێویی و تێکدانی ئاسایشی گشتی” بە (٣٠) مانگ بەندکردنی تر سزادراوە، هەروەها بەتۆمەتی “پڕوپاگەندە دژ بە رژێم ” حوکمی شەش مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێنراوە.
بەپێی یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکان، لەو سێ حوکمە زۆرترینەکەیان واتە حوکمی (٣٣) مانگ بەندکران جێبەجێدەکرێت.
ئەو سەرچاوەیە لەدرێژەدا رایگەیاند کە، موژگان تەنیا بەتۆمەتی نووسینی پۆستێکی ئینستاگرامی کەنوسیبووی “بێدەنگی خیانەتە” و لەگەڵ وێنەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی رابردووی مەریوان و جوانڕۆ بڵاویکردبوویەوە، حوکمی (٣٣) مانگ بەنکرانی بەسەردا سەپاوە.
موژگان کاووسی لەکاتی دانیشتنی دادگا لەهەبوونی مافی پارێزەر بێبەش بووەو (٢٠) رۆژ مۆڵەتی پێدراوە کەتانە لەو بڕیارە بدات. ناوبراو هەر ئەو رۆژەو دوای دانیشتنی دادگا بەدانانی بارمتەی (١٠٠) میلیۆن تمەنی بەشێوەی کاتیی ئازاد کراوە.
ناوبراو رۆژی دووشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧١٩ (١٨ی نۆڤەمبەری ٢٠١٩) ، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری نەوشەهر سەر بەپارێزگای مازندەران دەستبەسەرکرا.
موژگان کاووسی رۆژی سێشەممە ١٩ی سەرماوەز (١٠ی دێسامبر) دوای یەک هەفتە لەدەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ساری بۆ بەندیخانەی شاری نەوشەهر گوازرابووەوە.
موژگان کاووسی کتێبی ئەنفال و چارەنووسی تەیموور، بەرهەمی عارف قوربانی نووسەری خەڵکی کەرکووکی، بۆ سەر زمانی فارسی وەرگێڕاوەتەوە
ئەو نووسەرە کوردە لەماوەی ساڵانی رابردوو چەندین وتاری لەسەر زمانی کوردی بڵاو کردووەتەوە کورتەفیلمێکی بەڵگەنامەیی بەناوی “هیوا” بەرهەمهێناوە. ناوەڕۆکی ئەو فیلمە باس لەسەر مەترسی لەناوچوونی زمانی کوردی لەنێو کوردەکانی کەلاردەشت لەپارێزگای مازندەرانی باکووری ئێران دەکات.
موژگان کاووسی کتێبی ئەنفال و چارەنووسی تەیموور، بەرهەمی عارف قوربانی نووسەری خەڵکی کەرکووکی، بۆ سەر زمانی فارسی وەرگێڕاوەتەوە.
کوردەکانی کەلاردەشت لەباکووری ئێران کە سەر بەهۆزی لەک و پێڕەوی ئایینی یارین (کاکەیی) دوای سەدان ساڵ لەکۆچی زۆرەملییان بۆ باکووری ئێران و لێوارەکانی دەریای قەزوین، هێشتا دابونەریتی خۆیان پاراستووەو رێوڕەسم و بۆنە کوردییەکان بەجلوبەرگی کوردی پیرۆز دەکەن و هەستی نیشتیمانی و کوردایەتییان هەمیشە لەجۆش و خرۆشدایە.