"هۆشى ره‌ها خۆى له‌ناو سروشت و مێژوودا به‌رجه‌سته‌ ده‌کات"

5 ساڵ لەمەوپێش



دەربارەی هیگڵو فینۆمینۆلۆژی هۆش، گفتوگۆیەکی فەلسەفی لەگەڵ د.محەمەد کەمال

سازدانی: شوان ئەحمەد

بەشی سێیەم

 

د.محەمەد کەمال، نوسەرو ئەکادیمست و توێژەرێکی بواری فەلسەفە لەبەشی سێیەمی چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ هاوڵاتی دەربارەی فینۆمینۆلۆژی هۆش،

 تیشکدەخاتە سەر چەند لایەنیکی دیکەی فەلسەفەی هیگڵ.

هەروەها باسی کەسایەتی هیگڵ دەکات کە لەسەرەتاوە کەسێکی رادیکال و شۆڕشگێڕ بووە، بەڵام لەدواساڵەکانی تەمەنیدا بووە بەکەسێکی موحافیزکارو زیاتر پشگیری لەڕژێمی پاشایەتی دەکرد لەئەڵمانیا.

لەبارەی ئەوەشەوە کەهەندێک هیگڵ وەک فەیلەسوفێکی ریالیست و هەندێکی کەش وەک ئایدیالیستێکی رەها سەیری دەکەن، د.محەمەد کەمال دەڵێت «هیگڵ وەکو ئەفلاتون، فەیلەسوفێکی ریالیستەو وەکو ئەویش فەیلەسوفێکی ریالیستە. چونکە ئەفلاتونیش، ئایدیالیست و ریالیستە».

هەروەها دێتەسەر باسی پرۆژەی نووسینی خۆی بەتیابەتی لەبارەی هیگڵەوەو دەڵێت «ئەوەی من دەمەوێت دروستکردنی زەمینەیەکی فەلسەفیە، تاخوێنەری کورد بەفەلسەفەو بەبیرکردنەوەی فەلسەفی ئاشنا بێت. بۆ ئەوەی من لەدواڕۆژدا گەر کتێبێکم نووسی، کتێبێکی رەخنەگرانە لەسەر هیگڵ، خوێنەری کورد دەقێکی هیگڵی لەبەردەستدابێت، بۆ ئەوەی بەراورد بکات لەنێوان رەخنەکانی من و بۆچوونەکانی ئەودا».

هاوڵاتى: کەواتە ناتوانین بڵێین ئەو لەنیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەمدا، باسی هەموو شتێکی کردووە؟

د.محەمەد کەمال: ئەو خۆی وتوویەتی باسی هەموو شتێکم کردووەو وتوویەتی من دوایین فەیلەسوفم، دوای من ئەوانەی دێن منداڵی منن و هیچی تازەیان پێ نییە.

هاوڵاتى: دەتوانین بڵێین دوایین فەیلەسوفی شمولییە لەمێژووی فەلسەفەدا؟

د.محەمەد کەمال: دەتوانین وەها ناوی بنێین، چونکە دوای ئەو هیچ فەیلەسوفێک نەهاتووە بڵێت: (من جیهانبینیم هەیەو دەمەوێت هەموو شتێک لەجیهاندا بکەم).

هاوڵاتى: هەندێک لەو بڕوایەدان گەورەترین رووداو لەمێژووی فەلسەفەی نوێدا، گواستنەوەو پەڕینەوەیە لەئیمانوێل کانتەوە بۆ هیگڵ. ئەمە چۆنە؟

د.محەمەد کەمال: پێم وانیە ئەوە گەورەترین رووداوبێت لەمێژووی فەلسەفەی نوێدا. ئەوەی هەیە کانت بەو ئاکامە گەیشت کەبیرکردنەوەی مرۆڤ ناتوانێت، راستەقینەی دەرەکی (یاخود ڕاستەقینەی رەها) بناسێت یاخود بدۆزێتەوە..... ئەمەش بۆچی؟

چونکە تێگەیشتنی مرۆڤ سنوردارەو پەیوەستە بەو زانیاریانەوە (یاخود ئەو خەسڵەتانەوە) کەئەزموونی هەستەکی پێی دەگەیەنن. ئەزموونی هەستەکیش توانای ئەوەی نیە، بچێتە ئەودیو دیاردەکانەوە. کەوابوو گەرهاتوو شتێک لەودیو دیاردەکانەوە هەبوو، ئێمە ناتوانین بیناسین و پەی پێبەرین. واتە ڕاستەقینەی رەها وەک ئەوەی ئایدیالیستەکان بڕوایان پێیەتی (هەرچەندە کانت خۆشی ئایدیالیست بووە)، دەبێت بەڕاستەقینەیەکی شاراوە.

ئەمە لێرەدا کێشەی دروستکردووە بۆ هەموو ئەو فەیلەسووفانەی دوای کانت هاتوون، یاخود لەسەردەمی کانت دا ژیاون. بۆنمونە: (شۆپنهاوەر، فێختە، هیگڵ، شیلنگ) و هەموویان کێشەیان هەبووە لەگەڵ ئەم قەناعەتەی کانت دا.

ئەمەش بۆچی؟

چونکە ئەگەر بیرکردنەوەی مرۆڤ (یاخود ئاگایی مرۆڤ) نەتوانێت راستەقینە بناسێت، ئەوا لەڕاستەقینە نامۆدەبین و ناتوانین لەو جیهانە تێبگەین کە لەنێویدا دەژین، چونکە ناتوانین لەبنەماکەی تێبگەین. بۆیە زۆرگرنگە مرۆڤ راستەقینەی رەها بدۆزێتەوەو بیناسێت. هەموو ئەو فەیلەسوفانەی دوای کانت هاتن، هەوڵیانداوە ڕێگەیەک بدۆزنەوە بۆ ناسینی ئەو راستەقینە رەهایەی کەکانت شاردویەتیەوەو بەنەرێ باسی کردووە. هەوڵدانەکەی هیگڵیش یەکێکە لەو هەڵدانانە کەزۆر بەجدی کاری لەسەر کردووەو بەبۆچونی بیریارانی سەردەمەکەی و ئەوانەی سەر بەهیگڵ بوون، هیگڵ تاکە فەیلەسوفێکە توانیویەتی رێگەیەکمان بۆ بدۆزێتەوە راستەقینەی رەهای پێبناسین.

هاوڵاتى: یەکێک لەخواستە فەلسەفیەکانی هیگڵ ئەوەبووە، مێژوو بەیاسایی بکات و لەسەر رێتمی تیۆریاو ئایدیاکانی خۆی رێکی بخات؟

د.محەمەد کەمال: گەر راڤەکردنی مێژوو لای هیگڵ بخوێنیتەوە، دەبینیت کە (هەرچەندە دیالێکتیکیانە دەگۆڕێت)، بەڵام ئەو گۆڕانکاریە هەر دەبێت رووبدات، چونکە گۆڕینی مێژوو جوڵانی ئاگامەندی رەهایە (بۆ خۆتەواوکردنەکەی خۆی). کەواتە من و تۆ چەند بتوانین مێژوو بگۆڕین، هێشتا ناتوانین (ئەوەندە ئیرادەو هێزمان نییە) بەرپەرچی ئەو جوڵانە بدەینەوەو بەری پێبگرین کە ئاگامەندی رەها خۆی دەیەوێت تێیدا بگوزەرێت. ئەمە جۆرە ناچارەکیەک (جۆرە جەبریەتێک) دروستدەکات لەنێو مێژوودا کەدەبێت ب ڕەخنە لەهیگڵ و لەفەلسەفەکەی، چونکە هێگڵ دەیەوێت مێژوو لەسەر یاسای دیالەکتیک راڤە بکات، ئەو یاسای دیالەکتیکەش من و تۆ دروستمان نەکردووە، بەڵکو ئاگامەندی رەها دروستی کردووە.

کێشەکەش لەوێدا دروستدەبێت، ئەمەش بەپێچەوانەی مارکسەوەیە کەدێت باسی شۆڕشی پڕۆلیتاریاو ویستی مرۆڤ و پێداویستی و ئەو شتانە دەکات. هیگڵ باسی ویستی مرۆڤ ناکات لەوێداو ئەمەش وەک جۆرێک لەڕەخنە ئاراستەی ئەو کراوە. تەنانەت کەسانی وەکو کارل پۆپەر (گەربزانیت)، رەخنەی توندیان لەهیگڵ گرتووە.

هاوڵاتى: بەڵێ ئەو رەخنانە زۆر بەوردی لەکتێبی (کۆمەڵگەی کراوەو دوژمنانی)دا دەبینین کە پۆپەر تێیدا وەک سێ پێغەمبەر درۆزن، قسە لەسەر (ئەفلاتۆن، هیگڵ و مارکس) دەکات؟

د.محەمەد کەمال: دواجاریش کەسی وەک هێربەرت مارکۆزە دێت، فریای هیگڵ دەکەوێت و دەیەوێت رزگاری بکات لەو ڕەخنانە.

هاوڵاتى: بەشێکی زۆری فەلسەفەی هیگڵ فەلسەفەیەکی سیاسیە، بەڵام دەکرێت بپرسین ئەو فەلسەفە سیاسیە (لیبراڵە یان تۆ تالیتارە)؟

د.محەمەد کەمال: لیبرال نییەو تۆتالیتاریش نییە، بەو جۆرەی لەمڕۆدا چەمکی تۆتالیتاری تێدا بەکاردەهێنین. گەرچی هیگڵ لەسەرەتاوە کەسێکی رادیکال و شۆڕشگێڕ بووە (لەتەمەنی لاوێتی)دا، بەڵام لەدواساڵەکانی تەمەنیدا بوو بەکەسێکی موحافیزکارو زیاتر پشتگیری لەڕژێمی پاشایەتی دەکرد لەئەڵمانیا. ئەڵبەت ئەمە هەڵوێستی خۆیەتی، بەڵام گەربێتو سەیری فەلسەفەکەی بکەین، ئەوا دەتوانین لەڕوانگەی لۆژیکی دیالەکتیکیەوە، لەلایەکەوە بڵێین هیگڵ سەرهەڵدانی جۆرە ئایدیۆلۆژیایەک بووە (بۆنمونە قۆناغی مێژووی ئەوروپا لەکاتی جەنگی جیهانی دووەمدا، سەرهەڵدانی فاشیزم و نازیزم)، بەپێویستیەکی مێژوویی دادەنێت. چونکە هەموو شتێک لەنێو مێژوودا کەدێتە ئاراو سەرهەڵدەدات، پێویستیەکە ئاگامەندی رەهای پێدا تێدەپەڕێت.

ئەمە جۆرێکە لەو رەخنانەی لەهیگڵ گیراوە، بەتایبەت کارل پۆپەر باس لەم شتانە دەکات. بەڵام لەهەمان کاتدا هیگڵ دەڵێت:(هەموو ساتێکی مێژوو لەنێو ئەم گۆڕانکارییە دیالەکتیکیەدا، کاتییەو گۆڕانی بەسەردا دێت. لەقۆناغێکدا پێویستەو لەقۆناغێکدا ناپێویستەو دەبێت زوو تێپەڕی کەین). ئەمە بۆخۆی جۆرێک لەلیبرالیزم دروستدەکات و رێگەنادات ئەو سیستمە تۆتالیتارە، یان سیستەمە ستەمکارە بمێنێتەوەو بەردەوام بێت.

هاوڵاتى: هەندێک وەک فەیلەسوفێکی ریالیست و هەندێکی کەش وەک ئایدیالیستێکی رەها سەیری هیگڵ دەکەن، ئەو کامیانە؟

د.محەمەد کەمال: هیگڵ وەکو ئەفلاتون، فەیلەسوفێکی ریالیستەو وەکو ئەویش فەیلەسوفێکی ریالیستە. چونکە ئەفلاتونیش، ئایدیالیست و ریالیستە.

ئەمە چۆن؟

ئەفلاتون بڕوای بەبوونی ئایدیاکان و فۆرمە هەمەکیەکان هەیە، وەکو راستەقینەیەکی هەمەکی و راستەقینەیەکی دەرەکی، لەسەروو ئەم جیهانەوە. ئەو فۆرم و ئایدیایانەی ئەفلاتون باسیان دەکات، ئەو بیرۆکانە نین کە لەنێو بیرکردنەوەی من و تۆدا هەن (ئەو بیرۆکە هەمەکیانە نین)، بەڵکو راستەقینەی خۆیان هەیەو ئۆنتۆلۆژیانە، بوونیان هەیەو لەجیهانێکی بەرزدان. ئەمە جۆرێکە لەڕیالیزم. بەڵام لەهەمان کاتدا ئەو فۆرمە هەمەکیانەی کەبوونی خۆیان هەیە، مادە (یاخود ماتریاڵ)نین و ئایدیان. ئەمە جۆرێکە لەئایدیالیزم. بەهەمان شیوە لەفەلسەفەی هیگڵ دا، هۆشی رەها کەخۆی لەناو سروشت و مێژوودا بەرجەستە دەکات، سروشت و مێژوو دەبن بەبابەت و وەکو تۆ باست کرد دەبن بەئۆبژێکت، بۆ ئاگامەندی ڕەها، دەبن بەبەشێکی دەرەکی. کەواتە ئەم جیهانە دەرەکییە (یاخود ئەم جیهانەی ئێمەی تێداین)، جیهانێکی راستەقینەیەو ئەمەش ریالیزمە.

کەتۆ دەڵێی جیهان راستەقینەیە لەدەرەوەی بیرکردنەوەی مندا، ئەمە ریالیزمە. بەڵام لەهەمان کاتدا ئەو جیهانە راستەقینەیەی کەمن و تۆ بەڕاستەقینەی دادەنێین و دەڵێین ئۆبژێکتە، سەربەخۆ نییەو بەشێکە لەخۆ. بەشێکە لەئاگامەندی رەها. بەرجەستە بوونی ئاگامەندی رەهایە.. دەگەڕێتەوە بۆ ئاگامەندی خۆی. ئەمەش جۆرێکە لەئایدیالیزم. لەبەرئەوەی فەلسەفەی هیگڵ، ئایدیالیزمێکی ریالیستانەیەو بەتەنیا ئایدیالیزم نییە.

هاوڵاتى: بۆ داهاتوو دەتانەوێت درێژە بەپرۆژەی ئیشکردن لەسەر هیگڵ بدەن و لەوبارەیەوە، چیترتان هەیە بۆ کتێبخانەی کوردی؟

د.محەمەد کەمال: بەر لەوە حەزدەکەم لەبارەی پرۆژەی نووسینی خۆمەوە، هەندێ شتت بۆ باس بکەم.

هاوڵاتى: بەڵێ، فەرموو..

د.محەمەد کەمال:  نووسین بۆ من تەواوکەری پرۆسەی بیرکردنەوەیە. تۆ تاکو بیرنەکەیتەوە ناتوانیت بنووسیت، ئەمە بۆ منیش وایە. لەپرۆژەی نووسینمدا دەمەوێت، زەمینەیەکی فەلسەفی بۆ خوێنەری کورد دروستبکەم. خوێنەری کورد بەهەندێ دەقی فەلسەقی جدی ئاشنابکەم. ئەڵبەتە هەڵبژاردنی منیش بۆ دەقەکان، دەکەوێتە سەر تێگەیشتنم لەو دەقانە. دواتر من وەک کەسێک، وەک بیرگەرایەک بیردەکەمەوە لەژیانی رۆژانەمدا بۆخۆم. بۆنمونە کاتێک لەسەر هیگڵ یان ئەریستۆ دەنووسم، کتێبێکم هەیە دەربارەی (میتافیزیکی ئەریستۆ) نووسیومە، خوێنەر راستەوخۆ تێبگات ئەریستۆ دەڵێت چی، ئەمە پرۆژەکەیە.. ئێستا دەمەوێت خوێنەر لەهیگڵ تێبگات چۆنە.

لەدووەم قۆناغی پرۆژەکەمدا، دەمەوێت جەند کتێبێک یان چەند نووسراوێک بنووسم، لەبۆچونی فەلسەفەی خۆمەوە سەیری ئەم فەیلەسوفانە بکەم. ئەمە پرۆژەی دووەممە. کەمن دەمەوێت لەداهاتوودا دەستی پێبکەم.

بۆچی؟ لەبەرئەوەی گەربێتو من بێم و لەبۆچونی فەلسەفی خۆمەوە باس لەهیگڵ بکەم، بێ ئەوەی خوێنەری کورد هیچ پاشخانێکی فەلسەفەی هیگڵی لەبەردەستدابێ، ئەو نازانێت من چەند راستگۆم، لەڕوونکردنەوەو رەخنەکانمدا لەسەر هیگڵ. لەکاتێکدا ئەو هیگڵ نەناسێت، من چی بڵێم بەرامبەر بەو بیرمەندە ئەو بەڕاستی دەزانێت.

ئەوەی من دەمەوێت دروستکردنی زەمینەیەکی فەلسەفیە، تاخوێنەری کورد بەفەلسەفە و بەبیرکردنەوەی فەلسەفی ئاشنابێت. بۆ ئەوەی من لەدواڕۆژدا گەر کتێبێکم نووسی، کتێبێکی رەخنەگرانە لەسەر هیگڵ، خوێنەری کورد دەقێکی هیگڵی لەبەر دەستدابێت، بۆ ئەوەی بەراورد بکات لەنێوان ڕەخنەکانی من و بۆچوونەکانی ئەودا.

بەڵام گەر من هەر لەئێستاوە دانیشم، رەخنەگرانە بەسەروگوێلاکی فەیلەسوفەکاندا بێمە خوارێ بەزمانی کوردی و خوێنەریش بەرهەمی ئەو فەیلەسوفانەی لەبەردەستدا نەبێت، ئەوسا خوێنەر ناتوانێت حوکم بدات لەسەر هیچ شتێک. جاپرۆژەکەی من ئەوەیە، بتوانم زەمینەیەکی فەلسەفی دروست بکەم. ئەوەش بەپێی توانا، چونکە ئەوە کارێکی هێندە ئاسان نییە، وانییە؟ لەڕێی نووسینەکانەوە فینۆمینۆلۆژیانە باسی ئەریستۆ دەکەم، باسی ئەفلاتون، باسی هیگڵ، هایدیگەر، سارتەر، نیتشە دەکەم. خوێنەریش دەتوانێت راستەوخۆ بۆ ئەو سەرچاوانە بگەڕێتەوە، بەبێ ئەوەی شرۆڤە و لێکدانەوەی منی تێدابێت. چونکە وەک دەزانێت راڤەکردن، هەمیشە جۆرە دەسکاریکردن و رەخنەگرتن و هەڵسەنگاندنێکی تێدایە. بەڵام لەدووەم قۆناغی پرۆژەکەمدا، دەمەوێت رۆژێک دابنیشم کتێبێک لەسەر (فینۆمینۆلۆژی هۆش) بنووسم بەکوردی، تا لەڕوانگەی بیروبۆچوونەکانی خۆمەوە بیروباوەڕەکانی هیگڵ شیبکەمەوە.

مەرج نییە هەمیشەو بەردەوامیش رەخنەی لێبگریت و زۆرجار لەوانەیە لەگەڵیشدا بیت، بەڵام جۆرێک بێت لەهەڵسەنگاندنی. ئەوە پرۆژەی دووەمی منە

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار