حکومەت بەنیازە لە 23 جۆری دەرماڵە دەستکاری (20)یان بکات

5 ساڵ لەمەوپێش



ھاوڵاتی، ماردین نورەدەین

حکومەت راپۆرتێکی ناردووەتە پەرلەمان تێیدا تایبەت بەپێداچوونەوەی دەرماڵەکان، کەتێیدا ئەوەی روونکردۆتەوە حکومەت بەنیازە لە (23) جۆری دەرماڵە دەستکاری (20) یان بکات، ئەوانەی کە دەستکاری ناکرێن دەرماڵەکانی بڕوانامەو منداڵ و ھاوسەرن.

راپۆرتەکەی حکومەت پشتی بەو گڵۆپە سەوزەی پەرلەمان بەستووە کە لە پرۆژەیاسای چاکسازیدا دەسەڵاتی دا بەحکومەت دەستکاری دەرماڵەکان بکات.

لەئێستادا حکومەت راپۆرتێکی ناردۆتە پەرلەمانی کوردستان و ئاماژە بەوەدەکات کە لە (23) جۆری دەرماڵە، حکومەت بەنیازە دەستکاری (20) جۆریان بکات، بەڵام ھێشتا بڕیاری کۆتایی لەسەر نەداوەو بڕیارە لەدانیشتنی ئەنجومەنی وەزیران بڕیار لەسەر چەندێتی و چۆنیەتی رێکاری جێبەجێکردنی بدرێت.

لەنێوان ئەو دەرماڵانەی کە باسکراوە دەستکاری بکرێت، (150) ھەزار دینار دەرماڵەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی پەروەردەی تیدایە، ھەروەھا (100) ھەزار دیناری ئەو مامۆستایانەی کە پلەکانیان لەپلە شەش بەرەو سەرەوەیە.

موسلیم عەبدوڵا جێگری سەرۆکی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا لەپەرلەمانی کوردستان سەبارەت بەبڕینی دەرماڵەی مامۆستایان بە ھاوڵاتی وت «ئەم پێداچوونەوەیە بە چ میکانیزمێک دەکرێت و چۆن جێبەجێ دەکرێت و چۆن بڕیاری لەسەر دەدرێت، ئەوە کەوتۆتەوە سەر ئەنجامی دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیران، لەنێوانیاندا (150) هەزارەکەی وەزارەتی پەروەردەشی تێدایە «.

دەرماڵەکان 56%ی کۆی مووچە پێکدێنن و هەر فەرمانبەرێک  44% موچەی بنەڕەتیە، حکومەت لە رێگەی دەستکاریکردنی دەرماڵەکانەوە دەیەوێت بە یەکجاری فشاری مووچەخۆران لەسەر خۆی کەمبکاتەوە لەبری لێبڕین و پاشەکەوت، دەرماڵەکان دەستکاری بکات.

وەزارەتی دارایی و ئابووری لیستی دەرماڵەکانی ئامادە کردووەو بۆ لیژنەی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی بەرزکراوەتەوە، هەروەها بەڕاوێژ لەگەڵ وەزارەتەکان و رای بەڕێوەبەرایەتی ژمێریاری وەزارەتەکان و فەرمانگە جیاوازەکانی دەربارەی جۆرو بڕی دەرماڵەکان وەرگرتووە بەنووسراویان بۆ ئەنجومه نى وەزیران بەرزکراوەتەوه.

موسلیم عەبدوڵا وتی «ئێستا پلان هەیە بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بۆ دەرماڵەکان بکەن، ئەو دەرماڵانەی کاتی خۆی بەبڕیارو رێنمایی وەزارەت دانراون و ئەوانەشی بەپێی یاسان دەستکاری بکرێت، ئێستا هەموو چین و تووێژەکان لەبارودۆخێکی دڕدۆنکیدان، مامۆستایانی پەروەردە کەگرفتیان هەیە ئەو (150)هەزارە نەوەک ببڕدرێت و ئەوانەی ماستەرو دکتۆرایان هەیە لەسەر سلکی پەروەردە دەرماڵەی زانستییان هەیە وەک مەترسی و فەرمانبەران لەوەزارەتی کارەبا، ئەمە پلانێکە قسەی لێوەکراوە، لەوەیە لەداهاتوودا جێبەجێ بکرێت».

ھەروەھا وتی  «مامۆستایانی خوێندنی باڵاش نیگەرانن، لەگەڵ ئێمە لەسەر خەتن بەتایبەتی ئەو مامۆستایانەی لەسەر سلکی پەروەردەن بڕوانامەی باڵایان بەدەستهێناوە نازناوی زانستی دکتۆرایان هەیە، قەرار هەبوو کەدەرماڵەی ئەوانیش ببڕدرێت، بۆیە ئەوانیش نیگەرانن، ئێمە بەڕاستی پشتگیریی ئەوە ئەکەین کە بەهیچ شێوەیەک دەستکاری هیچ دەرماڵەیەک نەکرێت، ئەوە زوڵمە لێیان دەکرێت».

وتیشی «بڕینی دەرماڵە لەم بارودۆخەدا ستەمێکی دیکەیە لەو ستەمە زۆرانەی کەکردوویانە لەمامۆستایان و فەرمانبەران، پێویستە چاکسازیی لەسەر قوتی موچەی فەرمانبەران و مامۆستایان نەبێت، پێویستە لەسەر ئەساسی نەهێشتنی بندیوارەکان بێت کەژمارەیان (60) هەزار کەسە».

سەبارەت بەهەڵوێستی مامۆستایان ئەگەر هاتوو دەرماڵەکانیان ببڕدرێت، موسلیم وتی «ئێستا مامۆستایان نیگەرانن کە (30) رۆژ جارێک موچەیان پێنادرێت کە لەدەڤەری راپەڕین و سلێمانی بایکۆتیان کردووە، من پێشبینی خراپی بۆ دەکەم مامۆستایان لەو بارودۆخەدا دەستکاری موچەکانیان بکرێت بە تەئکید بارودۆخێکی ئاڵۆز دێتە ئاراوە، بەرگەی ئەوە ناگرن دەستکاری موچەکانیان بکرێت و دەستکاریی دەرماڵەکانیشیان بکرێت».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار