حکومه‌تى هه‌رێم: به تووندى ئیدانه‌ى هێرشى په‌که‌که بۆ سه‌ر هێزى پێشمه‌رگه ده‌که‌ین

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه له کۆبونه‌وه‌ى هه‌فتانه‌ى خۆیدا جه‌ختله‌وه ده‌کاته‌وه که "به تووندى ئیدانه‌ى هێرشى په‌که‌که بۆ سه‌ر هێزى پێشمه‌رگه ده‌که‌ین".
راگه‌یه‌ندراوى حکومه‌تى هه‌رێم:
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 4ى تشرینى دووه‌مى 2020 حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، به سه‌رپه‌رشتى مه‌سرور بارزانى و ئاماده‌بوونى قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌ت کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجامدا.
له کۆبوونه‌وه‌که‌دا سه‌باره‌ت به هێرشى ئه‌مڕۆى ناحیه‌ى چه‌مانکێ له پارێزگاى دهۆک له لایه‌ن هێزه‌کانى په‌که‌که بۆ سه‌ر هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران جه‌ختى کرده‌وه له‌وه‌ى هه‌رێمى کوردستان، قه‌واره‌ى سیاسى و شه‌رعیى خه‌ڵکى کوردستانه، هێزى پێشمه‌رگه‌ش پارێزه‌رى خاک و خه‌ڵکى کوردستانه ، بۆیه هه‌ر هێرشێکى له‌م جۆره ، هێرشکردنه بۆ سه‌ر ته‌واوى خه‌ڵکى کوردستان . حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان دژى شه‌ڕى براکوژییه، له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا ئه‌م جۆره هێرشانه به به‌زاندنى هێڵى سوور ده‌زانێت، ئه‌م هێرشه‌ى ئه‌مڕۆش که کراوه‌ته سه‌ر هێزى پێشمه‌رگه له لایه‌ن هێزه‌کانى په‌که‌که، به تووندى ئیدانه ده‌کات و به ده‌ستدرێژیکردنه سه‌ر هه‌رێمى کوردستان و دامه‌زراوه شه‌رعییه‌کانى له قه‌ڵه‌م ده‌دات . له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا، وه‌ک حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، ڕێگرى له تێکچوونى ئاسایشى هه‌رێم ده‌که‌ین.
له ته‌وه‌رى یه‌که‌مى کۆبوونه‌وه‌که‌دا ، سه‌رۆک وه‌زیران جارێکى دیکه هوشداریدا له مه‌ترسییه‌کانى زیاتر ته‌شه‌نه‌کردنى په‌تاى کۆرۆنا له هه‌رێمى کوردستان، به‌تایبه‌تى له گه‌ڵ هاتنى وه‌رزى زستان و سه‌رما ، سه‌رۆک وه‌زیران ئاماژه‌ى به‌وه‌دا که بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا له هه‌رێمى کوردستان، گه‌یشتووه‌ته ئاستێکى مه‌ترسیدار و ڕۆژ نییه چه‌ندین که‌س گیان له ده‌ست نه‌ده‌ن . بۆیه داموده‌ستگاکانى حکومه‌تى ڕاسپارد که نابێ به هیچ شێوه‌یه‌ک، هیچ که‌مته‌رخه‌مییه‌ک له پابه‌ندبوون به رێنماییه ته‌ندروستییه‌کان و جێبه‌جێکردنى ڕێکاره‌کانى خۆپارێزى بکرێت، به‌تایبه‌تى له فه‌رمانگه‌کانى حکومه‌ت و شوێنه گشتییه‌کان. ئه‌وانه‌ى بێ باکیشن و به شێوه‌یه‌کى نابه‌رپرسانه مامه‌ڵه له گه‌ڵ ئه‌و دۆخه مه‌ترسیداره ده‌که‌ن و پابه‌ند نابن ، ئه‌وه به‌داخه‌وه به مه‌به‌ست ژیانى خه‌ڵک ده‌خه‌نه مه‌ترسیى جیددیه‌وه و ده‌بنه هۆکار بۆ مردنى خزم و که‌سوکار و هاووڵاتییان به گشتی.
پاشان دکتۆر سامان به‌رزنجى وه‌زیرى ته‌ندروستی، ڕاپۆرتێکى تایبه‌تى سه‌باره‌ت به ڕه‌وشى په‌تاى کۆرۆنا له هه‌رێمى کوردستان و ستراتیجى وه‌زاره‌ت بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسه‌که خسته‌ڕوو.
دواتر ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیرى ناوخۆ، ڕاپۆرتێکى سه‌باره‌ت به میکانیزم و ئاستى جێبه‌جێکردنى ڕێکاره‌کانى خۆپارێزى و ڕێنماییه‌کانى لیژنه‌ى باڵاى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى کۆرۆنا له هه‌رێمى کوردستان و کێشه و گرفت و ئاسته‌نگه‌کان خسته‌ڕوو. ئاماژه‌ى به کۆمه‌ڵێک پێشنیاریش کرد بۆ زیاتر پابه‌ندبوونى فه‌رمانگه‌کانى حکومه‌ت و هاووڵاتییان و سه‌ردانکه‌رانى داموده‌زگا حکومییه‌کان به ڕێنماییه‌کان .
له ته‌وه‌رى دووه‌مى کۆبوونه‌وه‌که‌دا ، وه‌زیرى ناوخۆ ڕاپۆرتێکى پێشکه‌ش کرد سه‌باره‌ت به ڕێکخستنى کارى کۆمپانیا ئه‌منییه‌کان له هه‌رێمى کوردستان و داتا وزانیاریى پێویستى له‌م ڕووه‌وه خسته‌ڕوو ، که تیایدا مه‌رجه‌کانى پێدانى مۆڵه‌تى کار به‌م کۆمپانیایانه و پابه‌ندییه‌کانیان و چالاکیه‌کانیان وپابه‌ندکردنیان به پێدانى باجى پێویست وچاودێریکردنى کاره‌کانیان له بوارى پێشکه‌شکردنى خزمه‌تگوزارى پاسه‌وانى روونکرابووه‌وه، به ئاراسته‌ى ڕێکخستنه‌وه‌ى کار وچالاکى ئه‌م کۆمپانیایانه له چوارچێوه‌ى مه‌به‌سته‌کانى دامه‌زراندنیان و به‌ڕه‌چاوکردنى به‌رژه‌وه‌ندى گشتی، دواى گفتوگۆ و ڕاگۆڕینه‌وه، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بڕیاریدا، دواى له به‌رچاوگرتنى هه‌موو تێبینى و پێشنیاره‌کان، پڕۆژه یاسایه‌ک سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته ئاماده بکرێت و له دواى په‌سه‌ندکردنى له ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، بنێردرێت بۆ په‌رله‌مانى کوردستان بۆ ته‌شریعکردنی.

