ئەندامێکی دەستەی رێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکانی پارتی کۆچی دوایی کرد
مەهاباد قەرەداغی پێشتر راوێژکارێکی نێچیرڤان بارزانی بوو بۆ کاروباری ئافرەتان و یەکسانی

5 ساڵ لەمەوپێش
ھاوڵاتی
مەهاباد قەرەداغی، نووسەر و شاعیر ئەمڕۆ ھەینی لە تەمەنی 54 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد بە نەخۆشی کۆرۆنا.
مەهاباد قەرەداغی، راوێژکارێکی پێشووی نێچیرڤان بارزانی بوو بۆ بۆ کاروباری ئافرەتان و یەکسانی و ھەروەھا ئەندامی دەستەی رێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو.
هەڵکەوت زاهیر، لە پۆستێکدا لە فەیسبووک نووسیویەتی "بەداخەوە هەر ئێستا خاتوو مەهاباد قەرەداخی كۆچی دوای كرد، لە خوای گەورە داواكارم سەبوریی كەسوكار و دۆست و هاوڕێیانی بدات، خوالێخۆشبووش بە بەهەشتی بەرین شادبكات".
مەهاباد قەرەداغی، لە 22-01-1966 لەساڵیادی دامەزراندی کۆماری کوردستان لە شارۆچکەی کفری لە باشووری کوردستان بووە، لە دایک بووە هەر بۆیە ناونراوە مەهاباد.
1984 لە پەیمانگای هونەری کەرکوک، بەشی ژمێریاری وەردەگیرێت و لە 1987 تەواوی دەکات.
1991 لە کۆنگرەی ڕاپەڕیندا دەبیتە ئەندامی یەکێتیی نووسەرانی کورد.
1992 لەگەل مستەفا گەرمیانی شاعیر و نووسەر هاوسەرگیری دەکات.
1993 ڕوو لە سوێد دەکات و لەوێ نیشتەجێ دەبێت.
2004 کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی ستۆکهۆڵم تەواو دەکات، لێکۆلینەوەکەی دەربارەی دەروونناسی پەروەردە دەبیت لە ژێر ناویزمان، ڕامان و ناسنامە'.
2005 لەسەر داخوازی سەرۆکوەزیران نیچیرڤان بارزانی دەگەڕیتەوە کوردستان و دەبیتە راوێژکاری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری ئافرەتان و یەکسانی. بە پرۆژەی سیاسەتی یەکسانی و دامەزراندنی دەزگای یەکسانی لە ئەنجومەنی وەزیران دەست بە کار دەبێت.
2008 دەبێتە ئەندامی لیژنەی باڵای هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی بە بڕیاری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران.
2013بەشی ئینگلیزی لە کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی سابیس تەواو دەکات.
2018 دەبیتە ئەندامی دەستەی رێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان.
