پشت پەردەی کردنەوەی ئایاسۆفیا

داکشانی دەنگەکانی ئاکەپە وایکردووە جوڵەیەکی عاتیفیی سەرڕێ بخرێت و دوونیای ئیسلامیزمی عەرەبی پێ فریوبدرێت

2 هەفتە لەمەوپێش



رێبین ئه‌حمه‌د

ئایاسۆفیا یا سەینت سۆفیا بەواتای خانەی دانایی یا خانەی حیکمەت دێت. لەساڵی 361ز لەسەر دەستی کۆنستەنتەینی دووەم بنیادنراوە. پاش دووجار سووتان لەساڵی 532ز لەسەر دەستی ئیمپراتۆری بێزەنتییەکان گۆستنیانی یەکەم دەستکرایەوە بەدروستکردنی پاش پێنج ساڵ کارکردن تێیدا لەساڵی 537ز کارەکانی تەواو بوو وەک کڵێسای کاتێدرائیی مەسیحییە کاپۆلیکەکان دەستبەکاربووە. پاش سووتانی سێیەم  لەنێوان ساڵانی (1453_1261ز) بووە بەناوەندی  کاتهدرائیەی کلێسەی ئۆرپۆدۆکسیی رۆم. رێکەوتی (29/5/1453) شاری کۆستەنتینەی پایتەخت لەلایەن سوڵتان محەمەد ئەلفاتیحی دووەمەوە  دەستی بەسەرداگیراو هەر لەوساڵە بەدواوە کڵێساکە گۆڕدرا بۆ مزگەوتی ئایاسۆفیا بەبێ دەستکارییکردنی نەخش و نیگاری و تەلارسازیی مزگەوتەکە، تەنها چوار منارە بۆ بیناکە زیادکرا. لەپاش رووخانی خەلافەت و لەساڵی 1935 لەلایەن موستەفا کەمال ئەتاتورکەوە کرا بەمۆزەخانە. دوای (٨٦) ساڵ دیسان لەساڵی 2020 کرایەوە بەمزگەوت.

ئایا ئاردۆغان باوەڕی بەکردنەوەی ئایاسۆفیا هەبوو؟

ئاردۆغان چەند مانگێک پێش ئێستا لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ گەنجانی وڵاتەکەی و کاتێک مەترسییە سیاسیی و ئابوورییەکانی سەرشانی حکومەت و پارتەکەی کەمتربوون و بەرەکانی شەڕ لە دەرەوەی وڵاتەکەی بەو شێوەیە فراوان نەبوون هێشتا لەوەڵامی گەنجێکی رادیکاڵدا کەپرسیاری کرد بۆچی ئایاسۆفیا ناکەنەوە گوتی:

«تەماشا ئێستا لە ئایاسۆفیا تیلاوەتی قورئان ئەنجامدەدرێت، لەبەشێکی دیاریکراویشی نوێژ دەکرێت، تەجاوزکردنی ئەمانە گرنگ نییە بمانەوێت ئەمانەش تەجاوز دەکەین بەتەواوی دەیکەینەوە. بەڵام ئەم کارە بگرەو بەردەی خۆی هەیە، باجی خۆی هەیە دەبێت بیدەین. لێرا ناتوانم روونی بکەمەوە. کەپێویستە نهێنی بێت. ئەم کارە بۆ ئێمە باجێکی زۆر قورستری دەبێت و دەبێت بیدەین.لەبیرتان نەچێ لەسەدان وڵاتی دوونیا ئەمڕۆ ئێمە خاوەنی هەزاران مزگەوتین. داخۆ ئەوانەی دەڵێن ئایاسۆفیا بکەینەوە هەرگیز بیریان لەوە کردووەتەوە چی بەسەر ئەو هەزاران مزگەوتەدا دێت؟ ئێستا ئەم جوڵانەوانە بەبێ ئەوەی حیساب بۆ هیچ شتێک بکەن ئەم قسانە دەکەن. بیر لەقسەکانیان ناکەنەوە. پێیان یەڵێم ببوورن ئێوە هێشتا لەدونیا تێنەگەیشتون و نازانن کێ موخاتەبەکانتانە. لەبەرئەوە من وەک سەرکردەیەکی سیاسیی ئەوەندە ئاسان لەڕێ دەرناچم و نایەمە ناو تەڵەیەکەوە کە لەڕێم دەرکا.»

 

ئێستا ئاردۆغان سێ بەرەی فراوانی شەڕی کردۆتەوەو رۆژانە ملیۆنان دۆلاری گەلانی تورکیا  دەچێت بۆ خەرجیی شەڕ، لەناوخۆی وڵاتەکە دۆخی ئابووری لەلێواری هەرەسە و دۆلارێک حەوت لیرەی تێپەڕاندووە، دوو حزبی دیکە لەهەناوی حزبەکەی جیابوونەتەوەو دوو کاراکتەری بەهێز سەردکردایەتی دەکەن کەمەترسین بۆ سەر پێگە ئابوورییەکانی خێزانەکەی، هەڵبژاردنی لەپێشە و لەدواین راپرسییدا کەسەنتەری لێکۆڵینەوەی ئاڤراسیا ئەنجامیداوە ئاردۆغان دەدۆڕێت

 

شەش مانگ تێنەپەڕیبوو بەسەر ئەم قسانەدا لەپڕ مەرسومێکی کۆماریی دەرکراو ئایاسۆفیا کرایەوە بەمزگەوت. بەشی زۆری شارەزایانی کاروباری تورکیا پێسانوایە ئەم کرنەوەیە بێ مەرام نییەو ئاردۆغان دەیەوێت پینەی شکستێکی زۆر گەورەی پێبکات.

ئێستا ئاردۆغان سێ بەرەی فراوانی شەڕی کردۆتەوەو رۆژانە ملیۆنان دۆلاری گەلانی تورکیا  دەچێت بۆ خەرجیی شەڕ، لەناوخۆی وڵاتەکە دۆخی ئابووری لەلێواری هەرەسە و دۆلارێک حەوت لیرەی تێپەڕاندووە، دوو حزبی دیکە لەهەناوی حزبەکەی جیابوونەتەوەو دوو کاراکتەری بەهێز سەردکردایەتی دەکەن کەمەترسین بۆ سەر پێگە ئابوورییەکانی خێزانەکەی، هەڵبژاردنی لەپێشە و لەدواین راپرسییدا کەسەنتەری لێکۆڵینەوەی ئاڤراسیا ئەنجامیداوە ئاردۆغان دەدۆڕێت، قۆناغی دووەمی تەسفیەی جەنەراڵ و دادوەرەکان دەستیپێکردووەو سەرکردەی ناسراوی ئەرگەنەکۆن «دەوڵەتی قووڵ» و هاوپەیمانی ئێستای ئاردۆغان دۆغو پەرینچەک دوێنێ لەبەرنامەیەکی راستەوخۆدا ئەوەی ئاشکراکرد کە تەسفییەکان بەدڵی ئێمە ئاردۆغان دەچێتە قۆناغێکی نوێ و تورکیا ناچێتەوە پێش 2016و پێش کودەتا.

ئایاسۆفیاو مافی شمشێر

لە مونازەرە (13) سەعاتییەکەی ناسری سوبحانییدا هاتووە ئەبوو حەنیفە کە ئیمامی یەکەمی مەزهەبەکانە دەڵێت گەر ئەم خەلیفەیە «عبدالملک کوڕی مەروان» مزگەوتێک درووستبکات، چەند دەرگایەکی هەبێت، بڵێ ئەبو حەنیفە وەرە دەرگاکانیمان بۆ بژمێرە ناڕۆم بیژمێرم، مزگەوتێک ئەم زاڵمە دروستیکردبێت  بەبێ دوودڵی خۆم دەپارێزم لەژماردنی دەرگاکانی و دەترسم بەو ژماردنە ببمە تەرەفداری زاڵم.

لەدرێژەی قسەکانیدا سوبحانی دەڵێت شافیعییش لەبەرامبەر خەلیفەی زاڵمی سەردەمەکەی خۆی دەڵێت: همتي همة الملوک ونفسي نفس حر تری المدلة کفرا. ئیمامی ئەحمەد لەزیندانی خەلیفە وەفات دەکات، ئیمامی ئەوزاعی و سەرمەزهەبی ئەوزاعیی حەوت ساڵ لەئینفرادیی دەبێت. سوبحانی پێی وایە دەبێت ئینسانی ساڵح بەمەوقیفەکانی بناسرێتەوە لەبەرامبەر زاڵمدا  نەک بەدەستنوێژو ئادابی تەهارەت و قورئان تیلاوەتکردن و مزگەوت دروستکردنەکانی، چونکە گەورەترین جیهاد وشەیەکی حەقە بەرامبەر سوڵتانێکی جائیر. ئەمە جگە لەوەی هەر ئەو سەلاتین و خەلیفانە کچەزای پێغەمبەریان سەربڕی و دواتریش خانەوادەکەیان وەک تۆز بەر باددا.

مافی شمشێر KILIÇ HAKKI تێرمێکە تورکەکان باوەڕیان پێی هەیەو پێیان وایە ئەو زەوییانەی کە عوسمانییەکانی باوانیان بەشمشێر گرتوویانە موڵکی شەرعی و یاسایی ئەمانە، جا بەشەڕ بێ یا بەئاشتی دەبێ بچنەوە ناویان و دەستی بەسەردا بگرنەوە. دنەدانە بەردەوامەکانی دونیای عەرەبی و ئیسلامیی بەوەی ئاردۆغان خەلیفەی نوێی ئوممەتە ئەو پیاوەی خستووەتە دۆخێکی هیستریی تەمام عەیارەوە، ئەو پێی وایە خەلیفە ئاردۆغانی یەکەمە و بست بەبستی نەک هەر تورکیا بەڵکو سوریا و عێراق و لیبیاو دەریای ناوەڕاست مافی شمشێرەو هیی خۆیەتی. ئەمڕۆ ئیمام جومعەی  ئایاسۆفیا عەلی ئیرباش بە فیعلی بەشمشێرەوە رۆیشتە سەر مینبەرو باسی لەحەقی شمشێری تورکەکان کرد بەسەر ئەو مزگەوتەوە. تەسەورم نەەکرد ئەم باسە وا بەئاشکرا بکەن و پێم وابوو لەژێر لێوەوە وەک هێمایەک لەناو یەکدا ئەچرپێنن بەگوێی یەکدا لەسەر ئەو باسە.  ئەوان بۆ موسڵ و کەرکوک و شارەزووریش هەمان بۆچوونیان هەیە و بەحەقی شمشێر دەیانەوێت دەستی بەسەردابگرنەوە لەچوارچێوەی میساقی میللیدا.

لەکاتی وتارەکەیدا پارادۆکسێکی سەیر روویدا، عەلی ئێرباشی سەرۆکی دامەزراوەی ئەوقافی ئەو وڵاتە لائیکە لەسەر مینبەرەکەوە جارجار شمشێرەکەی دەستی رادەوەشاند و  دەیوت ئاردۆغانیزمەکەی ئێمە لەتورکیا ئاینی رەحمەت و پێکەوەژیانە. ئەمە لەکاتێکدایە تورکیا ئیسلامیستەکەی ئەمڕۆی عەلی ئێرباش و سوڵتانەکە زیاد لە (850) مناڵی خوار تەمەن یەک ساڵی لەگەڵ دایکەکانیان زیندانی کردوووە. بەڵێ (250) مناڵیان هێشتا چلەیان نەچووبوو کە زیندانیی کران. ئەمە جگە لەوەی دەیان مزگەوت و شاری نیشتەجێبوونی لەکوردستانی ئەو وڵاتەدا لەگەڵ زەوی تەخت کردووە.

 

بەرە فراوانەکانی شەڕی جەندرمەی تورک لەلیبیا و دەریای ناوڕاست و سوریا و هەرێمی کوردستان، تەقینەوە سیاسییەکانی نێوان یۆنان و تورکیاو ئابوورییە داتەپیوەکەی وڵات و داکشانی دەنگەکانی ئاکەپە و پارتی رەگەزپەرستی تورکی کەهاوپەیمان، وایکردووە جوڵەیەکی عاتیفیی سەرڕێ بخرێت و دوونیای ئیسلامیزمی عەرەبی پێ فریوبدرێت

 

ئەم یارییە رەزیل و هەزیلەی ئاردۆغان و دەستوپێوەندەکەی کە لە 2020 دەستیان داوەتێ، لەیارییەکانی ساڵی هەشتای موعەممەر قەزافیی لیبیا دەچێت. ئەویش کە لێی دەقەوما لەدەرەوە، دەهاتەوە لەلیبیا باسی موهاتەراتی ئومەمیی بوون و ئوممەتی عەرەبیی و پانئیسلامیزمی دەکرد، لەکاتێکدا سامانی خۆی و کوڕەکانی پەیتا پەیتا رۆژ دوای رۆژ زیادی دەکرد.

هەرکاتێک ئاردۆغان بەهۆی گەندەڵیی و  سەرەڕۆییە شەخسیی و خێزانییەکانی دەکرێتە دەرەوەی موعادەلە سیاسیی و دیموکراسیەکانەوە، کاتێک لەسفر کێشەوە دەگوازێتەوە بۆ ئەوەی خۆی خودی کێشەو سەرئێشەبێ لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئیدی دەبێ رۆڵی قارەمان و پاڵەوانی ئوممەت بگێڕێت و لە دەرەوەی دامەزراوە رەسمییەکانی دەوڵەت و پارلەمانی وڵاتەکەی دەکەوێتە ئاکتی سەرەڕۆیانە بە تەجنیدکردنی سکۆڵەر و رۆشنبیری ئیسلامیست و حزبی و ترۆجانەکانی لەسۆشیال میدیا و داوا لە مورتەزەقە چەکدارەکانی ناوخۆو دەرەوە دەکات بۆ ئەوەی بەشداربن لە گوێرایەڵیی کردنی وەک خەلیفەی سەر رووی زەوی و ئەم کارەشی لەڕێگەی وروژاندنی لەپڕی  عەتفی ناسیۆنالیستیی و دینیی ئەنجامدەدات، کردنەوەکەی ئایاسۆفیاش لەمە بەدەر نەبوو.

دووساڵ بەر لە ئێستاو لەکاتی وتاردانی لە میتینگێکی پارتەکەی ئاردۆغان بەتوندی دژی ئەو گەنجە رادیکاڵانە دەوەستایەوە کەدەیانگوت ئایاسۆفیا بکەرەوەو  پێی دەوتن «ئێوە جارێ چوار ریز نوێژخوێن ببەنە سوڵتان ئەحمەد ئەوسا داوای کردنەوەی ئایاسۆفیا بکەن». کردنەوەی ئایاسۆفیا نە زەروورەتێکی ئیمانیی و ئیسلامیی بوو لەم تەوقیتەیا نە زەروورەتێکی مێژوویی و کلتوریش بوو، ئەوەی هەبوو  زەروورەتێکی ئاردۆغانیی وماشێنە پۆپیولیستێکەی خۆی و باخچەلی بوو.

بەرە فراوانەکانی شەڕی جەندرمەی تورک لەلیبیا و دەریای ناوڕاست و سوریا و هەرێمی کوردستان، تەقینەوە سیاسییەکانی نێوان یۆنان و تورکیاو ئابوورییە داتەپیوەکەی وڵات و داکشانی دەنگەکانی ئاکەپە و پارتی رەگەزپەرستی تورکی کەهاوپەیمان، وایکردووە جوڵەیەکی عاتیفیی سەرڕێ بخرێت و دوونیای ئیسلامیزمی عەرەبی پێ فریوبدرێت.

ئەکادیمیستیی ئاردۆغانی

پێش کردنەوەی ئایاسۆفیا مارکێتینگێکی زۆر هەرزان بۆ ئەو کردنەوەیە ئەنجام درا، یەکێک لە پرۆفیسۆرە بەناوبانگەکانی مێژوو لەو وڵاتە بەناوی بەکر سۆفوئۆغڵو لەتووتێکیدا دەنووسێت « چۆن لەمزگەوتدا دەبێت رەسمی قاحبە هەڵبواسرێت. ئایاسۆفیا ئەمانەتی سوڵتان فاتیحە ، بەبوونی وێنەو مۆزایکی قاحبەو بتەکانەوە دەبێتە یەکەمین مزگەوت لەجیهاندا بەو تایبەتمەندێتییە. بەسە کۆتایی بهێنن بەگەمژەیی و پاراستنی هەنیێ وێنە و بت و لەو مزگەوتەداو لایاندەن.»

 ئەو (قاحبە)یەی کەئەم پڕۆفیسۆرە باسی دەکات مەسیحییەکان بەمەریەمی پاکیزەی ئەزانن و عیسای لەباوەش گرتووە، لەئاینی ئیسلامیشدا مەریەم مەکانەتی وەک مەکانەتی  پێغەمبەرێکی هەیە. بەڵام کاتێ ئیسلامی سیاسیی دەستکەوتی دەوێ نەک ئیمان ئەم تابلۆ قێزەونە پێشکەش دەکات. ئایدۆلۆژیای ئیسلامی سیاسیی لەو وڵاتە شوێنێکی بۆ تولێرانس و قەبوڵکردنی ئەوی دیکە نەهێشتوەتەوە. بەشی زۆری ئۆپۆزسیۆنی تورکی پێیان وایە ئەم زیهنییەتە  تەلەبەی زیهنییەتەکەی حیکمەتیارو تاڵیبانی ئەفغانستانە کە پەیکەرە مێژووییەکەی بودای تەقاندەوە. دەنگۆی ئەوە هەیە ئەو مۆزایک و وێنانەی کە سوڵتان فاتیح نەیشاردنەوە و مێژووی مزگەوت و کڵێساکەیان هەڵگرتووە ئاردۆغان بەتەواوی لەناویان ببات بیانشارێتەوە.

ئایاسۆفیا لەنێوان حەسەن کەیف، زەیتوونەکانی عەفرین

کردنەوەی مۆزەخانەی ئایاسۆفیا بەمزگەوت قۆناغێکی نوێە بەڵام رەش و تاریکی ئیقتداری ئیسلامی سیاسییە

  دەبێت شتێک زۆر بەدیهیی بێت کەمێژووی هەزارو (500) ساڵەی ئایاسۆفیا لەمێژووی ئیسلام کۆنترە، هاوکات لەساڵی 1991ـەوە لەبەشێکی ئەو مزگەوتەدا  پێنج فەرزە نوێژ ئەنجامدەدرێت و وەک مزگەوت بەکاردەهێندرێت و هەڵاشی درووستنەکردووە. بەڵام کردنەوە سیاسییەکەی ئەمجارە ئیسلامی سیاسیی دوونیای عەرەبی و کوردیی هێناوەتە هەلەکە سەما کەدوور نییە سبەی ئاردۆغان لەژێر باری بڕیارەکە دەربچێت لە مانۆڕێکی هاوشێوەی خستنەخوارەوە و دواتر سازشکردن لەسەر  فڕۆکە روسییەکە و کودەتاکەی تەمهوزی 2016 دایبخاتەوە و ئەوەشی پیرۆزبایی کردنەوەی کردووە زیندانیی بکات.

ئەو لەوحە فەننیانەی مەسیح و  مەریەمی  پاکیزە کە لەناو گونبەدی مزگەوتەکەدا هەن نیشانەی پرسیاری شەرعی دروستدەکەن کە داخۆ لەمیتۆدۆلۆژیای ئیسلامدا نوێژ خوێندن بەرامبەر پەیکەرو وێنەی نەخشێندراو درووستە یا خود نا! دەنگۆی ئەوە لەدامەزراوەی ئەوقافی ئەو وڵاتە دەبیسترێت کە ئەو وێنە نەخشێندراوانەی هەزار ساڵ تەمەنیانە لابدرێن لەکاتی فەریزەکاندا و شێوازی لادانەکانیان هێشتا روون نییە.  ئەمە لە کاتێکدایە ئیستانبوڵ کێشەی مزگەوتی نییەو هەر لەبەرامبەر ئەو مزگەوتەدا مزگەوتی سوڵتان ئەحمەد بە نزیکەیی هەمان قەبارە هەیەو سێ ریز نوێژخوێنی تێدا نابیندرێت بۆ فەریزەکان چونکە لەو وڵاتەدا ئیسلامی سیاسیی ئاینی ئیسلامی لەهەمو موراڵ و ئیمان و قوڵبوونەوەیەکی رۆحی خاڵی کردۆتەوە بۆ چەند مانۆڕێکی بەرژەوەندیخوازانەی سیاسیی تاکە کەسێک. چەند مانگێک بەر لە ئێستا ئاردۆغان مزگەوتێکی دیکەی لەسەر رووبەریی (22) هەزار مەتری دووجا لەگردی چامڵجای ئیستانبوڵ کردەوە کەشوێنی نوێژخوێندنی (60) هەزار کەسی تێدا دەبێتەوە. مزگەوتی سولەیمانییەش چەند کیلۆمەترێکی کەم دوورە لە ئایاسۆفیاوە کە لە ئایاسۆفیا گەورەترە.

سێ هەفتەی رابردوو دێی کوردنشینی حەسەن کەیف بەمنارەو گومەزو گونبەدە (700) ساڵانەکانییەوە کرا بەژێر ئاوی دیجلەوە. مێژوونووسان مێژووی دروستبوونی دێکە بۆ نزیکەی حەوت هەزار ساڵ بەر لەزایین دەگێڕنەوە. دێی حەسەن کەیف یەکێکە لەو دێیانەی دەیان ئاسەواری ئەییوبییەکانی تێدایە و ئەوان وەک قەڵایەکی ئامین بەکاریانهێناوە لەسەردەمی عەباسییەکاندا. مزگەوتە مێژووییەکەی حەسەن کەیف، یادگاری ئەییوبییەکانە لەو دێیە کە بەتەواوی وردەکارییەکانییەوە چیرۆکی تەلارسازیی کوردیی و شارستانێتی ئەییوبییەکان دەگێڕێتەوە. حەسەن کەیف بەماڵ و باڵەخانە و منارەو گومەزە هەزار ساڵییەکانییەوە نوقمی دیجلە کرا. چەند کیلۆمەترێک لەولاوە دێیەک لە چیمەنتۆو ئەلیکۆبۆن و بلۆک و شیش و پلاستیک دروستکرا. مزگەوتی ئەیوبییەکانیش کرا بەژیر دیجلەوەو بۆ هەمیشە بەفەرامۆشی سپێردرا. ئەم ئاکتەی ئاردۆغان ئیسلامی سیاسیی نەهەژاند، چونکە ناسیۆنالیزمی دینیی و نەژادیی ئاردۆغان رێگانادات هیچ زانایەکی سوننی سەر بەئاخوڕەکەی خۆی قسە لەگۆڕینی دیمۆگرافیای گەلانی تورکیا و بەتایبەتی گەلی کورددا بکات. ئەم بەنداوەی سەر دیجلە بەتەنها حەسەن کەیفی خاپور نەکرد، بەڵکو لە ئایندەی نزیکدا ئاو دەبێتە چەکێکی بەهێز بۆ بەچۆکدا هێنانی کوردانی سوریاو عێراق و لەئەگەری ملەجەڕێ و ملنەداندا ئاردۆغان ناوچەکانیان بەتەواویی دەکاتە بیابانەکانی عەرعەر.

ئیسلامیزمی تورکیی و بەدیاریکراویش پانتورکیستێکی وەک ئاردۆغان زۆر بەوردی کار لەسەر شێوانیدنی دیمۆگرافیای گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەناویشیاندا کورد دەکات» هۆشیار زێباری کە حزبەکەی هاوپەیمانی ئاردۆغانە لە تویتەر مەترسیی شێواندنی دیمۆگرافیای کوردستانی عێراقی بڵاوکردەوە». لەسەرووبەندی بەلاماردانی عەفرین و گۆڕینی بەویلایەتێکی مورتەزیقی تورکیا، زۆرترین زەرەر بەر دار زەیتوونە سەدان ساڵانەکانی ئەو شارە کەوتن. مورتەزەقە عەرەبەکان بەهاوکاری سوپای تورکیا سەدان پیرە زەیتوونی ئەو شارەیان لەڕەگ و بێخ هەڵکێشاو لە بازاڕەکانی تورکیا و ئەوروپادا بەدەیان هەزرا دۆلار ساغیان کردنەوە، ئەوەشی پێیان هەڵنەکێشرا گڕیان تێبەرداو سووتاندنیان. زەیتوون دارێکی رەسەن و مێژوویی عەفرینەو وەک بەشێک لەدیمۆگرافیای ئەو شارە چاوی لێدەکرێت. هەر وەک چۆن فەلەستینییەکان زەیتوون و زەعتەریان کردووە بە بەشێک لە دیمۆگرافیای  خاکەکەیان و بەردەوام یاسر عەرەفات دەیگوت « نحن باقون ما بقی الزعتر و الزیتون، هەتا زەیتوون و زەعتر بمێنن ئێمەش دەمێنین» بەهەمان شێوە عفرینییەکانیش هەمان هەستیان بۆ زەیتون هەیە. بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە کە ئیسرائیل بەهەموو دڕندەیی و داگیرکارییەکانی خۆیەوە دەستی بۆ دار زەیتوونەکان نەبرد. بە قەولی سالمی ساحێبقڕان  رۆمی ئەوەندە شوومە لە شەخس گەڕێ، لە زەیتوون و قەل و قازیش دەدا زەرەر.

کردنەوەی ئایا سۆفیاو هەڵگیرساندنی هەڵای سیاسی

پڕۆفیسۆر ماهیر کایناک پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت: گەر سیاسییەکانی وڵاتێک زوو زوو دەرکەوتن و قیڕەقیڕیان کردو دەنگیان بەرزکردەوە ئەوە بزانە:

یەکەم/ ناڕێکی و کێشەیەکی گەورە بەرۆکی وڵاتەکەی گرتووەو پێیان چارەسەر ناکرێت.

دووەم/دزن

قسەکانی کایناک کتومت بۆ ئەم هەڵایە راست دەردەچێت  کە لەکردنەوەی ئایاسۆفیادا بەدیکرا.

گەر یەکێک پینەو پەڕۆکانی زۆر گەورەبوون  و دەنگی زۆر بەرزکردەوە بزانە ئەو زەرەرەش داوێتی زۆر گەورەیە. حەقیقەت بێ زمان نییە بەڵام بێدەنگە و پێویستی بەقیڕە قیڕو تەشویش و ژاوەژاو هەڵاو هاتو هاوار نییە. خۆی  خۆی تەجللی دەکات.

ئەوەی لەساڵی 2014ـەوە تورکیا ئیدارە دەدا  تەیب ئاردۆغان نییە بە تەنها بەڵکو پیرە پیاوێک بەناوی دۆغو پەرینچەک لەژێر هەموو جوڵەکانی ئاردۆغانەوەیە. ئەندازیاری تورکیای دوای 2014یە.

پەرینچەک بەکەسی سەرەکی رێکخراوی ئەرگەنەکۆن «دەوڵەتی قوڵ» دادەندرێت، ئاڤراسیاجی و ئوڵوساڵجیشیان پێ دەڵێن. زیاتر پرۆ روسیان. ئەندازیاری دابڕینی تورکیایە لە یەکێتی ئەوروپاو  رێکخستنی ئاردۆغان و روسیایە. ئاردۆغان هەموو سازشێکیان بۆ دەکات لەپێناو مانەوەی خۆی لەسەر کورسیی دەسەڵات. ئایاسۆفیاش بە گڵۆپی سەوزی ئەرگەنەکۆن کراوەتەوە و کێشە موزمین و سەرەتانییەکانی تورکیای پێ پەردەپۆش دەکرێت.

شەش مانگ پێش ئێستا لەباسی کردنەوەی ئایا سۆفیادا ئاردۆغان رەگی ملی رەپ دەبوو بەڵام لەپڕ وتیان ئەیکەینەوە. کەسانێکی وەک دەمیرتاش، باباجان، داودئۆغڵو، کلچدارئۆغڵو، مەرال ئاکشەنەر کە بەهەموویان زیاتر لە 59% لەسەدی دەنگی تورکیایان هەیە میدیاکانی تورکیایان لێ قەدەغە کراوەو هەرگیز دەرناکەون لێیانەوە، بەڵام ئەم دۆغو پەرینچەکە  لەدوایین هەڵبژاردندا کەمتر لە 1% ی دەنگەکانی هێناوەو  هەر شەوی لەمیدیایەکەی گەورەوە دەردەکەوێت و بەئاشکرا دەڵێت ئێمەین کە تورکیا بەڕێوە دەبەین و گەندەڵی زۆری ئاردۆغانیشمان لەبەردەستدایە، بەڵام کەس پێی ناڵێ سەری چاوت برۆیە.

ئەوەی دەڵێ هەموو ئەوروپاو ئامریکا زیڕەیان کردووە و دژی کردنەوی ئایاسۆفیان وەک مزگەوت درۆ دەکات و وەهمێکی نەزەریەی موئامەرەی نێو مێشک و دوونیابینییە بچووکەکەی خۆی ئەگوازێتەوە، چونکە ئایاسۆفیا میراتێکی مەسیحییە ئۆرتۆدۆکسەکانە و زیاتر سەر بەکاتیدرائیی  رووسەکانە، هەرچیی ئەوروپاو هەردوو ئەمریکاکە هەن پەیڕەوی یا پرۆتستانت یا کاسۆلیکن کە دوژمنایەتییان لەگەڵ ئۆرتۆدۆکسەکان هەبووە و هەیە بەردەوام حەز بەلاواز بوونیان دەکەن. وەک شیعەو سوننە وان. رووسیاش لەپاش شەپۆلە بێدینییەکەی سۆڤێتی جاران کەمتر دین و دیانەت و کەنیسەی بۆ گرنگە. ئەوەی بۆ ڤلادمیێر پووتن گرنگە ئێستا هێزو پارەو دەستکەوتە. دیارە ئەرگەنەکۆن و بەدیاریکراویش پەرینچەک تورکیا بەتەواویی دەخەنە رەهنی پوتنەوە بەم ئاکتە سەرسەرییەی ئاردۆغان. دەستبەسەرداگرتنی قەوقاس و گەرووی فسفۆڕو بەشێک لەکوردستانی تورکیا خەونی لەمێژینەی قەیسەرەکانی رووسە.

پێش کردنەوەی ئایاسۆفیادا، ڤلادیمێر پوتن وتی ئەوە کێشەیەکی ناوخۆیی تورکیایە لەکاتێکدا چاوەڕوانیی هەڵوێستی تووندی لێدەکرا. دەنگەکانی ئاکەپە کەمی کردووەوکورسییەکەی ئاردۆغان دەلەقێ،  بۆیە هەم شەڕ هەم راکێشانی عاتیفەی دینیی زەروورەتە. ئەحمەد داودئۆغڵو لەتویتێکی موعەمما ئامێزداو دژی ئیقتیدارو پیاوەکانی دەوری ئاردۆغان ئەمڕۆ نووسیوێتی نزیکیی رۆحی لە ئایاسۆفایا گرنگە نەک نزیکی فیزیکی و جەستەیی.

ئەوەی ماوەتەوە بگوترێت ئەوەیە جوانترین و ناسکترین شتی ئینسان هەست و سۆزو ئیحساسات و تێکەڵکردنی خۆشی و ناخۆشییەکانیەتی لەگەڵ ئینسانەکەی هاوژین، هاوزمان، هاودین، هاوژیان و هاومەشرەبەکەی. سوتێنەرترین ئازاریش ئەو ئازارەیە کاتێک تۆئەم شتە جوانانەت کردۆتە ئەسیری بەرامبەرێکی ساختەچی خۆپەسەندی خۆپەرەستی بێ قییەم و ئەویش لەپاداشتی هەناسە گەرمەکانتا هەیەتی قسەی ساردو سڕو بەستەڵەکێک لەشکاندن، وەک رێوییەکی پیر بێباکانە تووڕت هەڵدەداو تووشی شکانی غایەی خەیاڵ و ئومێدت دەکات. لەدیندا ئەمە پێی دەوترێت وەڵاو و بەڕاو. ئینسانی عاقڵ دەبێت بزانێت ئیکسیری دەروونی دەداتە دەست کیمیاگەر تا بیکاتە ئاڵتوون  یا ئاسنگەر تا ژەنگی پێ هەڵبهێنت. دڵنیام ئاردۆغان ئەو فریادڕسە نییە کەئیسلامی سیاسیی و ئیخوانی جیهان ئومێدیان پێدا هەڵواسیوە و رۆژێک لەڕۆژان وایان دەگرێنێ لەبری فرمێسک خوێن بەچاویاندا بێتە خوارەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار