ترەمپ: بڕۆن ئاهەنگ بگێڕن

5 ساڵ لەمەوپێش
ھاوڵاتی
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و کاندیدی کۆمارییەکان بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتیی ئەمریکا سەرکەوتنی خۆی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی راگەیاند و بە لایەنگرانی وت "بڕۆن ئاهەنگ بگێڕن".
دۆناڵد ترەمپ لە وتارێکی کورتدا بۆ لایەنگرانی لە کۆشکی سپی وتی "ئێمە ئامادەین بۆ ئاهەنگگێڕان و لە زۆربەی شوێنەکان براوەین، ئەنجامەکانی ئەمشەو بینیمان زۆر باش بوون، توانیمان بیبەینەوە و تاکە شتێک مابێت بیکەین ئەوەیە ئەوەیە ئاهەنگ بگێڕین".
ترەمپ ترسی خۆیشی لە ئەگەری ساختەکاری نەشاردەوە و وتی "ئێمە لەبەردەم ئەوانەدا دەوەستین کە دەیانەوێت دەنگەکانمان ببەن بۆ خۆیان".
پێش وتارەکەشی لە تویتەر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە "دیموکراتەکان دەیانەوێت دەنگەکانمان بدزن".
وتیشی "ئێمە دەمانەوێت دڵنیابین کە یاسا سەروەر دەبێت و مامەڵە لەگەڵ دەنگەکان بەپێی یاسا دەکرێت، دەمانەوێت دڵنیابین دوای داخستنی بنکەکانی دەنگدان لەهیچ شوێنێک دەنگ نەدرابێت، چونکە ئەوە زۆر ناخۆشە دوای کاتی یاسایی دەنگ بدرێت و رێگەش بەوە نادەین".
ترەمپ وتیشی "ئەمشەو شەوێکی زۆر مەزنمان دەبێت، بازاڕەکان دەبووژێنەوە و ئێوە تەماشا بکەن".
ھەروەھا مایک پێنس، کە ئێستا جێگری سەرۆک ترەمپە و ئەگەر سەرکەوتنیان مسۆگەر بێت چوار ساڵی دیکەش لەو پۆستەدا دەبێت، لەتەنیشت ترەمپ وەستا و بە کورتی ئەویش وتی "خۆشحاڵم لێرەین بۆ راگەیاندنی سەرکەوتن، توانیمان سەرکەوتن بەدەستبهێنین".
پێش دۆناڵد ترەمپ، جۆ بایدن بەربژێری دیموکراتەکانیش وتارێکی کورتی بۆ لایەنگرانی دا، بەڵام بایدن هیچ ئاماژەیەکی سەرکەوتنی رانەگەیاند و تەنیا وتی "دەبێت چاوەڕوانی دوا دەنگ بکەین".

