وته‌بێژى حکومه‌ت: حکومه‌تى هه‌رێم ناتوانێت کاروبارى خۆى به‌ڕێوه ببات و موچه دابین بکات
هه‌رێم له‌سه‌ر پابه‌ندنه‌بون به رێککه‌وتنى ئۆپیک پڵه‌س هاته ده‌نگ
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
له رونکردنه‌وه‌یه‌کدا، جوتیار عادل، وته‌بێژى حکومه‌تى هه‌رێم رایگه‌یاند،"حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان هیچ لارییه‌کى له که‌مکردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مى نه‌وت نیه"
جوتیار عادل رایگه‌یاند،"حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان هیچ لارییه‌کى له که‌مکردنه‌وه‌ى به‌رهه‌م نیه به‌پێى ڕێژه‌یه‌کى دادپه‌روه‌رانه که له‌گه‌ڵ حکومه‌تى فیدراڵ رێککه‌وتنى له‌سه‌ربکرێت به‌رانبه‌ر ئه‌وه حکومه‌تى فیدراڵ بڕى شایسته‌ى هه‌رێمى کوردستان دابین بکات له‌و پاره‌یه‌ى له‌ئه‌نجامى ئه‌م که‌مکردنه‌وه‌یه له‌ده‌ستى ده‌دات"
ده‌قى رونکردنه‌وه‌که:
روونکردنه‌وه‌یه‌ک له گوته‌بێژى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان سه‌باره‌ت به پابه‌ندبوونى حکومه‌تى هه‌رێم به رێککه‌وتنى ئۆپیک پڵه‌س
حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان پابه‌ندى که‌مکردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مى نه‌وتى خاو بووه له‌ژێر رۆشنایى بڕیاره‌کانى ئۆپێک پڵه‌س (+OPEC ) به‌شێوه‌یه‌کى دادپه‌روه‌رانه وبه‌و بڕه‌ى له‌کێڵگه‌کان به‌رهه‌م هێندراوه.
وه‌ک ئاشکراشه به‌رهه‌مى نه‌وتى خاو له‌هه‌رێمى کوردستان ڕێژه‌که‌ى له 10% تێپه‌ێ ناکات له‌کۆى به‌رهه‌مى گشتى عیراق.
حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان هیچ لارییه‌کى له که‌مکردنه‌وه‌ى به‌رهه‌م نیه به‌پێى ڕێژه‌یه‌کى دادپه‌روه‌رانه که له‌گه‌ڵ حکومه‌تى فیدراڵ رێککه‌وتنى له‌سه‌ربکرێت به‌رانبه‌ر ئه‌وه حکومه‌تى فیدراڵ بڕى شایسته‌ى هه‌رێمى کوردستان دابین بکات له‌و پاره‌یه‌ى له‌ئه‌نجامى ئه‌م که‌مکردنه‌وه‌یه له‌ده‌ستى ده‌دات، به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌رێم ناتوانێت کاروبارى خۆى به‌ڕێوه ببات و ناشتوانێت خه‌رجیه سه‌ره‌کیه‌کانى خۆى دابین بکات له‌سه‌رووى هه‌مووشیانه‌وه مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران . هه‌روه‌ها بودجه‌ى دابین‌کراو بۆ به‌شێک له‌قه‌ره‌بوى فه‌رمانبه‌ران له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى دارایى حکومه‌تى فیدراڵه‌وه له 450 ملیار بۆ 320 ملیار دینار مانگانه که‌م کرایه‌وه ، ئه‌مه جگه له‌دابه‌زینى ئاستى داهاتى غه‌یره نه‌وتى به‌هۆى کاریگه‌ریه‌کانى په‌تاى کۆڕۆنا (کوفید- 19) ونه‌ناردنى به‌شه موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم له‌لایه‌ن حکومه‌تى فیدراڵه‌وه بۆ مانگى پێنج وشه‌ش وحه‌وتى ٢٠٢٠.
ئه‌م بارودۆخه پێویستى به‌وه ده‌کات حکومه‌تى فیدراڵ ڕه‌چاوى قه‌یرانى سه‌ختى دارایى هه‌رێمى کوردستان بکات که له شوباتى 2014ـه‌وه پێیدا تێده‌په‌ڕێت.
ئه‌وه‌ى شیاوى باسه، له‌م باره‌یه‌وه له‌رۆژى 18/4/2020 رێککه‌وتنێک له‌نێوان حکومه‌تى فیدراڵ وحکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان کراوه، شاندى حکومه‌تى فیدراڵه‌وه که له جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران بۆ کاروبارى وزه – وه‌زیرى نه‌وته‌وه سه‌رۆکایه‌تى کرا وشاندى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانیش له‌لایه‌ن وه‌زیرى دارایى وئابووریه‌وه سه‌رۆکایه‌تى کرا، ئه‌م رێککه‌وتنه له‌کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانیدا راگه‌یه‌ندرا وهه‌ردوولاش دووپاتیان کرده‌وه که پێویسته ره‌چاوى دادپه‌روه‌رى بکرێت له‌ده‌ستنیشانکردنى رێژه‌ى که‌مکردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مهێنانى نه‌وتى خاو له‌هه‌رێمى کوردستان وله‌سه‌ر بنه‌ماى رێژه‌ى کۆى به‌رهه‌مى نه‌وتى خاوى عیراقه‌وه بێت ونه‌بێته هۆکارێک بۆ زیانى زیاترى ماددى بۆ هه‌رێمى کوردستان.
د.جوتیار عادل
گوته‌بێژى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان
٢٢ ئوکتۆبه‌ر ٢٠٢٠