مه‌سرور بارزانى: داهاتى فرۆشى نه‌وت 30 ملیۆن و ناوخۆش 60 ملیۆن دۆلار بووه‌

" کاتى ئه‌وه‌ هاتووه‌ چه‌وتییه‌کان راستبکه‌ینه‌وه‌"

5 ساڵ لەمەوپێش




هاوڵاتى
له‌په‌یامى ڤیدیۆیى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه‌ که‌ داهاتى مانگێکى نه‌وت 30 ملیۆن دۆلار بووه‌و ناوخۆش 60 ملیۆن دۆلار و ده‌شڵێت:" کاتى ئه‌وه‌ هاتووه‌ چه‌وتییه‌کان راستبکه‌ینه‌وه‌".

هاوڵاتى به‌ چه‌ند به‌شێک په‌یامه‌که‌ى ئه‌مشه‌وى مه‌سرور بارزانى سه‌رۆکى حکومه‌تى بڵاوکرده‌وه‌و له‌ ئێستادا ده‌قى قسه‌کانى بڵاوده‌کاته‌وه‌.

ده‌قى په‌یامه‌ ڤیدیۆییه‌که‌ى مه‌سرور بارزانى:
به‌ناوى خواى گه‌وره‌ و میهره‌بان
هاووڵاتییانى خۆشه‌ویست
 
سه‌ره‌تا به‌ بۆنه‌ى جه‌ژنى ره‌مه‌زانى پیرۆزه‌وه‌، پیرۆزباییتان لێده‌که‌م و هیودارام کاتێکى خۆش له‌ رۆژانى جه‌ژندا به‌ سه‌ر ببه‌ن، داواشتان لێده‌که‌م بۆ پاراستنى خۆتان و که‌سوکار و کۆمه‌ڵگه‌که‌تان، رێکاره‌کانى خۆپارێزى و رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌کان له‌به‌رچاو بگرن.


وه‌ک ئاگادارن هه‌رێمى کوردستان و زۆربه‌ى وڵاتانى جیهان به‌ هۆى لێکه‌وته‌ ئابوورییه‌کانى بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا و دابه‌زینى نرخى نه‌وت له‌ بازاڕه‌کانى جیهاندا، رووبه‌ڕووى دۆخێکى سه‌ختى ئابوورى بوونه‌ته‌وه‌. ئه‌م دۆخه‌ نه‌خوازراوه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى ویست و خواستى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانه‌. هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى دروستبوونى ئه‌م قه‌یرانه‌ش ئێمه‌ هه‌موو هه‌وڵێکمان داوه‌ و به‌رده‌وامیشین له‌ هه‌وڵه‌کانمان بۆ ئه‌وه‌ى بارگرانیى له‌ سه‌ر هاووڵاتییان که‌م بکه‌ینه‌وه‌.
 
هاونیشتمانیانى به‌ڕێز:


ئێمه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى ده‌ستبه‌کاربوونى کابینه‌ى نۆیه‌م، هه‌موو هه‌وڵێکمان خسته‌ گه‌ێ‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان له‌ گه‌ڵ به‌غدا و له‌ هه‌مانکاتیشدا کارمان له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ کرد، ئابوورى هه‌رێمى کوردستان له‌ هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌کانى پشت به‌ستن به‌ تاکه‌ سه‌رچاوه‌یه‌کى داهات رزگار بکه‌ین.


به‌شێکى زۆرى ئه‌م دۆخه‌ سه‌خته‌ ئابوورییه‌ش، ئه‌نجامى سیاسه‌تى هه‌ڵه‌ى ته‌نیا پشت به‌ستن به‌ داهاتى ناجێگیرى نه‌وته‌.


له‌ باره‌ى په‌یوه‌ندیمان له‌ گه‌ڵ به‌غدا، ئێمه‌ به‌ جیدیه‌ته‌وه‌ هه‌نگاومان نا. هه‌ر له‌ دواى ده‌ستبه‌کاربوونمان له‌ مانگى ته‌ممووزى ساڵى رابردوو، یه‌که‌مین سه‌ردانمان بۆ به‌غدا بوو، هه‌موو ئاماده‌ییه‌کیشمان بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان له‌ سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور ده‌ربڕى و چه‌ندین پێشنیازیشمان بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانى تایبه‌ت به‌ نه‌وت پێشکه‌ش کرد، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ مانگى ئۆکتۆبه‌رى ساڵى رابردووه‌وه‌، دۆخى به‌غدا شڵه‌ژا و سه‌ره‌نجام حکومه‌تى عێراق له‌ ژێر فشارى ناڕه‌زاییه‌تییه‌کانى خه‌ڵک، ده‌ستى له‌ کارکێشایه‌وه‌ و ئیدى خۆى به‌ به‌رپرسیار نه‌زانى به‌رامبه‌ر چاره‌سه‌رکردنى ئه‌و کێشه‌ و ماف و شایسته‌ ده‌ستوورییانه‌ى هه‌رێمى کوردستان، که‌ له‌ ساڵى 2005ه‌وه‌ جێبه‌جێى ناکه‌ن. ئێستاش که‌ حکومه‌تى نوێى عێراق به‌ سه‌رۆکایه‌تى به‌ڕێز موسته‌فا کازمى ده‌ستبه‌کار بووه‌، دووباره‌ ئاماده‌یى خۆمان بۆ چاره‌سه‌رکردنى هه‌موو کێشه‌کان ده‌رده‌بڕین، به‌ جۆرێک که‌ ماف و شایسته‌ ده‌ستوورییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان وه‌کو قه‌واره‌یه‌کى فیدرالى دانپێدانراو له‌ ده‌ستوورى عێراقدا، دابین بکرێت. له‌ دوا هه‌وڵه‌کانیشماندا له‌م ماوه‌یه‌دا، سێ جار شاندى حکومه‌تى هه‌رێم سه‌ردانى به‌غداى کردووه‌ و له‌م دانوستانانه‌ش به‌رده‌وام ده‌بین، تا به‌ ئه‌نجامێکى دادپه‌روه‌رانه‌ و ده‌ستوورییانه‌ ده‌گه‌ین.
 
کوردستانیانى به‌ڕێز:


ئه‌م قه‌یرانه‌ى ئێستا، سوورترمان ده‌کات له‌ سه‌ر درێژه‌دان به‌  ستراتیجى فره‌چه‌شنکردنى سه‌رچاوه‌کانى داهات و له‌ هه‌مانکاتدا زیاتر هانمان ده‌دات بۆ به‌رده‌وامبوون له‌ سه‌ر درێژه‌دان به‌ پرۆسه‌ى چاکسازى و چاره‌سه‌رکردنى هه‌موو ئه‌و کێماسیانه‌ى له‌ رابردوودا له‌ بوارى کارگێڕى و داراییدا هه‌بووه‌. به‌ڵام هاووڵاتیانى خۆشه‌ویستمان ده‌زانن ڕاستکردنه‌وه‌ى ئه‌م هه‌موو چه‌وتییه‌ و دامه‌زراندنى بنه‌ماى ئابوورییه‌کى سه‌قامگیرتر، کاتى زیاتر و هاوکاریى هه‌موولایه‌کى پێویسته‌.


وه‌ک ئاگادارن له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا، سه‌رپه‌رشتى کۆبوونه‌وه‌یه‌کى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانمان کرد و پلانى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى قه‌یرانى داراییمان په‌سه‌ند کرد. هه‌روه‌ها چه‌ندین بڕیارى گرنگمان له‌ باره‌ى جێبه‌جێکردنى یاساى چاکسازى ده‌رکرد، که‌ ئێمه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى ده‌ستبه‌کاربوونمان، جه‌ختمان له‌ سه‌ر گرنگیى ئه‌نجامدانى پرۆسه‌ى چاکسازى کردووه‌ته‌وه‌، که‌ به‌شێکى گرنگى کارنامه‌ى کابینه‌ى نۆیه‌مه‌.


ئێمه‌ سوورین له‌ سه‌ر به‌رده‌وامبوون له‌ ئه‌نجامدانى چاکسازى و رێگریکردن له‌ به‌هه‌ده‌ردانى سامانى گشتی. بێگومان له‌ جێبه‌جێکردنى چاکسازیدا، به‌رژه‌وه‌ندیى خه‌ڵکانێک که‌ سه‌رپێچى و گه‌نده‌ڵیان کردووه‌ ده‌که‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، بۆیه‌ هه‌وڵى په‌کخستنى ده‌ده‌ن و ئاسته‌نگى بۆ دروست ده‌که‌ن. به‌ڵام چاکسازى داواکارى زۆرینه‌ى هاووڵاتیانى هه‌رێمى کوردستانه‌ و منیش له‌ به‌ره‌ى هاووڵاتییان ده‌مێنمه‌وه‌ و به‌ پاڵپشتى هاووڵاتییانى خۆشه‌ویست له‌ چاکسازى به‌رده‌وام ده‌بین و هه‌رگیز لێى پاشگه‌ز نابینه‌وه‌.


بێگومان ده‌بێ چاکسازیش گشتگیر و سه‌رتاسه‌رى بێت و هه‌مووان بگرێته‌وه‌ و نابێ هیچ که‌س و لایه‌نێک له‌ پێناو پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندى ته‌سکى حیزبى و شه‌خسى رێگرى له‌ پرۆسه‌ى چاکسازى بکات.


لێره‌دا داوا له‌ هه‌موو لایه‌نه‌کان ده‌که‌م، به‌ گیانى هه‌ستکردن به‌ به‌رپرسیارێتی، هاوکارمان بن و یه‌کڕیزى ناوخۆیى بپارێزن و یارمه‌تیده‌رى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بن له‌ رێکخستنه‌وه‌ى سیسته‌مى ئابوورى و کارگێڕیى و چاککردن و به‌رزکردنه‌وه‌ى ئاستى خزمه‌تگوزارییه‌کان له‌ هه‌رێمى کوردستان.


هه‌روه‌ها به‌ تایبه‌تى داوا له‌ نوێنه‌رانى هه‌رێمى کوردستان له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ده‌که‌م، به‌رژه‌وه‌ندى ته‌سکى شه‌خسى و ململانێى حیزبایه‌تى به‌لاوه‌ بنێن و هاوهه‌ڵوێست بن له‌ داکۆکیکردن له‌ مافه‌ ده‌ستوورییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان. دۆخى سه‌ختى دارایى هه‌رێم به‌رئه‌نجامى چه‌ندین هۆکارى سیاسى و مێژووییه‌. ئه‌مه‌ جیا له‌ بڕینى به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێم له‌ لایه‌ن حکومه‌تى عێراق و قه‌یرانى دارایى جیهانی، به‌ڵام ئه‌م دۆخه‌ سه‌خته‌ نابێ بکرێته‌ که‌ره‌سته‌ى ململانێى سیاسى و یه‌کترشکاندن و په‌رته‌وازه‌کردن و دابڕاندنى ناوچه‌کانى هه‌رێم  له‌ یه‌کتر له‌ ژێر ناوى جۆراوجۆر.


له‌  کارنامه‌ى کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێمدا، به‌ راشکاوى ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌، حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان کار ده‌کات بۆ چه‌سپاندنى لامه‌رکه‌زیه‌تى ئیداریى پارێزگاکان، که‌ گونجاو بێت له‌ گه‌ل سیسته‌مى یاسایى و کارگێڕى هه‌رێمى کوردستان. هه‌روه‌ها ئه‌رک و به‌رپرسیاریه‌تى به‌ پێى یاسا و له‌ ژێر چاودێرى سه‌رۆکایه‌تى حکومه‌ت، دابه‌ش ده‌کرێت، بۆ ئه‌وه‌ى رێگرى بکرێت له‌ ئه‌نجامدانى گه‌نده‌ڵى و خراپ به‌کارهێنانى ده‌سه‌ڵاتى ئیدارى و سه‌رهه‌ڵدانى فره‌چه‌شنى ده‌سه‌ڵات له‌ ده‌ره‌وه‌ى داموده‌زگاکانى هه‌رێم. بۆیه‌ ئێمه‌ له‌ گه‌ڵ لامه‌رکه‌زیه‌تى کارگێڕین، به‌مه‌رجێک له‌ چوارچێوه‌ى پاراستنى قه‌واره‌ى هه‌رێمدا بێت.


ئێمه‌ هه‌موو تواناکانمان چڕکردووه‌ته‌وه‌ بۆ دابینکردنى بژێوى ژیانى هاووڵاتییان و مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران، له‌ نۆ مانگى ده‌ستبه‌کاربوونى کابینه‌ى نۆیه‌میشدا، هه‌شت مانگ مووچه‌ دراوه‌ و ته‌نیا مووچه‌ى مانگێک دواکه‌وتووه‌. چه‌ندین بڕیاریشمان ده‌رکردووه‌ بۆ سووککردنى باروگوزه‌رانى خه‌ڵکى که‌مده‌رامه‌ت و ئه‌وانه‌ى به‌ هۆى رێکاره‌کانى خۆپارێزى زیانمه‌ند بوون. به‌ڵام بێگومان ده‌بێت خۆمان له‌ گه‌ڵ هه‌ر دۆخێکى نه‌خوازراودا، که‌ دێته‌ پێش بگونجێنین. به‌پێى داهات و توانا داراییه‌کانى هه‌رێم پلانمان بۆ تێپه‌ڕاندنى ئه‌م قۆناغه‌ داناوه‌ و بودجه‌ و خه‌رجیى داموده‌زگاکانى هه‌رێم و مووچه‌خۆران رێکده‌خه‌ینه‌وه‌ و ره‌چاوى یاساى چاکسازى په‌یوه‌ست به‌م بواره‌ ده‌که‌ین.
 
هاووڵاتییانى خۆشه‌ویست:


 له‌ گوتارى ده‌ستبه‌کاربوونم له‌ په‌رله‌مانى کوردستان ئاماژه‌م به‌وه‌دا، حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان چه‌ندین ملیار دۆلار قه‌رزاره‌، که‌ بڕى 27 ملیار دۆلاره‌، به‌شێکى زۆرى ئه‌و قه‌رزانه‌ش له‌ ئه‌ستۆى حکومه‌تى فیدراله‌، به‌ هۆى نه‌ناردنى بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستان له‌لایه‌ن حکومه‌ته‌کانى پێشووى عێراق، هه‌ربۆیه‌شه‌ به‌داخه‌وه‌ حکومه‌تى هه‌رێم خاوه‌نى هیچ یه‌ده‌گ و پاشه‌که‌وتێکى دارایى نییه‌، که‌واته‌ ئیمه‌ ته‌نیا پشت به‌و سه‌رچاوه‌ داراییانه‌ ده‌به‌ستین که‌ مانگانه‌ دێته‌ به‌رده‌ستمان، ئه‌مه‌ش واده‌کات له‌ هه‌ر قه‌یرانێکى دارایى رووبه‌ڕووى کێشه‌ ببینه‌وه‌. ئه‌م راستییه‌ش زۆربه‌ى خه‌ڵکى شاره‌زا لێى ئاگادارن و شتێکى شاراوه‌ نییه‌، که‌چى به‌داخه‌وه‌ زۆرجار ئه‌و راستییانه‌ و هه‌موو پرسه‌ سیاسى و نیشتمانییه‌کان پشتگوێ ده‌خرێن و ته‌نیا باسى مووچه‌ ده‌کرێت، له‌ کاتێکدا هه‌مووشمان ده‌زانین سه‌رچاوه‌کانى مووچه‌ چین.


بۆ ئاگادارى ئێوه‌ى به‌ڕێز، کاتێک داهاتى مانگانه‌ى فرۆشتنى نه‌وت 700 ملیۆن دۆلار بوو، له‌م بڕه‌ داهاته‌ زیاتر له‌ 400 ملیۆن دۆلارى بۆ تێچووى ده‌رهێنانى نه‌وت و گواستنه‌وه‌ى و دانه‌وه‌ى قه‌رزه‌کان خه‌رجکراوه‌ و ئه‌وه‌ى بۆ خه‌زێنه‌ى حکومه‌ت گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، ته‌نیا 300 ملیۆن دۆلار بووه‌. هه‌روه‌ها ته‌نیا 383 ملیۆن دۆلاریش وه‌ک به‌شه‌ بودجه‌یه‌ک له‌ به‌غدا ده‌هات، به‌ڵام ئه‌و پاره‌یه‌ به‌شى مووچه‌ى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى نه‌ده‌کرد و ناچار رێژه‌یه‌کى به‌رچاوى داهاتى ناوخۆش وه‌ک ته‌واوکه‌رى پێوستیى مووچه‌ خه‌رج کراوه‌. وێڕاى ئه‌مه‌ش خه‌رجیى پێویست بۆ به‌ڕێوه‌بردن و خزمه‌تگوزارییه‌کان له‌ داهاتى ناوخۆ دابین کراوه‌ و ئینجاش مانگانه‌ 60 ملیۆن دۆلار کورتهێنان هه‌بووه‌. ئێستاش نرخى نه‌وت زۆر دابه‌زیوه‌، بۆ نموونه‌ له‌ مانگى رابردوودا کۆى داهاتى فرۆشتنى نه‌وت که‌ بۆ خه‌زێنه‌ى حکومه‌ت گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، ته‌نیا 30 ملیۆن دۆلار بووه‌، داهاتى ناوخۆش نزیکه‌ى 60 ملیۆن دۆلار بووه‌ و ئه‌و به‌شه‌ بودجه‌یه‌ى له‌ به‌غداش دێت دواکه‌وت.


 بێگومان ئه‌م دۆخه‌ سه‌خته‌ داراییه‌، نه‌ک هه‌ر هه‌رێمى کوردستان، به‌ڵکو هه‌موو جیهانى گرتووه‌ته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت هه‌ندێ وڵاتیشى تووشى داڕمانى دارایى کردووه‌.


ئاشکرایه‌ له‌ خه‌رجکردنى داهاتى هه‌رێمى کوردستاندا، نادادپه‌روه‌رییه‌کى زۆر و بێ پلانى هه‌بووه‌ 80%ى داهاتى هه‌رێمى کوردستان بۆ مووچه‌خۆران ته‌رخانکراوه‌، مووچه‌خۆرانیش 20%ى دانیشتووانى هه‌رێمن. ئه‌م رێژه‌یه‌ى مووچه‌خۆران به‌ پێى ستاندارده‌ باوه‌کان چه‌ندین به‌رابه‌رى پێداویستییه‌کانى هه‌رێمه‌.


له‌ باشترین بارودۆخى داراییدا، له‌ بودجه‌ى هه‌رێم 15%ى بۆ خه‌رجییه‌کانى به‌ڕێوه‌بردن و خزمه‌تگوزارى ته‌رخان کراوه‌ و ته‌نیا که‌متر له‌ 5% بودجه‌ بۆ په‌ره‌پێدانى وڵات ده‌مێنێته‌وه‌.


له‌م دابه‌شکارییه‌ ناته‌واوه‌ى بودجه‌ى هه‌رێمدا، هیچ لێکدانه‌وه‌یه‌ک بۆ ئاینده‌ و نه‌وه‌کانى داهاتوو نه‌کراوه‌. بێگومان ئه‌م وڵاته‌ ته‌نیا به‌ مووچه‌دان پێشناکه‌وێت، به‌ڵکو پێویستیمان به‌ ژێرخانێکى پته‌وتر هه‌یه‌. ناکرێ هاووڵاتى مووچه‌ى هه‌بێت، به‌ڵام ئاو و کاره‌باى نه‌بێت، قوتابخانه‌ى باشى نه‌بێت، نه‌خۆشخانه‌ى نه‌بێت، ڕێگه‌وبانێکى باشترى نه‌بێت، به‌ گشتى کێشه‌ى نه‌بوونى خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانى هه‌بێت.


حوکمڕانى ته‌نیا دابه‌شکردنى مووچه‌ نییه‌، بۆیه‌ ده‌بێت هه‌موومان پێکه‌وه‌ به‌ هاووڵاتى و حکومه‌ت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانه‌وه‌، بڕیارێکى یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ بده‌ین، به‌ جۆرێک گه‌ر له‌ دۆخێکى باشى ئابووریشدا بین، نابێت هه‌موو توانا داراییه‌کانمان بۆ مووچه‌ ته‌رخان بکرێت، پێویسته‌ به‌شێکى به‌رچاوى بودجه‌ بۆ پێشخستنى خزمه‌تگوزارییه‌کان و ژێرخانى ئابوورییمان بێت.


هیچ حکومه‌تێک ناتوانێت ته‌واوى هاووڵاتیانى له‌ سیسته‌مى ئیداریدا دابمه‌زرێنێت و مووچه‌یان بۆ دابین بکات، به‌ڵکو ته‌نیا به‌ پێشخستنى ژێرخانى ئابووریمان و په‌ره‌پێدان به‌ وه‌به‌رهێنان، ده‌رفه‌تى کارى زیاتر ده‌ره‌خسێندرێن، که‌واته‌ ده‌بێت داهات و سه‌رمایه‌ى وڵات له‌م ئاراسته‌ راست و ڕه‌وایه‌دا خه‌رج بکرێت. ده‌بێت هه‌موومان پێکه‌وه‌ پلانمان بۆ ده‌رچوون له‌م سیسته‌مه‌ داراییه‌ى ئێستا هه‌بێت. ئه‌مه‌ بڕیارێکى ئاسان نییه‌، به‌ڵام بۆ هه‌رێم بڕیارێکى چاره‌نووسسازه‌ له‌ نێوان دوو ڕێگه‌ى پێشکه‌وتن و پاشکه‌وتندا. ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هه‌نگاونان به‌ره‌و داهاتوویه‌کى گه‌شتر بۆ هه‌رێم زۆر گرنگه‌ و نابێت ببێت به‌ که‌ره‌سته‌ى ململانێ و موزایه‌ده‌ى سیاسی.
 
هاونیشتمانیانى به‌ڕێز:


ئه‌م دۆخه‌ سه‌خته‌ى ئێستا که‌ به‌ پێى  پێشبینى شاره‌زایان ره‌نگه‌ تا ماوه‌یه‌کى دیکه‌ش به‌رده‌وام بێت. له‌ هه‌موومان ده‌خوازێت هاوکار و یارمه‌تیده‌ر بین بۆ تێپه‌ڕاندنى و سووککردنى دۆخى ژیانى هاووڵاتییانى که‌مده‌رامه‌ت. لێره‌دا دڵنیاتان ده‌که‌مه‌وه‌، حکومه‌ت هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى دروستبوونى ئه‌م قه‌یرانه‌، پلانى دابینکردنى ئاسایشى خۆراک و ده‌رمانى دانا، هه‌ر به‌پێى ئه‌و پلانه‌ له‌ کۆگاکانى حکومى و که‌رتى تایبه‌ت، لانیکه‌م تا کۆتایى ئه‌مساڵ پێداویستى خۆراک و ده‌رمان دابین کراوه‌ و کێشه‌ى خۆراک و ده‌رمان له‌ بازاڕه‌کانى هه‌رێمى کوردستاندا دروست نابێت. ئه‌مه‌ جیا له‌وه‌ى ئاڵوگۆڕى بازرگانى به‌ تایبه‌ت له‌ بوارى خۆراک و ده‌رمان به‌رده‌وامه‌. هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌و پلانه‌دا حکومه‌تى هه‌رێم جیا له‌ به‌شه‌ خۆراکى مانگانه‌ى هاووڵاتیان، له‌ ماوه‌یه‌کى نزیکدا، ده‌ست ده‌کات به‌ دابه‌شکردنى خۆراک به‌ سه‌ر خانه‌واده‌ که‌مده‌رامه‌ته‌کان.


ئێمه‌ له‌ هه‌رێمدا زوو ده‌ستمان به‌ رێکاره‌کانى خۆپارێزى کرد، چونکه‌ خۆپارێزى باشترین چاره‌سه‌ره‌. سوپاسى پێگیرى و پابه‌ندبوونتان ده‌که‌ین، به‌ڵام له‌م رۆژانه‌دا هه‌ست ده‌کرێت پابه‌ندبوونه‌کان سستیى تێکه‌وتووه‌، ئێمه‌ له‌ سه‌ختیى بار و گوزه‌رانتان تێده‌گه‌ین، به‌ڵام ده‌بێت بزانین له‌ هه‌موو جیهاندا مه‌ترسیى ئه‌م په‌تایه‌ به‌رده‌وامه‌، ده‌بێت رێکاره‌کانى خۆپارێزى له‌ ئاستى تاکدا، وه‌ک به‌کارهێنانى ده‌مامک و شوشتنى ده‌ست و خۆ دوورگرتن له‌ قه‌ره‌باڵخى به‌رده‌وام بێت. هه‌ر که‌سێک پابه‌ند نه‌بێت، به‌رپرسیار ده‌بێت له‌ دروستکردنى مه‌ترسى له‌ سه‌ر خۆى و که‌سوکارى و هه‌موو هاووڵاتییان.


به‌ شایه‌تى رێکخراوى ته‌ندروستى جیهانى و خه‌ڵکێکى زۆر، ئه‌زموونى حکومه‌تى هه‌رێم له‌  جێبه‌جێکردنى رێکاره‌کانى خۆپارێزیى و رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌کان زۆر سه‌رکه‌وتوو بوو، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ خه‌ڵکانێک هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئه‌و هه‌وڵانه‌ که‌مبایه‌خ و ناشرین بکه‌ن. سه‌ڕه‌ڕاى هه‌موو ئه‌و قه‌یران و فشارانه‌ى رووبه‌ڕووى حکومه‌تى هه‌رێم بوونه‌وه‌، به‌ڵام له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى کۆرۆنادا، نموونه‌یه‌کى زۆر سه‌رکه‌وتووى نیشاندا .لێره‌دا ئێوه‌ى هاووڵاتییانى خۆشه‌ویست دڵنیا ده‌که‌مه‌وه‌، که‌ حکومه‌تى هه‌رێم له‌ هه‌موو که‌س و لایه‌نێک زیاتر له‌ خه‌مى ژیان و بژێوى ئێوه‌ دایه‌، بۆیه‌ هیوادارم نه‌که‌ونه‌ ژێر کاریگه‌رى دروشم و پڕوپاگه‌نده‌ى ناڕاست و ناواقیعی.


ئێمه‌ گوێ له‌ هه‌موو ره‌خنه‌ و تێبینیه‌کانى ئێوه‌ ده‌گرین و داواکارییه‌ واقیعى و مه‌نتیقییه‌کانیش له‌ به‌رچاو ده‌گرین و لێیان تێده‌گه‌ین، به‌ڵام له‌ هه‌مانکاتدا پێویسته‌ ئێوه‌ش تێگه‌یشتنى ته‌واوتان بۆ ئه‌م دۆخه‌ سه‌خته‌ى ئێستا هه‌بێت.


سوپاسى خۆڕاگرى و قوربانیدانتان ده‌که‌م و دڵنیاشم به‌ پشتیوانى خواى گه‌وره‌ و ئێوه‌ى به‌ڕێز، ئه‌م دۆخه‌ ناله‌باره‌ش تێده‌په‌ڕێنین و کوردستان به‌ره‌و گه‌شانه‌وه‌ و بووژانه‌وه‌ هه‌نگاو ده‌نێته‌وه‌، ئه‌و کاته‌ش شه‌ریکى سه‌رکه‌وتن و ده‌سکه‌وته‌کان زۆر ده‌بن.


له‌ کۆتاییدا دووباره‌ جه‌ژنتان پیرۆز بێت و داواتان لێده‌که‌م پابه‌ندبن به‌ خۆپارێزى و رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌کان، چونکه‌ خۆپارێزى ئه‌رکێکى نیشتمانیى و ئایینى و مرۆڤایه‌تییه‌.


هه‌ر پارێزراو و ته‌ندروست بن.

  
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار