وەزارەتی پێشمەرگە داوایهک له حکومهتى ههرێم و عێراق دهکات

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وەزارەتی پێشمەرگە داوا دەكات لیژنەی باڵای هاوبەشی وەزارەتی بەرگری عیراق و وەزارەتی پێشمەرگە لەناوچە جێناكۆكەكان كارا بكرێتەوە.
شەوی رابردوو لە پەلامارێكی چەكدارانی داعش بۆسەر گوندی (دارا)ی سەر بە قەزای خانەقین، حەوت كەس لە خێزانێكی كوردی كاكەیی، شەهیدكران و پێنجی دیكەش برینداردەكەن.
وەزارەتی پێشمەرگە لەراگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ یەكشەممە 14-6-2020 بڵاویكردووەتەوە ئاماژەی بەوەكردووە:" ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە، بەتوندی دژ بە تاوانی قێزەوەنی لەو شێوەیە دەوەستینەوە، داواش لەهێزە عیراقییەكانی ئەو سنوورە دەكەین سەرو ماڵی خەڵكی بێتاوان، بەبێ جیاوازی نەتەوەیی و ئاینیی بپارێزن و سەلامەتی دانیشتوانی ئەو سنوورانە لەئەستۆی ئەو هێزانەیە، كە لەو سنوورە جێگیر كراوان."
جهختى لهوهشکردۆتهوه "لەماوەی رابردوو، چەندین جار هۆشداریمان داوە لە نەبوونی هێزەكانی پێشمەرگە لەو ناوچانەو مەترسیی ئەو فەراغە ئەمنیەی لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگەو سوپای عیراقیمان خستۆتەڕوو."
دهشڵێت" "بەچەند بارەبوونەوەی تاوانی لەو شێوەیە، وا دەخوازێت بەزووترین كات، لیژنەی باڵای هاوبەشی وەزارەتی بەرگری عیراق و وەزارەتی پێشمەرگە كارا بكرێتەوە، بەیەكەوە لەرێگەی (پێشمەرگە و سوپای عیراقی) كار بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنیانە بكرێت، بەجۆرێك سەرو ماڵی رۆڵەكانمان لەو ناوچانە بە كورد و عەرەب و توركمان و تەواوی پێكهاتە ئاینی و نەژادییەكان پارێزراوبێت."
وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت:" بە ئامانجگرتنی كوردانی ئەو ناوچانە و چۆڵكردنی گوندە كوردییەكان بە زەبری هێز، تاوان و كوشتن، تەنیا كاری ئەو گروپە تیرۆریستیانەیە كە لەگەڵ داعش بوون و دەیانەوێت بەو كردەوە ترسنۆكانەیان كورد ناوچەكە چۆڵ بكات و بەردەوامی بدەن بە شاڵاوی تەعریب و تەهجیر لەو ناوچانە."
"هەموو لایەك دڵنیا دەكەینەوە، ئەركی هێزەكانی پێشمەرگە رێگریكردن و لەناوبردنی خەونی گڵاوی تیرۆریستان و تاریكپەرستانی دژ بە رۆڵەكانمان دەبێت و بەتوندی بەرپەرچی هەر هەوڵ و ئامانجێكی لەو شێوەیە دەدەینەوە."
