نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە کودەتاچیەکانی مالی دەکات سەرۆکی وڵاتەکە ئازاد بکەن

5 ساڵ لەمەوپێش



ھاوڵاتی

ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش سکرتێری گشتی سەرکۆنەی دەستگیرکردنی ئیبراهیم ئەبوبەکر سەرۆکی مالی و بەرپرسانی باڵای حکومەتەکەی کردووە لەلایەن یاخیبووانەوە، داواش دەکات بەزووترین کات ئازاد بکرێن.

ستیفان دوجاریک، وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند "سکرتێری گشتی داوا دەکات دووبارە دەستوور ڕێک بخرێتەوە و بەزووترین کات سەروەری یاسا بگەڕێندرێتەوە بۆ مالی."

رۆژی سێشەممە ژمارەیەک ئەفسەرو سەربازی یاخیبوو، کودەتایەکی سەربازییان ئەنجامداو پەرلەمانی وڵاتەکەیان هەڵوەشاندەوەو و هەریەک لە ئیبراهیم بوبەکر کەیتا، سەرۆکی مالی و بوبو سیسێ، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە دەستگیرکران.

پاش چەند کاژمێرێکیش لە دەستگیرکردنی، ئیبراهیم بوبەکر کەیتا دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستی سەرۆکایەتی مالی راگەیاند.

ئیسماعیل واگی، وتەبێژی کودەتاچییەکانی مالی کە پێشووتر یاریدەدەری سەرۆکی ئەرکانی هێزی ئاسمانی مالی بووە، رایگەیاند ئەوان لە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر گەلی مالی پەنایان بۆ بژارەی سەربازی بردووە.

راشیگەیاند لە ماوەیەکی نزیکدا هەڵبژاردن دەکرێت و حکومەتێکی نوێ بۆ مالی پێکدەهێنرێت، بەڵام رێز لە هەر رێککەوتنێکی نێودەوڵەتی دەگیرێت کە حکومەتی پێشووی مالی واژۆی لەسەر کردبێت.

لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵەوە نەیارەکانی ئیبراهیم کەیتا، سەرۆکی مالی، خۆپێشاندانی بەرفراوانیان دەستپێکرد و داوایان لێکرد واز لە پۆستی سەرۆکایەتی بهێنێت و تۆمەتباریان کرد بە "گەندەڵی و شکستهێنان" لە پاراستنی ئاسایشی وڵاتدا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار