شه‌ڕی پشتێنه‌

4 ساڵ لەمەوپێش



دڵشاد ئه‌نوه‌ر

پێش دهرهێنانی موسڵ لهچنگی داعش و ئهوکاتهی کهرکوک لهژێر کۆنترۆڵی کورددا بوو، حهویجه داعشی تێدابوو، کورد ترسی ههبوو لهوهی عێراق دوای موسڵ، بهبیانووی قهزای حهویجه، هێز لهکهرکوک نزیک بکاتهوه، دواتر ههرواش دهرچوو، لهوکاتهدا فهرمانده سهربازیهکانی کورد لهکهرکوک کۆبوونهوهیهکیان ئهنجامدابوو.

لهکۆبوونهوهی فهرمانده سهربازیهکاندا، چهند کادیرێکی سهربازیی پهکهکهش بهشداربوون، بهوپێیهی پهکهکه بارهگایهکیان لهقهزای داقوقی باشوری کهرکوک ههبوو، لهبهشێک لهشهڕهکانی دژ بهداعشیشدا، لهدهوروبهری کهرکوک، ژمارهیهک گهریلا شانبهشانی پێشمهرگه شهڕیان دهکرد.

فهرماندهیهکی پهکهکه لهکۆبوونهوهکهدا، پێشنیاری کردبوو، پێش ئهوهی عێراق شهڕی موسڵ یهکلایی بکاتهوه، کورد ههوڵی کۆنترۆڵکردنی قهزای حهویجهو دوورخستنهوهی مهترسییهکان لهسهر کهرکوک بدات، وتبووی «گهر حهویجه کۆنترۆڵ بکهین، دوو سبهی عێراق لهسهر حهویجه دانوستانمان لهگهڵ دهکات، بهڵام گهر لهکهرکوک بمێنینهوه، لهداهاتوودا عێراق داوای کهرکوک دهکات.»

بهرپرسانی سهربازی ههرێم پێشنیارهکهیان رهتکردبووهوه، بهبیانووی ئهوهی حهویجه دووره لهسنوری کوردستانهوهو هێز بۆ بردنی زهحمهته، دواترو لهمانگی ئۆکتۆبهری ساڵی 2017دا، بههۆی لاوازیی پشتێنهی بەرگری دهوروبهری کهرکوک و پهرپووتی هێزه کوردییهکان، بهماوهی چهند کاتژمێرێک کهرکوک لهدهست درا، گهرچی لەپاڵ ئهم هۆکارهدا، رێککهوتنی تاکلایهنهو یهکدهنگ نهبوونی کورد، هۆکاری سهرهکی شکستهکهی کهرکوک بوو.

ههندێک زانیاری تریش ههن، کهدهماودهم دزهیانکردووه، بهڵام هیچ سهرچاوهیهکی فهرمی پشتڕاستی نهکردووهتهوه، گوایه پێش ساڵی 2017، پێشنیارێکیش بۆ بههێزکردنی پشتێنهی بەرگری دهوروبهری قهزای خورماتووش ههبووه، لهڕێگهی دروستکردنی کۆمهڵگهیهکی ئاوارهی کوردنیشین لهدهوروبهری قهزاکه، تا لهم رێگهیهوه ههم مهترسی لهسهر خورماتوو کهم بکرێتهوه، ههم شیعهکانی خورماتوش لهئامرلی داببڕدرێت، بهڵام ئهمهش نهکرا، تا دواجار لاوازیی پشتێنهی بەرگری، خورماتووشی لهدهست کورد دهرهێنا.

پشتێنهی بەرگری، یهکێکه لهو پلان و ستراتیژانهی لهمڕۆدا لهزۆر وڵات کاری لهسهر دهکرێت، بۆ دوورخستنهوهی مهترسی لهسهر  شار و سنوری وڵاتان، تهنانهت پێشتر تورکیاش ههوڵێکی لهو جۆرهی ههبوو، کۆمهڵگهیهکی عهرهبنشین لهسهر سنوری نێوان وڵاتهکهی و رۆژئاوا دروستبکات، تا دهستی هێزهکانی نزیک لهپهکهکه بۆ گهیشتن به وڵاتهکهی ببڕێت.

تهنانهت سیاسهتی ئێستای تورکیاش هێنانی چهکداری مورتهزەقهیه بۆ سهر سنورهکانی باشور و جێگیرکردنیان، تا لهم رێگهیهوه دهست گهیشتنی پهکهکه بهناو تورکیا زهحمهتتر بکات، گهرچی پهلهاویشتنهکانی تورکیا بۆ وڵاتان، زۆر وڵاتی هێناوهته سهر هێڵ و پێناچێت تورکیا سهرهڕۆییهکانی بهئاسانی بۆ بچێتهسهر.

 گرنگی پشتێنهی بەرگری لهدهوروبهری ههرێم، قابیلی بایهخ پێدانه، بهتایبهت لاوازی پشتێنه، هۆکاربوو بۆ لهدهستدانی زۆرێک لهناوچه کێشهلهسهرهکان،  ئێستاش پشتێنهی بەرگری سهر سنورهکانی ههرێم لهزۆر لاوه لاوازه، بۆیه گهر لاوازی پشتێنه لهڕابردوودا مهترسی بێت لهسهر ناوچه کێشهلهسهرهکان، ئهمجاره مهترسیه بۆ سهر ناوخۆی ههرێم.

پێشتر شهڕی کورد لهقۆڵی پارێزگای دیالهوه، لهسنوری قهرهتهپهو ناوچهی تبجی خۆرئاوای جهلهولا بوو، مهترسی دووربوو لهسهر ناوچهکانی گهرمیان، لهقۆڵی خورماتوشهوه، پێشمهرگه لهناوچهی زهرگهی پارێزگای سهڵاحهدین بوو، لهدهوروبهری کهرکوکیش، پێشمهرگه گهیشتبووه نزیک حهویجه، ئهم پێشڕهویانه، مهترسی دهستگهیشتنی گروپه چهکدارهکانی بۆ ناوخۆی ههرێم دوور خستبووهوه.

ئێستا دۆخهکه جۆرێکی تره، پێشمهرگه لهقۆڵی دیاله لهسنوری کوڵهجۆو کفریه، لهقۆڵی کهرکوکیش لهدهوروبهری قادر کهرهم و سنوری چهمچهماڵه، بۆیه توندوتۆڵکردنی پشتێنهی بەرگری بۆ پاراستنی ناوچهکانی ههرێم، لهههمووکات پێویستتره.

داعش کاتێک پهلاماری گونده کوردنیشینهکانی کهرکوک و دیاله و سهڵاحهدین دهدات، لهگرنگی پشتێنه تێگهیشتووه، تێگهیشتنی ههیه بۆ ئهوهی تا ئهو گوندانه ههبن، بهئاسانی دهستی ناگاته شارو شارۆچکهکان، بۆیه سهرهتا دهیهوێت گوندهکان بهدانیشتوانهکانیان چۆڵ بکات، پاشان ههوڵی دهستگهیشتن بهشاروشارۆچکهکان بدات.

گهر ئێستا هێرش و پهلامارهکان بۆ سهر گوندهکان بن، ئهوا بهچۆڵبوونی ئهو گوندانه، هێرشهکان لهشارو شارۆچکهکان نزیک دهبنهوه، چونکه گوندهکان پشتێنهیهکی گرنگی بەرگرین بۆ شارو شارۆچکهکان، بهڵام تائێستا دهسهڵاتی ئهو ناوچانه، لهگرنگی ئهو پشتێنهیه تێنهگهیشتوون.

کاتێک داعش لهههرێمی کوردستان نزیکبووهوه، ئێران خێرا هاته سهر هێڵ، داخلی ههرێمی کوردستان بوو بۆ شهڕی داعش، ئهم کارهی ئێران گهر بهدیوێکدا بهرگری کردن بێت لهبهرژهوهندیهکانی لهباشور، ئهوا بهدیوهکهی تردا، رێگریکردن بوو لهدهستگهیشتنی داعش بهسنورهکانی، واته جوڵه سهربازیهکانی ئێران لهدژی داعش، بۆ پاراستنی پشتێنهی بەرگری وڵاتهکهی بوو.

جگه لهدهسهڵاتی ههرێم، ههموو لایهک لهگرنگی پشتێنهی بەرگری تێگهیشتوون،  بهڵام ههرێم دوای ئهو شکسته گهورهیهی لهناوچه کێشهلهسهرهکان دووچاری بوو، هێشتا عیبرهتی لهو شکسته وهرنهگرتووه و پشتێنه بەرگرییەکانی سهر سنوری توندوتۆڵ نهکردووه، ئهمه لهداهاتوودا، دهبێته مایهی مهترسیش بۆ ناوخۆی ههرێم.

بارهگا و خاڵ و رهبیه سهربازیهکانی سهر سنور، پهرپوت، خاڵی لهچهک و کهرهستهی سهربازیی پێویست، خاڵی لهتوانای مرۆیی، لهکاتێکدا دهبوو ئهو خاڵ و رهبیانه، پڕ کرابان لههێز و چهک و تهقهمهنی پێویست، تا پشتێنهی بەرگری دهوروبهری ههرێم بهشێوهیهک بههێز بوایه، ناوخۆی ههرێم دوور بایه لهههموو مهترسیهک.

لههیچ جێگهیهکی دونیا نهبووه، بارهگای حزبی پڕ لهچهکدار، قافڵهی ئۆتۆمبێلی بهرپرسان پڕ لهپاسهوانی قیافهدار و خاوهن چهکی پێشکهوتوو، کهچی رهبیه و خاڵه سنوریهکان، داپۆشراوبن به کهمینهیهک چهکداری رهش و رووت و بێ خزمهت، خاڵی بن لهچهک و تهقهمهنی پێویست، بهتاڵ بن لهو هێزه زۆرهی تهنها لهکاتی موچهدا دیارن.

گهر پشتێنهی بەرگری بههێزبکرێت، رهبیه و خاڵه سنورییهکان بهپێی ستاندارده سهربازییهکان تۆکمه بکرێن، سهرسنورهکان پڕ بکرێن لههێزی مهشقپێکراو، ئهوکات بهرپرسانی نێو ههرێم پارێزراو دهبن و پێویستیان بهو ههموو پاسهوانه نابێت، بهپێچهوانهوه ههر فڵتهیهکی ئهمنی لهسنورهکان، یهکسانه بهههبوونی مهترسی لهسهر تاک به تاکی ناوخۆی ههرێم بهخودی ئهو بهرپرسانهشهوه.

لاوازی سهر سنورهکانی ههرێم و بایهخنهدانی ههرێم بهپشتێنهی بەرگری، بهمهترسیهکی گهوره بۆ سهر ناوخۆی ههرێم دهبینم، پێموایه ئهم لاوازیه، گهر گروپه چهکدارهکانیش بۆ دهستگهیشتنه شاروشارۆچکهکان نهیقۆزنهوه، ئهوا لهداهاتوودا، دوور نیه حکومهتی عێراق لهههندێک قۆڵهوه پێشڕهوی بکات و بێته ههندێک ناوچهی ژێر دهسهڵاتی ههرێم.

ههر کهسێک بههاوڵاتیهکی سادهشهوه، گهر گوزهرێکی بهسنورهکانی ههرێمدا کردبێت، لهپهرپوتی و لاوازی و بێ خزمهتی هێزه چهکدارهکانی سهر سنور تێگهیشتووه، ئهم لاوازیه، بههاش و هوشی بهرپرسانی سهر شاشهی کهناڵهکان چارهسهر نابێت، بهڵکو پێویستی بهپلان و ئیرادهو ههنگاوی جدیه، چونکه دواجار لاوازبوونی پشتێنهی بەرگری یهکسانه بهدروستبوونی مهترسی لهسهر ناوخۆی ههرێم.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار